Skip to Content

جوانیەکانی تۆ.. خولیا حسێن

جوانیەکانی تۆ.. خولیا حسێن

Closed
by January 10, 2021 General, Poems

لەکاتی قاشکردنی سێوێکی سوور
لە ئێوارەی پایزێکی زەرددا
لەگەڵ سپیکردنی پرتاقاڵێکی تەڕ
لەشەوە درێژەکانی تەنیاییدا
لەگەڵ هەڵوەراندنی هەر دەنکە هەنارێکی مزری
شەرابی،سوور
کەهەردانەیەکیان لەنەقێمی ئەنگوستیلەکانی تۆ دەچن
تۆم بیر دێتەوە
کە ڕادەمێنم لە گەڵالەبوونی کڵۆبەفرەکانی
سەرچڵی درەختە ڕووتەکانی نیشتمانی غەریبی
تۆم بیر دێتەوە
کە دەبینم ژنێکی عاشقی
چاو زەردی
دەم بەپێکەنین
باسکی لەقۆڵی هاوژینەکەی هەلکێشاوەو
بەیەکەوە چاوەڕوانی پاسی شار دەکەن
هەر قسە دەکەن و
لە گفتوگۆی یەکتری تێر نابن
تۆم بیر دێتەوە
کە مەرکانەکانم ئاو دەدەم
کە یاری لەگەڵ پشیلەکەم دەکەم
کە منداڵەکانم لەباوەش دەگرم و
ماچیان دەکەم
تۆم بیر دێتەوە
جاران تۆ شتە جوانەکانی من بوویت
ئێستاش شتە جوانەکانی من تۆیت
باکم نیە ژیان ڕووتیش بێتەوە لەجوانی
من هەر بیری تۆ دەکەم
جوانیەکانت هیندە زۆرن
لەگەڵ دنیا بەشیان دەکەم

Previous
Next