Skip to Content

دیدارێک لەگەڵ نووسەر هەوارخان سەیدمراد.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

دیدارێک لەگەڵ نووسەر هەوارخان سەیدمراد.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

Closed
by تشرینی یەکەم 5, 2026 General, Literature
image_print

نووسەر هەوارخان سەیدمراد: ئافرەت كۆڵەكەی سەرەكیی خێزان و بنەمای پەروەردەیە
نووسەر هەوارخان سەیدمراد: نووسەرانی ئافرەت لە كوردستان هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە
نووسەر و مامۆستای زانكۆ و توێژەری كۆمەڵایەتی ” هەوارخان سەیدمراد” یەكێكە لەو نووسەرانەی كەهەمیشە نووسینەكانی گوزارشت بووە لە كێشەكانی ناو كۆمەڵگا و ئازارەكانی ئافرەتان..ئەو پێی وایە ئافرەت كۆڵەكەی سەرەكیی خێزان و بنەمای پەروەردەیە…ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەو خاتوونە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە:
هەڤپەیپڤپن- كامەران حاجی ئەلیاس


*سەرەتا پێمان باشە كورتەیەك لە ژیانی نووسینی خۆت بۆمان باس بكەیت؟

  • نووسین بۆ من لە سەرەتاوە تەنها حەزێكی ڕووت یان ئارەزوویەك نەبووە، بەڵكو هەستكردن بووە بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو فەزا پەروەردەیی و كۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژین. بەركەوتنی ڕۆژانەم لەگەڵ كێشەكانی كۆمەڵگە و ئازارەكانی ئافرەتان، بووە هەوێنی ئەوەی پێنووسەكەم هەڵبگرم. لە سەرەتادا بە بڵاوكردنەوەی وتار و بابەتی كورت لە ڕۆژنامە، كۆڤار و فەزای مەجازی دەستم پێكرد؛ دواتر هەنگاو بە هەنگاو نووسینەكانم ئاراستەیەكی قووڵتریان وەرگرت بەرەو هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و ڕەهەندەكانی پەروەردە.

    *كێن ئەوانەی هاوكار و پاڵپشتت بوون بۆ ئەوەی بێیتە ناو جیهانی نووسین؟
  • لە سەرووی هەموو پاڵپشت و هاندەرێكەوە، قەرزاری باوكی ڕەحمەتیم (حاجی سەید مراد)م. باوكم ئیلهامدەر و كۆڵەكەی سەرەكیی دروستبوونی فكری و ڕۆحیی من بوو؛ ئەو لە تەمەنێكی زۆر زووەوە شەرەفی خوێندنەوە و ئاشنابوونی بە جیهانی وشە و پەرتووكی پێ بەخشین. بە جێهێشتنی كتێبخانەیەكی مەزن و دەوڵەمەند، یەكەم قوتابخانە و پەناگەی ڕۆحیی بۆ ئێمە دروست كرد تا لەناو جیهانی مەعریفەدا گەورە بین و فێری بیركردنەوەی سەربەخۆ بوین. ئەو فەزا ڕۆشنبیرییەی باوكم لە ماڵەوە بۆی ڕەخساندین، هەوێنی سەرەكی بوو بۆ ئەوەی بێمە ناو جیهانی نووسین و قەڵەم هەڵبگرم.
    جگە لە باوكی ئازیزم، دڵسۆزیی خێزانەكەم، ڕێنوێنیی مامۆستا و نووسەرە بەڕێزەكانی بواری ئەدەب و پەروەردە، لەگەڵ بڕوا و بەدواداچوونی خوێنەرە ئازیزەكانم، هەمیشە وزە و بەخششی بەردەوامییان پێ بەخشیووم تا بە بەرپرسیارییەتییەوە درێژە بە نووسین بدەم.

    *زیاتر نووسینەكانت بۆ ئافرەتانە، ئەمە بۆچی دەگەرێتەوە؟
  • ئافرەت كۆڵەكەی سەرەكیی خێزان و بنەمای پەروەردەیە. كاتێك كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئافرەت دەكەیت، لە ڕاستیدا كار لەسەر پەروەردەكردنی تەواوی كۆمەڵگە دەكەیت. من وەك ئەركێكی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی سەیری دەكەم؛ چونكە ئافرەتان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا پێویستییان بە دەنگێكە بە ڕاستگۆیی و زانستیانە داخوازی و كێشەكانیان بپڕژێنێتە سەر، نە تەنها وەك دروشمێك، بەڵكو وەك هەوڵێك بۆ دروستكردنی هاوسەنگی و هۆشیاری لە خێزاندا.
  • تاچەند نووسەرە ئافرەتەكانمان بوێرن لە نووسینەكانیان؟
  • نووسەرانی ئافرەت لە كوردستان هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و لە زۆر بواردا سەلماندوویانە كە خاوەن قەڵەمی سەربەخۆن. بوێری لەلای من تەنها شكاندنی بێبنەمای نەریتەكان نیە، بەڵكو دەستنیشانكردنی دەردە كۆمەڵایەتییەكان و خستنەڕووی چارەسەرە بە ڕوونی. زۆرێك لە نووسەرە ئافرەتەكانمان سەرەڕای ئاستەنگە كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكان، بە بوێرییەوە دەنووسن، بەڵام هێشتا ڕووبەرێكی فراوانتر هەیە كە پێویستی بە جەسارەت و قووڵبوونەوەی زیاتر هەیە.

    *مەرجە بۆ گوزارشت كردن لە كێشەكانی ئافرەتان نووسەرەكە ئافرەت بێت؟
  • نەخێر، بەهیچ جۆرێك مەرج نیست. داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەت و تێگەیشتن لە كێشەكانی، پرسێكی مرۆیی و ڕۆشنبیرییە پێش ئەوەی ڕەگەزی بێت. زۆرێك لە نووسەرانی پیاو هەن كە بە قووڵی و بەسۆزەوە داخوازییەكانی ئافرەتانیان خستۆتە ڕوو. بێگومان ئافرەت خۆی چونكە لەناو ئەزموونەكەدا دەژێت، ڕاستەوخۆتر هەست بە ئازارەكان دەكات، بەڵام نووسینی جدی گوزارشتە لە ئینسانیەت، نەك ڕەگەز.

    *خاوەنی چەند كتێبیت؟ ئەگەر بكرێت بەكورتی ئاماژە بە ناوەڕۆكەكەیان بكەیت؟
  • تا ئێستا خاوەنی یەك كتێبی بڵاوكراوەم بە ناوی (هەوارگەی هەوارخان) كە لە ساڵی ٢٠١٧ چاپ و بڵاو كراوەتەوە. ناوەڕۆكی ئەم پەرتووكە زیاتر چڕبوونەوەیە لەناو دنیای پەخشان، ڕێنمایی ڕۆحی و گوزارشتكردن لە سۆز و ئەوین؛ هەوڵێك بوو بۆ دەستلێدانی ڕۆحی خوێنەر و بەخشینی ئارامیی دەرونی لە ڕێگەی وشەی باڵاوە.

    *پرۆژەی داهاتووت چین؟
  • لە ئێستادا وەك مامۆستای زانكۆ، كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیارێتیی ئەكادیمی لەسەر شانمە، لە وانەوتنەوە تا دەگاتە توێژینەوەی زانستی؛ بەڵام لە پاڵ ئەم ئەركە ئەكادیمییانەشدا، بە جۆش و بڕوای جارانەوە بەردەوامم لە كاری هۆشیاری و پەروەردەیی.
    سەبارەت بە پڕۆژەی كتێبی دووەمم، لە ڕاستیدا بڵاوكردنەوەیم بە ئەنقەست دواخستووە و كاركردن تێیدا لەسەرخۆ دەڕوات، چونكە دەمەوێت بەوپەڕی وردبینییەوە پێگەیشتوو و گونجاو بێت و بە تەواوی ئامادە و شایستە بێت بۆ پێشكەشكردن. ئەم كتێبە نوێیەم ناوی (خانم دەستی پیاوەكەت بگرە) دەبێت، كە تەوەرێكی گرنگی پەیوەندییەكانی هاوسەرگیری، پێویستیی تێگەیشتنی دوولایەنە و پاراستنی هاوسەنگیی خێزانی لەخۆدەگرێت.
Previous
Next