Skip to Content

سەرە.. پشکۆ ناکام

سەرە.. پشکۆ ناکام

Closed
by ئاب 29, 2025 General

[ ئەگەر حاکمێکی عەسکەریت خستە سەرووی
دەسەڵاتێک بۆ ئەوەی حوکمی بیابانێکی گەورە
بکا لە چەن ساڵێکا بە زەحمەت ” لم ” ئەدۆزیتەوە.
،، میلتن فریدمان ،،]

….نە زەعیم صدیق مردوە و نە تراجیدیای شەست و سێ تەواو بوە ، شەست و سێ زەعیم صدیق لە حامییەی سلێمانی و بە فەرمانی بەعس دەیان کورد لەبەر ئەوەی دژی دەسەڵات بوون گوللە باران کران ، لە ئابی ئەمساڵیش [ ئابی پڕ لە نەهامەتی هەر لە شانزەوە تا سی و یەک..] بە دەیان گەنجی کورد نەک هەر گوللەباران بەڵکو بە دەبابە و تۆپ و هاوەن و درۆین و ..هتد.. ئاگرباران کران ، شەست و سێ بەعس کردی و ئەمساڵيش سوسیال دیموکراتەکانی کوردستان.. زەعیم صدیق چەن دبابەیەکی خستە باو شارەوە بەڵام هیچ شوێنێکیان بۆردومان نەکرد ، بەڵام دەبابەکانی ئاب لە یەک گەڕەک بە تەواوەتی دەست پارێزیان نەکرد ، زەعیم صدیق ” نەیار”ەکانی خۆی و بەعسی بردە حامیە و لەوێ گوللە باران کران بەڵام سوپا و زەعیمەکەی ئاب ” لالە زار “یان گۆڕی بە حامیە و وێرانیان کرد!! تەنانەت سوپاکەی ئاب هەر هەمان جل و بەرگی مەغاویریان لەبەرابوو وەک زۆربەی سوپاکەی زەعیم صدیق کە خەڵکی سلێمانی تاڵترین یادەوەرییان لە گەڵیا هەیە هەر لە شەست و سێوە تا ئابی ئەمساڵ و فیلمەکەش هەر بەردەوام ئەبێت..
لە زیندوو بوونەوەی زەعیم صدیق دوو کۆپیمان بینی کە سەلماندنە بۆ زیدوو بوونی کولتوری بەعس لای هەر جلی مەغاویر لەبەرێک :
یەکەمیان لە ڤیدیۆیەکی ” حسن علی مجید ” کە بە شەق بەربۆتە چەن دێلێکی شیعەی نیوە ڕووت و جوێنیان پێ ئەیا لەگەڵ ڤیدیۆیەکی
” قارەمان”!!ێکی سوپاکەی ئاب کە بەشەق لە کەللەی کۆمەڵێک دیلی نیوە ڕووتی سەر بە لالەزار ئەیا لەگەڵ چەن جوێنێک کە دیارە دەرسێکی گرنگی پەورەردەیانە…
دووەمیان بەعس و زەعیم صدیقەکان بە نەیارەکانی خۆیان ئەووت تیرۆریست ،سوپاکەی ئابیش لە ژێر ناوی دژە تیرۆر بە زیاتر لە دە هەزار چەکدار پەلاماری لالەزاریان یاوە ، واتا قوربانیەکانی شەست و سێ و ئەوەی ئەمساڵ لەدیدی هەردوو دەسەڵاتی ئەوسا و ئێستای سلێمانی یەکێکە کە ئەگەر لەگەڵما نەبیت تیرۆریستی و ئەتەوێ لەناوم بەریت !!…ڕەنگە جگە لە زیانی ئەخلاقی و ئینسانی و ویژدانی کە لە سوپاکەی ئاب کەوتبێ زیانێکی ئابووریش بەر زەعامەتەکەیان کەوتبێ ئەویش ئەوەیە کە ئەبێ بەشێک لە داهاتەکەی ” باشماخ ” دانێن بۆ چاکردنەوی ماڵ و موڵکی ئەو خەڵکانەی زەرەریان پێگەیشتوە بەڵام لەوانەیە دروستکردنی پرۆژەیەکی [شوققە ] نیشتەجێ بوون لەسەر ئەرزەکەی لالەزار ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکا ، ئەم بەراورد کردنە بۆ ئایندەش ئەبێ چونکە لیستی زەعیم ناو ترو تیایەو لالەزاری تریشی تیایە کە هەریەکەیان لە ” سەرەیا ” وەستاوە…

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress