Skip to Content

زیرەک بناغەی دانا، زەکەریا تەواوی کرد، سیاسییەکانیش وێرانیان کرد.. نووسینی هێمن عەلی

زیرەک بناغەی دانا، زەکەریا تەواوی کرد، سیاسییەکانیش وێرانیان کرد.. نووسینی هێمن عەلی

Closed
by ئایار 17, 2026 General

زیرەک و زەکەریا؛ دوو کۆڵەکەی ڕۆحی کورد

حەسەن زیرەک لە سەدەی ڕابردوودا تەنها گۆرانی نەوت، بەڵکو ئەو بناغە و دیوارە پتەوانەی داکوتا کە میۆزیکی کوردی لەسەر ڕاوەستاوە. ئەو بەو دەنگە ڕەسەنەکەی، جەستەی میۆزیکی کوردی دروست کرد و بووە گەنجینەیەک بۆ هەموو نەوەکانی دوای خۆی. ئەو دیوارە پۆڵایینەی زیرەک دروستی کرد، لە تێکەڵبوونی دەنگی لەگەڵ سروشت و ڕەسەنایەتیی کوردەواریدا دەردەکەوێت. کاتێک لە گۆرانیی “کەتانە”دا بەوپەڕی سادەیی و جوانییەوە نیشتمان دەکاتە ئاواز و دەڵێت:

“چەند بڵێم زیاتر جوانی، کیژی کوردستانی
…بەفری کەلیخانە بیللا زۆر جوانە
وەی وەنەوشەی کوێستانە بەه بەه کەتانە”

ئەم سادەییە پڕ لە سۆزە، ڕێک ئەو بناغەیەیە کە نەتەوەیەک ڕۆحی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە. کاتێک باس لە قۆناغی دوای زیرەک دەکەین، زەکەریا عەبدوڵڵا وەک تەواوکەری ئەو بینایە دەردەکەوێت. ئەگەر زیرەک بناغە و دیوارەکان بێت، زەکەریا ئەو سەقفە بوو کە ماڵەکەی تەواو کرد. ئەو توانی تینوێتی میۆزیکی کوردی بشکێنێت و ڕەهەندێکی جیهانی و مۆدێرن بدات بە ئاوازی کوردی بەبێ ئەوەی ڕەسەنایەتییەکەی بکوژێت.

هاوارەکەی جەگەرخوێن و داگیرکەری ناوخۆ
کاتێک باس لە ڕۆحی نەتەوەیی و ئازاری گەل دەکەین، یەکسەر شاکارە مێژووییەکەی شاعیری گەورە جەگەرخوێن و دەنگی حەماسیی شڤان پەروەر لە سروودی «کێنە ئەم»دا دێتەوە یادمان، کاتێک بە دەنگێکی زوڵاڵەوە دەیگوت:
“بە هاوار و بە گریان، دوژمن ناچێتە دەر لە کوردستان… تەنیا بە تیر و تفەنگ و ڕم، دوژمن ژ خاکا مە دێ دەر!”
لەو سەردەمەدا هاوکێشەکە ڕوون بوو؛ دوژمن عەرەب و فارس و تورک بوون. گەلی کورد دەیزانی ڕووی تفەنگەکانی لە کێ بکات. بەڵام ئەمڕۆ تراژیدیاکە گۆڕاوە! ئەگەر جەگەرخوێن ئەمڕۆ لە ژیاندا بوایە، بێگومان دێڕەکانی دەگۆڕی و ئەو شیعرە بەناوبانگەی بۆ «دوژمنی ناوخۆ و حیزبەکان» دەنووسی. جاران داگیرکەری بێگانە خاکی داگیر دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ناوخۆ بوونەتە مۆتەکە بەسەر سنگی نیشتمانەوە. ئەوان قوت و ئایندەی گەنجانیان پاوان کردووە و بە هیچ پاڕانەوە و ڕەخنەیەکیش دەستبەرداری کورسییەکانیان نابن و «ناچنە دەر».

لە خۆڵەمێشی براکوژییەوە، هیوایەک هەڵدەستێت بە ناوی زەکەریا

دەرکەوتنی زەکەریا تەنیا ڕووداوێکی هونەری نەبوو، بەڵکو فریادڕەسییەکی دەروونیش بوو بۆ گەلێکی ماندوو. زەکەریا لە تاریکترین قۆناغی مێژووماندا دەرکەوت؛ سەردەمی تاڵی شەڕی ناوخۆ. ئەو کاتەی حیزبەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، برایان دەکردەگژ برایدا و بێئومێدی باڵی بەسەر هەموو ماڵێکدا کێشابوو. لە ناو ئەو دوکەڵ و خوێنەدا، کاتێک زەکەریا بە سۆزەوە دەیگوت:

“تۆ هاتی ئەی نازەنینم لە دوای چی، زۆر درەنگ بوو… هاتی بەسەر شەمعی کوژاوە و عومرێکی لەدەست دەرچوو.”
ئەمە تەنیا گۆرانییەکی ئەڤینداری نەبوو، بەڵکو وەسفێکی تراژیدی و قووڵ بوو بۆ ئەو «عومرە لەدەستچووە»ی نەتەوەیەک کە لە گێژاوی ململانێی حیزبایەتیدا سووتا و بووە قوربانی.

وانەی زەکەریا بۆ سەرکردەکان: سەرکردەی ڕاستەقینە داهاتوو دروستدەکات

ئەفسانەکان دووبارە نابنەوە. کاتێک هونەرمەندێک دەزانێت کەی دەڕوات، ئەوە خۆی لە خۆیدا گەورەترین داهێنانە. زەکەریا کاتێک بینی لە لوتکەدایە، زۆر بەشکۆوە وازی هێنا و چۆڵکردنی ستەیجی هەڵبژارد، نەک بە پیری لەسەر شاشەکان بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی خەڵک لێی بێزار دەبن. ئەو، حورمەتی بۆ خۆی و هونەرەکەی و گوێگرەکانی پاراست.
لێرەدا پرسیارە گەورەکە دروست دەبێت: بۆچی سەرکردەی حیزبەکانی کورد ناتوانن وەک زەکەریا ماڵئاواییەکی بەشکۆ بکەن؟
• ئالوودەبوون بە دەسەڵات: زەکەریا پشتی بە توانای خۆی بەستبوو، بۆیە نەترسا لە جێهێشتنی گۆڕەپانەکە. بەڵام سیاسییەکانی ئێمە تەنیا لە سێبەری کورسییەکانیاندا گەورە دیارن. ئەوان لەوە تۆقیون بە لەدەستدانی دەسەڵات، قەبارەی ڕاستەقینەیان دەربکەوێت و بکەونە بەر لێپرسینەوەی گەل.
• کاسەلێسەکان و سوودمەندان: ئەو بازنە تەسکەی کە دەوری سەرکردەیان تەنیوە، تەواوی بەرژەوەندییەکانیان بە مانەوەی ئەو لەسەر کورسییەکەیەوە گرێ دراوە. ئەوان بەردەوام ئەو درۆیە بە گوێیدا دەچرپێنن کە «بێ بوونی تۆ، هەموو شتێک دادەڕمێت». بەمەش کارێکی وای تێدەکەن، لە ناخەوە باوەڕ بەو وەهمە بکات کە مانەوەی لە دەسەڵاتدا زەروورەتێکی حەتمییە.

جەگەرخوێن ئەمڕۆ چی دەگوت؟
ئەمڕۆ مۆسیقای کوردی لە نێوان ئەو دوو ئەفسانەیەدا ماوەتەوە؛ زیرەک بناغەکەی دانا و زەکەریا سەقفەکەی تەواو کرد، پاشانیش بە حورمەتەوە دەرگاکەی داخست و ڕۆیشت. بەڵام لە بەرامبەردا، شانۆی سیاسیی کوردستان پڕ بووە لە کارەکتەری بەسەرچوو، کە نە دەزانن کەی بڕۆن و نە شەرم لە مێژووش دەکەن.
ئەگەر دوێنێ هاواری «کێنە ئەم» بۆ دەرپەڕاندنی داگیرکەری دەرەکی بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ حەقیقەتە تاڵەکە ئەوەیە: ئەم داگیرکەرە ناوخۆییانەی ئەمڕۆ، وەک جەگەرخوێن دەیگوت بە هاوار و بە گریان دەستبەرداری کورسی نابن، تا گەل بە خۆیدا نەچێتەوە و هۆشیار نەبێتەوە، هەرگیز ناچنە دەر.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next