Skip to Content

نامەیەکی ئەکادێمی دەکرێت بە پەرتووک..  کاروان محەمەد فەتاح

نامەیەکی ئەکادێمی دەکرێت بە پەرتووک.. کاروان محەمەد فەتاح

Closed
by ئازار 17, 2023 Books, General


نووسەر و چیرۆکنووس (کاروان محەمەد فەتاح) پەرتووکێکی ئەکادێمی بە ناوی (کارەکتەر لە ڕۆمانی “ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟”ی”کاروان عومەر کاکەسوور”دا) بڵاو کردەوە، کە لە بنەڕەتدا نامەیەکی ماستەرە و بە هەمان ناونیشانەوە بە سەرپەرشتیی (پ. د. شنۆ محەمەد مەحموود) پێشکەشی ئەنجوومەنی کۆلێژی پەروەردە و زمان لە زانکۆی چەرموو کراوە. ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (٢٠/ ١٠/ ٢٠٢٢) دوای گفتۆکردن لەبارەیەوە، نامەکە پەسەند کرا.
ئەم کتێبە هەوڵێکی زانستییە بۆ ناساندنی توخمی کارەکتەر، کە لە ڕووی زاراوەوە لە بنەڕەتدا بۆ وشەی (Persona)ـی لاتینى دەگەڕێتەوە، کە بە ماناى ڕووبەند (القناع) دێت. کاتێک ئەکتەرەکان لەسەر تەختەى شانۆ ڕۆڵى کەسێتییەکانیان دەگێڕا، بەو مەبەستەى نەناسرێنەوە، ئەو ڕووبەندەیان بە کار دەهێنا و دەموچاوى ڕاستەقینەى خۆیانیان پێ لە تەماشاکەران دەشاردەوە. لە زمانى یۆنانییشدا بە کارەکتەریان گوتووە (Ethos)، کە واتاى ڕەوشت دەدات.
لەم کتێبەدا کار لەسەر پێشاندانی ئەو پێوەندییەی کارەکتەر لەگەڵ هەریەک لە توخم و تەکنیکەکانی تری ڕۆماندا هەیەتی، کراوە. هەروەها دەرخستنی ڕەهەند و جۆرەکانی کارەکتەر و نیشاندانی ئەو کاریگەرییەی توخمی کارەکتەر لە ڕووبەری ئەدەبی گێڕانەوە بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتیدا، دروستی دەکات.
کتێبەکە لە پێشەکی، سێ بەش، ئەنجام و لیستی سەرچاوەکان پێک دێت:
بەشی یەکەم: کارەکتەر لە ژانری ڕۆماندا
بەشی دووەم: ڕەهەندەکانی کارەکتەر لە ڕۆمانی “ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟”
بەشی سێیەم: جۆرەکانی کارەکتەر لە ڕۆمانی “ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟”
ئەم بەرهەمە لە دووتوێی (٢٦٦) لاپەڕەدا لەلایەن دەزگەی (کولتوور بۆ چالاکیی ئەدەبی و فەرهەنگی) بڵاو کراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish