زمان و پۆشاک؛ سەنگەرەکانی مانەوە لە بەردەم هەژموونی سڕینەوەدا.. نووسینی: گەیلان محمد
نەتەوەی کورد لە مەودایەکی مێژوویی پڕ لە هەوراز و نشێودا، هەمیشە لە هەوڵی پاراستنی ناوکەبنیاتی ڕەسەنایەتیی خۆیدا بووە. لەم کاروانە پڕ لە ئاستەنگەدا، زمان تەنها ئامرازێکی پەیوەندیی وشک نەبووە، بەڵکو وەک کۆڵەکەی سەرەکیی ناسنامە و گەنجینەیەک دەرکەوتووە کە فۆرم و مۆڕکی تایبەتی بە عەقڵییەتی کوردی بەخشیوە. زمان لێرەدا ئەو “ماڵە مەعنەوییە”یە کە تاک و کۆمەڵگەی کوردی تێیدا پەناگیر بوون بۆ ئەوەی لە بەردەم تەوژمە توندەکانی مێژوودا نەپوکێنەوە.
هاوتای زمان، جلوبەرگی کوردیش وەک زمانێکی بینراو و هێمایەکی کولتووریی زیندوو خۆی دەنوێنێت. پۆشینی ئەم بەرگە، تەنها هەڵبژاردنی ستایلێکی پۆشاک نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی “هەبوون” و پەیڕەوکردنی فەلسەفەی مانەوەیە لە فەزایەکی گشتیدا کە زۆرینەی جار هەوڵی پەراوێزخستنی دراوە. بۆ تاکی کورد، ئەم پۆشاکە جەختکردنەوەیە لەو ڕاستییەی کە جیاوازیی کولتووری، نەک تەنها ماف، بەڵکو جوانییەکە لە پێکهاتەی بووندا.
لەلایەکی دیکەوە، هەڵکەوتەی جوگرافیی کوردستان لە نێوان سێ هەژموونی باڵادەستی ناوچەکە (عەرەب، تورک و فارس)، کاریگەریی قووڵی نەرێنیی لەسەر ژێرخان و سەرخانی ئەم نەتەوەیە بەجێهێشتووە. نەتەوەی کورد لەژێر سایەی ئەم فشارە سیاسی و کولتوورییانەدا، ڕووبەڕووی پڕۆسەیەکی بەردەوامی “داسەپاندنی کولتووری” و “سڕینەوەی ناسنامە” بووەتەوە.
ئەم نەتەوە باڵادەستانە لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیا، نکۆڵیکردنی ڕەها و هەژموونی مێژووییەوە، هەوڵی جۆرێک لە “داگیرکردنی عەقڵی و دەروونی” تاکی کوردیان داوە. ئەم کاریگەرییە نەرێنییانە تەنها لە داگیرکردنی خاکدا کورت نابنەوە، بەڵکو دزەیان کردووەتە ناو قووڵایی زمانی کوردی و بێژمارە وشە و چەمکی نامۆیان بەسەردا سەپاندووە بە مەبەستی شێواندنی پەتیبوونی زمانەکە. گەورەترین زەبری ئەم هەژموونە، هەوڵدان بووە بۆ وێناکردنی کورد وەک “پاشکۆ” یان “کەمینەیەکی بێ مێژوو”، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر متمانەبەخۆبوونی نەتەوەیی هەبووە و پڕۆسەی گەیشتن بە “خودی سەربەخۆ”ی دواخستووە.
پاراستنی زمان و پۆشاک، لە ڕاستیدا پاراستنی دواین سەنگەرەکانی ئەو خودە سەربەخۆیەیە کە پێویستە لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی سڕینەوەدا بە زیندوویی بمێنێتەوە.
نووسینی: گەیلان محمد / قوتابی زانکۆ
