Skip to Content

بەکورتی29: بێدەنگیی ڕوناکبیریی مانادار.. لێ خودی بێدەنگیی بێلایەن نییە.. ئازاد حەمە

بەکورتی29: بێدەنگیی ڕوناکبیریی مانادار.. لێ خودی بێدەنگیی بێلایەن نییە.. ئازاد حەمە

Closed
by ئاب 27, 2025 General, Opinion

چەمکسازیی بێدەنگی فڕەدیوە؛ یەکێک لە دیووەکانی بێدەنگیی ڕوناکبیرییە Intellectual silence، کە دەشێت بە بێدەنگیی هزریش ناوببرێت. زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، کە بێدەنگیی ڕوناکبیریی دەتوانێت نیشانەیەک بێت بۆ دانبەخۆداگرتنێکی حەکیمانە، خۆڕێکخستنەوەی خود و ململانێیەکی هزریی لەگەڵ خودیخۆیدا تا ئەوەی دواتر دەگوترێت شایانی گوتن بێت. هەروەها بێدەنگیی ئامرازێکی بەهێزە بۆ ئەوانەی لە بنەما بەهاییەکانی ئەم بێدەنگییە تێدەگەن. گەر بێدەنگییەکە بناغەیەکی روناکبیریانەی هەبێت دەکارێت جیاوازتر خۆڕاگریی و توانایی لە کەسەکەدا دروستکات.
گەر بێدەنگیی ئەو بنەمایەی نەبێت، کە باسکرا، کە نەیتوانی زەمینە بۆ تێگەیشتنی قووڵتر خۆشکات بێدەنگیی دیاردەیەکی ترسنۆکانە و ناشریینە. بێدەنگیی دیوی پەروەردەییشی هەیە، ئەمەیان ئەو کاتە دەردەکەوێت،کە تاک کار لەسەر بەخێوکردنی ناوەوەی خۆی دەکات. جاوەرە بێدەنگ بیت و لەناو قەرەباڵغییدا بژیت؛ ئەمە بەهەمو کەس ناکرێت!
لەو بارەیەوە دەپرسیین: واتای بێدەنگی ڕەهایە؟ ناچارییە یان هەڵوێستە؟ چەنەچەن و زۆربڵێی چی دەگۆڕن، بێدەنگیی شەرمەزاردەکەن؟ بێدەنگیی پرۆتێستە یاخود چەنەبازییە؟ ڕاستی بە هاتنی بێدەنگیی ئاوادەبێت؟ کاتێک ژاوەژاو جێگای بێدەنگیی ڕوناکبیریی دەگرێتەوە واتای بێدەنگی لاوازدەبێت؟بۆچی بۆ چەنەبازەکان گرنگ نییە چۆن قسە بکەن و چۆن بێدەنگبن؟کە بێدەنگیی لەکەداربوو قسەی بۆش و بێمانا جێگرەوەی نیین؟
ناچارین لێرەدا بپرسیینەوە: کەسەکانی کۆمەڵگەی ئێمە لە بێدەنگیی ڕوناکبیریی تێدەگەن؟ پێناچێت تێیبگەن، چونکە زارۆکی ناو ژاوەژاو و قەرەباڵغییەکانن. لە کوێ دەنگەدەنگ و چەنە چەن هەبوو ئەوان لەوێین. زۆر دەمێکە زمانیان جێگای زۆر ئەندامی دیکەیانی(گوێ، چاو) گرتووەتەوە. بۆیشە وادەڵێین، چونکە لە هەرێمێک دەژین ئەزموونی بێدەنگیی ڕوناکبیریی تیایا لە سنووری نەبووندایە. هەموو چەنەدەدەن، گرنگ قسەبکەن و زیادەڕۆیی لە گوتندا بکەن. لەم حاڵەتەدا بێدەنگیی ڕوناکبیریی وەک دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوە، هاتنەکایەوەی تێڕامانێکی قوڵ و فڕەڕەهەند نابینرێت.
بێدەنگیی ڕوناکبیریی چییە؟ بێدەنگیی ڕوناکبیریی جۆرێکە لە جۆرەکانی بێدەنگیی، کە بەمانای بۆشایی و بێ مانایی ڕوناکبیریی نایەت. ئەم شێوە بێدەنگیییە تەقەلایەکە بۆ نەگوتن و چوونە قۆناغی بیرکردنەوەی قووڵ و جیاواز. لەناو بێدەنگیی ڕوناکبیرییدا متبوونێکی کاتی بوونی هەیە، کە لەخودیخۆیدا دۆزێکی پێویستە و بەشێکیشە لە مرۆڤبوون. جا ئەمە ئەوەش دەگەیێنێت،کە ئەوەی شایانی گوتنە با بەڕوونی بگوترێت، ئەوەشی، کە شایان نییە با بچێتە سایەی بێدەنگییەوە (ڤیتگێنشتێین).
ئەوە بێدەنگیی ڕوناکبیرییە، کە شکۆی خۆی هەیە؛ نەک قەرەباڵغیی ڕوناکبیریی، بەتایبەتی لەو کاتانەی گوتن، دەنگ، هیچ ناگۆڕێت. کەسێکیش، کە لەناو بێ شکۆییدا گەورەبووبێت بە ئاسانیی لە شکۆی نەگوتن و کەمگوتن حاڵینابیت. بۆیە بێدەنگی سامناک نییە گەر پەیامی نەخێر بۆ گوتنی سواو و ڕزیو بۆ چەنەبازەکان بنێرێت. پەیامی بێدەنگیی بۆ چەنەبازەکانە، کە شانازیی بە گوتنەوە دەکەن، گوتنێک کە لێوانلێوە لە بەتاڵیی و درۆ. بۆیە ئەو ڕاستیانەی بێدەنگدەکرێن ژەهراویدەبن (نیچە).
بێدەنگیی ڕوناکبیریی ترسنۆکیی نییە، رێزگرتنە لە خودی گوتن و ئەوەی شایانی گوتنە. تۆ کە هەر بڵێیت و چەنەبەیت و ئەوەی گوتراوە هیچ نەگۆڕێت لەم حاڵەتەدا بێدەنگیی شکۆمەندانەترە. هەروەها بێدەنگیی ڕوناکبیریی هەزارجار باشترە لە درۆکردن، شیڕە شیڕ و چەقەچەق، کە بێزاریی و بێهیوای بە گوتن دروستدەکات. وێڕایئەوە، بێدەنگیی ڕوناکبیریی کاتێک ترسناک خۆی دەردەخات، کە ڕەها و ئارەزوومەندانە بێت. ئەمەش وادەکات رٶحی دیالۆگ و خستنەڕووی دید لەناوچێت.
بۆ چەناباز و چەقاوەسوەکان بێدەنگیی ڕوناکبیریی عەیبەیە و وەک باشەیەک تەماشاناکرێت، چونکە هەر هەموو دەڵێن و دەنووسن، بێئەوەی بیر لە دەرئەنجامی گوتراو و نووسینەکانیان بکەنەوە. شاریش، کە دژە بێدەنگییە، کە پڕبووە لە هەڵگرانی دال (دکتۆرا)، هەموو سەرقاڵی کۆنفرانس، هۆرکشۆپ، پانێل، مێزگرتن، کە هەر هەموو ئەمانە گوتنیان ناشرین کردووە و هیچیش ناگۆڕن. ڕاستە لە کاتی ئاشوب و نادادییەکاندا ئاسان نییە ڕوناکبیران بێدەنگبن، بەڵام زۆرگوتن، زیادەڕۆیی کە پڕپڕە لە وشەی بۆش و بێمانا جیاوازە لە بێدەنگیی، کە زانیین لە خۆیدا بەرجەستەدەکات.
نیچە بێدەنگی بە دیاردەیەکی نێگەتیڤ نازانێت، بەڵکو بە دەربڕینێکی کۆنترۆڵکراوی قووڵی دەزانێت. بەپێی نیچە “”ئەوانەی شارەزان لە بێدەنگی، ڕیتمی گفتوگۆکان دادەڕێژن. بە بێدەنگی لە ساتەوەختی گونجاودا، دەتوانن کەسانی دیکە ناچار بکەن زیادەڕەوی لە قسەکردن بکەن، بەمەش خاڵە لاوازەکانیان ئاشکرا دەکەن””. چونکە چەنەباز ئاگای لە ڕیتمی گوتنەکانی نییە و بێدەنگییش بۆ کەسی زۆربڵێ کارەساتە.
کۆتا دیتنمان بۆ بێدەنگیی ڕوناکبیریی ئەوەیە، کە بێدەنگیی بێلایەن نییە. بێدەنگیی،کە لەناو نادەنگدا گەشەدەکات ناڕەزاییە و زەمینەش بۆ تێڕامانی پتر و فۆرمیتر لە بیرکردنەوە دەخوڵقێنێت.ڕاستە بێدەنگیی نەبوونی دەنگە، دەنگیش کە نەما قسەکردن بۆشایی بەرهەمدێنێت، بەڵام ناشێت بێدەنگیی وەک کردەیەکی ناکارا و بێمانا ببینرێت. لەم حاڵەتەدا لەبەرئەوەی هیچ ناگوتنە هەڵوێستیشە.
ڕاستە، کە بێدەنگەکان تەنیا و گۆشەگیرن، بەس ئەمە تا ئەو شوێنە تەندروستە، کە بێدەنگیی ڕەهانەبووە. بۆیە یەک لە سوودەکانی بێدەنگی ڕوناکبیریی ئەوەیە، کە تەقەلایەک بۆ گوزارەکردن لە دۆز و داهێنانی فۆرمێکی تر لە دەڕبرین بەڕێوەیە. کەوابێت بێدەنگیی بێلایەن نییە، هەتاهەتایەش نییە. بە داڕمانی دیواری بێدەنگیی گوزارەی تازە و نەخێری دیکە لەناو گوتاری ڕوناکبیرییدا لەدایکدەبێت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

mm

دکتۆر ئازاد حەمە وانەبێژ بە بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفە( فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی مێژوویی)، وانەوتنەوە لە قوتابخانەی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سلێمانی.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress