پیرانی تەریقەتی باران.. مارف عومەر گوڵ
سەوڵی خەیاڵە لەناو سەرابی بیابانێکدا
شەپۆلی بەردەم کەشتی دوور مەودای بینینم دەبڕێ
کەی بێ بگەمە کەناری دووری ماڵی لمینی مەل و باڵندان
بەو سەرابەدا ڕێگە بۆ لانەی جریوەو زیقەی
زەڕنەقوتەی سۆز بێ ئاڕاستەیە !
دەور و زەمانە ، با دەستم دەگرێ ، سەراب دەمداتە
دەم شەپۆلێکی نادیارەوە.
دڵ بەندی داوی گۆشەی تۆڕێکە چاوەڕێی تیشکی
ئەستێرە گەشەی هەڵنەهاتووە
دەستەو دامێنی هەور و بارانم تارمایی سەراب لێرە ڕاماڵێ
بیابانی مەنگ تا بنی دونیا بینین نایگاتێ
لە پێچ و داوی گەرداوی ژینا ،
ڕوو لە ئاستانەی دڵی خۆت دەکەی :
ئیتر تۆ ماڵێکت نیە بتپارێزێ
ئەشقێکت نیە بە شەیدایی لە باوەشی بگری
کەپرێکت نیە لە سێبەریا بحەسێیتەوە
دامەچۆ !
ئیتر من و تۆ ، لە دەریایەکی خوێناویدا مەلە دەکەین
ئیتر من و تۆ ، لە سارایەکی ژەهراویدا دەحەسێینەوە
تۆ بە دەردی چارەنوسی کورد دەچی و منیش ،
دڵێکی پێڕەوکەم هەیە بەدوای هەورێکەوە
تاڵ تاڵ ، دەستی بە زوڵفی بارانەوە گرتوە
ئەو سەرابەی لێ دەبێتە باراناوێک
باڵندەی سارانشین ،
پۆل پۆل بەدوای دڵی بەردێکا دەگەڕێن ،
سوارەکانی خەیال ،
ڕۆژانە لە دەشتێکی خوێناویدا ڕمبازێنیانە ،
بوک بۆ شەهیدەکان دەگوازنەوە ،
نە ڕۆژ تەواو دەبێت ، نە ساڵ تەواو دەبێت
بێشە دەبڕن ، هەرد تەی دەکەن
دەڕۆن و ناگەڕێنەوە ، دەڕۆن و دەگەڕێنەوە
داخداری دەردی دەوڵەتمەداری گەردونن
دەستەو دامێنی پیرانی تەریقەتی باران دەبن !
دەست و پێوەندەکانی سروشت فڕکان فڕکان و پەلاماریانە ،
لەبەردەم ئاودا سڵ دەکەنەوە ،
ئەم نیشتمانە گوێی بۆ دەنگی باران هەڵخستوە
زەوی وشکهەڵاتوو لە پێشوازیدایە !
هەتا چەم و جۆگە دەگەنە بیابانی دڵ
وشکەڵانی تەمەن لە چاوەڕوانیدایە !
هەتا باڵندە کۆچەریەکان بە زاق و زیق و جریوە ،
ڕوو لە تووڕەیی زەوی و ئاسمان دەکەن ،
بە گژ واڵایی گەردووندا دەچن ، خۆشکاتەوە
تا لە باخی تازە هەڵچوودا هێلانەی ژین هەڵدەبەستن .
سلێمانی
تشرینی دووەم/ ٢٠١٩