جیاوازی چییە لەنێوان مێیینەیەکی موسڵمانی کورد و مێینەیەکی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورددا ؟.. بەختیاری شەمەیی
ئەمە نووسینێکە بە زمانێکی سادەوساکار سەبارەت بە ( پێوەندیی جلوبەرگ بە رەوشتەوە )
مێیینەی موسڵمانی کورد و مێینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد
با لێرەوە داوە تیشکێک بخەینە سەر جیاوازییەکان، مێیینەی موسڵمانی ئیسلامیی کورد خودی خۆی بە ئابڕوو/شەرەفی نێرینەکانی خێزانەکەیی و بە شەرەفی نێرینەکانی کەسوکارەکەی دەزانێت، ئیتر بەم هۆکارە جەستەی خۆی بە لەچک و باڵاپۆش یان بە رووپۆش/نیقابی هاوردەکراوی ئیسلامی سیاسی دەپۆشێت بۆ ئەوەی پێی بڵێن مێیینەیەکی بەشەرەفە یان پێی بڵێن مێیینەیەکی بڕوادار و لەخواترسە، بەڵام مێیینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد خۆی بە شەرەفی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەی نازانێت، بەڵکو مرۆڤێکی ئاساییە و خاوەنی خودی خۆیەتی، خۆی خاوەنی جەستەی خۆیەتی و بڕوای بەخۆیەتی و رێزلەخۆگرتووە، خۆی چ جۆرە جلوبەرگێکی پێ باش و پێ جوان بێت، ئەوە دەپۆشێت.
مێیینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد، شکۆمەندی و باوەڕبەخۆبوون و رێزی بوونی خۆی بەوە دەردەبڕێت کە بە ئاگا و هۆشیارە لە ئازادیی خۆی و لە زانینی ئەرک و مافە رەواکانی خۆیدا، دەزانێت سنووری ئازادی و ئەرک و مافەکانی چین، لەهەمان کاتیشدا رێزی نێرینەکانی خێزانەکەی خۆی و کەسوکارەکەی دەگرێت نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەیشی ئەمیان پەسەندە وەک ئەوەی کە خۆی دەیەوێت و وەک ئەوەی کە هەیە پەسەنیان کردووە و رێزی لێدەگرن، بەڵام مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسی پێبەندە بە بڕواداریی و خواستی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەیەوە، هەردەم لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە هەموو روویەکەوە بەدڵی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەی بێت، خۆی هیچ شکۆمەندی و خواست و بڕوابەخۆبوونێکی نییە، بێبەرییە لە خاوەندارێتیی خودی خۆی، بێبەرییە لە ئازادیی تاکەکەسیی خۆی، جلوبەرگە هاوردەکراوە ئیسلامییەکانی لەلایەن نێرینەکانی خێزانەکەیەوە، باوک و برا و مام و خاڵ و کوڕە مام و کوڕە خاڵەکانیاوە بۆی دەستنیشان کراوە و بەسەریدا سەپێبراوە، هیچ خواستێکی تاکەکەسیی خۆی تێدا نییە، خۆ ئەگەر مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی کورد بە خواستی خودی خۆیشی ئەو جلوبەرگە هاوردەکراوە ئیسلامییانە بپۆشێت، ئەوە هەر ئەوە دەگەیەنێت کە وەک مرۆڤێک و وەک مێیینەیەک قوربانیی پەروەردەیەکی دواکەوتووانە و کۆنەپەرستانەی ئیسلامییانەی خێزانەکەیی و کەسوکارەکەیەتی کە ئەو جۆرە جلوبەرگە هاوردەکراوە دواکەوتووە ئیسلامییانەیان لەلای ئاسایی کردووە و لێیان کردووە بە هێمای بەشەرەف بوون و بڕوادار بوونی و لەناو خێزانەکەیدا بەسەریدا سەپێنراوە و دەبێت بیانپۆشێت. جا ئەگەری ئەوەش هەیە کە رەنگە خودی خۆی پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگە ئیسلامییە هاوردەکراوانەی پێ جوان و باش بێت و بەهۆی پۆشینی ئەو جلوبەرگە ئیسلامییەوە چێژ لەوە ببینێت کە پێی بڵێن کەسێکی بڕوادار و پۆشتە و بەشەرەف و لەخواترسە، ئیتر بەم شێوەیە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامیی ئیخوانی و مۆدێلەکانی جلوبەرگی مێینە موسڵمانەکانی تورکیا و میسر و سعودییە و قەتەر و میرنشینەکانی تری کەنداو دەپۆشێت و لاسایی ئەوان دەکاتەوە، خۆ ئەگەر مێیینەی موسڵمانی ئیسلامیی کورد لەلای خۆیەوە و لە دڵیشەوە جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییەکانی کوردی و کوردەواریشی بەدڵ بن و پێی جوان و باش و پەسەندبن، بەڵام بەهۆی پێبەند بوونییەوە بە یاسا و رێساکانی ئیسلامی عەرەبەوە، هەروەها بەهۆی پێبەندبوون یان ترسانییەوە لە نێرینەکانی خێزان و کەسوکارەکەیەوە، ملکەچ و ناچاری بڕیارەکان و خواستەکان و ناچارکردنەکانی نێرینەکان دەبێت و بە لەچک و باڵاپۆش و هەندێکیشیان بە نیقاب، جەستەیان دەپێچنەوە و بەبێ خواستی خۆیان، وەک مرۆڤێک و وەک مێیینەیەک بێبەرییان دەکەن و مێیینەکان خۆیشیان بە ناچاری خودی خۆیان لە پۆشینی جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی میللەتەکەی خۆیان بێبەری دەکەن.
با بپرسین: یانی ئیتر هەر مێیینەیەکی موسڵمان کە لەچکی لەسەر کرد و باڵاپۆشی لەبەرکرد و نیقابی پۆشی، ئیتر ئەوە نیشانەی چاکی و باشی و رەوشتبەرزی و ئابڕوومەندییەتی؟
لەڕاستیدا مەرج نییە هەر کچ و ژنێکی موسڵمانی ئیسلامیی کورد لەچکی لەسەر کرد و باڵاپۆشی لەبەر کرد و نیقابی پۆشی، ئیتر بێبەری بێت لە کاروکردەوەی نەشیاو و نائاسایی یان ئیتر پارێزراو بێت لە دەستدرێژیی نێرینە خۆپەرست و چاوچنۆک و داوێنپیسەکانی ناو کۆمەڵگە.
هەموومان ئەو چیرۆک و بەسەرهات و رووداوانەی هەندێک لە کچان و ژنانی لەچکبەسەر و باڵاپۆشلەبەر و نیقابپۆشەکانمان بیستوون کە چ مامەڵە و بازرگانی و بەکارهێنانێک لەنێوانیاندا هەیە و چ کاروکردەوەیەکی نائاسایی و نەشیاو و ناشایستە لەژێر لەچک و باڵاپۆش و نیقابدا ئەنجام دەدرێن.
لەناو کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییە موسڵمانەکاندا مێیینەکانیان لەترسی نێریینەکانیان خۆیان بە جلوبەرگی دەستنیشانکراوی عەرەبی و ئیسلامی دەپێچنەوە بەڵام لەناو کۆمەڵگە ناموسڵمانەکان یان لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا مێیینەکانیان هیچ ترسێکیان لە نێرینەکانیان نییە، لەبەرئەوە ناچار نین خۆیان بە جلوبەرگێکی دەستنیشانکراوی ئایینی بپۆشن و سەرتاپای خۆیان بپێچنەوە.
شایانی باسە کە مێینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد، مرۆڤێکی ئازاد و مێیینەیەکی خاوەن ئازادییە لە جلوبەرگ پۆشیندا، هەرکاتێک پێی خۆش بێت یان بۆ بۆنەکان پێویست بێت، بە خواستی خۆیی و بە ئەوپەڕی شانازی و سەربڵندییەوە جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی میللەتەکەی خۆی دەپۆشێت و جوانترین نماییشتی خۆیی و شکۆمەندی و خواست و ئازادیی خۆی پێوە دەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد، جلوبەرگی کوردی ناپۆشێت و بێبەرییە لەو جوانی و رازاوەیی و چێژ و خۆشی و شانازییە نەتەوەیی و نیشتمانییە، هەربۆیە مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد، ناچارکراو و کۆیلەیە و بەبێ خواستی خۆی وەک بووکەڵە پۆشتەکراوە و پێچراوەتەوە.
لێرهوه ئاماژەیەک بە سیمای جلوبەرگی کۆمەڵایەتی و کوردەواریی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی ساڵانی هەشتاکان دەدەین و دەڵێین هەتا ئەوکاتەی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان دروستنەکرا بوون و سەریان هەڵنەدا بوو و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستان نەبوو، ئەوکاتە بەدەگمەن مێیینەیەکی موسڵمانی کوردی باشوور هەبووە کە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی وههابييهکان سهلهفييهکان و ئیخوانییەکان و میرنشینەکانی کەنداو و عەرەبستانی سعودییە و قهتهری پۆشیبێت. بێگومان دوای سەرهەڵدان و پەرەسەندن و بەهێزبوونی گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراو و نۆکەر و بەکرێگیراوەکان، سیمای کوردەواری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان گۆڕا بە هاوشێوەی وڵاتانی میسر و تورکیا و ئێران و میرنشینەکانی کەندا و عەرەبستانی سعودی، مێیینەکانی موسڵمانە کوردە ئیسلامییە سیاسییەکان کەوتنە لاسایی کردنەوە و پۆشینی لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی ئەم وڵاتانەی ناومان هێناون.
هەتا ساڵانی نەوەدەکانیش لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامی لەناو کچان و ژنانی باشووری کوردستاندا نەبوون و نەبینراون، بەڵام ئەمڕۆ بە هەزاران هەزارن، بە دەیان دوکان و فرۆشگەی پیشاندان و فرۆشتنی لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامییان لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا کردوونەتەوە و فرۆش و برەویان پێداون.
سەرنج بدەن مێیینەیەکی موسڵمانی کوردی ئیسلامی نییە کە جلوبەرگی کوردی بپۆشێت. مێیینەیەکی ئیسلامی سیاسی کورد نییە کە شانازی بە جلوبەرگی رەسەنی میللەتەکەی خۆیەوە بکات، جگە لەمەش، مێیینەی ئیسلامی سیاسیی کورد، جلوبەرگی رەسەنی کوردیی کچان و ژنانی کورد بە ناجاییز و دژی ئایینی ئیسلام دەزانێت و بە لادان لەو رەوشتەی دەزانێت کە خۆی پێی وایە ئەوە رەوشتی ئیسلامییە و دەبێت هەموو کچان و ژنانی کورد وەک ئەو بن و پێڕەوی لەو رەوشتە ئیسلامییەی ئەو بکەن.
ئەمڕۆ سیمای جلوبەرگی مێیینە موسڵمانە ئیسلامییە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان گۆڕاوە بۆ جلوبەرگی هاوردەکراو و سەپێنراوی وههابی و سهلهفی و ئیخوانی و تورکی و عەرەبی و ئێرانیی ئیسلامیی دواکهوتوو و کۆنهپهرست و ناشارستانیانە و ناسەردەمییانەی ئەو وڵاتە ئیسلامییانە. هەر له سايهی سهرههڵدانی ئهو باند و گروپه ئيسلاميیه سياسييانه و ههبوونی ههزاران مهلای ئيسلاميی سياسی و بانگخوازی ئيسلاميی سياسییه،کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بەشێوەیەکی وا نائاسایی و خراپ گۆڕاوە کە لە شوێنە گشتییەکاندا بە شێوازی پۆشینی جلوبەرگی هاوردەکراوی ئیسلامیی سیاسی، ناتوانیت مێیینەیەکی موسڵمانی کورد لە مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی عەرەبی نیشتەجێبووی باشووری کوردستان یان لە مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی گەشتیاری عەرەب و تورک جیابکەیتەوە. ئا بەم شێوەیە گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروسکراوەکان، بە هاوردەکردنی ئەجندای ئامادەکراوی دەرەوەی کوردستان، دژایەتی و دوژمنایەتیی فەرهەنگ و دابونەریتی رەسەنی مێژوويی و دێرينی جوان و شارستانييانه و سهردهمييانه کورد و کوردەواری دەکەن، ئا بەم شێوە و شێوازە ئیسلامییە عەرەبی و تورکییانە، باند و گروپه ئیسلامییە سیاسییەکان دابونەریتی رەسەن و باش و جوان و پەسەندکراوی دێرینە و مێژوویی کورد و کوردەواری دەسڕنەوە، بە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی ئیسلامی سیاسی، ململانێی جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی کورد و کوردەواری دەکەن و لە هەوڵی سڕینەوە و نەهێشتن و نەمانیدان.
لێرەدا پێویستە باسی ئەوەش بکەین کە هەر لە کۆنەوە کچان و ژنانی کورد سەروپێچی جوانی کوردەوارییان لەسەر کردووە و کراس و کەوای دامێندرێژی کوردییان لەبەرکردووە و چەفتەیان داوە بەشانیاندا و جلوبەرگی جوان و رازاوەی کوردەوارییان پۆشیوە بەبێ ئەوەی ئەمە هیچ پێوەندییەکی بە ئایین و ئایینداری و بە ناچارکردنەوە هەبوو بێت.
بەکورتییەکەی مەرج نییە ئەوەی لەچکی لەسەردا بێت و باڵاپۆشی لەبەردا بێت و نیقابی پۆشی بێت ئیتر ئەوە نیشانەی ئەوە بێت ئەو کەسە ئاییندار بێت یان کەسێکی چاک و باش و رەوشت بەرز بێت، پێچەوانەکەیشی هەر راستە.
راستییەکی دیکەش هەیە، لە رابووردوودا و لە ئەمڕۆشدا بە هەزاران لە کچان و ژنانی کورد لەچکیان لەسەر کردووە و لەچک لەسەر دەکەن بەبێ ئەوەی دەستی دەرەکی و سیاسیی گوماناویی لەپشتەوە بووبێت و ببێت، بێگومان ئەمە ئازادیی تاکەکەسییە و هیچ پێوەندییەکی بە سیاسەت و بە خواستی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانەوە نەبووە نییە. لەهەمان کاتیشدا ئەو جۆرە لەچکپۆشییە هیچ کاتێک زیانی بۆ هیچ بوونەورێک نەبووە و نییە.
بێگومان هەموو مێیینەیەک دەبێت ئازاد بێت لە پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە خۆی بە خواستی تاکەکەسیی و تایبەتیی خۆی دەیەوێت بیپۆشێت.
مێیینەی فێمینیست و سیکولاریستی ئازادبیر
پێویستە ئاماژە بە جۆرێکی تریش لە رەگەزی مێیینەی کۆمەڵگەکەمان بدەین ئەویش ئەو مێیینە ئازادبیر و فێمینیست و سیکولاریستانەی ئەمڕۆی کوردستانن کە خۆیان خاوەنی خۆیانن، خاوەنی جەستەی خۆیانن، خاوەنی بیرکردنەوە و تێگەیشتن و هەڵوێستی خۆیانن، ئەم جۆرە لە مێیینەی کۆمەڵگەی کوردەواری و کوردستان، ئەو مرۆڤە رۆشنبیر و رێزلەخۆگرتوو و بەهەڵوێستانەن کە بیردەکەنەوە و تێگەیشتن و بەرهەمی هزری و رۆشنبیری و فەرهەنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە، بههرهوهر و توێژهر و کاران و کاريگهريی ئهرێنييان لهسهر نهوهی نوێ بهتايبهتی و کۆمهڵگه به گشتی ههيه. ئەوانە ئەمڕۆ بە هەزاران لە مامۆستایانی فێرگەکان و زانکۆکان و ئامۆژگاکانن، بە هەزاران لە رۆشنبیران و چالاکوانان و رەخنەگران و وەرگێڕان و هونەرمەندان و موزیکژەنان و گۆرانیبێژان و شانۆکاران و شێوەکاران و کۆمەڵناسان و دەروونناسان و فێمینستان و سیکولارستەکانی کۆمەڵگەکەمانن کە سیمایەکی هەرە جوان و هەرە پێشکەوتووانە و هەرە شارستانییانەیان بە کۆمەڵگەی کوردستان بەخشیوە و مایەی سەربەرزی و شانازی و سوپاسگوزاریی گشت هاونیشتمانییەکی پاک و دڵسۆز و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرن. کۆمەڵگەی کوردستان بەم خانمە بەڕێز و دڵسۆز و تێکۆشەر و کۆڵنەدەرانەوە جوانتر و سەربەرزتر و گەشاوەتر بووە. ئەم جۆرە مێیینانەی کوردستان لە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و کەمەنەتەوەییەکانی دانیشتووانی کوردستانن.
با ئەوەشمان بیرنەچێت کە لەم جۆرە خانمانەی کۆمەڵگەکەمان ئێستا بە هەزاران هەزارانیان لە دەرەوەی کوردستانن و دانیشتووی هەندەرانن وەک خانمانی بیرکەرەوە و رۆشنبیر و زمانزان و چهندين زمان دهزانن و مامۆستای زانکۆن و ئهندامی پارته سياسييهکانی ئهوروپان و سياسهتوان و ئهندام پهرلهمانن و خاوەنکار و فەرمانبەر و شێفی گەورەی فەرمانگە و کۆمپانیا و بانکەکانن و چالاکوان و کارا و بەرهەمدار و کاریگەرن، هەڵگری بڕوانامەی دوکتۆران لە گشت بوارەکانی زانست و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیا و هونەر و موزیکدا و جێپەنجەیان بەسەر کوردان و کوردستانیانی هەندەراننشین و تەنانەت ئەو کۆمەڵگەیانەشەوە دیارە کە تێیدا دەژین.
نەوەی نوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان
هەر بەم بۆنەیەوە ئەگەرچی زۆر بەکورتیش بێت، پێویستە ئاماژەیەک بە نەوەی نوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان بدەین، ئەمڕۆ بە هەزاران هەزار لە کچان و لە کوڕانی باشووری کوردستان کە نەوەی نوێن و نەوەی ئەم سەردەمە پێشکەوتووەی مرۆڤایەتین، نەوەیەکن لە خێزانە تێگەیشتوو رۆشنبیرەکانن و لە شار و شارۆچکە و گوندەکانەوە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و زۆربەی هەرە زۆریان ئینگلیزی يان زمانێکی ديکهی جيهانیباش دەزانن، خوێندکارن و خوێندکاری زانکۆن یان دەرچووی زانکۆن، ئاگاداری پێشکەوتنەکان و گۆڕانکارییەکانی جیهانن. گەلێکیان گەشتی وڵاتانی پێشکەوتوویان کردووە و بە پێشکەوتن و شارستانێتیی میللەتانی تر ئاشنا بوون. خۆشبەختانە ئەم نەوە نوێیەی کۆمەڵگەکەمان نەوەیەکی بیرکەرەوە و هۆشیار و چاوکراوەن و لە راستیی ژیان تێگەیشتوون و ژیاندۆستن و نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی خراپی ئیسلامی سیاسی و مەلا و بانگخوازە مووچەخۆرەکانیانەوە. خۆیان بەشوێن زانیاری راست و دروستدا دەگەڕێن و سوود لە زانستەکانی مرۆڤایەتی وەردەگرن بەڵێن و پاداشتی درۆزنانەی بەهەشت و ترس و ئازاریئاگری دۆزەخی خەیاڵی هیچ کاریگەریەکیان لەسەر بیرکردنەوە و ژیانیاندا نییە. کاتی زێڕینی خۆیان بە ئایینەوە ناکوژن و بڕوایان بە خورافیات و خورافیاتپەرستی نییە. نەوەیەکی بیرکەرەوە و هۆشیار و زانستدۆستن و هیوا و ئومێدی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەکەمانن.
جۆرەکانی جلوبەرگ
پێویستە هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان ئەو جلوبەرگەی کە کەسەکە بە ئازادانە و بە خواستی خۆی دەیپۆشێن و ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە بۆ کەسەکە دەستنیشان دەکرێت، دابنێین. بەکورتییەکەی جلوبەرگی مێیینەی ئیسلامی سیاسیی کورد، دەستێکی دەرەکی و سیاسی و گوماناوی لەپشتەوەیە و بەرنامەبۆداڕێژراوە و لە دەرەوەی کوردستان دەستنیشانکراو و ئامادەکراو و هاوردەکراوە و بەزەبری پارە یان ترساندن و هەڵخەڵەتاندن و فریودان، سەپێنراوە بەسەر مێینە موسڵمانە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستاندا، هەر لەبنەڕەتەوە بۆ دژایەتی کردن و دوژمنایەتی کردنی جلوبەرگی رەسەن و شارستانیانە و جوان و رازاوەی کوردییە. بۆ نموونە گروپە ئیسلامیییە سیاسییەکان فیستڤاڵی لەچک پۆشی و باڵاپۆشی لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا رێک دەخەن و بە یەک جار لە هۆڵێکدا و لەکاتێکی دیاریکراودا هەزاران کچ و ژنی کورد (بەتایبەتی کچانی گەنج)، یەک لەچکپۆش و یەک باڵاپۆش دەکەن، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر ئەو فیستڤاڵەیان ناوناوە: (فیستڤاڵی تاجی زێڕین) کە لەڕاستیدا ئەوە فیستڤاڵی خۆتێکهڵ کردن و دهستدرێژی کردنه بۆسهر خواستی تايبهتيی و کهسايهتی و شکۆمهنديی تاکهکهسی و تاتبهتييان. کۆتوبەندکردن و بەکۆیلەکردنی کچان و ژنانی کوردە. سەپاندنی ئەو جلوبەرگە یەکپۆشییە ئیسلامییە، جلوبەرگی سیاسی و ئیسلامییە، لاسایی کردنەوەی جلوبەرگی ئیسلامییە کۆنهپهرست و دواکهوتووه و ناشارستانی و ناسەردەمییەکانی ئیخوانەکانی تورکیا و میسر و سعودییە و قەتەرە، لەهەمان کاتیشدا بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانە، بەپاشکۆکردنی باشووری کوردستانە بە وڵاتانی تورکیا و سعودییە و قەتەر و میسرەوە. بهو شێوهيه گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراو و نۆکەر و بەکرێگیراوەکانی باشووری کوردستان، بە زەبری پارە و سەرمایە و کۆمەک و پشتیوانیی دەرەکی، هەزاران لە کچان و ژنانی خێزانە هەژارەکان و گوندنشینەکانی کوردی باشووریان ناچار کردووە کە لەچکی ئیسلامی مۆدێلی وههابی و سهلهفی و ئیخوانی لەسەر بکەن و باڵاپۆشی و چارشێو پۆشيی رەشی عهرهبی و ئیسلامیی توندڕەو بپۆشن. ئیسلامییە سیاسییەکان بەم شێوەیە ئازادی و مافداری و شکۆمەندی و کەسایەتیی تایبەتی لەو کچانەی کورد دەسێننەوە.
هیچ گومانێکی تێدا نییە کە لەو کۆمەڵگە نائیسلامییانەدا پۆشینی جلوبەرگ پێوەندیی بە کەسەکان خۆیانەوە هەیە، چونکە هەڵبژاردن و پۆشینی جۆری جلوبەرگ، ئازادیی تاکەکەسیی مرۆڤەکانە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاسا سەروەر بێت و ئازادییە دیموکراسییەکان و ئازادییە کەسییەکان دەستەبەر بن، هەموو هاونیشتمانییەک ئازادە لە پۆشینی جۆری ئەو جلوبەرگانەدا کە دڵخواز و خواستی تاکەکەسی و تایبەتیی خۆیەتی، هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک و تەنانەت هیچ دەوڵەتێکیش بۆیان نییە جۆری جلوبەرگ و جلوبەرگێکی تایبەتی و دەستنیشانکراو بەسەر هاونیشتمانیاندا بسەپێنن.
پڕۆژەکانی ئیسلامییە سیاسییەکان
با ئاماژە بەوەش بدەین کە گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە پارە و سەرمایەی دەوڵەتانی قەتەر و سعودییە و ئێران و تورکیا و هەندێک رێکخراو و دامەزراوەی ئیسلامیی جیهانی لە ساڵانی رابووردووەوە بە سەدان کۆرسی لەبەرکردنی قورئانیان بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی کورد کردووەتەوە و مێشکی ئەو منداڵە بێ گوناهانەیان بە ئایینی ئیسلامی عەرەبی بارگاوی کردووە و بەم شێوەیە ئەو منداڵ و مێرمنداڵە کوردانەیان له ژيانی پڕ له ياری و چێژ و خۆشيی منداڵی و مێرمنداڵيی خۆيان دوور خستوونهتهوه و له ههمان کاتيشدا بۆ داهاتوو ههست و گيان و بير و هۆشی سروشتيي نەتەوەپەروەری و نیشتمانپەروەری و کوردایەتییان سڕ دهکهن.
سڕینەوەی فەرهەنگی رەسەن و مێژوویی و دێرینەی کورد، دوژمنایەتی کردن و باونەهێشتنی جلوبەرگی رەسەن و جوان و شارستانییانەی مێیینەی کورد پڕۆژەیەکە کە دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان زۆر لەمێژە کاریان لەسەر کردووە و بەردەوام کاری لەسەر دەکەن و سەرمایەی تۆکمەیان بۆ تەرخان کردووە، هیچ گومانێکی تێدا نییە و روون و ئاشکرایە کە جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژە گڵاوەیان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا بە ئیسلامییە سیاسییەکان و مەلا و بانگخوازە مووچەخۆرەکانیان سپاردووە.
ئیسلامییە سیاسییەکان هەر بەوەوە نەوەستاون کە بە لەچک و باڵاپۆش و رووپۆشی عهرهبی و ئیسلامی، کچان و ژنانی کورد کۆت و بەند دەکەن و بە کۆیلەیان دەکەن، بەڵکو ئەو کۆت و بەند کردن و بەکۆیلە کردنە، تەنانەت کچانی منداڵی ٦تا١٧ ساڵانیشی گرتووەتەوە و ئەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانەشیان تێوەگلاندووە و بە کۆیلەی جلوبەرگی عەرەبی و ئیسلامی و ئیخوانی و وەهابی و سهلهفیان کردوون. ئەمەش بەوە دەکەن کە دەرفەت لە هەژاری و نەخوێندەواری داماویی خێزانی ئەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانە دەهێین و بە زەبری پاداشت و پارە و مووچە بۆ بڕینەوە دووچاری کۆت و بەند و بەکۆیلە بوونیان دەکەن، خۆشیی تەمەن و ژیانی منداڵانە و هەرزەکارییانە لەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانە دەشێوێنن و لەو هەست و چێژ و خۆشییەی ئەو تەمەنە هەستیارەیان بێبەرییان دەکەن. هەموو ئەو دیاردە دواکەوتوو و ناشارستانی و خراپ و ترسناکانە، کە هەڕەشەن لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی کورد و نیشتمانیی کوردستان، بە ئاشکرا و بە ئازادانە بەبەرچاوی سەرانی پارتی و یەکێتی و سەرانی دەسەڵاتدارانی خۆماڵییەوە گوزەراون و دەگوزەرێن.
هاوردەکردنی ئەو جۆرە جلوبەرگە ئیسلامییە سیاسییانە بۆناو کۆمەڵگەی کوردستان، جگە لە کۆتوبەند کردن و بە کۆیلە کردنی مێینەکانی کوردستانە، لە هەمان کاتیشدا بازرگانی کردنە بە جەستەی مێینەکانەوە و سەرانی ئیسلامییە سیاسییەکان پارەی پێ پەیدا دەکەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەندتر دەکەن.
جلوبەرگ و رەوشت
جلوبەرگێکی تایبەتی هەستێکی تایبەتی بە کەسەکە دەبەخشێت کە پۆشیویەتی، بۆ نموونە جلوبەرگی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و ئاساییش و پاسەوانی فەڕمی هێمایەکە بۆ بەرپرسیارێتی و فەرمانبەری و دەسەڵاتدارییەکی سنووردار، ئەم جۆرە جلوبەرگانە لە رووی دەروونییەوە جۆرە هەستێکی تایبەتی و دەسەڵاتداریی بە کەسەکە دەبەخشن، بەڵام ئەم جۆرە جلوبەرگانە ناکرێت هێمایەک بن بۆ چاکی یان خراپی و رەوشتبەرزی یان رەوشتنزمیی ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە جلوبەرگە فەڕمیانە دەپۆشن. بۆ نموونە کەسێک کە مێزەرێک یان کڵاوێک یان جامانەیەک لەسەر دەکات، ئەمە هەرگیز نابێتە نیشانەی رەوشبەرزی و رەوشتچاکی و رەوشجوانی و ئازایەتیی کەسەکە، رەوشتی چاک، بەڵکو رەوشتی جوان، رەوشتی بەرز یان پێچەوانەکەی، راستەوخۆ پێوەندیدارە بە جۆری بیرکردنەوە و پەروەردە و هەڵسوکەوتی کەسەکەوە.
هەر نەتەوەیەکیش خاوەنی جلوبەرگی میللیی تایبەت بەخۆیەتی، جلوبەرگی میللی رەنگ لە پێداویستی ژینگەی ژیان و دەستڕەنگینی و هونەری میللی دەدەنەوە. بۆ نموونە جلوبەرگی هەندێک نەتەوە جۆراوجۆر و رەنگاوڕەنگ و کراوەن کە گەشبینی و سروشتدۆستی و ژیاندۆستیی زۆرتر تێدایە، بەڵام دیسان جلوبەرگی میللی، بابەتێکی مێژوویی و نەریتییە و هیچ پێوەندییەکی بە باشی و خراپی و رەوشتبەرزی و رەوشتنزمییەوە نییە.
مەبەست و مانای پۆشینی هەر جۆرە جلوبەرگێک یان پۆشینی جلوبەرگێکی تایبەتی، بابەتێکی رێژەییە، لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکتر جیاوازن، مەرج نییە جلوبەرگ رەنگ لە ناخی کەسەکە بداتەوە، کەسێک کە جلوبەرگی تاریک یان رەش دەپۆشێت، مەرج نییە ئەوە نیشانەی ئەوە بێت کە کەسەکە کەسێکی رەشبین و نائومێدە و دڵی بە جوانی و بە ژیان خۆش نییە، دەکرێت پێچەوانەکەیشی راست بێت.
هیچ پێوەندییەکی لۆژیکی لەنێوان جلوبەرگ و جۆری بیرکردنەوە و ئابڕوو و رەوشتی بەرزدا نییە. دەکرێت کەسێک جلوبەرگی پۆلیسی لەبەردا بێت و پۆلیسیش نەبێت، بۆ نموونە کەسێکی ساختەچی و رێگر و دز بێت، یان مێیینەیەک جلوبەرگێکی دابونەریتیی ئایینیی لەبەردا بێت، بەڵام ئاییندار نەبێت و خەریکی مامەڵەی نایاسایی و کاری نەشیاو و ناشایستە بێت.
ئەگەر مێیینەیەک بە هەر هۆکارێک بێت شوێنێکی جەستەی بەدەرەوە بێت، ئەوە هەرگیز نیشانەی ئەوە نییە کە ئەو مێیینەیە کەسێکی باش نەبێت و کەسێکی خراپ بێت یان لەڕووی رەوشتەوە کەموکوڕیی هەبێت، ئەمە بەهیچ شێوەیەک وا نییە و راست نییە.
لەڕاستدا پۆشینی جۆرە جلوبەرگێکی تایبەتی جۆرە هەستێکی تایبەتی بە کەسەکە دەبەخشێت، بەڵام ئەمە هەستە نەک رەوشت، جلوبەرگ هەر جۆرە جلوبەرگێک بێت پێوەر نییە بۆ رەوشتی چاک و جوان و بەرزی مرۆڤەکان.
هەندێک جلوبەرگ هەن کە رەنگ لە کار و پیشەیەک دەدەنەوە، وەک جلوبەرگی فەڕمیی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و هێزە چەکدارەکان و کارگە و چێشتخانە و هۆتێل و شوێنە گشتییە فرۆشیارییەکان، ئەمە پێداویستیی ئیش و کارە، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک پێوەر نییە بۆ جۆری بیرکردنەوە و ئابڕوو و و رەوشتی مرۆڤەکان.
جلوبەرگ دەکرێت نیشەنەی پیشەیەک و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتی بێت، وەک جلوبەرگی هەندێک لە شوێنە فرۆشیارییەکان و چێشتخانە و کارگەکان، یان جلوبەرگی شیک و گرانبەهای دەوڵەمەندەکان. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی کۆنی چینییەکاندا دەسەڵاتدارانی دەوڵەت جۆرە جلوبەرگێکی تایبەتییان هەبووە، بەهەمان شێوە خێزان و بنەماڵە خانەدانەکان جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان لەبەرکردووهکە خەڵکە هەژارەکان و کۆیلەکان بۆیان نەبوو هەمان ئەو جۆرە جلوبەرگانەی خێزانە دەوڵەمەندەکان و بنەماڵە خانەدان لەبەربکەن. هەژارەکان و کۆیلەکانیش دەبووایە جلوبەرگی هەژارانە و کۆیلانەی تایبەت بەخۆیان لەبەربکەن.
هەندێک جلوبەرگیش هەن رەنگ لە ئامانجێکی تایبەتیی ژیان دەدەنەوە وەکو ئەو جۆرە جلوبەرگە ئایینییانەی کە مێیینە کریستیانە دێرنشینەکان دەیپۆشن، ئەوانە خۆیان بۆ ئەوە هەڵگرتووە کە لە داهاتوودا هاوسەرگیری لەگەڵ عیسای مەسیح دا بکەن. هەروەها ئەو جۆرە جلوبەرگە نارنجییانەی کە پەرستگەنشینەکانی ئایینی بودایی دەیپۆشن کە نیشانەی ئەوەیە ئەو ئاییندارانە خۆیان بۆ خزمەتی بودا و ئایینی بوداییزم تەرخان کردووە.
شایانی باسە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ئەم جیاوازیی جۆری جلوبەرگە لەنێوان چینە هەژار و دەوڵەمەندکاندا هەبووە و لە سەردەمی ئێستایشدا ئەم رەوشە هەر بەردەوامە. لە کوردەواریی خۆیشماندا لە گوندەکاندا جلوبەرگی دەرەبەگەکان و زەویدارە دەوڵەمەندەکان، لە جلوبەرگی جووتیارەکان و پاڵە و سەپان و شوانەکان جیاواز بووە. لە مێژوودا هەروا بووە، دەوڵەمەندەکان شیکپۆش و گرانبەهاپۆش بوون و هەژارەکانیش شڕپۆش و هەرزانبەهاپۆش بوون.
ههر وهک ئاماژهمان پێدا که جلوبهرگ يان ههر جۆره جلوبهرگێکی تايبهتيي، پێوهر نييه بۆ باشی يان خراپی، رهوشتبهرزی يان رهوشتنزميی مرۆڤهکان، هەر بۆ نموونە بە میلیۆنان مێیینەی ئەوروپایی کە بۆ باشیی تەندروستییان لە کەناری دەریا و رووبارەکاندا خۆیان رووت دەکەنەوە تا تیشکی خۆر لە جەستەیان بدات، یان بە رووتی و نیوە رووتی لە کەنار دەریا و رووبارەکاندا مەلەدەکەن و یاری دەکەن یان پشوو دەدەن، ئایا ئەو مێیینە ئەوروپییانە خراپن، رەوشت نزمن، ئایا ئەوانە بێ ئابڕوون؟ بێگومان وەڵامەکەی نا و نەخێرە.
لێرەوە پێویستە چەند راستییەک دووباره بکهينهوه، ئهويش ئهمهيه که جلوبەرگ هەرگیز نيشانه و هێما و پێوەر نەبووە و نییە بۆ چاکی و خراپیی هیچ مرۆڤێک، هەر بۆ نموونە هۆزە ئەمازۆننشینەکانی بەرازیل و هەندێک لە هۆزەکانی ئەفەریقا بەگشتی رووتن، بەڵام ئەوە جۆری ژیانی تایبەتیی خۆیانە، هیچ هێما و نیشانەیەک نییە بۆ خراپییان یان بۆ رەوشت نزمییان.
هەموومان ئەم راستییە دەزانین کە جلوبەرگ پێداویستییەکی ژیانە، بۆ خۆپارستنە لە سەرما و لە گەرما، هەروەها لەهەمان کاتیشدا بۆ جوانکاری و خۆڕازاندنەوە و شیکپۆشیشە، بۆ جوانی و دڵخۆشی و چێژ بینینشە. جلوبەرگ هیچ پێوەندییەکی بە ئابڕوومەندی و رەوشت بەرزیی مرۆڤەوە نییە.
پێوهندييهکانی کچان و کوڕان
پرسیارێکیتر هەر لەم بوارەدا: ئایا هەموو ئەو کچ و کوڕە ئەوروپییانەی کە لە تەمەنی سەرو هەژدە ساڵاییەوە، لە دەرەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە پێکەوە دەژین و پێکەوە دەخەون، ئایا ئەو هەموو میلیۆنان کچ و کوڕانە خراپن، بێ ئابڕوون، رەوشت نزمن؟ لەناو ئەو کچان و کوڕانەدا کە پێکەوە دەژین، پێکەوە مەلە دەکەن، پێکەوە گەشت دەکەن، پێکەوە دەخەون، بە هەزارانیان دەرچووی زانکۆ هەرە پێشکەوتووەکانی جیهانن، چەند زمانێک دەزانن، پزیشکن، ئەندازیارن، تەلارسازن، لێکۆڵەرەوەن، گەردوونناسن، ئابووریزانن، سیاسەتزانن، شوێنەوارناسن، نووسەرن، وەرگێڕن، کۆمەڵناسن، دەروونناسن، فرمانبەری پلە بەرزی بانکەکانن و هتد. بێگومان ئەو جۆری پێوەندییەییەی کچان و کوڕانی ئەوروپی هیچ پێوەندییەکی بە رەوشت و ئاکارەوە نییە، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکان پێش کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان چەند هەنگاوێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و فهرههنگی و رۆشنبیری و ئابووری و سیاسییان لە مێژوودا ناوە و ئێستا ئەمە بەشێکی جۆری پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە ئەوروپییەکانە و به سروشتی و بە ئاسایی وەرگیراوە و پەسەند کراوە.
راستە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جارێ ئەم دیاردەیە نییە، بەڵام دەگونجێت لە داهاتوودا لای ئێمەش ئەو دیاردەیە سەرهەڵبدا و لەلامان ئاسایی و پەسەندکراو بێت. کۆمەڵگە و ژیان بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. بێگومان ئەوروپاش پێشتر وەکو ئێستا نەبووە، ساڵانی ٦٠کان پێوەندییەکۆمەڵایەتییەکان لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکانیشدا وەکو ئەمڕۆ نەبووە.
لەلای خۆمان بەهۆی پابەبد بوونی زۆرینەی خەڵک بە ئایینی ئیسلام و دابونەریتی عەرەبەوە، جارێ ئەو دیاردەیە نییە و زۆریشی دەوێت تا وەکو ئەوروپامان لێ بێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەمووان ئەو باش دەزانین کە ئەمڕۆ لەشارە گەورەکاندا چی دەگوزەرێت، تا ئەندازەکیش پەسەندکراوە و وەک کێشەیەکی گەورە وەرنەگیراوە.
هەر بەم بۆنەیەوە پێویستە باسی دیاردەیەکی هەرە خراپی نێو هەندێک لە خێزانە ئیسلامییە سیاسییەکان و هەندێک لە خێزانە نائیسلامییەکان بەڵام خێزانی ئایینداری زۆر تودندڕەو و ئەوپەڕگیر بۆ پرسی ئایینی بکەین، هەندێک لەو خێزانە ئیسلامییە سیاسییەکان و ئاییندارە توندڕەوەکان و ئەوپەڕگیرەکان کە مێیینەکانی خۆیان بە هەڕەشە و ترساندن و بە بەکارهێنانی شێوازی پڕ لە زەبروزەنگ ناچاردەکەن تا لەچک و باڵاپۆش و پەچە و رووپۆش بپۆشن، ئەو خێزانانە بارودۆخێکی خێزانی و کۆمەڵایەتیی نائاساییان هەیە و خێزانێکن کە لە کەشوهەوایەکی خێزانی و کۆمەڵایەتیی زۆر ناجێگیر و زۆر نائارام و پڕ لە کێشەی دەروونی و رەوشتیدا ژیان بەسەر دەبەن. پێوەندییەکانی نێوان نێر و مێیینەکانی ئەم جۆرە خێزانانە لەسەر بنچینەی رێز و خۆشەویستی و سۆزداریی بەرامبەریی خێزانی نییە و مێیینەکانیان لە ناخۆشترین بارودۆخی خێزانی و دەروونی و کۆمەڵایەتدا دەژین کە هەندێک جار ناگوێڕایەڵی و یاخی بوونی ئەو مێیینانەی لێدەکەوێتەوە و دواجار ئەو مێینانە جگە لە چەوساندنەوە و ئازاری دەروونی، رووبەڕووی چەوساندنەوە و بەندکردن و لێدان و ئازاردانی جەستەییش دەبنەوە و هەندێک جار سووتاندن و خنکاندن و کوشتوکوشتاریشی لێدەکەوێتەوە. نموونە زۆرن، وەک ئەو خێزانە موسڵمانە توندڕەو و ئەوپەڕگیرانەی کە لە ئەوروپا دەژین و مێیینەکانیان لەناو خێزان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیاندا جۆرێکن و لە دەرەوەی خێزان و لە دەرەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیاندا جۆرێکی ترن و جۆرە جلوبەرگێکی تر دەپۆشن و جۆرە هەڵسوکەوتێکی دیکەی جیاوازیان هەیە، بەتایبەتی ئەو کچە گەنجانەی کە دەخوێنن و تێکەڵی کچ و کوڕە ئەوروپییەکان و کچ و کوڕە ناموسڵمانەکانی میللەتانی تر بوون و ئەمانیش چاو لەوان دەکەن و دەیانەوێت وەکو ئەوان بن و ئەمانیش وەکو هاوڕێ و هاوپۆلەکانیان بن و وەکو ئەوان ئازادانە جلوبەرگ لەبەربکەن و وەکو ئەوان ئازادانە هەڵسوکەوت بکەن و وەکو ئەوان پێوەندییەکانیان لەگەڵ کچان و کوڕانی تردا رێکبخەن.
دەبێت ئەمەش بڵێین کە لەم نووسینە بواری ئەوە نییە بچینە ناو وردەکارییەکانی کێشە تاکەکەسی و خێزانی و کۆمەڵاتییەکانی ئەو مێیینانەی کە لە ناو خێزانی موسڵمانی ئیسلامی سیاسی و لەناو خێزانی موسڵمانی ئایینداری توندڕەو و ئەوپەڕگیردا کە لە ئەوروپا دەژین، کێشەکان زۆر زۆرن و جۆراوجۆرن، بەشێکی زۆری ئەو کێشەنانە دەچنە ناو میدیاکانی وڵاتە ئەوروپییەکانەوە و کاردانەوەی فرە زۆر و جۆراوجۆری کەسایەتییەکان و فێمینیستەکان و رێکخراوە فێمینیستییەکانی داکۆکیکار لە مافە مرۆییە مێیینەکانی لێدەکەوێتەوە.
بەڵێ راستە لە ئەوروپا ئازادی و دیموکراسی هەیە و پێڕەو دەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تا ئەندازەیەکی پێویست پۆشینی هەندێک جۆرە جلوبەرگی نائاسایی رێگەپێنەدراوە، لە زۆربەی زۆری وڵاتە ئەوروپییەکاندا، لەبەر پاراستنی باری ئاساییش و ژیانی ئاسایی هاونیشتمانیان، بە فەڕمی، پۆشینی پەچە و رووپۆش و لە هەنێک لە خوێندنگە و فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا تەنانەت لەچک و باڵاپۆشی ئیسلامیش بە یاسا یاساخ کراون.
کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ژاپۆنی
هەر لەم بارەیەوە سەرنجێک لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ژاپۆنی بدەن کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین و ژینگەپارێزترین و رەوشتبەرزترین کۆمەڵگەکانی جیهان، راستییەکە ئەمەیە کە ئەمڕۆ زۆرینەی هەرە زۆری ژاپۆنییەکان یان بێ ئایینن، یان هیچ پێوەندارییەکیان بە جێبەجێ کردنی ئەرک و فەرمانە ئایینییەکانەوە نییە، هەروەها زۆرینەیەکی زۆری ژاپۆنییەکان کاتی خۆیان بە پرسی بوون و نەبوونی خوایەکەوە بەخەرج نادەن، بەڵام ئایا ژاپۆنییەکان بەم هۆکارە و لەبەرئەوەی ئاییندار یان موسڵمان یان خواناس نیین، ئیتر مرۆڤی باش نین و خراپن یان رەوشت نزمن؟ هەروەک ئاماژەدانێک بەو پێشکەوتنە زۆرەی کە ژاپۆنییەکان لە گشت بوارەکانی پێشکەوتنی ژیانی ماددیدا پێی گەیشتوون، ئەمڕۆ لە هەموو کۆمەڵگە موسڵمان و ئیسلامییەکاندا ماڵێک یان کارگەیەک و فەرمانگەیەک و نەخۆشخانەیەک و خوێندنگەیەک و سەربازگەیەکی ئەو کۆمەڵگە موسڵمان و ئیسلامییانە نییە کە داهێنانێک و دروستکراوێکی بەرهەمی بیر و هزر و کاری ژاپۆنییەکانی تێدا نەبێت و لێی سوودمەند نەبووبن و نەبن. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە هیچ ماڵێک یان کارگەیەک و فەرمانگەیەک و سەربازگەیەک و نەخۆشخانەیەکی ژاپۆنی نەبووە نییە کە داهێنانێک و دروستکراوێکی بیر و هزر و کار و بهرههمی موسڵمانێک ههبوو بێت و ههبێت کە ژاپۆنییەک بەکاری هێنابێت و بەکاری بهێنێت و لێی سوودمەند بووبێت و لێی سوودمەند بێت.
ئایین و رەوشت
پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایین چۆن و بۆچی سەرچاوەی رەوشت بێت لەکاتێکدا کە هەموو ئایینەکان لەلایەن پیاوانەوە داهێنراون، هەموو پەیامبەرانی ئایینەکان لە رەگەزی پیاو بوون.
تەنانەت خواپەرستی و ئایینداری یان پێچەوانەکەی، نیشانە و پێوەر نین بۆ چاکی و خراپی یان رەوشتبەرزی و رەوشتنزمی مرۆڤهکان.
سەرباری ئەمەش (جگە لە ئایینی زەردەشتی کە ئایینێکی ئاسمانی نییە و داهێنراوی زەردەشتی بیرمەند و فەیلەسوف و چاکەخوازە)، ئیدی ئایینەکانی تر بەچاوێکی کەم لە رەگەزی مێیینەیان روانیوە، لە ئایینە ئاسمانییەکاندا کە گوایە پەیامی خوان، بێ رێزی و سووکایەتی بە رەگەزی مێ کراوە، رەگەزی مێ بە بوونەوەرێکی کەمتر لە رەگەزی نێر پێناسە کراوە، مێ بە پاشکۆ و خزمەتکاری نێر دانراوە، ئەمە لەگەڵ دادپەروەری و رەوشتی بەرز و ویژدانی مرۆڤایەتیدا یەکناگرێتەوە. هەربۆیە ئایین هەرگیز ناتوانێت سەرچاوەی رەوشتی چاک و جوان و بەرزی مرۆڤایەتی بێت.
دەبێت ئاماژە بەم راستییەش بدەین کە لەناو هەموو پەڕتووکە ئاینییە ئاسمانییەکاندا تێکستی جوان و چاکەخوازانە هەن، بۆ نموونە فەرمان بە چاکە و نەکردنی خراپە، رێزگرتن و یارمەتیدانی دایکان و باوکان، سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی هەبوون بۆ منداڵانی بێ دایک و بێ باوک، ئەمانە هەموویان بیرۆکەی باشن، بەڵام ئەم بیرۆکانە پێش پەیدابوونی ئایینەکانیش هەر هەبوون، پێش پەیدابوونی ئایینەکان مرۆڤەکان ئەم ئەرک و فەرمانانەیان هەر بەجێهێناوە، یارمەتیی یەکتریان هەر داوە، نەوەکان بە سروشتی، رێزی دایک و باوکی خۆیان هەر گرتووە، خەڵک بەگشتی سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانیان بۆ منداڵانی بێ دایک و بێ باوک هەر هەبووە، بێ ههبوونی ئايين و بێ ئايينداريش، رێز و سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی یارمەتیدان لەنێوان مرۆڤەکاندا هەر هەبووە و هەر هەیە و هەر دەبێت.
ئەگەر ئایینەکان لەناو چوارچێوەی چەمکی باشە بکە و خراپە مەکە و وەکو ئامۆژگاریی باش و چاک و مرۆڤدۆستانە بمانایەنەوە و خۆیان تێکەڵی ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکان نەکردنایە و نەبوونایەتە سەرچاوەی یاسا و دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتی و فەرمانکردن، سوپا و هێزی چەکداریان بۆ خۆیان دروست نەکردایە و لێبگەڕانایە کە مرۆڤەکان ئازاد بوونایە لە پەسەندکردن و پێڕەوکردنی خۆبەخشانەی هەر ئایینێکی دڵخوازی خۆیان، ژیان باشتر و خۆشتر دەبوو، ئایینداران بێ ئاژاوە و بێ شەڕ و جەنگ و بێ داگیرکاری و تاڵانکاری و کوشتوکوشتار، بە خۆشی و ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی پێکەوە دەژیان.
جا وەک چۆن یاساکان بۆ سەردەمی خۆیان نووسراون و بۆ ئەو سەردەمە کارا و گونجاو و بەسوود بوون، بە تێپەڕبوونی رۆژگار و بە هۆکاری گۆڕانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و رۆشنبیری و فەرهەنگیی کۆمەڵگەکان، یاساکانیش کۆن دەبن و سەردەمەکەیان بەسەر دەچێت و پێویستە بگۆڕێن و دەشگۆڕێن و یاسای نوێ و سەردەمییانە و گونجاو، شوێنی یاسا کۆنبوو و بەسەرچووەکان دەگرنەوە. بەهەمان شێوە پێویستە و دەبێت هەموو ئايين و بيروباوەڕێك بەردەوام بەشێوەیەك چاكسازی گۆڕانكاريیان تێدا بكرێت كە ناوەڕۆكەكەی لەگەڵ راستيی ژيانی مرۆڤايەتيی سەردەمدا بگوجێت. پێویستە و دەبێت چاكسازی و گۆڕانکاری لە لە گشت ئەو یاسا و فەرمان و بڕگانەی ئایینەکاندا بکرێت و یاسا و فەرمانە کۆنبووە زیانبەخشەکان و بڕگە توندوتیژەکان سڕ بکرێن و چیتر کاریان پێنەکرێت. ئایینێك كه نيوەی كۆمەڵگە بە كۆيلەی نيوەكەی ديكەی بكات، دەبێت ياسا و فەرمان و بڕگە كۆنبووە زيانبەخشەكانى پێڕەو نەكرێن و بخرێنە ناو ئەرشيفی مێژووەوه.
ئايين ئامڕازه، ئامانج نييه. دهبێت ئايين له خزمهتی مرۆڤدا بێت نهک مرۆڤ له خزمهتی ئاييندا بێت.
پێویستە ئەم راستییە هزری و فەلسەفییە لەبیرنەکەین کە تاکە پێوەر بۆ چاکی و باشی و رەوشبەرزی و مرۆڤدۆستی و ژياندۆستیی مرۆڤەکان، ئەم سێ چەمکە فەلسەفییە، جەوهەرییە، هەتاهەتاییەی مرۆڤایەتییە کە بریتییە لە:
(بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک).
کۆتایی
بۆئەوەی ئەم نووسینە لەمە درێژتر نەبێتەوە، لەکۆتاییدا دەڵێین: بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان لە داهاتوودا بە هەمان ئەزموونی کارەساتباری تاڵیبان و ئەلقاعیدەی ئەفغانستاندا نەڕوات و هەمان پاشکەوتن و چەوساندنەوە و گرتن و ئەشکەنجەدان و ماڵوێرانی و کوشتوکوشتار و بەکۆیلەکردنی کچان و ژنانی کوردستانی لێنەکەوێتەوە، داوا لە دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەکەین یان سنوورێک بۆ رەوتی ئیسلامی سیاسی دابنێن، یان ئەگەر لەتوانایاندایە و ئازایەتی و بوێریی ئەوەیان هەیە، هەوڵ بدەن بە زووترین کاتی گونجاو بە یاسا هەموو باند و گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان هەڵبوەشێننەوە و هەموو جۆرە کار و چالاکییەکی رەوتی ئیسلامی سیاسی لەناو کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا یاساخ بکەن. جگە لەمەش پێویستە و دەبێت لایەنە پێوەندیدارەکان کۆنتڕۆڵی وتاردانی مەلاکان و بانگخوازە ئیسلامییە سیاسییەکان بکەن و رێگە نەدەن ئەو مەلا و بانگخوازانە لەسەر سەکۆی مزگەوتەکان و لە بۆنەکاندا و لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خواستی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها بە ئارەزووی خۆیان چی بەسەر دەمیاندا بێت بیڵێن و چییان بوێت بینووسن و بڵاوی بکەنەوە، ههڕهشه له کچان و ژنان و رۆشنبيران و نووسهران و رەخنهگران بکهن، فهتوای کوشتن و وڵاتبهدهرکردنيان بدهن، بە ئارەزووی خۆیان چییان بوێت، بیکەن و بۆيان بچێتهسهر؟.
چەند پەیڤێکی پێوەندیدار بەم بابەتەوە لە پەڕتووکی (روانگەکان)ەوە :
١
تۆڵەی شەرەف
چەمكی نامۆ و نەفرەتی و ترسناكی (تۆڵەی شەرەف)، یەكێ لە كارەساتبارترین چەمكە هاوردەكراوەكانی ناو عەرەب و ئیسلامه بۆ كوردستان كە بەردەوام كچان و ژنان – خوشكان و دایكانمان باجەكەی دەدەن.
٢
جەستەی مرۆڤ
- هەموو مرۆڤێك، خۆی خاوەنی جەستەی خۆيەتی.
- جەستەی گشت بوونەوەرانی گۆی زەوی، نە شەرمە، نە شانازيه، خوا، سروشت، يان رێكەوت، بەو شێوەيە ئافەريدەی كردوون. ئيتر هيچ بڕوادار و دەسەڵاتدارێك، بەناوی خۆيان و خوا و ئايين و ئايينزاوە، ئەو مافەيان نييە، خواستی تايبەتيی خۆيان بەسەر شێوازی نيشاندانی ئەو جەستەيەدا بسەپێنن.
- هەموو مرۆڤێك بە رووتی لەدایك دەبێت، ئەگەر جەستە شەرم بووایە، خوا مرۆڤی بە پۆشتەیی دروست دەکرد.
- ئەگەر دەركەوتنی جەستەی مرۆڤ نەنگی بێت، كەواتە خوا بە نەنگییەوه مرۆڤی دروست كردووە.
- پرچی مێیینە هیچ جۆرە پێوەنددارییەکی بە رەوشتەوە نییە.
- ئابڕوومەنديی مرۆڤ، لە خۆپێچانەوە و شاردنەوەی جەستەیدا نييە، بەڵكو لە بيری چاك و وتەی چاك و كرداری چاكی دايە.
٣
هۆكارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی رەوتی ئیسلامی سیاسی
١- رووخانی خیلافەتی ئیسلامیی تورکە عوسمانییەكان.
٢- سەرنەکەوتنی رەوتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی: ناسریزم و بەعسیزم.
٣- رووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی و سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران.
٤- ململانێی نێوان هەردوو ئۆردوگای سەرمایەداری و سۆسیالیزم: ئەمەریکا و ئەوروپای رۆژئاوا و یەکێتیی سۆڤێت و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات.
٥- هێرشی سوپای سووری سۆڤێتی بۆسەر ئەفغانستان.
٦- رووخانی یەكێتیی سۆڤێت و سەرنەكەوتنی سیستمی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم.
٧- شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق.
٨- رووخانی دەوڵەتی عێراق و دروستبوونی كەشوهەوایەكی ئازادانە و دیمۆكراسییانە لە عێراق و باشووری كوردستاندا بۆ گەشەكردنی رەوتی ئیسلامی سیاسی.
٩- دژایەتی و دوژمنایەتی و شەڕی یەكتر كوشتنی پارتی و یەكێتی كە باند و گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر لێی سوودمەند بوون.
٤
ئيسلامی سياسی لە باشووری كوردستاندا بەرهەمی سێ هۆكارە
يەكەم: دوژمنانی كورد و داگيركەرانی كوردستان بۆ دوژمنايەتی كردنی كورد و بزووتنەوەی ئازاديخوازی كوردايەتی و رێگەگرتن لە دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و بەعەرەبكردن و تواندنەوەى كورد، دروستیان كردوون.
دووهەم: بە هۆی شەڕی ناوخۆی كوردستانەوە گەشەيان كردووە و بەهێز بوون، پارتی دژی يەكێتی كۆمەكی هەندێكيانی كرد و يەكێتی دژی پارتی كۆمەكی هەندێكی ديكەيانی كرد. ئيسلامييە سياسييەكان توانيان زۆر سوود لە دژایەتی و دوژمنایەتی و شەڕی يەكتر كوشتنی پارتی و يەكێتی وەربگرن. ئيسلامييه سياسييەكان ئەو ئاژاوە ناوخۆییەیان بۆ بەرژەوەندييەكانی خۆيان بەكار هێنا و ئێستايش ئەو سوود وەرگرتن و بەكارهێنانە هەر بەردەوامه.
سێهەم: بەهۆی ئەو پاشاگەردانييەی كە ناونراوە ئازاديی بيروڕا و ئازادیی چالاكيی سياسی و بەهۆی ئەو سيستمە ديمۆكراسييە ناتەندروستەوە كە لە باشووری كوردستاندا بە هەڵە جێبەجێ كراوە و دەكرێت، ئيسلامييە سياسييەكان تێیدا گەشەيان كرد و توانيان لەو بارودۆخە پاشاگەردانييەدا زۆرترين جەماوەر بۆ خۆيان دروست بكەن و ئەم رەوتە ناسروشتييە ئێستايش هەر بەردەوامه.
ئیسلامییە سیاسییەکانی كورد لە هەر شوێنێك بن، بەرژەوەندییەكانی دوژمنانی كورد و داگیركەرانی كوردستان، لەو شوێنەدا پارێزراوە.
٥
هەر ئیسلامییەکی سیاسی، داعشێکی خۆمەڵاسداوە بۆ کاژێری سفر .
ساڵانی ههشتاکان ئهوکاتهی که ورده ورده گروپ و کهسانی ئيسلاميی سياسی به کۆمهک و پشتيوانيی ئيتڵاعاتی ئێران و دهوڵهته عهرهبييه شۆفێنيستهکانی ناوچهکه و تورکه تۆرانييهکان، دهنگ و رهنگی ئيسلاميی سياسيی پهيدا دهبوو، هێشتا زۆر بههێز نهبوون و پهرهيان نهسهندبوو، ئهو کاته هاوبيرانی نهتهوهيی هاواريان له پارتی و يهکێتی دهکرد و به زمانێکی ساده و پڕ خهمخۆری و پاڕانهوه پێيان دهگوتن، تکايه و دهستمان به دامێنتان، مههێڵن ئهو گروپ و کهسه ئيسلامييه سياسييانه گهشه بکهن و بههێزبن، مههێڵن ئهمانه هێزی چهکداريان له کوردستاندا ههبێت، مههێڵن ئهوانه بهئارهزووی دوژمنانی کورد و دهوڵهته داگيرکهرهکانی کوردستان، چالاکی بکهن و پێوهنديی بهم دهوڵهت و بهو دهوڵهتهوه بکهن، مههێڵن ئهو ميکرۆب و ڤايرۆسانه له جهستهی کورد و بزووتنهوهی کوردايهتيدا بڵاوببنهوه و خۆيان بههێز بکهن، مههێڵن ئهو دهسته رهشه دروستکراوانه لاوان و خهڵکه ههژار و ساده و ساکارهکهی کوردستان بخهڵهتێن و فريويان بدهن و بهلای خۆياندا رايانبکێشن، مههێڵن به ناوی ئاينی ئيسلاميی عهرهبييهوه کوردستان و فهرههنگی رهسهنی کوردهواری ئهنفال بکهن و عهرهبچێتی و تهعريبچێتی و ئيسلامچێتی بکهن، بەڵام بهداخهوه کهس گوێی له هاوار و پاڕانهوهی دڵسۆزانهی هاوبيرانی نهتهوهيی نهگرت تا وای لێهات له ههورامان کچان و ژنان له ماڵهکانی خۆيشياندا نهياندهتوانی بێ لهچک و بێ باڵاپۆشی ناشارستانييانهی ئيسلاميی عهرەبی بهسهربهستی بژين. لێرهدا دهبێ بڵێين ماڵی سوپا بههێزهکهی ئهمهريکا ئاوا بێت که توانی به زهبری سهربازييانه ههر له ئاسمانهوه کۆتاييان پێبهێنيت. بێگومان ئهگهر ئهو هێرش و ههڵمهته سهربازييانهی ئهمهريکييهکان نهبووايه، ئێستا ئيسلامييهکان له ههورامان و ناوچهکانی دهوروبهريدا ههر باڵادهست بوون و بهرهو شاری سلێمانيش هێرشيان دههێنا. راستییەکە ئەوەیە کە ئێران به ههموو شێوهيهک بۆ شێواندی باشووری کوردستان، ههموو کۆمهک و پشتيوانييهکی دهکردن. ههزاران جار ماڵی ئهمهريکييهکان ئاوابێت و زۆر سوپاس بۆ ئهوان که ئهو گورزه کوشندانهيان لێوهشاندن و له ههورامان کۆتاييان پێهێنان.
هاوبيرانی نهتهوهيی هاواريان دهکرد و دهپاڕانهوه و دهيانوت بيکهن به خاتری کورد و کوردستان، بيکهن بهخارتی خوا و ويژدانی مرۆڤايهتی، کۆمهکی ئهو گروپ و کهسه ئيسلاميييه سياسييانه مهکهن. هاوبیران دهيانوت ئهو ئيسلامييه سياسييانه له سهددام و بهعسييه فاشيستهکان و دهوڵهتی داگيرکهری ئێراق مهترسيدارترن بۆ سهر ئاساييشی نهتهوهيی و نيشتمانيی کورد و کوردستان، ئهمانه زۆر بهئاسانی له رێگای ئايينی ئيسلامی عهرهبييهوه دهتوانن خهڵکه ساده و ساکار و نهخوێنهوارهکهی کوردستان فريوبدهن و ههڵيان بخهڵهتێنن و بيانکهن به دوژمنی کوردايهتی، بيان کهن به دوژمنی کهلوپهلی رهسهن و جوانی کوردهواری، بيانکهن به دوژمنی مارشی نهتهوهيی و نيشتمانيی کوردستان، بیانکەن به دوژمنی ئهی رهقيب، بيانکەن به دوژمنی بيروباوڕی پيرۆزی کوردايهتی، بيانکهن به دوژمی ههموو شتێکی کورد کوردايهتی. بهڵام بهداخهوه کهس گوێی له هاوبيرانی نهتهوهيی نهگرت، بەداخەوە يهکێتی و پارتی له پێناوی بهرژهوهنديی تهسکی خۆياندا دژی يهکتر ههر يهکهيان کۆمهک و پشتيوانييان له يهکێک يان چهند لايهنێکی ئيسلاميی سايسيی دهکرد، پارهيهکی زۆر و بێئهندازهيان بهسهردا ههڵدهڕشتن، ئهمڕۆش له بوودجهی ههژارانی کورد و کردستان، چهندين کهناڵی تهلهفيزيۆنی و راديۆ و گۆڤار و رۆژنامهيان بۆ دامهزراندوون، مانگانه بهناوی بودجهی حيزبييهوه پارهيهکی زۆريان دهدهنێ و به ههزاران کهسی ئيسلاميی سياسييان ههر لهسهر بوودجهی خهڵکی کوردستان خانهنشين کردوون و مووچهی موفتيان دهدهنێ. ههر به پاره و کۆمهک و کارئاسانی کردنی دهسهڵاتی باشووری کوردستان، ئهم گروپه ئيسلامييه سياسييه بهکرێگيراوانهی رهگهزپهرستهکانی تورک و عهرهب و فارس، به سهدان ماڵپهڕ و بڵاوکراوهی جۆراوجۆيان دامهزراندوه و لهم رێگايانهوه و بههۆی ئهم دهستاوێژانهوه پڕوپاگهنده بۆ ئيسلامچێتی و بۆ بهرژهوهندييه گڵاو و ناڕهواکانی دوژمنانی کورد و داگيرکهرانی کوردستان دهکهن.
٦
ئيسلامی سياسی و عروبه
بە گريمانەيەك، ئەگەر سەدام زيندوو ببێتەوە و بەعسييەكان ديسانەوە دەسەڵات بگرنەوە دەست، ئەمجارەيان بۆ بەعەرەب كردن، يان لەناوبردنی كوردی باشوور، زەبروزەنگ و باروت و ئاسن و كيميايی بەكار ناهێنن و سوپا و هێزه چەكدارەكانی جارانيان نانێرنەوە بۆ داگيركردنەوەی كوردستان، بەڵكو ئەم شتانە دەكەن: چەند باند و گروپێكی ديكەی ئيسلامی سياسيی كوردى دورست دەكەن و ئەو خەرجييانەی كە پێشتر لە كورد و كوردستاندا بە كاريان دەهێنا، ئەمجارەيان بەشێكی مزگەوتی زۆرتری پێ دروست دەكەن و بەشەكەی تريشی دەدەن بە ئيسلامييە سياسييەكان، بەم شێوەيە بەبێ ئەوەی خۆيان ماندوو بكەن و كات و وزە و توانای خۆيان بەكار بهێنن و يان يەك بەعسی و يەك سەربازی عەرەب بەكوشت بدەن، بە ئامانجە ناڕەواكانيان دەگەن و هەموو كوردی باشوور دەكەنە موسڵمانی خزمەتكاری عەرەب و عروبە.
٧
باشووری كوردستان، سەيرانگە و تەمەڵخانەی ئيسلامييە سياسييەكانە.
ئيسلامييە سياسييەكان لە بزووتنەوەی رزگاريخوازی كوردستاندا خاوەنی هيچ خەبات و رابووردوو و شانازييەك نە بوون و نين. ئەوانە هاتوونەتە سەر سفرەی ئامادەكراو و لە بارودۆخی ئازادی و دیمۆكراسيی باشووری كوردستاندا، ئەمان سوودمەنترين و بەختەوەرينن و ژێربەژێريش بەرنامەی دوژمنانی كورد و داگيركەرانی كوردستان جێبەجێ دەكەن و بە هاوكاری و كۆمەكى ئەوان، كار بۆ پاشكەوتن و گەوجاندن و بە ئیسلام کردن و بەعەرەبكردنى كۆمەڵگەی كوردەواری دەكەن.
باشووری كوردستان بۆ باند و گروپە ئيسلامييە سياسييەكان و مەلا و بانگخواز و ئەندام و لايەنگرە مووچەخۆرەكانيان بووە بە سەیرانگە و تەمەڵخانە. نە كار دەكەن، نە ماندوو دەبن، نە هيچ بەرهەميێكان بۆ كۆمەڵگە هەيە، بەڵام لەلايەن دەسەڵاتی كورتبينی كوردييەوە، بوودجەيەكی زۆريان بۆ بڕاوەتەوە و خاوەنی چەندين كەناڵی تی ڤی و راديۆ و بنە و بارەگا و گۆڤار و رۆژنامە و ماڵپەڕی ئەلەكترۆنين، كە هەموو ئەم ئامڕاز و دەستاوێژانە بۆ ئيسلامچێتی و ئيخوانچێتی و تۆرانيچێتی و تەعريبچێتی و گەوجاندی كۆمەڵگەی كوردستان بەكار دەهێنن.
هەتا ئێستا ئيسلامييە سياسييانەكان نە چەكدارێكيان، نە ئەندامێكيان نە بەرپرسێكيان، بەرەكانی شەڕی دژ بە لەشكری داعشی ئيسلامييان بە خەويش نەبينوە، تەنانەت، يەك دڵۆپ فرمێسك و خوێنيان بۆ كورد و كوردستان لێنەڕژاوە. بەڕاستی خوا بۆی داون، لەسەر بوودجەی هەژارانی ميللەت بوون بەخاوەنی هەموو شتێكی خۆيان، هەر دەخۆن و دەخۆنەوە و لە پشووی ژيان و خۆشگوزەرانيدا، بێ خەم و بێ باك، پاڵی هەميشەييان لێداوەتەوه.
ئەرێ بەراست بۆ هيچ كەس و هيچ لايەنێك له دەسەڵاتی سياسيی كوردی و له سەرانی پارتی و يەكێتی و گۆڕان ناپرسن: بوونی ئەو کەس و باند و گروپه ئيسلامييە سياسييە دروستكراو و بەكرێگيراوانە جگە لە مشەخۆری و زيانداری و دواخستنی كورد و كوردستان، چ سوودێكيان هەيه!؟
بەرەو ياساخ كردنی رەوتی ئيسلامی سياسی لە باشووری كوردستان .
٨
بورقا و نیقاب
بورقا و نیقاب، ئەم مۆدێله جلوبەرگه ئيسلامييە سياسييە كارهساتاوییانه، بهڕێوهن بۆ باشووری كوردستان، هیچ پێتان سهیر نهبێت و به گاڵهتهش وهریمهگرن، مۆدێلی بورقا و نیقابی تاڵیبان، لهمێژه لهلایهن ئیسلامییه سیاسییهكانهوه بانگهێشتن كراوه و كاری بۆ دهكرێت، بهڵام جارێ كاتی نههاتووه و تا ئێستا بۆیان نهلواوه بیسهپێنن
٩
بیری چاك، وتەی چاك، کرداری چاك.
زەردەشت
رزگار كردنی ژيانی مرۆڤێك بەنرخترە لە دروست كردنی پەرستگايەك.
كۆنفوشيۆس
هەموو پەيامبەرە چەكدارەكان سەركەوتنيان بەدەستهێناوە، پەيامبەره بێ چەکەكان، دووچاری تێکشكان بوونەتەوە.
نيكۆڵۆ مەكياڤيللی
من پێويستم بەوە نييە كە بە هۆی هەڕەشەی دۆزەخەوە بەڕەوشت بم.
بێرتراند رەسەڵ
پیاوانی سیاسی به بهڵێنی خۆشکردنی ژیانی ئێره و پیاوانی ئاینیش به بهڵێنی ژیانی ئهولا، گهورهترین جهههننهمیان بۆ خوڵقاندوین.
مهسعوود محهمهد
ئەگەر ئافرەتێك بە ڕوتی بەسەر شەقامێكدا رابكات، شارێك لە پیاوان دوای دەكەون، بەڵام ئەگەر پێیان بڵێی وا شارێك دەسوتێت، هەموویان پاساوێك دەهێننەوە كە توانای راكردنیان نیە!
ئۆریانا فالاچی
ئەگەر لە عەرەبستان لەدایك بوویت، دەبیت بە موسڵمان!
ئەگەر لە هیندستان لەدایك بوویت، دەبيت بە هیندوسى!
ئەگەر لە ئەمریكا لەدایك بوویت، دەبيت بە مەسیحی!
دینی ئێوە، بەس جەبری جوگرافیای لەدایك بوونتانە و شوێنی لەدایك بوونتان ئایینتان دیاری دەكات نەك بیركردنەوە و لێكۆڵینەوە لەسەر ئایینەكان!
زانای زیندەوەرزانی و گیانداران و شارەزا لەئايینەكان :
ریچارد داوكینز
تێبینی: بۆ نووسینی ئەم نووسراوە نەگەڕاومەتەوە بۆ سەرچاوەکان و تێکستەکانی پێوەندیدار بەم بپرسەوە، بەڵکو تەنها پشتم بە تێگەیشتن و سەرنج و بۆچوونەکانی خۆم بەستووە.
- هەموو کەس و لایەنێک و پێگەیەکی میدیایی دڵسۆزی کوردایەتی و خەمخۆری ئازادییە دیموکراسییەکان و مافە مرۆییە رەواکانی مێیینەکان، دەتوانن ئەم نووسینە بەبێ دەستکاری و وەکو خۆی، بڵاوی بکەنەوە.
25-12-2025

