Skip to Content

کومەڵێک تیرۆژە چیرۆک.. نەوزاد بەندی

کومەڵێک تیرۆژە چیرۆک.. نەوزاد بەندی

Closed
by تشرینی یەکەم 17, 2026 General
image_print

‌ ــــ گەروی هورموز ــــ

مامۆستا، هەر لیستی موچە دابەزی، خۆی کرد بە کلینیکی کاک دکتۆردا.. کاک دکتۆر وەک ڕاوچییەکی کارامە، بێ چەند و چوون، بە دوو لاپەڕە پشکی تاقیگە و لاپەڕەیەک سۆنار و لاپەڕەیەک ئێم ئاڕ ئای و لاپەڕەیەک سی تی سکان، تەواوی موچەکەی لە گیرفانی ئەلفەوە ( مامۆستا ) بۆ گیرفانی باء ( کاک دکتۆر ) گواستەوە.. دواجار کە ئەنجامەکانی پشک و تیشکەکانی بۆ هێنایەوە، دوو پارچە کەبسولی بۆ نوسی بە دوو سەد دۆلار، بەرهەمی کۆمپانیایەک بوو، هەفتەی پێشوو گەشتێکی تورکیا و قوبروسی پێکردبوو..
مامۆستا بە ڕوخسارێکی تێکەڵ لە ڕێز و پەشیمانیی و ترس و شەرمەزاریی و حورمەتەوە، ووتی : ( کاک دکتۆر، ئایا ئەکرێ مانگی داهاتوو ئەم دەرمانە بکڕم ؟؟ )

           ــــ خانەنشین ـــ

کە خانەنشینیان کرد، هەموو شتێک باش بوو، تاکە زیانێک کە کرد بووی؛ تێکچوونی خەوی بوو.. چونکە هیچ ئامانجێکی نەمابوو له پێناویدا بنوێت…

      ـــــ ماندوو ـــــــ

دەستی بۆ هەر شتێ ببردایە، ماندووی ئەکرد، وەک ئەوەی تەنها بۆ ماندوو بوون خوڵقێنرا بێ،
شەوی ڕابوردوو لەگەڵ چەند برادەرێکیدا، لە چێشتخانەیەکی هەرزان، کەبابیان داوا کرد، لەگەڵ یەکەم پاروودا، گیرایە قوڕگی، پەلیان گرت و فڕاندیانە ئوتومبیلەکەوە، ئوتومبیل سلفی نەگێڕا، پاترێکەی مردبوو ..

 ــــــــ شتی سەیر ــــــ

ئاخر ئەم لە تەمەنی باپیریدا بوو، کەچی کە ئەگەیشتە ئاستی، ئەوەستا و دەستێکی بەناو
شەپۆلەکانی قژیدا ئەهێنا..
بڕیاری دا ئیتر ڕیشی نەتاشێ، با بزانێ ئەم باپیرەیە و زۆری نەماوە بەسەر ئەم ئەستێرەیەوە ..
بەڵام ئەو دوورتر ئەیڕوانی، کەسایەتیی شین کۆنری تێدا ئەبینی، لە فلیمی تەڵە دا ..ئەو هەستە تەلیسماوییەی نێوان پیرەمێردێک و ..کچۆڵەیەکی وەک کاترین زیتا جۆنس ..
ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم ئەبوو بە ژێر کەڵەکەی ڕیشەوە و ئەویش ئەبوو بە ژێر کەڵەکەی عەشقەوە.

      ــــــ دوو پڵتە ــــــــ

بە باوەشێک لاپەڕە ونووسراوی خانەنشین بوونەوە، خۆی کرد بە کۆشکی بەڕێوەبەری خاوەنشکۆی خانەنشینکردنەوە کە بە تەمەن هێندەی کچەکەی ئەبوو، پێی نەوت دانیشه .. هەر بە پێوە ڕاوەستابوو ..
بە هێواشی پێی ووت : زەحمەت نەبێ هەڵەیەکتان لە بەرواری ئەم نوسراوەدا کردووە ..
بەڕێوەبەری شاهەنشا، بە کەمچیکڵدانییەوە پڵتەیەکی لێوە هات : تۆ حەقت نەبێ، ئیشی خۆمانە، تۆ هیچ تەداخول مەکە.

ــ تەداخولی چی نەکەم، ئێوە لە جیاتی 1994 نوسیوتانە 1993 ؟
شاهەنشای بێ ڕکابەری خاوەنشکۆ، پڵتەیەکی تری بۆ کرد : تۆ حەقت نەبێ !!
لەگەڵیشیدا هەڵەکەی چاک کردەوە و مۆرێکی بە دەستی چەپی پڕ موستیلە و ئۆیە و ئایفۆنی حەڤدەوە، لێدا.

‌ ـــــ شەڕە جنێو ـــــــ

لە پەیجێکی دینیی زانستیی فەلسەفییدا، کۆمەڵێ کوردی زانا و دانا و فەیلەسوف، خەریکی شەڕە جنێو بوون .. لەوە ئەچوون لە چێشتخانەیەکی پێنج ئەستێرەدا خەریکی ڕیقنە و پشقل خواردن بن.

     ـــــــ ئەو ڕۆژە ـــــ

ئەو ڕۆژە پێویستی زۆری بە هاوڕێیەکی بوو، لەگەڵ نۆبەرەی بارانی ساڵدا، پیاسەیەکی ناوبازاڕ بکەن..
هەر هەر یەکە و به بەهانەیەک خۆی لێ دزییەوە..
بەهانەی یەکێکیان زۆر سەیر بوو، ووتی نازانم چەترەکەم له کوێ داناوە، ڕەنگە لە ژێر خانەکە بێ ..
پێی ووت : چەتری چی ؟ ڕەحمەتت لێ بێ، دوو پروشە بارانە، من چەترم پێیە، حەز ئەکەی ڕەشماڵێکیشت بۆ دێنم ..
کەچی هەر نەهات .. ووتی ئیلتیزاماتم هەیە ..
هەر کەسێ ووتی ئیلتیزاماتم هەیە، واتا بەسه بیبڕەرەوە، نایەم و بڕایەوە ..
بۆی نووسین : ( تێ بگەن، کاتێ هاوڕێیەک داوای پیاسەیەکتان لێ دەکا، بزانن لە حاڵێکدایە خەریکە دڵی بتەقێ، بۆیە پەنای بۆ بردوون ..)
ئیتر ژمارەی هەموویانی خستە بلاک لیستەوە.

    ــــــــ تەنازول ــــــــــ

تەنها ئەم بوو کۆبوونەوە و گەشتی برادەرانی ڕێک ئەخست ..ئەمیش وازی هێنا ..
بەو جۆرە هیچ کۆبوونەوە و گەشتێکی برادەران نەما .. هەموویان تەنگەتاو بوون.. لێرە و لەوێ تەلەفۆنیان بۆ ئەکرد و ..بە ناڕاستەوخۆ ئاگاداریان ئەکردەوە کە تامەزرۆی کۆبوونەوە و گەشتەکانن .
پێی ووتن : ئێوە هەر یەکەتان خوایەکن و .. یەکتری ناخوێننەوە.. ناتانەوێ وای نیشان بدەن کە پێویستتان بە یەکترە . .بە سوکایەتیی و تەنازولی دەزانن بە هاوڕێکانتان بڵێن پێویستمان بە کۆبوونەوە و گەشتە لەگەڵتاندا..
منیش ئیتر لە جیاتی ئێوە، تەنازول ناکەم و کۆتان ناکەمەوە .. بڕۆن بە لای خواییەکەتانەوە و بەردەوام بن لە لەپێکردنی یەکتریدا، گەلی فیرعەونان ..
بەڵام ئەوان هیچ لەو پەیامە تێنەگەیشتن.

Previous
Next