Skip to Content

ئیسلام و ئەزمە! … تاهیر عیسا

ئیسلام و ئەزمە! … تاهیر عیسا

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 28, 2020 General, Opinion


بە سەرنجدان، لە تەواوی جیهانی سەرمایەداریی ئەمڕۆ، هەر لەڕۆژئاوای گۆی زەویەوە هەتا ڕۆژهەڵات و هەر لەباکورەوە هەتا باشورەکەی، دەوڵەتە جۆراوجۆرکانیی، بەجیاوازیی لە سەرخان و پێکهاتەی سیاسییانەوە، لەسەربناغەی پارێزگاریی لە ژێرخانە ئابوویەکانیان پێکهاتوون، کە سەرچاوەیان لە حوکمڕانیی کەمایەتیەکی بۆرژوازیی بەسەر چین وتوێژە کەمدەرامەدەکانی دیکەی کۆمەڵگادایەو تەواویی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و تەواوی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی هەر ئەم چین وتوێژە مەحڕومانەی کۆمەڵگاشیان بەبارمتەی کرێ و ڕەنج و زەحمەتێکی زۆری لەبەرامبەر ژیانێکی، لەهەندێک کۆمەڵگادا مەمرەو مەژیانەو لەهەندێکیشیاندا لەسەر حیسابی هەر ئەم بەشە، کەمێک باشتر، گرتووە!
هەر بەو هۆکارەوە بەرژەوەندیە سیاسیی و ئابووریەکانی دەوڵەتانی جیهانی سەرمایەداریی ئەمڕۆ، لێکهەڵپێکراوە!
لەهەر جێگایەکی ئەم گۆی زەویەدا، حەڵقەیەک لەحەڵقەکانی ئەم زنجیرەیە، دووچاریی لاوازیی و نزیکە داڕمان بووبێت و یان ئەو لاوازیی و نزیکە داڕمانە، سەریکێشابێتە سەر هاتنە مەیدانێکی ئیرادەمەندانەی چینی کرێکارو توێژە دەستەنگەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بۆ حەڵقەکانی دیکەی سەرمایەدایی بۆتە مایەی نیگەرانیی و بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان کەوتوونەتە هەوڵدان بۆ بەرگرتن بەو هاتنە مەیدانە.
هەر وەک لە ئەزمە ئابووریەکانی “یۆنان” دا بینیمان لەڕێگای سندوقی دراوی نێو دەوڵەتیەوە کەوتنە ڕزگارکردنی سەرمایەداریی و دەوڵەتەکەیان!
یان ئەگەر هەر نەیان توانیبێت لە هەندێک حەڵقەی تردا، بەر بەو هاتنە مەیدانەی شۆڕشی برسیەکان و پەڕاوێزخراوەکانی کۆمەڵگاکان بگرن، سڵیان لە گرتنە بەریی سیناریۆی ڕەشیی تڕاژیدیا ئامێزیی پڕ لە کارەساتباریش نەکردۆتەوە، هەر وەک نموونە قێزەونەکەیمان لە هەندێ وڵاتی تردا بینی، بەتایبەتی، لە سوریاو یەمەندا، کە خەڵکی دوای ئەو کارەساتانەی لەدوای بەهاری عەڕەبی دووچاری هاتن وئێستاش لەناو کەرەساتەکانیدا جنگڵ دەدەن، هەزار خۆزگەیان بەسەردەمی پێش هاتنە مەیدان و داواکاریەکانیان دەخواست!
دەوڵەتانی زلهێز و قودڕەتمەندیی پێشکەوتووی سەرمایەداریی، بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووریانەی خۆیان و پارێزگاریی لە هێشتنەوەی هەل و مەرجێک، کە بناغەکەی لەسەر کاریی بەکرێ و کۆیلایەتی هێشتنەوەی چینی کرێکار و قازانج وکەڵەکەی سەرمایەداریی بەردەوامدایە و بۆ درێژەدان بەو هەل مەرجەش، پەیوەندییە ئابووریی و سیاسی و بازرگانیەکانیان، لەگەڵ کۆنەپەرسترین دەوڵەتانی دیکەی جیهاندا، بەتایبەتی دەوڵەتانی کۆنە پەرستی خەلیج و ناوچەکەدا، کە سەرخانە سیاسیەکانیان تاسەر ئێسقان لە دژی ئازادی سیاسیی و ئازادیی ئەندێشەو بەیان و ڕاگەیاندنی ئازاددایە، کە هەتا ئێستاش لەماڵی خودای ئیسلامدا” سعویە” شمشێر کارایە بۆ سەرپەڕاندنی، ئەوانەی لە سەوابتەکانی دینی ئیسلامیی لادەدەن.
بەڵام دنیای سەرمایەداریی ئەوروپاو ئەمریکا، بەچاو پۆشین لەو هەموو کاراساتانەی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئیسلامیدا، ڕوویانداوە و ڕوودەدەن، پەیوەندییە دیبلۆماسیی وسیاسیەکانیان درێژە پێداوە و بۆ پاساویی هەموو ئەو وەحشیگەریەی کە ڕێکخراوە تیرۆریستییە جیهادیەکانیش لە وڵاتانی جۆراوجۆردا ئەنجامیانداوەو بەردەوامیشن لەئەنجامدانی، کە سەرچاوەکانی قوڕئان و حەدیسەکانی محەمەدە، کەوتوونەتە پۆڵێنکردنی گروپە ئیسلامیەکان ودابەشکردنیان، بەسەر میانڕەو و توندەڕەوداو ئەم دابەشکاریەش، جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک کەخۆشیان باشدەیزانن بۆ درێژەدانە بە پەیوەندیە بەرژەوەندیخوازیەکانیان لەگەڵ جیهانی کۆنەپەرستیدا، سەرباریی هەموو نەهامەتیی و کوێرەوەریەک کە ئینسانەکان لەچوارچێوەی یاساو ڕێسا دۆگماکانی ئەم وڵاتانە و سەرخان وفەرهەنگە کۆنەخوازەکەیدا، دەیچێژن.
هەر وەک دەورانێک تورکیای دادو گەشەپێدانی ئیخوانی، لەپاڵ ئەم تێڕانینە جیهانیەدا پشتگیریی دەکرا، بۆ باڵابوون وفراوانبوونیی ئەم مۆدێلە لەجیهانی ئیسلامیدا، بەڵام هەر زوو ئەردۆغان وحیزبەکەی، لە جەرگەی ڕوداوە کارەساتبارەکانی سوریادا، دەورێکی یەکجار ماڵوێرانکارانەیان تێدا بینی و پشتگیریی ڕاشکاوانەشیان لەگروپە تیرۆریستیەکان لەو جەنگەدا دەکرد کە خەونی سەرلەنوێ گێڕانەوەی خەلافەتی عوسمانی لەکەللەیدابوو، كە نزیکەی دووملیۆن ئەرمەنییان لەسەروبەندی کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم و دواتریشدا، پاکتاوی ڕەگەزیی کرد، وە درۆخستەوە.
ئەگەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی فەڕەنساو هەراسانبوونی “ماکڕۆن”، سەرۆکی فەڕەنسا، لەپەیوەند بەم گروپ ودەستە و تاقمە ئیسلامیانە و دەرکەوتەکانیان لەسەر ئەم وڵاتە و وڵاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا، لەبەرچاوبگرین، ترسی ماکڕۆن، گەیشتۆتە جێگایەک، کە ئیتر لەسایەی ئەم مەترسیەدا سەرخانی سیاسیی و کلتووریی وفەرهەنگی ئەم وڵاتەو تەواوی سیستەمەکەیان کەوتۆتە مەترسیەوە و بۆ فەڕەنساش، ئیتر بواریی ئەوە نەماوە لەبەرامبەریاندا وەک ڕابردوو هەڵس وکەوت بکات و چاودێریی باریی هەست وسۆزو دەروونی جیهانی ئیسلامیی بکات!
ڕێژەی موسوڵمانان، لەفەڕەنسادا، بەپێی ڕاگەیاندنەکانی خۆیان، لەنێوان هەشت بۆ نۆ لەسەتدایە، کە ژمارەیان لە نزیکەی پێنج ملیۆندایە، کە لەناویاندا، ڕەوتی جۆراوجۆریی سیاسیی وەک ئیخوانیی و وەهابیی و سەلەفیی، تێدایە، کە هەر تێکڕایان لە سەرچاوەی قوڕئان وحەدیسی محەمەدەوە بەهرەبەداریی دەکەن و دەخۆنەوە!
ئەگەر چاوێک بە پێشینەی ئەم ژمارەیە لەموسوڵماناندا بەخێرایی بخشێنینەوە، دەبینین هەر یەکەیان چی وەک خێزان وچی وەک تاک، لەماوەی پەنجا بۆ شەست ساڵی ڕابردوودا، لەکۆمەڵگا موسوڵمان نشینەکانەوە، بۆ بەدەستهێنانی حەزو ئارەزووە کەسیەکانی خۆی، یان بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی ئازادترو ئارامتر وە خۆشگوزەرانتر لەزێدی خۆی، کە لەوڵات وکۆمەڵگاکا موسوڵمان نشینیەکەی خۆی لێی زەوت و بێبەشکراوە، ڕووی لەو وڵاتە کردووە .
سەرخان وکلتورو فەرهەنگی سیاسی ئەم وڵاتە و ئازادییە سیاسیی وئایینی وفەرهەنگییەکان لەم وڵاتەدا، کە بەرەنجامی شۆڕشیی ڕێنیسانس وشۆڕشیی گەورەی بۆرژوازی فەڕەنسا، ۱۷٨۹-۱۷۹۹،و شۆڕشی کرێکاران و کۆمۆنەی پاریسی ۱٨٨۲ه.
بەهیچ جۆرێک لەگەڵ سەرخانی پڕ لەخەقەقان و سەرکوتی کۆمەڵگا ئیسلامیەکان و وڵاتانێک کە بناغەی دەستورەکەیان، لەسەر دەستوریی ئیسلامی بنیات نراوە و هەر چەشنە ئازادیەکی کەسیی‌، کە لەسەر بناغەی داڕشتن وتێگەیشتنی شەرعیی ئیسلامیی، یان لەژێر کاریگەریی ئەو شەرعەدا بنیاتنراوە، بەراورد ناکرێت، دەقۆزێتەوەو لەسایەی ئەم ئازادیە سیاسییە کلتوورییە هەمەڕەنگیەدا، ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکان، خەریکن کار لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی هاوشێوەی موسڵ وڕەققە دەکەن! کە هەر ئێستا لەناو جەرگەی زۆربەی گەڕەکەکانی ئەوروپاداو بەتایبەتیش فەڕەنسادا، کە ڕێژەی موسوڵمانانیان تێدا چڕبۆتەوە، یاساو ڕێسا ئیسلامیەکان دەسەپێنن، لەنموونەی وەک حیجابی ئیجباریی و ڕێگریکردن لەئازادیی پۆشینی جل وبەرگ و سەپاندنی هەندێ سروت ونەریتی کۆنەپەرستانەی دینی و نوێژکردنی بەکۆمەڵ لەسەر شەقامەکان، چبەبەمەبەستی هەراسانکردنی خەڵک و ڕێگریکردن لەهاتو چۆی خەڵک، چبەمەبەستی بانگەشەی سیاسیی!
ڕەوتە ئیسلامیە جیهادیەکان، لەناو جەرگەی ئەوروپادا، بەدولاری نەوتی وڵاتانی خەلیج، لەڕێگای کردنەوەی سەدان مزگەوت و تەعینکردنی سەدان مەلاو بانگخوازیی ملئەستور، خەریکی بەجێگەیاندنی پڕۆژە جەهەننەمیەکانی خۆیانن، وە لەو ڕێگایەشدا بەملیۆنان دۆلار لەپێناو داتاشینی ئیعجازیی زانستیی هەڵبەستراوی قوڕئانیی دوور لەزانستی و تەفسیرکردنی قوڕئان بەشێوەی چەواشەکاریانە خەرجدەکرێت و مناڵان ولاوانێکی موسوڵمانی هەرزە هەم لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەم لەڕێگای مزگەوتەکانیانەوە ڕاستەوخۆ لە خشتە دەبرێن و دەخرێنە ناو بازنەی پڕۆژە گڵاوەکانی خۆیان و هاوشێوەی گەنجە چیچانیەکە لەکردەوەی تیرۆریستیدا دەکرێنە قوربانیی و مەلای ملئەستورو بانگخوازیی جیهادی قازانجپەرستیش، بۆ خۆی لەڕێگای ئەم ئایدیۆلۆجیا ناشیرینەدا لەخۆشترین نازو نیعمەتی ئەوروپاداو لە باشتریین ماڵ و خۆشتریین ژیاندا، لەوپەڕیی تەمبەڵیی وتەوەزەلیدا، دەلەوەڕێت!
ئەوەی ئەم هەل ومەرجەی لەوڵاتانی، ڕۆژهەڵاتی ناویندا وەک سەرخانی سیاسیی وئایدیۆلۆجی وکلتوریدا، هێشتۆتەوە و لەسایەیدا ڕەوتە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان وەک ڤایڕۆس لەم ژینگەیەدا سەرهەڵدەدەن و بەهەموو جیهاندا بڵاو دەبنەوە، لەچوارچێوەی بەرژەوەندییە چینایەتیەکانیاندایە، کە لەکۆتایی هاتن و کاڵبوونەوەیدا، ترسیان لە ئازادبوونی ئیرادەو تواناو بیرکردنەوەو حەوسەڵە ڕۆحیی و فیزیکیەکانی موسوڵماندایە، کە ئاسانتر دەتوانێت لە ئازادبوونی بیرو هزریدا، دەستی بەزانیارییە هەمەلایەکان و بیرو باوەڕە پێشکەوتوو وئازادیخوازو یەکسانیخوازیەکانی بگات!
دەنا جیهانی ئەمڕۆ، ئەگەر، چارەنووسی لەدەستی ئەم کەمایەتیە تەوەزەلە قازانجپەرستەی سەرمایەداراندا، نەبووایا، بای ئەوەندە زانست وزانیاریی و ئامڕازیی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو لەبەردەستدایە، کە چۆن زانیاریی دەقیقیان لەسەر تەمەنی گەردوون و تەمەنی زەویی ومانگ و هەسارەکان لەبەردەستدایە، بەهەمان ئەندازەش، دەتوانێت پەردە لەسەر مێژووە ساختەکاندا هەڵبداتەوە و لەڕێگای خوێندن و دام ودەزگا پەروەردەییەکانەوە، دیراسەی مێژووی دینە جۆراو جۆرەکان و بەراوردکارییان و هۆکاریی دروستبوون وسەرهەڵدانیان و مێژووی ئستوڕەو ئەفسانەو سروت ونەریتەکۆنەکان ڕونبکرێتەوەو نهێنیە شاراوەکانی پشتی پەردە بۆ خەڵک ئاشکرابکرێن.
هەرئەمڕۆ سەرباری ئاستەنگیەکانی بەردەم ڕۆشنگەرانی ناو جیهانی ئیسلامی، کە لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە زیاتر فۆبیای ئیسلامیان تێکشکاندنەوەو چاونەترسانە هاوشانی ڕۆژهەڵاتناسە بەتواناکان کەوتوونەتە پەردە هەڵدانەوە لەسەر مێژووە ساختەکان و تەنها لەڕێگای لێکۆڵینەوەی مێژوویی کە پشت بە زانستیی پاشماوە” Archaeology” وەک هەڵکۆڵدراوی سەربەردو دیوارو ئەو خانوو وبەرانەی مێژووی کۆنیان هەیە و هەروەها لەڕێگای زانستی نوسراوەکان” علم المخطوطات” (Codicology) کە بەهۆی کاربۆنی تیشکدەوەرەوە (الکربون المشع)” C14″ دەتواندرێت تەمەنی نزیکەیی نووسراوەکانی سەرپێستەو پەڕاوەکان بزاندرێت یانە لەڕێگای زانستی وێنەو نوسراوی سەر دراوەکان”علم المسکوکات”] (Numismatics)
یان لەڕێگای لێکۆڵینەوەی زمان و شێوازی نووسینەکانەوە، کە هەر ئێستا زۆربەی مێژووی ئیسلام و کەسایەتیەکانی، وەک محمەدو ئەبوبەکرو عومەرو عوسمان وعەلی، خراوەتە ژێر پرسیارەوە و تەنانەت لێکۆڵەرە مێژووییەکان هێندە وردبینن لەلێکۆڵینەوەکانیاندا، کە خەریکن ئەم مێژووە داتاشراوەی ئیسلام لەژێر ناوی ئەڵاو نێردراوە ساختەکەیدا، کە دنیایان لەڕێگای هەڕەشەکانیان وەک ئاینێکی تەبشیریی، وێرانکردووە، کە هەم ئەزمەیە بۆخودی موسوڵمانان خۆیان و هەم ئەزمەیە بۆ جیهانی دەوروبەریشیان، وەک پیازێکی پاکژکراو بخەنە سەرلەپی دەست.
کە لەنموونەکانیان، کەسانی عەڕەبزمانی وەک، محەمەد ئەلمسەیەح “محمدالمسیح” و ” عادل امین” و ” یوسف تیکطاك” و چەندین لێکۆڵەرو مێژووناس و ڕەخنەگریی دیکەی بەتوانا کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەیان لەزۆربووندایە … کە لەڕێگای گۆگلێ ویوتوبەوە دەتوانیت بابەتەکانیان لەڕێگای تۆماریی ڤیدیۆییەوە یان نوسراوەکانیانەوە، ببیستیی وبخوێنیتەوە، لەوە تێدەگەی کە باسەکانیان چەندە پشتی بەلێکۆڵینەوەی زانستییەوە بەستووە!
تەنانەت ئەگەر موسوڵمانان بەچاوو هۆشێکی بڕێک کراوەوە، دیقەت بدەنە مێژووی ئایینەکەیان و پرسیار بکەن، کە بۆچی دوای زیاتر لەسەد و پەنجا ساڵ و دووسەدساڵ لەمەرگی پێغەمبەرەکەیان، موفەسیرانی وەک تەبەریی و ئیبن‌هیشام و بوخاریی و ئیبن ئیسحاق. چەندانی تر. کە هیچکامیان خەڵکی جەزیرەی عەڕەبیی نین، وەک ئەوەی کامێڕای شارەوەیان لەسەر ژیانی سات لەدوای ساتیی محەمەدو ئەسحابەکانی دانابێت، کەوتنە نووسینەوەی سیڕەی نەبەویی و چی کردووەو چی گووتووەو چی خواردووەو چۆن هەڵس وکەوتی کردووەو چۆن خەوتووەو چۆن هەڵساوەو چۆن وەحی بۆهاتووەو هەموو ئەو ڕوداوانەیان خاڵ بەخاڵ، چۆن و بەپێی کام بەڵگەی مێژوویی نووسیوەتەوە .. !؟
لەکاتێکدا مێژوو نووسان باس لەوە دەکەن، کە شاریی مەککە، وەک شاری زێدی محەمەدو شاری ستڕاتیجی و بازرگانی و شاری کەعبە و بتەجۆراوجۆرەکان لەوسەردەمەدا، هەر بوونی نەبووە.
تەنانەت لەو شارەدا و لەناو مەتحەفەکانی سعودیەشدا هەتا ئێستاش، ئاسەوارێک لەبوون و جێپەنجەی محەمەد وەک پێغەمبەرێک کە لەو شارەدا سەری هەڵدابێت و وەک پاشماوەی مێژوویی جگە لە قالەو قیلە ی عەن فڵان وعەن فڵان، هیچی تر هەر بوونی نییە!
مێژوو نووسان باس لە مێژووی ئیسلام وەک ئاینێکی دروستکراو لە سەردەمیی عەباسیەکانەوە دەکەن!
تەنانەت لەسەر دەمی مەعاویەی یەکەمین خەلیفەی دەوڵەتی ئەمەویی و دامەزرێنەریی ئەو دەوڵەتەدا، دراوە بەجێماوەکانی وەک بەڵگەی مێژوویی لەبەردەستی مێژوو نووسان و لێکۆڵەرەوەکانیدان، ڕەمزەکانی ئەو سەردەمەو شوێنەوارەکان نیشانەی خاچی مەسیحیان بەسەرەوەیە و هیچ نیشانەیەک لەبوونی ئیسلام ومحەمەددا، بوونی نییە، تەنانەت لەسەر دراوەکانی، تەنها شیعاریی، ” لا اللە اللە وحدە لاشریک لە” بەدیدەکرێت، نەک ناوی ئیسلام محەمەد!
خۆ ئەگەر ، وەک توراسیی ئیسلامیش، چاو لەو مێژووە بکرێت، کە لەسەر دەستی موفەسیرەکانی تۆمارکراوە، پڕیەتی لەئەزمە و بکوژەو ببڕە! ماکڕۆن سەرۆکی فەڕەنسا نەک هەر بووختانی بۆ هەڵنەبەستوون، بەڵکو لەئاست ئەو مێژووە پڕ لە کوشتارو داگیرکاریەو کردەوەکانیشیان لەم وڵاتەدا، هەتا ئاستێک نەرمیشی نواندووە!
ئیسلام و مێژووەکەی بەپێی خودی سەرچاوەکانی خۆیان، ئەوەندەی لەناو خۆیاندا لەسەر دەسەڵات و ململانێی قەبیلەیی و ناوچەیی لە ئەزمەدابوون، هێندە بۆ دەورو بەریان سەرچاوەی ئەزمە نەبوون!
هەر لەدوای مەرگی محەمەد،ململانێی نێوانیان لەسەردەسەڵات هێندە بەتووندی دەستپێدەکات، کە تەنانە جەنازەی پێغەمبەرەکەیان لەناو گەرمای بەهاری سعودیەدا، بیردەچێتەوەو کۆچکردوانی(مهاجرین) هاوشانی محەمەد لەلایەک لەنێوان خۆیانداو لایەنگرانی محەمەد (انصارین) کە لەمەدینەدا لەهەردوو هۆزی ئەوس وبەنی خەزڕەج پێکهاتبوون لەگەڵ کۆچکردواندا لەلایەکی تر، کە لەپەوەند بەم باسەش ڕوداوی بەنی سەقیفە لەسەرلاپەڕەی مێژوویاندا زۆر باسیی لێوەدەکرێت.
هەر بەپێی سەرچاوەکانی توراسیی ئیسلامی، عوسمان، سێیەم خەلیفەی ڕاشیدەین، کەیەکێکە لەمژدە پێدراوەکانی بەهەشت لەتەمەنی ٨٦ ساڵیدا، لەلایەن موسوڵمانان خۆیانەوە لەڕاپەڕینێکدا، دەکوژرێت و تەنانەت سەرچاوەکانی خۆیان لەزاریی دایکیانەوە عایشە دەگێڕنەوە، کە گووتویەتی،” اقتلوا نعثلا نعل اللە نعثلا” واتە ئەو کەمتیارە “کەفتیارە” بکوژن، نەعلەتی خوا لەو کەمتیارەبێت! دواییش ناهێڵن لە قەبرەستانی خۆشیاندا بینێژن و لەقەبرەستانی یەهودیەکاندا بەناوی (حش کوکب)دا نێژراوە.
دواتر عەلی، چوارەم خەلیفەیان، کە ئەویش یەکێکی دیکەبوو لەمژدە پێدراوەکانی بەهەشت، هەر بەدەستی موسوڵمانان(خواریج) دەکوژرێت.
حوسێنی کوڕی عەلی و نەوەی محەمەد، بەدەستی موسوڵمانان سەریی دەبڕدرێت.
وەحەسەنی کوڕی عەلیش، هەر بەدەستی موسوڵمانان ژەهر خواردوو دەکرێت و دەکوژرێت.
وەهەروەها هەر یەکە لەدوو مژدەپێدراوی دیکەی بەهەشتیش، بەناوی تەلحەو زوبێر، لە شەڕی جەمەلی نێوان عایشەو عەلیدا دەکوژرێن.
وەهەروەها لەشەڕەکانی بەناوی شەڕی سەفینی نێوان عەلی ومەعاویەدا، دەوترێت حەفتا هەزار موسوڵمان کوژراوە.
لیستی ئەم جەنگ و کوشتارە ناوخۆییە، بەپێی سەرچاوەکانیان، درێژدەبێتەوە کە هەتا ئێستاش ناکۆکیەکانی نێوان شیعەو سونە بەردەوامەو کەتەنیا لەعێڕاقدا، بەهەزاران مرۆڤ تەنیا لەسەر ناوی عەلیی و عومەر تێداچوون .
هەموو ئەو مەزهەبە جۆراوجۆرانەی کە لەبەرەنجامی ئاڵۆزیی و بێسەرو بەرەیی قوڕئان و ناکۆکیە قوڵەکانی نێوان تێکستەکانی قوڕئان خۆیان و حەدیسەکانی محەمەددا، سەریان هەڵداوەو وایکردووە هەریەکەی بەجۆرێک تەئویل وتەفسیر، بۆ ئایەتەکان بکات، کە تەنها لەناو سوننەدا، مەزهبەکانی وەک حەنەفی، مالیکی، شافیعی، حەنبەلی، بوونیان هەیەو لەناو شیعەکانیشدا، جەعفەری، ئیسماعیلی، زەیدیی..بوونیان هەیە.
لەشوێنێک، بەناوی خوداوە دەوترێت، ، “لکم دینکم ولي دین” دینی خۆتان بۆ خۆتان و دینی منیش بۆ من…لە جێگایەکی تردا، هەر بەناوی ئەم خودایە دەوترێت، قاتلوا الذین لایومنون بالله ولا بالیوم الاخر ولا یحرمون ماحرم الله ورسوله …واته شەڕی ئەوانە بکەن کە بڕوا بەخوداو ڕۆژی قیامەت ناهێنن، وەئەوەی خوداو پێغەمبەرەکەی بەحەرامیان داناوە و بەحەرامی نازانن و پەیڕەوی دینی ڕاستی نابن، وەشەڕی ئەوانە بکەن کە خاوەن کتێبن واتە یەهودیی و مەسیحیەکان، هەتا ناچاردەکرێن بە ملشۆڕی وزەلیلی وڕیسوایی غەڕامەدەدەن.
یان، هەر بەناوی خوداوە دەگوترێت:-“لااکراە فی الدین” واتە گیانی ڕق و قین لە جیاوازیی بیرو باوەڕی دیندا نابێت هەبێت! هەر بەناوی هەمان خوداوە، لەجێگایەکی تردا دەوترێت:-“و من یبتغ غیر الاسلام دینا فلن یقبل منە.” واتە جگە لەدینی ئیسلام هیچ دینێکی دیکە مایەی قبوڵکردن نییە!
یان هەر بەناوی ئەم خودایەوە دەوترێت:- “انما جزاء الذین یحاربون الله ورسوله ویسعون فی الارض فسادا ان یقتلوا او یصلبوا او تقطع ایدیهم وارجلهم من خلاف…” واته سزای ئەوانەی بەرامبەر خوداو پێغەمبەرەکەی دەبنەوەو هەوڵ دەدەن لەسەر زەویدا فەساد بڵاو بکەنەوە، دەبێت بکوژرێن ولەخاچبدرێن و دەست و قاچیان لەڕاست وچەپەوە ببڕدرێتەوە.
یان هەر بەناوی ئەم خودایە دەوترێت، کە : “من خیر الماکرین” واتە لە باشترینی تەڵەکە بازانە!
ئایا هەر بەڕاستیی موسوڵمانی کورد زمانی ئازیز، ئەم تێکستانەی قوڕئان، کە لە جەوهەرو ناوەرۆکی خۆیاندا، لەهەندێک جێگادا لەگەڵ یەکتر ناکۆکن و لە هەندێک جێگادا، قسەو لێدوانێکی زۆر بازاڕین، وەک تێکستی، لەباشترینی حۆقەبازو تەڵەکەبازانە، یان کە پڕیەتی لە شێوازیی کوشتنی زۆر دڕندانە، کە بڕواناکەم ئەگەر بەبەرچاوی زۆربەتانەوە، بەشێوەی عەمەلی کەسێک هەر چەند لەڕوانگەی تۆشەوە تاوانباربێت، بتوانیت بەرگەی تەماشاکردنی بگریت، بەتایبەت لە خاچدانی کەسێک و بڕینەوەی دەست وقاچەکانیی… ئەمەو سەدان تێکستی قوڕئانیی پڕ لە توندو تیژیی و هاندان، بۆ کارێک کە لەبناغەدا، بۆخۆی بڵاو کردنەوەی فەسادو خراپەکارییە، وەک ئەوەی لە شەنگالدا بینیمان لەژێر کاریگەریی ئەم مێژووەدا داعش، چجینایەتێکی وەحشیگەریانەی لەبەرامبەریاندا ئەنجامدا!
خۆت داوەربە، ئەگەر ئەمە ئەزمە نەبێت، چی تر لەم جیهانەدا ناودەنێیت، ئەزمە!

تاهیر عیسا
27.10.2020

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish