Skip to Content

جیاوازی نێوان هونەرەکانی کاریکاتێر  … هەندرێن خۆشناو

جیاوازی نێوان هونەرەکانی کاریکاتێر … هەندرێن خۆشناو

Closed
by كانونی دووه‌م 19, 2018 General, Literature, Slider

زۆرجار گوێبیستی هەندێک وشە و دەستەواژە دەبین وەکو کاریکاتێر یان کاریکاتۆر، کارتۆن، کۆمیکس، ئەنیمەیشن، بەبێ ئەوەی جیاوازی لەنێوانیاندا بکەین، و زۆربەمان هەموویمان وەک یەک دێتە بەرچاو، ئەویش لەبەر نەبوونی رۆشنبیرییەکی هونەرییانە لە نێو زۆرینەی خەڵکدا، بەداخەوە ئەمە زۆرێک لە هونەرمەندانیش دەگرێتەوە، یان لەبەر لەیەک نزیکی و لەیەکچوونیان، کە هەمووشیان بە هونەرەکانی کاریکاتێر دەژمێردرێن، بۆیە لێرەدا بە کورتی باسی جیاوازییە سەرەکیەکانی نێوان ئەم هونەرانە یان ئەو بەشانەی هونەری کاریکاتێردا دەکەین.

* کاریکاتێر: ئەم دەستەواژەیە لە ئەسڵدا لە دەستەواژەیەکی ئیتاڵیایی وەرگیراوە، بە مانای وێنەکێشانی روخسارێک (پۆرترێت)ێک بە زێدەڕۆییکردن لە وێنەکێشانی وردەکارییەکانی سیمای ئەو دەموچاوە، و بایەخدان بەو ئەندامانەی کە بەرچاو و دیارن لە دەموچاوەکەدا، بەبێ شێواندن و بەمەرجێک دەبێت کاریکاتێرەکە لە کەسایەتیەکە بچێت، و ئەو زێدەڕۆییکردنە لە وێنەکێشانەکەدا دەبێت لە خزمەتی کارەکەدا بێت، بۆ نمونە نابێت تۆ لووتی کەسێک گەورە بکەیت، لە کاتێکدا کەسەکە بەخۆی لووتی بچووکە.
لە کاریکاتێردا پێویست بە توانج و قسەکردن ناکات، بەڵام ئەگەر ئەو کەسایەتیە لە کارتۆنێک یان کۆمیکسێک بەکاربێنیت، ئەوە جیایە و لەم حاڵەتدا دەچێتە قاڵبی کارتۆن یان کۆمیکسەوە. دەتوانیت توانج و گفتوگۆ بەکاربێنیت.
دەتوانین لێرەدا باس لە چەند جۆر لە جۆرەکانی کاریکاتێر بکەین وەکو:
• گیگ کاریکاتێر، لەمەدا هونەرمەند سکێچێکی خێرا (پۆرترێت) بۆ کەسێک دەکێشێت، بە زۆری پێنووسی ماجیک (مارکەر) بەکاردێت، ئێستا زۆرێک لە هونەرمەندان تابلێتیش بەکاردێنن (دیجیتاڵ)، ئەم ستایلە ئەو هونەرمەندانە بەکاریدێنن کە لەسەر شەقامەکان بۆ بژێوی ژیان وێنەی کاریکاتێریی خەڵک دەکێشن، یان لە بۆنەکانی بووک گواستنەوە و سوپەر مارکێت و مۆڵەکاندا.
• ستایلایز کاریکاتێر، بریتییە لە ستایلێکی تایبەت لە وێنەکێشانی کاریکاتێردا، لەم ستایلەدا زۆر بە سادەیی و بە چەند هێلێکی کەم کارەکە بەرهەمدێت، بەبێ بایەخدانێکی زۆر لە وەدەرخستنی ڕووخسار و ڕەنگڕێژکردن و تایبەتمەندیەکانی تردا.

* کارتۆن: ئەو دەستەواژەیە لە ئەسڵدا لە وشەی کارتۆنی (ئیتاڵیایی – هۆڵەندی) وەرگیراوە، کە بەمانای کاغەزێکی پتەو و بەهێز دێت، کە لە کوردیشدا هەر کارتۆنی پێدەگوترێت، جا چ ئەو کارتۆنە بێت کە بۆ بڵاوکراوە و ئاگاداری بەکاردێت، یان ئەو کارتۆنەی کە شتومەک و کەلوپەلی تێدا عەمباردەکرێت، هەر بۆیەش بەو ناوە ناونراوە، چونکە چەند سەدەیەک لەمەوبەر هونەرمەندان کارتۆنیان بەکارهێناوە، بۆ وێنەکێشان لەسەری لە جیاتی قوماش. هەر لەبەر ئەمەشە ئەو تابلۆ کاریکاتێریانەی کە باس لە بابەتێک یان رووداوێک دەکەن، کە زۆر جار توانج و گفتوگۆ بۆ دەربڕینی حاڵەتەکە بەکاردێت، بۆ جیاکردنەوەیان لە کاریکاتێرێکی ئاسایی بەناوی کارتۆنەوە ناودەنرێن، نەک بە کاریکاتێر.
• کارتۆنی گاگ، کە لە ناوەکەیەوە دیارە گاگ بە مانای نوکتە، یان گاڵتە، یان گاڵتەیەکی فریودەر دێت، ئەویش بریتیە لە وێنەکێشانی یەک تابلۆی کارتۆنی بەبێ توانج، یان هەندێک جار یەک توانج لە ژێرەوەی کارتۆنەکە دەنووسرێت بۆ زیاتر تێگەیشتن لە کارتۆنەکە، جاری واش هەیە گفتوگۆش تێیدا بەکاردێت، بۆ ئەوەی رووداوێک یان لێدوانێک یان کردارێک بکرێتە نوکتەیەک بۆ گاڵتە و پێکەنین.
• کارتۆنی رۆژنامەوانی، کە زۆر جار بە کارتۆنی سیاسیش ناودەبرێت، لەمەدا بابەتێک کە پەیوەست بێت بە ژیانی هاوڵاتیەوە هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی بکرێت بە کارتۆن، زۆربەی بابەتەکانیش بابەتی سیاسی زیندوون، کە رۆژانە روودەدەن، دەکرێن بە کارتۆن و لەسەر رووپەڕی رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاودەکرێنەوە.
• فیلمی کارتۆن، لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە، ئەو فیلمانەی کە بۆ منداڵان بەرهەمدەهێنران، لە جیاتی ئەکتەر وێنەی دەستکردی تێدا بەکاردەهات، بەناوی فیلمی کارتۆنی ناونراون، هەر لەو ساتەوە تا ئێستا ئەو فیلمانەی کە وێنەی کاریکاتێریی تێدا بەکاردێت، هەر بەو ناوە ناونراون، کە مەبەستیش تێیدا بە زۆری خۆشی و پێکەنینە، نمونەش بۆ فیلمی کارتۆنی زۆرن، وەکو فیلمەکانی میکی ماوس، تۆم و گێری، هیکل و گیکل…
• فیلمی ئەنیمەیشن، پێشتر بەو فیلمانە دەگوترا ئەنیمەیشن کە تێیدا وێنەی دەستکرد و کاریکاتێریی بەکارنایەت، بەڵکو بووکەڵەی دروستکراو لە قوڕی دەستکرد یان هەر مادەیەکی دیکە بەکاردێت، لەم فیلمانەدا مەرج نیە مەبەست تێیدا پێکەنین و گاڵتەجاڕیی بێت، بەڵکو گێڕانەوەی چیرۆکێکی درامایی و ئەکشن و کۆمیدیاش دەگرێتەوە، لە سەردەمی نوێدا و بەتایبەتی دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی بێ سنووری کۆمپیوتەر لەهەموو بوارەکاندا، ئێستا بە فیلمی کارتۆنی دوو ڕەهەندی و سێ ڕەهەندیش دەگوترێت ئەنیمەیشن.
* کۆمیکس: ئەم دەستەواژەیە لە ئەسڵدا لە دەستەواژەیەکی یۆنانی وەرگیراوە، کە بە مانای وێنەکێشان و گەیاندنی کۆمیدیایەک یان گاڵتەیەک یان چیرۆکێک، بەهۆی زنجیرە وێنەیەکی یەک لەدوای یەکی کارتۆنی یان کاریکاتێرییەوە، کە کورتە چیرۆکێک یان چیرۆکێک یان رۆمانێک دەگێڕێتەوە، بەبێ توانج یان توانج و سیناریۆش تێیدا بەکاردێت، ئەمجۆرە کاریکاتێرە لە ژاپۆن بە (مانگا) ناودەبرێت، دواییش کە ئەم کۆمیکسەیان بەکارهێنا لە بەرهەمهێنانی فیلمی کارتۆنی لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە ژاپۆندا هەر بەهەمان ناو ناویان دەبرد واتە فیلمی مانگا، ئێستاش لەسەردەمی تەکنۆلۆژیادا ناویان ناوە (ئەنیمێ) کە کورتکراوەی دەستەواژەی (ئەنیمەیشن)ی ئینگلیزییە.
نمونەش زۆرن، وەک میکی ماوس، سنوپی، تین تین، مارڤل و چەندینی تر. بەداخەوە لێرە ئەمجۆرە کارانە تا ئێستاش هەر بە کاریکاتێر ناودەبرێن، خەڵکی هەست بە جیاکاریی و تایبەتمەندییەکانی نێوانیان ناکات، ڕاستە بەبەشێک لە کاریکاتێر دەژمێردرێن، بەڵام ناو و تایبەتمەندی و شێوازی کارکردنی تایبەت بە خۆیان هەیە.

—————————————

سەرچاوەکان:
1. E. Akleman، J، Palmer، R. Logan، “Making Extreme Caricatures with a New Technique”، Mexico City،2000.
2. Susan Brennan، The Caricature Generator، 1982..
3. To the Source of Anime: Japanese Animation، 2008.
4. Lowe، Richard; Schnotz، Wolfgang، Learning with Animation 2008.

Previous
Next
Kurdish