
منداڵ وەک چەکی دەستی دایکان، لە ململانێ مێژینەکەی لەگەڵ پیاودا.. ڕۆمان ئامینە
لە میزۆپۆتامیای کۆندا کە کانگای لەدایکبوونی شارستانیەتی چاخی نیۆلیتیکە، لە بەرەبەری داکشانی ئەو شارستانیەتەکەدا و لە سەرەتای لە دایکبوونی شارستانیەتی دەسەڵاتداری و درووستبوونی دەسەڵاتی سۆمەرەکاندا، خوداوەندی ژن ئینانا پێگەی خۆی لە دەستدەدات و خوداوەندی نێرینەی تەڵەکەباز و دەسەڵاتخوازو بازووگەر ئەنکی جێگەی دەگرێتەوە، لەو بارەیەوە دەستبەسەراگرتنی نەوەت و نۆ بەهرەکەی ژن (ئینانا) لەلایەن پیاوی بەهێزەوە (ئەنکی) نیشاندەر و ڕوونکەرەوەیە.
لەو سەردەمەوە چیتر ژن ستاتۆی خۆی لەدەستدەدات و لە مەیداندا بێڕۆڵ دەمێنێتەوە و دەبێت یاخود دەکرێت بەو نیمچە مرۆڤەی ئێستا دەبینرێ، لەم بارەیەوە گوتە بەناوبانگەکەی فەیلەسوفی فەرەنسی سیمۆن دیبوڤوار جێی بایەخە کە دەڵێت ” ژن بە ژنێتی لە دایک نابێت، بەڵکو ئەوە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی- مێژووییە ژن دەخوڵقێنێ”
سا لەو سەردەمەوە ژن لەنێو ڕەوشێکی سایکۆ-بایۆلۆژی ناسرووشتی و ئاڵۆزدا دەژی، بووەتە بوونەوەرێکی هەستیار و نالەبار کە تەنانەت خۆشی ئەسڵ و نەسکی ڕەسەنی خۆی بیرچووەتەوە و بووەتە ئامێری خستنەوەی منداڵ. بۆیە لە چوارچێوەی سایکۆلۆژیای تێکشکاندا هەمیشە چاو لە پیاو دەکات و هەوڵەدات کاری تێبکات و هاوتای ئەو ڕەوشە نالەبارەی خۆی بکاتەوە. وەنەبێت پیاویش بۆ خۆی لە کاریگەری نەرێنی و ترسناکی ئەو ڕەوشە دەربازی بووبێ، پیاویش لەسایەی ئەو کەشە ناهاوسەنگەدا بووەتە مەخلوقێکی ساختە و نائاسایی کە دەبێت دەسەڵات و پێگەی خۆی لەسەر ژن ئاوا بکات و بەو جۆرە ئەویش بەرکەوتەی ئەو دۆخەیە کە لە کۆیلەکردنی ژنەوە کەوتووەتەوە. بەجۆرێک باری پیاویش لار بووە کە ئەگەر بێتوو دەستبەرداری پیاوەتی خۆی ببێت ئەوا لە ژن پێگەی کەمتر دەبێت!
ژنانی میزۆپۆتامیا هێشتا بە زیندوویی کاریگەری ئەو ڕەوشە مێژووییە نالەبارەیان بەسەرەوە دیارە، بۆیە لە بەرامبەر پیاواندا هەمیشە لە بۆسە و جەنگێکی بەردەوام و بێهودەدان. لەو بارەیەوە بە دیاردە بوونی هێنانی ژنی عەرەب، لەلایەن نێرە حەیتەی باشوورەوە لەم دواییانەدا، نموونەیەکی زیندووە بۆ هەڵهاتن لەکاریگەری ئەو بەرەنگاریەی ژنی کورد، کە هێشتا پەلەقاژێی لە دەستدانی ستاتۆ گرنگ و ژیاریەکەیەتی.
بۆیە ژنی میزۆپۆتامیا و کورد هەمیشه بەدوای تۆڵەسەندنەوەوەیە لە پیاو، ئەگەرچی تۆڵەسەندنەوە ئاکتێکی بێئامانج و کەسیە و دەرمانی ئەو دەردە جڤاکی- مێژووییە گەورەیە ناکات. ئەما ژنی کورد تا تەنهایە و خاوەن منداڵ نییە، هەوڵدەدات کەسوکاری خۆی لە دژی پیاوەکەی بەکاربێنێت. هەر کاتێک بوو بە خاوەنی منداڵ بە تایبەت منداڵی کوڕ، ئیتر هەوڵدەدات کوڕەکانی وەک قەڵغانێک بەرامبەر بە مێردەکەی بەکاربێنێت. بۆیە منداڵ لای ژن تەنها ئامڕاز و چەکێکە کە خەریکە ئیگۆی تێکشکاوی خۆی پێ ڕاست دەکاتەوە. سا لە ڕاستیدا ئەو منداڵانەی کە دەکەونە نێو گەمەی ئەم دایکە تێکشکاو و بێهودانەوە، تووشیاری دۆخی سایکۆلۆژی زۆر خراپ دێن و دەبنە سەحنەی ئەو شەڕە بێمانا و ئامانجە.
ئەوەی کە دەتوانێ ئەم ڕەوشە نالەباره مێژووییە کاڵ بکاتەوە، تەنها تێکۆشانێکە کە کورد و ژنی کورد ئێستا لە چوارچێوەی ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پێی هەڵساون و خەریکی دەستکاری ژیان و شەختەبەندانی ئەو ڕەوتە مێژووییەن، نەک شەڕی شەخسی و بێئەنجام.. ئەو شەڕ و تێکۆشان و فەلسەفەیەی کە لە دنیادا دەنگی داوەتەوە.
ڕۆمان ئامینە