کورد و ڕەهەندەکانی ڕۆشنبیری.. دوکتور شەماڵ ئیسماعیل پوور
بەرایی
ڕۆشنبیری و گرینگی ئەم چەمکە بۆ کۆمەڵگا هەمیشە حاشاهەڵنەگرە. ئەم بابەتە لە زانستە مرۆییەکان و لێکۆڵینەوە فەرهەنگی و گوتارە سیاسییەکاندا هەرگیز کۆن و بۆژۆ نابێت. هەربۆیە هەڵدەگرێ بە شێوازی نوێ و نوێتر بخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوەی تایبەت. فەیلەسووف و کۆمەڵناسەکان لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە ئەم بابەتەیان تاووتوێ کردووە. لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر کاریگەری و جێپێی دیاردەی ڕۆشنبیری لە کوردستاندا. ئەم کاریگەرییە بە نەتەوەی کورد و بارودۆخی کوردەوە گرێ دەدەین و ڕۆشنبیری نەتەوەی بێدەوڵەت پێناسە دەکەین و لە کۆتاییدا بۆ پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لە دەربیجەی ڕۆشنبیرییەوە دەڕوانین.
ڕۆشنبیری
وشەی ڕۆشنبیر لە وشەی فەڕەنسی (Intellect) وەرگیراوە و بە واتای هێزی عەقڵە. ئەم وشەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1860ی ز لە وتارێکی پیسارۆفی ڕووسیدا هات و بۆ لاوانی ئاکادیمی بەکار برا . ئەو لاوانەی خاوەنی ئەندێشەیەکی ڕەخنەگرانە بوون. لە ئەندێشەی مارکسیستیدا چەمکی ڕۆشنبیر لەگەڵ چەمکی چەپ بە یەک واتا هاتوون.بە دڵنیاییەوە گەشەی گەلان و ڕزگاربوونیان لە دواکەوتوویی و خورافات و ژێردەستی، لە سۆنگەی چالاکی و کاری ڕۆشنبیرانەوە بووە. ڕۆشنبیران کارێکی زۆر دژواریان لە ئەستۆیە. ڕەنگە هیچ کارێک بەڕادەی وەئاگاهێنانەوەی خەڵک دژوار نەبێت. کاری ڕۆشنبیری جۆرێک لە پەروەردەیە. کاری پەروەردەش گەلێک دژوار و پسپۆڕخواز و کاتبەر و تێچوو هەڵگرە. ئیمانۆئێل کانت دەڵێ :لە نێو داهێنانەکانی بەشەردا دوو شت لەوانی دیکە دژوارترن، یەکیان هونەری بەڕێوەبردنی وڵات و ئەوەی دیکەیان هونەری پەروەردە.
زمانی ڕۆشنبیر
ڕۆشنبیر خاوەنی زمانی تایبەت بە خۆیەتی. ئیدوارد سەعید دەڵێ: کەسی ڕۆشنبیر ئەگەر زۆر پسپۆڕانە بدوێ، کەس لێی حاڵی نابێ و ئەگەریش زۆر ساکار و سادە بدوێ دەچێتە حاڵەتی پۆپۆلیزمەوە . کەوابوو کەسێکی ئەوتۆ دەبێ لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەنی زانایی تایبەتە، دەبێ بەزمانی ناپسپوڕانە و تایبەت بدوێ. تاکوو هەموو خەڵک لێی تێبگەن و وتەکانی فام بکەن و بتوانێ قسەی خۆی بە گوێی هەموو خەڵک بگەیەنێ.
کاری ڕۆشنبیر
لە نێو گەلانی خاوەن دەوڵەتدا، کاری بنەڕەتی ڕۆشنبیر ڕەخنە گرتن لە دەسەڵاتە . دەسەڵات بە بێ ڕەخنە لێگرتن و چاودێری کردنی ڕۆشنبیران دەگنخێ. دەسەڵاتدار کە لە دەسەڵاتدا مایەوە، ئاشقە خۆ دەبێت و بێجگە لە خۆی کەس نابینێ و تاکڕەوانە کاران ڕادەپەڕێنێ و دەستی بۆ هەموو خراپەکارییەک ئاوەڵا دەبێت. هێدی هێدی لە یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگا دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیاوە. لە وەها حاڵەتێکدا لەباتی پێملبوون بە یاسا و داخوازییەکانی گەل و نەتەوە، حەز و ئاواتە تاکڕەوانەکانی خۆی دەکاتە یاسا و خەڵک پێملی ویستەکانی خۆی دەکات. ڕۆشنبیری بوێر و نەترس و ئازا دێتە مەیدانەوە و بە ڕەخنەی ڕۆشنبیرانە بەرهەڵستی دەسەڵاتدار دەبێتەوە. ئەوسا زۆرجار دەسەڵاتدار لەبری پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و چاکسازی، پەنا دەباتە بەر تیرۆر و ڕەشەکوژی و لەناوبردنی کەسی ڕەخنەگر. مێژووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پڕە لەو کوشتن و بڕین و دورخستنەوە و ژیان لێ ئەستاندنانە. ئەم دیاردەیە لە مێژووی وڵاتێکی وەکوو ئێراندا هێندە بەرچاوە کە نووسەرێکی وەکوو عەلیڕەزا قولی کتێبی کۆمەڵناسی بژاردە کوژی (جامعەشناسی نخبە کشی) نووسی و کومەڵناسانە ئەم دیاردە دژە مڕڤانەیەی تاووتوێ کرد. ئەم کتێبە بە شێوەیەکی کۆمەڵناسانە باس لە ملهوڕی و دواکەوتوویی دەسەڵاتداران دەکات کە چۆن کەسانی بژاردەی گەل و نەتەوە خۆشەویست دەکوژن و پێیان خۆشە خەڵک گیل و نەزان بمێننەوە.ڕۆشنبیر لەنێو گەلانی دواکەوتوودا دەکەوێتە بەر غەزەبی خەڵکیش . هەربۆیە زۆر جار ڕۆشنبیر و جیابیران بە دەستی گرووپە توندئاژۆکانی ئەو کۆمەڵگایە کوژراون. ئەم دیاردەیە بەجۆرێک بەربڵاوە کە دەتوانین لەنێو هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا نموونەی بۆ بێنینەوە.
دەردی ڕۆشنبیر
ژان پۆل سارتر پێی وایە کەس ڕۆشنبیری ناوێ و کەسیش بە فەرمی نایناسێ.تەنانەت خەڵکی ئاساییش بە هێندی وەرناگرن و لەلایان گرینگ نییە. ئەو لای وایە کاتێک ڕۆشنبیر هاتە گۆڕەپانی چالاکی ڕۆشنبیرانەوە، چینی دەسەڵاتدار بە خاینی دەزانێ و پێی وایە دژی ئەو سیستمە ڕاساوە کە ئەوی پێ گەیاندووە.چینی هەڵبژاردەش نایانەوێ و لایان وایە بە دژی داخوازی و قازانجی ئەوان دەجووڵێتەوە.دەردی سەرباری دردانیش ئەوەیە کە چینی زوڵم لێکراویش لێی دڕدۆنگ و بەگومانن و دەیخەنە بەر تیری قسە و قسەڵۆک و پاشگر و پێشگری ناحەز و دوور لە ڕاستی . تەنانەت بووە ڕۆشنبیریان بە تاوانی دژە دین و دژە خودا بوون کوشتووە و خەڵکانی دیکەش شادمانی خۆیان لەو کوشتنە دەربڕیوە.ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەکوو سارتر دەڵێ ڕۆشنبیر بەرهەمی هیچ بڕیارێکی پێش وەخت نییە.
واتە هیچ کەس و لایەن و گرووپ و حیزب و ڕێکخراوەیەک ڕۆشنبیریان پەروەردە نەکردووە. ڕۆشنبیر بە هۆی تایبەتمەندییەکانی خۆی ڕۆشنبیرە و کەس ناتوانێ ئەو نازناوەی پێ ببەخشێ. هەڵبەت لە کۆمەڵگا نەخۆش و کەمزان و دواکەوتووەکاندا دەسەڵات یاخۆ لایەنە بەهێزەکان ڕۆشنبیری درۆیین و ناڕاست دادەتاشن و وەکوو کورد دەڵێ، سەرلووسی بن پیس دەیخەنە بەر چاوی کۆمەڵگا. بەڕواڵەت ڕۆشنبیرە و لە ڕاستیشدا ناڕۆشنبیر و فریودەر و خەڵک خەڵەتێن.لێرە دایە کە ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر دەبنە دوو چەمکی ململانێکەر . کردەوەی کەسی ناڕۆشنبیر بە بابەتی ڕۆشنبیری بە خەڵک دەفرۆشرێ و خەیانەتی ڕۆشنبیری وەکوو چەمکێکی حاشا هەڵنەگر دێتە ئاراوە.
ژۆلین بێندا و ژان پۆل سارتر دەڵێن، ڕۆشنبیر بە هەر هۆیەک خەیانەت بە ئارمانی ڕۆشنبیری بکات، واتە خۆی لە هەق و دادپەروەری و ئازادی ببوێرێ، خاینە. هەقیقەت و دادپەروەری و ئازادی سێکوچکەی ڕۆشنبیری و مەزنایەتی مرۆڤ و چەمکە گرینگەکانی ژیانن. فێدریکۆ مایور شاعیری کاتالۆنیایی دەڵێ: ڕۆڵەکانم من بۆ ڕزگارکردنی ئەم سێ وشەیە کە بە میرات بۆتانی بەجێدێڵم، ژیاوم: عەشق و دادپەروەری و ئازادی . لە نێو ئەم سێ وشەیەشدا ڕەنگە ئازادی ئەو بەختەی بووبێ کە زۆرتر لەوانیتر کاری بۆ کرابێ و حورمەتی لێ گیرابێ و خوێنی بۆ ڕژابێ و سەربازی ڕۆشنبیری زۆرتر بووبێت. دوکتۆور مستەفا ڕەحیمی دەڵێ: ئازادی ئەگەر ببێ بە دیلی من، ئیتر ئازادی نییە، بەڵکوو دیلییە. کەوابوو ئازادی واتە ئازادی جیا بیران.
مارکس لەسەر ڕۆشنبیر پرسیارێکی جەوهەری هەیە و دەڵێ: ڕۆشنبیر چ کارکردێکی لەسەر بەرهەمی کۆمەڵایەتی هەیە؟
فرانسوا شاتلە لەمەڕ ڕۆشنبیر لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی هەیە کە دەکرێ بڵێین بە جۆرێک وڵامی پرسیارەکەی مارکسی تێدایە. بە بڕوای شاتلە ڕۆشنبیر لەخۆیدا دژی پیرۆزییە. دژی کۆمەڵگایەکە کە هەقیقەت و ڕوونی و ڕوون بێژی بە ڕەوا نازانێ. ڕۆشنبیر خۆی بە بەرپرس دەزانێ. نەک لەبەر ئەوەی کە خاوەن زانستە و ئیمان و بڕوایەکی تایبەتی هەیە. یاخۆ نەک لەبەر ئەوەی کە لایقە. بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە خاوەن ئیرادەیە. ڕەنگە هەر ئەو ئیرادەیە بێت کە کاڕێڵ مانهایمی کۆمەڵناس دەڵێ: ڕۆشنبیر بەرهەمی کۆمەڵگایە و لە چاو چینەکانی تر پێگەی سەرتری هەیە.
بارودۆخی کولتووریی و سەرهەڵدانی ڕۆشنبیری لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدرێژایی مێژوو گۆڕەپانی ململانێی بزاڤە جۆراوجۆرەکان بووە . ئەم ناوچەیە هیچکات لە توندوتیژی و پێکدادان و شەڕ و ئاژاوە و کێشەی ئایینی و نەتەوەیی و ئازادیخوازی و پاوانخوازی و…. بەدوور و بەدەر نەبووە.
باسکردن لە ڕۆشنبیری و پێناسەی ڕۆشنبیر لە وڵاتان و لە نێو گەلانی ئەم ناوچەیەدا کارێکی هاسان نییە. بەهۆی زاڵبوونی هێژموونی ئایینی لەم ناوچەیەدا، ڕۆشنبیری ئایینیش لە چاو ڕۆشنبیرانی تر دەم لەپێشتر و قسە ڕۆیشتووترن. بەم پێیە لێرەدا باسی ڕۆشنبیری بەگشتی دەکەین و لێکیان هەڵناوێرین. بۆ ئەو مەبەستە پۆلینبەندی مەحموود سەریعولقەلەم لەسەر فەرهەنگی ئێرانی و گشتاندنی ئەم فەرهەنگە بەسەر فەرهەنگی خەڵکانی ناوچەکەدا دەکەینە بەڵگە. ناوبراو دەڵێ: فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران دوو ئاستی لە فەرهەنگ بەخۆوە دیوە: یەکەم، فەرهەنگی شاری وعەقڵی و پیشەسازی . دووهەم، فەرهەنگی عەشیرەیی و گوندی و سونەتی . پاشان لە پێناسەی فەرهەنگی عەشیرەییدا سێ تایبەتمەندی بۆ دادەنێ و ئاوا ڕیزبەندی دەکات: یەکەم، خزمخوازی دووهەم، ڕۆحی شەڕانگێزی و سێهەم، پاراستنی عەشیرە لە ڕێی پەلامار و هێرشەوە.
دیارە لە وەها کۆمەڵگایەکدا کاری ڕۆشنبیر گەلێک دژوارتر لە کاری ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگاکانی دیکەیە. لەم کولتوورەدا تا خزموکەس نەبی و بە خوێنی بنەماڵەیی بە عەشیرەوە گرێ نەدرێی، نابیندرێی و دەرەتانی خۆ نیشاندانت نابێ . تاکی کۆمەڵگا کە خاوەنی خوو و خدەی شەڕانگێزی بێت ناتوانێت بکەوێتە بەر کاریگەری کاری ڕۆشنبیر. بۆپاراستنیش دیارە عەشیرە لە هیچ توندوتیژییەک خۆ نابوێرێ و هەموو شێوە توندئاژۆیەکان تاقی دەکاتەوە و لە وەها حاڵەتێکدا بە دڵنیاییەوە بزاڤی ڕۆشنبیری غەوارە دەبێت.
ڕۆشنبیری نەتەوەی بێ دەوڵەت
دیارە نەتەوەخوازی دیاردەی سەردەمی دوای ڕێنێسانس و وەئاگاهاتنەوەی گەلانی ئورووپایە. لە سەردەمی سەدە تاریکییەکاندا نەتەوە و نەتەوەخوازی هیچ واتایەکی نەبوو . ئەوە گرینگ بوو کە هەمووان لەبن سێبەری ئایینی مەسیحییەتدا کۆببوونەوە . بە پێی یاسای ئاسمانی ئەو دینە خەڵک دەژیان. بەڵام پاش شۆڕشی وەئاگاهاتنەوە و ڕزگاری خەڵک لە کۆت و بەندی کڵێسە، هێدی هێدی بیری نەتەوەخوازی سەریهەڵدا و دەوڵەت نەتەوەکان بیچمیان گرت. ئەم دیاردەیە بوو بە هۆی دروست بوونی ئەوینێک بۆ خاک و ئاو و زێد و زمان و نیشتمان و نەتەوە. ئەم ئەوێنە تەشەنەی کرد و هەموو جیهان و هەموو گەلانی جیهانی گرتەوە و بۆ دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەی خۆیان تێکۆشان.
دیارە بە هۆی بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە و گەلی کورد، ئەم نەتەوەیە بەو ئاستە نەگەیشت و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە بێ دەوڵەت ماوەتەوە. هەر بۆیە مەجبوورین ناوی ڕۆشنبیرانی نەتەوەی بێ دەوڵەت لە ڕۆشنبیری کورد بنێین. ڕۆشنبیری کورد لە وەها حاڵەتێکدا بۆ کارکردن لەسەر دەسەڵات و دروستکردنی هێژموونی و کاریگەری خۆی لەسەر دەسەڵات بە قازانجی نەتەوەکەی دەست بەکار دەبێت. هێندێک لە ڕۆشنبیران دەبنە ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەل و بزاڤی ناسیونالیزم وەڕێ دەخەن . هەر بۆیە بەتوندی دەکەونە بەر غەزەبی دەسەڵات و بە هەموو جۆرێک گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و بۆ پاراستنی گیان و مانیان دەبێ بچنە جلوبەرگی خەباتکارەوە. شاخ بکەنە ناوەندی ڕۆشنبیری خۆیان و لەوێوە دزە بکەنەوە نێو شار و گوندی وڵاتەکەیان. دیارە ئەو ڕۆشنبیرانە پێش لەوەی وەکوو ڕۆشنبیر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و وەکوو ڕۆشنبیر بناسرێنەوە، لەبەر چاوی خەڵک دەبنە شۆڕشگێڕ و خەباتکەر.
دەسەڵاتی سەر نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بە هیچ لەونێک ددان بە نەتەوەبوونی ئەو گەلانەدا نانێ. ئەم دەسەڵاتانا لە هیچ شوێن و هیچ وڵاتێکدا بۆ گرووپە جیاوازەکانی نێو کیانی سیاسی خۆیان،چەمکی نەتەوە بەکار نابەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەبێ سەربەخۆیان بکەن و مافیان پێ بدەن.
تەنانەت ئەگەر مەجبوور بن لە یاسای بنەڕەتیدا ددانیان پێدابنێن لە ئەمری واقعیدا حاشایان لێ دەکەن و بە توندترین شێوە حەز و بژاڤی نەتەوەخوازییان لێ دەستێنێتەوە. لە ئاست ئەم گەلە ژێر دەستانەدا هێندە دڵڕەق دەبن کە مادەدەستوورییەکانی خۆشیان لە حاندیان پێ شێل دەکەن. هەر بۆیە لە وەها حاڵەتێکدا ڕۆشنبیری نەتەوە خواز سەر هەڵدێنێ. یا خود ڕۆشنبیر هەر بیر و بۆچوونێکی بۆ گەلەکەی ببێ دەخرێتە بازنەی ڕۆشنبیری نەتەوەخوازەوە و دەسەڵات بە توندترین شێوە هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکات و ئاستەنگ دەخاتە بەر پێی. زۆر جار بووە کە ڕۆشنبیر لە وەها بارودۆخێکدا بوونی بۆ دەسەڵات بڤڤە بووە و قەبووڵ نەکراوە و گیانی لێ ئەستێندراوە.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دروست بوونی بزاڤی نەتەوەخوازی لەنێو هەر گەل و نەتەوەیەکدا پێویستی بە بوونی ڕۆشنبیران هەیە.
ڕۆشنبیران لەم حاڵەتەدا بە سێ دەستە دابەش دەبن:
یەکەم، ڕۆشنبیرانی ڕێفۆڕمخواز: ئەم ڕۆشنبیرانە دەچنە کار و چالاکی لە دەمودەزگای دەسەڵاتدا و بە هیوان لە ڕێی ڕیفۆڕمەوە بە ئامانجەکانیان بگەن. دەیانەوێ لەڕێی یاسایی و پاڕلمان و چوارچێوەی دەسەڵاتەوە چاکسازی بکەن و بەدەستی ئەوکەسانە ئاڵوگۆڕ دروست بکەن کە بۆخۆیان بوونەتە هۆکاری مافخوراوی نەتەوەکەیان. دیارە ڕیفۆڕم و چاکسازی لەوەها بارودۆخێکدا ئەستەمە و ئەگەریش بڕێک دڕوشم و قەولی کاڵ بدرێت، ناچنە چوارچێوەی کردەوە و دابەزینەوە.
دووهەم ڕۆشنبیرانی نێو دامودەزگا خۆجێییەکان: ئەم ڕۆشنبیرانەش بە کارکردن لە نێو پێکهاتە خۆجێییەکانی پێمل بە دەسەڵاتدا سەرهەڵدەدن و دەیانەوێ بەم کارە خەڵک و نەتەوە بپارێزن و کار بۆ پاراستنی بەهاکانی نەتەوەکەیان بکەن . دیارە ئەگەر دەسەڵاتێک هێندە لە خۆی ڕاببینێ دامودەزگای نەتەوەیی دابمەزرێنێ،دەشتوانێ ڕۆشنبیرانێک لە چوارچێوەی ئەم دەمودەزگایانەدا ببینێ بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ڕۆشنبیرانەش بە دەردی ڕۆشنبیرانی پێشتر دەچن و کارێکی ئەوتۆیان لە دەست نایات.
سێهەم ڕۆشنبیرانی وەفادار بە نەتەوە و گەلی خۆیان:ئەم ڕۆشنبیرانە هەموو ژیانیان تەرخانی گەل و نەتەوە دەکەن و ناهێلن نەتەوەکەیان لە نەتەوەی زاڵ و باڵادەستدا قاڵ بێت و بتوێتەوە.
ئەمانە ئیدوارد سەعید گوتەنی بە زمانی نەتەوەی خۆیان دەدوێن و خۆیان لە گەل جیا ناکەنەوە و لە گەڵ ئەواندا دەژین و وەکوو ئەوان دەژین و لە کۆتایشدا سەریان لە ڕێی کاری ڕۆشنبیری دادەنێنەوە.
ڕۆشنبیری کورد
کورد وەکوو نەتەوە و شێوەی ژیانی لە نێو ئاو و خاکی خۆی لە چوار وڵاتدا دەژی. هەر بەشێک لە کوردستان بە پێی بارۆدۆخی ئەم وڵاتانە پێناسەی ئەکرێ. ژیان و کولتوور و جیهان بینی و تەنانەت شێوەزاریشی کاریگەری لەم وڵاتانە وەرگرتووە.
ڕۆشنبیری هەر بەشێک بە پێی دۆخی ئەو بەشە درووست دەبێت.دەتوانین بڵێن ڕۆشنبیرانی کورد بە پێی پارچەی کوردستانی شوێنی ژیانیان لەگەڵ یەکتر وردە جیاوازی تایبەتیان هەیە .ئەم جیاوازیانە دەکرێ ببێتە هەوێنێ ڕۆشنبیری جیاواز لە یەکتر کە ئاسۆی هەموویان کورد بوونە و ئاکامی خەباتی هەموویان بۆ مانەوەی نەتەوەی کوردە.
ڕۆشنبیری هەر بەشێک لە کوردستان لە گەڵ جۆرێک دەسەڵاتی تایبەتدا ڕووبەڕووە کە لە دەسەڵاتی بەشەکانی دیکە ناچێ.هەر بۆیە ئەم ڕۆشنبیرانە مەجبوورن بە پێی بارودۆخی خۆیان کار بکەن و بە پێی ڕادەی دەسەڵات و هێزی ئەژنۆی خۆیان هەنگاو بنێن،دیارە ئەم هێزی ئەژنۆیە لە هێندێک دۆخی زەمانی و شوێنی تایبەتدا دەکرێ بە پڕتاو بەرەو پێش بچێ و لە هێندێک دۆخی زەمانی و شوێنی تایبەتدا بە دارەدارەش ناگات.
بەرپرسایەتی ڕۆشنبیری کورد لەبەر بارودۆخی کورد و کوردستان زۆر زیاترە لە بەرپرسایەتی ڕۆشنبیرانی گەلانی دیکە. گەلانی دیکە دەتوانن لە نێو چوارچێوەی دەسەڵاتدا خاوەن حیزب و گرووپ و هێژموونی خۆیان بن.
بەڵام هیچ دەزگا و دەسەڵاتێک لە پشت ڕۆشنبیری کورد نییە. تەنیا و بێ کەس و بێ پشتیوانە، هەر وەکوو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، دەسەڵات بە خاینی دەزانی وچینی هەڵبژاردەش نایەوێ و چینی زوڵم لێکراویش لێی بە گومان و دڕدۆنگە (ژان پۆل سارتر)
ڕۆشنبیری کورد لە هەموو پرس و کێشەکانی کورد دەڕوانێ. دەبێ بۆ جۆری بیرکردنەوەی نەتەوەکەی بە خەم بێت. بۆ زانستی کورد هەوڵ بدات و بە خەمی زمان و کەلتوور و بەهاکانییەوە بێت. یەکێک لە کێشە تایبەتەکانی ڕۆشنبیری کورد ناسەربەخۆیی بڕیار و ڕوانینە. بەختیار عەلی دەڵێ:ڕۆشنبیری کورد خۆی لە چوارچێوەی حیزبێکدا دەبینێتەوە و لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە ڕەخنەگری حیزبەکەی. ئەگەر ڕۆشنبیری کورد خۆی لە بازنەی حیزبە کوردییەکانیش ڕزگار نەکات و نەکەوێتە پێش ئەوانەوە،سەربەخۆیی ڕۆشنبیری و فیکری نامێنێ و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا کەم دەبێتەوە.
ڕۆشنبیر و ناسنامە و کۆمەڵگا
کاری فیکری بۆ کۆمەڵگا سەرەتا لە ئەدەبی مارکسییەوە سەر هەڵدەدات. ئەم بیرۆکەیە لە کۆمەڵگاکانی ئەو کاتەدا زۆر جێنەکەوت و پێشوازی باشی لێ نەکرا، لە لایەکی تریشەوە بیری نامارکسی بە جێی کاری فیکری لە ژیانی فیکری کۆمەڵگا ڕاما. ئەم بۆچوونە بۆ ژیانی فیکری و ڕۆشنبیری، مرۆڤی خوێندەواری کردە هاودەمی ژیانی فیکری و ڕۆشنبیری لێ دروست بوو . بەم پێناسەیە ڕۆشنبیر کەسێکە لەسەر کۆمەڵگا کاریگەری تایبەتی هەبێ و بۆ ناسنامەی نەتەوەش تێبکۆشێ. مادام کە خوێندەواری بوو بە پێناسەی ڕۆشنبیری، ئاخۆ لەو کۆمەڵگایانەدا کە هەمووان خوێندەوارن، هەمووشیان ڕۆشنبیرن؟
لێرەدا پێناسەی تایبەت دەخوازێ و دەبێ کەسی ڕۆشنبیر لە خوێندەواری ئاسایی جیا بکرێتەوە. کەسێک کە بتوانێ لە سەقامگیر کردنی ژیانی فیکریدا شوێن و کاریگەری هەبێ دەبێتە ڕۆشنبیر.
شوناسی نەتەوەیی
کاتێک ئەم شوناسە دروست دەبێت کە کەسێک تێیدا هۆگری و پێوەندی بە دەوڵەت یان نەتەوەکەیەوە دروست بێت و ئەم پێوەندییە بە خەڵکێکەوە گرێ بدات کە نەتەوەیەک ساز دەکات. خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ژیانی خەڵکی دەبێتە سەرەکیترین خاڵی شوناسی نەتەوەیی. ئەرێنیترین خاڵی شوناس لە نەتەوەدا دەبێتە نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی گەل و نیشتمان. ئەو حاڵەتەی کە مرۆڤی نەتەوەیی، لە پەنا گەلان و نەتەوەکانی دیکەدا سەربەرزی و گەورەیی و سەربەخۆیی بۆ گەلی خۆی دەخوازێ.
مامۆستا هێمن گوتەنی،ئارەزوو دەکات هەموو گەلان بە ئازادی بژین و دیلی و مافخوراوی بۆ کەس ناخوازێ. خاڵی نەرێنی نەتەوەخوازی و توند و تیژبوون لەم حاڵەتەشدا دەبێتە شۆوێنیزم کە تەنیا نەتەوەی خۆی دەبینێ و حەز بە دیلی و نەمان و بێدەرەتانی گەلانی دیکە دەکات. ڕۆشنبیری کورد کارێک دەکات کە تاکی کۆمەڵگای کوردی هەست بە بەرپرسایەتی بکات.بتوانێ لەبەرانبەر ئەوی تردا خۆی پێناسە بکات و شوناسی نەتەوەیی خۆی بەهێند وەربگرێ و بە بێ خۆبەکەمزانین لە نەتەوە و شوناسی خۆی بدوێ. ڕۆشنبیر لە نێو نەتەوەی کورددا و لە ساتە تایبەت و پێویستەکاندا یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەیی درووست بکات. ڕۆشنبیر بە دوور لە هەر بیرێکی مێتافیزیکی و ئاسمانییەوە لە ئاخاوتن و دربڕینی بیری ڕۆشنبیری خۆیدا دەربکەوێت. واتە هیچ پاشگر و پێشگرێکی جیا لە ڕۆشنبیر ییلەگەڵدا نایەت و ئەگەر کەوتە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتییەوە، لە بەشێکی زۆر لە خەڵک جیا دەبێتەوە و ڕۆشنبیریی پێ ناکرێت. کە وابوو ڕۆشنبیر دەبێ سەرتر لە هەموو ئایدیالۆژی و چوارچێوەکان بێت. ڕۆشنبیری کورد تا تیۆری خۆماڵی نەبێت، ناتوانێ کارێک بۆ ناسنامە و کێیەتی گەل بکات. جەلال حاجی زادە دەڵێت:ڕۆشنبیری کورد دەبێ بە پێی کۆمەڵگای خۆی هەوڵی داهێنان و خولقاندنی تیۆری نۆی بدات و ڕووی لە داهاتوو بێت. ڕۆشنبیری کورد دەبێ بە پێی دەقی خۆی پێناسەی لە ناسنامە ببێ. خوێندنەوە ناکوردانە و و دانانی پێناسەی نا کوردی بۆ ناسنامەی کورد، ئەو ناسنامە دڵخوازەی لێ دروست نابێت کە بتوانێ ئەم نەتەوەیە بگەیەنێتە ئاستێک کە سەرێک بێت لە نێو سەرانی دیکەدا. بۆ گەیشتن بە بەرئەنجامێک دەڵێن کە ڕۆشنبیری و گرینگی ئەم بابەتە هەمیشە بۆ کۆمەڵگا پێویستە. ڕۆشنبیر خاوەن زمانی خۆیەتی و دەبێ خەڵک بە دوای خۆیدا بەرێ. هەرگیز لە ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات غافڵ نەبێت و ئەم بابەتە بە ئەرکی بنەڕەتی خۆی بزانێ. ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگا داخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا کارێکی زۆر ئەستەمە و هێندێ جار گیان لە دەست دانی پێوەیە. ڕۆشنبیر سەر بە هیچ لایەن و ئایدیالۆژیایەک نییە و سەربەخۆ دەمێنێتەوە و هەموو کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا دەناسێ و بۆ لابردن و چارەسەرییان کار دەکا. بە پێی پێویستییەکانی نەتەوەی خۆی هەوڵ و تێکۆشانی دەبێت و بە پێی کۆمەڵگای خۆی هەوڵی داهێنان و خولقاندنی وتاری تێۆری نوێ دەدات.
دوکتور شەماڵ ئیسماعیل پوور ـ سەقز
——————————–
ژێدەر
۱. کار روشنفکری، بابک احمدی،نشر مرکز،تهران، ۱۳٨٤
۲. در دفاع از روشنفکران، ژان پل سارتر، ترجمە رضا سید حسینی، نشر نیلوفر، چاپ دوم،تهران، ۱۳٨٥
۳. تغییر ذهن ها، هوارد گاردنر، ترجمه سید کمال خرازی، نشر نی تهران، چاپ دوم، ۱۳٨٨
٤. وتاری ڕۆشنبیری لە خۆیدا بۆ….. لە نووسینی جەلال حاجی زادە
