سێوباران لە ئاسۆی دواڕۆژدا.. شیعر: ستار ئەحمەد
خۆر دەسووتێ..
هەور گیان دەدا،
سروشت بەپێوە نوستووە،
با بەدوای خۆیدا ڕادەکا،
مانگ لە ژانی مناڵبوونە.
خاک بۆ لەتە نانێک دەگری،
مرۆڤ خوناوی لوتکەی چیا
دەکاتە ئاڵای بەرگری.
دەمێکە بارانی شەڕگە
جەرگی ئاسمانی ناسیوە،
کەچی گوللەی بێناونیشان
لە نەخشەی کوشتن فڕیوە؛
بە شاباڵی فریشتەکان
گیانی شەکاوەی ئەستێرەی
بە سنگی شەو هەڵواسیوە.
ئەمێستاکە..
تیشکبارانی ئاواتمان،
دەستی گزنگ ڕادەکێشێ؛
بە تیشکی سۆز،
لانکی مرۆ و
کۆرپەی خاکمان دادەپۆشێ.
نیگای هەوار،
دروشمەکان دەنەخشێنێ،
دەروازەکان دەکرێنەوە..
هەرچی فریشتەی مژدەیە
ئاڵای ئازادی هەڵدەکەن.
زەوی تینوێتی دەشکێت و
وشکی نامێنێ لە گوڵشەن.
خاکمان شادی ڕادەمووسێ..
باران خوناو دەسڕێتەوە،
پەلکە زێڕینە بە سەما
دەبێتە ئاڵای ئاشتی و بوون.
نیشتمان باڵا دەکات و
پێنووس، مرۆڤ دەورژێنێ؛
چەک خودی خۆی هەڵدەواسێ،
پەپوولەی خۆزگە،
باڵی گەواڵە دەردەکا.
مەبەست شەونم لەبەر دەکا،
باخچە شەونم لە گوێ دەدا،
هیوا چرۆی نوێ دەردەکا.
مەرگ خۆی دەمرێت،
ژیان کڵاوی خۆر لەسەر دەکا.
ئەستێرە مێژوو دەنووسێتەوە؛
ئاسۆی دواڕۆژی گەردوون،
بە خەندەوە هەڵدێتەوە.
خودا سروشت،
بە دڵۆپە دەنەخشێنێ..
پەڕتووکی خەون دەکاتەوە،
پیتی ڕژاو بەسەرمانا دەبارێنێ.
شیعر دەکاتە ناسنامە..
نیشتمان گوڵزاری وەڵام،
سات لە کەژدا خرۆشاوە
بۆ نوقڵانەی دوایین پەیام.
ستار ئەحمەد
