کێ شارم نیشانده‌دا! … هیوا سه‌عید
کێ شارم نیشاندەدا، ئەوە پرسیارە گەورەکەی ڕەجەبە لە فیلمی هەبوو نەبوو. بەو مانایەی من کەسێکم بزربووم کێ دەستم دەگرێ و دەبێتە بینین بۆ چاوم و ده‌بێته بیستن بۆ گوێم. ئەو کێیە هیچ کەسێکی تر نییە جگە لە زانین کە جه‌سته‌یه‌کی بزربوو دەدۆزێتەوە.
لەو فیلمەدا ڕەجەب وه‌کو که‌ره‌سته‌یه‌کی به‌رده‌ست ئه‌و کاره‌کته‌ره ناچالاک و جێی گاڵتەی ئەوانی تر و مرۆڤە تەوەزەڵەیە کە توانای لێکردنەوەی قلە هەنجیریکی لە دارێک نییە، ئەو هەر دەتوانێ لە بن دارهەنجیرەکە دەمی لێک بکاتەوە بۆئەوەی هەنجیرەکە بەخۆی بکەوێتە ناو ده‌مییه‌وه. هەموو ئەوەش بەرهەمی ئەوەیە کە ئەو مرۆڤێک یان مادەیەکە هیچ ئاگاییەکی لە پشتەوە نییە و جەستەیەکە بەبێ عەقڵ، ئه‌گه‌رنا چۆن ئه‌وه‌نده بێ ئیرادەیە و ئەوانی تر ده‌توانن وەکو کەرەستە بەکاری بێنن.
لە شانۆگەری فاوستی گۆتە دکتۆر فاوست لە نوێنەرەکەی شەیتان دەپرسێ سەرەتا وشە هەبوو یان کردار؟ ئەو فیلمەش جارێکی تر ئەو پرسە بەسەر دەکاتەوە و لە یەکەم مەشهەدی کارەکتەرێک دەڵێ سەرەتا هه‌ر وشە هەبوو واتا به‌س ئاگایی هەبوو.
بە بۆچونی هیگڵ سەرەتا مەعریفە و ئاگایی هەیە، ئەوە ئاگاییە مادە دروست دەکا. بە مانای عەقڵ وەکو ئاگایی لەخۆی دەکۆڵێتەوە یان ڕونتر کە بەشێکی عەقڵ لە بەشێکی تری خۆی دەکۆڵێتەوە بۆ نموونە لەخۆی دەپرسی ئەوە منم. لێرەوە ئەو بەشەی بۆتە بابەتی لێکۆلینەوە له‌لایه‌ن بەشەکەی تر وەکو کەرەستەیەک بەکارهێنراوە و نەفیبووه، له دواجار دوچاری نامۆبوون دێ. بەڵام کاتێ ئەو بەشەی عەقڵ هۆشیاری بەوە پەیدا دەکا بۆتە کەرەستە و بابەتی لێکۆڵینەوە بۆ بەشەکەی تری، چیدی ئەو جۆرە بوونە قەبوڵ ناکا و هەڵدەگەڕێتەوە، واتا ئەمجارە ئەم بەشە بەشەکەی تری عەقڵ نەفی دەکا. بە هەمان شێوە مرۆڤ وەکو سۆبێکتێک لە بەردەم ئۆبێکت یان کۆمەڵگا و دەوروبەرەکەی کە وەکو هۆکارێک بەکاردەهێنرێ یان وەکو کەرەستەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ له‌خۆی نامۆ دەبێ، پاشان کە هۆشیاری بەو دۆخە پەیدا دەکا لەلایەن ئەوانیترەوە وەکو کەرەستە بەکارهاتووە و نەفیکراوە، ئەمجارە ئه‌م ئەوانیتر نەفی دەکا بەوەی لێیان هەڵدەگەڕێتەوە و یاخی دەبێ.
بەڵام ئەو پرسیارەی لێرە سه‌رهه‌ڵده‌دا ئەگەر مادەیەک هیچ مەعریفەیەکی لە پشتەوە نەبێ یان جەستەیەک عەقڵی تێدا نەبێ ئەو هۆشیارییە لە چییەوە پەیدا دەبێ؟ بۆ ئه‌و پرسیاره مارکس نموونە به‌و کرێکارە دێنێتەوە کە بەهۆی زۆرکارکردن و کاری زیادەوە دەبێتە مایەی ئەوەی خاوەنکارەکە سەرمایە لەسەریەک کەڵەکە بکا، بەڵام کرێکارەکە له‌به‌ر که‌می ده‌ستهه‌قه‌که‌ی هیچی پێ پاشکەوت ناکرێ، ئیتر هەست بە چەوسانەوەیەک دەکا لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە لێیده‌کرێ و پێیوایه وه‌کو ئامێرێک نه‌ک وه‌کو مرۆڤێک به‌کاردێ و نامۆبووه. ئینجا لەو هەستکردن بە چەوسانەوەیه‌وه هۆشیاری بە جیاوازی چینایەتی نێوان خۆی و خاوەنکارەکەی پەیدا دەکا. که‌واته هەستکردن بە چەوسانەوەیە وادەکا مادەیەک بێ هەبوونی لە پێشینەی مەعریفە یان جەستەیەکی بێ عەقڵ هۆشیاری تێدا دروست ببێ.
بۆ تاقیکردنەوی ئەو ئەزمونە پاشای وڵاتەکەی ڕەجەب ئەو پرسیارە دەخاتە بەردەم کچەکەی کە ئایا ژیری گرنگترە یان سامان، مه‌به‌ست لێره ئه‌وه‌یه عەقڵ گرنگترە یان جەستە. سەرەڕای ئەوەش ئەگەر هاتوو لە نێوان پیاو و ژن‌دا ئەو ژیرییە وەکو یەکبوو پێویستە کامیان لیده‌ر بێ و ماڵ به‌ڕێوه ببات؟ کچەکەی پاشا دەڵێ ژیری گرنگترە، له هه‌مان کات ئەگەر ئەو ژیرییە لە نێوان پیاو و ژن یەکسان بوو ئەوکاتە پێویستە ماڵەکە بە هاوبەش و ڕاوێژ به‌ڕێوه‌ببرێت.
پاشای باوک چونکە بڕوای بە موتڵەقیەت و نه‌گۆڕی هەیە و لە ڕێژەیی تێناگا، جەستەی پیاو بە شیاوتر دەزانێ بۆ بەڕێوەبردن. له‌لای ئه‌و با ژن ژیریش بێ هێشتا جەستە ناسک و لاوازەکەی بۆ ئەوە ناشێ بەڕێوەبەرایەتی پێ بسپێردرێ، ئەو واده‌زانێ شتەکان ناگۆڕێن. که‌چی ناسکه نایەوێ بۆ ڕاگرتنی دڵی باوکی بڕوا به‌و بۆچوونه‌ی بکا و وەکو کەرەستەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و لەخۆی نامۆ ببێ، دەڵێ شتەکان ڕێژەیین، به مانای ئه‌وه‌ی مەرج نییە ئەو جەستەی ئێستا توندوتۆڵە هەروەکو خۆی بمێنیتەوە یان بە پێچەوانەوە ئەو عەقڵەی لاوازە گۆڕانی بەسەر دانێ.
لە کۆتایی ئەو ململانێیەی نێوان پاشا و کچه‌که‌ی بەوە تەواو دەبێ وەک سزایەک بۆ کچەکە کە لە بەردەم باوکی هەڵگەڕاوەتەوە پێویستە لە ڕەجەبی بێ عەقڵ مارە بکرێ، یانی ژنێکی ژیر بە جەستەیەکی لاوازەوە لەگەڵ پیاوێک کە تەنیا جەستەی هەیە و دوورە لە ئاگایی پێکه‌وه بژین. له‌لایه‌کی تر له‌به‌رئه‌وه‌ی ناسکه کچی ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتدارێک بووه و له ژیانی هه‌میشه وهکیهک و دووباره‌ی ماڵی باوکی بێ هیچ کارکردنێک هه‌ر خه‌ریکی خواردن و خواردنه‌وه و نوستن بووه، ئه‌م جۆره ژیانه‌ش ئه‌وی بێزار کردووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ که له‌ناو ژیانێکی دووباره‌دا ده‌خولێته‌وه هه‌ست به‌بوونی کات ناکا و بوونی خۆی له‌ده‌ستده‌دا. بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی بوونیشی پێویسته ژیان بکاته پڕۆژه و کار و داهێنانی تێدا بکا. کچه‌که‌ی پاشاش ده‌مێکه خه‌ون به تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌زمونێکی تر له ژیان و له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی شوێنێکی تره بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ماڵه ڕزگاری ببێ، به‌و بڕیاره‌ی باوکی ڕازی ده‌بێ و وه‌کو ژنێکی جه‌سته لاواز به‌ڵام ژیر له که‌لاوه‌که‌ی هۆمه‌ری چاوچنۆک له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌بی جه‌سته توند به‌ڵام بێ‌ئاگا ده‌ست ده‌کا به چنینی مافور و ژیرییه‌که‌ی خۆی بۆ هونه‌ر و داهێنان به‌کاردێنێ، به‌وکاره‌ی جگه له‌وه‌ی بێزارییه‌که‌ی ده‌ڕه‌وێته‌وه و بوونی خۆی به‌ده‌ست دێنێته‌وه، ڕه‌جه‌بیش وه‌کو هاوبه‌شێک به‌شدار پێده‌کا یان ڕاستتر سود له جه‌سته‌ی ڕه‌جه‌بیش وه‌کو ماده‌یه‌ک بۆ کڕینی پێداویستی وه‌رده‌گرێ. هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌کارهێنانه‌ی جه‌سته‌ی ڕه‌جه‌ب وه‌کو که‌ره‌سته‌یه‌ک له‌لایه‌ن ناسکه‌وه ئه‌گه‌ر له‌پێناو چاکه‌ی ڕه‌جه‌بیش بێ دیسان بۆ ڕه‌جه‌ب هه‌ر نامۆبوونه و بۆ ناسکه‌ی خاوه‌ن مه‌عریفه‌ش ده‌سه‌ڵاته تا ئه‌وکاته‌ی هۆمه‌ری چاوچنۆک ته‌ماع له ناسکه ده‌کا و له ڕه‌جه‌بی ده‌دزێ.
ئێستا ڕه‌جه‌ب به‌بێ ناسکه توشی حیرمان و له‌ده‌ستدان هاتووه و که‌سێکی گۆشه‌گیر و به‌جێماو و ته‌نیاکه‌وتووه. هه‌ست به چه‌وسانه‌وه و ناهه‌قییه‌ک ده‌کا به‌رانبه‌ری کراوه. مرۆڤ له ژیانی گۆشه‌گیری و چونه‌وه‌ناوخۆش هۆشیاری به‌و دۆخه‌ی خۆی په‌یدا ده‌کا و هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. بۆیه ئه‌و ڕه‌جه‌به‌ی که جاران ده‌یپرسی کێ شارم نیشانده‌دا چیتر ئه‌و جه‌سته بێ عه‌قڵه نییه، ئیدی ئه‌و جه‌سته‌یه‌کی چالاک و یاخی و خاوه‌ن مه‌عریفه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مه‌عریفه ده‌سه‌ڵاته به‌ڵام بۆ چاکه‌یه نه‌ک خراپه، بۆیه خۆبه‌خشانه وه‌ک پیری زانا به‌ناو شاردا زانین ده‌به‌خشێته‌وه و ده‌ڵێ وه‌ره ئێره، وه‌ره ئێره.. ئه‌وه مام زانایه لێره.