ئەمریکای شەرمەزار سەد ساڵە چێلێکی گوان پڕ و تورکیا دەیدۆشێت … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی
لەشکرکێشی تورکیا، بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوای وڵات لە شاری عەفرین، شەرمەزارییەکی ئێجگار مەزنە بۆ ئەمریکا و دارودەستەکانیان لە ناوچەکە. چوار ڕۆژە لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر کوردستان بەردەوامە، ئەمریکا ئامادە نەبووە تەنیا بە ووشەیەک، سەرکۆنەی بکات! تەنیا ئەوە نەبێت لە لێدوانەکانیاندا گوتویانە “هێرشەکانی تورکیا دەبێت سنووردار بێت و کاتەکەشی کورت و دیاریکراو بێت”!
تورکیا ئەمریکای دۆشیوە!
بە درێژای میژووی سەد ساڵ، تورکیا، ئەمریکای وەک چێڵێکی گوان پڕ لە شیر دۆشیوە و بەکاریهێناوە، بۆ بەرژەوەندییەکانی و سوودمەند بووە لە ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیا. ئەمریکا، بۆ دژایەتی ڕوسیا و دەستتێوەردان لە ڕووداوەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵی دروست کردنی رێکخراوی سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوبەشی داوە لەگەڵ تورکیا، لە ئەنجامدا، لە ژێر ئەو ناوانەدا پارەیەکی زۆری بە تورکیا بەخشیوە.
لە ساڵی ١٩٤٧دا، “هاری ترومان”، لە کۆنگرسی ئەمریکی، رایگەیاند کە ئامادەیە یارمەتی هەر وڵاتیک بدات، کە هەڕەشە بێت لە سەر بیرۆکەی شیوعیی. بەو مەبەستە جگە لە یارمەتی سەربازی، ئەو کات ٤٠٠میلیۆن دۆلاری بەخشی بە تورکیا و یۆنان. ساڵێک دواتر، لە کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم، ئەمریکا، بۆ دژایەتی کردنی ڕوسیا، ١٤٠ بیلیۆن دۆلاری بە نرخی هەنوکە، تەرخان کرد، بۆ پلانی “مارشاڵ”، بۆ گەشەپێدانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات. لە پلانی “مارشاڵ”، تورکیا ١٣٧ میلیۆن دۆلاری لە ئەمریکا وەرگرت!
١٩٥٢، بە هاوکاری ئەمریکا، تورکیا چوو بۆ نێو “هاوپەیمانیەتی ناتۆ”. لە هەمان ساڵدا، یارمەتییە لۆجیستەکانی ئەمریکا، هەناردە دەکرا بۆ سوپای ئەمریکا، لە تورکیا بە سەرپەرشتی لیژەنەیەکی پێکهاتوو لە تورک و ئەمریکی.
١٩٥٤، دامەزراندنی مەفرەزەی یەک، لە کەتیبەیەکی یۆنانی، کە بنکەیان لە ئەنقەرە بوو، بۆ سەرپەرشتی کردنی، یارمەتییە لۆجیستیەکانی ئەمریکا بۆ تورکیا. ١٩٦٩ تورکیا و ئەمریکا ڕێککەوتنێکی هاوبەشی سەربازییان واژۆ کرد.
١٩٨٣، پینتاگۆن، لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاند کە هەوڵدان بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی سوپا و سەربازی تورکیا، بۆ ئاستی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، ١٨ بیلیۆن دۆلاری ئەمریکی خەرجیە و دەسەڵاتدارنی ئەمریکا ڕەزیلیان نەکرد، لە خەرج کردنی ئەو بڕە پارەیە. ١٩٨٤، ساڵانە ئەمریکا ٧٠٠ میلیۆن دۆلاری بۆ تورکیا بڕیبووەوە، لە ساڵی ١٩٨٤ ئەمریکا ٩٣٠ میلیۆن دۆلاری دا بە تورکیا، لە ١٩٨٥، ئەمریکا ٨٧٨ میلیۆن دۆلاری بەخشی بە تورکیا. لە ١٩٩١بۆش، سەڕۆکی ئەمریکا، ٨٢میلیۆن دۆلاری بەخشی بە تورکیا.
لە نێوان ساڵی ١٩٨٠ تا ساڵی ١٩٩٩، ٤،٦٢٧ بیلیۆن دۆلار، ئەمریکا قەرزی داوە بە تورکیا، ١،٩٨٢ بیلۆین دۆلاری یارمەتی بە خۆرایی ، ١١.٥٥١ بیلیۆن دۆلار چەکی پێ فرۆشتوە!
٢٠٠٣، تورکیا، داوای ٣٢بیلیۆن دۆلاری کرد، بۆ رێگە دان بە سوپای ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی ئەرزی تورکیا دژ بە حکومەتی سەدام.
ئەمریکا، تورکیای بە هاورێیەکی بەوەفا دەزانی، بەڵام گەلێک ڕووداوی مێژووی هەیە کە پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنن. لە ساڵی ١٩٦٤، “لێندۆن جۆهنسۆن” نامەیەک دەنێرێت بۆ تورکیا، تێددا ڕوونی دەکاتەوە کە هەقیان بەسەر “قوبرس” نەبێت، بەڵام تورکیا خۆی توڕە دەکات و بەبێ گوێدانە ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٧٤دا هەڵیکوتایە سەر دورگەی “قوبرس”و داگیری کرد. سەرەڕای ئەوە، پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا بەردەوام بوو، بە سەدان، ڕێککەوتن و بەڵێننامە، لە نێوانیاندا واژۆ دەکرا. گفتوگۆ و مشتومڕیان دەکرد، بۆ داڕشتنی پلان دژ بە دوژمنەکانیان، جا چ ڕوسەکان بووبن، یان هێزی ئیسلامییەکان لە ناوچەکە یان کورد، کە تورکیا هەموو کاتێک لە هەموو بۆنەیەک بەبێ شەرمانە و بە دەنگی بەرز، بە دوژمنی هەرە سەڕەکی خۆی پێناسەی کردون!
فەرامۆش کردنی، هەڵوێستەکانی تورکیا، لە لایەن ئەمریکاوە و بەردەوام بوونی ئەو پەیوەندییە تا ئەو ئاستەی لە ساڵی ٢٠٠٢دا، کاتێک کە پارتی عەدالە و گەشە کردن، دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەمریکا، بە شانازییەوە، پەنجەی ئاراستەی تورکیا دەکرد و وەک نمونەیەکی بێهاوتا لە دەسەڵاتی سیاسیی ئیسلامیی دیموکراتی بە دنیای دەناساند! ئۆباما، لە لێداوانەکانی ددانی بەوەدا دەنا کە ئەردوغان، یەکێکە لەو هاورێ نێودەوڵەتیانەی کە جێگەی متمانەی ئەوە! لەگەڵ ئەوەش، تورکیا، لە سەرەتای جەنگی دژ بە داعش، رێگەی نەدا ئەمریکا بنکەی ئینچرەلینک بەکاربهێنت!
تورکیا، هەموو کاتێک لە ناوەوەی وڵاتەکەی میللەتەکەی دژ بە ئەمریکا هانداوە، لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەنتەری پیو، لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدا، ٧٩% خەڵک لە تورکیا، ڕایان خراپ بوو دەربارەی ئەمریکا، تەنیا لە ١٨% ڕایان باش بوو لەسەر ئەمریکا. هەمان سەنتەر لێکۆڵینەوەیەکی دی ئەنجامدا، دەرکەوت کە ٨٢% بڕوایان بە سەڕۆکی ئەمریکا نەبوو، تەنیا لە %١١ بڕوایان بە سەڕۆکی ئەمریکا هەبوو.
هەنوکە، دووبارە تورکیا، بەرەنگاری خواستەکانی ئەمریکا بۆتەوە، چۆتە بەرەیەک لەگەڵ “ڕوسیا، ئێران و ئەسەد”، کە دوژمنی سەڕەکیی ئەمریکان.
لە چەند رۆژی ڕابردوو، لە ژیر ناوی ئۆپەراسیۆنی “چڵی زەیتون”، تورکیا، لەشکرکێشی کردە سەر شاری عەفرین لە سوریا. کە شارێکی کوردییە، دەکەوێتە رۆژئاوای فورات، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگەدایە، ئەو هێزەی لە سەرەتای جەنگی دژ بە داعشدا، لە هاوپەیمانییەتی دایە لەگەڵ ئەمریکا، بڕبڕەی سەرکەوتنەکانە لە شکاندنی داعش لە بەرەکانی جەنگ، هێزێکە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی خاوەن ناوبانگێکی باشە. کەچی ئەمریکا لێی بێ دەنگە! لە کاتێکدا هەفتەیەک پێش ئەوە، ئەمریکا لە زمانی “تێلێرسۆن”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پلانەکەی خۆی ئاشکرا کرد، لە دروست کردنی “سوپای باکوور”، پێکهاتوو لە هێزەکانی یەپەگە، کە ژمارەیان ٣٠ هەزار کەس دەبێت.
لەشکرکێشی تورکیا، بۆ سەر شاری عەفرین، نمونەیەکی دیکەیە، کە دەیسەلمێنی تورکیا هیچ پابەندبوونی نییە نە بە هاورێیەتی ئەمریکا نە بە ئەندامانی ناتۆ. گومانی تێددا نییە کە ئەو لەشکرکێشیەی، تورکیا بۆ سەر شاری عفرین، دژ بە ئەمریکایە و تەماعی تورکیایە بۆ فراوان کردنی هەیمەنەی لە ناوچەکە و دەست تێکەڵاو کردنی زیاتر لەگەڵ ڕوسیا.
ئەمریکا، تورکیای بە زەبەلاح کرد و کردی بە خاوەن سوپایەکی وەک ئەمرۆ، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، مەرجی نا مەشروعی هەبێت، ماف بەخۆی بدات، لەشکرکێشی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی، وەک عیراق و سوریا ئەنجام بدات، بەبێ سەڵمینەوە، لە یاسای نێو نەتەوەی و دەوڵەتی، بەبێ هەژمارکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە و بەبێ گوێدانە پرنسیپ و بەها مرۆڤایەتییەکان.
دەرئەنجام: کاتی ئەوەی ماوە ئەمریکا، هەڵوێستی ڕاست بنوێنێت و پشتیوانی لە عەفرین بکات، دەنا سەرکەوتنی تورکیا لە عەفرین، سەرکەوتنێتی لە رۆژهەڵاتی ناوڕاست، سەرکەوتنی ئیران، ئەسەد و ڕوسیایە و دۆڕانی ئەمریکایە. کە لە ئەنجامدا، کاردانەوەی دەبێت لەسەر هەیبەتی ئەمریکا لە دنیا، زڕاندنی ناوبانگی ئەمەریکایە، بەوەی کە پشت لە هاوپەیمانەکانی دەکات، کە لە تەنگەژەکاندا، تەنیا هێزی سەڕەکیی بوونە، لە یەکلایی کردنەوەی جەنگی داعش و متمانەیان بە ئەمریکا داوە، کە ئەویش هێزەکانی یەکەنەکانی گەلن “یەپەگە”، کەچی ئێستا ئەمریکا، دەستەوەستان ڕاوەستاوە، هەمان هێز و هەمان میللەت دەخاتە ژێر ڕەحمەتی “ئەردوغانی” دڕندە!