Skip to Content

235 Views

ڕێژه‌ن … سەباح ڕەنجدەر

ڕێژه‌ن … سەباح ڕەنجدەر

Be First!
by March 26, 2019 General, Poems
image_print

ئاشنای هه‌موو پیته‌كانی هێمای چاوبووم
دڵم گه‌لێك ئارامه‌ و هه‌سته‌كانم كه‌وتوونه‌ته‌ خه‌وبینین
پشوویه‌ك به‌ ئه‌سپه‌كه‌م ده‌ده‌م و ئه‌و شادییه‌ ده‌دره‌وشێنمه‌وه‌
فرمێسكی به‌ تاسه‌ گه‌یشتن به‌ ڕوومه‌ته‌كانمه‌وه‌ ببینن
به‌هیوام ڕۆژێك له‌ زه‌نگ و ده‌فی فرمێسكه‌كانمدا
من له‌ خودادا و خودا له‌مندا شه‌ڕ بكه‌ین
سوپه‌ری به‌رگری بشكێ و یه‌ك یه‌كمان شه‌هید بكه‌ین
باوه‌شێنه‌ حه‌سیره‌كه‌م له‌سه‌ر به‌ردێكی به‌هره‌مه‌ند داده‌نێم
گۆزه‌یه‌ك شه‌رابی قه‌رد وه‌رده‌گرمه‌وه‌
ده‌ستنوێژ ده‌شۆم و ڕۆژووی پێ ده‌شكێنم
خه‌یاڵم بۆ هه‌موو شوێنێك ده‌ڕوا
له‌ هه‌موو شوێنێكیش دێته‌وه‌
ئاهه‌نگ بۆ ئه‌و گوڵانه‌ ده‌گێڕم به‌هار پشكووتنی دواخستوون
هێزی پشكووتنیش مێوانی وەختە
جارێكی تر ده‌رده‌كه‌وم و به‌رهه‌وا ده‌كه‌ومه‌وه‌
من به‌ناو دڵسۆزییه‌ك كه‌ هه‌مه‌ تێده‌په‌ڕم و ده‌چمه‌ دیده‌نی
ئه‌میش به‌ناو مندا دێته‌وه‌ و دیارییه‌كانی ده‌به‌خشێ
شه‌و و ڕۆژ له‌ جوانی به‌دی هاتووه‌ و به‌ده‌ستیده‌هێنین

ئاداری 2019 هه‌ولێر

خودا


ڕێبوارێكی خومار و به‌ختیارم له‌ شه‌قامی تۆدا
هه‌موو شتێكم له‌بیركردووه‌
ته‌نیا بیر له‌ تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌
لێت ناترسێم
خۆشم ده‌وێی
مه‌یه‌كم ناسی و خواردمه‌وه‌
واتای تاهه‌تایی دامێ
تاهه‌تاییش ته‌واوی هه‌قیقه‌ت نییه‌ و نه‌ناسراوم پێ ناناسێنێ

ئاداری 2019 هه‌ولێر

Previous
Next

Leave a Reply