ئەدەبی منداڵان بە زاری گەورەكان.. سەدیق سەعید ڕواندزی
تێڕوانینێكی هەڵە لە بارەی ئەدەبی منداڵانەوە لە نێو ئێمە بوونی هەیە ئەویش ئەوەیە، كە ئەو ئەدەبە لە جیهانبینی گەورەكانەوە دەبینرێت و خوێنەوەی بۆ دەكرێت. واتا گەورەكان ڕێسا و بنەمای نووسینی ئەو ئەدەبە بۆ منداڵ دیاری دەكەن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە جیهانبینی گەورەكان، زاڵ بێت بە سەر شێوە و ناوەڕۆك و چۆنیەتی نووسینی دەقی ئەدەبی بۆ منداڵان. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە كە گەورەكان بۆ منداڵان نەنووسن، كە لە بنەڕەتدا هەردەبێ ئەوان بینووسن، بەڵكو بەو مانایەی دەبێ جیاوازی لەگەڵ ئەدەبی گەورەكان بكەین. بە نموونە، تەكنیك و فۆڕم و ناوەڕۆكی بابەتییانەی دەقێك لە ڕووی واتایی و ڕەهەندی زمان و هزرەوە بەراورد بەو ڕەهەندە پەروەردەیی و فێركارییەی كە ڕۆڵی سەرەكی لە دروستكردن و پێ گەیاندنی كەسیەتی منداڵ هەیە بایەخێكی نییە. لە ئەدەبی منداڵاندا، تەكنیك و شێوەی نووسین گرنگ نین، ئەوەی لە پێشەوەی تەكنیك دێت، چۆنیەتی گەیاندنی ئەو پەیامە فێركاریی و پەروەردەیەیە كە دەبێ بە ئاسانترین شێوە و ڕێگای گونجاوی هزریی و سایكۆلۆژیی بگەیەنرێتە منداڵ. لە ئەدەبی منداڵاندا، تەكنیكی هاوچەرخانە، سمبول و زمانی ئاڵۆز و وێنەی نامۆ بایەخێكیان نییە، چونكە ڕووە فێركارییەكە گرنگە، هەر ئەمەشە وادەكات كە ئۆپەرێتێكی گۆران دوای هەفتا ساڵیش، یان شیعرێكی كاكەی فەلاح، دوای پەنجا ساڵیش هەر لای منداڵان وەربگیرێن و سەرچاوەی چێژ و خۆشی و هەست بزوێنی و فێركردن و پەروەردە بن. لێرەوەش دیاریكردنی هەر ڕێسایەكی نووسین، بە تێگەیشتن و تێڕوانینی گەورەكانەوە لە بارەی نووسین بۆ منداڵان هەڵەیە، چونكە تێگەیشتنی منداڵ، هاوشێوەی تێگەیشتنی گەورەیەك نییە تاكو لە پەراوێزی دەقێكەوە لە سەر تەكنیك و زمانی ئاڵۆز و وێنەی هونەریی و شیعریی بوەستێت، بەڵكو دەبێ ئامانج لە نووسینی منداڵان بەدەر لە مانە هەمووی بە پلەی یەكەم، ڕەهەندی پەروەردەیی، فێركاریی و نیشتمانی بێتن. ئەم ڕەهەندەش، بێ هەبوونی زمانێكی سادە و فۆڕمێكی ساكار لە دەربڕیندا، ناتوانرێت ڕەنگبداتەوە لە دەق. لێرەوەش هەر كلێشەسازییەك لە ڕووی تەكنیكی نووسینەوە بە مەبەستی ڕێساكاریی و پەیڕە و كاریی بۆ نووسین لە بارەی منداڵانەوە دیاریی بكرێت، بە تایبەتیش گەر بە تێڕوانینێكی هزری گەورەكانەوە نووسرا بێت، زۆر هەڵە دەكەوێتەوە، چونكە یەك ناگرێتەوە لەگەڵ توانست و جوڵە و پەیوەندی منداڵ بە نووسینەوە. بۆ نموونە: منداڵ ناتوانێت نۆڤلێتێكی درێژ بخوێنێتەوە، بەڵام دەتوانێ كورتە چیڕۆكێك بخوێنێتەوە و چێژی لێ وەربگرێت، دەتوانێت دە دێڕە شیعرێك ئەزبەر بكات، بەڵام شیعرێكی درێژ نا، بۆیە ئەوەی لە ئەدەبی منداڵان گرنگە چۆنیەتی گەیاندنی پەیامە فێركاریی و پەروەردەیەكەیە. لەو سۆنگەیەوە ( خدر ئیبراهیم خدر) لە وتارێكیدا، كە هەر لەو ڕۆژنامە سەنگینە واتا هەولێر بڵاوی كردبووەوە، باس لە شێوازی نووسین بۆ منداڵان دەكات و دەنووسێت:-( نووسین بۆ منداڵان دەبێ بەش بەش بكرێت، سوژە پێچەوانە نەبێت، پرەنسیپەكان لە خۆ بگرێت، وەڵامی پرسیاری منداڵان بداتەوە، دیالۆگ جیا بكرێتەوە، نووسینەكە یەك پاكێج بێت، زۆر شارەزایی لە هەموو ڕووەكانەوە تێدا بەدەست بهێنن، زانست و تەكنەلۆژیای سەردەم تەوزیفی نووسین بكات، ترس و گومان و دوودڵیان لا نەهێڵێت ) ئەمانە و هەروەها چەندین بنەمای دیكەی هونەریی و تەكنیكی و بابەتی دیاریكردووە، كە دەبێ نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان ڕەچاوی بكەن، كە ئەگەر بەو پێوەرەی ئەو بێت، ئەوا بە ساڵێك شاعیرێكی بواری ئەدەبی منداڵان، ناتوانێت شیعرێك بۆ منداڵان بنووسێت، چونكە هەر دەبێ سەرقاڵی بیركردنەوە لە تەكنیك و تیچماو داڕشتن بێت. لە ڕاستیدا، ئەو پێوەر و مەرجانە، بە تایبەتیش لە ڕووی فۆڕمی هونەریی و گوتاری ئاڵۆزی ناوەڕۆكی ئەدەبی منداڵانەوە، لە پەراوێزدان و پێشینەیی نین، بەڵكو ئەوەی گرنگە لە بواری نووسین بۆ منداڵان، دوو ڕەهەندی هەرە دیارە، كە ئەویش پەروەردەیی و فێركاریین، بەو مانایەی دەقی منداڵان، دەبێ هەڵگڕی ناوەڕۆكێكی پەروەردەیی و فێركاریی بێت و هزری منداڵان بە ئاراستەی پەروەردەكردنێكی نموونەیی و پێگەیاندنی كەسیەتییەكی ئازاد و نیشتمانی ئاراستە بكات، ئەمەش لە ڕێگەی زمانێكی سادە و ڕەوان، بە ڕەچاوكردنی ڕیتم و شیعرییەتی گێڕانەوە و وێناكردن . منداڵ كە دەقێك دەخوێنێتەوە، یان گوێبیستی شیعرێك دەبێت، ژیری دەستكرد و تەكنیك و میتۆدی نووسینی دەقەكەی بەلاوە جێی بایەخ نییە و هەر ناشزانێت چین، ئەو تەنها ئەوە دەزانێت بخوێنێتەوە و گوێبیست ببێت و دواتر ڕاڤەی مانایی بۆ بكرێت، ئەمەش تەنها لە ڕێگەی زمانێكی سادە و فۆڕمێكی ساكارەوە دەكرێت، بۆ ئەوەی هزری منداڵ بە ئاسانی ئەو بابەتە وەربگرێت، كە ئاراستەی دەكرێت. لێرەوەش گەر سەرنج بدەینە ئەدەبی منداڵان بەگشتی، دەبینین كەمتر كار لەسەر تەكنیكی نووسین و فۆڕمی دەرخستن و وێناكردن كراوە، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەوەیە، كە چۆن ئەو ڕەهەندە فێركاریی و پەروەردەییەی پێویستە لە میانەی ناوەڕۆكی ئەدەبی منداڵان هەبێت، بگەیەنرێت. گەر بمانەوێت قوتابخانە لە شیعرێكی منداڵاندا بە منداڵ بناسێنین، ئەوا هەر دەبێ وێنا گشتییەكەی قوتابخانە، كە شوێنی پەروەردە و فێركردنە بكەین، ئەگینا ناكرێت هەرچی وردەكاریی نێو قوتابخانە هەیە لە شوێن و كارەكتەرەكان بە منداڵ بناسێنین، بۆیە ناكرێت هەر نووسەرە و بە تێگەیشتنی خۆی، نەخشەڕێگەیەك بۆ نووسینی ئەدەبی منداڵان دیاری بكات. دەبێ ئەم لایەنە بۆ نووسەرانی ئەو بوارە خۆیان جێبێڵین، كە بە ڕاستی ئەوانەی لە نێو ئێمەدا لە بواری ئەدەبی منداڵان دەنووسن، لە نووسەرانی جیهان بە تواناتر نەبن، كەمتر نین، ئەمە دەڵێم لە كاتێكدا دەیان دەقی وەرگێڕدراوی ئەدەبی منداڵانم بە زمانی كوردی خوێندۆتەوە وبەراوردم كردوون بە شیعر، یان چیڕۆكی نووسەرێكی كوردی بواری ئەدەبی منداڵان.
ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێرژمارە( 4478) لە 18/1/2026 بڵاوكراوەتەوە.
