
نۆبڵی ئادابی ئه‌م ساڵ به كراسناهۆركای به‌خشرا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
هاوشێوه‌ی ساڵانی پێشوو، ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه 9ی ئه‌م مانگه، له‌ناو كۆمه‌ڵێك ئه‌دیبی كاندید و میوانی دیار، لێژنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵی بواری ئه‌ده‌ب رایگه‌یاند خه‌ڵاتی ئه‌م ساڵی بواره‌كه بهکراسناهۆرکای ڕۆماننووس و سیناریۆنووسی هەنگاری ده‌به‌خشێ، به‌وه‌ش ناوبراو له‌دوای (ئیمری كیرتیس) بووه دووم ئه‌دیبی هه‌نگاری ئه‌و خه‌ڵاته گه‌وره‌یه‌ی به‌ركه‌وێت. لێژنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه هۆكاری به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ناوبراویان بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه (نوسه‌رێكی مه‌زنه ناوه‌رۆكی نووسینه‌كانی له‌نه‌ریته ئه‌ده‌بییه‌كانی سه‌نته‌ری ئه‌وروپا هه‌ڵده‌هێنجێ كه له‌كافكاوه درێژ ده‌بێته‌وه به‌ره‌و تۆماس برنهارد. ئه‌مه‌و ستایلی نووسینیشی به‌بێهوده‌یی و زیاده‌ڕۆییانه‌ی گروتسكییه جیاده‌كرێته‌وه. هاوكات توانستی هونه‌ریشی فراوانه). ماتس مالمی سكرتێری هه‌میشه‌یی ئه‌كادیمیه‌ی سویدیش وتی: ” له‌به‌ر به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه به‌پێزه‌كانی كه كێشنده‌یی و دیدگای قوڵی فه‌لسه‌فیانه‌یان گرتۆته خۆ و له‌به‌رامبه‌ر دۆخی ترسناكیشدا جه‌خت له هزی هونه‌ر ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه خه‌لاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی ئه‌م ساڵمان به كراسناهۆركای هه‌نگاری به‌خشی”.
كراسناهۆركای كه بەئه‌دیبی پۆست‌مۆدێرن ناوزەد دەکرێت یه‌كێكه له پێشه‌نگه‌كانی ئه‌ده‌بی ئێستای هه‌نگاری. له‌رێگه‌ی دیدگه فه‌لسه‌فییه قوڵه‌كه‌ی بۆ ژیان و بوون، به‌شداری كارای كردووه له‌نوێكردنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وروپی نوێ. كاره‌كانیشی كه جۆرێك له‌ڕه‌شبینیانه و بێهوده‌ییانه و دیدی فه‌لسه‌فی ئاڵۆزه‌یان یان به‌رامبه‌ر به‌كێشه‌كانی ژیان پێوه‌دیاره و له‌جیهانی كافكا و دیستۆیڤسكی و گۆگۆل و هێرمان میلڤیلی، ده‌سوڕێنه‌وه، به‌ئاشكرا سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن ئه‌ده‌ب توانستی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كانی ژیانی هه‌ڵگرتووه. ئه‌وه‌ش وه‌های لێكردووه ببێته سیمبولێك بۆ ئه‌ده‌بی نوێ. ئه‌و رسته‌ی درێژ و ئاڵۆز و چڕی زمانه‌وانی و چه‌شه‌ی رامانی و حه‌زكردن له‌جیهانی تاریك و شێواوی ناوه‌وه و رامانی فه‌لسه‌فی و كۆمیدی ته‌نزاویانه‌ی كردۆته تایبه‌تمه‌ندی نووسین
لاسلۆ كراسناهۆركای László Krasznahorkai رۆژی 5 ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1954 لەخێزانێکی جولەکەی شارۆچكه‌ی گیولای باشووری ڕۆژهەڵاتی هەنگاریای سه‌ر سنووری رۆمانییه هاته دنیا. گیۆرگی کراسناهۆرکای باوکی پارێزەر بوو. جولیا پالینکاسی دایکیشی بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆمەڵایەتی بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌یان دووره‌ده‌ست بوو كه‌چی ماڵه‌كه‌یان ژینگه‌یه‌كی گونجاوی رۆرشنبیری بوو. ساڵی 1973 لەزانکۆی یۆزسێف ئاتیلا (سێگێدی ئێستا) چووه به‌ر خوێندنی یاسا، ساڵی 1976 بۆ زانکۆی ئیۆتڤۆس لۆراند (ELTE) لە بوداپێست گواستراوه و تا ساڵی 1978 لەخوێندنی یاسا بەردەوام بوو. دواتر تا ساڵی 1983 زمان و ئەدەبی هەنگاری خوێند. تێزی بڕوانامەکەی ده‌رباره‌ی کار و ئەزموونەکانی (ساندۆر مارا)ی نووسەر بوو. دوای خوێندن بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ك رۆژنامه‌نووس و ره‌خنه‌گر كاریكرد. شایانی باسه هاوشێوه‌ی زۆر له‌دانیشتوانی ئه‌وروپا رۆژهه‌ڵات، رۆژه سه‌خته‌كانی سه‌رده‌می كۆمونیستی و ده‌سه‌ڵاتی سۆڤییه‌تی به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، به‌ئازار و نه‌هامه‌تی به‌سه‌ربرد. ته‌نانه‌ت پۆلیس ماوه‌یه‌ك رێگه‌ی نه‌دا گه‌شت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكات. دواتر هه‌موو ئه‌وانه له‌به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی ره‌نگیانداوه.
ساڵی 1985 رۆمانی (ساتانتانگۆ Sátántangó) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌و به‌رهه‌مه شاكارێكی ره‌شبینییانه‌یه، تایبه‌ته به‌ژیان و گوزه‌رانی كۆمه‌ڵێك جوتیار و لادێنشین و ئازاره‌كانیان له‌سایه‌ی رژێمی هه‌ره‌وه‌زی سۆشیالیستی كه ئه‌وسا پێش داڕمانی كۆمونیستی له‌و شێوه‌یه بوو. رووداوه‌كانی له‌گوندێكی دابڕاوه له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكی باراناوی، تادێت خه‌ڵكه‌كه شوێنه‌كه چۆل ده‌كه‌ن. پلانه‌كانیان سه‌رناگرێت و له‌گه‌ڵ یه‌كتریش ناپاكی ده‌كه‌ن و خه‌ونه‌كانیان به‌با ده‌چێت. ئه‌وسا ده‌بینرێ چۆن خه‌ڵكه بێهیوایه‌كه بۆ رزگاربوونیان له‌ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كان، چاوه‌ڕوانی روودانی په‌رچوو ده‌كه‌ن، تا كه‌سێك ده‌چێته ناویان و پێیان ده‌ڵێت دڵسۆزتانم. له‌و رۆمانه وه‌سفی ورده‌كاری و ده‌رخستنی بۆچوونه‌كان و كاره‌كانی كاره‌كته‌ره‌كان زۆر جوان و كێشنده‌ییانه‌یه. به‌و كاره‌شی ناوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی هه‌ژاند و به‌هۆیه‌وه وەک کەسایەتییەکی پێشەنگی ئەدەبی ده‌ركه‌وت. ساڵی 1994 بیلا تاری ده‌رهێنه‌ری ناودار ناوه‌رۆكی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی بۆ سینه‌ما گواسته‌وه و فیلمێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ی لێ ده‌رهێنا كه خودی كراسناهۆركای سیناریۆكه‌ی داڕێژت بوو. ئه‌مه‌و دوای وه‌رگێڕانی رۆمانه‌كه بۆ زمانی ئینگلیزی، ساڵی 2013 خەڵاتی باشترین کتێبی وەرگێڕدراوی پێبه‌خشرا.
ساڵی 1989 رۆمانی (خەمۆکی بەرخۆدان Az ellenállás melankóliája) ی بڵاوكرده‌وه. ناوه‌رۆكی ئه‌و به‌رهه‌مه هاوشێوه‌ی گیانه مردووه‌كانی گۆگۆلی گه‌وره نووسه‌ری رووسییه. تایبه‌ته به‌كۆمه‌ڵێك رووداوی نامۆی شارۆچكه‌یه‌كی هه‌نگاریا. كاتێك گروپێكی سێرك ده‌چنه ئه‌و شاره و نه‌هه‌نگێكی مۆمیا كرا‌و نمایش ده‌كه‌ن كه گوایه گه‌وره‌ترین نه‌هه‌نگی جیهانه. ئه‌وسا ده‌نگۆی سه‌یر سه‌یر و هەڕەشەئامێز بڵاوده‌بێته‌وه و به‌و قسانه‌ش خه‌ڵكی شاره‌كه ده‌ترسێن. هاتنی ئه‌و گروپه كه‌شێكی ترسناك ده‌خولقێنێ. لێره‌دا نووسه‌ر بە بەکارهێنانی دیمەنی خەوناوی و کارەکتەری گرۆتێسک، لێزانانه ململانێی دڕندانەی نێوان ڕێکی و پشێوی نیشان داوه. به‌هۆی ئه‌و رۆمانه خەڵاتی بێستنلیستی ئەڵمانی بۆ باشترین بەرهەمی ئەدەبی پێبه‌خشرا. (سوزان سونتاگ) ی خانمه ره‌خنه‌گری ئه‌مه‌ریكی كه ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی خوێنده‌وه، نووسه‌ره‌كه‌ی به (مسته‌ری ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ له‌وه‌سفكردنی كۆتایی جیهان) وه‌سف كرد. ساڵی 2000 ناوه‌رۆكی ئه‌و رۆمانه‌ش لەلایەن بیلا تار له‌فیلمێكی سینه‌مایی به‌ناوی (وێرکمایستەر هارمۆنی (Werckmeister harmoniákده‌رهێنرا كه كراسناهۆركای سیناریۆكه‌ی داڕێژت. شایانی باسه ساڵی 2015 دوای وه‌رگێڕانی ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كه بۆ زمانی ئینگلیزی، خەڵاتی مان بوکەری نێودەوڵەتی بهکراسناهۆرکای به‌خشرا. به‌وه‌ش بووه یه‌كه‌م نووسه‌ری وڵاته‌كه‌ی ئه‌و خه‌ڵاته به‌رزه‌ی پێببه‌خشرێت.
دوای ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات کراسناهۆرکای زیاتر گرنگی به‌گه‌شت و گه‌ڕان دا. هه‌رچه‌نده ساڵی 1987 بەزەمالەی DAAD بۆ یەکەمجار بۆ دەرەوەی هەنگاریای کۆمونیستی به‌ره‌و بەرلینی ڕۆژئاوا چووبوو. ساڵی 1990 لەگەڵ ئەنیکۆ پێلیه هاوسەرگیری کرد. هاوكات یەکەم گەشتی درێژخایەنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا كرد. له‌و ماوه‌یه سه‌ردانی مەنگۆلیا و چین و ژاپۆنی كرد و زۆریش سه‌رسام بوو به‌ئه‌ده‌ب و جوانی رۆژهه‌ڵات. ئه‌و گه‌شته‌ی کاریگەری قووڵی بەسەر به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانیدا هێنا. ساڵی 1992 كورته رۆمانی (زیندانی ئورگا Az urgai fogoly) ی بڵاوكرده‌وه. ساڵی 1997 دوای جیابوونه‌وه‌ی له‌هاوسه‌ری پێشووی، لەگەڵ دۆرا کۆپچسانی، زانای سینۆلۆجی و دیزاینەری گرافیک، هاوسەرگیری کرد. هاوكات له‌گه‌شته درێژه‌كانی به‌ناو ئەوروپا و ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام بوو. ماوه‌یه‌ك لەشوقەکەی (ئالن گینسبێرگ Allen Ginsberg) ی شاعیری ئەمه‌ریکی لەنیویۆرک نیشته‌جێ بوو. زۆر دڵخۆشیش بوو به‌ئامۆژگارییه‌كانی ناوبرا. ساڵی 1999 رۆمانی (جەنگ و جەنگ Háború és háború) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وسا وتی پشتگیری ئالن و ژینگه‌ی ماڵه‌كه‌ی رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بوو له‌ته‌واوكردنی ئه‌و رۆمانه‌م.
ساڵی 2003 كورته رۆمانی (لەباکوورەوە، لەباشوورەوە، لەڕۆژئاوا، لەڕۆژهەڵاتەوە، لەڕۆژهەڵاتەوە Északról hegy, Délről tó, Nyugatról utak, Keletről folyó) و ساڵی دواتریش رۆمانی (وێرانكاری و خەم لەژێر ئاسمان Rombolás és bánat az Ég alatt) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وه‌ی دوایی له‌شێوه‌ی دیكۆمێنتارییه. ساڵی 2008 كۆ كورته‌چیرۆكی (سێیۆبۆ چووە خوارەوە Seiobo járt odalent) ی بڵاوكرده‌وه. تێیدا زۆر لێهاتووانه بۆ ناو فه‌لسه‌فه و هونه‌ری ئاسیا رۆچووه، به‌تایبه‌تیش بۆ ئایینی بوزیی. دوای وه‌رگێڕانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌شی بۆ زمانی ئینگلیزی، خەڵاتی باشترین کتێبی وەرگێڕدراوی پێبه‌خشرا. ساڵی دواتر كورته چیرۆكی (دوا گورگ Az utolsó farkas) و ساڵی 2010 كورته رۆمانی (ئەنیمالینساید Állatvanbent) و ساڵی 2016 رۆمانی (گەڕانەوەی بارۆن وێنکهایم بۆ ماڵەوە Báró Wenckheim hazatér) ی بڵاوكرده‌وه. له‌وه‌شیاندا به‌شێوه‌یه‌كی كۆمیدییانه گه‌ڕانه‌وه‌ی بارۆنێكی له‌تاڕاوگه تاوتوێ كردووه. لێره‌دا گه‌ڕانه‌وه جۆرێكه له‌خه‌یاڵ و مه‌به‌ستی نووسه‌ر بۆ زێدی خۆی و ولاته‌كه‌یه‌تی. به‌شێك له‌شاره‌زایان بارۆنی ناو ئه‌و به‌رهه‌مه به‌و گه‌مژه‌یه‌ی دیستۆیڤسكی به‌راورد ده‌كه‌ن كه ئالوودەی قوماره، چونكه ئه‌ویش چاره‌نوسی خۆی خستۆته ده‌ست قه‌ده‌رێكی ناڕوون. دوای وه‌رگێڕانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌شی بۆ زمانی ئینگلیزی، له‌ئه‌مه‌ریكا خەڵاتی نیشتمانی کتێب بۆ ئەدەبی وەرگێڕدراوی پێبه‌خشرا
ساڵی 2018 كورته رۆمانی (Aprómunka egytaért) و ساڵی دواتر كورته رۆمانی (ڕاوەدوونانی هۆمەرMindig Homérosznak ) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وه‌ی دوایی له‌باره‌ی پیاوێكی نه‌ناسراوه كه به‌درێژایی كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ئه‌دریاتێك له‌ده‌ست دوو كه‌س راده‌كات. ساڵی 2021 كورته رۆمانی (Herscht 07769) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وه‌یان كه له‌به‌ر لێهاتوویی له‌خستنه‌ڕووی وردی بارگرژییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئیسێتای ئه‌ڵمانیا، به‌ڕۆمانێكی مه‌زنی هاوچه‌رخی ئه‌و وڵاته داده‌نرێت. له‌وه‌شیاندا خوێنه‌ر بۆ كه‌شی تاریك و ئاڵۆزاوی كێش ده‌كات. به‌ره‌و شارۆچکەیەکی بچووکی سه‌ر به‌شاری تورینگن لەئەڵمانیا كه تاریكبینیانه سبستیان باخی گه‌وره میوزیككار رووبه‌ڕووی نازییه نوێیه‌كان ده‌بێته‌وه. ساڵی 2024 رۆمانی (زسۆملێ عاشقی بووە Zsömle odavan) ی بڵاوكرده‌وه. له‌وه‌شیاندا له‌ڕێگه‌ی كه‌سایه‌تی مامه جوزی كارا كه رازێكی پادشایی شاردۆته‌وه، گه‌ڕاوه‌ته‌وه هه‌نگاریا.
دوای گه‌ڕانی زۆر و نیشته‌جێبوونی چه‌ندان ساڵ لەبەرلین، به‌و دواییه کراسناهۆرکای گەڕایەوە هەنگاریا. ئه‌مه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كانی ناوه‌رۆكی هزری و مرۆڤانه‌ی هه‌مه ئاستییان گرتۆته‌خۆ بۆیه له‌زۆر زانكۆی ئه‌وروپی و جیهانی له‌چوارچیوه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری ده‌خوێنرێن. جه‌یمس وودی ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بیش له‌ئاستیدا وتویه‌تی :”كتێبه‌كانی کراسناهۆرکای وه‌ك دراوی ده‌گمه‌ن ئاڵوێریان پێده‌كرێت”. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و وه‌ك سیناریۆنووس و هاریكاریكردن له‌گه‌ڵ بیلا تاری ده‌رهێنه‌ر له‌زۆر شوێنی جیهانی، هه‌وادارانی سینه‌ما ئاشنای به‌رهه‌م و كاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌و بواره‌ی ئه‌ون.
جگه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێدان کراسناهۆرکای كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می دیكه‌ی له‌شێوه‌ی وتار و كورته چیڕۆك و سیناریۆی فیلم داڕێژتووه. ئه‌مه‌و جگه له‌و خه‌ڵاتانه‌ی ناومان هێنان كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی دیكه‌ی به‌ده‌ستهێناوه له‌وانه: ئاتیلا یۆزسێف، مایکس کێلێمەن کۆر، دێری تیبۆر، کرودی گیولا، مارای ساندۆر، کۆماری هەنگاریا، دامەزراوەی سۆرۆس، کۆسۆت، کۆمەڵەی نووسەران، بروک-بەرلین، سپایچەر، پریما پریمیسیما، خەڵاتی ئەمریکا بۆ بەشداریکردنی تەمەنی لە نووسینی نێودەوڵەتی، ڤیلینیکا، خەڵاتی دەوڵەتی نەمسا بۆ ئەدەبیاتی ئەوروپی، فۆرمێنتۆر…