Skip to Content

لاکەون نۆرەی خۆمە!.. عەبدوڵا ساڵح

لاکەون نۆرەی خۆمە!.. عەبدوڵا ساڵح

Closed
by كانونی دووه‌م 10, 2021 General

یاریکەرەکان لە مەیدانی گەمەی سیاسی کوردستان دا، بەتایبەت لایەنە فەرمیەکان، ڕوویان لە هەڵکشانە، هەریەکەیان بە نۆبەی خۆیان شانس تاقی دەکەنەوە، شەڕ دەکەن، دەکوژن، دەکوژرێن ، شەڕی دوو قوڵی و سێقوڵی، دواتر دڵی هەردوو یا هەرسێ شەڕکەر دەبێ بە ئاوێنە و دووبارە دەستلەملان دەست پێدەکەنەوە، دەچنە ناو دەسەڵات، دێنە دەرەوە، دەبنە ئۆپۆزسیۆن،…… ،مێژووی ئەم شانۆگەریە،کە یەک لەدوای یەک پەردەکانی هەڵدەدرێتەوە، تەماشاچی و باجدەرە سەرەکیەکەی تەنیا خەڵکی کوردستانە .
لەم ڕێڕەوەدا، چەندین هێزو لایەن خۆیان تاقی کردەوە، بەڵام بە هیچ کوێ نەگەیشتن، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە، کە ئەم مەیدانە، بە حوکمی هێزی میلیشیا، تەنیا دوو تیپ کۆنتڕۆڵیان کردوە، سەوز و زەرد، وەک یاری فتبۆڵێنی ئەسپانیا، لەدوا ئەنجامدا یا بەرشلۆنە یا ڕیاڵ مەدرید کاسەکە بەرز دەکەنەوە و ئەوی تریان دەبێتە دووەم، ماڵم حەقە، وەک دەڵێن، زۆر دەمێکە تیپی زەرد لەو پێشبڕکێیەدا یەکەمە و جۆخینەکە هی خۆیەتی، تیپی سەوزیش بەدووەمی خۆی “شوکرانەبژێرە ” ئەوانی کەش لەدەورو بەری جۆخین دێن ودەچن !
با بێینە سەر کرۆکی باسەکە، خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی ئەم دواییەی کوردستان، لەزۆنی سەوز، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ هەموو ئەویاریکەرانەی نێو مەیدانی گەمەی سیاسی کوردستان، چ ناوخۆیی وچ دەرەکی، بەگەورەو بچوکیانەوە، ئەم جارە نەک بارەگاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، بگرە جەماعەتی ئۆپۆزسیۆنیش کەوتنە بەر ئەو پەلامارە، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ بێهیوایی وبێمتمانەیی جەماوەری برسیکراوی کوردستان بەهەموو لایەنە سیاسیە فەرمیەکان، بەتایبەت حزبە ئیسلامیەکان کە خۆیان لەدەرەوەی دەسەڵات هەژمار دەکەن ولە ئێستادا دەیانەوێ بخزێنە ناو ڕیزی خەڵکی ناڕازیەوە .
لەنێو ئەم کەین وبەینەدا دیاردەیەک دەرکەوت بەناوی ( شێخ نەهرۆی کەسنەزانی )، دیاردەیەک کە ناکرێ وەک ڕوداوێکی کت وپڕ سەیر بکرێ، بەڵکو دەبێ لە ڕێڕەوە مێژویەکەیدا لێی بڕوانین و لەوپرۆسەیەدا هەڵیسەنگێنین.
ئیسلامی سیاسی زۆر دەمێکە دەیەوێ کۆمەڵگای کوردستان لە قاڵب ومەنگەنەی شەریعەت و یاسا وڕێساکانی خۆی بدا، دەسەڵاتیشی تەنیا بۆ ئەو مەبەستەیە، لەم ڕێڕەوەدا کەمی نەکردوە، چ بە زمانی نەرم و چ بە هەڕەشە یا تیرۆر ویا شەڕی خوێناوی، لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا، چەند نمونەمان دێتە بەرچاو، وەک تیرۆری کەسایەتیە تاکەکان بەمەبەستی تۆقاندنی خەڵک، عەبدولخالق مەعروف و ڕەووف زوهدی و تەقە لە کەریم زەند، وەک نمونە، بەشەڕی جەبهەش وەک ڕوداوەکانی خێڵی حەمە و …….. دواتریش چوونە ناو دەسەڵات وئێستاش بوونە ئۆپۆزسیۆن، هەموو ئەم هەوڵ وتەقەلایە ئەوانی نەگەیاندە ئامانج و بینیمان چۆن لەم دوایانەدا بە سوتاندنی مقەڕەکانیان بەدەست جەماوەری ناڕازی کۆتایی هات، هەر بۆیە یاریکەرە نێودەوڵەتیەکان و ئیقلیمیەکان، ئەوانەی ئیسلامی سیاسی وەک مۆرەی دەستیان بەکار دێنن، بیریان لە مودێلێکی کە کردەوە کە تا ئەمڕۆ، لەو گەمەیەدا،شانسی خۆی تاقی نەکردۆتەوە، هێنانە مەیدان ودەرکەوەتنی ئەم مودێلەش بەمەبەستی زامن کردنی بەرگری یە لەهاتنە مەیدانی هێزی چەپ وعەلمانی، هێزی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، وەک دەر ئەنجامێک بۆ درێژەی ڕاپەڕینە جەماوەریەکان، ڕاپەڕینێک کە دەست وقاچی ئیش دەکا، بەڵام بەداخەوە بێ سەر وکەلەیە، ئەگەرچی ئەوان دڵنیاشن کە ئاگری نێو پوشەکە وا بەئاسانی دانامرکێتەوە .
ئەگەر بەراوردی پرۆسەی هێنانە سەرکاری خومەینی لەبری شای ئێران بهێنینەوە بەرچاو لە هەفتاکانی سەدەی ڕابردودا، کاتێک خومەینی لەنەجەف کەوتبۆوە و موریدەکانی خۆی نەبێ کەس نەیدەناسی، جەماوەری ڕاپەڕیو وشۆڕشگێریش لەئێران ئەوەندەی نەمابوو شا بڕوخێنن، وڵاتانی سەرمایەداری درکی خەتەرەکەیان کرد کە ئەگەر هێزە چەپ و عەلمانیەکان جێگای شا بگرنەوە، ئەوا پشتی سۆڤیەتی ئەو کاتە قاییم تر دەبێ لەبەرامبەر بلۆکی ڕۆژئاوادا، هەر بۆیە بەپەلە خومەینیان لەنەجەف هەڵقەند وهێنایانە ( نۆفل لۆشاتۆ ) ی فەرەنسا و های لایتیان کرد، CNN و BBC و دەزگا زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندنیان بۆ وەکار خست و وەک هێزی دژەشۆڕش ئەم ڕاپەرینە مێژوویەی خەڵکی ئێرانیان پێ لەناو برد !.
رەنگە بەلای هەندێکمانەوە ئەو بەراوردە لەجێی خۆیدا نەبێ ، و گرنگی کوردستان بۆ دەوڵتە زلهێز وئیقلیمیەکان بەو شێوەیەی ئێران نەبێ ، بەڵام لەدوا شیکردنەوەدا کوردستانیش ووڵاتێکی بێ خێر نیە و چاوی تەماحی ئەو زلهێزانە هەموو گۆشەو کەناری ئەم دنیایە دەبینێ وماسیش لەگۆمی شڵقاو و لێڵ دا باشتر ڕاو دەکرێ تاکو گۆمی ئارام و سەقام گیر .
بەگوێرەی ئەم هاوکێشەیەی لەسەرەوە باسمانکرد، چرای سەوز بۆ ( شێخ نهرۆ ) لێدرا،کە ئەویش ئەسپی خۆی لەمەیدانەکەدا تاو بداو تاقی بکاتەوە، وەک هێزێکی دژە شۆڕش، ئەگەر توانی، لەبار بردنی ئەم ڕاپەڕینەبگرێتە ئەستۆ، بۆ کەسێک کە مەبەستی بێ مێژووی سیاسی ئەم بنەماڵە و کەسایەتیەکانی هەڵداتەوە، ئەوکات باشتر ئەم ڕاستیەی بۆ دەردەکەوێ !
ئەوشمان بیر نەچێ لەکوردستان دەروێش و موریدی هەندێک تەریقەت هەن و لایەنە سیاسیەکانیش، بەهەر مەبەستێک بێ ، دەستیان پێوە گرتوون، لەوانە نەقشبەندی کە زیاتر بەلای پارتیدایە، هەروەها قادری و ، ئێستاش کەسنەزانی کە تازە یەکیەتی دەیەوێ بیخاتە سەر میلاکی خۆی! بیرتان نەچێ لە ململانێی ئەم دوو هێزەدا هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە !
لەکۆتاییدا خراپ نیە ئەو چەند دێڕە شیعرەی کە ڕەنگە سەد ساڵ لەمەو پێش گوترابێ و من هەر لە منداڵیەوە لەسەر زارم بووە، بکەمە کۆتایی باسەکەم، وەک لە زمانی عەرەبیدا دەڵێن : (( ختامها مِسكٌ )).

ھـــــەتا شێخێک لە كــوردستان بمێنێ
ئـومێدی زیندەگـــانیت پــێ نـــەمێنێ
بەڕیشی درێژ وپرچی پڕ لە ئەسپێ
بناغەی حەققی کوردان چۆن دەچەسپێ ؟

10 – 1 – 2021

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress