Skip to Content

شیعر و ژیاندۆستیی-1-   ناڵە حەسەن

شیعر و ژیاندۆستیی-1- ناڵە حەسەن

Closed
by ئازار 23, 2021 General, Literature


( خوێندنەوەیەک بۆ قەسیدەی ( یاداشتنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) ی شێرکۆ بێکەس )

                                                              

بەشی یەکەم /

( شێرکۆ بێکەس ) لەنێو ڕووبەری شیعر خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە ، ئەزموونێک زێتر لەنیو سەدە بە بەردەوام لە داهێنان و نوێبوونەوەدا بووە . ئەزموونێکی فرەڕەهەند لە فۆڕم و ناوەڕۆک ، هەر لە پۆستەرە شیعر و چیڕۆکە شیعر و شانۆنامە شیعر و ڕۆمانە شیعر و تا دەگات بە فۆڕمێکی تایبەت بەخۆی کە ناویناوە ( دەقی ئاوەڵا ) ، لەم پێناوەدا بە هەزاران لاپەڕە شیعری پێشکەش کردووین ، دەتوانین ( شێرکۆ بێکەس ) بە شاعیری ( هەموو سەردەمەکان ) ناوبەرین ، بەو مانایەی / لەسەرەتای دەستپێکردنیەوە تا ئەوکاتەی ژیان جێدەهێڵێت ، لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکان ئامادەیی بەرچاوی هەبووە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا ، لە هەمانکات شاعیرمان هەیە ، تەنها لەسەردەمێکی دیاریکراو داهێنانی بەرچاویکردووە و دواتر توانا و ئاراستەی داهێنانەکانی هاتۆتە خوارەوە ، بەمانایەک نەیتوانیوە بە یەک هەناسە لەنێو ڕووبەری داهێنان بەردەوام بێت . ( شێرکۆ بێکەس ) لە ڕووی زمانی شیعرییەوەش داهێنانی گەورەی کردووە ، خاوەن زمان و وشە و دەستەواژەی شیعری تایبەت بەخۆی بووە .. توانای ئەوەی هەبووە کە لەنێو ڕووبەری شیعر هەموو شتێک بە قسەبهێنێ . دار و بەرد و چیا و ئاسمان و مرۆڤ و ژیان و مردن و تەنانەت دۆزەخیش . ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین خوێندنەوەیەک بۆ قەسیدەی ( یاداشتنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) بکەین ، لە ڕاستیدا ئەم دەقە ( چیڕۆکە شیعرێکە ) ، باسی چیڕۆک و مێژوویەکی دیاریکراومان بۆ دەکات . ڕاستگۆیانە پەنجە لەسەربرینەکان دادەنێ و جوانی و ناشیرنییەکان دەنووسێتەوە . ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە لەم دەقە شیعرییە ، شاعیر بە ڕوئیا و بیرکردنەوەیەکی مرۆیی ئەم دەقەی نووسیوە و ( بیرتیژیی و دووربین )یەکی گەورە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی دەبیندرێ .. لەنێو دەقەکەیدا ئەمڕۆی ئێمەی بینیوە و خوێندنەوەی بۆ کردووە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دەقە نزیکەی ( سی ساڵ ) بەر لە ئێستا نووسراوە .. بۆیە ئێمە لەم دەقەدا زێتر قسە و ئیش لە بارەی ناوەڕۆکی دەقەکە دەکەین ، لە سیاقی خوێندنەوەمان بۆ دەقەکە پەردە لەسەر هەموو دیمەنەکان هەڵدەدەینەوە و بە هەناسەیەکی درێژەوە وەک دەقەکە / هەڵوێستە لەسەر ورد و درشتی دیمەنەکان دەکەین و مەبەست و ئامانج و ناوەڕۆکی دەقەکە بە ئەمانەتەوە دەگەیەنین . ئەوەی لەم دەقە بۆ من زۆر گرینگ و جێگای دڵخۆشیم بوو کە / ( شێرکۆ بێکەس ) زۆر بە ئاشکرا لەم دەقە پێمان دەڵێ کە / شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە و دەتوانین بە زمانی شیعری قسە لەسەر هەموو ئەو شتانە بکەین کە ، ژیان ناشیرین دەکەن و ئاستی شکۆ و بەها مرۆییەکان دادەبەزێنن بۆ ئاستە نزمەکان . بۆ منی شاعیر ئەمە پڕەنسیپ و مانیفێستێکە ساڵەهایە لەنێو ڕووبەری شیعر و نووسینەکانم ئیشی لەسەر دەکەم . ( شێرکۆ بێکەس ) لەسەرەتای دەقی ( یاداشنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) دا دەڵێت :

بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕوا و ڕووی کردۆتە دامێنی شار
ئێستا ئاسمان مشتێ ڕەنگە و ئەویش خەمێکی مێیینەی
قەترانی وەک کراسەکەی
ئاڵۆز وەکوو کەزییەکانی
سیسیش وەکوو هەردوو گۆنای
ساردیش وەکوو دەستەکانی
تارماییەکی مێینەی لە مەراقدا نووقم بووە
پەنا و پاسێری گرتووە
شەپۆلێکی لەسەرخۆیە و هەنگاو ئەنێ
ئەستێرەیەکی نەخۆشە و
فرمێسکێکی شۆخ و شەنگە و
بەم بوولێلە تەنیا ئەڕوا و ڕوویکردۆتە باشووری شار

وەکو گوتمان / ئەم دەقە شیعرییە چیڕۆکە شیعرێکە و بوونێکی درامی هەیە ، ( شێرکۆ بێکەس ) یەکێک لە دیمەنە کۆتاییەکانی چیڕۆکەکەی کردۆتە دەسپێکی قەسیدەکەی بە زمانێکی شیعری ناسک و بە دەستەواژەی شیعری سەرنجڕاکێش بەنێو دیمەن و ڕووداوەکان دەچێتە خوارەوە ، ( بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕواو و ڕووی کردۆتە دامێنی شار .. ) ، چیڕۆکی ژنێکمان بۆ دەگێڕیتەوە کە هاوسەرەکەی پێشمەرگە بووە ، پێشمەرگەیەکی ئازا و نەبەرد ، تا سەرئێسقان عاشق بە خاک و نیشتیمان و ئازادی .. پێشمەرگەیەک کە بەسەر پشتی مەرگ بازبازێن دەکات و لە هیچ شتێک سڵناکاتەوە ، سەرەنجام گیانی دەبەخشێ بە ڕزگاری کوردستان و دەچێتە ڕیزی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی ، لەوکاتەی ئەم واتە ( ژنەکە ) بەم بوولێڵە تەنیا دەڕوا و ڕووی کردۆتە دامێنی شار ، لەو زەمەنەدا باشووری کوردستان ڕزگار بووە و شۆڕشگێڕانی سەردەمی شاخ ، هاوسەنگەری مێردەکەی گەیشتوونەتە دەسەڵات و لە هەوڵی بە دەستهێنانی کورسی و گەیشتن بە شوێنە بڵندەکانی دەسەڵات و خەریکی ژیانی شاهانەی خۆیانن .. ئەوەی بیری لێنەکەنەوە منداڵ و خێزانی شەهید و مرۆڤە گیانبەختکردووەکانە .. بۆیە ئێستا تەنیایی بۆتە ماڵی ئەبەدی ئەو ، برسییەتی و قوڕسایی ژیان ، خەمەکانی سەرشانی کردۆتە کێوێکی سەخت ، ئێستا لای ئەو ، ( ئاسمان مشتێ ڕەنگەو ئەویش خەمێکی مێینەی قەترانی وەک کراسەکەی سارد وەکو دەستەکانی .. ) ، گیان و دڵی دەتەزێنێ و هیواکانی دەکاتە گەڵا وەریوەکانی بەردەم ڕەشەبایەکی بێڕەحم .. ئێستا ئەو ( ئەستێرەیەکی نەخۆشە و فرمێسکێکی شۆخ و شەنگە و بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕواو ڕوویکردۆتە باشووری شار ..) . ئەو ئێستا لەنێو خەم و هەناسە ساردەکانی جگە لە چەند دیمەنێکی یادەوەری هیچیتری بۆ نەماوەتەوە ژیان بۆ ئەو بۆتە زیندانێکی گەورەی تاریک و پڕ ئێش و ژان . بۆ ئەو تازە شیرینییەکان قاوەیەکی تاڵە و هەڵمی نائومێدی لێ هەڵدەستێ ..!

ئەو زامێکی قژدرێژە ، چاوەکانی بڕیوەتە ئەشکەنجەی خۆی
چاوەکانی بڕیوەتە ، مانگی خوێنی ئاوانەبووی ناو خەیاڵی
( سەری مێردە کوژراوەکەی ، ئەوێنی خۆی )
لە چراخانی ئازادی .. دابڕاوە
لە دارستانی تریقە و پێکەنینی
دەوروبەری دابڕاوە
بێ ئاگایە … لە هاواری ئاپۆڕەی خەڵک
بێ ئاگایە … لە زەماوەندی ڕووناکی
لە شایی گوڵ
لە لەنجە و لاری گۆرانی
تەنیا ئەڕوا و لەگەڵ ڕابردوو ئەدوێ ، لەگەڵ خۆیدا
لەگەڵ بازێکی شەهیدا لەگەڵ ( ئەو) دا ..

ئەم بەشەش قووڵبوونەوەیە بەنێو خەم و ئازار و زامە قووڵەکانی ، شەوە درێژە پڕ تەنیای و حەسرەتەکانی ، ئێستا ئەو زامێکی قژدرێژە و چاوەکانی بڕیوەتە ئەژکەنجەی خۆی ، چاوەکانی بڕیوەتە نائومێدی بەختی ڕەش و ژیان و ئایندە رەشەکەی خۆی ، مەمکەکانی بەسەر جەستەی خەمێکی گەورە شۆڕبوونەتەوە ، هەر خۆی و هەرخۆی و هەرخۆی ، لە دەوروبەر و لە ئاوەدانی تەنانەت لەژیانیش دابڕاوە ، کەسێکە فڕێدراوەتە کەنار ژیانەوە ، لە دەرەوەی ژیان لەسەر ئەستێرەی نائومێدەیدا دەژیت ، بێئاگایە لەهەموو شتێک ، ( لە هاواری خەڵک و لە زەماوەندی ڕووناکی ، لە لەنجە و لاری گۆرانی و لە سەمای ئاڵای سەوز و زەرد ..! ) . ئەو تەنیایە ، لەگەڵ ڕابردوو دەژی ، لەگەڵ خەون و خەیاڵەکانی دوێنێ و لەگەڵ ئەودا ، لەگەڵ بازە شەهیدەکەی خۆی ، ئێستا ژیان بۆ ئەو جگە لەزیدانێکی گەورە هیچیتر نییە ، دۆزەخێکی ڕەش و تاریک ، دوور لەهەموو ئومێد و خۆشیەکان و شتە جوانەکان و ڕۆژگارە گەرمەکانی ژیان . ئێستا تەنیایی بۆ ئەو ماڵی ئەبەدی بوونە ..!

بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕواو ڕووی کردۆتە دامێنی شار
” هەبوو .. نەبوو ، ڕۆژانێ بوو
بازەکەی من بەناو بڵێسەدا ئەفڕی
لەبەر گۆپاڵەباران و تەرزەی شووم و چەخماخەی شەقژنی بوو
وەک فریشتە باڵدارەکان
بە دارستانی نێزەدا تێئەپەڕی
ڕۆژگارێ بوو ، بازەکەی من ، لەو بەرزەوە
ئا ئەم شارەی لەژێر باڵەکانیا ئەدی
یەکبەیەکی ئەم هەردانە ، ئەم لووتکانە
جێ ڕەوگەبوون ، بۆ ئەسپە شێکەی هەڵمەتێ
لە دۆزەخی کڵاوسوور و کڵاوڕەشدا
یەکبەیەکی ئەم کۆڵان و شەقامانە
( ئا ئەم سووچە و ، ئەم سیلەیە ، ئەم بن دارە
ئەو ژێر چەترە ، ئەو پەنا پایەی بازاڕە )
جێ نزرگەی ترسناکی کوت و پڕ بوون
بۆ بازڕەقەی خوێنی تووڕە و بۆ هێرشی
کێڵان و کیفی ئامادە کراوەبوون
بۆ دەرهێنانی دەمانچە و .. ڕیزی گوللە و
تەقینەوەی نارنجۆکی خێرای دەستی
وەک کزەبایش ، لەناکاودا ، ئەهاتەوە بۆ ماڵەوە
بەبێ خشپە ، تریفە بوو دەر ئەکەوت و
یان خەوێکی ئێجگار خۆش بوو ، لە پڕێکدا پەیدا ئەبوو

ژنە پێشمەرگەیەکی شەهید تەنیا و داماو جگە لە کۆمەڵێک یادەوەری خاوەنی هیچ شتێکی تر نییە ، لەم دیمەنەدا وێنەی قارەمانێتی و چاپووکی و زرینگی بازەکەی خۆیمان بۆ باسدەکات و دەڵێت ، ( بازەکەی من بەناو بڵێسەدا ئەفڕی ) ئەو دێرە شیعرە ، وێنەیەکی شیعری جوانمان بۆ دەکێشێ ، هەرچەندە من وشەی ( باز ) زۆر بە گونجاو نابینم ، ڕاستە باز باڵندەیەکی چاپووک و بەهێز و هێرشبەرە هەر بۆیەش وەکو هێمایەک بۆ پێشمەرگە بەکارهاتووە بەڵام ، باز باڵندەیەکی گۆشتخۆرە و بۆ پەیدا کردنی پارچەیەک گۆشت بەناهەق ژیانی باڵندەی تری بێگوناه کۆتایی پێدەهێنێت ، کە ئەم دیوەی لەگەڵ پێشمەرگە و خەبات و تێکۆشان لەپێناو ژیان و ئازادیدا تەبا و هاوتەریب نایەتەوە ، ئەوەتا دەڵێت ، ڕۆژگارێ بوو بازەکەی من ، لەوبەرزەوە ئا ئەم شارەی لەژێر باڵەکانیا ئەدی ، یەکبەیەکی ئەم هەردانە ئەم لووتکانە ، جێڕەوگەبوون ، بۆ ئەسپە شێکەی هەڵمەتێ .. هەڵمەتبردنی باز و پێشمەرگە ، لە ڕووی ئینسانییەوە لە یەکتری جیاوازن و بۆ ئامانج و مەبەستی جیاوازیشن .. بۆیە لەم دەقە شیعرییە وشەی پێشمەرگە گونجاو و شیاوتر بوو ، چونکە باز باڵندەیەکە لایەنی نێگەتیڤی هەیە ، زێتر لە جەڵادەوە نزیکە نەک قوربانی ، بەڵام پێشمەرگە مرۆڤێکی قوربانی ستەمدیدەیە .. لە چوارچێوەی شۆڕبوونەوە بۆ نێو یادەوەرییەکان وەسف و دێمەنێکی جوانی پێشمەرگەمان بۆ دەکات ، لە ڕووی ( ئازایەتی و قارەمانێتی و گیانفیدایی و هەموو سیفاتە جوانەکانیتر ..) . ئا ئەو سووچە ، ئەو سیلەیە ، ئەو بندارە ، ئەو ژێرچەترە ئەو پەنا پایەی بازاڕە ، جێنزرگەی ترسناکی کوت و پڕبوون بۆ بازڕەقەی خوێنی تووڕە و بۆ هێرشی کێلان و کیفی ئامادە و کراوەبوون ..! لەناو ئەم بازبازێنە بەسەر پشتی مردنە و لەنێو ئەم دۆزەخی هەڵمەت و ئاگربارانەدا ، جارجارە / وەک کزەبا ، لەناکاو ئەهاتەوە ماڵ ، بەبێ خشپە وەک ڕووناک و تریفە بوو دەرئەکەوت .. چەند دیمەنێکی جوان و پڕ شیعرییەتە ، هێزی عەشق و خۆشەویستیمان بۆ ڕەسم دەکات ، ڕەتبوون بەنێو کۆڵانەکانی مردن و گەڕانەوە بۆ ماڵ بۆلای دوڵبەر .. ڕەتبوون بەنێو کۆڵانەکانی ئاگر و گەڕانەوە بۆ نێو ماڵی عەشق . بۆ تەڕکردنەوەی زەوییە وشهەڵاتووەکەی ناخ و خۆدانە بەر ڕێژنە بارانی خۆشەویستی و توانەوە لەنیو چرکەسات و کاتژمێرە ئیرۆسییەکانی عەشق ..!

منیش وەک ئاسکی خەواڵوو ڕائەپەڕیم
هەموو لەشم ئەنیشتە سەر ئاوی ترس و
هەموو جەستەم ئەبوو بەچاو
بە هێواشی لە کەمەرەوە ئەیگرتم
( چەکیش هێشتا بەشانەوە )
باوەشێکی پڕاوپڕی گەرم و تینووی پیا ئەکردم
گەرمییانی ئارەزوومان
وەک بەردی بەر سوورە هەتاو
ئەوسا ئیتر چۆن لاولاوی
سەرپەنجەرەی ژوورەکەمان
تەواو پێمەوە ئەنووسا … تەواو … تەواو
مەمکەکانم لەناو چنگیا سپی سپی
وەک دوو تیترواسکی بچووک
شەوقی حەزیان لەسەرگۆوە دائەگیرسا

ڕاستە پێشمەرگە مرۆڤێگە لە جەنگدایە ، لەگەڵ کوشتن و مەرگ و خوێن ڕووبەڕووە ، لەگەڵ فیشەک و چەک هاودەمە ، بەڵام بێبەری نییە لە خەیاڵ و هەستە ئیرۆسییەکان ، لە عەشق و خەونە ڕۆمانسییەکان ، لەشەوانی پڕ ترس و مەرگاوی دوور لە چاوی شار و مرۆڤەکان بە نهێنی دەگەڕێنەوە ماڵەوە یان بۆ باوەشی دوڵبەرەکانیان ، ( منیش وەک ئاسکی خەواڵوو ڕائەپەڕیم ، هەموو لەشم ئەنیشتە سەر ئاوی ترس و هەموو جەستەم ئەبوو بەچاو ..! ) کاتێک دڵەکان وەک بورکان گڕ ئەگرن ، هەستەکان وەک ئاگر کڵپە ئەکەن ، ئیدی ترس مانایەکی نامێنێ ، عەشق ڕێیەکی دەچێتەوە سەر شێتی .. ( چەکیش هێشتا بەشانەوە …! ) .. هێندە تامەزرۆ و دڵسووتاو بوو ، دووری و تامەزرۆیی ئاگرێکی وەهای لە جەستە و هەناوی بەردابوو ، بەرلەوەی چەکەکەی لەشانبکاتەوە ، ( باوەشێکی پڕاوپڕی گەرم و تینووی پیا ئەکردم ، وەک بەردی بەر سوورە هەتاو تاوی ئەسەند ..! ) وێنە و دەستەواژەی شیعری جوان ، شیعرییەت لە وشەکان دەڕژێ ، بەردی بەر سوورە هەتاو ، وێنەیەکی جوان و لە شوێنێکی گونجاو بەکار هاتووە و بڕشتێکی جوانی بە دێمەنە شیعرییەکە بەخشیوە ، ( تەواو پێمەوە ئەنووسا .. تەواو .. تەواو ، مەمکەکانم لەنێو چنگیا سپی سپی ، وەک دوو تیترواسکی بچووک ، شەوقی حەزیان لەسەرگۆوە دائەگیرسا ..! ) ، هەستێکی ئیرۆسی و عەشقێکی باڵای مرۆیی ، دیمەنێکی ڕۆمانتیک .. ئاوێزانبوونێکی شێتانە . دوور لەچاوی ترس و مردن .

وەک خەمی قووڵی هەردووکمان ، ماچێکی قووڵ
بینێکی قووڵ ، لە دەمەوە ، مژینەکە ئەکەوتە ڕێ و
بەناو لەشا ، تەزووی درێژەی ئەکێشا
لە کەپرۆکەی ناو ڕیشیشیا
بۆنی کەوێڵ ، بۆنی ئەشکەوت ، بۆنی بارووت
بۆنی کووزەڵەی گوێ چەم و مۆردم ئەکرد
بۆنی گوڵە ئازادەکان
بۆنی مەقەڕێکی شێدار
بۆنی نایلۆن ، بۆنی بەتانییە سەوزەکان
لەناو تووکی سەرسینگیشیا
بۆنی تیژی ئازایەتی و
بۆنی ناو سەنگەرم ئەکرد
لە چاویشیا هەموو ڕێگا دوورەکانم ئەدی
تەمی نزمی گەوەکان و ڕاکردنی گوڵ ئەستێرە و تروسکایی
ئاگری شوانی سەر ڕەوەز و بریسکەی جۆگەی
بەرکاوی ئێواران و هەڵبەزینەوەی قەڵبەزە و
ماچی ئاڵی نێوان ئاسۆ و خۆرنشین و … هەر لە چاویا
ڕەنگی پەڕیوەی ژنانی ناو ئۆردوگام ئەبینیەوە
ڕیزە پیاو و ڕیزە زیل و ڕیزە چادر
سەروو سیمای دوا شەهیدمان
دارتەلی سەر ئیزگەکەمان

لەم دیمەنە شیعریەش بەنێو قووڵایی هەستە ڕۆمانسی و ئیرۆسییەکان شۆڕدەبێتەوە ، جووڵە و ئاوێزانبوون و توانەوە لەنیو هەستێکی کوشندەی لەزەتی و ڕۆحیدا ، ( وەک خەمی قووڵی هەردووکمان ..) دوو جەستەی تامەزرۆ .. دوو جەستەی شەکەت لەنێو شەوانی تەنیایی و چاوەڕوانی .. وێنەی چرکەکانی بەیەکگەیشتن و کردنەوەی لغاوی ئەسپی تامەزرۆیی و ئارەزووە چەپێندراوەکانی ڕۆح .. ( بینێکی قووڵ ، لە دەمەوە ، مژینەکە ئەکەوتە ڕێ و بەناو لەشا ، تەزووی درێژەی ئەکێشا …) لەسەرەتا بە مژینی جەستە و دەست و پەنجەکان و مەمکەکان دەستی پێئەکرد و تەزووی ئەم هەستە شێتانەییە هەموو جەستەی دادەگرت ، ئاگری ئارەزووە تینووەکان کڵپەیان دەدا و گڕیان دەگرت . ئیتر لەپاڵ ئەم چرکە ساتە ڕاموسانییە ، ( شێرکۆ بێکەس ) دەیەوێت وێنە و ژیانی پێشمەرگایەتیمان بۆ بکێشی و پێشانی بدات ، بەو دێرە دەست پێدەکات ( لە کەپرۆکەی ناو ڕیشیشیا .. بۆنی کەوێڵ ، بۆنی ئەشکەوت …) زۆر شاعیرانە دوو دیمەنی جیاوازی تێکەڵ بەیەک کردووە ، لەنێو چرکەساتی ڕامووسانییەکی گەرم ، لەڕێگەی هەستکردن بە بۆنەکان دیمەنێکیتر کە جوگرافیا و شێوە ژیانی پێشمەرگەمان بۆ ڕەسم دەکات . ئەم چیڕۆکە شیعرە سەرەتاکەی بە خەباتی شاخ دەست پێدەکات ، زەمەن زەمەنی دوای شۆڕشی ئەیلوولە ، ئەوەی لە مێژوودا بە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ناوبراوە ، سەرکەوتنی ئەم شیعرە و جوانی و وێنەکان و دیمەنەکان لەوەدایە کە / شاعیر خۆی بەشداری لەو شۆڕشەدا کردووە و شارەزاییەکی باشی لە جوگرافیا و شێوە ژیانی پێشمەرگە و کەلەپووری شۆڕشدا هەبووە ، ڕاستی ئەم گوتنەمان لە دێرە شیعر و دەستەواژە شیعرییەکان بە ڕۆشنی بۆ دەردەکەوێت ، ( بۆنی کەوێڵ ، بۆنی ئەشکەوت ، بۆنی بارووت .. بۆنی کووزەڵەی گوێی چەم و .. بۆنی گوڵە ئازادەکان ..) لەکاتی ماچ و ئاوێزانبوون و یەکتر بۆنکردن ، لە ڕیش و جەستەی دڵدارەکەی بۆنی هەموو ئەو شتانەی دەکردن کە لەسەرەوە نووسیومانە . بۆنی ئەشکەوت ، بۆنی بارووت ، بۆنی کووزەلەی گوێی چەم .. لەبۆنکردنی کەلوپەلی ژیانی سادەی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و دەڵێت ( بۆنی مەقەڕێکی شێدار ، بۆنی نایلۆن ، بۆنی بەتانییە سەوزەکان .. ! ) ، مەقەڕێکی شێدار و بۆنی نایلۆن و بەتانییە سەوزەکان ، ڕێک وێنەی مەقەڕی پێشمەرگەمان دێتە بەرچاو ، دیمەنێکی ڕۆشن .. وێنەیەکی شیعری جوان ، من پێموایە ئەگەر ( شێرکۆ بێکەس ) خۆی پێشمەرگە نەبا و لە نزیکەوە بەشێک نەبا لەو ژیانە ، ئاوا سەرکەوتووانە نەیدەتوانی ئەم دیمەن و وێنانەمان بۆ بکێشی .. ئیتر زێتر بەنێو وەسفکردنی کەسەکان و ئەم شێوە ژیانە شۆڕدەبێتەوە و درێژەی پێدەدات ( لەناو تووکی سەرسینگیشیا ، بۆنی تیژی ئازایەتی و بۆنی ناو سەنگەرم ئەکرد ، لە چاویشیا هەموو ڕێگا دوورەکانم ئەدی ..! ) ، لێرەشدا ، باسی ئازایەتی و نەبەردی پێشمەرگە و دڵسۆزی و وەفادارییان بۆ خاک و نیشتیمان و ئازادی .. هەروەها بیروباوەڕ بە ئومێدێکی گەورە بە خەبات و تێکۆشان و سەرکەوتن ، لە چاویشیا هەموو ڕێگا دوورەکانم ئەدی ، بێگومان لەبەردەم میللەتێکی ستەمدیدە ڕێگاکانی سەرکەوتن و ئازادی دەکرێ دوور و مەودا فراوان بن ، مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنی و ئازادییەکان لە چنگی دیکتاتۆر و مرۆڤە دڕندەکان وا بەسانایی نایەتە دەرێ ..! ئیتر لەم چیڕۆکە شیعرە وێنەی هەموو زەمەنەکان و شوێنەکانمان بۆ دەکێشێ ، ( ڕەنگی پەڕیوی ژنانی ناو ئۆردوگا و ڕیزە پیاو و ڕیزە زیل و ڕیزە چادر ..! ) دوای ئەنفال و تێکدان و خاپوورکردنی گوندەکان ، پێشمەرگە دەڕۆنە سەرسنوورەکان و ئەودیو سنوورەکان و لە ئۆردووگاکان نیشتەجێ دەبن ، ئەم وێنانەمان یەکبەدوای یەک وەک فیلمێک بە زمانی شیعری و وێنەی شیعری پێشان دەدات ، تا دەگاتە ( سەروو سیمای دوا شەهیدمان ، دارتەلی سەر ئیزگەکەمان …! ) شاعیر زۆر وردبینانە دیمەن و وێنەکانی کێشاوە ، تەنانەت دارتەلی سەر ئیزگەکەیانی بیر نەچووە ، ئەو ئیزگەیەی پێشمەرگە و هەموو خەڵکی دەهێنایە جۆش و خرۆش .
لە چاوانیا چارەنووسێکی پایزە وەکوو گەڵا لەرەی ئەهات
لە چاوانیا مەرگی شیعرێکی نازدارم ئەخوێندەوە
خەمی باڵگرتووم ئەبینی
خوێنی ئەستێرەم ئەبینی
لە چاوانیا خۆرنشینی خۆم ئەبینی .. خەوم ئەدی
لەناو گەمیەی هەورێکدام و هەرچوار دەورم هەمووی گڕە
خۆم ئەبینی پەڕەسێلکەم تەنیا تەنیا ماومەتەوە
هەمووجارێ لە چاوانیا
چارەنووسێکم ئەبینی و لێی ئەترسام
لە ناوەڕاستی هۆدەدا بە چوارمشقی دائەنیشتین
هەرچوار ئەژنۆمان ئەنووسان بەیەکەوە
لە دوو گوڵدانی پڕ لەگوڵ ، پڕ لە خەم و پڕ لە خەون و
پڕ لە ئازاری سوور ئەچووین
لەم دیمەنەش / پارادۆکسێکی شیعری ناوازەمان بۆ دەنەخشێنێ ، لە چرکەساتی ئاوێزانبوون و تێکەڵاوبوون .. لەنێو قووڵایی خۆشییە ڕۆح بزوێنەکان لە هەستێکی دەروونی نادیارەوە مەسیجێکی خەمناکی دێتە گوێ ، وێنەیەکی تاریک دێتە پێشچاوی ، ئایندەیەکی خەفەتبار دەخوێنێتەوە ، ئەم هەموو پێشبینییە ترسناکەش لەنێو چاوەکانی بازەکەی خۆی دەبینێت ، ( لە چاوانیا چارەنووسێکی پایزە وەکو گەڵا لەرەی ئەهات ، لە چاوانیا مەرگی شیعرێکی نازدارم ئەخوێندەوە ، خەمی باڵگرتووم ئەبینی ، خوێنی ئەستێرەم ئەبینی …! ) وەک ئەوەی چاوەکانی قسەی بۆ بکەن و باسی ئایندەی بۆ بکەن ، چارەنووسێکی پایزە ، چ دەربڕینێکی شیعری و جوان و ناوازەیە ، خەمێکی پڕ لە ئیستاتیکای شیعری ، پڕ لە ئاوازێکی حەزین ، یان / خوێنی ئەستێرەم ئەبینی ، وێنەیەکی شیعری و دەستەواژەیەکی شیعری جوان و ناسک ، هەستە نادیارەکانی درێژە بە خوێندنەوەی پێشبینییەکان دەدەن تا ئەو ڕادەیەی بڵێت ، ( لەناو گەمیەی هەورێک دام و هەرچوار دەورم هەمووی گڕە ، خۆم ئەبینی پەڕەسێلکەی تەنیا تەنیا ماومەتەوە ..! ) ، لێرەدا ئەوە دەبینین کە شیعر و شاعیر هێزی ئەوەیان پێیە کە ئایندە بخوێننەوە ، ئیدی دوای هەستکردن بەم خەیاڵ و پێشبینیە خەمناک و ترسناکانە ، لەوساتەدا ماچ و مژین و تێکئاڵان دەبوو بە وردبوونەوە لەچاوانی یەکتری و داماو و حەپەساو ( لە ناوەڕاستی هۆدەدا بە چوارمشقی دائەنیشتین ، هەرچوار ئەژنۆمان ئەنووسان بەیەکەوە ، لە دوو گوڵدانی پڕ لە گوڵ ، پڕ لە خەون و پڕ لە خەون و پڕ لە ئازاری سوور ئەچووین ..! ) ئیتر لێرەدا خۆشەویستی بە وردە گەڵای ترس و خەم و ئازار دادەپۆشرا ، بارێکی دەروونی ناجێگیر ، خەونەکان پڕ لە تریفەی شێواو و بەهارێک پڕ لە سەوزاییەکی خەفەتبار ، تێڕامانە قووڵەکان لە چاوانی یەکتری ، ئاکامەکان دەبوون بە گوڵدانێک بەڵام گوڵدانێکی خەماوی و پڕ لە خوێنی ئەستێرەکان و پڕ لە گوڵ و پڕ لە خەون و خەفەت و خەمی سووری پاییزی ..!
قسەی ئەکرد
تۆ و کانی .. تۆو درەخت ..
تۆ و بەردم ، بە قەد یەک خۆش ئەوێ !
ئەمپرسی :
کاممان ، تۆزقاڵێ لە کاممان زیاتر .. گیانە ؟!
ڕائەما ، ئەیڕوانییە دارەڕای ژوورەکە
لەو ساتەدا دەم و چاوی
لە کوختێکی ناو تەم ئەچوو
-زیز مەبە ، بەرد زیاتر .. ئاو زیاتر .. دار زیاتر ؟!

  • ئۆه ، گیانە .. کە بەردمان لە دەست چوو .. ئێمە چین ؟!
    کە ئاومان فەوتی کرد .. ئێمە چین ؟!
    ئەوینێ بێ بەرد و بێ ئاو بێ درەخت کوا هەیە ؟!
    یەک چرکە ئازادی و دوای ئەوە بابمرم !
    لێڵ مەبە ! .. ئەوینی من و تۆیش
    لە ڕوونی ئاودایە !
    لە خورە و هاژەی سەربەستی ئاودایە
    تەماشا ! دیلێتی ناهێڵێ
    تێر سەیری یەک بکەین !
    ژێردەستی ناهێڵێ .. لە ماڵی خۆیشمان
    بۆ تاوێک بسرەوین !
    ئازادیی ئاسمانە .. بارانە و هەتاوە
    بێ ئاسمان .. کام خۆر و کام تیشک و کام باران ؟
    ئازادی خاکیشە
    ئازادی خەڵکیشە … مێژوویشە
    کە نەبوو چی هەیە ؟! ئەمە نانە ؟!
    یان ژەهر ؟
    ئیتر / دوای هێوربوونەوە لەنێو تێکەڵاوبوون و ڕاموسانی و ماچ و دەستبازی و ئارامبوونەوەی هەستە ئیرۆسییە گەرمەکان ، کاتی لەچاوانی یەکتر ڕوانین و نوێکرددنەوەی بەڵێنەکانە بۆ ئایندە و بەردەوامبوون ، گەیشتن بە وەرزێکی نوێی عەشق و ژیانێک لەژێر ساباتی ئازادیدا ، بێگومان گەیشتن بە کاروان سەرای ئازادی ، ڕێگاکان تەخت و نزیک و بێ قوربانی نین ..! بۆیە هەمیشە لەساتی ڕوانین و بیرکردنەوەکان ترس و گومان و پێشبینییە خەمناکەکان پشکۆکانییان دەردەکەون ، بەڵام ئەمان هەمیشە بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ عەشق و ژیان و بوون و بەهای مرۆڤ دەکەن . ( تۆو کانی .. تۆو درەخت .. تۆو بەردم ، بەقەد یەک خۆش دەوێ ..! ) بێگومان بۆ پێشمەرگەیەکی عاشق ، راستگۆ و مرۆڤپەروەر و ئازادیپەروەر ، خۆشەویستی لەخاک و نیشتیمان و جیاناکرێتەوە ، خاک و نیشتیمان و مرۆڤیش بەبێ ئازادی بەهاکانی خۆیان لەدەست دەدەن ، بۆیە لێرەدا عەشقێک دەبینین ، پڕ لە پیرۆزی بەها مرۆییەکان ، بەڵام ئەم بە نازێکی کچانەوە دەڵێ ( کاممان ، تۆزقاڵێ لە کاممان زیاتر .. گیانە ؟! ) ، پێشمەرگەیەکی وشیار ، دڵسۆز بۆ خاک و نیشتیمان ، تا سەرئێسقان عاشق بە چاوەکانی دوڵبەر ، بەڵام لای ئەو عەشق بەبێ ئازادبوونی بەرد و درەخت و ڕووباری نیشتیمان بوونی نییە ، عەشق بەبێ ئازادی بوونی نییە ، چونکە ئەو لەوە بە ئاگایە کە بوونی مرۆڤ بەبێ ئازادی بوونێکی نامۆ و ناکاملە ، بۆیە بەم وشیارییە قووڵەوە بە ڕاستگۆیانە پێی دەڵێت ( زیز مەبە ! بەرد زیاتر .. ئاو زیاتر .. دار زیاتر ..! ئۆه گیانە کە بەردمان لە دەستچوو ئێمە چین ! ، ئەوینی بێ بەرد و بێ ئاو و بێ درەخت کوا هەیە ..!؟ ) ، مرۆڤ کە ئازاد نەبوو نە بوونی نە ژیانی نە عەشق و خۆشەویستییەکەی تەنانەت هەموو پەیوەندییەکانی خاڵی دەبنەوە لە سەروەری بەهای مرۆیی ، بۆیە بە ڕاشکاوانە ئەم ناخەی خۆی لە قووڵایی مەعریفەوە بۆ ڕادەگەیەنێت و دەڵێت ، ( یەک چرکە ئازادی و دوای ئەوە با بمردم ..! ) ، لەم دێرەدا تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ بوون و مرۆڤ و بەها مرۆییەکان دەبینین تەنانەت بۆ عەشقیش ..! چونکە وەکو گوتمان هیچکام لەوانە / نەبوون نە مرۆڤبوون نە بەهای مرۆیی نە عەشق بەبێ ئازادی ناگەنە ئاستی سەروەری و ڕەسەنبوون ، ئیتر بۆیە دەڵێت ( لێڵ مەبە ، ئەوینی من و تۆیش لە ڕوونی ئاودایە ، لە هاژەی سەربەستی ئاودایە ، تەماشا ! دیلێتی ناهێڵێ ، تێر سەیری یەک بکەین ، ژێر دەستی ناهێڵێ بۆ تاوێک بسرەوین ، ئازادی ئاسمانە بارانە و هەتاوە …! ) ، ئیتر لەکۆتایی ئەوە دەردەخات کە هیچ شتێک بەبێ ئازادی بەهایەکی ئەوتۆی نییە ، دیلێتی ژێردەستەیی پەت دەخاتە گەردنی هەموو شتێک ، تەنانەت ناهێڵێ مرۆڤەکان بە ئارامی سەیری یەکتریش بکەن .. هەموو شتەکان مانا ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن ، بۆیە ژیانێکی لەم شێوەیە بە هەڵدانی پیاڵە ژەهر دەزانێت ..!
    ( بازەکەی من شاعیریش بوو …
    هەموو جارێ دوا شیعری خۆی
    لەگەڵ دوا دووکەڵی مەزرا و
    لەگەڵ دوا زریکەی بەرد و
    لەگەڵ دوا گریانی باخدا بۆ ئەهێنام )
    بازەکەی من ئەو شیعرانەی کە ئەینووسی
    قووڵ بوون .. وەکو دەریاچەکان
    سادەیش بوون وەکو گوڵە کێوی
    بازەکەی من لە نوێخوازەکانی ژیان بوو
    ئەو نەئەچوە بەر ئاوێنە کۆنەکانی زمان
    لای ئەو وشە زیندەوەر بوو
    لای ئەو ڕستە مەرجدانەوەی مەراق و
    زەنگی مێشک و وەکو گڕکان
    ساتە وەختێکی خەتەر بوو
    دوو عاشقی سەرکێش ، پڕ لە ئەوین و مرڤبوون ، پڕ لە وشیاری بۆ ژیان و بوون ، بە ئازادی بەهاکانی جوانی ، بەشێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە دڵدار واتە پێشمەرگەکە ، بازەکەی نێو دەقەکە ، کەسایەتییەکی شاعیر بوو ، کەسایەتییەک کە لەپاڵ چەکەکەی شانی هەمیشە قەڵەمێک و دەفتەرێکی بچکۆڵەی لە گیرفانەکانی بوو ، بۆ نووسینەوەی هەستەکانی خۆی ، بە کردنی بیرکردنەوەو خەیاڵەگەرمەکانی و تامەزرۆیی و ماراقەکانی بە شیعر ، یان تێکەڵکردنی خەیاڵ و هەستەکانی بە تەوژموو جووڵەکانی جوانی .. بازەکەی ئەو شاعیر بوو ، بۆیە پڕ بوو لە هەستی مرۆیی و عەشقی مرۆیی و خەیاڵ و بیرکردنەوەی مرۆیی ، بە مانایەک / زێتر ڕۆچوون لەگەڵ خەیاڵەکان و بینینی هەستە شاراوەکان و گەرد و پێکهاتە وردەکانی خەون و بەهاکان ، چۆن شاعیرێک / شاعیرێکی نوێخواز و مۆدێرن .. نوێخواز بۆ دنیابینی شیعر و نووسین و زمان ، هەروەها مۆدێرن بۆ تێگەیشتن لە بوون و ژیان و مرۆڤ ، بۆ مێژوو و هەموو چەمکە گرینگەکان ( بازەکەی ئەو شاعیریش بوو ، هەموو جارێ دوا شیعری خۆی ، لەگەڵ دوا زریکەی بەرد و دواگریانی باخدا بۆ ئەهێنا ..! ) ، شاعیرێکی مرۆڤدۆس و ژیاندۆست ، هەمیشە لەپاڵ جوانییەکانی ژیان خەم و ئازار و ژانە قووڵەکانیش دەنووسێتەوە ، بەتایبەت شاعیرێک لەنێو جەرگەی خەبات و تێکۆشان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەستیدا ، ئیتر دەبێ گڕوتینی وشەکانی ئەم شاعیرە عاشق و هەست ناسک و ژیاندۆستە چ ئاگرێکی پڕ کڵپە و هەڵجوون و شەپۆل ئاسابێت ..؟ ( بازەکەی من ئەو شیعرانەی کە ئەینووسی ، قووڵ بوون .. وەکو دەریاچەکان ، سادەیش بوون وەک گوڵە کێوی … ، لای ئەو وشە زیندەوەر بوو ، لای ئەو ڕستە مەوجدانەوەی مەراق و زەنگی مێشک و ساتە وەختێکی خەتەر بوو …! ) ، لای بازەکەی ئەو ، عەشق ژیان بوو ژیانیش عەشقێکی گەورە ، شیعریش نووسینەوەی جوانییەکانی عەشق و ژیان بوو ..!

    ( نموونەیەکی بچووک لە شیعرەکانی بازەکەی من )
    سەری من بەم ئاسمانە نەوییە بەم ئاسمانە زەلیلە
    ڕازی نابێ
    سەری من تۆپی ئاگر و گڵۆڵەخەمێکی یاخییە
    یان نارنجۆکێکی ناو دەستەکانی ئازادیی
    ئەبێ ئەم مێژووە تاریکانە .. ئەم بەهەشتە ڕەشانە
    لە خوێنەوە ڕووناکییان بۆ بەرین
    بەڵام ئەشبێ بە مردنێکی درێژدا تێپەڕین
    ئینجا بگەیتە …
    ( بازەکەی من ئەم شیعرەی
    بە ناتەواوی بۆ بەجێهێشتووم )
    لێرەدا نموونەیەک لە شیعری بازەکەی خۆیمان بۆ دەنووسێتەوە ، نموونە لە شیعرێکی تەواو نەکراو یان ناتەواو ، بەرلەوەی خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ئەم کۆپلە شیعرەی شاعیرە عاشقەکە بکەین کە پێشمەرگەیە و لەسەنگەری خەبات و تێکۆشاندایە لەپێناو ڕزگاری نیشتیمان و بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد .. ( بازەکەی من ئەم شیعرەی بە ناتەواوی بۆ بە جێهێشتووم ) ، وشەی ( ناتەواو ) ، وشەیەکە هێمای جوراو جۆر و خوێندنەوەی جیاواز لەخۆدەگرێت ، ئایا بۆ ئەو شیعرە بە ناتەواوی بۆی جێهێشتووە ، ئایا هەرخۆی شیعرەکەی تەواو نەکردووە ، یان شاعیرەکە لە کاتی نووسینی ئەو شیعرەدا ، کۆتایی بە ژیانی هاتووە و گەیشتۆتە لای هاوڕی گیانبەختکردووەکانی و ماڵئاوایی لە دوڵبەر و شیعر و ژیانکردووە ، لە سیاقی خوێندنەوەمان لە بەشەکانی کۆتایی وەڵامی ئەم پرسیارانەمان وەردەگرینەوە .. شاعیرێکی نوێخواز و مرۆڤدۆست ، نیشتیمانپەروەر و ژیاندۆست ، عاشق و ئازادیدۆست ، بێگومان شاعیرێکی لەمجۆرە هیچ گومانێکی تیانییە ، کەسێکی یاخی و سەرکەش دەبێ ، چونکە نوێخوازی ڕەگێکی دەچێتەوە سەر یاخیبوون ، یاخیبوونیش لە وشیارییەوە گەراکانی سەردەردێنن ، بەمانای بازەکەی ئەو ( شاعیرێکی نوێخواز و یاخی و وشیار بوو ..! ) ، بۆیە شیعرەکانی پڕبوون لە عەشق و شەیدابوون بۆ ئازادی و ڕزگاری نیشتیمان و مرۆڤ هاوکات هەستە گەرمەکانی یاخیبوون ، ئەوەتا بە ڕوونی دەڵیت ( سەری من بەم ئاسمانە نەوییە بەم ئاسمانە زەلیلە ڕازی نابێ ..! ) ، ژیانی ژێردەستەیی و ستەمدیدەیی ژیانێکە لە ئاستێکی نزم ، خاڵییە لە ئازادی و جوانی و بەها مرۆییەکان ، شاعیر ژیان لەئاستێکی نەوی و نزمی لەمجۆرە رەتدەکاتەوە ، هەمیشە بەرامبەر ستەم و زۆرداری دەڵێت ( نا ) ..! چونکە ئەو کەسێکی یاخی و بە جەربەزە و دلێر و ناڕازییە ، شاعیرێکی جوانبین و هەست ناسکە ، ناتوانێ عەشق و ژیانی بەبێ ئازادی قەبووڵ بکات ، ئەوەتا دەڵێت ( سەری من تۆپی ئاگر و گڵۆڵەخەمێکی یاخییە …! ) ، ئەو پێیوایە لە ئاکامی هەوڵدان و کۆشش و خەبات دەبێ شەوە تاریکەکان ڕووناکبکرێنەوە ، شوێن و کونجە تاریکەکان ڕووناکییان پێبگات ، ( ئەبێ ئەم مێژووە تاریکانە ، ئەم بەهەشتە ڕەشانە لە خوێنەوە ڕووناکییان بۆ بەرین …! ) ، دەکرێ بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە پیرۆزانە نەگەینە کۆتایی ڕێگا و سەرکەوتنەکان بەچاوی خۆمان نەبینین و خەونەکانمان لەگەڵ خۆمان ببەینە ژێرخاک واتە گیان و بوونمان بە ژیان ببەخشین..!( بەڵام ئەشبێ بە مردنێکی درێژدا تێپەڕین …! ) .

  • بازەکەی من ، وەک کزەبا چۆن لەناکاو پەیدا ئەبوو
    هەروایش لەپڕ : بەبێ خشپە ، وەک کشانەوەی تریفە
    وەک گەڕانەوەی تارمایی و سێبەر و خەو ، دیار نەئەما
    لە پڕێکدا ئاوا ئەبوو ، ئەچۆوە ناو ڕۆحی چیا
    ئەبۆوە بە ، گوڵی چوالە ، بەدار هەنار ، ئەبوو بە
    زنەو بە ڕەگ و بە سروودی دەم دار بەڕوو
    ئەچۆوە ناو تەمتوومانی ئەودیو کەژە بێدەنگەکان
    ئەچۆوە ناو جریوەی دوور ، ئەچۆوە ناو خەونی
    گوند و لە خۆڵەمێشدا ون ئەبوو
    ون ئەبۆوە .. ئەهاتەوە .. ون ئەبۆوە
    پێشمەرگە و ژیانی پێشمەرگایەتی / ژیانێکی نائارام و ناجێگیر بوو ، ژیانێکی کۆچەری ، وەک ڕەشەبا و زریان ، ژیانێک بوو لەنێو دیار و نادیار ، هەڵاتن و ئاوابوون ، یان ئاوابوونی ئەبەدی ..! ( بازەکەی من وەک کزەبا لەناکاو پەیدا ئەبوو ، هەروایش لە پڕ ، وەک گەڕانەوەی تارمایی و سێبەر و خەو دیار نەئەما ..! ) ، عەشقێک لەنێوان دوو مرۆڤی عاشق و شەیدا بۆ ژیان و ئازادی ، دڵی خۆیان و عەشقەکەیان هەمیشە لە چنگی مەرگ دابوو ، هەمیشە هەناسواری و نائارام ، ترس و نیگەران و خەمی دابران ، چاوەڕوانییەکی کوشندە ، گەمەیەک لەنێو بازنەی دەرکەوتن و ونبوونەوە ، هاتن و ڕۆیشتن ، گەڕانەوە بۆ ناو تەمتوومانی ئەودیو کەژە بێدەنگەکان ، چوونەوە ناو جریوە دوورەکان ، ونبوون لەناو خۆڵەمێشی مەرگ . مانەوە لەنیو بازنە هەمیشەییەکانی هەڵاتن و ئاوابوون ..!
    بازەکەی من بوومەلەرزەی ، لەبن دەستی
    دێوی سپی و دێوی ڕەشی ئەم شارەدا
    ئەچاند ئینجا ون ئەبۆوە
    لە سەفەری گردی ڕەشدا هەموو جارێ
    کەمەندی ئەو بێچووە درنجێکی ئەگرت
    هەموو جارێ لە چەقی ئەم جادانەدا
    بۆ داڵێکی ئەم مەڵبەندە
    بۆ ئەرژەنێ
    بۆ عەزیایەک
    دۆزەخێکی نوێی دائەخست
    بازەکەی من لە دوا ئێوارەی فڕیندا
    لە دوا ساتەوەختی نیوان گەشانەوە و هەڵوەریندا
    وەختێ لەگەڵ ڕەوتی خێرای
    جوانووە ژانێکی سپیدا لە شاخەوە
    بەرەو بنار دائەگەڕا و
    شۆڕ ئەبۆوە بەرەو ناوشار
    ئەو چرکانەی
    تراویلکەی لەرزیوی پێش هەردوو چاوی
    سیمای ئاونگاوی منی
    دوور و نزیک پێشان ئەدا
    مردن لە شێوەی داوێکدا
    ئەگاتە بەر هەردوو قاچی و
    دێتەوە یەک !
    باز ئەگیرێ و
    باڵەکانی شەتەک ئەدرێ و
    ئەخرێتە ناو زیندانێکی گەڕۆکەوە و
    دوور دوور ئەبرێ

    لەم بەشەدا / دەست و بازوو و هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە ڕەسم دەکات ، ئەو ترس و تۆقان و سام و لەرزینەی لە دڵی ئەژدیها و دوژمنە دڕندەکان دروست کردبوو ، وا پێدەچێت ، پاڵەوانی ئەم چیڕۆکە شیعرە بازەکەی ئەو ، یەکێک لەو پێشمەرگە چاپووک و قارەمانانەی یان یەکێک بێت لە شانە و دەستەی پارتیزانەکان .. هەردەمێک لە شوێنێک زەبر وەشاندن لە دێو و ئەژدیهاکانی سەر بە ڕژێم و دەسەڵات ، لە گوند و لادێ و ڕێگاکان و جادە و ناو شارەکانیش .. بە تاکتیکی شۆڕشگێرانەی سەردەم و دەستڕاگەیشتن بە هەموو کەلێن و قوژبن و شوێنێک ، ( بازەکەی من بوومە لەرزەی لەبن دەستی دێوی سپی و دێوی ڕەشی ئەم شارەدا ئەچاند …! ) یان ( هەموو جارێ لە چەقی ئەم جادانەدا بۆ داڵێکی ئەم مەڵبەندە ، بۆ ئەرژەنێ ، بۆ عەزیایێ ، دۆزەخێکی نوێی دادەخست ..! ) ، هێزی پێشمەرگە بە تایبەت دەستەی پارتیزانە دلێر و قارەمان و گیان لەسەردەستەکان ، وەک دەڵێن ( قەیسەرییان لە دێو و دژدیهاکانی دەسەڵات کرد بوو بە کونە مشک ) ، تا ئاستی ئەژنۆ لەرزین لەنێو ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقین دابوون ، لە هەرکاتێک لەهەر شوێنێک ئاسایی بوو بکەونە ژێر هێرشی نەبەردانی پێشمەرگە و دۆزەخێکی واقیعی بە چاوی خۆیان ببینن .. بەڵام دواجار بازەکەی ئەو وەک بازە چاونەترس و گیان لەسەر دەستەکانی هاوڕێگای خۆی ، لە ئێوارەیەکی فڕیندا ( لەدوا ساتەوەختی گەشانەوە و هەڵوەریندا ..! ) ، دەکەوێتە نێو بۆسە و باڵەکانی دەبەسترێ و دەیخەنە نێو قەفەزی زیندانەوە ..! ( بازەکەی من ، وەختێ لەگەڵ ڕەوتی خێرای جوانووە ژانێکی سپیدا لە شاخەوە ، بەرەو بنار دا ئەگەڕاو شۆڕ ئەبۆوە بەرەو ناوشار ..! ) ئیتر ئەو چرکە ساتەی کە دڵی گەورەی ڕائەچڵەکێ و دەمارەکانی هەست بەلەرزین دەکەن ، پێشهاتێکی خەمناک ، دڵتەنگیی و خەمۆکییەک جەستەی دائەگرێ و ( لەو چرکانەی تراویلکەی لەرزیوی پێش هەردوو چاوی ، سیمای ئاونگی منی ، دوور و نزیک نیشان ئەدا ، مردن لەشێوەی داوێکدا ئەگاتە بەر هەردوو قاچی ..! ) ، چەند سەخت و ئەستەمە وەسفکردنی ئەم دیمەنە ، کێشانی وێنەی مەعشوقەکەت لەنێو بازنەی مەرگدا ، ئەو چرکەساتە دەروونە ڕەهیبەی کە ئەژنۆ ناتوانێ خۆی لەبەرامبەردا ڕابگرێ ، کوژانەوەی ڕووناکییەکانی خەونە گەورەکان ، ئاوابوونی خۆرەتاو و ئەستێرەکانی ئومێد ، چەند سەختە ئەوکاتانەی مردن لە شێوەی داوێکدا لە قاچەکانی دوڵبەرە مرۆڤدۆست و ژیاندۆستەکەت دەئاڵێ ، شانسی بینینەوەی بۆ تەنها جارێکیش نامێنێ و ئیدی دەگاتە نێو ڕووبەری ونبوون و وەکو ئەستێرەکی عاشقی ناموراد بۆ تاهەتایە ئاوادەبێت و دەرناکەوێتەوە ..! ( باز ئەگیرێ و باڵەکانی شەتەک ئەدرێ و ئەخرێتە نێو زیندانێکی گەڕۆکەوە و دوور دوور ئەبرێ ..! ) .

    ( بازەکەی من ، پەلەت چی بوو )
    بەم ئێوارە درەنگ وەختە
    بەو ئێوارە بەژن ڕەشە
    بەو ئێوارە نەفرەتییە
    بۆ کوێ ئەچوی ؟
    ئەتویست چریکە و شەقژنت بەریتە کوێ ؟!
    ئەتویست لە کام هەوار لادەی ؟!
    پەلەت چی بوو ؟!
    هەور لەسەرت ئەوەستا !
    زریان لەسەرت ئەوەستا !
    منیش لەسەرت ئەوەستام …!
    شۆڕش و گیانبازی لەپێناو خەبات و ئازادیدا ، لەوپەڕی شەپۆلدانیەتی ، ئاگر و گڕ و بڵێسەکان لەوپەڕی کڵپەکردنن ، ورە و باوەڕ و هەست و سۆزەکان لەوپەڕی بڵنداییەکان و بەرەو لوتکەدەڕۆن ، گیانی نیشتیمانبەروەری ئامادەیی بۆ شۆڕش گیانێکی پۆڵایین و لەوپەڕی هێزدایە ، بازە شاعیر و ئازاکە لەوکاتە دەکەوێتە نێو بۆسەی دوژمن و دەخرێتە نێو قەفەزی دیلییەتی و دواتر لەسێدارە دەدرێ و شەهید دەکرێت ، لەوکاتە دەگاتە کاروانی سەروەران و بەرە و رووبەری گیانبازان و هەمیشە زیندووان دەڕوات .. چاوەکانی لەسەریەک دادەنێ و بە جەستە سەنگەرەکانی خەبات و شۆڕش بەجێدەهێڵی بەڵام ، بە گیان و ڕۆح و بیرکردنەوە هەر لەنێو شۆڕش و لەگەڵ هاوڕێکانییەتی ، هەر لەنێو خەیاڵ و لە باوەشی دوڵبەرەکەیەتی ، بۆیە لێرەدا ماکەوە ڕەشپۆشەکە دوڵبەری بازە شەهیدەکە ، لەنێو قووڵایی هەستە خەمناکەکانی ، بە جەستەیەکی تەواو شەکەت و ئەژنۆیەکی شکاوەوە ، پرسیارێکی جەوهەری دەکات ، وشە وشەی پرسیارەکە ناخ هەژێن و دڵ بزوێن و کاریگەرە کە دەڵێت ، ( بازەکەی من ، پەلەت چی بوو ؟ ) .. ئەم پرسیارە هێندە کاریگەرە وەک ئەوەی دەیەها چیڕۆک و پێشهادی تراژیدیای لە پشتەوە بێت .. پرسیارێکە دەکرێت هەڵگری ناوەڕۆک و کۆتاییەکانی ئەم چیڕۆکە شیعرەی لەخۆگرتبێت ، ( شێرکۆ بێکەس ) لە قووڵایی وشیارییەوە ئەو پرسیارەی وڕوژاندووە ، وەک زۆرجاریتر گتومانە / پرسیاری قووڵ مەعریفە و گومانی قووڵی لە پشتە . شێرکۆ شاعیرێکی ڕاستگۆ و وریا و بیرتیژە ، دەزانێت ئاراستەکان بەرەو کوێ دەڕۆن ، بۆیە لە پشتی ئەم پرسیارەوە ، گەورەترین گومان و نائومێدی پەرجەستە کردووە ، هەربۆیە لەناخێکی کوژاوەی تاریکی ژنێکی ئومێدکوژرا و ناخ هەڵا هەڵای پڕ لەبرین ، بەدەم وڕینەیەکی پڕ لەژانەوە دەڵێت ، ( بەو ئێوارە درەنگ وەختە ….. بۆ کوێ دەچووی ، ئەتویست چریکە و شەقژنت بەریتە کوێ ؟! … پەلەت چی بوو ؟! هەور لەسەرت ئەوەستا ، منیش لەسەرت ئەوەستام ، پەلەت چی بوو …؟! ) . خۆ گوتمان شۆڕش لەوپەڕی شەپۆلدانی بوو ، سەنگەرەکان پڕبوون لە گەنج و لاوی تێکۆشەر و گیان لەسەردەست ، بەڵام ، لە پشتی ئەم پرسیارەوە ، ئەوە هەگبەی نائومێدییەکان و بوخچەی خەونە سەربڕاوەکانن قسە دەکەن ، سەرەتای ڕێگایەکی ئازار و ژان و تەنیاییەکی کوشندە دەست پێدەکات .

سەرچاوە :
دیوانی ( شێرکۆ بێکەس ) .. بەرگی سێیەم

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish