ئەنتۆنیۆ گرامشی و فەلسەفەی پراکتیک.. و.لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف
گرامشی مارکسیزمێک پێشنیار دەکات و ناوی دەنێت “فەلسەفەی پراکتیک” . ئەم فەلسەفەیە جۆرێک نییە لە پراگماتیزم، بەڵکو شێوازێکە لە بیرکردنەوە کە کێشە تیۆریەکان بە مێژوویی دەکات. بەم شێوەیە جیاوازی دەکات لە نێوان “ئایدۆلۆژیای ئۆرگانیکی مێژوویی، کە پێویستن بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو، هەروەها ئایدۆلۆژیای عەقڵانی و ئارەزوومەندانە کە جێی شانازیە .
١ – کار
ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١-١٩٣٧)، گرنگترین فەیلەسوفی مارکسیستی بوو لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، لە دوای مردنی زیاتر لە ڕێی بەرهەمەکانیەوە ناسراوە، کە هەموویان لەو ماوەیەدا بڵاوکراونەتەوە کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا باسکراوە. ئەم بەرهەمانە بریتین لە سی و دوو دەفتەری زیندان، کە پێکهاتووە لە نزیکەی سێ هەزار لاپەڕەی دەستنووس و (نزیکەی چوار هەزار لاپەڕە لە وەشانی چاپکراو)، پێش مردنی لە زیندان نوسراون لە ساڵی ١٩٢٩ تا ١٩٣٥ . دوای دوور خستنەوەی لە ژیانی سیاسی بە هۆی زیندانی کردنیەوە . گرامشی پلانێکی دراسە کراوی تیۆری داڕشت و هەوڵیدا پەرەی پێبدات سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە سیستەمی زیندان سەپاند بووی بە سەریدا ، بۆ ئەمەش سەرسەختانە خەباتی کرد بۆ بە دەستهێنانی کەرەستەی نوسین بۆ پرۆژەکەی . نووسەرانی میراتی گرامشی نموونەی ئەم گرژییە بەردەوامەیان کۆکردۆتەوە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٠ گرامشی فەیلەسوف نوسراوێکی نوسی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی ئیتالیا و گوتی : من هێشتا پانزە ساڵ زیندانی لە پێشمدایە، ئەمە پرسێکی گرنگە بۆ من، بۆ ئەوەی بزانم کام کتێب بخوێنمەوە . ئەم بارودۆخە بە تەنیا بەسە بۆ ڕوونکردنەوەی زۆری تێبینییە پەرش و بڵاوەکان و وەرگرتتی بیرەوەری و…. هتد، لە دەفتەرەکانی زینداندا هەرچەندە توێژینەوە درێژخایەنەکانیش لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەم فەیلەسوفە بەپێی ئامانجەکەی تەواوی کارەکەی داڕشت ، مەبەستی دیاریکردنی بوژانەوەیەکی تەواو بوو بۆ مارکسیزم و پێشخستنی ئەم چەمکە بە هۆی پێداویستی ژیانی پراکتیکی بێکەڵک و کۆن بووەو گەیشتوەتە ئاستێک پێویست بەوە دەکات فریای چارەسەر کردنی ئەو ئەرکە ئاڵۆزانەی بکەوێت کە پەرەسەندنی خەباتی ئێستا دەیخاتە ڕوو . واتە بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی دروستکردنی ڕۆشنبیریەکی نوێ و یەکگرتوو. گرامشی وای دەبینێت ئەوەی ئەم پێشهاتە نوێیە جیادەکاتەوە، پێکهێنانی حزبە کۆمۆنیستەکانە بەگشتی و سەرکەوتنی شۆڕشە لە ڕوسیا بەتایبەتی ، لەو ساتەوەختەوە چینێکی ژێردەستە بە ڕاستی سەربەخۆ و باڵادەست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە دەوڵەت،پێداویستی بنیاتنانی سیستەمێکی نوێی فیکری و ئەخلاقی لە فۆرمێکی کۆنکرێتیدا دروست دەبێت. لەم دەقەدا دەستەواژەی “چینی ژێردەستە” هاوتایە لەگەڵ دەربڕینی باوی مارکسیستی “چینی باڵادەست” و وشەی باڵادەست ، هەرچەندە ڕۆشنبیری لە جەوهەریدایە بەڵام ئاماژەیە بۆ تیۆری دیکتاتۆری لینینیزم و هاوپەیمانییەکانی پرۆلیتاریا.
گرامشی سانسۆری زیندانی تێپەڕاند بە دەربڕینی جۆرێک لە ئەبستکرات ، ئەویش بە ڕاست کردنەوەو دەستکاریکردنی هەندێک چەمکو گوزارەو ناوی مارکسیزم کە ئەو کات بە کاری دەهێنا . یەکێک لەو فێڵە زمانەوەنیانە کە لە گەڵ مەبەستە فەلسەفیەکەی گرامشی دەگونجا ، مارکسیزمی نوێ بەخت یاوەری بوو بە قەد زاراوەی ژیاری میتافیزیکی ئەرستو گرنکی هەبوو . گرامشی سوور بوو لە سەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک وشەی “مارکسیزم” بەکارنەهێنێت، بەڵکو زیاتر “فەلسەفەی پراکتیکی بە کار دەهێناو دەنووسی. ئەوەی ئەو دەیویست ڕووبەڕووبوونەوەی فۆلگاریزەکردنی “ابتذال” یان بێئەرزش بوونی مارکسیزم بوو لە پراکتیکدا . گرامشی لەم ئەرکەیدا ئیلهامی لە مارکسیزمەوە وەر دەگرد ، بەو مانایە نەبوو ناوەندێتی چەمکی مارکسیزم لە پراکتیکدا بسڕێتەوە ، بەڵکو قوڵترین چەمکی پێدەبەخشی کە تاکو ئێستا وێنەی نەبووە لە ئەدەبیاتی فەلسەفەی مارکسیزمدا . دوور لە بناغەی پیشاندان و گوزارشت کردن بە ڕاستی گرامشی فەیلەسوفی پراکتیکی بوو .
٢ – زانست و فەلسەفەی پراکتیک
بەڵام فەیلەسوفی پراکتیک پراگماتیست نەبوو: جگە لە هێشتنەوەی بەردەوامی “لۆژیکی فۆرماڵی پێویست”، یەکەم کێشەی ئاشتکردنەوەی زانست و پراکتیک بوو . بە دیاریکراوی لە ڕێی ڕەخنەی ( نا وردكراوەوە لە دەفتەری تێبینیەکانیدا) چارەسەری پراکماتیزم و پۆزەتیفیزمی بە شێوەیەکی گشتی کردووە . ئەم ڕەخنەیەی بە پلەی یەکەم دژ بە چەمکی پۆزەتیڤیستی زمانە (گرامشی وەک ئەکادیمیستێک شارەزاو پسپۆری زمانەوانی بوو)، کە تێیدا سنووردارکردنێک دەبینێت : لە ڕاستیدا زمان کۆمەڵێک ڕاستی کەم تا زۆر یەکگرتوو و تۆکمەی ئۆرگانیکە: تا ئەو ڕادەیەی دەتوانرێت بڵێین هەموو بوونەوەرێکی قسەکەر زمانی تایبەتی خۆی هەیە ، بەو مانایەی شێوازی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هەست و بیرکردنەوەو ڕۆشنبیری بە پلەی جۆراو جۆر . ژمارەیەکی زۆر یان کەم لە تاکەکان لە چەند چینێکدا یەکدەخات و بەردەوام دەبن لە گوزارشت کردن، بە پلەی جیاواز لە یەکتر تێدەگەن و … هتد.. ئەم جیاوازییە مێژوویی کۆمەڵایەتیانە لە زمانی هاوبەشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمانە کۆسپن و هۆکارەکانی هەڵەن کە پراگماتیستەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە. بەم شێوەیە بابەتی تیۆری زمان بریتیە لە کەرەستەی زانست لە پراکتیکی مێژوودایە. گرامشی هەمان کردار لەگەڵ ئەمەدا دەکات بە پشتبەستن بەو هەواڵانەی کە لەو کاتەدا لە کۆنفرانسە زانستیەکانەوە پێیدەگات . وەک ئەوەی بە شێوەیەک لێی تێنەگەیشت بێت لەو ساڵانە لە سایەی دۆخی خۆیدا.
گرامشی ئەو کێشانەی چارە سەر کردووە کە مایکرۆفیزیا دەیخستنە ڕوو ،لە یەکێک لە دەفتەرە تێبینیەکانیدا ئاماژەی بۆ دەکات و ناوی ناوە “دیاردەی بچووک” و لە فەلسەفەکەشیدا شرۆڤەی کردووە . ئلهامبەخش بوو لەم پەیوەندیە بینراوەی نێوان چاودێرو دیاردە لە مایکرۆفیزیادا بۆ چەمکێکی نوێی بابەتگەرایی ، بەم پێیە هەنگاوی هاویشت بۆ تێکەڵ کردنی زانست بە فەلسەفەی پراکتیک بە شێوەیەکی سیسماتیکانە . ئەوەی بۆ زانست گرنگە بابەتیەتی واقیع نییە بەڵکو ئەوەی بۆ مرۆڤ گرنگە پەرەپێدانە بە میتۆدەکانی و بەردەوام ڕاست کردنەوەی ئامرازە مادی و لۆژیکەکانیەتی (لەوانەش بیرکاری). ئەوەی بۆ ئەو گرنگە کولتوورە و دواجار پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ واقیع لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە. تەنانەت لە زانستیشدا گەڕان بەدوای حەقیقەتدا بە دابڕان لە مرۆڤ لە پارادۆکسێک زیاتر نییە . بەم شێوەیە گرامشی سەر لە نوێ تێزێکی بنەڕەتی مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) داڕشتەوە ” سەبارەت بە فەلسەفەی پراکتیک .گرامشی دەنووسێت ناتوانرێت بوون لە بیرکردنەوە دابڕێت ، هەروها مرۆڤ لە سروشت، یان چالاکیی لە مادە، یان سوژە لە ئۆبژە دابڕیت . ئەگەر مرۆڤ ئەم دابڕانە پراکتیزە بکات دەکەوێتە ناو ئەبستراکتێکی بێماناوە.
3. فەلسەفەی واقیعی و مێژووگەرایی.
فەلسەفەی پراکتیک فەلسەفەیەکی واقیعیە ، سەرەتا بەو دانپێدانانە دەست پێدەکات کەهەموو مرۆڤەکان فەیلەسوفن ، پاشان سنوور و تایبەتمەندییەکانی ئەم “فەلسەفە خۆبەخۆیە” لە زمان و عەقڵی ساغدا دەدۆزێتەوە ،هەروەها لە تێڕوانینی گشتی (ئاینی، ئەفسانەیی و خورافات) و گەردووندا دەیاندۆزێتەوە.دەشێت فەلسەفە ئەکادیمی بێت بە پێی فەیلەسوف ڕەنگە پەیوەندی بە فەلسەفەی خۆبەخۆوە هەبێت ، بەڵام لایەنێکی هونەری تایبەتی هەیە جەوهەری ئەم لاێەنە هونەریە لەوەدایە کە فەیلەسوفی پیشەیی درک بە مێژووی وردی ئەم کێشانە دەکات ، واتە مێژووی فەلسەفە . ئەگەر ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە فەلسەفەی خۆبەخۆ دیسان مێژوویی و گۆڕاوە و هۆکاری مێژوویی بۆ گۆڕانکاری هەیە تێدەگەین بە مانای ڕاستەوخۆو ئاشکرا مرۆڤ ناتوانێت فەیلەسوف بێت ، واتە تێڕوانینێکی ڕەخنەیی یەکگرتووی هەبێت بۆ جیهان [ تەنها فەیلەسوفە ناخۆبەخۆکان] بە بێئەوەی درک بە مێژوویی بوونی بکات لە ئاستی کۆنکرێتیدا، واتە لە ڕووی مێژووییەوە، () دەبێت فەلسەفە لە سیاقی پراکتیزەی (کردەی) مرۆییدا تێبگەین. گرامشی بە کورتی چەند ساتەوەختێک لە مێژووی فەلسەفە دەخاتە ڕوو کە تیایدا بیرمەندە مەزنەکان ئەو ڕێگایەیان خۆشکردووە کە مارکس کردییە ڕێڕەوی سەرەکیی فیکری خۆی: قەشە تۆماس، کە هێشتا لەسەر ڕێچکەی یۆنانییەکان بوو، بەڵام بە جەختکردنەوەیەکی زیاترەوە، فێری کردین کە “ئەقڵی تێڕامانیی فراوانخواز بۆ پراکتیزەی کردەیی گونجاوە”. بەڵام لایبنیتز و ڤیکۆ، بە پێچەوانەی ئەوەوە، کەوتنە شوێن چالاکیی فیکر: “جادووگەرە تێڕامانییەکان چین، جادووگەرانی پراکتیزەن” (گۆتفرید لایبنیتز (١٦٤٦ – ١٧١٦)) “ڕاستی بریتییە لە واقیع” (ڤیکۆ). لە کۆتاییدا، هیگڵ ، گرامشی ئاماژە بە بوونی داڕشتنێکی هاوشێوە دەکات لە ڕووی شێوەوە لای تێرتولیان (نزیکەی ١٥٥/١٦٠ تا دوای ٢٢٠ ز)) فێری دەکردین کە “هەر شتێک واقعی (حەقیقی) بێت، ئەقڵانییە”. فەلسەفەی پراکتیزە (پراکتیس) جارێکی تر ئەم ئاوڕدانەوانە دەخاتەوە ڕوو: مەسەلەکە ئەوە نییە کە تێڕامان درێژ دەبێتەوە بۆ پراکتیزە، یان هاوتەریبی دەبێت، یان لەناو خۆیدا دەیتوێنێتەوە، بەڵکو واقیعی مرۆیی [شتێکی] کردەییە، دەستکردی مرۆڤە و زانینیشی بریتییە لە دروستکردنی . بۆیە بابەتی مرۆڤ بوون دەگەڕێتەوەو کێشەی سەرەکی و یەکەمی فەلسەفەیە .
4. کێشەی یەکەم و سەرەکی
کاتێک پرسیارێک دەکرێت “مرۆڤ چییە؟” ئێمە نامانەوێت (لە ڕووی فەلسەفییەوە) پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤ بزانین، چونکە ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بوایە، دەبوو چاوەڕێی ئەنجامی هاوتاکانی زانستە سروشتییەکان بکەین، بەڵکو ئەوە شتێکی دیکەیە: “مرۆڤ دەتوانێت ببێتە چی؟” واتە ئایا مرۆڤ دەتوانێت چارەنووسی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، ئایا دەتوانێت خۆی دروست بکات ، ئایا دەتوانێت ژیان بۆ خۆی دروست بکات؟ . هەموو فەلسەفەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونکە مرۆڤیان وەک کورتکراوەیەک لە تاکایەتیەکەیدا سەیر کردووە. بەڵام ئەو مرۆڤایەتیەی له تاکدا دەردەکەوێت، له سێ جۆر ڕەگەز پێکدێت: یەکەم تاک خۆی؛ دووەم ئەوانی تر ، سێیەم سروشت ، ڕەگەزی دووەم و سێیەم ئاڵۆزن.
تاک بە شێوەیەکی میکانیکی لەگەڵ ئەوانی تر و لەگەڵ سروشتدا ناچێتە ناو پەیوەندییەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئۆرگانیک (لەگەڵ ئەوانی تر)، و نەک تەنها (لەگەڵ سروشت) چونکە سروشت خۆیەتی، بەڵکو بە شێوەیەکی چالاکانە لە ڕێگەی کار و تەکنەلۆژیاوە لەوانەش لەم چەمکە کۆتاییەدا ئامرازە عەقڵانیەکانە واتە زانست و فەلسەفە . لە ڕونکردنەوەی کۆتایدا گرامشی پۆلێک دادەمەزرێنێت بە ناوی “گرێبەست” بێگومان یەکێک لە وڵامە دۆکترینە مارکسیستەکان پێکدێنێت بۆ شیکاری بونگەرایی ، جگە لەوەش ئەم پەیوەندیانە چالاک و هۆشیارن، واتە گونجاوە لەگەڵ تێگەیشتنی مرۆڤایەتی لێیان بە پلەیەکی جێوازەوە .
بۆیە دەکرێ بڵێین هەموو مرۆڤێک خۆی دەگۆڕێت و خۆی ڕاست دەکاتەوە ، بە قەد کۆی گۆڕین و ڕاست کردنەوەی ئەو پەیوەندیانەی کە سەنتەرو ناوەندی ئەوە . لەم قۆناغەدا داڕشتنەوەی تەواوکاری سەبارەت بە چەمکی سروشتی مرۆڤ لە لایەن مارکسەوە بۆ گرامشی هەژمار دەکرێت. ئەگەر بڵێین سروشتی مرۆڤ کۆی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە [وەک مارکس وتی] ، دڵخۆشکەرترین وەڵامە، چونکە بیرۆکەی بوون لەخۆدەگرێت، هەروەها دەشێت بڵێین سروشتی مرۆڤ بریتیە لە مێژوو .
٥ – پێکهاتەی سیاسەتی ڕۆشنبیری
ڕەگ و ڕیشەی جیهانی مرۆڤ، واتە مێژوو و کولتور جیاوازن و دژ بەیەکن. لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا کۆمەڵێک کەس هەبوون کە چەمکێکی ڕوونیان بۆ جیهان هەیە، بە چەشنێکیتر سەرکردە ڕۆحییەکانی هەر کۆمەڵگایەک وەرگرین چەمکێکی دیکەیان هەیە بۆ جیهان، لانیکەم بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە پراکتیکدا دژایەتی چەمکی یەکەمیان دەکات . ئەمە پێکهاتەی ڕۆشنبیری سەرەتایی چینێکی باڵادەستە، یان چینێکی ژێردەستە، لە فەرهەنگی دیاردەناسیی گرامشیدا لەم دۆخە ڕۆشبیریە دژبەیەک و دابەشبووەدا تێگەیشتن لە [چینە باڵادەستەکانمان] بۆ ئاشکرا دەبێت لەڕێگەی ململان بۆ بە دەست هێنانی هەژموونی سیاسیەت . سەرەتا لە بواری ئەخلاقدا، پاشان لە بواری سیاسەتدا، بۆ ئەوەی بگاتە فۆرمولەیەکی باڵاتری چەمکی تایبەت لە واقیع . هۆشیاریی سەر بە هێزێکی دیاریکراوی باڵادەست =[چینی کۆمەڵایەتی] ، واتە هۆشیاری سیاسی قۆناغی یەکەمی خود هۆشیاری دواتر پێشکەوتنخوازانە، کە تیایدا تیۆری و پراکتیک یەکدەگرن ، دواجار ئەمە ڕێگە بە گەشەکردنی تەواوی تاک دەدات .
بەم پێیە یەکێتی تیۆری و پراکتیک ڕاستیەکی میکانیکی نییە بەڵکو پرۆسەیەکی مێژوویە . کاتێک پرۆلیتاریای دەسەڵاتدار هەژموونی خۆی دەسەپێنێت و دەوڵەتی خۆی دروست دەکات، بناغەکانی گەشەسەندنی تەواوی ڕۆحی خۆی دادەنێت؛ دەگاتە ساتێکی “پاککردنەوە” کە تێیدا چیتر بەهۆی بەرژەوەندیە خۆپەرەستە کۆنەکانەوە ناجووڵێت کە پێشتر بۆ بەردەوامبوونی پێویست بوون. بەڵام سەرکەوتن لەم گەشەکردنەدا لەم داهێنانە کولتوورییەدا تەنیا پەیوەست نییە بە فاکتەرەکانی هێزەوە. گرامشی لێرەدا پێویستی ڕاستی زانستی و ” وێنای لۆژیکی پێویست” بە یاد دەهێنێتەوە. تەنیا کاتێک ئەمانە هەبن دەتوانرێت حەقیقەتی مێژوویی بەدەست بهێنرێت و لە هەمان کاتدا تێکەڵ بە واقیع بکرێت . ئەوەش ڕوونە کە بنیاتنانی بەکۆمەڵ لەم جۆرە ناتوانرێت بە ئارەزووی خۆیان ، لە دەوری هەر ئایدۆلۆژیایەک لە ڕێگەی ئیرادەی بنیاتنەری فەرمی کەسایەتییەک یان گروپێکەوە ئەنجام بدرێت کە لە فەناتیزمەوە بۆ چەمکە فەلسەفی یان ئاینیەکانی خۆی پێشنیاری دەکەن . پابەندبوون یان پابەندنەبوونی جەماوەر بە هەر ئایدۆلۆژیایەکەوە ڕێگای پشتڕاستکردنەوەی ڕەخنەی ڕاستەقینەی عەقڵانییەت و مێژوویبوونی شێوازەکانی بیرکردنەوەیە . ئا لێرەوەیە گاڵتە کردنەکەی گرامشی کە لە (مارکسەوە وەریگردووە) تەنها بە ئایدۆلۆژیەکان ، ئەم بابەتە میراتی گەورە مارکسیستە هاوچەرخەکانی ئیتالیایە وەکو سێزار لوپۆرینی (1909-1993) .
گرنگترین بڵاوکراوەکانی گرامشی دوای مردنی بریتین لە: نامەکانی زیندان (1947)؛ ماتریاڵیزمی مێژوویی و فەلسەفەی بێنێدیتۆ کرۆچێ (1948)؛ ڕۆشنبیران و ڕێکخستنی کلتوور (1949)؛ ڕێنێسانس (1949)؛ تێبینیەکانی ماکیاڤێلی و سیاسەت و دەوڵەتی نوێ (1949)؛ ئەدەب و ژیانی نیشتمانی (1950)؛ ڕابردوو و ئێستا (1951). داگۆبێرت دی. ڕۆنیست لە فەرهەنگی فەلسەفەدا (١٩٠٢-١٩٨٢) سەرپەرشتی کردووە و ساکریستان گریاڵبۆ ( ١٩٦٩) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئیسپانی ، ساکریستان ئەم نووسینەی خوارەوەی دەربارەی نووسەری “دەفتەرەکانی زیندان” خستووەتەڕوو:(١٨٩١-١٩٣٧)؛ سیاسەتمەدار و فەیلەسوفی ئیتاڵی، دامەزرێنەری حزبی شیوعی ئیتاڵیا. لە زانکۆی تۆرینۆدا زمانەوانی و فیلۆلۆژیای خوێندووە (بە تایبەتی زانستی زمانەوانی)، بەڵام بەهۆی خۆبەخشی و خۆ تەرحانکردن بۆ سیاسەت، خوێندنی زانکۆی تەواو نەکرد. بەشداریی لە ڕۆژنامە سۆسیالیستەکانی “شەرەفی گەل” و “پێشکەوتن”دا کردووە. گۆڤاری “سیستەمی نوێ”ی دامەزراندووە، کە ئاراستەی شیوعی (لێنینیزم) کردووەو بناغەی بیرکردنەوەی خۆی و بیرکردنەوەی سیاسەتمەدارە دیارەکانی دیکەی ئیتاڵیا (پالمیڕۆ تۆلیاسی (١٨٩٣-١٩٦٤)) بووە.
دوای دامەزراندنی حزبی شیوعی ئیتاڵی، نوێنەری ئیتاڵیا بوو لە ئینتەرناشناڵی سێیەم (کۆمینتێرن)، پاشان بوو بە ئەمینداری گشتی. لە ساڵی ١٩٢٦ زیندانی کرا و لە ٢٧ی نیسانی ١٩٣٧ کۆچی دوایی کرد، پاش شەش ڕۆژ لەو حوکمەی کە داواکاری گشتی حوکمەکەی بەم قسەیە پاساو دابوو: “دەبێت ڕێگری لەم مێشکە بکەین بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ کار نەکات”.بەرهەمەکانی گرامشی پێکدێن لە وتارە ڕۆژنامەوانیەکان کە پێش زیندانیکردنی بڵاوکراونەتەوە، و نزیکەی سی دەفتەری یاداشتە کە لە زینداندا نووسیونی (“دەفتەرەکانی زیندان”). بێنێدیتۆ کرۆچێ (١٨٦٦-١٩٥٢) نامەکانی گرامشی کە لە زیندانەوە نووسیبوونی، بە کارێکی کلاسیکی نوێی دەزانێت لە ئەدەبیاتی ئیتاڵیدا . گرامشی مارکسیەتێک پێشنیار دەکات کە ناوی لێناوە “فەلسەفەی پراکتیک”.
ئەم فەلسەفەیە پراگماتی نییە، بەڵکو شێوازێکی بیرکردنەوەیە کە کێشە تیۆرییەکان دەکاتە مێژوو بەوەی هەمیشە وەک کێشەی کلتووری و ژیانی مرۆیی گشتگیر دەیانبینێت: “ئەوەی بۆ زانست گرنگە ئەوەندە ئۆبژێکتیڤبوونی ڕاستی نییە، ئەوەندەی بۆ مرۆڤ گرنگە میتۆدەکانی پەرەپێدەدات و بەردەوام ئامرازە ماددییەکانی و لۆژیکیەکانی (لەوانەش بیرکاری) ڕاستدەکاتەوە؛ ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کلتوورە. پەیوەندیی مرۆڤ بە ڕاستیەوە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە. تەنانەت لە زانستیشدا گەڕان بەدوای ڕاستیدا دابڕان لە مرۆڤایەتی جگە لە پارادۆکسێک هیچی تر نیە . فەلسەفە دەبێت لە چوارچێوەی پراکتیکی مرۆڤایەتیدا تێبگەین، “بە شێوەیەکی کۆنکرێتی، واتە بە شێوەیەکی مێژوویی”. کەواتە بابەتی مرۆڤ کێشەی یەکەم و سەرەکیی فەلسەفەی پراکتیکە.
ئەو بابەتانەی کە لای فەیلەسوفە مارکسیە نەریتیەکان یان ئەکادیمیەکان، بەشە سەرەکیەکانی “ماتریاڵیزمی مێژوویی” پێکدەهێنن (واتە ئەو بابەتانەی لە “فەلسەفەی سروشت”ی ڕۆمانسیەتەوە وەرگیراون)، کردەیانە لە کارەکانی گرامشیدا بوونیان نیە. سەرەڕای ئەوەش بیرکردنەوەی گرامشی دوودڵیەکی سەیر دەوروژێنێت سەبارەت بە بابەتی ئایدیۆلۆژیاکان. گرامشی درکی بەوە کردبوو کە کاری فەلسەفی مارکس لە بنەڕەتدا ڕەخنەگرتنە لە ئایدیۆلۆژیاکان. بەڵام لە لایەکی ترەوە گرامشی پێی وایە هەر بیرکردنەوەیەک کە پەیوەندی بە پراکتیکەوە هەبێت وەک مارکسییەت بۆ نموونە پێویستە تا ڕادەیەک بونیادنانی ئایدیۆلۆژی یان “ئەفسانە”ی تێدا بێت، وەک لە وتارە سەرەتایەکانی خۆیدا نووسیویەتی.گرامشی لە ساڵانی پێگەیشتنیدا، دوودڵ بوو لە بەکارهێنانی ئەم وشەیەو چەمکی مارکسیزمی خۆی بە تەواوی لە ئایدیۆلۆژیاکەی دانەماڵی. بەڵکو پەنای بردە بەر جیاکردنەوەی نێوان ئایدیۆلۆژیا ئۆرگانیە مێژوویەکان کە بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو پێویستن، و ئایدیۆلۆژیا هەڕەمەکی و عەقڵانییە “پەسەندکراوەکان”. بەهۆی ئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە پێویستن، ئەم ئایدیۆلۆژیایانە خاوەنی باوەڕپێکراویەکی دەروونین، چونکە جەماوەری مرۆیی ڕێکدەخەن و بنەمایەک پێکدەهێنن کە مرۆڤەکان تێیدا خەبات دەکەن و تێیدا هۆشیاری لە هەڵوێستەکانیان بەدەست دەهێنن ….هتد.”
اکد الجبوری – حوارالمتمدن – ٢٤/ ١٠ / ٢٠٢٥
