Skip to Content

خۆشەویستەکەم.. شیعری ستیڤان شەمزینی

خۆشەویستەکەم.. شیعری ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 9, 2024 General, Poems

خۆشەویستەکەم
تۆ بەوەت زانیوە
ھەر کات بیرت بکەم
شیعرێک بە درێژیی
تۆم وەیاد دەھێنێتەوە؟
ھەر کات ویستم ماچت بکەم
پێنووسم سینگی کاغەز
ماچ دەکات و
لیکی شیعری بەسەردا دەڕژێت
ھەر کات تاسەت بکەم
پشکۆی دڵم گەرم گەرم دایێ
شیعرێکیش لە دایک دەبێت


خۆشەویستەکەم
تۆ ھەستت پێ کردووە
ئەو ئانەی سەرمام بێت
لێفەی قرمزیی
ئەو شیعرانە بەخۆمدا دەدەم
بەرەو لای تۆ باڵ دەگرن؟
لەو چرکەساتەی پیاڵەی تووڕەییم
لێی دەڕژێ
لەگەڵ ئەو شیعرانە دەنووم
بۆنی سینگ و مەمکی تۆیان لێدێت


خۆشەویستەکەم
بە بیرت دێتەوە
چۆن سواری
کەشتی ئەڤینداریی بووین
ئاوریشمی سۆزمان بەخۆماندا دەدا؟
یان وەک دوو منداڵی بزێو
دارتووی ئاسمانمان تەکاند
باوەشمان پڕبوو
لە چەپکێک ئەستێرە
تۆ قەت بیرت لەم رۆژانە کردۆتەوە و
فرمێسکی شادیت داباریبێت؟


خۆشەویستەکەم
ئەو رۆژەت لە یادە
شێتە”با”ی شیعرێکم ھەڵیکرد
کراسی شەرمی ھەڵدایتەوە
دوگمەی ستیانی ترازاند
دەستی درێژکرد
ھەنارێک لە سینگت بکاتەوە؟
لەو رۆژەوە شیعرم ئارام بۆتەوە
وەک شەونمێک
لەسەر گەڵای لەشت نیشتووە


خۆشەویستەکەم
دەزانم غەمباریت
دووریی
چاوی ھەزاران
حەزی کوێر کردووە
برینی دەیان شیعری کولاندۆتەوە
دوودڵ مەبە ئازیزم
دەنک دەنک حەزەکانم
بە دەزووی شیعر ھۆنیوەتەوە
لە دیدارێکی چاوەڕوانکراودا
چەشنی ملوانکە دەیکەمە ملتەوە


خۆشەویستەکەم
خەونێکم ھەیە
لەنێو گۆرانییەکی بەھاریدا بژیم
لە مەمکی نەمریی
شیری ژیان بخۆمەوە
لە تەک ھەورەکاندا رێ بکەم
لەگەڵ ئاڵترین بارانەکان ببارێم
لەناو باخی خۆشنوودیدا
ھەناسە بدەم و
لەگەڵ دارسنەوبەر
لەیەک جۆگە ئاو بخۆمەوە
لە پەنا خۆشەویستیی نەکوژاوەتدا بمرم
گۆڕەکەشم نێو چاوی فرمێسک تێزاوی
تۆ بێت


خۆشەویستەکەم
فەرامۆشی مەکە
ئەو خۆزگە بەھەشتییانەی
بە سواری ئەسپی شیعرەوە دێن
ئەو خولیا ئیرۆسییانەی
لە شەرمنیی پیاوێکدا
شکۆفەیان کردووە
ئەو رستە گەرم و گوڕانەشی
بە دار تێلی بێدەنگییەوە
بەستراونەتەوە


خۆشەویستەکەم
ھەبوون ھەر ئەوەندەیە
لە شەوێکی تامەزرۆی ساماڵدا
ژن و پیاوێک لە ماڵێکی نھێنیدا
ئاواتی لە مێژینەیان
لە ماچدا تام بکەن
ھەزاران چیرۆکی لەبارچوویان
بکەنە یەک چیرۆکی خوساوە
لە سەر ھەرێزی تەختەخەوەکەیان


خۆشەویستەکەم
زۆر ماندووم
بۆ خۆت دەزانی سەرم کردووە
بەھەموو کونێکدا
بە دوای خۆما گەڕاوم و
دڵی ژنێکم ورد پشکنیوە
جارێک “جولێت”م بینی
من نەمتوانی
رۆڵی “رۆمیۆ” بگێڕم
جارێکی دی “مەجنون” بووم
“لەیلا”ی جادووگەر
لە ھەستمدا ھەڵفڕی
ئێستا
دێوانەیی “وەلی”م کردۆتە بەر
تۆی “شەم” دەملاوێنیتەوە


خۆشەویستەکەم
وتت پێناسەی شیعرم بۆ بکە
دەربارەکان بە دەغیلە تێیگەیشتوون
لە گوێی سەربازەکاندا
شەیپۆری جەنگە
لای سیاسەتمەدار
کاڵایەکی ئێکسپایەرە
لای سۆفی
تەجەلا و سوورەتێکی نورانییە
لای شاعیرەکان
گەمەیەکی زمانەوانییە
لای منی ئەوینداریش
حەسرەتێکی وێڵە
بە دوای دلبەردا دەگەڕێت


خۆشەویستەکەم
خۆم دەنووسمەوە
کاتێک
شەڕەنگێزییەکانم دەنووسمەوە
تۆ لەوێ نێت
کاتێک جوانییەکانم دەنووسمەوە
لەبەر تۆ، چاوم لە خۆم نییە
کاتێک
بەسەر تەرمی رابردوودا دەگریم
تۆ لەوێ نابینم
کاتێک قافیەی ئێستا
دەگەیەنمە ماڵی شیعری ئایندە
لە ھەموو لایەکەوە
شوێن پێی
ھاتنی ھەمیشەییت دەبینم


خۆشەویستەکەم
دانی پێدا دەنێم
ئافرەتی زۆرم ناسیوە
ھەندێک وەک ئەوەی
رێبواری ناو شەمەندەفەرێک بین
لە وێستگەیەکی نزیک دابەزیون
ھەندێکی تر
وەک ئەوەی لەشکری ھەنگ بن
نوقڵی شیعریان تا تێربوون کرۆژتم
دانی پێدا دەنێم
لە خەیاڵپڵاویی ئەوان بێ ئاگابووم
گوڵێکی پەژموردە بووم
لە باخی سووتاوی ئەواندا
دان بەوەشدا دەنێم
ئەوەی بە دواتدا دەگەڕا
تەنھا خۆم بووم
ئەوەی ئەبەد لە مندا دەمێنێتەوە
تەنھا تۆیت


خۆشەویستەکەم
تۆ مێژووت نییە
لە تەقویمی مندا رۆژێک نییە
ناوی بنێم رۆژی یەکتر ناسین
لە تەقویمی مندا رۆژێک نییە
ناوی بنێم رۆژی خۆشویستنمان
تۆ نوورێکی ئەزەلی بوویت
رژاویتە عاتیفەی تاریکترین پیاوەوە
خودا ملیۆنان ساڵ
بەر لە دایکبوونمان
ئێمەی بۆ یەکتر ھەڵبژارد
لەبەرئەمە لە تەقویمی مندا
تەنھا یەک رۆژ بوونی ھەیە
ناوی دەنێم
جەژنی یەکتر دۆزینەوە


خۆشەویستەکەم
حەزم لە بەردەوامییە
شیعرێک، بەردەوام
بەناو لەشی مێژوودا بگەڕێ
لە ھیچ وەرزێکی شوومدا نەمرێت
رووبارێک، لە زاکیرەی زەویدا
بە تەڕیی بمێنێتەوە
ھیچ کات دڵی وشک نەبێت
خەونێک
میوانی ھەمیشەیی شەوان بێت
ھیچ کابووسێک زەفەری پێ نەبات
عەشقێک
لە دوای چەندین سەدەی تریش
ھەر بۆکڕوزی سەرەتای لێ ھەڵسێ


خۆشەویستەکەم
باسی نەمریی دەکەم
ئەمە خەونی بێ بەری “گلگامێش” نییە
خولیای ئەفسانەیەکی گریکی نییە
ھەقایەتێکی کۆنی داپیرەم نییە
سەرگوزەشتەی خدری زیندە نییە
داستانێکی خەیاڵکردی نووسەرێک نییە
وڕێنەی سەرجێگای نەخۆشێک نییە
نزای سۆزانییەکی تازە تۆبەکار نییە
مەراقی بێھودەی پەروانەیەک نییە بۆ تەمەن
ویستی دڵۆپە شەونمی ماچێکمە
دەیەوێت لەنێوان مەمکەکانت
ھەتا ھەتایە بە شێداریی بمێنێتەوە


خۆشەویستەکەم
رەنگی ستیانەکانت
لە فەرھەنگی مندا مانای ھەیە
سوورەکەیان
نیشانەی ھەڵچوونی ئارەزووە
شینەکەیان
ھێمای ئاشتبوونەوەی
پەنجەکانی من و مەمکەکانی تۆیە
مۆرەکەیان
مۆری منە لەناو مەمکەکانت
سەوزەکەیان
بریسکانەوەی چاومە لە سینگتدا
پەمەییەکەیان
پەرژینێکی ترساوی شەرمنە
رەشەکەیان
سیمبولی غەمگینی مەمکەکانتە
لە چاوەڕوانی لێوی مندا


خۆشەویستەکەم
ئیتر دەرگا دادەخەم
نامەوێت جگە
لە ھەناسەی شیرینی تۆ
گڕاوی ھیچ ھەناسەیەکی تاڵ
بێتە ژوورەوە
نامەوێت جگە
لە سیمای سەرسامکەری تۆ
ھیچ شەوکوتێک
دەرگای بیرکردنەوەم پێ بگرێت
نامەوێت جگە
لە خەونە سەرکێشەکانی تۆ
دەرگای ئەوینم
بە ڕووی ھیچ خەونێکی تردا بکەمەوە
ھەر ئەوەندە دەرگای کراوەم پێویستە
تا میھرەبانی تۆ دێتە ژوورەوە
دوای ھاتنی تۆ
ھەر کێ لە دەرگا بدات
روو قایمانە پێی دەڵێم
ببوورە کەس لە ماڵ نییە

ستیڤان شەمزینی


Previous
Next
Kurdish