Skip to Content

پاتریس فرانسێشی : “ئەردۆگان لە هێرشکردنە سەر کوردەکان هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات”.. وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە : دیار عەزیز شەریف

پاتریس فرانسێشی : “ئەردۆگان لە هێرشکردنە سەر کوردەکان هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات”.. وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە : دیار عەزیز شەریف

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 8, 2022 General, Opinion

دیمانە لەلایەن کێڤین بوکۆ ڤیکتوار
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە : دیار عەزیز شەریف

تورکیا ئەم نۆڤێمبەرە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی لەناو باکووری سوریا و عێراق ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە ٣١ کەس کوژران، ئەمەش دوا بەدوای تاوانبارکردنی کوردەکان وەک ئەنجامدەری هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی ئیستانبول. پاتریک فرانسێشی، نووسەرێک پابەندە بە گرنگیدان بە پرسی کوردەکان کە مێژووەکەی بۆ سەرەتای شەڕی سوریا دەگەڕێتەوە کە دە ساڵ دەبێت، ئەم رووداوە بۆ گۆڤاری ” Marianne ” شڕۆڤە دەکات.
3
Marianne : تورکیا هەرێمی کوردەکانی لە سوریا و عێراق بۆمباران کرد، لە وەڵامی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر ئیستانبول. ئێوە چۆنی دەبینن؟
پاتریس فرانسێشی : ئەوەی ئێمە دەیزانین – ئەوەی هەموو راوێژکارەکانیش دەیزانن بەڵام ناوێرن بیڵێن- ئەوەیە کە هێرشەکەی سەر ئیستانبول هیچ پەیوەندییەکی بە کوردەکانەوە نییە کە ساڵانێکە زۆر بە باشی خۆیان لە هەموو جۆرە ئیستیفزازکردنێکی ئەنقەرا پاراستووە کە تەنها چاوەڕێی بەهانەیەک دەکات بۆ هێرشکردنە سەریان لە عێراق و بەتایبەتیش لە سوریا. ئەم هێرشەی سەر ئیستانبول هەر لە گەمەی دەزگای هەواڵگریی تورکی “میت” دەچێت، بۆئەوەی رێگە بۆ ئەردۆگان خۆش بکات خۆی وەکو قوربانییەک دابنێت لە هەمان کاتدا پشتیوانی رای گشتی بۆ گوتارەکەی بەدەست دێنێت کە کوردەکان دەکاتە تیرۆریست وەکو ئەوانی تر. ئەمە شێواندنێکی واقیعە بەشێوەیەکی بێ هاوتا قێزەون بەڵام دەنگدەرانی ئەردۆگان خۆشحاڵ دەکات کە قورسە رادەی ناسیۆنالیزمە زبر و کوێرانەکەیان و حەزی بەدەستهێنانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی کە سەرۆکەکەیان بەڵێنی پێداون، پێوانە بکرێت.

ئەوەی پێویستە لەسەرووی هەموو شتێکەوە لێی تێبگەین – کە شەڕانگێزیی ئەردۆگانیش روون دەکاتەوە- ئەوەیە تورکیا، وڵاتێک تا دێت زیاتر دەبێتە وڵاتێکی ئیسلامی، ئەوە قبوڵ ناکات کە کوردەکانی سوریا لە باکووری وڵاتەکەیان دوای سەرکەوتنیان بەسەر داعش سێ ساڵ لەمەوبەر بونیادیان ناوە : دەوڵەتێکی دیفاکتۆ، چوار ئەوەندەی لوبنان گەورەیە، ئەزموونی دیموکراتیەکی راستەقینە و چەمکەکانی وەک یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، عەلمانیەت و رێزگرتن لە کەمینەکان دەکات؛ هەمووی بەیەکەوە نموونەیەکە بۆ رزگاربوونی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مەترسیەکە بۆ سەر تەواوی ستەمکار و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە.
بەشکستهێنانی لە وەستاندنی ئەم پڕۆسەیە لە سەروەختی شەڕی کوردەکان دژی داعش چونکە ئەوکات خۆرئاواییەکان بە بڕیاربوون لە پشتیوانیکردنی “هاوپەیمانە” کوردەکانیان –جیهادییەکان ئەوسا دوژمنی هاوبەش بوون- ئەردۆگان لە چاوەڕوانی هەر کاتێکی جیۆسیاسی لەبار بووە تاوەکو چەقۆیەک تێڕابکاتە ناو قووڵایی ئەم پڕۆسەیە : لە٢٠١٦ بە دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە هەرێمی شەهبا، لە ٢٠١٨ بە داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین کە لەوێ بەردەوامە لە پاکتاوکردنێکی بێ بەزەییانەی ئیتنیکی، هەروەها لە ٢٠١٩ بە ئەنجامدانی هەمان شت لەناو دڵی رۆژئاڤا، وڵاتە مێژووییەکەی کوردەکان. لەو کاتەوە، ئاژاوەگێڕی جێگەی ئەو ئاشتی و سەقامگیرییەی گرتووەتەوە کە دوای کۆتاییهاتنی خەلافەتی ئیسلامی جێگیر بوو بوو. ئەمریکییەکان بەشێکی رێگەیان بە روودانی ئەمە داوە، هەروەها رووسەکانیش. هەڵەی ئەخلاقیی دەستبەرداربوونی هاوپەیمانەکانمان کە لە شەڕی داعش زیانێکی گیانی ئێجگار زۆریان بەرکەوت، هەڵەیەکی سیاسییە، چونکە کوردەکان تاکە هێز بوون-هەرواش دەمێننەوە- کە توانییان رێگە لە گەڕانەوە ئیسلامیزمی رادیکاڵ لەسەرتاسەری ناوچەکە بگرن.
ئێمە ئێستا لەبەردەم چوارەمین هەنگاو داین. لە بۆ ئەردۆگان، بۆمبارانکردنی کوردەکانی سوریا لەم رۆژانەی دوایی بە فڕۆکە تورکییە جەنگییەکان بەدرێژایی ٨٠٠ کیلۆمەتری سنووری جیاکردنەوەی تورکیا لە سوریا، تاقیکردنەوەیەکە. ئەگەر خۆرئاوا کاردانەوەی دەستبەجێی لە دژی نەبێت، ئەوا دەزانێت کە دەتوانێت گروپە جیهادییەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە کوردەکان بەربدات، بە پاڵپشتیکردنی هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانکردنەکانی. ئامانجەکە خراوەتەڕوو: لەگەڵ دۆستە ئیسلامییەکانی داگیرکردنی تەواوی ناوچە سنوورییە تورکی-سورییەکە بەقووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر و درێژایی ٨٠٠ کیلۆمەتر، بۆ دروستکردنی “ناوچەی ئارام”. لەراستیدا ئەم داگیرکردنە کۆتایی بە ٩٠% ئەو هەرێمە دەهێنێت کە تا ئێستا لەژێر دەستی کوردەکان دایە و بەمەش هیچیان تێدا ناهێڵێتەوە. لەهەمان کاتدا سڕینەوەی “قەڵغانی کورد” کە ئێمە لە مەترسی گەڕانەوەی داعش دەپارێزێت- ئامانجێکی رانەگەیەندراوی ئەردۆگانە، بەڵام مەسەلەیەکی جەوهەرییە بۆ فراوانکردنی ئایدیۆلۆژیایەکەی.

Marianne : کوردەکان لە تورکیا لە ئێستادا لە کوێ دان ؟
پاتریس فرانسێشی : کوردەکانی تورکیا زۆر لاواز کراون لە دوایین راپەڕینیان لە ٢٠١٥، لەناو خوێن و بێباکییەکی تەواوی ئەوەی پێی دەوترێت “کۆمەڵگای نێودەوڵەتی” سەرکوتکران. کێ لە بیرییەتی؟ سەرکوتکردن دژی گشت رێکخراوە کوردییەکان بەشێوەیەکی دڵڕەقانە و کوێرانە درێژەی هەیە. تاکە پێکهاتە و دام و دەزگاگەلی کوردی کە ئەمڕۆ حیسابی لەسەر بکرێت و گرنگ بێت ئەوا کوردەکانی سوریان- کە لەلایەنی نێودەوڵەتییەوە دانیانپێدانەنراە- هەرچی کوردەکانی عێراقن ئەوا خۆبەڕێوەبەرییەکی سیاسیی واقیعییان هەیە بەڵام لەژێر کاریگەریی راستەوخۆی تورکیا دایە کە لە ڕووی ئابوورییەوە ئەوانی گرتووە و ناهێڵێت لەژێر دەستی دەربچێت.
Marianne : لەهەمان کاتدا، ئیران سەرکوتکردن دژ بە کوردەکان چڕترکردووەتەوە، لەبەرچی ؟

پاتریس فرانسێشی : زۆر بەسادەیی لەبەرئەوەیە کوردەکانی ئیران، بەتایبەتی ژنان، کە پێشەنگی ئەم شۆڕشەی ئێستان لە دژی رژێم، ئێمە زۆر هەمیشە لەبیریان دەکەین. وەک راستییەک کە ئەوان بۆ ماوەی چەندین دەیەیە سەرکوتکراوترین کەمینەی ئیرانی بوونە- بەدڕندەییەکی وا کە مرۆڤ ناتوانێت وێنای بکات.
Marianne : چۆن بێدەنگی فەڕەنسا لێکدەدەیتەوە ؟

پاتریس فرانسێشی : لەڕاستیدا تەواوی رۆژئاوا، بە ئەمریکییەکانیشەوە بێدەنگن…لە واقیعدا ئەردۆگان تاکتیکزانێکی تەواوە، دەزانێت لەو ئان و ساتەدا دەتوانێت ئەوەی بیەوێت ئەنجامی بدات، بەوەی خۆی وا لێکردووە کە بەبێ ئەو نزیکەی هیچ شتێک ناکرێت. کەس نایەوێت دژایەتییەکی یەکلاکەرەوەی لەگەڵ بکات. کەس نایەوێت بچێتە کەمترین شەڕ و ململانێی یەکلاکەرەوە لەگەڵیدا، بەشێوەیەک لە شێوەکان، ئەو بە شەڕانگێزییە پێش لێنەگیراوەکەی خەڵک دەترسێنێت. بەتایبەتی ئەڵمانیا، لەم مەسەلەیەدا رۆڵی لاوازتر کراوە بەهۆی نیشتەجێبوونی رەوەندێکی بەرچاوی تورکی لەسەر خاکەکەی، یان سوێد و فینلاند، هەردووکیان لە ترسی ئەوەی کە نەوەک گەیشتنیان بە ناتۆ لەلایەن سوڵتانەکەی ئەنقەرا بەتەواوی رێگەی لێبگیرێت. تەنها یۆنانییەکان هەن کە ئەوەندەی لە توانایاندا هەبێت بەرەنگاری دەبنەوە. بەڵام ئەوان لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی ئامانجەکانی تورکیادان لە دەریای سپی ناوەڕاست.
لەم چوارچێوەیەدا ئێمە شایەدحاڵی هەبوونی دەبڵ مۆڕاڵییەکین لە پەیوەست بە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا. ئەردۆگان رێک بەهەمان شێوەی پوتین رەفتار دەکات کاتێک کە وای پیشاندا لەبەرئەوە هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا تاوەکو خۆی لە نازیزمی ئەو وڵاتە بپارێزێت. ئەردۆگانیش بەئارەزووی خۆی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات لە هێرشکردنە سەر وڵاتێکی تر، سوریا. بەڵام وڵاتەکەی ئەو هی ناتۆیە و هەرچی کوردەکانن ئەوا پێشوەختە لە مێژوودا لە بیرکراون.

سەرچاوە :

https://www.marianne.net/agora/entretiens-et-debats/patrice-franceschi-erdogan-viole-toutes-les-lois-internationales-en-attaquant-les-kurdes?fbclid=IwAR1MZVayGRpIGQ8WGzlwSE4_a_3xFW6M8wnrek5nPPTNvViEGVtNUgmf5YA

Previous
Next
Kurdish