حوکمەت.. نەوزاد بەندی
پێدرۆ سانشێزی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بەم جۆرە پێناسەی حوکمەت ئەکات : ( میکانیزمێکە بۆ خۆشکردن و باشکردنی ژیان و گوزرانی خەڵک، نەک قورسکردن و ئاڵۆزکردنی ژیان و گوزەرانیان )
بە ڕاستی ئەم پێناسەیە چەندێک سادەیه، ئەوەندە قوڵە و .. هیچ بوارێکی بۆ دەرباز بوون و بیانوو هێنانەوەی حوکمەتە گەندەڵەکان نەهێشتۆتەوە.. کاری حوکمەتی دیاری کردووە، بریتییە لە ئاسانکردنی کێشەکانی میللەت و باشکردنی ژیانیان و بەختەوەرکردنیان .. ئەمەیە ئیشی حوکمەت.
کەواتە هەر حوکمەتێک نەتوانێت گوزەران و ژیانی هاووڵاتییەکانی باش و باشتر بکات، حوکمەت نییە.. ئیتر داگیرکەرە، وەکیل یان بریکاری داگیرکەره، چەتەیە، مافیایه، گەمژە و نەخوێندەوار و نەزانە بە کار و پۆستەکەی، یان هەر شتێکی ترە، بەڵام حوکمەت نییە.
ئەگەر بەو پێناسەیەی بەڕێز سانشێز، شەن و کەوێکی چەند حوکمەتێکی دوور و نزیک بکەین، بۆمان دەرئەکەوێ کێ حوکمەتە و ..کێ مافیا و دز و جەردە و گەمژەیە ..
بۆ نمونە حوکمەتێکی وەک حوکمەتی دکتۆر مەهاتیر محەمەدی مالیزیا و.. نیڵسۆن ماندێلای باشووری ئەفەریقا و ..پۆڵ کاگامی وڵاتی ڕوانداو .. لی كوان یو ی سەنگاپور، تەماشا ئەکەین ئەو چوار حوکمەتە، توانییان لە ماوەیەکی کورتدا، ووڵاتەکانیان لە کێشەکانی گەندەڵیی و ئابوریی و پەروەردە وجەنگی ناوخۆ ڕزگار بکەن و.. هاووڵاتییەکانیان بکەن بە هاوڵاتی بەختەوەر و شارستانیی مۆدێرن.. چونکە ئەو چوار پیاوە بە ڕاستی حوکمەتی نیشتمانیی بوون، بەرجەستەی پێناسەکەی بەڕێز سانشێزیان کرد، ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییەکانیان باش کرد و دووریان خستنەوە له هەموو دەستێوەردانە دەرەکییەکانی داگیرکەران..به دووریان گرتن له نەزانیی و بێکاریی و جەنگی ناوخۆ و بێ بەرنامەیی .. سیستمێکی مۆدێرن و پتەویان بۆ دانان، بەو جۆرە داهاتوویەکی پرشنگداریان بۆ فەراهەم کردن، ئەمە لە کاتێکدایە هیچ یەکێک لەو چوار وڵاتە خاوەنی نەوت و غاز و سامانی نەتەوایەتیی بەهێز نین، بەڵام خاوەنی حوکمەتی ڕاستگۆ و بەهێزن بۆیە ئەمڕۆ له لوتکەی میللەتە دەوڵەمەند و تەکنەلۆژیی و پێشکەوتووەکانی جیهاندان.
بە پێچەوانەی بەشی یەکەمی ئەو پێناسەیەی سانشێز بۆ حوکمەت، سێ حوکمەتی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان، بە هەموو جۆرێک ئاسایش و ژیان و داهاتووی هاووڵاتییەکانیان وێران کردووە.. سێکستەرەکانی ئیدارە و زانست و ئەدەب و هونەر تێیاندا ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵئەوەشێتەوە.. دیاردەی بێ مافیی و بێ کاریی و نەخوێندەواریی و سەرهەڵگرتن و کێشەی کومەڵایەتیی هەتا بێ قوڵتر و ئاڵۆزتر و زیاتر ئەبن.. زیادکردنی باج و سەرانە و گرانکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان له کارەبا و ئاو و نەوت و بەنزین، ڕۆژ بە ڕۆژ دیاردەی دزیی و تاوان و مافیاگەریی و گەندەڵیی و قوتدانی دام و دەزگا حوکومییەکان لەلایەن کەرتی حیزبیی و بنەماڵەیی و مەزهەبییەوە، زیاتر و زیاتر ئەبێ..پەرە پێدان بە حیزبایەتیی و مەزهەبگەرایی و بنەماڵەگەرایی و لەت لەتکردنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا..دەوڵەمەندبوونی لەناکاوی خزم و دۆست و هاوئاوازەکانیان و ..فەقیرکەوتنی لەناکاوی چین و توێژە بێلایەن و ئۆپۆزیسیۆنەکان.
لەگەڵ ئەوەی ئەو سێ حوکمەتە خاوەنی نەوت و گازی سروشتیی و هەموو هۆکارکانی دەوڵەمەندیی و خۆشگوزەرانین، کەچی زۆرینەی هاووڵاتیەکانیان لە خوار هێڵی هەژارییەوەن و سواڵکردن تێیاندا بووە بە دیاردەیەکی زۆر ئاشکرا و ..تەنانەت هەندێ جار حوکمەتەکانیش پەنا بۆ سواڵکردن ئەبەن، له ڕێی ڕیکلامی هەڵخەڵەتێنەر و فریودەرەوە.
کار گەیشتۆتەوە پوکانەوەی هەموو مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لەو سێ دەسەڵاتەدا وەکو مافی موچە وەرگرتن لە 30 ڕۆژدا و .. مافی پلە بەرزکردنەوە بە پێی هەڵکشانی ساڵەکانی خزمەت و ..مافی دامەزراندن و ..مافی کارکردن و.. مافی هەبوونی پارچەزەوییەک یان شوقەیەک بۆ ژیانکردن.. لە بەرامبەردا هەڵتۆقینی کۆمەڵێک ملیاردێر و ملیۆنێر، کە نەک هەرشایانی ئەو سەروەت و سامانە نین، تەنانەت شایانی یەک پارووە نانی ئەو نیشتمانە و یەک قوم ئاوی ڕووبارەکانی و یەک نەفەس هەوای ئاسمانەکەی نین.
