نامه‌یه‌كی كراوه بۆ ئه‌حمه‌د تاقانه … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
كاكه ئه‌حمه‌د ڕۆژێكی خۆشی هاوینه، سایه‌ی گه‌وره‌ی یه‌كه‌م ڕۆژی ڕه‌مه‌زانه: 18\6\2015. ڕۆژێكی پڕ ژیان و گه‌شه‌یه. كاریگه‌ری له‌سه‌ر زه‌ینییه‌ت و بینینی هه‌مه‌چه‌شنم بۆ ژیان و دنیا داناوه، سه‌كۆیه‌كی به‌رهه‌مهێنه بۆ ڕوانین و خۆبه‌رجه‌سته‌كردن. به‌وه‌ی له ماڵه‌كه‌مدا به‌چكه كێشكهیهك له هێلانه‌كه‌ی به‌رببووه‌وه.
زیاتر له پازده ڕۆژ له‌ژێر فێنكایی موبه‌ریده‌دا ئاو و دانم ده‌دایه و به‌ده‌وریه‌وه بووم و به‌رچاویم به ئه‌شقی خودایی ڕه‌نگڕێژ ده‌كرد، تا باڵه‌كانی هێزی فڕینیان تێدا گه‌ڕا. به‌چكه كێشكه‌ی چاو به تاسه‌م به ماچه كپ و بێ ده‌نگه‌كانم له باوه‌شمدا گه‌وره كرد، بیریشم له‌وه ده‌كرده‌وه ده‌بێت به ژانی هێلكه ترووكانی. واته: به ژانی له‌دایكبوونیه‌وه چه‌ند تلابێته‌وه، ئه‌م سبه‌ینه‌یه له دۆخی تینی سۆز و ڕۆحانیدا، كه له‌گه‌ڵ دڵی خۆتدا ده‌بیت به یه‌ك، مۆسیقای باڵه‌كانی بۆ لێدام و گۆرانی پێ‌زانین و ماڵئاوایی به كه‌شوهه‌وای ئاشتی به‌خشی، منیش له دڵه‌وه به‌ڕێم كرده دنیای ئازادیی خۆی و سایه‌ی گه‌وره‌ی خودا. ئه‌و دنیایه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر زه‌ینییه‌ت و بینینی هه‌مه‌چه‌شنه‌م داناوه و نه‌رمه شه‌پۆلی لێم ده‌دا.
به په‌یام و ئاكاری كاره‌م هێنده‌ی نووسینی كۆشیعرێك دڵخۆش بووم و جوانی و دڵباشی و پشووی ده‌روونیم دۆزییه‌وه. هه‌مان ڕۆژیش مووچه‌م وه‌رگرت، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م خۆمان ئاماده‌كرد بچینه بازاڕ و ته‌واوی پێویستییه‌كانی خواردنی ئه‌م مانگه بكڕین، له دووكانی گۆشتفرۆشه‌وه ده‌ستمان پێكرد، له یه‌كه‌م ده‌ستپێكردنه‌وه گیرفانیان بڕیم و ته‌واوی مووچه‌كه‌یان لێ دزیم. ئه‌م كاره نه‌ته‌ی پێ به‌رنه‌دام، گه‌شه و خۆشی و جۆش و ته‌زووی خسته ده‌مار و خوێنم. دڵنه‌وایی خێزان و منداڵه‌كانم به‌وه ده‌دایه‌وه و ده‌مگوت: له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ی گیرفانی بڕیوم بۆ ئه‌وه‌ی بووبێت تا پێویستییه‌كانی خواردنی ئه‌م مانگه‌یان بكڕێت. نازانم هه‌ڵزه‌قینه‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوه بوو، یان خۆبه‌ختكاری و هه‌ست پێكردنی خۆی.
هه‌رچی پاره‌مان له ماڵدا هه‌بوو، خێزانه‌كه‌م خستییه ناو جانتاكه‌یه‌وه، دووباره ڕێگای بازاڕمان گرته‌وه‌به‌ر، بایی شه‌ست و پێنج قاتی منداڵانی ته‌مه‌ن له نێوان یه‌ك و ده ساڵی كرد، هه‌موو منداڵه‌كانی خۆمم له‌گه‌ڵ خۆم برد و به‌سه‌ر خیوه‌تگای منداڵه ئاواره‌كانی كوردستانی ڕۆژئاوامان دابه‌ش كرد. ته‌نیا بیست و پێنج هه‌زار دینار له پارهكهماندا مایه‌وه، ئه‌ویش به‌نزینمان پێ له ئۆتۆمبێله‌كه‌مان كرد، ئه‌م سه‌ردانه وه‌رزشی چاو و دۆخێكی شیاو بوو، به به‌ختی زۆره‌وه خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی منداڵیی خۆمم وه‌رگرت، بینیم منداڵان عه‌لاگه‌ی نایلۆنیان كردووه به كۆلاره و له فێنكایی ئێواره‌دا هه‌ڵیانداوه. ئاشنابوونه‌وه به خودی خۆت، به‌هره‌مه‌ندبوون و به‌خت باشییه، زیاتر به دنیاوه ئومێده‌وار ده‌بیت.
كاكه ئه‌حمه‌د من كوڕه لادێییم (ده‌ربه‌ندی گۆم). به زه‌ینێكی زیندووه‌وه وێنه‌ی دیمه‌نه‌كانی ئێوارانی گوندم گرتووه ڕامكێشاوهته ناخی خۆمه‌وه، كه ئێواره‌ی هاوین ده‌یدایه فێنكی مه‌گه‌ر چۆن، ئه‌گه‌ر نا هه‌موو ڕۆژێك ده‌چوومه سه‌ربان و هه‌ر منداڵ و مێرمنداڵێك له‌سه‌ربانی ماڵی خۆمان، یان دوو دوو و سێ سێ له‌سه‌ربانی ماڵی یه‌كمان كۆده‌بووینه‌وه و كۆلاره‌ی خۆمانمان هه‌ڵده‌دا و داومان ده‌دایه، هاوارمان ده‌كرد: هه‌تاو جوانتره له مانگ، ڕۆژ جوانتره له شه‌و.
ماڵی ئێمه له لاپه‌ڕی گوند بوو، كه كۆلاره‌كه‌م هه‌ڵده‌دا به‌سه‌ر ته‌واوی گونددا ڕه‌ت ده‌بوو، له‌سه‌ر كۆلارهكهش ناوی دایك و باوكمم ده‌نووسی به‌وه‌ی وام ده‌زانی كۆلاره‌كه به‌رز ده‌بێته‌وه و دایك و باوكیشم به‌بێ هیچ دوودڵی و ئاسته‌نگێك ده‌گه‌ن به حزووری خودا و له خودا نزیك ده‌بنه‌وه، به نزا و داوایهكانیان ئێمه به ئومێد و شیاوی بوونی ئه‌زه‌لی ده‌گه‌یه‌نن، په‌یوه‌ندیی گیانیشمان له‌گه‌ڵ كه‌سی نه‌ناسراودا بۆ ده‌دۆزێته‌وه.
ڕۆژگار به ڕوخساری پڕٍ ده‌مامكیه‌وه هات و ده‌ستی خۆی وه‌شاند، له‌گه‌ڵ نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوولدا، گونده‌كان داگیران و وێران كران، ئێمه‌ش به‌ر زه‌بری دڕندانه كه‌وتین و ڕاگوێزراینه‌وه هه‌ولێر. ته‌ممووزی 1978 له گۆڤاری (ڕۆژی كوردستان)، ژماره (50) شیعرێكی كورتت به ناونیشانی (كۆلاره) بڵاو كرده‌وه. ئه‌م شیعره خه‌ڵات و نیشانه‌یه‌كی شانازی بوو، له شوێنی تایبه‌تی خۆیدا پێشكێش به منی دڵشكاو كرا و ژیانی ژیاندمه‌وه. له‌و ئازارانه ده‌دوا، كه من هه‌ستم پێده‌كردن و پێیان ده‌تلامه‌وه، خودایه ڕێگاكانت زۆر له‌وه به‌خشنده‌ترن، كه مرۆڤ هه‌ستی پێده‌كات: ئه‌و بڕوایه‌م لا دروست بوو، هه‌موو نووسینێك هێز و پێویستی و په‌یامی خۆی بۆ كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگا هه‌یه.
له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می هه‌موو ده‌فته‌ره‌كانی قوتابخانه‌دا نووسیبوومه‌وه، تا هه‌موو كات له‌گه‌ڵمدا بێت و لێم جیا نه‌بێته‌وه. وام ده‌زانی هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌مه، كه له گوند ئێواران به یه‌كه‌وه هه‌ریه‌ك له‌سه‌ربان كۆلاره‌مان هه‌ڵده‌دا و ناهێڵێت شل و شێواوبم و لێم جیا ببنه‌وه، به‌جێم بهێڵن و هاوڕێیه دڵسۆزهكانمن، كۆمه‌كم ده‌كه‌ن و كۆستم ڕاست ده‌كه‌نه‌وه و هه‌سته‌كانم ده‌پاڵێون. وشه‌ی ناهێڵێت وه‌ك ئه‌و ڕسته‌یه وایه: (له سه‌ره‌تادا وشه هه‌بوو). به‌ناو وشه و ده‌نگه‌كاندا ڕۆده‌چووم و هه‌ستی قووڵتر ده‌كردمه‌وه و چركه دڵگیره‌كانی منداڵی بۆ ده‌هێشتمه‌وه و زه‌ینیشی گه‌رم ده‌كردمه‌وه. ئه‌و هه‌موو كپی و خورپه‌یه‌ی شیعره‌كه بۆی په‌یدا كردبووم، ئێستا ناتوانم ده‌ربڕینی لێ بكه‌م، مه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و چركه بریندارانه‌ی تێیدا ده‌ژیام. ئه‌ویش مه‌حاڵێكی هێزی ده‌ربڕینه.
ئه‌ی له مۆخ و ده‌ماری پیت و وشه و ڕسته‌وه برای پشتم: بزانه شیعر چۆن مرۆڤ ده‌كاته مرۆڤێكی خه‌یاڵكرد و خه‌یاڵكراوه و یادهكانیشی ده‌پارێزێت، له ڕیشه‌وه‌ش دهیڕوێنێتهوه، سه‌رسوڕمانی وشه‌ی (ناهێڵێت) له یاددا ده‌هێڵێته‌وه و وه‌ك چه‌مكێكی گه‌رم چ شه‌رم و شانازییه‌كی به‌رانبه‌ر ده‌خوڵقێنێت. حیكمه‌تی به‌خته‌وه‌ریی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه، كه له بارودۆخی زۆر سه‌خت و دڵشكاندا یاده‌وه‌ریت بگرێته خۆی و بیلاوێنێته‌وه و ببێته ده‌ستی گه‌رمی سه‌ردڵت.
كۆلاره
نامیلكه‌یه‌كم له چاپ دا..
دانه‌یه‌كم به‌خشی به منداڵێكی ناو گونده‌كه‌مان
_منداڵانی گونده‌كه‌م هیچیان خوێنده‌وارییان نه‌بوو_!
په‌ڕی نامیلكه‌كه‌ی كردم به كۆلاره و..
ههڵیفڕاند..
له نێوان نامیلكه كۆلاره‌كه‌م و ده‌ستی بچكۆڵه‌ی منداڵی گوندهكهمدا
ده‌زوویه‌كی سپی.. پرده!!
كه ده‌زوو ده‌پسێ و كۆلاره سه‌ر هه‌ڵده‌گرێ
منداڵه‌كه به‌دوایدا ڕاده‌كا و.. ده‌گری..
ده‌یدۆزێته‌وه و.. ده‌یهێنێ
ده‌ینووسێنێ به سینگیه‌وه و..
به كۆڵانی گوندهكهمدا،
هه‌نگاو ده‌نێ..
شیعری چین چین و ئاستدار، دڵێكی به بڕوا و هۆشمه‌ند و سه‌رڕێژ له ژیان و بزوێنه‌ری ژیان به بوون و نهێنییه‌كانه‌وه ده‌ینووسێت، دڵێكی به بڕوا و هۆشمه‌ند و سه‌رڕێژ له ژیانیش. واته: خوێنه‌ری نموونه‌یی هه‌ستی پێده‌كات و ده‌یكات به حه‌ڵاڵزاده‌ی خۆی و شیری گه‌رم و چه‌وری دایكی. ئه‌م شیعره، لووتكه‌ی دره‌وشاوه‌ی ئه‌زموونی تۆیه، هه‌م له ڕووی زمانه‌وانی، هه‌میش له ڕووی ئێستێتیكی و بیری فه‌لسه‌فیشه‌وه. له هه‌مان كاتیش‌دا ماڵئاواییكردنه له ئه‌زموونی تۆ.
سه‌ره‌تا، تێگه‌یشتنی من بۆ شیعره‌كه ته‌نیا یاد و یاده‌وه‌ری و خۆخواردنه‌وه و سه‌كۆیه‌كی پشوودان بوو، به‌ڵام دوای پێداچوونه‌وه و به‌راوردكردن، زه‌مینه و ڕایه‌ڵ و تانوپۆ و ورده‌كارییه‌كانی، چه‌مكی نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوولی لێ ده‌ورووژێ، په‌یوه‌ندیی نێوان مێژوو و شۆڕشی داڕشتووه و به هه‌سته‌كانماندا ڕه‌ت ده‌بێت، بنه‌مای دنیابینییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت و له ناوه‌ندی بیركردنه‌وه‌مان جێگیر ده‌بێت، له یاد و بوون و هه‌ست و نه‌ستی خۆی و خۆمان نزیك ده‌كاته‌وه، ڕووداوی نسكۆ خێرا له شیعری نوێی كوردیدا گه‌شه‌ی كرد، كه‌مێك شیعری باش و شیعری خراپیشی زۆر به‌رهه‌م هێنا. بزانه: شیعر هاوكاری و ڕێنماییت ده‌كات بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی هه‌ست، چیرۆك و ڕۆمانیش هاوكاری و ڕێنماییت ده‌كات بۆ خۆشكردن و زیاتر بینینی زه‌مینه‌ی هه‌ست.
ئه‌فسوونی ئه‌و دوو جیاوازییه ئه‌وه‌یه، شیعر هه‌ست قووڵده‌كاته‌وه، چیرۆك و ڕۆمانیش هه‌ست ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، له‌و نه‌رمه له‌رزه شاراوه‌یه‌ی له كات و ناكاتدا مرۆڤ ده‌گرێت. قووڵكردنه‌وه‌ی هه‌ست، بیركردنه‌وه‌ش به‌هێز ده‌كات، سه‌ره‌كیترین خه‌سڵه‌ته، كه شیعری بێگه‌رد ده‌ستنیشان ده‌كات. شیعره‌كه له ناوه‌رۆك و پێكهاته‌یدا شیعرێكی هێمایییه، به‌ڵام هێمایییهكی خودی لێڵ نییه، هێمایه‌كه ده‌بێته گه‌شه و په‌یوه‌ندیی گشتی كۆمه‌ڵگا و پرسێكی بڵاو و زاندراو و چاره‌نووسساز، واته: گه‌شه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیی گشتی كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌می ده‌هێنێ و له‌ناو مانه‌وه‌ی خۆیدا دایده‌مه‌زرێنێ و ده‌بێته ناسنامه‌ی، یان ناسنامه‌ی ده‌داتێ، كه به‌و شێوه‌یه‌ش ناسرا، زیاتر خۆشویسترا. له‌ناو هه‌ناسه سارد و زیندووهكانماندا، گیانی گشتی تێدا ده‌خولایه‌وه.
ئه‌و زه‌مینه‌ت خۆش كردووه و ده‌سه‌ڵات و هێزی ده‌ربڕینی خۆت تێدا تاقیكردووه‌ته‌وه، له‌و خاڵه تاقیكراوهشدا پێوانه‌ت بۆ بوون و شادبوونه‌وه به خودا و شادییه‌كی بۆ كۆتایی داناوه، یان ژیان له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تدا به‌ڕێوه ده‌به‌یت. ئه‌و هه‌قیقه‌ته ئه‌ندێشه كراوه‌ی له هێزی ده‌ربڕینی خۆته‌وه خاڵت بۆی داناوه و بینینی خۆت تێیدا ڕوون كردووه‌ته‌وه، بڕوابوون به خۆت، له خۆتدا دروست كردووه، حیكمه‌تی به‌خته‌وه‌ریی ڕاسته‌قینه‌ت له‌بیر نه‌بردووه‌ته‌وه. ئێستا له ته‌مه‌نی ڕامان و سه‌رنجدانم، به‌ڵام شیعره‌كه هه‌ر ده‌سته گه‌رمه‌كه‌ی سه‌ردڵمه، ڕه‌نگه چه‌ندان ساڵی تریش ده‌نگی ئه‌و ده‌سته گه‌رمه‌ی سه‌ردڵم هه‌ر ببیستێت و به‌رده‌نگی هه‌بێت.
نووسین گرینگ‌ترین و یه‌كه‌م ئامرازه بۆ نه‌مركردنی هه‌سته‌كانی مرۆڤ و پێویستییه‌كانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ژیان له هه‌ر قۆناخێكدا. هه‌م له‌باری خۆشی و هه‌م له باری ناخۆشییه‌وه‌ش. هه‌ر نووسینه كارامه‌یی و لێهاتوویی مرۆڤی نه‌مر كردووه، هه‌ست و بیركردنه‌وه و ئه‌زموونیانی پاراستووه و هێشتوونییه‌ته‌وه، ناهێڵێت ئێمه له یادیان بكه‌ین، له ڕیشه‌وه‌ش دهیانڕوێنێتهوه. سه‌رسوڕمانی وشه‌ی ناهێڵێت قه‌ڵغان و زرێپۆشێكه ته‌نیا داهێنان توانای ڕاگرتنی به‌سه‌ر سه‌ری مرۆڤه مهزنهكانهوهی هه‌یه. ئاوێنه‌ی داهێنان له هه‌موو ئاوێنه‌كانی تر تاسه‌دار و رێ ڕاستتره بۆ ڕاستگۆیی، ڕێ خوار ئه‌و نووسه‌ره‌ی له‌به‌ر ئاوێنه‌دا ده‌موچاوی ڕێڕێ و به‌ڵه‌ك ده‌ربكه‌وێت، یان ئاوێنه‌ی درۆزن ڕه‌نگی ده‌موچاوی خۆی پێ بناسێنێته‌وه .
له ئه‌ده‌بی كوردیدا دوو بزووتنه‌وه‌ی نوێبه‌خشی سه‌ری هه‌ڵداوه، له حه‌فتایه‌كان: (ڕوانگه) و له ههشتایهكانیش: (پێشڕه‌و). له هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌كه‌دا بۆچوونی خۆت له دوو وتاری جیا جیادا ده‌ربڕیوه، له‌باره‌ی ڕوانگه‌وه له ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره (35)ی ساڵی (1971)دا، به ناونیشانی (ڕواڵه‌تی هه‌ڵبه‌ستی نوێ)، له‌باره‌ی پێشڕه‌ویش له هه‌مان ڕۆژنامه‌دا، ژماره (1082)ی ساڵی (1989)دا، به ناونیشانی (له‌باره‌ی هه‌ندێك لایه‌نی هونه‌ریی شیعری نوێوه). له هه‌ردوو وتاردا له‌گه‌ڵیاندا نیت. تاڕاده‌یه‌كیش دژی و توندیشی، له كاتێكدا ئه‌م دوو بزووتنه‌وه‌یه خاڵی وه‌رسووڕان و دۆخگۆڕینن، جۆرێك گۆڕانكارییان له بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ریشدا به‌دی هێنا. له‌م پێودانگه‌دا پێویسته نوێبه‌خشیی كار و به‌رهه‌م بكرێته پێوه‌ر، ئه‌گه‌رنا نه‌زانین داگیر و بێ بڕوامان ده‌كات. له‌م بۆچوونانه‌تدا به ڕوونی دژی نوێبه‌خشی، نوێبه‌خشیی ئه‌م دوو بزووتنه‌وه‌یه، نه‌ك نوێبه‌خشی به‌گشتی. له هه‌ردوو وتاریشدا بنه‌مای دژبوونی خۆت ڕوون نه‌كردوونه‌ته‌وه.
تا به‌رانبه‌ر قه‌ناعه‌ت به بۆچوونه‌كانت بهێنێت، به‌ڵكو هه‌ر ئاماژه‌ی ڕۆژنامه‌وانین، بێ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنیت ئه‌وه ڕاستیی من و ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌ی ئه‌وان. ئه‌گه‌رچیش تێگه‌یشتن له شێواز و پێكهاته‌ی نوێبه‌خشی له پله‌ی جیاوازدایه. ئه‌م جیاوازییه‌ش بووه‌ته بابه‌تی سه‌رنجدان و پێداچوونه‌وه و به‌راوردكردن، هه‌روه‌ها له یه‌كه‌م بۆنه‌ی خه‌ڵاتی ده‌زگای ئاراس بۆ كتێب، له 26/12/2004 له هه‌ولێر، له هۆڵی ئوتێل شیراتۆن، كه ئه‌م نووسه‌رانه خه‌ڵات كران: (د. مارف خه‌زنه‌دار، حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، ئه‌حلام مه‌نسوور، فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، د. مونزیر فه‌زل).
به‌شێكی زۆری ئه‌دیبانی كوردیش بانگهێشتی ڕێوڕه‌سمی خه‌ڵاتكردنه‌كه كرابوون، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری كه‌ركووكی له‌گه‌ڵ (سه‌باح ئیسماعیل) له‌سه‌ر مێزێك دانیشتبوون، ناسینی خوالێخۆشبووان: (عه‌باس عه‌سكه‌ر، ئه‌حلام مه‌نسوور، محه‌مه‌د سابیر مه‌حموود). نایشارمه‌وه بۆ من خۆشه‌ویستی و ئاكاری نوێ بوون. عه‌باس عه‌سكه‌ر به ده‌نگێكی ئاوازداره‌وه، ده‌نگی به‌رز كرده‌وه و به منی وت: (سه‌یابی كورد، سه‌یابی كورد). له خۆشحاڵیی ناسینماندا ڕیزێك قاوه‌ی گه‌رم و شیرینی داوا كرد، به ده‌ستی خۆشی پێشكێشی ئاماده‌بووانی كرد. ماوه‌یه‌كی پێچوو كتێبێكی به ناونیشانی (كلمات تغدو نحو الینابیع) چاپ كرد، شیعری بیست شاعیری كوردی بۆ عه‌ره‌بی وه‌رگێڕابوو، سه‌رنج و تێبینیشی له‌باره‌وه نووسیبوون، له بۆنه‌ی دووه‌می هه‌مان ده‌زگا و خه‌ڵاتكردندا، كه ببووه نه‌ریتێكی ساڵانه.
(عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج) به زه‌رده‌خه‌نه و ته‌وسه‌وه پێی‌گوت: ئه‌رێ ئه‌وه خێره شیعری سه‌یابی كوردت هه‌ڵنه‌بژاردووه، وه‌ك سڵه‌مینه‌وه و به‌خۆدا شكانهوهیهك گوتی: شیعره‌كانی ئاڵۆزن و دامه‌زراندنی سه‌ره‌تا و درێژه پێدانی ناوه‌ند و كۆتایی پێهێنانی بۆ من ڕوون و دیار نییه، كه‌چی: (محه‌مه‌د سابیر مه‌حموود) گوتی: جیاوازی له نێوان ئاڵۆزی و قووڵی زۆره، تۆ هه‌ستت به جیاوازییه‌كان نه‌كردووه. شیعره‌كانی ئاڵۆز نین، به‌ڵكو قووڵن. من به خۆشحاڵی و لێزانییه‌وه وه‌ریده‌گێڕم، وابوو به جیا جیا دوو جار شیعری وه‌رگێڕام. جاری یه‌كه‌م، له گۆڤاری (الصوت اڵاخر) ژماره (150)ی حوزه‌یرانی 2007 بڵاوی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی تریش، یان له هه‌مان گۆڤار بوو، یان گۆڤارێكی تر بوو، ببووره زه‌ینم ناچێته‌وه سه‌ری.
خودا شیرپاكیی ئه‌ده‌بی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی بێوێنه‌ی پێ به‌خشیوم، ناتوانم هه‌ست و سه‌رسامبوونی خۆم به‌رانبه‌ر ئه‌ده‌بی باڵا و ئێستێتیكی بشارمه‌وه، ئه‌گه‌رچی له‌م ڕووه‌وه‌ش تووشی ئا و نا و لێپێچینه‌وه و لێپرسینه‌وه‌ش بوویمه. حوزه‌یرانی 2015 له گۆڤاری ڕامان، ژماره (206) شیعرێكی (ئازاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د) به ناونیشانی: (سوبحی و سوهه‌یله) بووه مایه‌ی داگه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و ناوه‌وه و پێداچوونه‌وه و به‌راوردكردنم.
زمانی ئه‌م شیعره هێزێكی یاده‌وه‌ری دروست ده‌كات و وێنه‌كان له یاددا له گفتوگۆی ئه‌زه‌لیدا ده‌هێڵێته‌وه، هه‌روه‌ها شوباتی 2013 له گۆڤاری 23، ژماره (10) شیعرێكی (ئه‌دیب نادر)یش به ناونیشانی: ( سه‌رگۆن پۆڵس) بووه مایه‌ی داگه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و ناوه‌وه و پێداچوونه‌وه و به‌راوردكردنم. ئه‌میش هه‌ستێكی بێوێنه‌ی بۆ دروست كردم و چێژی ئێستێتیكی و یاده‌وه‌ریت ئاماده ده‌كاته‌وه بۆ به‌دواداچوونی چێژی ئێستێتیكیی یاده‌وه‌رییه‌كانت و بوونی شاعیریه‌تی سه‌رگۆن پۆڵس ده‌كه‌وێته ناو یادهوهرییهكانتهوه.
ئێمه سێ شاعیر له چایخانه‌ی مه‌چكۆ دانیشتبووین، قسه و گفتوگۆی نێوانمان له‌باره‌ی پێویستیی ئه‌ده‌ب و كاریگه‌ری ئه‌ده‌ب بوو. (مه‌ولوود ئیبراهیم حه‌سه‌ن) له ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ژماره (101)ی ساڵی (1992)دا چیرۆكێكی نایابی به ناونیشانی: (مه‌رگی سه‌گ) بڵاوكردبووه‌وه، تانوپۆ و ڕامانی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه ڕاگوێزانی گونده‌كانی كوردستان بوو، گرینگییه‌تی ڕۆڵی نووسینی ورووژاند، به‌وه‌ی به‌شێك له گیانی ڕووخاوی كوردی وه‌ك هێزی ڕۆح و هێزی جه‌سته بنیاد نایه‌وه. كاری داهێندراو به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه گرینگییه‌ك ده‌ورووژێنێت.
له دۆخی خوێندنه‌وه‌دا هه‌رسێكمانی سه‌رسام كردبوو، له‌ناو سه‌رسامیی خۆماندا له باس و ستایشی چیرۆكه‌كه‌دا مه‌ست و ئاسووده بووین و سامانی دنیامان له‌ده‌ست بوو، چیرۆكه‌كه هی من بوو، به‌ڵام ئه‌م دایڕشتبوو. له‌و كاته‌دا چیرۆكنووس له ده‌رگای مهچكۆوه ده‌ركه‌وت. هه‌ر به چاو نیاز و شوێنی دانیشتنی خۆی له نێوان ئێمه‌دا ده‌ستنیشان كرد، دوو براده‌ره‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ هۆیه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی پرۆژه‌ی شۆڕشێكی نهێنی نه‌زاندرێت، زۆر به پڕتاو و سڵه‌مینه‌وه و به ده‌موچاوێكی خامۆشه‌وه گوتیان: با خۆمان له‌م بابه‌ته لابده‌ین، بێده‌نگ بین، تا به‌خۆیه‌وه نه‌نازێ، كه چیرۆكێكی كاریگه‌ر و سه‌ركه‌وتووی نووسیوه و به‌سه‌رمانه‌وه ببێته سهركهڵهبابی بانگدان. قسه ئاكارێكی خودییه و كردنی ئاسانه. له هه‌مان كاتیش‌دا په‌یوه‌سته به كه‌سایه‌تیته‌وه، به‌ڵام پێویسته پێش ئه‌وه‌ی قسه بكه‌یت به قووڵی بیرت كردبێته‌وه، له‌م ئه‌نجامه‌دا قسه‌ت ناسنامه و كه‌سایه‌تییه‌كت بۆ به‌جێ ده‌هێڵێت.
ئایه له دۆخی شته‌كاندا خاوه‌ن بڕیاری ته‌ندروستی، یان قسه‌ی هه‌ڵبزڕكاو. ئاخۆ به‌م درۆ له‌گه‌ڵ خۆكردنه له بایه‌خی داهێنان كه‌م ده‌كرێته‌وه، یان ئه‌و ناخ شاردنه‌وه‌یان بۆ خۆبه‌زلزانین به‌كارهێنا. ناخ شاردنه‌وه و خۆبه‌زلزانین خراپه‌ت ده‌هێنێته ڕێ و ئازایه‌تی داهێنانت له‌ناودا ده‌پووكێنێته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ناخ ئاشكراكردن ئازایه‌تی داهێنانت له‌ناودا ده‌ته‌قێنێته‌وه هه‌موو ههستهكانیشت ئاماده ده‌كات بۆ دۆخی نووسین و داهێنان، نیازی هۆشیارانه و هه‌ست دروستكردن له ده‌قدا خه‌بات و تێكۆشانه له پێناو ئازادیی داهێنان و ئازادیی ئه‌ده‌ب و پێویستیی ئه‌ده‌ب و كاریگه‌ریی ئه‌ده‌بدا.
كاكه ئه‌حمه‌د تاقانه له ژیانی ئه‌ده‌بیاتی تۆدا ئه‌وه‌ی زۆر جێگای په‌سندیی منه و ئه‌فسوون لێكراوم بۆی، ئه‌وه‌یه ژیان به چه‌شنێكی باوه‌ڕپێنه‌كراو ده‌بینی. هه‌میشه‌ش به‌سه‌ر خودی به‌د زاڵی، خۆشت له دیمانه و گفتوگۆی ڕۆژنامه‌وانی و هه‌وڵ و هه‌نگاو و تیشكۆی كاتی پاراستووه، ئه‌مه‌ش كاكڵه‌یه و یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین خه‌سڵه‌ته‌كانی پیاوی بێ نیاز و بێ ناز و دان به‌خۆداگره، یان ئه‌و پیاوه متهسهووفانهی له بیركردنه‌وه‌ی وشه‌دا، ده‌گه‌ن به سیسته‌می كه‌ماڵ و قووڵترین په‌یوه‌ندی داده‌مه‌زرێنن و كاریگه‌ریی ئاخاوتن ده‌دۆزنه‌وه. ده‌یانه‌وێت نادیاربن و كه‌س نه‌یانناسێت، نه‌ك له ده‌مه‌بۆڵه و هه‌ڵه‌وه‌ڕی و دڵڕه‌شی و ده‌ستپیسی. ئه‌و ڕسته و وێنانه‌ی له وێناكردنی ژیان و سه‌رچاوه‌ی بێگه‌ردیی خه‌یاڵه‌وه پێیان گه‌یشتووی، ئه‌و شتانه‌ن له ژیاندا په‌سندت كردوون و ویستووته نهزاندراوییان پێ بدۆزییه‌وه و ئاشكرای بكه‌یت، ئه‌گه‌رچی شیعر له توانایدا نییه هیچ نهزاندراوێك بدۆزێته‌وه و ئاشكرای بكات، به‌ڵام له‌وانه‌یه بیهێنێته به‌ر زه‌ین و ئاماژه‌ی پێبدات، بۆ خۆدۆزینه‌وه‌ش جۆرێك پێشوازیت لێ بكات و یارمه‌تیت بدات پرسیاری زیاتر له ده‌وری خۆتدا بخولێنیته‌وه و بتخاته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ و نوێبه‌خشییه‌وه و هه‌سته‌كان گه‌شه پێبكات، هه‌سته‌كانیش له هه‌وڵ و هه‌نگاوی ئه‌وه‌دان، بزانن مرۆڤ بۆچی وا بیر ده‌كاته‌وه .
حوزه‌یرانی 2015 هه‌ولێر