Skip to Content

کفری وەک نیشتمانی یەکەمینی مەقامبێژیی.. جواد خەلیل

کفری وەک نیشتمانی یەکەمینی مەقامبێژیی.. جواد خەلیل

Closed
by تشرینی دووه‌م 26, 2025 General, Literature

یادهێنانەوەی پێنج کۆڵەکەی مەقامات لە سەدەی نۆزەدهەم

مەقامات بەشێکی گرنگە لە هونەری دەنگخۆشیی خۆرهەڵات، پەیوەستبوونێکی گەورەی بە ڕۆحی ئینسانی ئەم ناوچەیەوە هەیە و ڕیشەکەی بە مێژووی هەرە دێریندا چووەتە خوار، کەس لاری لەوەدا نیە خۆرهەڵات کانگای هەست و سۆزە قووڵ و وجودییەکانی مرۆڤە و لێیەوە هونەری بەرز، بە بارتەقایی واتای وشەکە خۆی، هاتۆتە بوون. لە نێو خۆرهەڵاتیشدا، دۆڵی دوو ئاوان و دامێنی زاگرۆس، نیشتمانی یەکەمینی هونەرە باڵاکانی مێژووه. لێرەوە، لەم خاکە پڕ پیت و پڕ ژیانەوە، هونەر بە چەشنێک تیشکی دایەوە، کە بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی جیهان ببێتە ئاسۆیەکی ڕوون.
لە کوردستانیش ناوچەی کەرکوک و گەرمیان، بەو پێیەی مێژووەکەی کارتێکراو و ئافرێنراوی نێوان دوو ژیارە، ژیاری دۆڵی دووئاوان و ژیاری زاگرۆسنشینانی دێرین، بۆیە لە هونەرەکەیدا جۆرێک تێکەڵی زمانیی و کلتوریی و ژینگەیی دەبینرێت، ئێمە لەم وتارەدا ناچینەوە بۆ مێژووی دێرینتر، بۆ شێوە جیاوازەکانی هونەر لەم ناوچەیە، بەڵکو تەنها دەمانەوێت هەندێک زانیاری مێژوویی سەبارەت بە ڕۆحی هونەرییانەی ئێرە بکەین لە سەدەی نۆزدەهەمی زایینی، سەدەیەک کە تێیدا دەنگە ئاسمانییەکانی ئەم خاکە هێندە بەرز و زوڵاڵ بوونەوە تا بەوپەڕی جوانییەوە لە کفرییەوە، لە کەرکوکەوە بگەنە ئەوپەڕی خۆرهەڵات، لێرەوە بەغدا و شاره هونەرییەکانی دیکە بە خۆیان سەرسام بکەن و ببنە قوتابخانەیەک بۆ هونەرمەند و مەقامبێژانی سەدەی نۆزدەهەم و سەدەی بیست. ئەم نووسینە، پێنج کۆڵەکەی گەورەی مەقامات لەو سەدەیەدا دێنێتەوە یاد، کە هەریەکە دەکرێت لە ئایندەدا وردتر و تایبەتتر کاریان لەسەر بکرێت و زیاتر بناسێنرێن.
مەقامات ناونیشانی ئەم قۆناغە گرنگەیە، کە لە مەلا وەلییەوە دەست پێدەکات و بە ڕیستێکی گەورە لە مەقامبێژانی ناودار کۆتایی دێت. مەلا عەبدولڕەحمان وەلی ( 1742_1830) لە کفری لە دایکبووە و یەکەمین ناوێکی گەورەی مەقاماتە، قوتابخانەیەکە لێیەوە دەیان قوتابی فێری مەقامبێژی بوون، ئەم پیاوە مامۆستای (شەڵتاغ) بووە و ِدەنگێکی ئەفسووناویی هەبووە، ئەمە جگە لە شارەزاییەکی زۆر لە شێوازەکانی مەقام و جیاکردنەوەی جۆرەکانی لەیەکتر.
ڕەحمەتوڵا شەڵتاغ ( 1793_1871)ز لە کفری دایکبووە و لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە، ناوی هەرە دیاری مەقاماتی عێراقییە و داهێنەری مەقامی تەفلیسە، یەکەمین کەسێکە لە مێژووی خۆرهەڵاتدا لە پێناوی هونەرەکەی مردبێت! تا کۆتایی ژیانی له یەکێک لە بەناوبانگترین قاوەخانەکانی بەغدا لە کەناری ڕووباری دیجلە مەقامی گوتووە، بە یاوەری گروپی چاڵغی بەغدادی کە دیارترین میوزیکژەنانی جووی بەغدای تێدا بوو. شەڵتاغ جگە لە داهێنانی مەقامی تەفلیس کە بە بەیتێکی شیعری دەست پێدەکا و بە ئەمانەڵا یاحەی کۆتایی پێ دەهێنێت، چەندین داهێنانی تری هەبووە، لەوانە: ( یەکەمین کەسە مەقامی ئیبراهیمی لە دووگا خوێندووه، یەکەمین کەسە مەقامی مۆجێلای لە کفری و کەرکوکەوە گواستۆتەوە بۆ بەغدا و لەوێ بە ناوی مدمی خوێندراوه، پارچەی سیەڕەنگی بۆ مەقامی ڕەست زیادکردووە و زۆری تریش). زۆرینەی مەقامبێژانی بەغدا خۆیان بە قوتابی شەڵتاغ زانیوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە شەش ساڵ دوای مردنی شەڵتاغ ئامێری تۆمارکردنی دەنگ دادەهێنرێت، هەموو قوتابیەکانی شەڵتاغ دەنگی خۆیان تۆمار دەکەن، بەڵام بۆ ئەبەد دەنگی شەڵتاغ دەچێتە ژێر خاک و ناگاتە گوێی ئێمە، تەنها بە دەماودەم لەڕێی هونەرمەند و مەقامبێژانی دواترەوە باسی دەنگخۆشی و گەورەیی ئەم پیاوە دەکەن و وەک ئەفسانەی مێژووی مەقامات چیرۆکی لێدەگێڕنەوە.
محەمەد جەلبەوین، لە ساڵی ( 1798) لە کفری لەدایکبووه و ساڵی ( 1869) کۆچی دوایی کردووە، بە مامۆستای بەشێک لە مەقامبێژانی کەرکوک دانراوە و داهێنەری مەقامی ( جەلبەوین بووه و به تەواوی شارەزای بنەما سەرەکییەکانی مەقامبێژی بووه.
مەوجی والی خونزر، یەکێکی ترە لە ناودارترین مەقامبێژانی عێراق، لە ساڵی (1802) لە کفری لەدایکبووە و لە ساڵی ( 1881) لە کەرکوک کۆچی دوایی کردووە، بەهۆی کاریگەربوونی بە دەنگی شەڵتاغ هاتۆتە نێو دونیای مەقامبێژییەوە، ‌زۆرێک لە مەقامەتەکانی خوێندووە، لەوانە: ( بەیات، ڕەست، حیجاز، ئیبراهیمی، ‌سێگا، پێنجگا، ناری، تەفلیس)، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو خۆی داهێنەری جۆرێکی گرنگە لە مەقامات، کە ئەویش مەقامی مۆجێلایە، کە دواتر لەڕێی شەڵتاغەوە ئەم مەقامە دەبرێتە بەغدا و لای مەقامبێژانی عەرەب بەناوی ( مەقامی مدمی) دەناسرێت. هەڵبەت لە پشتی داهێنانی ئەم مەقامەوە، چەندین گێڕانەوەی ئەفسانەیی جۆراوجۆر هەن، دیارترینیان ئەوەیە کە ئەم مەقامبێژە فەرمانی سەرپەڕاندنی بۆ دەرکراوە و لە کاتی جێبەجێکردنیدا داوای لە جەلادەکان کردووە ڕێگەی بدەن مەقامێک بڵێتەوە کە تا ئەو دەمە کەس نەیبستبێ و لەبەرامبەردا ئازادی بکەن، بەم چەشنە مەقامی مۆجێلا دەڵێتەوە و بە دەنگە ئەفسووناوییەکی جەلادەکەی مەست دەکات. مۆجێلا جۆرێک لە تێهەڵکێشی نێوان مەقاماتی کەرکوک و بەغدایه و پێیەکی بە قووڵی لە مێژووی هونەری ناوچەی گەرمیاندا ڕۆچووە و غەمگینیەکی گەورەی پێوە دیاره.
محەمەد عەرەب زەبتییە، لە ساڵی 1833 لە کفری لە دایکبووه و ساڵی 1897 کۆچی دوایی کردووه، لەسەر دەستی محەمەد جەلبەوین فێری مەقامات بووه، ئاشنای زۆرێک لە شێوازەکانی مەقامات بووه و داهێنەری مەقامی ( زەبتییە) یە، زۆرێک لە مەقامبێژانی موسڵ و کەرکوک بە ڕێچکەی ئەم مەقامبێژەدا چوون و لەوەوە فێری مەقامات بوون.
ئەم بناغە پتەوە بۆ مەقامبێژی، کفری کردۆتە خاوەنی زەخیرەیەکی گەورەی هونەری بۆ مەقامبێژان، بۆیە ئەم زەخیرەیە دەبێتە بنەمای کارکردنی مەقامبێژانی دواتر، بەتایبەتی ڕابەرانی مەقاماتی عێراقی و کوردی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە تاوەکو ئێستا. ناسینی پێنج کۆڵەکەی گەورەی مەقامات، کە هەریەکە و خودان ڕێچکە و شێواز تایبەتی خۆیانن، یارمەتی مێژوونووس و لێکۆڵەرانی هونەری ئەم ناوچەیە دەدات، زیاتر لە پتەوی بناغە کلتوریی و فەرهەنگییەکانی کورد تێبگەن و گرێیبدەنە مێژووی لەبیربراو و تۆمارنەکراوی ئەم گەلە ژێردەستەیەوە.

جواد خەلیل

Previous
Next