Skip to Content

فلاشباک-30- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک-30- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 12, 2022 General, Opinion


بەشی سی

ئەمڕۆ یەکێک بوو لەو رۆژانەی زۆر ماندووبووم. کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی زەنگی تەلەفۆن لە خەو رایچڵەکاندم، وتیان تەشریف بهێنە بۆ چێشتخانە. هەرچی چۆنێک بوو خۆم خستەوە ژێر بەتانی و دوای 10 خولەک، هاوڕێ موحسین کەریم، تەلەفۆنی بۆ کردم بگەمە بارەگای حزب. وتم باشە، بەڵام کاتم دیاری نەکرد. دوای چەند خولەکی دی، ئەمجارە یار تەلەفۆنی کرد، بۆ ئەوەی بمبینیت، هەموو جارێک تەلەفۆنەکان لەلایەن خوشکەکەمەوە وەڵام دەدرانەوە، دواتر بانگی دەکردم بۆ وەڵامدانەوە. بەڵام ئەمجارە خوشکم وتی دەنگی ئەو کچە نامۆ نەبوو بە من. دەی قسەکەشی راستە نامۆ نییە بەو، بەڵام منیش بە رۆڵ نواندنەوە وتم ئەمە چییە تۆ هەمیشە گوێت بە هەموو دەنگێک ئاشنا بووە.
کاتەکانم دابەشکرد کە سەعات 11 -1ی نیوەڕۆ لە چێشتخانە بم، لە 1-3 لەگەڵ یار بم، لە 3 بەدواوە بێمە بارەگا. ئێستا 7ی ئێوارەیە و من لە بارەگام. بۆنی خوێن دێت، هەست دەکەم یەکێتی خۆی بۆ پەلاماردانی ئێمە کۆ دەکاتەوە. هیوادارم بە هەڵەدا چووبم. لەوەش ناخۆشتر خۆم دەبینم چەکدارم، ئەوە شتێکی نامۆیە لەگەڵ سرووشتی راستەقینەم، خۆ من لە ئەزەلەوە بۆ سیاسەت دروست نەکراوم، کەچی ئەم کرمەی سیاسەت هەناوی خواردووم. بیرمە سەرەتا کە عاشق بووم کوڵمەکانم وەک چرایەک شەوقیان دەدایەوە، ئێستا فشاری عەشق قووپاندوومی، تەنانەت کێشی بۆ 62 کیلۆ دابەزاندووم کە بە قسەی دکتۆرەکان بێت پێویستم بە زیادکردنی دە کیلۆ گۆشتە لەسەر ئەم جەستەیەم.
ئەوەشم بیرە سەرەتا بە یارم وت ئەم عەشقەی من تێیدا رۆچووم لە کۆتاییدا لە گەنجێکی دەمڕووتەوە دەمکاتە پیر و شێخی عاشقان. دەزانم بە تەنیا دێمە ئەم مەیدانە سەختەی عەشقەوە وەلێ کاتێک دەزانم سەدان مورید بە یا شێخ یا شێخ بەدوامەوەن. دوێنێ میدیا، وتی لە شیعرێکی عەزرا پاوەند ئەچیت، منیش وتم تۆش وەک نۆتەیەکی عەزفنەکراو وایت. هەرچەند من ئەم وشەیەم بە هاکەزایی وت کەچی ئەو دوێنێ بیری لێکردبووە بە درێژایی ئەو شەوە لێکدانەوەی بۆ کردبوو. ئێستاش ئەڵێ ئەرێ ئەوە واتەی چی بوو؟. ئەو پێیوایە کە هیچ وشەیەک بە زیادە و بێ مەبەستێکی قووڵ ناڵێم، چوونکە هەمیشە بەو جۆرە ئەمناسێ کە نرخی وشەکانی خۆم ئەگرم، هیچ وشەیەک ناڵێم بێ بیرکردنەوەیەکی قووڵ، بەڵام ئەمە مەرج نییە بۆ هەموو کاتێک هەر راست بێت.
ئێستا رۆمانێکی “عەبدولڕەحمان مونیف” بەناوی “درەختەکان و تیرۆری مەرزوق” لە بەردەستمدایە هەرچەند دەکەم حەواسی خوێندنەوەیم نییە، بەڵام من لەم وشەی تیرۆرە زۆر دەترسم. ئێمەی کۆمۆنیستەکان هەمیشە قوربانی ئەو پرۆسێسە نەفرەتییە بووین. لە ئێستاشدا کە دۆخەکە گرژ و ئاڵۆزە ئەو کردەوەیە لە هەموو کات زیاتر ئەگەری هەیە دژی ئێمە پیادە بکرێ. بەهەرحاڵ هیوادارم شتی وا روو نەدات. با ئەوەشم لە بیر نەچێت ئەمڕۆ راپۆرتێکم بینی لە ژووری هاوڕێ “محسن” دژی من، کە هاوڕێ “ئا” بە قەڵەم و کاغەزی خۆم لێی دابووم، بۆ ئەمە و بۆ ئەم رەنگ زەردی و لاوازییەی خۆم دوو دێڕم لە رۆمانی “نینا” دێتەوە یاد کە بەمشێوەیەیە:
لادۆ: وانۆڤ ئەوە چییە وا لەڕ و لاواز بوویت؟ بێوەی بیت و لە دەرد و بەڵا بەدوور بیت.
وانۆڤ: مانەوەی شەو و رۆژ لە چاپخانە و کاری بەردەوامی ژێر فشاری پۆلیس و سیخوڕ، بڵێی ئەم لاوازییە نەخوازێ؟.

ستیڤان شەمزینی

11-7-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 102-105 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish