Skip to Content

ستڕاتیژە سیاسییەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاق.. نادر عەبدولحەمەید

ستڕاتیژە سیاسییەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاق.. نادر عەبدولحەمەید

Closed
by ته‌مموز 25, 2024 General, Marxism, Opinion, Slider


  1. ڕاست و چەپی ناسیونالیزم، دەستاودەستی دەسەڵات
    هاوڕای ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابووریـیەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، نەک هەر ئۆپۆزیسیۆنی قەومی لیبڕاڵ و ئیسلامی سیاسی وەک فشار بەسەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدارەوە هاتوونەتە مەیدان، بەڵکو ناسیونالیزمێکی چەپی سەر بە ئایدیاکانی ئۆجەلان و ئەزموونی کوردستانی سوریا و تورکیای ئەو ڕەوتەش، گەشەیەکی کردووە لەبەرمبەر ناسیونالیزمی ڕاستڕەوانەی زاڵ لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقدا، بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنیەوە.
    گەرچی لە ئێستادا ئەم ناسیونالیزمە چەپە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی بەرجەستەی سیاسی و عەلەنی خۆی نەخستۆتەڕوو، بەڵام هێزێکی یەدەک و حەشاردراوی بزووتنەوەی ناسیونالیستیـیە بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵاتی ناسیونالیستی ڕاستڕەو، لە کاتی هاتنەئارای قەیرانی دەسەڵات و لە توندپێچە مێژووییەکاندا، بەمانایەک دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات، لە نێوان ڕاست و چەپی یەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، کە ئەویش بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردە لە هەرێمەکەدا، بەڵام بەشکڵ و شێوازێکی جیاوازتر لەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی لیبڕاڵ قەومی (نەوەی نوێ) و لایەنی تر، وەیا ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرست لە ئێستادا لە هەوڵدان بۆی.
  2. سنوری ئەم وتارە
    لەم وتارەدا ناچمە ناو باسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەی، ناچمە ناو باسی ناسیونالیزمی چەپ و ڕاست لە هەرێم، بەڵکو دەمەوێت تیشکێک بخەمەسەر بارودۆخی ئێستای بزووتنەوەیەکی چەپی دەرەوەی ڕەوتی ناسیونالیزمی چەپ، واتا ئەوەی کە ناسراوە بە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق. ئەمەش بە مەبەستی دەرخستن و بەرجەستەکردنەوەی ستڕاتیژە سیاسیـیەکانی ناو ئەم بزووتنەوەیە کە لە بەرامبەر گشت ئەم بارودۆخە سیاسی کۆمەڵایەتی و ئابووریەی هەرێمدا خراونەتەڕوو. وە لێرەشدا ناچمە ناو هەڵسەنگاندنی خەتە فکرییەکانەوە، بەڵکو باسەکەم پەیوەستە بە خەتی سیاسی و ستڕاتیژی سیاسیـیەوە. ئەوەش کە تا چەند خۆشباوەڕی (تەوەهومات) لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا هەیە بەرامبەر بە ناسیونالیزمی چەپ، یان کاریگەری ناسیونالیزمی چەپ لەسەر ئەم بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییە چەندە و چۆنە؟ ئەمەش باسێکی ترە و لێرەدا ناچمە ناویەوە.
  3. ئایە (حزبی شیوعی کوردستان) بەشێکە لە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان؟
    بۆ ئەوەی ڕۆشن بێتەوە کە مەبەستمان لە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق چییە، پێویستە بزانین ئایە ئەم حزبە بەشێکە لەو بزووتنەوەیە یان نا؟
    (حشک)، نە لە مێژووی ڕاستەقینەی خۆیدا و نە لە ڕێبازە سیاسییەکەیدا، سەر بە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێراق نیـیە، لە ڕووی مێژوویـیەوە درێژکراوەی (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی شیوعی عێراقی)یە، کە ئەو حزبە عێڕاقییە هەمیشە سازشکار و هاوکاری حزبە ناسیونالیستە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکانی کورد بووە، بەتایبەتیش باڵی عەشایەر و هەرە کۆنەپەرست و دواکەوتووەکەی (پارتی)، چ لە ساڵانی شەستەکان و چ لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە بزووتنەوەی چەکداری ناو شاخەکانی سەرسنوردا، کاتێکیش (لە ١٩٩٣دا) ئەم ڕێکخراوی کوردستانە دەبێتە (حزبی شیوعی کوردستان) بەردەوامی بەهەمان خەت و ڕێبازی سیاسی دەدات لە نەوەتەکان سەدەی بیستەوە هەتا ئێستا.
    سەیرکەن لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا و لە (٣١ی ئابی ١٩٩٦) کە (پارتی) بەهاوکاری سوپای (بەعس) هەولێر دەگرێتەوە، (حشک) خاوەنی وەزیر بووە لەو حکومەتەی کە (پارتی) پێکیهێناوە لە هەولێر! سەیرکەن لە کاتێکدا لە (١٧ی شوباتی ٢٠١١)دا خەڵک ڕاپەڕیووە و (١٠) خۆپێشاندەر کوژراون، وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم و قسەکەری حکومەتی هەرێم ئەندامێکی مەکتەب سیاسی ئەو حزبە بووە! گەرچی لە کۆنگرەی حەوتەم (٢٠٢١)ەوە بڕیاردرا کە ببێتە حزبێکی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێک کە هەندێک لە ئەندامانی کۆمیتە ناوەندی و مەکتەب سیاسییەکەی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتن! سەرەتای کۆنگرەکەشیان بە (سرودی ئەی ڕەقیب) کە سرودێکی قەومی ڕەگەزی (ئیسنیتکی) کوردە، نەک سرودێکی نیشتمانی کوردستانی، دەستپێکرد، سرودی ئینتەرناسیوناڵیان خستەناو تەنەکەی خۆڵەوە!
    (حشک) هەتا حزبێکی ڕیفۆڕمیستیش نەبووە و نیە، بەڵکو بەشێک بووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت بەشێکە لە بزووتنەوەی کوردایەتی، هەتا لەناو کوردایەتیشدا باڵی چەپ نەبووە و نیە، ئەم حزبە بە چەمکی سیاسی لە ئەوروپای ڕۆژاوا، پێی دەڵێن حزبێکی ڕاستڕەوی مامناوەندی قەومی (یمین الوسط القومی)، لە کاتێکدا یەکێک لە تایبەتمەندیـیە گرنگەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا، هەستیاری و دوژمنایەتییە سیاسییەکەیەتی بەرامبەر بە حیزبە نەتەوەییەکان، کەچی مێژووی (حزبی شیوعی کوردستان) مێژووی پاشکۆیەتییە بۆ ناسیونالیزمی کورد و حزبە فەرمانڕەواکان، هەروەک حزبی دایکی خۆی (حزبی شیوعی عێڕاق) کە پاشکۆی ناسیونالیزمی عەرەب و ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی وەک (بەعس) بوو. بۆیە ئەم حزبە نەک هەر کۆمۆنیست نیە، بەڵکو چەپێکی بورژوازی ناو کۆمەڵگەش نیە.
  4. چوارچێوەی گشتی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی
    بزووتنەوەی چەپ لە کوردستانی عێڕاق، دەرئەنجامی جیابوونەوەی ڕۆشنبیرانی مارکسیستە لە حزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان لە ناوەڕاستی حەفتاکان بەدواوە تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. لە سەرەتای نەوەتەکاندا خۆی لە (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق)دا کۆکردۆتەوە، پاشان بە جیابوونەوەی بەشێکی بەرچاوی کادرەکان و بە هەڵمەتی سەرکوتگەرانەی حزبە ناسیونالیستەکان و ترۆری کادر و ئەندامانی و بنبەست و شکستی سیاسی، نەک هەر حزبەکە، بەڵکو گشت بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی بردە دواوە و پەرتەوازە بوو، هەڵسوڕاوان و کادر و ئەندامانێکی زۆر دەستیان لەکار کێشایەوە و کۆچیان بەرەو دەرەوەی وڵات کرد.
    دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک (٢٠٠٠-٢٠١٠)، دەیەی پوکانەوە و پاشەکشەیەکی بەرچاوی ئەم بزووتنەوەیە بوو، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و وەڕێکەوتنی بزووتنەوەی بەرگری لە ئازادییە سیاسییەکان دژ بە ترۆری ڕۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان) لە (٢٠١٠) و پاشان (١٧ی شوباتی ٢٠١١) کە هاوکاتی شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا (تونس) و (میسر) بوو، ڕەوەندێکی ڕوو لە گەشە و چوونەپێشی بەخۆیەوە بینی، و نەوەیەکی تازەش بە ئەڵقە و کۆڕوکۆمەڵی مارکسیستیـیەوە هاتە مەیدان لە (٢٠١٣) بەدواوە.
    لە دە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٤-٢٠٢٤)، بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاقدا گۆڕانکاریـیەکی بەخۆوە بینیوە، وێڕای ڕووهێنانی نەوەیەکی تازە بۆ مارکسیزم، ئەو حزب و ڕێکخراوانەش کە پێشتر لەئارادابوون (حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاری) و (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە، دەستەجاتی تازەی وەک (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی) و (ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان-کوردستان) هاتوونە ئاراوە و ڕێکخراوی وەک (بەدیلی کۆمۆنیستی) هاتۆتە مەیدان.
    دیارە کە چەند ئەڵقە و دەستەجاتی تریش لە ناو سۆشیال میدیادا هەن، کە کاری پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی ئەنجام دەدەن، یان بەکارێکی دیاریکراوی وەک وەرگێڕانی بەرهەمە فکری و سیاسییەکانی کەلەپوری مارکسیزمەوە مەشغوڵن. ئەمە جگە لە ژمارەیەکی زۆروزەوەند لە هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست کە پێشووتر ئەندامی کارا و چالاکی حزب و ڕێکخراوەکان بوون و ئێستا لەبەرخۆیانەوە بە فەردی یان لەناو ڕێکخراوەیەکی جەماوەریدا، چالاکی ئەنجام دەدەن و مەیلی ڕێکخراو بوونی کۆمۆنیستانە (تەحزەووبی کۆمۆنیستی) و چالاکی ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستیان زۆر لاوازە، لە ئەوروپا بۆ ئەو جۆرە کۆمۆنیستانە چەمکی “کۆمۆنیستی بێ خانەولانە-Homeless Communists” بەکار دەبرێت.
    تێبینی: (ئەڵقە) و (کۆڕوکۆمەڵ) وەک گردبوونەوەیەکی سەرەتایی، و (دەستە) وەک ئاستێکی بەرزتری گردبوونەوە بەکاردەهێنم. (حزب) (گرووپ)، (ڕێکخراو)، بۆ ئەو گردبوونەوانە بەکاردەبەم کە کارێکی سیاسی ڕێکخراو بەپێی ستڕاتیژێک ئەنجام دەدەن.
  5. بەراوردێک
    بە پێچەوانەی ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی بیست، کە کێشمەکێش (جەدەل)ی فکری و سیاسی لە نێوان ئەڵقە و گروپ و ڕێکخروەکاندا تاوی سەندبوو، لەم دەورەیە لە ژیانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق زۆر کەمتر ئەو خەباتە فکری و سیاسییە ناوخۆییەی نێوان حزب و ڕێکخراوەکان و گرووپ و ئەڵقەکان لە ئارادایە و هەر لایە سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەوانی تر و سەرگەرمی دنیای خۆیەتی. ئەڵبەتە ڕەخنە وەک دەستپێشەکەری کەسەکان لە سیاسەت و خەتی فکری ئەم یان ئەو حزب و ڕێکخراو لەئارادا بووە، ئەوەی مەبەستی منە ئەوەیە ئەو کارە وەک سیاسەتێکی دیاریکراو لە لایەن خودی حزب و گروپ و ڕێکخروەکانەوە بەرامبەر یەکتری نەگیراوەتەبەر.
    گەرچی ئەم کارە بۆی هەیە ببێتە گرژی و ئاڵۆزی پەیوەندیـیە ناوخۆییەکانی ئەو بزووتنەوەیە زیاتر لەوەی کە ئێستا لە ئارادایە، بەڵام مارکسیزم و کۆمۆنیزم نەک هەر لە ڕێگەی کێشمەکێشە فکری و سیاسییەکانەوە، دژی ڕەوتە زاڵ و سەرەکییەکانی فکری بورژوازی دێتە مەیدان و خۆی ئەزموون دەکات، بەڵکو دژی ئەو ڕەوت و مەیلە فکری و سیاسیانەش کە ڕەنگدانەوە و سێبەری ڕەوتە ئەسڵییەکانی بورژوازین لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیدا، خۆی مشتوماڵ دەکاتەوە، پێشڕەوی دەکات و کاربوردەکەی واتا شیاوی بەکارهێنانی مارکسیزم لەسەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەزموون دەکرێت و وەک مێسۆد و جیهانبینییەکی گشتی لێکهەڵدەپێکرێت بە تایبەتمەندی جوگرافیایەکی دیاریکراوەوە.
  6. ئێستای بزووتنەوەکە
    – لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لە کەسان و لە ئەڵقە و کۆڕوکۆمەڵە مارکسیستەکانی نەوەی تازە کە ڕوویان هێنابوو بۆ مارکسیزم، ئێستا یا دەستبەرداری مارکسیزم بوون، یا خاوبوونەتەوە و نەیان توانیووە گەشە بکەن و بەرزببنەوە بۆ ئاستی خۆ ڕێکخراوکردن و هاتنەمەیدانی کاری سیاسی جدی، و وەک ئەڵقەی تاوتوێ کردنی باسە فکرییەکانی مارکسیزم درێژە بە خۆیان دەدەن.
    شکستی پڕۆژەی ڕۆشنبیرانی ناسیوناڵ لیبڕاڵ کە سوپایەک لە قەڵەم بەدەستان و میدیاکارانیان هەڵخراند بوو (بەسیج و تەحشید کردبوو) بۆ هەڵهەلە لێدانی هێنانەدی “دەوڵەتی یاسا” بە دەستاودەستپێکردنی دەسەڵات لە ڕێگەی پەرلەمانەوە و چووبوونە پشت (بزووتنەوەی گۆڕان)ی ئەو کاتە، بەڵێ شکستی ئەم پڕۆژەیە بەشێک لە ڕۆشبیران و نوسەرانی تازە لاوی ناو ئەو سوپایە و دەرەوەی ئەم سوپایەی توشی هەڵوێستە و تێڕامان کرد و ڕوویان هێنا بۆ مارکسیزم. ئێستا جێگەی داخە پاش تێپەڕبوونی لانی کەم دەهەێک (دە ساڵ) بەسەر هاتنەئارای ئەم نەوە تازەیەی مارکسیزمدا، نەیتوانی بگاتە ئەو ئاستە لە گەشە و پێشڕەوی کە چاوەڕوانی لێ دەکرا ببێتە “خوێنێکی تازە” بۆ ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق.

    – دەستەی (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی)ی ڕۆژنامەکەیان (ڕێچار) دوو ساڵ زیاترە وەستاوە، ماوەیەکیشە ماڵپەڕی سەرەکی ئەم دەستەیە و ماڵپەڕی ڕۆژنامەکەشیان لەکار کەوتووە. ئەمە جگە لەوەی کە ئەم دەستەیە پێشتریش هەر لە ساڵی شکڵگیرییەکەوە (ئەیلولی ٢٠١٦) تا ئێستا (کە نزیک بە هەشت ساڵە)، پەنای نەبردۆتە بەر خستنەڕووی ستڕاتیژێک بۆ کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی، و دەرکردنی بەیاننامە و هەڵوێست نواندن، وە زیاتر مەشغوڵی پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی بووە دژی سەرمایەداری و بورژوازی بە شێوەیەکی گشتی. لە باشترین حاڵەتدا دەکرێ بڵیین ئەم پڕوپاگەندەیە ستڕاتیژیان بووە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا، و نەیانتوانیوە لەو ئەلقە سەرەتاییە واوەتر بڕۆن و بێنەدەرەوە بۆ ناو جیهانی مارکسیزمی پڕاتیک و چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستی، لە شوێنی خۆیان گیریان کردووە و هیچ دۆکیومێنتێکی ڕەسمیشیان ڕانەگەیاندووە کە بۆچی ڕۆژنامەکەیان وەستاوە؟ بۆچی ماڵپەڕەکانیان وەستاوە؟ بۆچی هیچ شتێک بەناوی دەستەکەوە لە ئارادا نەماوە؟

    – دەستەی (ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان-کوردستان)، سەربە سوننەتێکی فکری و سیاسی دیاریکراون، کە ئەویش هێڵی فکری تڕۆتسکی – تۆنی کلیف و (حزبی کرێکارانی سۆشیالیست-بریتانیا)یە، و چالاکن لە سۆشیال میدیا و پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی و ڕەواجدان بە بەرهەمەکانی ئەو خەتە فکریە و بەگشتیش بە بەرهەمە مارکسیستی و سۆشیالیستیـیەکان. ئەم دەستەیە هەنگاوی هەڵێناوەتەوە بۆ دیاریکردنی هێڵی بەرنامەیی و سیاسی خۆی لە ئاستێکی زۆر گشتیدا، لە دۆکیومێنتێکدا بەناوی (هێڵی گشتی سیاسەتەکانی …)، بەڵام هێشتا ستڕاتیژی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی؛ ئەوەی کە لە کوردستاندا دەیەوێت چی بکات و چۆن ئەنجامی بدات و بۆی هەڵسوڕاو بێت، بە دیاریکراوی نەیخستۆتەڕوو، هەر بۆیە ئەمیش هەڵوێست نواندنی سیاسی نییە، وەک دەرکردنی بەیاننامە بەناوی گرووپەکە خۆیەوە، لەسەر بارودۆخی سیاسی و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان، وەیا بۆنەکانی هەشتی مارس و یەکی ئایار. لە نێوان هاوڕێیانی ئەم دەستەیە و هاوڕێیانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا، پەیوەندییەکی هاوڕێیانە بۆ دیالۆگ و بیروڕا گۆڕینەوە، ناوەناوە لە ئارادایە، بەڵام پەیوەندیەکی فەڕمی و ئامانجدار بە مەبەستێکی دیاریکراو نییە، وەک ئەوەی کە پێشتر لە نێوان (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا هەبوو.

    – ڕێکخراوی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێڕاق)، دوای چەند دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) لە کۆتایی تشرینی دووەم (نۆڤێمبەر)ی (٢٠١٨) بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد، کە تیایدا هاتووە […. مەبەستی سەرەکی ئەم دانیشتن و گفتوگۆیانە واوەتر بوو لە کاری هاوبەش و هاوکاری نێوان دوو ڕێکخراوی سیاسی، و لە بنچینەدا ئامانج لێی پێکهێنانی هاوفکری و هاوڕایی سیاسی و بەرنامەیی و چونەناو پڕۆسەیەکی سیاسی عەمەلیـیە بۆ یەکگرتوویی و هەنگاونان بەرەو هێنانەدی حزبێکی کۆمەڵایەتی مارکسیستی شوڕشگێر]، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەوە کە هاوڕێیانی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) مەیلیان بەلای ئەزموونی سیاسی (پەیەدە -پارتی یەکێتی دیموکرات) لە کوردستانی سوریا و ئایدیا و ئایدیۆلۆژیای پشتی ئەم ئەزموونە پەیدا کرد، بە عەمەلی کشانەوە لەم پەیوەندیـیە و لەم پڕۆسەیەی کە بڕیاربوو بچنەناویەوە لەگەڵ (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا.
    ئێستا (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) نزیک بە دوو ساڵە، هیچ چالاکییەکی عەمەلی و عەلەنی ئەنجام نەداوە بەناوی ڕێکخراوەکەوە، هیچ بەیاننامەیەکی دەرنەکردووە لەسەر ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان و بۆنەکانی وەک هەشتی مارس و یەکی ئایار، کە ساڵانی پێشووتر ئەو کارەی دەکرد. وە هیچ ڕاگەیاندنێکیشان دەرنەکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو “ڕێکخراوە” و کۆتایی هاتنی.

    – هەرچی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق)ە لەلایەن (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)ەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێڕاق) و (ئاڕاستەی مارکسستی هاوچەرخ)، تا ئێستا نەک هەر لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی هەرێم و لەناو ناڕەزایەتییەکاندا، بەڵکو لەناو خودی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیشدا، چالاکییەکی سیاسی ئەوتۆیان نییە لە کوردستانی عێڕاق.
  7. سێ ستڕاتیژ لەناو بزووتنەوەکەدا
    سەرەتا ئەوە بڵێم کە ناوەڕۆک و جەوهەری هەر ڕەوتێک، هەر حزب و ڕێکخراوێک، ئەو پڕاتیکە سیاسییەتی کە لە جیهانی واقعیدا پیادەی دەکات، نەک ئەوەی سەر بە چ خەتێکی فکریـیە و بانگەوازی چ فکر و ئایدیۆلۆژیایەک دەکات.
    پڕاتیکی سیاسی هەر حزب و ڕێکخراوێکیش بەدەوری تەوەرەێک (چەقێک،ناوەندێک،میحوەرێک)دا دەسوڕێتەوە. واتە کێشەیەک، گرفتێک، یا مەسەلەیەک دادەنرێت بە گرێ و کێشەی سەرەکی و جەوهەری کە کۆمەڵگە گیریخواردووە بەدەستیەوە، جا لێرەوە چالاکی و کاری سیاسی ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی ئەو کێشە و گرفتە و مەسەلە ئەسڵی و جەوهەرییە.
    ئەوەی پێی دەوترێت ستڕاتیژ بریتییە لە کۆیەکی ئۆڕگانیکی تەوەرە و پڕاتیکەکە وەک یەکەیەکی لێکهەڵپێکراو، واتا بریتییە لە یەکەیەکی پێکهاتووی ئۆڕگانیک لەو ناوەندە کە بەدەوریا پڕاتیک ئەنجام دەدرێت، ئەمە بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش تاکتیک دەگیرێتەبەر لە قۆناغە جیاوازەکان و لە هاوسەنگی هێزی جیاواز و لە ئاستە جیاوازەکانی خەباتدا بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕاتیکە، بەم پێیە تاکتیک بەشێکە لە ستڕاتیژ و پێکهێنەریەتی و لێی جیانابێتەوە.
    تا ئەو شوێنەی کە پەیوەست دەبێتەوە بە ستڕاتیژی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئەمڕۆی کوردستانی عێڕاقدا ڕووبەڕووی دوو هێڵ و ڕێبازی سیاسی جیاواز بە یەکترین. کە یەکێکیان ستڕاتیژی (حکک کوردستان)ە و ئەوی تر هی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)یە.
    پێشتر ستڕاتیژێکی تر کە (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) لەسەری دەڕۆیشتن لە ئارادا بوو، بەڵام ئێستا بەو پێیەی کە ئەم ڕێکخراوە هیچ جۆرە چالاکییەک لە خۆی نیشان نادات و هاوڕێیانی ئەو ڕێکخراوەش ڕوویان هێناوە بۆ ستڕاتیژ و بەرنامە و ئایدیایەکی تر کەسەر بە ئەزموونی کوردستانی سوریایە، بۆیە خودی ستڕاتیژەکە لە مەیداندا نەماوە، بەڵام ئێمە لە کۆتاییدا بۆ بەرجەستەکردنەوەی هەرچی زیاتری ستڕاتیژی کۆمۆنیستی و جیاوازی لە ستڕاتیژەکانی تر باسی لێوە دەکەین وەک ستڕاتیژی سێیەم.

    ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان.
    ئەم ستراتیژە لە بەڵگەنامەکانی دامەزراندنی ئەم حزبەدا لە (٢٠٠٨) و لە بەرنامە و چەندین بەیاننامە و ڕاگەیاندنی پلینۆمەکانی کۆمیتەناوەندی و بڕیارنامە و پەسندکراوەکانی حزبیدا هاتووە، وە لە ڕووی کردەی سیاسیشەوە، ئەم حزبە نەک هەر چووە پشتی “ڕیفراندۆم” لە ئەیلولی (٢٠١٧)دا، بەڵکو بە بەشداری کۆڕ و سمیناریش لەلایەن کادرەکانی ڕابەری حزبەوە چالاکانە بۆی هەڵسوڕاو بوو. ئەمە و سەربەخۆیی کوردستان و ڕیفڕاندۆمەکە جێگەی پشتیوانی حزبە کۆمۆنیستییە کرێکارییەکانی تری وەک (حکک عێڕاق) و (حکک چەپی عێڕاق) و حزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکانی ئێرانیشە.
    (حکک کوردستان) بۆ ماوەی دە ساڵ (٢٠٠٨-٢٠١٨) پافشارییەکی یەکجار زۆر زەقی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان کردۆتەوە، بەڵام شکستی ناسیونالیزمی کورد بەدوای “ڕیفڕاندۆم”ەکەدا ئەوانەشی توشی داماوی کرد کە لە لای چەپیەوە وەستابوون، بۆیە هێواش هێواش مەسەلەی پێداگرتن و باسکردنی سەربەخۆیی کوردستان لای حزب، ساڵ لەدوای ساڵ کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە لە بەیاننامە و ڕاگەیاندنی پلینۆمەکان و بڕیارنامەکاندا تا دەگات بە دوایین کۆنگرە (کۆنگرەی شەش/ مارسی ٢٠٢٤)، کە لە جیاتی پێداگری لەسەر سەربەخۆی لە ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەکەدا هاتووە [پێویستی بەرجەستەبوونی حزب وەک حزبێکی ئۆزسیۆنی سەرەکی … و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی گەندەڵ و … دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆراکانی خەڵک. … پێداگری لەسەر بردنەسەری یەکدەستی زیاتری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق و کوردستان]. وە لە بڕیارنامەی بارودۆخی سیاسی و سەرخەتی سیاسەتەکانی حزب پەسندکراوی کۆنگرەکەدا هاتووە [چارەسەری مەسەلەی کورد لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە لە چوارچێوەی عێڕاقدا،… یا جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ] تا ئێستا هیچ دۆکیومێنتێک لە ئارادا نییە کە بڵێت ستڕاتیژی سەربەخۆیی وەلانراوە و ستڕاتیژێکی تر خراوەتە جێگەی. دواتر باس لەم بێدەنگیـیە دەکەین.
    کاتێک شەپۆلێک لە خۆپێشاندان سەریهەڵدا لە تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)ی (٢٠١٥)دا و جەماوەری توڕە و ناڕازی بارەگای زۆرێک لە حزبەکان نەک هەر ئەوانەی دەسەڵات، بەڵکو بارەگای (بزووتنەوەی گۆڕان) و حزبە ئیسلامییەکان و (حزبی شیوعی کوردستان) و (حزبی سۆشیالیستی کوردستان)یشان سوتاند، وە کەوتنەبەر هێرش و پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات و چەند لاوێکیش تیا کوژران، ئا لەو بارودۆخەدا، سەیرکەن (حکک کوردستان) بەیاننامەیەکی دەرکرد لە (٣٠-١٠-٢٠١٥)دا بە ناونیشانی (دەسەڵاتی بورژوا-ناسیونالیستی کورد مایەپوچ بوو، ڕێگاچارە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیە). من هەر ئەو کاتە بە زنجیرە وتارێک بەناوی (دوو بەڵگەنامە. ئاناتۆمی کۆمۆنیزمی کرێکاری کوردستان) ڕەخنەم هەم لەم بەیاننامە و هەم بەیاننامەی (١٥-١٠-٢٠١٥)ی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێڕاق) گرتووە کە ئەویش هەمان ستڕاتیژی خستبۆ ڕوو.
    پێنج مانگ بەر لەو بەیاننامەیەش، لە (٣٠/٥/٢٠١٥) لە ڕاگەیاندنی پلینۆمی (١٨) هەژدەهەمی حزب باس لە (زەرورەتی خەباتی لێبڕاوانەی بۆ پاکردنەوەی داعش) دەکات کە (بەربەستێکە لەسەر ڕێگا گەیشتنی کۆمەڵگای کوردستان بەدەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد و سکولار و بەدیهێنانی ئازادی‌ …). بەم پێیە تاکتیکی خەباتی لێبڕاوانە دژی داعش سەرچاوەکەی لە ستڕاتیژی (گەیشتنی کۆمەڵگای کوردستان بەدەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد و سکولار) دایە.

  8. بیست و یەک ڕۆژ دوای پلینۆمەکەش لە (٢٠-٦-٢٠١٥)دا بەیاننامەیەک بە هەمان تام و چێزی پڕ لە ترش و خوێی ڕاگەیاندنی پلینۆمەکە دەرچووە بەناوی [سەبارەت بە: بارودۆخی سیاسی کوردستان ‌و ئاراستەی ڕووداوەکان!] و دەڵێت: [حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بڕوای وایە کە کۆتاییهێنان بە تاڵان ‌و بڕۆی قوتی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە بەبیانوی شەڕی داعش‌‌ و نەناردنی بودجە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، بڕینی بیانوەکان ‌و دەرهێنانی کوردستان لەو گێژاو و بنبەستە سیاسی ‌و ئابورییەی تێی کەوتوە و هەروەها ڕزگارکردنی خەڵک لە هەڵواسران لەنێوان ململانێ ‌و کێشمەکێشی دەسەڵاتێکی بێ ئاسۆی بۆرژوازی کورد و حکومەتی ناوەندی، و ئەو هەموو گرفت ‌و کارەساتەی ڕوبەرووی خەڵکی کوردستان دەکرێتەوە، زەرورەتی دەستبەجێی جیابوونەوەی کوردستان‌ و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کردۆتە ئەولەویەتی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان. لەم پێناوەدا حیزب لێبڕاوانە کاردەکات‌ بۆ ئامادەکردنی تواناییەکان ‌و ڕێکخستنی ڕیزەکانی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە و شکاندنی تەوقی گریدانەوەی ئاسایش ‌و ئارامی و ژیان ‌و ئایندەیان بەدیار ڕێگاچارەکانی ئەحزابی بۆرژوازی کورد و دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمریالیستیەوە. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە کوردستان.]

ماویەتی … لە بەشی داهاتوودا دێینەسەر:
– لە گێژاوی سیاسی کوردستانەوە بۆ گێژاوی خەتی ستڕاتیژ لەناو حکک کوردستاندا.
– ناوەڕۆکی ستڕاتیژەکەی ئەم حزبە چ جۆرە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمێکە؟
تەمموزی ٢٠٢٤

Previous
Next
Kurdish