
زانستی گوێگرتن و سەیر کردن.. نەوزاد بەندی
مرۆڤی مۆدێرن و تەنانەت مرۆڤی کۆنیش، پێویستە زانستە سەرەتاییەکان شارەزا بێ.. وەک چۆن کاتێ نان دەخۆیت، نابێ دەمت بکەیتەوە یان قسە بکەیت ، وەک چۆن کاتێ ئەخەویت پێویستە چاوەکانت دابخەیت و گڵۆپەکان بکوژێنیتەوە، ئەوانە هەموویان بنەمای زانستییان هەیە، چونکە کاتی نانخواردن گەر قسە بکەیت یان دەمت بکەیتەوە، ڕەنگە خواردنەکە بپەڕێتە ناوی بۆری هەناسەدانتەوە و بخنکێیت، یان خواردن و لیک لە دەمتەوە دەرچن و بیدات بە ڕوخساری هاوڕێکەتا ..بە هەمان شێوە کاتێ ئەخەویت، ئەگەر ژوورەکە تاریک نەبێ، هۆرمۆنی میلاتۆنین و پاککەرەوەکانی ژەهری ناو خانەکانی مێشک ناڕێژرێن ..
گوێگرتن و سەیر کردنیش دوو زانستن، پێویستە پێیانەوە پابەند بین،کاتێ کەسێک قسە دەکات پێویستە تەنها گوێ له قسەکانی بگریت نەک خەریکی نرخاندنی ڕوخسار و جل و بەرگ و پێڵاو و عەترەکەی بیت. لای ئێمە زۆرینەی خەڵک تەماشای بێژەرێک دەکەن و ئاڵودە بوون پێیەوە نەک لەبەر ئەوەی گوێی لێبگرن، بەڵکو لەبەر ئەوەی تەماشای پۆشاک و ماکیاج و هەڵس و کەوتی بکەن و هەوڵ بدەن لاسایی بکەنەوە .. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کیژۆڵەیەک سەرقاڵی مارکێتینگی کەل و پەلەکانێتی، کەچی خانمێک بۆی دەنوسێ : ( بۆیاخی قژت چ بڕاندێکە و ژمارە چەندە ؟!! ) .. چەندین کەسی تر بەلەسە ئەبن و ئەڵێن زۆر جوانیت ، ئەی نرخی خۆت بە چەندە !!
کوڕێکی سمێڵ فش کاڵاکانی له تیک تۆکا نمایش ئەکا، کەچی زۆرینە لێی ئەپرسن : ئەو سمێڵە نافرۆشیت ؟
قسە بۆ خزمێکی بەتەمەنت دەکەیت دەربارەی ڕێکارە تەندروستیەکان و چۆنێتی بەکارهێنانی دەرمانەکانی، کەچی زەق زەق سەیری قژت ئەکات و ئەڵێ : ئەوە بۆچی بۆیاخێ ، شتێ نادەی لەو قژەت؟ بۆچی خۆت پیرکردووە، تۆ مناڵی دوێنێیت !
ئەمەیە کارەسات.. کاتێ نازانیت چۆن گوێ له کەسێ بگریت و چۆن تەماشای بکەیت. ئەمەیش وا دەکات خەڵکەکە لە هەموو بار و دۆخێکی خۆش و ناخۆشدا، بە جل و بەرگ و ستایڵێکەوە بێنە ناو کۆمەڵگا، تا گوێی لێبگرن، واتا خۆیشیان دەزانن خەڵکەکە بە بەهانەی گوێگرتن، تەماشای ڕوخسار و جل و بەرگەکەی دەکەن، بەڵام چاری ناچارە و وەک جۆرێک لە خۆفرۆشیی،خۆی نمایش ئەکات، هەربۆیە هەموو بێژەری کەناڵ و کەسایەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، جوانترین و ڕێکپۆشترین کوڕ و کچە لاوەکانن، بە جۆرێک کەناڵە دەستڕۆیشتووە پارەدارەکان، ئەوانەی بە خوێنی شەهیدان بوون بە تریلیۆنەر، لە کەناڵ ناچن و بوون بە ستەیجی نمایشکردنی جوانترین کچ و قۆزترین کوڕ .. لە کاتێکدا کەناڵە جیهانییه پڕۆفیشناڵەکانی وەک ئەلجەزیرە و فۆکس نیوز و بیبی سی و فرانس 24 ، بێژەرانێکی پیر و زانا دەبینیت، بە بێ ماکیاژی زەق و بە بێ جل و بەرگی نمایشکردن. ئەم جیاوازییە گەورەیە، ئەمانگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی کە لەلای ئێمەوە و لە ڕێی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانەوە، برەو بە نەزانیی و گەمژەیی هاووڵاتی دەدرێت، کارێک دەکەن مێینەکانی کۆمەڵگا سەیری سمێڵی ڕەشی قەترانیی و چاوی باز و شەهێنی کوڕە گەنجە قۆزەکانی کەناڵەکان بکەن ئیتر خوای ئەکروو هەواڵ و زانیارییەکانیان گوێز ژماردن بێ، نێرینەکانی کۆمەڵگایش، بە تامەزرۆییەوە بۆ ڕوخساری بۆیاخکراو و بۆتۆکس و فیلەرکراوی کچە ناز و نوز کەر و بە لەنجە و لارەکانی کەناڵەکان بڕوانن.. ئەمەیش کۆمەڵگا لە زانستی گوێگرتن و سەیرکردن دوور دەخاتەوە وەک چۆن لە هەموو زانست و هونەرەکانی تر دوور خراوەتەوە و بە لاڕێدا براوە.
کۆمەڵگایەک حەز و ئارەزووەکان تێکەڵاوی کاری بێژەریی و هەواڵ و هەموو شتێک بکات، ئەبێتە کۆمەڵگایەکی چاوبرسی و ڕاندەم، کە تەنها گەدە و ئەندامەکانی زایەندیی کار دەکەن ئەوانیش بە خەیاڵ .. کاتێ لە کەناڵێکی وەک بی بی سی گوێ لە هەواڵ دەگریت، لە سەداسەد ئاگات لە هەواڵەکانە و خەیاڵت بە لای شتی تردا ناڕوات، چونکە بی بی سی کەناڵێکی هەواڵییە و پێویست ناکات تەماشاکەر و گوێگرەکانی وا لێبکات لە ڕووی ئیرۆتیکەوە بوروژێن، بەوەیش کۆمەڵگا فێری زانستی گوێگرتن و تەماشاکردنی تەندروست دەبێ، نابێتە ئاڵودەی مۆدێلی بێژەرەکان و لاساییکەرەوەی ڕووکەشیان. کاتێ سەیری پێشکەشکارێکی وەک پێرس مۆرگان دەکەین و لەگەڵ پێشکەشکارەکانی خۆماندا بەراوردی دەکەین، بۆمان دەردەکەوێ مۆرگان لە جل و بەرگ و ماکیاژدا وەک هەر مرۆڤێکی ئاساییە،بەڵام پڕ لە زانست و ئەتەگێتی قسەکردن و بەڕێوەبردنی بەرنامە قورسە دیالۆگییەکانە، کەچی ئەوانەی لای خۆمان پەیکەرێکی جوانکاریی و برق و باقن، لە تەوقی سەریان تاکو پێڵاوە گرانبەها ئیتاڵییەکانیان پیشانی بینەران دەدرێ، وەک ئەوەی لەسەر ستەیجی نمایشی جل و بەرگدا بن، نەک ستۆدیۆی هەواڵ، هەر کە دەمیش ئەکەنەوە دنیایەک هەڵەی زمانەوانیی و نەڕەنەڕ و بەیت و بالۆره و ڕابواردن و سوکایەتیی و قسەی بێمانا و سەدباره و فوکردن بە کەڕەنای حیزبایەتیی وەک شاره مێروولە لە دەمیانەوە دێنە دەرەوە .
بەو جۆرە مرۆڤەکانمان هەتا زیاتر تەماشای کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بکەن، گەمژەتر ئەبن.سەرخۆشتر ئەبن ..ئاڵودەتر ئەبن ..
ئیتر ئەم دۆخە بە لاڕێدا براوەی گوێگرتن و سەیرکردن، بە خێرایی تەشەنە دەکات و دەرەنجامی سەیر سەیری لێدەکەوێتەوە، بۆ نمونە خانمێکی پەرلەمانتاری حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر کەناڵێکی سەتەلایت کە هەموو دنیا ئەیبینن، ئەڵێ : ( چەندین ساڵە، یەک ڕۆژیش جلی دووبارەم لەبەر نەکردووە، هەر ڕۆژێک و جلێکی تازە ئەپۆشم !!)
کەواتە ئەمە نمایشکاری جل و بەرگە، نەک پەرلەمانتاری ئۆپوزیسیۆن و ڕیفۆرم و شۆڕش . . ئەوانەیشی دەنگیان پیداوە، بریتین لە تەماشاکاری جل و بەرگ و قەد و باڵا و لەنجە و لارەکەی ..لەوێدا ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی پەرلەمانتار و هاووڵاتییەوە، ئەوەی هەیه مۆدێلێکە لەگەڵ کۆمەڵێ هەوادار .
یان باسی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی دەروونیی بۆ خەڵکێک دەکەیت کە هەڵگری بڕوانامەن و له تەمەنیشدا هەڵکشاون، بۆت دەرئەکەوێ هەندێکیان سەیری کراسەکەت ئەکەن و یەکێکیان پێکەنینی بە لوتت دێت کە هەڵامەت هەم سووری کردۆتەوە و هەم ئەوەندەی تر گەورەی کردووە ..یەکێکی تریان چاوی بڕیوەتە پێڵاوەکانت و ئەڵێ : ئەو سکێچەره ئۆریجیناڵە یان کۆپیە ؟!! یەکێکی تریان بە چاوی گاکڕین تەماشات ئەکا و ئەڵێ : قەڵەو بوویت !
یان دەربارەی کتێبێک قسە بۆ خەڵکێک ئەکەیت، لە ناکاو پێت ئەبڕن، ئەڵێن دە بەسه، نۆرەی ئێمەیە ..
نۆرەی ئەوانە و هیچ بابەتێکیشیان پێ نییە بۆ قسە کردن، لە ڕاستیدا نۆرەی ئەوانە بۆ ئەوەی فۆکەسیان بخرێتە سەر و تەماشای کراس و پانتۆڵەکانیان بکرێت، بزانرێ کە تازەگیی پێڵاویان کڕیوە و عەتریان له ئەوروپاوە بۆ هاتووە .
یان بۆ ئاسانکردنی بابەتێک نمونەیەک باس دەکەیت، نمونەکە ئەبێتە بابەت و بابەتە سەرەکییەکە پشتگوێ دەخرێ، چونکە نمونەکە شتێکی ئاسان و خۆشە و مێشک ئازار نادات، پێویستی به بیرکردنەوە و قوڵبوونەوە نییە .. نازانیت چۆن ئەو هەموو شەمەندەفەرە لە هێڵ لادراوە بگەڕێنیتەوە بۆ سەر هێڵەکانیان ؟ بۆ نمونە باس لە گرانکردنی دەسکرد دەکەیت کە لەلایەن دەسەڵاتی دژ بە هاووڵاتیانەوە پەیڕەو دەکرێ، کاتێ سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی موڵکی هەمووانە و ئەبێ هەمووان به خۆڕایی لێی سوود مەند بن، وەک چۆن بەڕازیلییەکان هەموویان لە بەهرەی فتبۆڵ سودمەند بوون و بووە بە یارییەکی میللیی، وەک چۆن کوێتییەکان لە ناز و نیعمەتی نەوت سوودمەند بوون و ڕێژەی هەژاریی تیایاندا سفرە، کەچی لای ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ نەوت گرنتر ئەکرێ لەسەر هاووڵاتیی، ئەمڕۆ من بەرمیلێک نەوتم کڕی بە 130 هەزار ..لە پڕ یەکێکت لێ ڕاست ئەبێتەوە ئەڵێ وەڵا بە 125 هەزار بوو ..دانەیەکی تریان ئەڵێ لە بانی مەقان بتوانیت ئاودیوی بکەیت بە 40 هەزارە .. یەکێکی تریان ئەڵێ من هاوین دەستم وەشاند بە 115 هەزار کڕیم .. ئیتر بابەتە سەرەکییەکە وون ئەبێ و دانیشتنەکە ئەبێ بە بەرمیلە نەوت و هەر هەموویشیان لەو بوارەدا قسە و سەرگوزشتەی خۆشیان هەیه.
بەو جۆره کۆمەڵگا ئەبێتە گۆڕستانی مەعریفە ..خەڵکەکەی ئەبن بە پەیکەری ڕەنگا و ڕەنگ ..دیالۆگ نامێنێ .. ئاڵ و گۆڕی زانیاریی کۆتایی دێت.. مێشکەکان ئەپوکێنەوە ..خەڵکەکە هەموو ئەبن بە نمایشکاری جل و ماکیاج و پێڵاو و عەتر و سمێڵ و لێوی فوتێکراو .. کتێب پشتگوێ دەخرێت .. ڕووکەش ئەبێتە گرنگترین شت،هەتا نانەواخانەیش بچیت ئەبێ وەک بوک و زاوا ڕووکەشت بڕازێنیتەوە ..
من وەک خۆم ئەگەر ووتەیەکم هەبێ بۆ هاوڕێیان لە تۆڕی کومەڵایەتیدا، لە ژوورێکی تاریکدا ووتەکەم بڵاودەکەمەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە جل و بەرگ و دەم و لوت و ڕەنگی چاو و سەری کەچەڵ و شتەکانی ترمەوە سەرقاڵ نەکەن و .. گوێ لە ووتەکە بگرن .. داواکارم لە هەموو ئەوانەیشی ووتە و ووتاریان پێیە، لە تاریکیدا ووتارەکانیان پەخش بکەن، بەڵکو هێواش هیواش تاکەکانی کۆمەڵگا واز لە نمایشکاریی و ڕوکەشیی دەهێنن .. فێری گوێگرتنی ڕاستەقینە و سەیرکردنی زانستیی دەبن ..داواکارم هەموو کەناڵەکان ڕەش بکەنەوە ..لەو گەڕەلاوژێ بێ سوود و ڕووکەشانە وەرنە دەرەوە .. ئەوسا بۆتان دەردەکەوێ چی قەوماوە …بە هۆش دێنەوە چی فەوتاوە و چ تەمەنێکتان بە با دراوە.
نەوزاد بەندی