Skip to Content

رەگەزپەرستی و دڵپیسیی و ئیرەیی لە شانۆگەری ئۆتێلۆ-دا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

رەگەزپەرستی و دڵپیسیی و ئیرەیی لە شانۆگەری ئۆتێلۆ-دا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Be First!
by تشرینی یه‌كه‌م 12, 2025 General, Literature



یەکێک لە کارە جوانەکانی شکسپیر شانۆگەری (ئۆتێلۆ)یە، کە لە زمانی عەرەبیدا بە (عطیل) ناسراوە. ئەم شانۆگەرییە لە کارەکانی تری جیاوازە، چونکە باسی کۆمەڵێک بابەتی فکریی و فەرهەنگی و ئەدەبی جیاوازی کردووە لەپێش هەموویانەوە مەسەلەی (رەگەزپەرستی، دڵپیسی، ئیرەیی، خۆشەویستی)، ئەمانە بوونەتە بابەتی سەرەکی ئەم شانۆگەرییە، کە هەتاوەکو ئەمڕۆش بە زیندووێتی ماوەتەوە.
شکسپیر ئەم شانۆگەرییەی ساڵی 1605 بڵاوکردۆتەوە، کە لە پێنچ بەش پێکهاتووە. بە یەکێک لە کارە جوانەکانی دادەنرێت، دەتوانم بڵێم (ئۆتێلۆ) لەچاو بەرهەمەکانی تریدا زیاتر قسەی لەبارەوە کراوە، لێرەشدا ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە زۆر گرنگە، چونکە کاتێک سەیری ئەو پرسە گرنگانە دەکەیت، کە شکسپیر باسیکردوون بۆ ئەو سەردەمە زۆر گرنگ بووە، بەتایبەتی مەسەلەی (رەگەزپەرستی) بەرامبەر کەسانی رەشپێست، زۆر کەم بووە.

ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە
ئۆتێلۆ یان (عطیل) سەرکردەیەکی سەربازییە بە بنەچە خەڵکی (مەراکیشە)ە، بەڵام خزمەتی حکومەتی ڤێنیسیا دەکات، ناوەکەی (عطیل) لە وشەیەکی عەرەبییەوە هاتووە چەند مانایەک دەبەخشێت، یەکێک لەو مانایانە لە (عطل یان عاطل)ەوە هاتووە، مانای کەسێکی بێکار دەگەیەنێت، بەپێی وتەی خەلیل مەتران، کە شانۆگەرییەکەی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە عەرەبی، پێی وایە پێشتر ئەو ناوە لەناو عەرەبدا بۆ کۆیلە رەشپێستەکان بەکاردەهێنرا، بەڵام ئەم شانۆگەرییە لە جیهاندا زیاتر بە (ئۆتێلۆ) ناسراوە.
عطیل ماوەیەک خزمەتی کۆشکی دەسەڵاتی ڤێنیسیا دەکات، دواتر بە حوکمی ئەوەی کەسێکی زیرەک و ئازایە، دەتوانێت متمانەی دەسەڵاتدارانی ڤێنیسیا بەدەستبهێنێت و دەبێتە سەرکردەیەکی سەربازی. عطیل حەز لە (دێزدەمونە) کچی (برابنسیو) دەکات، کە نەجیبزادەیەکی ڤێنیسیایە، پاش ئەوەی باوکی بەم چیرۆکی خۆشەویستییە دەزانێت، دەیەوێت عطیل بکوژێت و سزای بدات، دەچێت لە لای دەسەڵاتدارانی ڤێنیسیا سکاڵای لێدەکات، بەڵام دواتر رێکدەکەون و دێزدەمونە دەخوازێت. پاشان حاکمی ڤێنیسیا عطیل دەنێرێت بۆ قوبرس، چونکە ئەم مەملەکەتە رووبەڕووی هێرشی سەربازیی تورکەکان بۆتەوە و دەیانەوێت داگیریبکەن، ئەویش بە سوپایەکەوە دەچێت بە هانای گەلی قوبرسەوە، بەڵام لێرە خۆی رووبەڕووی کارەساتێکی گەورە دەبێت، لەمەشدا کەسانی خراپ رۆڵی سەرەکی دەگێڕن بەتایبەتی (یاگۆ)، کە ئەفسەرێکی نزیک خۆیەتی، رۆڵی خراپ دەگێڕێت و دەستدەکات بە فیتنەگێڕیی و هانی عطیل دەدات، کە دژی ژنەکەی بوەستێتەوە و تووشی دڵپیسی دەکات و پێی دەڵێت، (دێزدەمونە)ی ژنی پەیوەندی نهێنی لەگەڵ (کاسیۆ) هەیە، کە ئەویش ئەفسەرێکی نزیک خۆیەتی. دواجار ئێرەیی و دڵپیسی زاڵ دەبێت بەسەر عطیل-دا، دەچێت کاسیۆ و ژنەکەی بکوژێت، لە کۆتاییدا ژنەکەی دەکوژێت بەمەش کارەساتێکی گەورە دەخوڵقێت، چونکە پاش کوشتنی دێزدەمونە، عطیل بۆی دەردەکەوێت، کە ژنەکەی، ژنێکی دڵپاک و میهرەبان بووە و هیچ پەیوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ کاسیۆ نەبووە، ئەمەش لە کۆتایی شانۆگەرییەکەدا (ئیمیلیا)ی ژنی (یاگۆ) هەموو راستییەکانی بۆ ئاشكرا دەکات و پێیدەڵێت، کە مێردەکەی درۆی بۆ هەڵبەستووە و سەرچاوەی هەموو ئاژاوەکەش بووە.

سەرچاوەی حیکایەتەکە
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، شکسپیر بابەتی سەرەکی ئەم شانۆگەرییەی لە کۆمەڵە چیرۆکەکانی نووسەری ئیتالی گیامباتیستا گیرالدی (ساڵی 1504 لەدایکبووە و ساڵی 1574 کۆچی دواییکردووە) وەرگرتووە، کە ساڵی 1565 بڵاویکردوونەوە و پاشان بۆ زمانی فەرەنسیی و ئینگلیزی وەرگێڕدراون، بەڵام شکسپیر توانیوویەتی دەستکاری چیرۆکەکە بکات بەتایبەتی کۆتایی حیکایەتەکە، چونکە لە دەقە ئەسڵییەکەدا، عطیل هەوڵدەدات رابکات لە سزادان، بەڵام لە شانۆگەرییەکەدا وانییە. جێگەی ئاماژەیە شکسپیر بەشێک لە شانۆگەرییەکانی، سوودی زۆری لە ئەدەبیاتی ئیتالی وەرگرتووە بەتایبەتی هی سەدەکانی ناوەڕاست، کە بە ئەدەبی کلاسیکی ئیتالی ناسراوە.

چاکە و خراپە
یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ئەم شانۆگەرییە، دەرخستنی (چاکە و خراپە)یە، لەم شانۆگەرییەدا لە رێگەی دروستکردنی چەند پاڵەوانێکەوە، هەستی چاکەخوازیی کە زیاتر لە (ئیمیلیا) ژنی (یاگۆ)دا دەردەکەوێت، بە پێچەوانەی مێردەکەیەوە، کە کەسێکی خراپەکار، درۆزن، فیتنە و ئاژاوەگێڕ و رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە کارەساتی ئۆتێلۆدا. لەمەشدا شکسپیر دوو دیوی مرۆڤی دەرخستووە.

دڵپیسیی و ئیرەیی
بابەتێکی تری سەرەکی ئەم شانۆگەرییە، مەسەلەی (دڵپیسی و ئیرەیی)یە. دڵپیسی یەکێکە لە سیفەتەکانی مرۆڤ کاتێک تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت چ ژن، یان پیاو، کارەساتی گەورە دەخوڵقێنێت، ئەم دڵپیسییە هەموو جوانییەکانی خۆشەویستیی و ژیان لەناودەبات، عطیل چەندە عاشقی (دێزدەمونە) بوو، بەڵام نەیتوانی پارێزگاری لە خۆشەویستییەکەی بکات و خۆی رادەستی (دڵپیسی) کرد، کە ئەمەش تەواوی ژیانی خۆی و خۆشەویستەکەی دەگۆڕێت و لەناویدەبات. لەلایەکی ترەوە پرسی (ئیرەیی) بابەتێکی تری سەرەکی ئەم شانۆگەریەیە، چۆن عطیل دەبێتە جێگەی چاوچنۆکی دەوروبەری، کەسە نزیکەکانی لە پێش هەموو کەسێکەوە، ئیرەیی پێدەبەن و پیلان لە دژی دەگێڕن.

رەگەزپەرستی
گرنگترین خاڵ بەلای منەوە دەرخستنی فکری (راسیزم و رەگەزپەرستییە)، چونکە ئەم شانۆگەرییە پێش 400 ساڵ نووسراوە، لەو زەمەنەشدا کەم کەس درکی بە مەسەلەی رەگەزپەرستی کردووە، ئەمەش بلیمەتیی و زیرەکی شکسپیر دەردەخات، کە چۆن ئەوکاتە درکی بە گرنگی ئەم بابەتە کردووە، چۆن رەگەزپەرستی دەبێتە هۆی تێکدانی جوانترین حیکایەتی خۆشەویستی، چۆن کەسانێک کە رەنگ و کەلتوریان جیاوازە، دەبنە نێچیر بۆ خەڵکانی ناحەز و دڵپیس.

خۆشەویستی
خۆشەویستی بابەتێکی گرنگی تری ئەم شانۆگەرییەیە، شکسپیر لەرێگەی خۆشەویستی( عطیل و دێزدەمونە) پێماندەڵێت، کە خۆشەویستی هیچ سنوورێکی جوگرافی، فەرهەنگی، رەنگی پێست و رەگەزێک نازانێت. چیرۆکی خۆشەویستی نێوان عطیل و دێزدەمونە، هیچی لە چیرۆکە خۆشەویستییەکانی تر کەمتر نییە، چۆن دێزدەمونە ئامادەیە واز لە بنەماڵە و وڵات بهێنێت لەبەر خاتری خۆشەویستەکەی، بەڵام بەداخەوە خۆشەویستەکەی دواجار تووشی دڵپیسی دەبێت و دەیکوژێت.

داگیرکاری تورک
لەم شانۆگەرییەدا لایەکی لە مێژووی قوبرس کردۆتەوە، کە چۆن هەمیشە رووبەڕووی داگیرکاریی تورکەکان بۆتەوە، ئەمەش لە رووی مێژووییەوە گرنگە و لاپەڕەیەکی پرشنگداری گەلی قوبرس دەردەخات.
جێگەی ئاماژەیە ئەم شانۆگەرییەی شکسپیر، کاریگەری گەورەی لەسەر ئەدەب بەگشتی و شانۆ بەتایبەتی هەبووە و هەتاوەکو ئێستاش لە جیهاندا لەسەر تەختەی شانۆ نمایشدەکرێت.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
———————–
سەرچاوە:
عطیل. ولیم شکسبیر. ترجمة: خلیل مطران. مٶسسة الهنداوي. 2017

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress