به‌ختی ڕه‌ش یـا كـۆمه‌ڵی چه‌وت*-2-.. نه‌ژاد عزیز سورمێ
چه‌ند وێستگه‌یه‌كی كورت له ڕۆژگاره‌كانی دوای كۆربوونه‌وه‌ی (ئاگردان)ێـكی دی
نه‌ژاد عزیز سورمێ
به‌شی دووه‌م
ڕوونـكردنه‌وه
ویستم خوێنه‌ر له‌وه باخه‌به‌ر بكه‌م كه ئه‌م نووسینه نه بیره‌وه‌ریه و نه یادداشتنامه، به‌و مانایه‌ی ده‌خوازێ له‌م دوو ژانره‌دا هه‌بن ..
ته‌نیا نووسینێكه به داوا و جه‌ختی چه‌ند جاره‌ی هه‌ر دوو دۆستم (نیعمه‌ت عه‌بدوڵا و تاریق جامباز)وه بۆ پرۆژه‌یه‌ك نووسراوه تایبه‌ت به تۆماركردن و دیكۆمێنتـكردنی نه‌فیكراوانی كوردستان دوای نسكۆی ساڵی 1975 كه له دووتوێی كتێبێـكدا به‌م دواییه به‌شی یه‌كه‌مییان لێ بڵاو كرده‌وه.
هیوادارم له‌م قاوخه‌دا بخوێنرێته‌وه.
له‌باره‌ی تایتڵی سه‌ره‌كی نووسینه‌كه‌یشه‌وه(به‌ختی ڕه‌ش یا كۆمه‌ڵی چه‌وت)
وه‌ك له په‌راوێزیشدا ئاماژه‌ی پێدراوه، ئه‌وه ناوونیشانی یادداشتنامه‌ی
باوكم بووكه نزیكه‌ی 900 و قسوور لاپه‌ڕه‌ی فۆڵسكابی ده‌ستنووس ده‌بوو
به داخه‌وه به هۆی بۆمبابارانی خانوو و ماڵمان(ناوه‌ڕاستی ساڵی 1974 )
به فڕۆكه‌كانی سوپای عیراق له گه‌ڵاڵه تیاچوو.
زۆری نه‌برد ئاوا ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌ك یان ده ڕۆژ ئێمه كه ڕۆژانه ده‌هاتینه كه‌ربه‌لا و له‌چایخانه له‌گه‌ڵ براده‌رانی دانیشتووی ناو شار داده‌نیشتین و چه‌ندین جار چووینه ئه‌و شووقه‌یه‌ی نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵا و ئه‌وانی لێ بوو، وای لێهات خه‌ڵكی دیكه‌شمان دیته‌وه، له‌وانه دۆستی دێرینم هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی كه مامۆستا بوو له‌ئاماده‌یی كشتوكاڵ و هه‌روه‌ها سه‌ید داوود كه ده‌رچووی كۆلیژی قانوون بوو و هه‌روه‌ها نزار ڕه‌حمه‌توڵڵا كه ئه‌فسه‌ر بوو و نه‌قلی وه‌زیفه‌یه‌كی مه‌ده‌نی كرابوو چه‌ندانی دیكه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی و هه‌ولێر و كه‌ركووك كه بۆ جاری یه‌كه‌م ناسیمانن و غه‌ریبایه‌تی ورده ورده لێكی نزیك كردینه‌وه.
خۆی ڕاسته شتی به‌زۆر و قه‌ول شكاندن و درۆ له‌گه‌ڵ كردن ناخۆش بوو ، كه ئێمه‌ی هه‌ڵدایه ئه‌و شوێنه و هی تریش بۆ شاره‌كانی دی ، به‌ڵام نای شارمه‌وه له‌دوایدا پاش چه‌ندان ساڵ كه مه‌ینه‌تی خراپتر و وێرانتر به‌سه‌ر نیشتمان و گه‌له‌كه‌ماندا هات له‌ئه‌نفال كردن و به‌كیماوی لێدان و پاشان كاره‌ساته تراژیكومییدیه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین…. ئێمه ئه‌وسا كه هێشتا ئومێدمان به ئاینده هه‌بوو به‌به‌راورد، له‌نیمچه به‌هه‌شتێكدا بووین…
ده ڕۆژی نه‌برد پاش پڕكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر هه‌موومان هه‌ر یه‌كه‌مانیان له‌فه‌رمانگه‌یه‌ك دامه‌زراند، من كه ئه‌وسا ده‌رچووی سێی ناوه‌ندی بووم ( چونكه خوێندی ئێرانێم بۆ حساب نه‌كرا ده‌نا من به حه‌قیقی له‌وێ گه‌یشتبوومه پۆلی پێنجه‌می ئاماده‌یی ) ، به(كرێكاری ناشاره‌زا – عامل غیر ماهر) له‌گه‌راجی (مه‌سڵه‌حه‌ی نه‌قلی ڕووكاب) دامه‌زرام .
ڕاستی به‌هۆی شایه‌دنامه‌كه‌مه‌وه ته‌نیا من بهكرێكار دامه‌زرام ، براده‌رانی له‌گه‌ڵم بوون ، هه‌موویان به‌فه‌رمانبه‌ر ، ئه‌وه‌ی عه‌سكه‌ریش بووایه ده‌یانهێنایه سه‌ر میلاكی مه‌ده‌نی و به‌فه‌رمانبه‌ر دایانده‌مه‌زراند، وه‌ك به‌نموونه ملازم شوان (عبدولئیلاه احمد) كه ده‌رچووی كۆلیژی سه‌ربازی بوو هێنایانه سه‌ر میلاكی مه‌ده‌نی… من له‌فه‌رمانه‌كه‌مدا وه‌ك كرێكار زۆر ماندوویان ده‌كردم له‌و شوێنه ڕۆژانه پێنج تا شه‌ش ئامانه (پاس)ی گه‌وره‌یان پێ ده‌شووشتم و پاك ده‌كرده‌وه ، ده‌وامێكی زۆر، معاشێكی كه‌م ته‌واو هیلاكیان كردم ، به‌رپرسی گه‌راج تا بڵێی كابرایه‌كی تڕوهات و خۆبه‌زلزانی توند بوو نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ من به‌ته‌نیا ، له‌گه‌ڵ هه‌موو كرێكاره‌كان وابوو.
باره‌كه وا ڕۆیشت ، ئێواران كه ده‌گه‌ڕامه‌وه ئوتێل ، چونكه ئێمه پاش دامه‌زراندن ڕێگه‌یان پێداین بێینه ناو شار، هه‌بوون چوونه شووقه هه‌شبوو چووه ئوتێل ، من له‌ئوتێلی (شه‌یبانی) بووم” ئوتێلێكی بێ پله بوو له‌لاكۆڵانێك ، هه‌ندێ كوردی تریشی لێ بوو، ئێواران به‌جه‌سته‌یه‌كی ماندوو ده‌گه‌ڕامه‌وه نانێكی هاكه‌زایم له‌چێشتخانه‌یه‌كی نزیك ئوتێل ده‌خوارد و ده‌چوومه‌وه ئوتێل ، ئیتر تا وه‌ختی خه‌وتن لای من باس هه‌ر باسی ئه‌و كابرای به‌رپرسی گه‌راجی پاسان بوو ، كه چۆن ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزمه‌وه نه‌قلی شوێنێكی ترم بكه‌ن…
ئیتر كرێكاری ناشاره‌زای ئه‌وسا ، خۆی چی و به‌نه‌قل چی له‌مه‌سه‌له‌كه ده‌گۆڕێ ، به‌ڵام من هه‌میشه وام لێك ده‌دایه‌وه بچمه هه‌ر شوێنێك باوه‌ڕ ناكه‌م به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌ك به‌رپرسی گه‌راجی (ئامانان) پاسان بێ ، ئه‌وه‌ها دڵڕه‌ق و خۆپه‌رست و خۆبه‌زلزان و تڕوهات. به‌و جۆره مامه‌وه ڕۆژانه به‌تایبه‌تی به نیعمه‌ت و ملازم شوانم ده‌گوت ، چ ده‌بێ ئه‌گه‌ر ده‌وام نه‌كه‌م ، ئه‌وانیش هه‌موو جارێ به‌وه ساردیان ده‌كردمه‌وه كه ماوه‌یه‌كی دی سه‌بر بگرم تا بزانین به‌ڵكو ده‌روویه‌ك بكرێته‌وه و بمان گه‌ڕێننه‌وه كوردستان.
منیش ده‌مگوت وایه (ئه‌گه‌ر له‌من نه‌ده‌ن له‌حه‌مه‌دی برا بده‌ن ، له‌من وایه له‌جه‌واڵی كایێ ده‌ده‌ن) ، ئه‌وان جێیان له‌چاو جێی من خۆش بوو، چاره‌كی منیش ماندوو نه‌بوون به‌پاس شوشتنێ ، به‌و جۆره هه‌فته و مانگ تێپه‌ڕین تا ڕۆژێ وه‌ك خدری زینده پارێزگارمان لێ په‌یدا بوو ، هه‌مان پارێزگار كه‌منی له‌گه‌ڵ د.سه‌عدی بینی بوو ئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌ڵێن له‌خانووه قوڕه‌كانی عوتێشی به‌سه‌ردانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كان هاتبوو…
ئێمه، كرێكاره‌كانیان كۆكرده‌وه ، هه‌موومان جلوبه‌رگی كارمان له‌به‌ر بوو كه بریتی بوو له‌به‌دله‌یه‌كی مۆر، جزمه‌یه‌كی لاستیقی تا چۆكان ، پارێزگار دایه‌ره‌كه‌ی هه‌موو به‌سه‌ر كرده‌وه ، كابرای به‌رپرس له‌پێش پارێزگار نه‌وعێكی تر بوو، ئه‌وه نه‌بوو كه غه‌دری له ئێمه ده‌كرد و ڕۆژانه هه‌ركرێكارێكی لانی كه‌م چوار پاسی پێ ده‌شووشت، پارێزگار زۆر نه‌مایه‌وه ، خۆی هه‌ر دایه‌ره‌كه‌ش گه‌راجی پاسی مه‌سڵه‌حه هه‌ر بایی ئه‌وه‌نده بوو ، من هه‌ر له‌فكری خۆمدا بووم ، پێی بلێم پێی نه‌ڵێم ، دواجار جورئه‌تم دایه به‌رخۆم و كۆنه هه‌وییه‌كی ڕۆژنامه‌ی (التاخی)م پێ بوو ده‌رم هێنا و له‌ده‌ستم گرت و به‌ره‌و ڕووی پارێزگار كه تازه خه‌ریك بوو خواحافیزی ده‌كرد بڕوا وتم ( ئوستاز … العفو) مامۆستا ببوورن…ئاوڕی دایه‌وه پێشه‌كی به‌بیرم هێنایه‌وه كه من له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تی د. سه‌عدی غه‌ریبین ( من الاكراد العائدین) ئه‌وه ناوه ڕسمییه‌كه‌مان بوو ، یه‌كسه‌ر وتی (تفه‌زه‌ڵ ئیبنی) فه‌رموو ڕۆڵه ، وتم ئوستاز ڕاستی من كاتی خۆی ڕۆژنامه‌نووس بووم له ڕۆژنامه‌ی (التاخی) ئێستاش پێمخۆشه جه‌نابت لوتف بكه‌ن به‌ڵكو لێره نه‌قلم بكه‌ن ، یه‌كسه‌ر وتی باشه ، ئه‌و ڕۆژه پێنج شه‌ممه‌یه ڕۆژی شه‌ممه وه‌ره پارێزگا ، وتم ئه‌گه‌ر وه‌رقه‌یه‌كم بده‌نێ نه‌بادا نه‌هێڵن. به‌كه‌سێكی كه له‌گه‌ڵی بوو وت وه‌رقه‌یه‌كی بده‌یێ وابزانم سكرتێری بوو… ئه‌ویش ده‌ست به‌جێ وه‌رقه‌ی بۆ نووسیم پاش ئه‌وه‌ی ناوی سێینه‌ی لێ پرسیم.
پارێزگار ڕۆیشت، ئینجا ما كابرای كه‌لله بۆره ، به‌رپرسی گه‌راج لێم ده‌ر بووه‌وه، تۆ چۆن به‌بێ پرسی من قسه له‌گه‌ڵ سه‌یدولمحافیز ده‌كه‌ی و شتی له‌و بابه‌ته ، ئێواره پاش ده‌وام براده‌رانم بینی و مه‌سه‌له‌كه‌م بۆ گێڕانه‌وه و ڕاوێژم پێ كردن كه دوو سبه‌ی شه‌ممه چی بكه‌م و چی بڵێم باشه ، به‌هه‌ر حاڵ شه‌ممه چوومه پرسگه‌ی پارێزگار و كاغه‌زه‌كه‌م پیشاندان یه‌كسه‌ر منیان نارده لای یاریده‌ری پارێزگار…
هه‌ر لای سكرتێره‌كه‌ی ئه‌وه‌ی لێ پرسیم كه تا چه‌ندت خوێندووه ، كه‌ی له‌ئێران گه‌ڕایته‌وه و شتی له‌و بابه‌ته، من ئه‌وسا وه‌ك وتم سێی ناوه‌ندیم ته‌واو كردبوو، بوو بووم به‌چواری ئاماده‌یی كابرای سكرتێری یاریده‌ری پارێزگا بۆ كاروباری ناوخۆ كه ئه‌وسا ئیداره‌ی محه‌لییان پێ ده‌گوت و گه‌راجه‌كه‌ی پاسانیش سه‌ر به‌وێ بوو.
سكرتێر چووه ژووره‌وه پاش ئاوا چاره‌گێك بیست ده‌قه هاته‌وه جێی خۆی و وه‌ره‌قه‌یه‌كی دامێ و وتی بیبه بۆ زاتیه ، لێی نووسرا بوو (بنا‌ء علی امر السید المحافیز یعین نژاد عزیز قادر من الاكراد العائدین فی الادارة المحلیة حسب الاصول والقوانین)، ئیمزا وابزانم یاریده‌ری پارێزگا كردبووی ، ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه من بووم به‌فه‌رمانبه‌ر له ئیداره‌ی محلی كه‌ربه‌لا به‌ناونیشانی (كاتب) .
ڕاستی سه‌ره‌تا زۆرم كه‌یف به‌خۆ هات كه مێز و كورسییه‌كی ئاسنیان پێدام ، له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دی كه یه‌كێكیان دیار بوو شیوعی بوو ، ئاخر ئه‌وسا هێشتا جه‌بهه‌ی شیوعی و به‌عسی به‌رقه‌رار بوو ، زۆر جاران ڕۆژنامه‌ی (طریق الشعب)ی ڕۆژانه‌ی ده‌هێنا تا ئه‌و كاته‌ش هه‌ر (جه‌بهه‌ی وه‌ته‌نی و قومی ته‌قه‌دومی) بوون له‌گه‌ڵ به‌عسیان، ئه‌وی تر فه‌رمانبه‌رێكی بێ وه‌ی بوو ته‌نیا خه‌ریكی ئیش و كاری خۆی بوو…
كه منیان له‌وێ دانا له‌لایه‌ن به‌رپرسی خۆیه‌تییه‌وه پێی وتن ( ئه‌وه فڵانی كوڕی فڵانه من ئیخواننا ئه‌لئه‌كراد ئه‌لعائدونه معه‌ین جدید راح یشارككم الغورفه) ئه‌وانیش یه‌كسه‌ر به‌خێریان هێنام و دوای ئه‌وه‌ی به‌رپرسی خۆیه‌تی ڕۆیی به‌خوا چا و ئاویشیان بۆ داواكردم…
ئه‌و ڕۆژه درۆ چا نییه خۆم نه‌ختێك له به‌ره‌ژێری پاشایه‌كی سه‌ر ته‌ختیدا ده‌دی ، حه‌زم نه‌ده‌كرد ده‌وام ته‌واو بێ هه‌نده‌م لێ خۆش هاتبوو ، ئێواره كه براده‌رانم بینی بۆم گێڕانه‌وه زۆریان پێ خۆش بوو ، هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه‌ش هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی دۆستی دێرینم بینی ، هه‌روه‌ها دووسێ كه‌سی تازه‌ی تر یه‌كێكیان سه‌ید داوود كه پارێزه‌ر بوو خه‌ڵكی هه‌ولێر بوو ، چه‌ند كه‌سێكی خه‌ڵكی سلێمانیشم بینی ڕاستی ناوه‌كانیانم بیر نه‌ماوه وابزانم یه‌كێكیان ناوی دلێر بوو..
من زیاتر له‌شه‌ش مانگ بوو گه‌ڕابوومه‌وه خه‌به‌ری ماڵیم نه‌دابوو ، حه‌زم نه‌ده‌كرد، چونكه له‌خۆمان دڵنیا نه‌بووین ، ئه‌وان دووچاری مه‌ترسییه‌ك ببنه‌وه ، به‌تایبه‌تی كه ماڵیشمان ده‌مزانی هێشتا له‌گه‌ڵاڵه‌یه ، كه ئه‌وێش چاودێرییه‌كی وه‌ك بیستبووم زۆری له‌سه‌ر بوو به‌حوكمی مێژوو و جواغرافیای شوێنه‌كه ..
به‌و جۆره به‌رده‌وام بووم له‌ده‌وام ، ته‌نانه‌ت له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگوت ئای كه وه‌زیفه‌ی (كاتب)یه‌تیش خۆشه ، ڕاستی ئه‌گه‌ر ڕۆژێ چه‌ند نووسراوێكی فه‌رمیم نووسیبا یاخود بمنووسیبایه‌وه ، كارێكی له‌و چه‌شنه زه‌حمه‌ته‌م نه‌بوو له‌چاو گه‌راجه‌كه ته‌واو وه‌ك پاشای سه‌ر ته‌خت وا بووم.
ڕۆژگارێكی ته‌واومان به‌سه‌ر برد به‌و شێوه‌یه ، من هه‌ر وه‌كو جاران ئێواران له‌گه‌ڵ براده‌ران شه‌ویش له ئوتێلی ( ئه‌لشه‌یبانی)، هه‌ندێ له‌براده‌ران چووبوونه ئوتێلی دی كه له‌مه‌رقه‌دی ئیمام عه‌باسه‌وه نزیك بوو به‌ناوی (ئوتێل ڕافدێن) ڕاسته نرخی گرانتر بوو نه‌ختێ ، به‌ڵام به‌هۆی براده‌رانه‌وه حه‌زم لێ بوو منیش بچم بۆ ئه‌وێ، ئه‌وه بوو شته‌كانی خۆم ده جانتای هاوێشت، هاتمه به‌رده‌م خاوه‌ن ئوتێل كه به‌خۆی له‌سه‌ر مێزی ده‌خیله داده‌نیشت، وتم: ببووره حیسابی من چه‌نده؟
وتی: خێر بۆ ده‌ڕۆی؟
وتم: به‌ڵێ ده‌چمه لای چه‌ند براده‌رێك ، به‌ڵام نه‌مووت بۆ ئوتێل ڕافیدین…
وتی: كاكه ئێمه له‌ئه‌منه‌وه ئاگاداركراینه‌وه كه قه‌ده‌غه‌یه بێ ئیجازه‌ی ئه‌وان له‌م ئوتێله بڕۆی.
كابرا له‌نیازپاكی خۆی نووسراوه‌كه‌ی پیشاندام ، منیش پێم وت باشه ئه‌و نووسراوه‌م بدێ تا مراجه‌عه‌ی پێ بكه‌م و ئیجازه‌كه وه‌ربگرم ، خوا هه‌ڵناگرێ پێی دام ، كه ئێستاش نووسراوه‌كه‌م پاراستووه (نووسخه‌یه‌كی له‌به‌رگیراوی له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسینه دایه).
به‌هه‌ر حاڵ مه‌سه‌له‌كه‌م بۆ براده‌ران گێڕایه‌وه و یه‌كیان وتی له‌بیرم نه‌ماوه كێ بوو، بۆ به ئه‌وانه‌ی دایه‌ره ناڵێی كه له ژووره‌وه له‌گه‌ڵتن ، به‌ڵكو ئه‌وان كه‌سێك بناسن، به‌یانی زوو له‌گه‌ڵ ده‌وام به‌و دوو كه‌سه‌م وت. كه وتم یه‌كێكیان دیار بوو شیوعی بوو… ئه‌وی دی به‌حیساب بێ ده‌خل بوو، یه‌كسه‌ر هه‌ڵیدایێ وتی : (ئانی ئه‌دبرلك كاكه…تده‌لل)، من بۆت جێبه‌جێ ده‌كه‌م كاكه . تۆ ئه‌مر ده‌كه‌ی.. خوا هه‌لناگرێ دوو سێ ڕۆژی پێ نه‌چوو، كابرای خاوه‌ن ئوتێل هاته لام و پێی وتم (به‌لله‌غونا) واته ئاگاداریان كردینه‌وه ئێستا ده‌توانی بڕۆی كاكه) له‌گه‌ڵ كۆڵێك داوای لێبووردنه‌وه به‌ده‌ست من نه‌بووه و ئه‌مر بووه..تاد.
ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه پاره‌ی له‌سه‌رم بوو له ئوتێل (ئه‌لشه‌یبانی) دام و گواستمه‌وه ئوتێل ڕافدین ، له‌چاو ئوتێل ئه‌لشه‌یبانی پاك و ته‌میزتر و به‌خزمه‌تر بوو… له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كیش بوو نزیك مه‌رقه‌دی ئیمام عه‌باسی بوو ، كه هه‌میشه زیاره‌تكاری بۆ ده‌هاتن… زۆر له‌براده‌رانیش له‌و ئوتێله گیرسابوونه‌وه ، ژیانمان ببووه له‌ده‌وامه‌وه بۆ ئوتێل و چێشتخانه و ئوتێل و نووستن و ده‌وام…
جار نا جار بێ ئیجازه سه‌رمان له‌به‌غدا ده‌دا و ده‌گه‌ڕاینه‌وه. ئێستاش له‌بیرم نه‌چووه شه‌وێك من و ملازم شوان و د.سه‌عدی و مارف ژاژڵه‌یی چووبووینه توێریج له‌یانه‌یه‌كی توێریج كه برایانی ئێزیدی به‌ڕێوه‌یان ده‌برد. دره‌نگیش بوو زوو نه‌بوو، به‌یانیش ده‌واممان هه‌بوو، وتیان با سه‌رێكی به‌غدا بده‌ین ، من وتم كوڕه باوكتان چا، دایكتان چا به‌یانی ده‌واممان هه‌یه ، ئه‌وان وتیان هه‌ر ده‌چین له‌به‌غداوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه كه‌ربه‌لا… وه‌ك عادل ئیمام ده‌ڵێ (أسروا الحاحا) چووین، گه‌یشتینه به‌غدا زۆربه‌مان خه‌ومان ده‌هات ، بڕیارماندا بچینه ئوتێل ، پێم وتن براینه ئاخر من هیچ هه‌ویه و ئیجازه و ئه‌مانه‌م پێ نییه ، ئه‌وان هه‌ر یه‌ك كۆنه هه‌ویه‌كی پێ بوو، منیش كۆنه هه‌ویه‌كی نوێ نه‌كراوه‌ی ڕۆژنامه‌ی (التاخی)یم هه‌بوو ، به‌ڵام له‌لایه‌ك نوێ نه‌كرابووه‌وه پێشم نه‌بوو له‌جانتاكه‌مم دانابوو له‌كه‌ربه‌لا…..
د.سه‌عدی كه خاوه‌ن ئوتێله‌كه داوای ناسنامه‌ی لێكردین ، یه‌كسه‌ر وتی : ( انی د.سعدی عمید كلیه الزراعة) من د،سه‌عدیم ڕاگری كۆلیژی كشتوكاڵ ، هه‌ویه‌ی خۆی دایێ و ئینجا وتی ئه‌مه‌ش كوڕمه (واته من) ئیتر كابرا قسه‌ی نه‌كرد.
شه‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به‌به‌ره‌وه مابوو نه‌ختێك نووستین و خێرا بێ تێشت به‌ره‌و گه‌راجی عه‌لاوی و گه‌ڕانه‌وه بۆ كه‌ربه‌لا.. كارێكی عه‌به‌سی بوو كردمان ، پاشان ماوه‌یه‌كی زۆر بوو ڕه‌خنه‌مان له‌خۆمان و ئه‌و براده‌رانه گرت كه (ألحوا اسرارا) بۆ چووین ، تا وای لێهات، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك یه‌كێك پێشنیازی چوونه توێریجی بكردابووایه من ده‌مگوت به‌و مه‌رجه‌ی دێم پاشان به‌غدای له‌گه‌ڵ نه‌بێ….
تا ده‌هات ناوه ناوه كوردمان ده‌دیتن ، تازه هاتوو و كۆن ، ناسیاو و نه‌ناس ، كار و ژیان به‌و ڕه‌نگه به‌رێوه ده‌چوو، تا ڕۆژێك (ئه‌مر ئیداری)یه‌كیان بۆ هێنام منیان به‌ته‌نیا نه‌قڵی (كتێبخانه‌ی گشتی) پارێزگای نه‌جه‌ف كردبوو ، ئه‌وسا كتێبخانه گشتییه‌كان هه‌موویان سه‌ر به‌ئیداره‌ی محه‌لی بوون ، وه‌ك بڵێی خۆڵ و دۆم به‌سه‌ردا كرابێ، پاش ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی زۆرم دا بێ سوود بوو، ناچار (ئینفكاكیان) پێ كردم و ئێواره براده‌رانم بینی له‌وانه ملازم شوان و نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵا و حه‌سه‌ن گه‌رمیانی و حاكم تۆفیق و صادق و نزار ڕه‌حمه‌تووڵڵا و شێرزاد جوبرائیل كه هه‌موویان له‌چایخانه‌یه‌كدا بوون ، ئه‌وانیش كه خه‌به‌ره‌كه‌یان بیست پێیان ناخۆش بوو لێك داده‌بڕێن ، به‌ڵام چاره‌یه‌كی دی نه‌بوو ، ڕاستی ملازم شوان ته‌كلیفی له د.سه‌عدی كرد به‌و سیفه‌ته‌ی كاتی خۆی مامۆستای پارێزگار بووه ، به‌ڵام د. سه‌عدی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆریشی پێ ناخۆش بوو كه نه‌قڵ كراوم ، به‌ڵام وتی بێ سووده و نایكه‌م ، به‌و جۆره خوا حافیزیم لێ كردن ، بۆ به‌یانی كه من هه‌ستام ئه‌وان چووبوونه ده‌وام ،…
كه‌لوپه‌لی خۆم خڕكرده‌وه به‌ره‌و گه‌راج سواری پاسێكی دارین بووم ، هه‌ر خۆم حه‌زم كرد ده‌نا (18) نه‌فه‌رییه‌كانیش هه‌بوون” ئه‌و پاسانه (ده‌گ ئه‌لنجه‌ف)یان پێ ده‌گوت، دونیایه‌كی سه‌یره له‌ناوه‌وه، تا گه‌یشتینه نیوه‌ی ڕێ، كه هه‌م پێیان ده‌گوت (خان النص) و هه‌میش ناوه ڕهسمییهكهی (ناحیه الحیدریة) بوو ، هه‌ر ئه‌وێش بوو له‌هه‌رای ئه‌و ساڵی شیعه‌كان دووچاری بۆردوومانی تۆپ و فڕۆكه هات ، به‌هه‌ر حاڵ لای چێشتخانه‌یه‌ك وه‌ستاین كه تككه و كه‌باب و ئه‌وانه‌ی هه‌بوو من جگه له‌وه‌ی تێشتم نه‌خواردبوو ، هه‌موو هه‌ناویشم له‌گه‌ڵ تاسه‌ی پاسه‌كه‌دا هاتبووه خوار، برسیم بوو، نه‌فه‌رێك كهبایی مسته‌حه‌قم خوارد پاشان چایه‌كیشم كرد به‌سه‌را به‌جگه‌ره‌یه‌كه‌وه، پاس زۆری پێ نه‌چوو ڕێگه‌ی گرته‌وه به‌ر ، ئاوا دوای (خان النص) نیو سه‌عاتێكی پێچوو گه‌یشتینه نه‌جه‌ف.
نه‌جه‌ف وه‌ك كه‌ربه‌لا نه‌بوو، شارێكی پاك بێ شه‌قامه‌كانی نه‌جه‌ف بێسه‌ر و به‌ر ده‌هاتنه به‌رچاو ، هه‌روه‌ها ئوتێـله‌كانی نه‌جه‌ف ، جگه له‌وه‌ش به‌هۆی گۆڕستانه گه‌وره‌كه‌یان كه ڕه‌نگه ئێستا ڕووبه‌ری به‌قه‌د شارێكی كوردستان بێ ، شارێكی كه‌ئیب بوو ، دانیشتووانیشی هه‌ر به‌و شێوه‌یه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ڕووی فه‌رهه‌نگییه‌وه به‌تایبه‌تی فه‌رهه‌نگی ئیسلامی و به‌تایبه‌ت فه‌رهه‌نگی شیعه مه‌ززه‌به‌كان ، هه‌رچه‌ند له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دواكه‌وتنی به‌ئاشكرا پێوه ده‌بیندرا ، به‌ده‌گمه‌ن ئافره‌تی سفووری لێ ده‌بیندرا ، له‌به‌رابه‌ردا چه‌ندین چاپخانه‌ی تێدا بوو ، كۆلیژی (فیقیه)ش كه شایه‌دنامه‌ی به‌كالۆریۆسی ده‌دایه ده‌رچووانی…
من به‌خۆم كۆشیعری یه‌كه‌مم له‌نه‌جه‌ف له‌چاپخانه‌ی (النعمان) چاپكرد ،
هه‌رچه‌نده چاپخانه‌یه‌كی دواكه‌وتوو بوو ، به‌ڵام بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه خراپ نه‌بوو ، جگه له‌وه‌ی نرخی چاپكردنیشی تێدا له‌چاو چاپخانه‌كانی به‌غدا هه‌رزانتر بوو…
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش من به‌هۆی هاتوچووم بۆ ئه‌و چاپخانه‌یه، زۆر شاعیر و نووسه‌رم ناسین ، له‌وانه خوالێخۆشبوو (مسته‌فا جه‌ماله‌ددین) خاوه‌نی دیوانی (عیناك واللحن القدیم) كه مامۆستاش بوو له‌كۆلیژی فیقه ، هه‌ر به‌بۆنه‌ی چاپكردنی یه‌كه‌مین كۆشیعرم له ساڵی 1977دا له‌و چاپخانه‌یه ڕۆژێ خاوه‌نی چاپخانه‌كه ، ژوورێكی پیشاندام سه‌رتاپای كتێبی گه‌وره‌ی به‌رگ نه‌كراو بوو ، وتی كاكه ئه‌وه هه‌زار كتێبی شه‌رفنامه‌یه به‌كوردی كاتی خۆی بۆ(كۆڕی زانیاری كورد)م له‌چاپداوه ئه‌وه‌نده‌ی لێ ماوه‌ته‌وه تا ئێستاش نه‌هاتوون وه‌ریبگرنه‌وه ، پاره‌شیان نه‌داوه ، ده‌توانی كارێك بكه‌ی خه‌به‌رێكیان بده‌یێ ، منیش قه‌ولم پێدا له‌یه‌كه‌مین سه‌ردانم بۆ به‌غدا پێیان ده‌ڵێم ، وتی بۆ ته‌له‌فۆنیان بۆ ناكه‌ی ، وتم باوه‌ڕ بكه ته‌له‌فۆنیان نازانم چه‌نده ، وتی ئه‌گه‌ر كه‌سێك بناسی من بۆت په‌یدا ده‌كه‌م ، وتم باشه ژماره‌ی به‌دداله‌كه‌م بۆ په‌یدا بكه، من ڕاسته‌وخۆ ته‌له‌فۆن بۆ سه‌رۆكی كۆڕ ده‌كه‌م ، یان ڕاستر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كورد له كۆڕی زانیاری عێراق ، كه ئه‌و كاته وای لێهاتبوو، ئه‌و ده‌میش مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د بوو.
من ڕۆژانه بۆ چاپكردنی كۆشیعریه‌كه‌م سه‌ردانم ده‌كرد بۆ هه‌ڵه‌چنی و ئه‌وانه، به‌یانی كه چووم ژماره‌ی به‌دداله‌ی كۆڕی په‌یدا كردبوو..
به‌ته‌له‌فۆنی چاپخانه ژماره‌كه‌م لێدا ، دیار بوو به‌دداله به‌عه‌ره‌بی جوابی دامه‌وه، وتم ئه‌گه‌ر بكرێ ده‌مه‌وێ قسه له‌گه‌ڵ ئوستاز مه‌سعوود سه‌رۆكی هه‌یئه‌ی كوردی بكه‌م، من فڵانم له‌نه‌جه‌فه‌وه قسه ده‌كه‌م و كاره‌كه‌ش په‌یوه‌ندیداره به‌ده‌سته‌ی كوردی كۆڕ…كه وام وت یه‌كسه‌ر ته‌حویلی كردم، مامۆستا مه‌سعوود خۆی وه‌ڵامی دایه‌وه، یه‌كسه‌ر به‌كوردی وتی فه‌رموو، وتم مامۆستا من ناوم نه‌ژاده حاڵ و حیكایه‌تی ئه‌وه‌نده دانه بێ به‌رگه‌ی شه‌رفنامه‌ی مام هه‌ژار له‌چاپخانه‌ی (النعمان) له‌نه‌جه‌ف كه‌وتووه، وا دیاره پاره‌ی نه‌دراوه ، بۆیه به‌رگیشی تێ نه‌گیراوه ، به‌پێویستم زانی ئاگاداری جه‌نابت بكه‌مه‌وه ، پاشان وتم ئه‌گه‌ر ده‌كرێ خۆتان قسه له‌گه‌ڵ خاوه‌نی چاپخانه بكه‌ن ، ئه‌وه‌تا له‌ته‌نیشتمه له‌گه‌ڵی ببڕێننه‌وه، چونكه زۆر ئیلحاحی له‌من كرد، ژماره‌ی به‌دداله‌ی كۆڕیش هه‌ر خۆی بۆ په‌یدا كردم ، ئیتر من گووشی ته‌له‌فۆنه‌كه‌م دایه ده‌ست ئه‌بو نازانم چی ، بیرم نه‌ماوه ، واته خاوه‌نی چاپخانه چونكه بیرم نه‌ماوه، پێم وت ئه‌وه ئوستاز مه‌سعووده ڕه‌ئیسی هه‌یئه‌ی كوردی مجمع.
وا دیار بوو پاشان به‌ماوه‌یه‌كی كورت لێژنه‌یه‌ك هاتبوون كتێبه بێ به‌رگه‌كانیان باركردبوو و حه‌قی كابرای چاپخانه‌شیان دابوو، خوا هه‌ڵناگرێ له‌چاكه‌ی ئه‌وه خاوه‌نی چاپخانه له‌چاپكردنی كۆشیعری یه‌كه‌مم خاترێكی چاكی گرتم .
ڕاستی له‌چاپدانی كۆشیعری یه‌كه‌مم له چاپخانه‌ی (النعمان) له نه‌جه‌ف حیكایه‌تۆكه‌یه‌كیشی له پشته ، چوون له هه‌مان وه‌خت بوو پێم باش بوو
به‌سه‌ریدا تێـنه‌په‌ڕم .
ئه‌و كاته‌ی ئێمه بۆ ناوه‌ڕاست و باشووری عیڕاق نه‌فی كرا بووین ، به هۆی ئه‌وه‌ی مووچه‌یه‌كی دیاریكراومان هه‌بوو ، به‌حاڵ به‌شی بخۆوبڕۆی ده‌كرد به تایبه‌تی بۆ من كه به شایه‌دنامه‌ی سێی ناوه‌ندی دامه‌زرا بووم ، چ جای ئه‌وه‌ی بیر له چاپكردنی كتێبان بكه‌ینه‌وه..
له‌و كاته‌دا بیرم بۆ ئه‌وه چوو (كۆری زانیاری كورد) وه‌ك ده‌زگایه‌كی كوردی
كه دوو سێ چاپكراویم له‌و شێوه‌یه‌دا بینی بوو پێشكێشی ئه‌وێی بكه‌م .
له‌و ده‌مه‌دا كۆڕ به دوو بژارده یارمه‌تی نووسه‌رانی ده‌دا ، یه‌كیان چاپكرن بوو
وه‌ك بڵاوكراوه‌ی خۆیان ، ئه‌وی دیكه‌یان ده‌سگیرۆیی ( تعضید) بوو ..
منیش به پێی ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌ی كۆڕ كاری پێ ده‌كردن بردم و پێشكه‌شم
كردن ، پاش ماوه‌یه‌كی زۆر كه كۆشیعره‌كه‌م به هه‌ر جۆرێك بێ خستبووه ژێر چاپ دوای بێ هیوا بوون له وه‌ڵام كه دوایی وه‌ڵامیان به نه‌رێنی دامه‌وه، به‌و مانایه‌ی نه‌ده‌توانن چاپی بكه‌ن و نه یارمه‌تی له‌چاپدانی بده‌ن ..
ئه‌وه له وه‌خێكدا وه‌كات هه‌ر له كۆشیعر دوو كۆشیعری دی چاپكرابوون كه له‌و ئاسته‌شدا نه‌بوون له ده‌زگایه‌كی وه‌ك كۆڕ ، كه هه‌میشه شایه‌دی باشی له‌م باره‌یه‌وه بۆ دراوه و ده‌درێ چاپ بكرێن ، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو ئه‌نگیزه‌ی ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌مه‌وه.
له‌و ڕاسته‌شدا كه بێ هیوا بووم له لایه‌ك هه‌وڵم دا قسه له‌گه‌ڵ خاوه‌نی ئه‌و چاپخانه‌یه بكه‌م كه پێشتر به هۆی چه‌ند براده‌رێكه‌وه بینیبووم ، به‌وه‌ی چابخانه‌یه‌كی ئه‌گه‌رچی دواكه‌وتوو بوو به‌ڵام زۆر هه‌رزانتر بوو له چاپخانه‌كانی به‌غدا ، بۆ من یه‌كاویه‌ك بوو
له لایه‌كی دی له‌به‌ر كشامه‌وه نامه‌یه‌كی ئاماڵـگله‌ییم ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌رۆكی كۆڕ مامۆستا مه‌سعود محه‌مه‌د نووسی ، كه تا ئه‌و كاته نه‌مدیبوو ته‌نیا له ڕێگه‌ی كتێب و نووسینه‌كانییه‌وه ناسیبووم .
پاش ئه‌وه‌ی كۆشیعرم ( كه یه‌كه‌م كۆشیعرمه) له چاب بوو ، منیش قسه‌م له‌سه‌ر داوای خاوه‌نی چاپخانه به ته‌له‌فۆن وه‌ك كوردێكی جنووب له‌گه‌ڵ مامۆستا كردبوو له‌باره‌ی ئه‌و هه‌زار و هه‌نده نووسخه به‌رگنه‌كراوه حه‌قنه‌دراوه‌ی (شه‌ره‌فنامه)ی
مام هه‌ژار ، كه هه‌ر ئه‌وه‌ش وای له خاوه‌نی چاپخانه كرد له نرخی له چاپدانی كۆشیعره‌كه‌م خاترێكی چاكم بگرێ ، چونكه بۆ ئه‌و كه به حه‌قی خۆی گه‌یشتبوو وه‌ك ئه‌وه وا بوو پاره‌كه‌ی له نه‌بوونه‌وه بۆ هاتبێـته‌وه ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له كۆڵ داكردنی ئه‌و حه‌مكه نووسخه‌یه‌ش بووه‌وه كه بۆ نزیكی دوو ساڵ بوو جێیه‌كی زۆریان له چاپخانه‌دا گرتبوو.
نامه‌كه‌م بۆ سه‌رۆكی كۆڕ نووسی .. ماوه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك زۆری به‌سه‌ردا چوو ڕۆژێ وه‌ختی ده‌وام به پۆسته نامه‌یه‌كم له‌باره‌ی له‌چاپنه‌دانی كۆشیعره‌كه‌مه‌وه له خودی سه‌رۆكی كۆڕ م. مه‌سعوود محه‌مه‌ده‌وه پێگه‌یشت ..
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی نامه‌كه‌یه(*):
(( مێژوو : 20 \ 2 \ 1977
برای به‌ڕێز كاكه نه‌ژاد
دوای سڵاو
به‌ینۆڵكێكه نامه‌ی مێژوودارت ، 22 \ 1 \ 1977 ، م پێ گه‌یشتوه .. هه‌ڵم گرتبوو بۆ هه‌لێكی خۆشتر له‌وه‌ی كه به عاده‌ت بۆم ڕێك ده‌كه‌وێت، تاكو له بارێكی نه‌فسی
ئارام‌دا وه‌رامه‌كه‌ی بده‌مه‌وه و بۆتی بنێرم .. تا ئیمڕۆ له‌گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێكی خۆشه‌ویست و قه‌دری قه‌درزاندا دوباره بۆ خۆم و ، یه‌كمجاریش بۆ ئه‌وانم خوێنده‌وه
چی له‌و نامه‌یه‌دا نۆسراوه جێی خۆیه‌تی .. هه‌مومان مافی گله‌ییمان پێ دایت..
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌مه‌وێ دڵنیات بكه‌م ، بڕیاری كۆڕ له‌به‌ر هیچ نیازێكی تایبه‌تی
وه‌یا تێ بینی لاوه‌كی نه‌هاتۆته به‌رهه‌م : بڕیارێكه و وه‌ك هه‌زارانی تری ئه‌م جیهانه پان و به‌رینه ده‌رده‌چن به‌و جۆره‌ی كه ده‌یزانیت..
براده‌رانی كه نامه‌كه‌تم بۆ خوێندنه‌وه كۆڵێك بۆت هه‌سته‌وه‌ر بون و تا بشڵێی رایان
له نووسینه‌كه‌ت بو ، ته‌نانه‌ت گوترا تۆ نوسه‌ری پتر له‌وه‌ی بوێژ بیت..
به‌هه‌رحاڵ و به پێی هه‌ندێ قسه‌ی ناو نامه‌كه‌ت، ئێمه‌ی ئه‌م به‌ره‌ی دولایه‌نی وتووێژ كه خۆت لایه‌نه‌كه‌ی تری ، وامان زانی كه بارمته‌یه‌كی ئێمه بتوانین پێشكه‌شی بكه‌ین به‌شێكی گرنگی ئه‌ركی له چاپدانی شیعره‌كانت كه‌م ده‌كاته‌وه .. من خۆم (10) دینارم به‌به‌ر خۆم خست ، د. عبدلره‌حمانی حاجی مارفیش (10) دیناری بۆخۆی ناوهێنا ، براده‌رانی تریشس ئاماده‌ی یارمه‌تین .. سه‌ره‌رای ئه‌مه، له پاشماوه‌ی هه‌ندێ مامڵه‌تی لێره به پێشه‌وه‌ش میقدارێك كاغه‌زمان لا ماوه‌ته‌وه
به‌به‌ریه‌وه هه‌یه ، وه‌یه‌كی تر له سه‌ختی كاره‌كه‌ت ببڕێ ، جا ئه‌گه‌ر له برایه‌تی خۆت راده‌بینیت ئه‌م خزمه‌ته بچوكه له براكانت قبوڵ بكه‌یت ، تكایه ، خه‌به‌رم پێ
بده‌وه تاكو خزمه‌ته‌كه پێشكه‌ش بكه‌ین.. ره‌نگه له‌حاڵی قبوڵ كردنتدا پێویست بێت خۆت یاخود باوه‌ڕ پێ كراوێكت بێته لامان بۆ بزافتنه‌وه‌ی كاره‌كه .. تا ئه‌و رۆژه‌ی نامه‌ی قبوڵكارانه و برایانه‌ت پێم ده‌گاته‌وه به خوات ده‌سپێرم ئاواته‌خوازی خۆشی و به‌ره‌وپێش چۆنتم ..
دڵسۆزت
مسعود محمد )
(*) ده‌قی ده‌ستختی نامه‌كه له‌گه‌ڵ دیكۆمێنته‌كان داندراوه.
له‌وساوه پاش نامه‌یه‌كی دیكه‌ی من له وه‌ڵامی ئه‌م نامه‌یه كه به‌و مانایهم نووسیبوو:
( جه‌نابی مامۆستا سوپاسی هه‌ڵوێستی به‌ڕێزتان و هه‌موو ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه ده‌كه‌م .. به‌ڕێزتان به‌و نامه‌یه لوتفتان بۆ به‌نده نواند ، به‌ڵام مامۆستا به داوای لێبووردنه‌وه من سواڵم نه‌كردووه ، من داوام له ده‌زگایه‌كی كوردی كردووه كه به مافی خۆمم زانیوه داوای لێ بكه‌م …)
هیوام زۆره ئه‌م نامه‌یه له ئارشیفی كۆڕ یا هی مامۆستا (ئه‌گه‌ر هه‌یبووبێ) مابێ ..
له‌وێ ڕۆژێوه دوای ئه‌وه‌ی له باره‌گای كۆڕ به دیداری مامۆستا شاد بووم تا وه‌فاتیشی هه‌میشه سه‌ردانیم ده‌كرد ، ته‌نانه‌ت كه له به‌غدایش له زانكۆ ده‌مخوێند
له ماڵێشیان سه‌ردانم ده‌كرد ، ته‌نانه‌ت پێشنیازی دامه‌زراندنه‌وه‌ی كۆڕی زانیاریش پاش ڕاپه‌ڕین كه سه‌رۆك مسعود بارزانی زۆری له‌سه‌ر سوور بوو و هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی ده‌ربڕیبوو بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی و فه‌راهه‌م كردنی پێداویستی و هێنانی خه‌ڵكی شاره‌زا له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان هه‌روه‌ها له ناو هه‌نده‌راننشینان( كاك محه‌مه‌دی كوڕیان ئاگاداره) به من سپێررا به جه‌نابی ڕابگه‌یێنم ..
به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی نزیكی چوار مانگ ، بۆ سۆراخی پرۆژه‌كه له ماڵی م. ئه‌مجه‌دی خزمیان بوو له هه‌ولێر به‌تایبه‌تی چووم به بیرم هێنایه‌وه ، به داخه‌وه به هۆی كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌ر ، كه ئێره جێی باسكردنی نییه وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی له‌وباره‌یه‌وه نه‌دایه‌وه.
به هه‌ر حاڵ له‌نه‌جه‌ف ئوتێلێـكم هه‌ڵبژارد له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی بوو، له‌ده‌ره‌وه‌دا خاوێن دیار بوو، هه‌ر چه‌ند له‌ناوه‌وه به‌و جۆره نه‌بوو، نرخی مانه‌وه‌ی تا ڕاده‌یه‌ك بۆ ئه‌وسای من كه مووچه‌كه‌م مانگێ له‌به‌ینی سی و پێنج دینار بوو له‌بار بوو، وابزانم ئوتێله‌كه ناوی (الغدیر) بوو ، ئه‌وه‌ی باش بوو ژووره‌كان بالكۆنیان هه‌بوو به‌سه‌ر شه‌قامدا ده‌یانڕوانی ، ئێواران تا دره‌نگانی شه‌و نیمده‌رێـكم ڕاده‌خست داده‌نیشتم، ڕووناك بوو ، ده‌متوانی به‌شه‌وقی دارتێله‌كانی شه‌قامیش بخوێنمه‌وه ، ئێمه و مانان چیترمان هه‌بوو له‌غه‌یری خوێندنه‌وه ، دوای ده‌وام وه‌ختی پێ بڕوێنین، هه‌رچه‌نده خوێندنه‌وه ده‌مێك بوو بۆ من ببوو به خوو..
له‌براده‌ره‌كانم دووركه‌وتمه‌وه ، كه ئێواران له‌چایخانه‌دا كۆده‌بووینه‌وه، ئه‌و شه‌وه به‌خه‌یاڵ و خه‌یاڵپڵاوی زۆر خه‌وتم.
به‌یانی زوو هه‌ستام و نان و چایه‌كی به‌په‌له‌م له‌چایخانه‌یه‌كی ته‌نیشت ئوتێل خوارد، هه‌ر دوێنێ ناونیشانی (كتێبخانه‌ی گشتی نه‌جه‌ف)م وه‌رگرتبوو، دوور نه‌بوو به‌پێیان چووم ، گه‌یشتمه كتێبخانه و به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه نووسراوی نه‌قڵی لێ وه‌رگرتم و ده‌ست به‌جێ (موباشه‌ره)ی به‌نووسراوێك بۆ نووسیم و خوا هه‌ڵناگرێ به‌ڕێزه‌وه كه زانی كوردم پێشوازی لێ كردم ، زۆر له‌من گه‌وره‌تر بوو به‌باوكم تۆ بڵێ به‌باپیرم ده‌شا ، من ئه‌وسا ته‌مه‌نم ده‌وری 20 ساڵ ده‌بوو…
كتێبخانه‌ی گشتی نه‌جه‌ف هه‌زاری بهرههزاری بوو ، چه‌ند (كاتب)ێكی دیكه‌ی وه‌ك من بێجگه له‌به‌ڕێوه‌به‌ر كاریان تێدا ده‌كرد ، به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌رچی چۆنێك بوو جێیه‌كی له‌قوژبنێك بۆ كردمه‌وه و مێز و كورسییه‌كی ئاسنیان بۆ دانام ، وا دیار بوو به‌یه‌كێك له‌كاتبه‌كانی وت ئیش و كاری ئێره‌ی فێر بكه ، له ڕووی داخڵكردنی كتێب و خواستن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ شوێنی خۆی چۆن داده‌نرێنه‌وه. هه‌روه‌ها تۆماركردن و ژماره بۆ دانان به‌پێی ناوه‌رۆك و دانه‌ری كتێبه‌كه ، ماوه‌ی شه‌ش مانگێك له‌وێ مامه‌وه، له‌هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا ژیانێكی ڕۆتینیم به‌سه‌ر برد بۆیه شتێك نییه شایه‌نی گێڕانه‌وه بێ له‌وه‌ی به‌ده‌ر خه‌ڵكی (نه‌جه‌ف )م زۆر بێسه‌روبه‌ر ده‌دی له ڕووی په‌یوه‌ندی و شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ، له لایه‌ك ئیدعای دینیان ده‌كرد وه‌كی دی ده‌مبینی له هه‌ڵسوكه‌وت و بازاڕ و گرانفرۆشی و و نیفاق و هه‌رچی خوا پێی ناخۆش بوو ئه‌وه‌یان ده‌كرد ، ته‌نانه‌ت له گۆڕستانیش كه بۆ یه‌كه‌م جارم بوو ببینم نووسینگه‌ی ناشتن (مكاتب الدفن) وه‌كو نووسینگه‌ی عه‌قارات هه‌بێ ، ده‌مبینی ده‌سنوێژیان به په‌رداخێك ئاو هه‌ڵده‌گرت ، تا جارێ به یه‌كیانم وت ئێوه چۆن به په‌رداخێك پاك ده‌بنه‌وه ، باوه‌ڕ بكه‌ن گاڵته‌ی به قسه‌كه‌م هات !! به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا به‌قه‌د سێ چوار ساڵ كتێبم خوێندنه‌وه، كه كۆشیعره‌كه‌شم ده‌رچوو دونیایه‌ك كه‌یفم خۆش بوو. هه‌رچه‌نده كه بڵاو بووه‌وه بایه‌خی زۆریشی به‌هه‌ردوو دیو له ڕۆژنامه و گۆڤاره كوردییه‌كانی ئه‌وسا پێدرا ، به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێك هه‌ستم كرد په‌له‌م كردووه له‌چاپكردن…
به‌هه‌ر حاڵ دوای چه‌ند مانگێك ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو بووه‌وه كه كتێبخانه له (ناحییه‌ی عه‌بباسیه) بیناكه‌ی ته‌واو بووه و كتێبیشی بۆ ده‌ست نیشان كراون و پێویستی به‌به‌ڕێوه‌به‌ر و كاتبێـك و فه‌ڕاشێك و پاسه‌وانێك هه‌یه، وا دیار بوو، به‌ڕێوه‌به‌ریان ڕازی كردبوو (كاتب) من بنێرێ ، كاتبێكی دی لێ بوو به‌ناونیشانی به‌ڕێوه‌به‌ر، كه ناوی (صادق) بوو، پاسه‌وانیش شیعه‌یه‌كی خه‌ڵكی وێ بوو، ناوی (ماجد) بوو. پیشه‌وه‌رێكیش به‌ناوی محمد خۆشناو ئه‌ویش هه‌ر كوردی عائیدون بوو .
هه‌رچه‌نده من هه‌وڵێكم دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌وێ بمێنمه‌وه ، ئه‌گه‌ر نه‌جه‌فم به دڵیش نه‌بێ لانی كه‌م شار بوو ، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ر نه‌یسه‌لماند ، منیش له‌دڵی خۆما وتم ده‌با یچم عه‌بباسیه‌ش تاقی بكه‌مه‌وه ، ئێمه بووین به كێڵگه‌ی تاقیكردنه‌وه.
ڕۆژی چوونیان بۆ دیاری كردین ، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری تازه دانراوی كتێبخانه‌ی تازه‌ی عه‌بباسیه كتێبه‌كانیان دامه‌زراند بوو ، وا دیار بوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كتێبخانه‌ی نه‌جه‌ف خۆیشی سه‌ردانی كردبوو ، پێش ئه‌وه‌ی من بچم ، كه چووم هه‌موو شتێك دانرا بوو ، كتێبخانه‌یه‌كی خنجیلانه‌ی تازه له‌سه‌ر شه‌قامی گشتیی ناحیه ، بچووك به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌ك بۆ ناحیه‌یه‌كی وه‌ك عه‌بباسیه كه هه‌ر پێویست نه‌بوو ، چونكه له‌هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌وێ بووم ، نزیكه‌ی ساڵێك ده‌بوو بیست كه‌س نه‌هاتن كتێب بخوێننه‌وه یان بخوازن.
عه‌بباسیه ناحیه‌كی په‌رش و بڵاو بوو ، خانوو و باخچه‌ی له‌قه‌د خۆی زیاتری تێدا بوو، ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕووباری فورات هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ش هه‌وایه‌كی مامناوه‌ندی هه‌بوو، له‌چاو نه‌جه‌ف و كووفه (كه ناحییه‌كه سه‌ر به كووفه بوو) تاڕاده‌یه‌ك هاوینان هه‌ستت ده‌كرد چه‌ند پله‌یه‌ك فێنكتره، به‌ڵام چونكه گه‌رمایه‌كه‌ی به‌هۆی فوراته‌وه شێ‌دار بوو ، زۆرجار به‌تایبه‌تی كه پله‌ی گه‌رما به‌رز ده‌بووه‌وه به‌تایبه‌تی بۆ یه‌كێكی وه‌ك من كه نیوه‌ی ته‌مه‌نم له‌ناوچه‌ی شاخاویدا به‌سه‌ر بردبوو ، گه‌رماكه‌ی به‌هۆی (شێ) وه هه‌ناسه‌ی ته‌نگ ده‌كردم ، دانیشتووانی عه‌بباسیه زۆربه‌ی زۆری ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئه‌وێ نه‌بن وه‌كو من ، عه‌ره‌بی شیعه مه‌ززه‌به‌كان ته‌بعیان له‌چاو خه‌ڵكی كه‌ربه‌لا نه‌ك نه‌جه‌ف ، هه‌ستم نه‌كرد بیانه‌وێ یارمه‌تی من وه‌ك نه‌فیكراوێك بده‌ن ، ته‌نانه‌ت جاروبار گوێم له‌هه‌ندێ ناڕازبوونیش ده‌بوو له‌به‌رامبه‌ر حكوومه‌ت كه ئه‌وانه چین به‌سه‌ر ئێمه‌یان وه‌ركردوون ، مه‌به‌ستیان ئێمه بوو كه به‌ڕه‌سمی پێیان ده‌گوتین (ئه‌لئه‌كراد ئه‌لعائیدوون).
من كه چوومه كتێبخانه و ده‌سبه‌كاریی خۆم نووسی ، به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌م ده‌ناسی، چونكه وه‌ك وتم هه‌ردووكمان له‌كتێبخانه‌ی نه‌جه‌ف ناونیشانمان (كاتب) بوو ، ناوی باوكیم بیر نه‌ماوه ، پیاوێكی كورته باڵا له‌من به‌ته‌مه‌نتر بوو ، به‌ڵام هه‌میشه حه‌زی ده‌كرد پۆز لێ بدا وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ر خۆی بنوێنێ (موباره‌كه) من بیر له‌چی ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌و خه‌ریكی چی ، هاتبوو مێزه‌كه‌ی خۆی لای سه‌ره‌وه به‌كورسی زیاده‌وه له‌م سه‌رو ئه‌وسه‌ر دانابوو، هی منیشی له‌خواره‌وه‌ی خواره‌وه له‌قوژبنه‌كه‌ی لای ده‌رگا…
ئه‌وانه هیچی جێی سه‌رنجی من نه‌بوون ، چوون هه‌ر له‌نه‌جه‌ف وه‌ختی كاتبایه‌تی كابرام خوێندبووه‌وه ، گرینگ لای من شوێنی مانه‌وه‌م بوو، به‌ڕێوه‌به‌ر به‌خۆی ماڵی له‌نه‌جه‌ف بوو، هاتوچووی ده‌كرد و به‌كه‌یفی خۆی بوو ، كه‌چی به‌منی ده‌گوت (لازم نلتزم بالدوام كاكه) واته پێویسته ئیلتزام به‌ده‌وامه‌وه بكه‌ین ، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ئیش بوو نه‌مانبوو ، نه كه‌س ده‌هات كتێبێك بخوێنێته‌وه نه كه‌س كتێبێكی ده‌خواست. ئێستاش تێنه‌گه‌یشتم ئه‌و كتێبخانه‌یان بۆ له‌وێدا كردبووه‌وه ، منیش پێم وت سه‌ید صادق ئه‌ی له‌كوێ نیشته‌جێ بم ، وتی بڕۆ له‌كووفه له‌ئوتێل به، نزیكه و تێمسیش هه‌رده‌م هه‌یه به‌ینی ئێره و كووفه واته عه‌بباسیه و كووفه ، وتم مووچه‌كه‌م ئه‌وه‌نده نییه خۆت ده‌زانی بایی ئوتێل و خواردن و هاتوچوو بكا… وتی ده كه‌واته بڕۆ موراجه‌عه‌ی ناحیه (نه‌شی گوت به‌رێوه‌به‌ری ناحیه) وتی ناحیه بكه ، وتم ئینجا ناحیه چیم بۆ ده‌كا ، وتی نووسخه‌یه‌كی نه‌قلی تۆیان پێداون بزانه چیت بۆ ده‌كه‌ن ، له‌و ئان و ساته‌دا بووم هاتمه ده‌ره‌وه بچمه ناحیه ، ناحیه به به‌ینێـك له‌سه‌ره‌وه‌ی كتێبخانه بوو ، به‌جاده‌دا ده‌ڕۆیشتم ، ناكاو وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ون بێ تووشی قادر بووم ، ئه‌دی ناڵێم وه‌ك خه‌ون وابوو، قادر مه‌جید قشووری هاوڕێ و هاوپۆلم له‌به‌شێكی سه‌ره‌تایی و هه‌موو ناوه‌ندی تا سێیه‌می ناوه‌ندیمان له‌دوا ناوه‌ندی گه‌ڵاڵه‌ی تێكه‌ڵاو ته‌واو كرد بوو ، ئه‌و زوو ژنی هێنا بوو منداڵیشی هه‌بوون بێجگه له باوك و دایك و خوشكێـكی، هه‌ر با‌نگم كردن و نه‌كردن باوه‌ش به‌یه‌كداگرتنمان تێكی كرده‌وه ، ناحیه‌م هه‌ر له‌بیر چووه‌وه ، چوینه چایخانۆكه‌یه‌ك ، كه به‌حیساب له‌ناو بازاڕ بوو ، بازاڕه‌كه له‌خۆیدا له‌سێ چوار دوكان زیاتر نه‌بوو ، ئه‌و حیكایه‌تی خۆی ، من حیكایه‌تی خۆمم به‌دوور و درێژی گێڕایه‌وه، بۆم ده‌ركه‌وت ماڵی له‌عه‌بباسیه به‌رامبه‌ر كتێبخانه ئه‌ویش له‌یه‌كێك له‌فه‌رمانگه‌كاندا دامه‌زرا بوو ، وا دیار بوو كه هه‌م خێزاندار بوو هه‌م ژماره‌ی خێزانه‌كه‌شیان زۆر بوو ، خانوویه‌كیان پێدا بوو ، ماڵی ده‌وێدا بوو، ئه‌وه‌نده پێكه‌وه له‌وێ دانیشتین كه‌ڵكی ناحیه‌ی نه‌ما و ده‌وام ته‌واو بوو ، وتی ئه‌مشه‌و لای من به خوا كه‌ریمه بۆ سبه‌ینێ.
قادر مه‌جید قشووری، به‌ئه‌سڵ كوردی باكووره ، ده‌یان ساڵه كه‌وتوونه‌ته باشوور ، ئێستا دوكتۆرای له‌شه‌ریعه‌ت هه‌یه و مامۆستایه له‌یه‌كێك له‌كۆلیژه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین له‌هه‌ولێر، ئه‌و هه‌ر كه ماڵیان له‌عه‌بباسیه بوو كۆلیژی فیقهی له‌نه‌جه‌ف ته‌واو كرد و پاشان دیراسه‌ی باڵای ته‌واو كردوو و شایه‌دنامه‌ی دوكتۆرای هێنایه‌وه ، ئه‌و شه‌وه له‌ماڵی قادری مامه‌وه ، ماڵه‌وه‌شیان باوكی ڕه‌حمه‌تی كه به‌داخه‌وه له‌وێ كۆچی دوایی كرد به‌ناچاری له‌گۆڕستانی شیعان (وادی السلام) به‌خاكمان سپارد، هه‌روه‌ها دایكی و خێزانه‌كه‌یشی منیان پێشتر ده‌ناسی ، ماڵێكی به‌ڕێز بوون هه‌میشه له‌و ماوه‌ی له‌وێ بووم زۆر یارمه‌تی به‌تایبه‌تی یارمه‌تی مه‌عنه‌وی و دڵدانه‌وه ، زۆرجارانیش به‌زۆر ته‌كلیفی نان خواردن و ئه‌مانه‌ی لێ ده‌كردم ، نموونه‌ی هاوڕێ و هاوپۆلێكی به‌وه‌فا و قه‌دری براده‌رزان…
ئه‌و شه‌وه تا به‌ره‌به‌یان له‌گه‌ڵ قادر دانیشتین یاده‌وه‌ره‌كانمان ده‌گێڕانه‌وه بۆ به‌یانی سه‌عاتی نۆی سه‌رله‌به‌یانی تێشتم له‌ماڵی ئه‌وان خوارد سه‌عات بۆ ده‌ی به‌یانی ده‌هات، پێكه‌وه به‌ره‌و ناحیه چووین ، من داوام لێ‌كرد له‌گه‌ڵم بێت ، چونكه پێشی من له‌وێ بوو، هه‌ندێ له‌فه‌رمانبه‌رانی ناحیه‌شی ده‌ناسی ، پێشتر چووینه لای كاتبی ناحیه ، قادر منی پێ ناساند، كه فه‌رمانبه‌ری كتێبخانه‌ی گشتیم و تازه له‌نه‌جه‌فه‌وه گواستراومه‌ته‌وه عه‌بباسیه ، كاتب ناحیه یه‌كسه‌ر وتی ده‌زانین ، چونكه نووسخه‌یه‌ك له‌نووسراوی گواستنه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ش هاتووه ، پاشان وتی: كاكه ئێمه ئاگادار كراوینه‌ته‌وه كه پێویست ده‌كا هه‌موو ئێواره‌یه‌ك له‌ناحیه خۆت بناسێنی و ئیمزا بكه‌ی. منیش وتم یانی چۆن؟ وتی ئه‌وه ته‌علیماته له‌ئه‌منی نه‌جه‌فه‌وه بۆمان هاتووه ، وتم بۆچی به‌ڕێز من حه‌پسم ، وتی نا نا به‌ڵام ئه‌وه ئه‌مره پێویسته ئێواران خۆت لای ( السید سامر) بناسێنی كه لێره‌ی…
منیش وتم ئینجا به‌ڕێز من بێ شوێن و جێم به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ش كه پێم وت بارگه‌م له‌كوێ ده‌بێ پێی وتم ده‌توانیت یا له‌كووفه یاخود نه‌جه‌ف له ئوتێل بی، منیش ڕۆژانه ئه‌و هاتوچووه‌م پێ ناكرێ… وتی باشه بزانم ئێستا قسه له‌گه‌ڵ (السید مدیر الناحیة) ده‌كه‌م ، قادریش نه‌ختێك به‌رگری لێ كردم..كاتب ناحیه وتی بڕۆ ده‌وری سه‌عاتی دوازده وه‌ره‌وه..كه‌چوومه‌وه وتی (ابشر) واته مژده (السید مدیر ناحیه) ئه‌مری كرد له‌قه‌سابخانه‌ی نه‌جه‌ف كه له عه‌بباسه بوو ژوورێكی ئیداره هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌وێ بمێنه‌وه ، پاشان بزانین چۆن ده‌بێ..
ئه‌و ژووره‌ی كلیله‌كه‌یان پێدام له ده‌ره‌ی عه‌بباسیه بوو ژوورێكی چوارگۆشه‌یی 5-7م ده‌بوو ، مێز و كورسیه‌كی لێ بوو ، په‌نجه‌ره‌یه‌كی بچووك ، ناو قهسابخانهكه نزیكه‌ی هه‌زار مه‌تر ده‌بوو ، به‌زنجیره قه‌ناره‌ی بۆ ئاژه‌ڵان تێدا بوو، قه‌سابخانه خۆی له‌ده‌ره‌وه‌ی ناحیه بوو، شوێنێكی چۆلی بێ سه‌بر، جگه له‌وه‌ش ، سه‌ره‌ڕایی شووشتنی ڕۆژانه بۆنی خوێن و پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵی سه‌ربڕاو ڕۆژه ڕێیه‌ك ده‌ڕۆیی، شه‌وێك، دووان ، هه‌فته‌یه‌كی پێچوو ئیتر ئارامم له‌به‌ر بڕا نه‌متوانی چیتر به‌رده‌وام بم ، هه‌موو ئێوارانیش كه ده‌چووم لای (سامر) ناوه‌كه ئیمزا بكه‌م ، پێم ده‌گوت به‌ڕێز وه‌ڵڵاهی وه‌زعم له‌و ژووره زۆر خراپه و حاڵ و حیكایه‌تم له‌گه‌ڵ قه‌سابخانه ئه‌وه‌یه ، كه به‌ره‌به‌یان سه‌عاتی سێی شه‌و ده‌رگا گه‌وره دووده‌ریه‌كه‌ی قه‌سابخانه ده‌كه‌نه‌وه، من كه تازه وه‌نه‌وز بردمێـتییه‌وه به‌ناچاری خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه ناتوانم بنوومه‌وه، ده‌بێ چاوه‌ڕێ بم تا ڕووناك دادێ به‌و به‌یانییه زووه بچمه ده‌وام ، من بچم ماجدی پاسه‌وان له‌خه‌و هه‌ستێنم تا ده‌رگام بۆ بكاته‌وه ، ئه‌ویش هه‌موو جارێ ده‌یگوت (الله كریم) به‌خوای نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ی تریشم به ( الله كریم) به‌ڕێ كرد، به‌ڵام چی له‌و ماوه‌یه‌دا له بێخه‌وی و بێ ئاوده‌نگی و به‌ته‌نیایه‌كی وه‌ڕسكه‌ره‌وه چه‌ندین كیلۆم كه‌م كردبوو به‌جۆرێك بنیسا بووم هه‌رچی بیدیبام ده‌یگوت له گۆڕستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
ئه‌و جاره به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ قادر عه‌رزی حاڵێكم ڕاسته‌وخۆ بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه نووسی، مه‌گه‌ر به‌ده‌ستی خۆتی بنووسی ئه‌وه‌نده جوانم نووسیبوو به‌ڵكو چاره‌یه‌كم لێ بكا، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه ناوی (ابراهیم مسته‌فا جمالدین) بوو ، له‌سه‌ری نووسیبوو (للحفز)، واته بۆ هه‌ڵگرتن !!! به‌هۆی هاتوچووی چاپخانه‌ی (النعمان) له‌نه‌جه‌ف كه باوكی ئه‌و ئیبراهیمه‌یش مامۆستا مسته‌فا جه‌مال ا‌لدین هاتوچووی ده‌كرد و منیان پێ ناساند بوو ئه‌و مامۆستا بوو له (كلیه‌ی فیقهه) له‌نه‌جه‌ف شاعیریش بوو ، كۆ شیعرێكی جوانی پاشان بڵاوكرده‌وه به‌ناوی (عیناك واللحن القدیم) وتم به‌ڵكو به‌و بڵێم…
نه‌جه‌ف خۆت بگره و چاپخانه‌ی ( النعمان ) كه خاوه‌نه‌كه‌ی زۆر ڕێزی ده‌گرتم، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو كتێبیه به‌رگ نه‌كراوه حه‌ق نه‌دراوانه‌ی شه‌رفنامه‌م له‌كۆڵ كرده‌وه، پێم وت جه‌ناب حاڵ و حیكایه‌تم ئه‌وه‌یه ، ئوستاز خۆ من عائیدونم كافر نیم ، به‌ڵكو وابكه‌ی م. مسته‌فای باوكی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه ببینم چاره‌سه‌رێكم بكا ، خوا هه‌ڵناگرێ خۆی به‌ئۆتۆمبێلی خۆی بردمیه ماڵی م، مسته‌فای باوكی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه…
بەخێری هێناین ، خاوه‌نی چاپخانه وتی كاكه‌ت له‌بیره ، دیار بوو ناسیمیه‌وه ، ئینجا حاڵ و مه‌سه‌له‌كه‌م به‌درێژی بۆ باس كرد ، جارێ تاوێك داما پاشان دوو جار وتی ( لاحول و ولا قوه الا بالله) ئینجا ڕووی له‌من كرد و وتی : (شوف كاكة هذا كلب بن كلب هذا بعثى ماك‌و جاره ويا) بزانه ببینه كاكه ئه‌و سه‌گی كوڕی سه‌گه به‌عسیه به‌و مانایه‌ی به‌قسه‌ی ناكا.
منیش بۆ موجامه‌له وتم : نا مامۆستا حاشا له جه‌نابت ..
وتی : نا نه‌خێر منیش لێی ڕازی نیم.
به‌هه‌ر حاڵ ، هه‌م به هۆی ئه‌و و هه‌روه‌ها به هۆی خاوه‌نی چاپخانه‌ی (النعمان)ـه‌وه كه شه‌فاعه‌تییان بۆ لای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كتێبخانه گشتییه‌كانی نه‌جه‌ف بۆ كردم كه كتێبخانه‌ی عه‌بباسییه‌ش سه‌ر به ئه‌وێ بوو تا ڕازی بكه‌ن به‌وه‌ی له بینای كتێبخانه‌كه خۆی بمێنمه‌وه ، ئه‌وه بوو به ته‌له‌فۆن به به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی عه‌بباسییه‌ی وت با كاكه له كتێبخانه بمێنێته‌وه ، بزانه هه‌وڵ بده شوێنێكی بۆ دیاری بكه له‌وێ .
به‌م جۆره هه‌وارم گواسته‌وه كتێبخانه و له قه‌سابخانه ڕزگارم بوو و نه‌خته‌ئاهێكم هاته‌وه‌به‌ر ، به‌ڵام پاشی چی ، دوای ئه‌وه‌ی سێ مانگ و نیو پێستم بردرایه ده‌بباغخانه و له‌بارودۆخێكی ده‌روونی وادا بووم كه به ڕاستیش به قسه بۆم ناگێڕدرێته‌وه ..
كتێبخانه‌ی گشتیی عه‌بباسییه ( ناوه‌كه‌ی وا بوو ) له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كیدا بوو ، له لایه‌كی دی نزیك بوو له ماڵی قادری هاوڕێ و هاوپۆلی چه‌ندان ساڵی ته‌مه‌نم له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی گه‌ڵاڵه ی تێكه‌ڵاو كه له‌و ئان و ساتیدا بۆم بوو به خدری زینده به‌تایبه‌تی كه ئه‌و به ماڵ و منداڵه‌وه له‌وێ بوو.
بینای كتێبخانه چونكه بینایه‌كی نوێ بوو له بابه‌تی ئه‌سبابی ته‌ندروستی پاك و ته‌میز بوو ، هه‌ر به‌وه‌شڕا ده‌ركه‌وت كه هه‌ر پاش چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م هێزم هاته‌وه‌به‌ر و كه‌وتمه‌وه سه‌ر خوێندنه‌وه و نووسین ، ئێوارانیش زۆرجار له‌گه‌ڵ قادر بووایه یا به‌ته‌نێ پیاسه‌یه‌كم به سه‌ر پرده‌كه له كه‌ناری زێی (فوورات)ی‌دا ده‌كرد ، یا له چایخانه بچووكه‌كه‌ی ناحییه كه كه‌بابخانه تاقانه‌كه‌ی ناحییه‌شی به ته‌كه‌وه بوو داده‌نیشتم ئینجا به‌ره‌به‌ری ئێواره ده‌چوومه ناحییه لای سامر ئه‌فه‌ندی ئیمزام ده‌كرد كه به‌ڵێ من لێره‌م و به‌هیچ لایه‌كدا نه‌چووم ..
ئه‌و باره‌ش ماوه‌ی چه‌ند مانگێكی خایاند ، پاشان چارم نه‌ما بیرم له پلانێك كرده‌وه ، نه‌ده‌كرا وه‌ك حه‌پس وابم و نه‌توانم به سه‌فه‌ریش به‌هیچ لایه‌كدا بچم ، به قادرم وت بڕیارم داوه خۆم نه‌خۆش بكه‌م له‌م باره‌یه‌وه به‌ڵكو یارمه‌تیم بده‌ی ، به‌م جۆره به‌تانییه‌كم له‌خۆم لوول ده‌دا و قادریش ده‌ستی ده‌گرتم و ده‌یبردمه ناحییه و له‌وێش نووسراوی حه‌واڵه كردنی نه‌خۆشخانه‌ی كووفه‌یان بۆ ده‌كردم .
جاری یه‌كه‌م به دكتۆرم وت كه عه‌ره‌ب بوو : به‌ڵكو چه‌ند ڕۆژێك ئیجازه‌م بۆ بنووسی بچم له به‌غدا چاره‌سه‌ری خۆم بكه‌م ، خوا هه‌ڵناگرێ بۆی كردم ..
پاشان له جاری دووه‌مدا به ڕێكه‌وت دكتۆرێكی كوردم دیته‌وه له هه‌مان نه‌خۆشخانه كاری ده‌كرد ، خه‌ڵكی زاخۆ بوو ، به داخه‌وه ناوه‌كه‌ییم به‌بیر نه‌ماوه ، وه‌زع و حاڵی خۆمم تێگه‌یاند وتم به‌ڵكو وا بكه‌ی ناوه ناوه ئیجازه‌م بۆ بنووسی ، ڕاستیی مه‌ردانه هاته‌پێش ، به‌م جۆره كه ده‌چوومه به‌غدایش ده‌چوومه لای هه‌ر سێ ڕه‌وانشاد ، م. عه‌زیز گه‌ردی و كاردۆ گه‌ڵاڵی و حه‌كیم كاكه‌وه‌یس كه له حه‌یده‌رخانه – شه‌قامی ڕه‌شید خانووییان گرتبوو ، ئه‌وی ڕاستییه كاك حه‌كیمم له‌وێ ناسی ئه‌و ده‌مه له به‌شی كۆمپیۆته‌ری وه‌زاره‌تی پلاندانی عیراقی كاری ده‌كرد ، به‌ڵام م. عه‌زیز و كاردۆ دۆستی زووترم بوون .
به‌و حاڵه چه‌ند مانگێكم له به‌ینی ده‌وام و ناوه ناوه‌ی ئیجازه بۆ به‌غدا به‌ڕێ كرد.. زۆر جار براده‌رانی تریشم ده‌دیتن ، كه هه‌بوون له به‌غدا ده‌ژیان ، هه‌شبوون وه‌ك خۆم هه‌ر یه‌ك به‌لایه‌كدا كه‌وتبوون ، شێركۆ بێكه‌س كه له (به‌غدادیه)ی شاری ڕوومادی ده‌ژیا ، هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان (حاكم حه‌سه‌ن) یش هه‌ر له‌و ناوه بوو ، وابزانم ئازاد جندیانیش هه‌ر له‌و ده‌وروبه‌ره بوو .
زۆر جار ڕێكده‌كه‌وت له براده‌رانی هه‌ولێریش كه ده‌هاتنه به‌غدایێ ڕێكه‌وتی یه‌كدیمان ده‌كرد له چایخانه بووایه یا له‌سه‌ر شه‌قام .
به‌غدا شارێكه له قبووڵ كردنی غه‌ریبان له هه‌ولێر ده‌چێ ئه‌گه‌ر له‌پێشتر نه‌بێ ، بۆیه هه‌موو جارێ كه ده‌هاتمه به‌غدا ، ئاهێكم ده‌هاته‌وه‌به‌ر ، ئه‌وسا له‌و شه‌قامی ڕه‌شید و جمهووری و سه‌عدوونه به ده‌یان كوردت به جل وبه‌رگی كوردییه‌وه ده‌دی ، جگه له‌وه‌ش به‌غدا وه‌ك ئه‌وه‌ی بنكه‌ی فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی بوو له هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه و گۆڤارانه‌ی لێی بڵاوده‌كرانه‌وه و ئه‌وانه‌ی له دونیای عه‌ره‌بستانێ و ده‌ره‌وه‌یدا بۆی ده‌هاتن ، بنكه‌ی كولتوور و ڕۆشنبیری كوردیش بوو به‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو ڕۆژنامه و گۆڤار و كتێبانه‌ی به كوردی بڵاوده‌كرانه‌وه له به‌غدایێ بوون ، مه‌گه‌ر یه‌ك دوو چاپخانه‌ی دواكه‌وتوو له هه‌ولێر و سلێمانی ئه‌ویدی چاپخانه پێشكه‌وتووه‌كان له به‌غدایێ بوون ، ته‌نانه‌ت كرێكاری چاپخانه‌كان زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان كه له‌و ڕۆژنامه و گۆڤارانه و هه‌روه‌ها كتێب تایپكردن تا ماوه‌یه‌كی زۆر عه‌ره‌ب بوون و ده‌بووایه نووسینی كوردی‌یان به هێڵی لاری وشه لێكدابڕاندنه‌وه بچێته به‌ر ده‌ست تا تێكه‌ڵی نه‌كه‌ن چونكه تێی نه‌ده‌گه‌یشتن و كوردی‌یان نه‌ده‌زانی .
به‌م دواییه وابزانم ده‌وروبه‌ری ساڵی 1972 یا 1973 چاپخانه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو له هه‌ولێر دامه‌زرا كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراقی بوو (چاپخانه‌ی په‌روه‌رده ژماره 2 ) كه ئه‌ویش تایبه‌ت بوو به چاپكردنی كتێبی قوتابخانه و ئه‌میری بوو كتێبی دی چاپ نه‌ده‌كردن .
بێجگه له‌وه‌ی كۆڕی زانیاری كورد ، كه پاشان دوای هه‌رای 1975 كرا به ده‌سته‌ی كورد له كۆڕی زانیاری عیراق و كۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیری كوردی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خوێندنی كوردی و ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ده‌زگای هاوكاری كه له دوایدا بوو به ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی و ژماره‌یه‌كی زۆر له خوێندكارانی كورد له زانكۆكانی به‌غدا كه به‌رچاو بوون و هه‌ست به جموجۆڵ و چالاكیان ده‌كرا هه‌میشه له‌و كۆڕ و سیمینارانه كه له باره‌گای كۆمه‌ڵی ڕۆشنبیری كوردی له گه‌ڕه‌كی وه‌زیریه پێشكێش ده‌كران ئاماده ده‌بوون و به‌شداری كارایان تێدا ده‌كرد.
به‌هه‌ر حاڵ تا حه‌وت هه‌شت مانگی دی هه‌ر وا مامه‌وه ، هه‌موو ئێوارانیش ده‌بووایه له ناحییه ( ئیسپاتی وجوود بكه‌م ) له‌و ماوه‌یه‌ش كه له كتێبخانه ده‌مامه‌وه و ده‌وام و نووستنم هه‌ر له‌وێ بوو كابرای پاسه‌وانیش كه ناوی (ماجد) بوو هه‌ندێ جار هه‌ر به‌دوایی نه‌ده‌هات ئه‌گه‌ر جارجاریش بهاتبووایه ته‌نیا یه‌ك دوو سه‌عات ده‌مایه‌وه و ده‌ڕۆیشت به‌و حسابه‌ی من به‌رده‌وام له‌وێ ده‌بووم پاسه‌وانییه‌كه‌یشی بهمن سپارد بوو!!
سۆپایه‌كی عه‌لاوه‌ددین (علا‌ءالدین)ی لێ بوو چێشت و چام پێ ئاماده ده‌كرد وه‌كی دی شه‌وانه زۆربه‌ی كاتم به خوێندنه‌وه به‌سه‌ر ده‌برد ، گڵۆپه‌كانم هیچی نه‌ده‌كوژانده‌وه ، هه‌میشه هه‌ڵ بوون ، به‌وه‌ش هه‌ست به ته‌نیایی كردنم سووكتر ده‌بوو وه‌ك داریوش ده‌ڵێ ( له هه‌ر كوێدا چرا هه‌ڵبێ له ترسی ته‌نیایی بوونه ) كه خودی گۆرانییه‌كانی داریۆش خۆیشی به‌شێكی دی بوون له دڵنه‌وایی و سه‌بری ئه‌و ڕۆژگاره زینده‌به‌تاڵانه ..
هه‌ندێ جاریش به‌ڕۆژ دوای ده‌وام چه‌ند سه‌عاتێك ده‌چوومه كووفه و له‌وێ ئه‌گه‌ر زه‌خیره و سه‌وزه‌یه‌كم پێویست بووایه ده‌مهێنا ، جاریش هه‌بوو هه‌ر له عه‌بباسیه ده‌مامه‌وه لای قادر له ماڵیان یاخود پێكه‌وه پیاسه‌یه‌كمان به كه‌ناره‌كانی فوورات دا ده‌كرد یا ده‌چووینه چایخانه‌كه ..
ورده ورده هه‌ندێ براده‌ری عه‌ره‌بیشم بۆ په‌یدا بوون ، له‌وانه یه‌كێك به‌ناوی (حه‌لیم) كه كوڕی شێخێكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بوو ، ئه‌و ده‌م له پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی له نه‌جه‌ف ده‌یخوێند دوای چه‌ندان ساڵ به ئه‌فسه‌ری پله نه‌قیب له هه‌ولێر بینیمه‌وه وا دیار بوو له سه‌ربازگه‌ی هه‌ولێر ده‌وامی ده‌كرد .
ئه‌م حاڵ و باره وا تێده‌په‌ڕی و ژیانی ئێمه‌ش به‌و شێوه وه‌ڕسكه‌ره ، نه‌شمانده‌زانی تا كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ و ده‌گه‌ینه كوێ و چیمان لێ دێ ..
جاروبار كه ئیجازه‌یان پێ بدابوومایه ده‌چوومه لای براده‌رانی كه‌ربه‌لا و چه‌ند شه‌وێك ده‌مامه‌وه ، زۆرجاریش پێكه‌وه له‌گه‌ڵ د. سعدی و ملازم شوان و حه‌سه‌ن گه‌رمیانی له‌و بهینه ده‌هاتینه ( توێریج) كه وه‌ك وتم یانه‌ی لێ بوو ، چونكه نه كه‌ربه‌لا و نه نه‌جه‌ف یانه‌یان لێ نه‌بوو .
به‌م جۆره له عه‌بباسیه به‌رده‌وام بووم ، تا ڕۆژێ له ڕۆژنامه خوێندمانه‌وه كه (به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی )یان كووشتوه ، ڕاستیی من دوور و نزیك ئه‌و پیاوه‌م نه‌دی بوو نه ناسیبوو ، به‌ڵام ده‌یانگوت خه‌ڵكی سلێمانییه و یه‌كه‌مین به‌یانی كوده‌تای به‌عس له 1968 ئه‌و له ڕادیۆدا خوێندویه‌تییه‌وه ، ده‌یانگوت به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و به پلان دژی زمان و كولتووری كوردی بووه و قه‌ت به كوردی قسه‌ی نه‌كردووه و ئه‌وه‌یشی نووسیویه‌تی بۆیان كردووه به كوردی كه له ڕۆژنامه‌ی (هاوكاری) بڵاوی ده‌كرده‌وه ، ڕاستیی له زه‌مانی ئه‌ودا زۆر له نووسه‌رانی كورد له بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانییان خۆیان له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگا ده‌پاراست ، كه یه‌كێكیان من خۆم بووم .
هه‌ر دوو ڕۆژ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه له ڕۆژنامه‌كانی عیراق ، له كتێبخانه بووم كه پیاوانی ئه‌منی عه‌بباسییه هاتن یه‌كه‌م جار به ئاسایی پێیان وتم له ئه‌منی نه‌جه‌ف داوات ده‌كه‌ن ، منیش وام زانی هه‌ر بۆ مه‌سه‌له‌ی مانه‌وه له كتێبخانه یا شتێكی له‌و بابه‌ته بێ بۆیه به ئاساییم وه‌رگرت له‌گه‌ڵیان چووم ، به ڕێككه‌وت برابچووكی قادر له‌به‌ر ده‌رگای ماڵه‌وه‌یان بوو ( بۆ ئاگادار كردنه‌وه‌ی قادر) پێم وت مسته‌فا ئه‌گه‌ر قادر هاته‌وه بڵێ نه‌ژادیان برد ، وتم با هه‌ر بزانێ ، ده‌نا بیرم له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه یا شتێكم به خۆم شك نه‌ده‌هات ، ئه‌و كاته تا ڕاپه‌ڕینیش من له هیچ حزبێك یا ڕێكخستنێك نه‌بووم ، به‌هه‌ر حاڵ منیان برد بۆ ئه‌منی نه‌جه‌ف ، كه‌گه‌یشتینه ئه‌وێ ، هه‌ر به‌گه‌یشتنمان ، منیان برده ژوورێك دوو كه‌سی لێ بوون به‌جلوبه‌رگی مه‌ده‌نی .
پاش ئه‌وه‌ی ناو و ناونیشانییان لێ پرسیم من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م گوت ( استاذ اگدر اعرف أنی لیش هنا) ئوستاز ئایا ده‌توانم بزانم من بۆ لێره‌م؟ هه‌ر كه ئه‌وه‌م گوت، یه‌كێكیان كه به پێوه بوو ، زڕته بۆزیك بوو ڕه‌شتاڵه ته‌مه‌نی له‌به‌ینی 04 تا 54 ساڵ ده‌بوو چه‌ند زلله‌یه‌كی لێدام له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵیك جوینی ناشیرین به‌وه‌ی وای پیشان دا كه‌من چۆن نازانم بۆ لێره‌م . هه‌رچه‌ندی وه‌ڵڵا و بیلام زۆر بۆ هێنایه‌وه سوودی دوای ئه‌وه بانگی كرد منیان برده ده‌ره‌وه ، گه‌راجێكی لێ بوو له‌ژێر زه‌مین ده‌چوو، منیان له‌و گه‌راجه دانا.
پاش دوو سه‌عات زیاتر.. كه‌متر، دووكه‌س هاتن سواری ئۆتۆمبیلێكی پیكابی گه‌وره‌ی شۆفرلێتیان كردم و هاتینه ده‌ره‌وه.
سه‌ره‌تا نه‌مزانی بۆ كوێم ده‌به‌ن ، ڕاستی نه‌شموێرا چیتر پرسیار بكه‌م..
پاش كه‌میك ڕۆیشتن ، زانیم به‌ره‌و ڕێگای شاری (حیله)یه ، له‌و ده‌مه‌دا نه‌ختیك ترسام به‌ڵام به‌سه‌رخۆم نه‌هێنا ، له‌هه‌مانكاتدا زۆرم تین‌و بوو ، چونكه هه‌م گه‌رمابوو، هه‌میش له‌به‌یانییه‌وه ئاوم نه‌خواردبووه‌وه..
به‌م جۆره ، ئۆتۆمبیله‌كه زۆر به‌خێرای ده‌ڕۆیشت و له هیچ سه‌یته‌ره و بازگه‌یه‌كیش نه‌ده‌وه‌ستا یه‌كسه‌ر تێده‌په‌ڕی.
گه‌یشتینه (حیله)، وام زانی له‌وی ده‌مهیڵنه‌وه..
نه‌خیر له (حیله)یش ڕه‌ت بووین كه له (حیله) ڕه‌ت بووین ترسم زیاتر بوو جورئه‌تم دایه به‌رخۆم و له‌كابرای له‌گه‌ڵم بوو پرسی (اگدر اعرف وین نروح) ده‌كرێ بزانم بۆ كوێ ده‌چین..
ئه‌و بێ ئه‌وه‌ی ته‌ماشام بكا ته‌نیا گوتی (بعدین) واته پاشان.. به‌هه‌رحاڵ ئۆتۆمبیل ده‌ڕۆیشت، ورده ورده له‌گه‌ڵ بڕینی ڕێگادا زانیم ده‌چینه به‌غدا به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ش كه نزیك بووینه‌وه له‌به‌غدا ئه‌وه‌نده‌ی بیرم ده‌كرده‌وه نه‌مده‌زانی بۆچی گیراوم.
ده‌وروبه‌ری سه‌عاتی 2 دووی پاش نیوه‌ڕۆ گه‌یشتنه به‌غدا ئۆتۆمبیله‌كه به‌ره‌و ساحه‌ی ئه‌نده‌لووسی نزیك (قصر الابیض) ڕۆیی..
چووه كۆڵانیك ، خۆی له كۆڵانیكی ئاسایی ده‌چوو ، پاشان له‌به‌ر ده‌رگای خانوویه‌ك وه‌ستا ، خانووه‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه زۆربه‌یان خانووی تاڕاده‌یه‌ك گه‌وره بوون..
منیان هێنایه خواره‌وه و بردمیانه ژووره‌وه له‌وێ له‌ناو خانووه‌كه بردمیانه ژوورێك كابرایه‌كی لێ ڕاكشابوو له‌سه‌ر قه‌ره‌وێله‌یه‌ك وادیاره بوو ئه‌فسه‌ری ئه‌من بێت چونكه ژووره‌كه مێز و كورسیشی تێدابوو ، كابرا به‌عه‌ره‌بی به‌كابرای ڕاكشاوی گوت: (سیدی هذا نزاد، جبنا من النجف) واته گه‌وره‌م ئه‌وه نه‌ژاده كه ئه‌و به (نزاد) ناوی بردم و له‌نه‌جه‌ف هیناومانه. كابرا یه‌كسه‌ر هه‌ستایه‌وه وه‌ك بڵێی تاوانبارێكی بزربووی چه‌ند ساڵه‌یان دۆزیبێته‌وه وتی: (ئی ئی..) پاشان ته‌ماشایه‌كی منی كرد به‌نه‌وعێك و
كابرا به‌پێشه‌خۆی دام..
كه هاتینه ده‌ره‌وه، یه‌كسه‌ر چاویان به‌ستم و ده‌ستیان گرتم نزیكه‌ی ئاوا سێسه‌ت مه‌تریك ، كه‌متر زیاتر ڕۆیشتین وا دیاربوو له‌و خانووه دووركه‌وتبووینه‌وه. وه‌ختیك چاویان كردمه‌وه له‌شوێنیكی تر بووین ، له‌وێ بردمیانه ژێرزه‌مینێك كه به په‌یژه بۆی چووین بنمیچی زۆر نزم بوو ، دوای ئه‌وه‌ی كابرا به‌ر و باخه‌ڵی پشكنیم پاكه‌ت و شخاته‌م پێ بوو ، شخاته‌كه‌ی لێ ستاندم و پاكه‌ته‌كه‌ی دامه‌وه و وتی هه‌ر وه‌ختیك
كه ده‌رگا داخرا سه‌یریكی ده‌وروبه‌ری خۆمم كرد له‌و ژێر زه‌مینه ، ڕاستی جگه له هه‌ست به‌ته‌نیایی كردن ترسایشم و ئیتر وام لێكدایه‌وه ده‌بی ئیخباریه‌كی زۆر گه‌وره‌م لێ كرابی..
ژێرزه‌مینه‌كه مرۆڤ نه‌یده‌توانی به‌ڕاوه‌ستان تێیدا ڕابوه‌ستێ به‌هۆی ئه‌وه‌ی بنمیچی زۆر نزم بوو. زۆریش پیس بوو، ته‌نانه‌ت پاشماوه‌ی پیسایشی تێدابوو، دیواره‌كانی هه‌ندێ نووسینی به‌سه‌ره‌وه بوو ، هه‌ندێكیان ناو و ڕۆژی گرتن و به‌ڕه‌ڵڵابوونی خۆی
كه‌هه‌ندێكیانم دیت ، ڕاستی زۆر په‌شۆكام كه هه‌بوو دوو تا سێ مانگ له‌و ژێر زه‌مینه‌دا ماوه‌ته‌وه ، به‌تایبه‌تی كه ژێرزه‌مینه‌كه هیچ ڕووناكیه‌كی تێدا نه‌بوو.
به‌ڵام ده‌نگه ده‌نگی خه‌ڵكی ئاسایی (ڕێبواران) له ده‌ره‌وه ده‌هات دوو په‌نجه‌ره‌ی درێژووكانی بچووكی له‌لای سه‌ره‌وه هه‌بوو.
به‌هه‌رحاڵ ، من داوای ئاگرم نه‌كرده‌وه پاكه‌تیكی به‌غدام پێ بوو، جگه‌ره‌م به‌جگه‌ره داده‌گیرساند..
تینیوویه‌تی هێـزی له‌به‌ر بڕیبووم قورگم وشك ببوو پێكه‌وه نووسابوو ، نه‌مده‌زانی چی بكه‌م ، تۆ حساب بكه له‌به‌یانییه‌وه كه ئێستا ئێواره‌یه‌كی دره‌نگه و به‌و ڕۆژه درێژانه‌ی هاوین و به‌م گه‌رمایه‌ی به‌غدا ئاوم نه‌خواردبووه‌وه.
دونیا تاریك داهات ، ژێرزه‌مینه‌كه زۆر تاریك بوو ، تاریكی له‌و ئان و ساتانه‌دا ده‌یان خه‌یاڵت بۆ دێنێ..
ده‌وری سه‌عاتی 9ی شه‌و، ده‌نگی پێم هاته به‌رگوێ به‌ره‌ولای ده‌رگاكه به په‌یژه‌كه‌وه ده‌هاتنه خوار به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی هه‌مبوو و له‌زیندانیانم بیستبوو ، یه‌كسه‌ر خه‌یاڵم بۆ شتی خراپ چوو ، له‌دڵی خۆمدا وتم ده‌مبه‌ن ده‌مكوژن ، له‌هه‌مان كاتیش‌دا بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه ، تۆ بڵیی من له‌سه‌ر چی گیرابم ، كی ئیخباری لێ كردبم و شتی من له‌و فیكر و خه‌یاڵانه‌دا بووم كه ده‌رگایان كرده‌وه ، دوو كه‌س بوون ، یه‌كیان وتی (گوم)واته (هه‌سته) ، ئیتر به پیشه‌خۆیان دام به‌ره‌وسه‌ره‌وه..
بۆ یه‌كه‌م جار پاش چه‌ندین سه‌عات، چاوم به ئاوه‌دانی ڕوون بووه‌وه ، به‌ڵام زۆرم تینوو بوو. به‌یه‌كێكیانم گوت زۆرم تینووه، وتی :(بعدین) واته دوایی..
منیان برد له‌پیش ژوورێكیان دانام وتیان (ئینته‌زیر) واته چاوه‌ڕێ به..
كابرا چووه ژووره‌وه، ماوه‌یه‌كی كورت له‌ژووره‌وه بوو هاته ده‌ره‌وه ، پێی وتم وه‌ره! پێش خۆی دام بۆ ژووره‌وه.
ژووره‌كه مێز و كورسی و قه‌نه‌فه‌ی لێ بوو ، له‌ژووری ئه‌فسه‌ر ده‌چوو، دوو كه‌سی لێ بوون یه‌كێكیان له‌پشتی مێزه‌كه‌وه به كه‌ماڵی سه‌نته‌نه‌ته‌وه دانیشتبوو ، ئه‌وه‌ی دیكه‌یان له‌ته‌نیشت مێزه‌كه چه‌ند وه‌ره‌قه‌یه‌كی سپی له‌به‌رده‌م بوو قه‌ڵه‌مێكی له‌سه‌ر
(*) ( به‌ختی ڕه‌ش یـا كـۆمه‌ڵی چه‌وت) له ئه‌سڵدا ئه‌مه ناوونیشانی یادداشته‌كانی باوكم بوو كه نزیكه‌ی نۆ سه‌ت و قسوور لاپه‌ڕه‌ی فۆڵسكاب (A4)ی ده‌ستخه‌ت بوو ، بێجگه له چه‌ندان وێنه و دیكۆمێنتی گرینگ كه به داخێكی زۆره‌وه به بۆردمانی فڕۆكه له‌گه‌ڵ خانوو و ماڵێمان ساڵی 1974 له گه‌ڵاڵه تـیاچوو .
