(ئەو شاعیرانەی چیرۆك دەنووسن) و تەنگوچەڵەمەی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە*.. سەڵاح شوان
لێشاوی ئەدەبی نوێمان وا بۆ دەساڵ دەچێت بەرپابووە, تاکو ئێستایش کەفوکوڵی, ئەگەر لە زیادییشدا نەبێت، بەرەو نیشتنەوەیش نەچووە، ئەمەیش بێگومان سەرەڕای ئەوەی دەورێكی ئێجگار گەورەی لە پەرەسەندنی ئەدەبەکەماندا هەبووە و هەیە، بەڵام هەرگیزیش لە لایەنی بێسوود و بگرە تا زیانبەخشیش خاڵی نییە.
یەكێك لەو لایەنە زیانبەخشانەی ئەم لێشاوەیش نیمچە دیاردەیەکە جاروبار بەئاستەم و هەندێك جاری تریش زۆر بە زەق و ناهەموار دەردەکەوێت, لەو ئاوماڵکە دەچێت کە بەدەم ئاوێكی خوڕەوە هاتووبێت و هەندێك جار ئەوەندە پووش و پەڵاشی بێڕەگ و ڕیشە لە خۆی کۆبکاتەوە، کە مەترسیی ئەوەی لێبکرێت ئەو ئاوە خوڕە بپەنگێنێتەوە و لە ئاوەڕۆگەکەی خۆی دەری بکات و بەلایەکدا بیبات زیانی لە قازانجی زیاتر بێت، بۆیە پێویستی بە پاککردنەوە دەبێت. ئەم نیمچە دیاردەیەیش جۆرە نووسینێکە جاروبار بە ناوی (ڕەخنە) و هەندێك جاری کەمتریش بە ناوی(لێکۆڵینەوە)وە بەرچاو دەکەون.
ئەمجۆرە نووسینە ئەگەرچیش ڕووی کردووەتە مەیدانی ئەدەب، بەڵام حەقیقەتەکەی ئەدەب نییە و لە ناچارییە. چونکە ئەدەب ئەوەندە بەربڵاوە، دەکرێت بە بیانووی “ناوەڕۆك”ـــەوە ئەو جۆرە نووسینانە وا پیشان بدرێن کە دەربارەی ئەدەبن. زیاتریش لەبەر ئەوەی ئەدەبی هەندێك نەتەوەی تر لەبەر هۆی جیا لەمەی ئێستای ئێمە شتی وەهایان بە خۆیانەوە دیوە، بەڵام گشت ئەو ڕێیانەیش هەر بۆ بانە دەچن و هەر لە یەك قۆڵیشەوە ڕووی تێدەکەن، کە ئەویش ئەرکی ڕۆژانەی ئەدەب و ئاڕاستەکردنێتی بۆ خزمەتی ئەو فیکرەی ئەوان بانگی بۆ هەڵدەدەن. تەنانەت لە هەندێك شوێن و کاتیشدا ئەم بۆچوونانە وایان لە ئەدەب ویستووە ببێت بە سوخرەکێشێكی بێدەسەڵات و کەرەستەیەکی بێگیانی پڕۆپاگەندە، بەمەیش ئەدەبی هەندێك لەو نەتەوانەی تووشی ئەم دەردە هاتوون، وایان لێهاتووە بە چەندین قۆناغ لە پلەکەی پێشوویان دوابکەون. ئەدیبە ڕەسەنەکانیشیان تووشی بارێكی دوو سەرەی ناهەموار بوونە, یان مۆری ناپاکیی پێوەنان و پاراستنی داهێنانەکانیان و یانیش سەرشۆڕکردن بۆ (توانەوە) و نووسین بە پێی پێوانە و کێشانە بەزۆر سەپێنراوەکان. کە ئەمیشیان بەلای زوربەیانەوە ئەوەندە گرانبووە پێیان نەچووەتەسەر و زیاتریش هەر بە خۆ لەناوبردن لەو دەردە ڕزگاریان بووە.(١)
بۆیە ئەم دیاردەیەی لای خۆمان شتێكی سەیر و دەگمەن نییە، بەڵام دڵنیام ئەم کردەوەیە لەگەڵ ئەدەبەکەی ئێمەدا ناگاتە ئەم ڕادەیە، چونکە ئاووهەوای وڵاتەکەمان بۆ ڕەگداکوتانی گشت ڕووەکێك دەستنادات، بە تایبەتیش ئەگەر دڕکوداڵێك بێت بەدەم بایەکی ناوەختەی لە دوورەوە هاتووەوە هاتووبێت.
بێگومان من لێرەدا مەبەستم نییە و نایشکرێت گشت لایەنێكی وەها دیاردەیەك ڕوونبکەمەوە و چاریشی بۆ دابنێم، چونکە ئەمە کاری تەنیا کەسێك و تەنیا نووسینێكی وەك ئەمەی من نییە و کاروانی ئەدەبەکەمان بە ڕەسەنایەتیی خۆی دەتوانێت – زوو یان درەنگ – چارەسەری بکات. بۆیە من هەر تەنیا گۆشەیەك دەگرم و ئەوەندەی لە بارمدا هەبێت ڕوونی دەکەمەوە.
*ئاشکراترین مۆرکی ئەم دیاردەیە مەسەلەی فیکرە لە ئەدەبدا، کە بێگومان مەسەلەیەکی بێبایەخ و کەم نییە، بەڵام بێگومانیشە کە دەوترێت فیکر لە ئەدەبدا، پەیوەندیی ئەم دوو لقەی ڕۆشنبیریی تاڕادەیەك دەستنیشان دەبێت، کە ئەویش مەسەلەی فیکرە وەکو بەشێك لەو کەرەستانەی ئەدەب بۆ زیاتر خۆ بەهێزکردن بەکاری دەهێنێت..ئەمە ڕێك وەکو ئەوەیش وایە بوترێت: کۆمەڵایەتی لە ئەدەبدا و دەروونناسیی لە ئەدەبدا و ئایین لە ئەدەبدا و فۆلکلۆر لە ئەدەبدا و..هتد. واتە گشتەکە ئەدەبە و ئەوانی تر بەش و لقە بەشن..باوەڕیش ناکەم پێویست بکات بڵێین لق و بەش هەرگیز ناشێت لەم مەسەلانەدا جێگای گشتەکە بگرنەوە بەبێئەوەی گشتەکە بشێوێت، یان ببێت بە بەشێکی تر..بۆ نموونە با بڵێین: ئەگەر هاتوو دەروونناسیی لە ئەدەبدا بوو بە گشت شتێكی ئەدەبەکە، ئیتر ئەدەبەکە لە ئەدەبیی دەکەوێت، ئینجا نووسینەکە با کێش و قافییە، یان مەنەلۆج و دیالۆجیشی تیا بێت..ئەمە دەربارەی کۆمەڵایەتیی و زانست و فیکر و گشت لقەکانی تریش لە ئەدەبدا هەر وەهایە، واتە ئەگەر ئەدەب تهنیا وەکو فیکر، یان هەر یەکێك لە بەش و لقەکانی تری سەیرکرا نرخە ئەدەبییەکەی نامێنیت و لە ئەدەبایەتیی دەکەوێت و نایش بێت بەوانەیش. هەروەهایش ناشێت پێودانگەکانی ئەدەب بەسەر یەکێك لەوانەدا بسەپێنین، با بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکانی خۆی پەنایشی بردووبێتە بەر ئەدەب..بۆ نموونە”فرۆید” لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر لە تیۆرەکانی لە ڕێگای ئەدەبەوە ساغکردووتەوە، بەڵام نووسینەکانی هەرگیز نەبوونە بە ئەدەب و هەر بە دروونناسیی ماونەتەوە. یان”زەردەشت وای وت”ی”نیتشێ”ی فەیلەسووف ئەگەرچیش لە شێوەی چیرۆك یان ڕۆماندا داڕێژراوە، بەڵام هەرگیز لەسەر ئەدەب دانەنراوە و ئەگەر وەکو ئەدەب سەیر بکرێت لە بەرهەمی ئەدیبێکی تازە پێگەیشتوو زیاتر نابێت.
ئەمانە بەدیهییاتن و هەر بۆ بیرخستنەوە و سوود وەرگرتن لەم نووسینەدا دەیانخەینە پێش چاو. ئەگینا باوەڕناکەم کەس هەبێت ئەوەندە خۆی گێل بکات داوا لە بولبول بکات فەردە گەنمی بۆ هەڵبگرێت و دەنگخۆشییشی لە گوێدرێژ بوێت!
*پەیوەندیی نێوان ئەدەب و فیکر پەیوەندییەکی – زیاتر لە گشت شتەکانی تر – پڕکێشەبووە و هەر لە سەرەتاوە بگرەوبەردەی زۆری لەسەر کراوە و دەکرێت. چونکە مەسەلەکە کێشەی نێوان دوو لای بەهێز و قووڵ و فراوانی ڕۆشنبیرییە و هەر لایەیش شۆڕەسواری خۆی هەبووە داکۆکیی لەسەر بکات و هەوڵبدات ئەو لایەکەی تر بۆ سوودی خۆی دەستەبەر بکات. بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی هەردوو زیاتر هەر یەك کەرەستە بۆ بەدیهێنانی مەبەستەکانیان بەکاردەهێنن، کە ئەویش زمانە.
بەڵام لەبەر ئەوەی ئەدەب هونەرە و هونەریش لە ڕووی کاتەوە زۆر پێش فیکر و فەلسەفە کەوتووە و فراوانتر و قووڵتریش ڕەگی لە ناخی مرۆڤایەتییدا داکوتاوە، بۆیە فیکر و فەلسەفە بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی خۆی پەنای بردووەتە بەر ئەدەب و هەر کە ئەدەب بە هانای نەهاتووبێت و لە قاڵبەکانی فراوانتر بووبێت و پەلوپۆی بڵاوتر هاویشتووبێت، فیکر ویستوویەتی بە جۆرێك ئاڕاستەی بکات بشێت ببێت بە کەرەستەیەك بۆ چەمکەکانی.
لێرەیشەوە کێشەیەك سەریهەڵداوە کە زیاتر کێشەی نێوان دەستەمۆکەر و دەستەمۆنەبوو بووە. تەنانەت ئەم کێشەیە لەلای هەندێك لە خاوەن بیران و فەیلەسووفە وشکەکان بووە بە هۆی پێکدادان و ساردەجەنگ. بۆیە دووهەزار ساڵ زیاترە”ئەفلاتوون”ی فەیلەسووف هیچ چارێكی نەماوە لەوە زیاتر کە شاعیران لە کۆمارە داتاشراوە هەرگیز بەدینەهاتووەکەی دووربخاتەوە و وەرزشەوانەکانی لەوان پێ پەسەندتر بێت. نەك تهنیا لەبەر ئەوەی وەرزشەوانەکان لە شاعیران بە پیل و بازوو و بەکارترن، بەڵكو لەبەر ئەوەیش شاعیران بیر و هۆشی خەڵكیش والێدەکەن بە یاسا و ڕێژیمی کۆمارەکەی دانەکەون..”چیخۆف”یش وەکو ئەدیبێكی داهێنەری مەزن لەم بگرەو بەردەیەدا بەشداریی کردووە و دەڵێت:”فیکر بدەرە لاوە..چ سوودێكی هەیە؟! ئێمە پێویستە لەسەرمان ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە دەربارەی ئەو شتانە بنووسین کە دەیانبینین و هەستیان پێدەکەین”(٢) ئەم وتەیە بە دەمی پاڵەوانی بەرهەمێكەوە نەوتراوە تا بڵێین مەرج نییە ڕای نووسەرەکە خۆی وابێت، بەڵكو لە گفتوگۆیەکدا دەربارەی ناوەڕۆکی چیرۆك وای وتووە. ئاشکرایشە “چیخۆف” ئەدەب بە زادەیەکی ڕەسەنی ژیان دەزانێت و لە کاروباری ئەقڵیی ڕووت جودای دەکاتەوە. بەڵام هەر بە بۆچوونە هونەرییەکەی خۆی لێكیشیان دانابڕێت و خاوەن بیر و فەیلەسووفان لە دنیاکەی خۆی دەرناکات، چونکە دەزانێت ژیان لەوە فراوانترە لە جێگای یەك لا زیاتری تیا نەبێتەوە. ئەمەیش جیاوازیی نێوان بۆچوونی بەربڵاوی پەلکەڕەنگینەئاسای ئەدەب و بۆچوونی وشکی لە قاڵب دراوی فەلسەفەیە، بۆیە دەڵێت:”من چونکە دەژیم و بیردەکەمەوە و لە کێشە و ئەندێشەدام، دیارە گشت ئەو شتانە لە نووسینەکاندا ڕەنگدەدەنەوە، ئیتر ئەگەر نووسەرێكی بەهرەمەندبم چ پێویستییەکم بە وشەی(فیکرە) و (نموونە)هەیە؟خۆ من نە مامۆستا و نە شێخ و نە پیاوی پڕۆپاگەندەنیم. من ڕاستگۆیانە وێنەی ژیان دەکێشم”(٣) ..ئینجا ئەگەر بزانین هەردوو وشەی”فیکرە” و “نموونە”وشەی “ناوەڕۆك”ی ئێستا دەگرێتەوە، بە تەواوی مەبەستەکەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
بەلای منەوە گشت ئەدیبێكی ڕەسەن ئەگەر وایشی نەوتووبێت، بە ئەدەبەکەی هەر ئەمەی چەسپاندووە، چونکە وەکو چۆن هیچ ئەدیبێك فیکرێكی دانەڕشتووە، ئەوهایش هیچ فیکرێك ئەدیبێكی ڕەسەنی دروست نەکردووە. بەڵام ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت ئەدیبە ڕەسەنەکان سەر بە هیچ فیکرێك نەبن و کەم تا زۆر تەعبیر لەو فیکرەیش نەکەن کە باوەڕیان پێیەتی. ئەگەرچیش زۆرجار هەبووە ئەدیبێك سەر بە فیکرێك بووە و بە ئەدەبەکەیشی شتێكی تری دەربڕیووە، باشترین نموونەی ئەمەیش”بەلزاك”ی سەر بە مەلیك و دارودەستەکەیەتی ، کە بە ئەدەبەکەیشی ڕوونترین شێوەی کێشەی نێوان ڕەنجدەران و چەوسێنەرانی کێشاوە…(٤) “یەسینین”یش دەربارەی خۆی بەدەم گۆڕهەڵکەنێکەوە دەڵێت:
لە ژیانیدا کەم بەدمەستیی نەکردووە
بەڵام هەرگیز نەیتوانیووە
پێنج لاپەڕە
لە”سەرمایە”بخوێنێتەوە.(٥)
ئینجا ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە ئەوەیە هەندێك لەو نووسەرانەی ئەو جۆرە بە ناو ڕەخنە و لێکۆڵینەوانە لای خۆمان دەنووسن بە خۆیان بزانن و نەزانن لە دانیشتوانی کۆمارێكی وەك ئەوەی”ئەفلاتوون”ن و دەیانەوێت ئەو ئەدەبەی لە قاڵبەکانیان زیاتر پەلوپۆی هاویشتووبێت و لەگەڵ ڕێژیم و پەیڕەوەکانیاندا نەگونجێت، کۆمار بەدەر و ڕیسوای بکەن جا بە هەر شێوەیەك و بە هەر نرخێك بێت.
*خاڵێكی تری گرنگیش لەم دیاردەیەدا مەسەلەی ناوی”ڕەخنە”و”لێکۆڵینەوە”یە و ئاشکرایشە ئەم دوو وشەیە لە ئەدەبەوە هەڵقوڵاون و بەشێکن لێی، ڕەخنەگرانیش هەمیشە بەوە ڕێزی خۆیان لە دڵی ئەدیبان و خەڵکیشدا چەسپاندووە کە شارەزایەکی تەواوی ئەدەبی زمانەکەی خۆیان و پاشانیش گشت ئەدەبی جیهانیی بوونە و بە تەواوی سەریان لە هونەرەکانی ئەدەب و وردەکارییەکانی بەرهەمی ئەدەبی دەرچووە، ئینجا سەرەڕای ئەمەیش ڕۆشنبیرێكی هوشیاری گشت کۆڕەکانی تری ڕۆشنبیریی بوونە. ئەوەی لە هەندێك لەو ڕەخنە و لێکۆڵینەوانەدا دەبینرێت کە من لێرەدا مەبەستمن، ئەوەیە هەرە چاکەکانیان باسی گشت شتێكی تیایە تهنیا ئەدەب نەبێت! خۆ ئەگەر بڵێین پەنا دەبرێتەبەر گشت ئەو شتانە بۆ تیشك خستنە سەر ئەدەبەکە، وەهایش نییە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەدەبەکە تهنیا کەرەستەیەکی بە سوخرە گیراوە بۆ ئەو مەبەستانەی تر، جا ڕەوابن یان ناڕەوا.
بەڵام هەندێكی تری – وەکو لەم نموونەیەی دەیخەینە پێش چاو-لە چەند کلیشە و وتەیەکی سواو زیاتر، کە وەکو قەوانی شکاو دووبارە دەبێتەوە، هیچی تری تیا نییە. ئەمەیش دیاردەیەکە کۆمەڵێك هۆی جیاجیای هەیە، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوەیە”نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب”لەم سەردەمە جەنجاڵ و زۆر لایەنەدا کە زیاتر پێویستی بە خۆتەرخانکردن هەیە، باوی نەماوە و هەندێك لە قەسابەکان لەبەر هەر هۆیەك بێت بە خۆیان و کێردەکانیانەوە ڕوویان کردووەتە تەنووربانە سپییەکەی ئەدەبەکەمان و بە شێوەی پێشووی خۆیان ڕەفتار لەگەڵ نانی ئەدەبەکەماندا دەکەن.
دوای ئەم پێشەکییە گشتیی و ئێجگار کورتە, حەزدەکەم چەند خاڵێك دەربارەی ئەم نووسینەی خۆم بخەمە پێش چاو:
١ـــــ بە شێوەیەکی گشتیی بەرپەرچەکانم بە پێی ڕیزی نووسینەکەی نووسەر دەبێت، جا لەبەر ئەوەی ئەو هیچ مەنهەج و هێڵ و گونجاندنێکی بەکارنەهێناوە، بۆیە ئەمەی منیش تهنیا بریتییە لە چەند خاڵێكی جیاجیای لێرە و لەوێ.
٢ـــــ شیکردنەوەی ئەو چیرۆکانەی نووسەر باسی کردوون و خۆدان لە لایەنە هونەرییەکانیان زۆر بە کورتی و بە شێوەیەکی گشتییە و هەر تهنیا بۆ دەرخستنی ڕاستی و ناڕاستی و ڕوونکردنەوەیە.
٣ـــــ بە پێی توانا هەوڵم داوە بۆچوونەکانی خۆم بە وتە و نموونەی گەورە ئەدیبانی دنیا پاڵپشت بکەم، بۆ ئەوەی نەوترێت منیش قسە لە گیرفانی خۆمەوە دەردەهێنم و بە پێی بۆچوونی نەشارەزایانەی خۆم شتەکان لێك دەدەمەوە.
٤ـــــ دواییش ئەم گفتوگۆیە خاڵ بە خاڵ و هەنگاو بە هەنگاوی نووسینەکەی نەگرتووەتەوە، بەڵكو زیاتر شتە سەرەکیی و زەقەکانی گرتووەتەوە.
ئینجا با بە نموونەیەکی بچووکی لەو جۆرە ڕەخنانەدا بچینەوە کە ئەویش نووسینێکی”حەمەسەعید حەسەن”ــــە بە ناونیشانی “ئەو شاعیرانەی چیرۆك دەنووسن”(٦)
*بەر لە گشت شتێك ئەوەندەی من ئاگام لێبێت ئەم ناونیشانە پڕۆژەیەکی چیرۆکنووس “ڕەئووف حەسەن” بوو، لە کاتی خۆیدا هەندێك سەرنجیشی دەربارەی ئەم پڕۆژەیە بۆ من و چەند هاوڕێیەکی تریش باسکردووە..بەڵام هەرگیز سەرنجەکانی ئەو لەم نووسینە نەدەچوون.
*”حەمەسەعید”پاش سەرەتایەکی کورت دێتە سەر”کۆمەڵێ لەو چیرۆکانەی لەدوای ١٩٧٠وە بڵاوکراونەتەوە و نووسەرەکانیان شاعیرن”.(٧) یەکەم کەسیش “دڵشاد محەمەد ئەمین”ی شاعیر و چیرۆکنووسی هەڵبژاردووە و هەر خۆیشی دەڵێت:”دڵشاد شاعیرە، بەڵام چیرۆکنووسێكی بە تواناشە”. کەوابوو “دڵشاد”لەو شاعیرانە نییە کە جاروبار چیرۆکیش دەنووسن، بەڵكو سەرەڕای شاعیرێتییەکەی چیرۆکنووسیشە و بە پێچەوانەی ئەوانی تریشەوە دوو کۆمەڵە چیرۆکیشی بە ناونیشانەکانی”بە پەنجەکانم دەتبینم”و”دێر یاسین”ـــەوە لەچاپ داوە، ئەمە لەکاتێکدا هەندێك لە چیرۆکنووسەکانیشمان ئەمەیان نییە. بەمەیش لەوانی تر جودا دەبێتەوە و ناکەوێتە ژێر ناونیشانی نووسینەکەوە.
*نووسەر یەکەم چیرۆکیش”بووکەخان”ی هەڵبژاردووە، کە “محێدین زەنگنە”یش لە ژمارە”٤٥”ی گۆڤاری “ڕۆشنبیری نوێ”دا کورتە ڕەخنەیەکی بە زمانی عەرەبی لەسەر ئەم چیرۆکە نووسیوە لەگەڵ چوار چیرۆکی تردا، کە لە ژمارەی پێشووی ئەو گۆڤارەدا کرابوون بە عەرەبی و بڵاوکرابوونەوە.(٨) “حەمەسەعید”ئەگەرچی هەر ئەو شتانەی “محێدین زەنگنە”ی بە سەروگوێ شکاوی، یان بە ئاوەژووکراوی وتووەتەوە کەچی هیچ پەنجەیەکی بۆ ئەو نووسینە درێژنەکردووە!
*ئاشکرایشە ئەوەی “محێدین زەنگنە”ناوی”چەند سەرنجێکی خێرا”ی لێناوە زۆر وردتر و قووڵتر و تەنانەت بە قەوارەیش لەمەی ئەم زیاترە کە ناوی”لێكۆڵینەوە”ی لێناوە!
*جگە لەمانەیش”حەمەسەعید”ئەو چیرۆکە وەکو چیرۆکێكی پەروەردەیی لە قەڵەم دەدات، بەمەیش گیانی چیرۆکەکە-کە دراماییەکەیەتی-لە ناخەوە دەردەهێنێت، ئەمە بەلای خۆیەوە پێیاهەڵداوە!
*”حەمەسەعید”ڕای وایەکە”یەکێ لە مەرجەکانی چیرۆکی سەرکەوتوو ئەوەیە تا ماوەیەکی دوورودرێژ لە یادی خوێنەر ناچێتەوە”..بێگومان ئەمەیش لایەنی کارتێکردن و تام و لەزەت و دەروون ورووژاندنەکەی هونەر دەگرێتەوە، کەچی هەر خۆیشی دەمێك نییە بەوە تانە لە “سامی شۆڕش”دەگرێت کە وتوویەتی:”شیعر لەززەتێكە لە سەرووی هەموو لەززەتەکانەوە”.(٩) قەیدی چییە. شتێكی چاکە و چیرۆك و گشت هونەرەکانی تریش ئەم لایەنە بەدی بهێنن، بەڵام ئەمە هەرگیز مەرجی چیرۆکی سەرکەوتوو نییە و دەشێت چیرۆکی وا هەبێت کە دەستت دایێ تا تەواوی نەکەیت وازی لێنەهێنیت و کەچی نە چیرۆکی چاك و نە سەرکەوتوویش بێت. جگە لەوەی ئەم مەسەلەیە پەیوەندیی بە کۆمەڵێك لایەنی هونەریی و فیکریی و دەروونیی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی و..شتی ترەوە هەیە و بەلای هەر کەسەوە بە جۆرێكە. بۆ نموونە چیرۆکە پۆلیسییەکانی”ئەگاسا کریستی”لەو چیرۆکانەن کە ڕەشە خوێنەر هەر ئەوەندەی دەستی دایێ تا تەواوی نەکات وازی لێناهێنێت و لە بەرهەمی تێکڕا گشت گەورە ئەدیبانی ئەم جیهانەیش لەناو زوربەی خوێندەواراندا بڵاوترن. چیرۆك و ڕۆمانەکانی”فرانسوا ساگان”یش لە فەرەنسادا لە گشت ئەوانی تر زیاتر دەخوێنرێنەوە. ڕۆمانی”باوکی ڕۆحیی”ی”ماریۆ پووزۆ”یش تا ئێستا زۆرترین دانەی لێ چاپکراوە و فرۆشراوە و ڕەنگە هەرگیزیش لە بیری هیچ خوێنەرێك نەچێتەوە، بەڵام ئەمانە لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ نرخێكی ئەوتۆی نە ئەدەبیی و نە هونەریی و نە فیکریی و نە هیچی تریان نییە. بە پێچەوانەیشەوە زۆر لە شاکارە جیهانییەکان هەن بە کەم کەس دەخوێنرێنەوە، وەکو ڕۆمانی”گەڕان لە کاتە ونبووەکە”ی”مارسیل پڕوست”و ڕۆمان و زۆربەی چیرۆکەکانی “جێمس جۆیس”و چیرۆك و ڕۆمانەکانی”ئالان ڕۆب-گرێ”و..زۆری تریش. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەر لە بنەڕەتدا کەم کورتە چیرۆك هەیە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ لە بیری خوێنەردا بمێنێتەوە، چونکە کورتە چیرۆك وەکو چەشن خۆی ئەو توانایەی زۆر کەمە و ئەم قسەیە تۆزێك زیاتر بۆ ڕۆمان دەستدەدات.
نووسەر بۆ نموونەی ئەم قسەیەی”کوێرەوەری”(١٠)دەهێنێتەوە..ئەوی ڕاستی بێت من بۆ ئەم نووسینە بەو چیرۆکەدا چوومەوە، بەڵام کەس سوێندی لەسەرم نییە، تا تەواوم کرد چوار پێنج جار لاپەڕەکانیم هەڵدەدایەوە بۆ ئەوەی بزانم چەندی ماوە تەواو بێت. من ناڵێم ئەو چیرۆکە لە کاتی خۆیدا پڕ بە پێستی سەردەمەکەی نەبووە، بەڵام ئێستا”تهنیا چمکێکە لە مێژوو، مەگەر بایەخی سەرەکی چیرۆکەکە لەمەدابێ. دەنا ئەو واقیعە ئێستا نموونەی نەماوە و ئەگەر مابێتیش شێوەیەکی زۆر جیاوازی وەرگرتووە و تەواو گۆڕاوە”(١١)ئەم وتەیەی “حوسێن عارف”لێرەیشدا پڕ بە پێستێتی. دەربارەی ئەو جۆرە شێوەیەیش، “محێدین زەنگنە”دەربارەی چیرۆکی “خازێ”(١٢)، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ”کوێرەوەری”دا نییە، دەڵێت:”..نموونەیەکی دواکەوتووی نووسینە.. تهنیا ئەو مێژووەی هەڵیگرتووە، ئەگەر بە هانای بێت، وای لێداکات ناوی چیرۆکی لێبنرێت..چونکە سەر بەو سەردەمەیە کە هێشتا سنووری نێوان چیرۆك وەکو هونەر و چیرۆك وەکو وتارێكی ئینشایی(اصلاحي)ڕوون نەبوو بووەوە”.(١٣) بەمەیشدا دەردەکەوێت”حەمەسەعید”بە چێژ و بە بۆچوونیش لەگەڵ ئەو هەنگاوە پێشکەوتووانەی ئەمڕۆی هونەری چیرۆکنووسین و بگرە ژیانی پێشکەوتوویشدا نییە، بۆیە هیچ نموونەیەکی نوێ، یان نەمری نەهێناوەتەوە. هێنانەوەی ئەم نموونەیەیش دیارە پەنجە درێژ کردنێکە بۆ نووسینی چیرۆکی وەها، کە”..لە ئاستی تەکنیکی تازەدا ئەو بایەخەی نەماوە و بەکارهێنانی لە ئێستادا جۆرێكە لە دواکەوتن لە کاروان”.(١٤)
*”حەمەسەعید”لەمسەر تا ئەوسەری نووسینەکەیدا ئەوەندەی پێی بکرێت خۆی لە لایەنە هونەرییەکانی چیرۆکەکان پاراستووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کە بە چەند قسەیەك ئەم چیرۆك بە سەرکەوتوو ئەوی تر بە سەرنەکەوتوو لە قەڵەم دەدات، بە بێئەوەی بە هیچ بەڵگەیەك ئەو ڕایانەی بچەسپێنێت، یان ئەو سەرکەوتن و نەکەوتنە دەربخات..دەڵێم لەگەڵ ئەوەیشدا-وەکو لەمەودوا ڕوونی دەکەینەوە-لە زوربەی بۆچوونەکانیدا بە هەڵەدا چووە.
بۆ نموونە دەربارەی چیرۆکی”محازەرەیەك دەربارەی کورتە چیرۆك و سۆ وەت”(١٥) دەڵێت:”..ئەو شێوە تەکنیکەشی دڵشاد فیکری چیرۆکەکەی پێ دەربڕیووە شێوەیەکی تازەی تایبەتە بە دڵشاد و..هتد”. کامە شێوە تەکنیك؟ سیمای ئەو شێوەیە چییە؟ کامانەن ئەو بناغە تەکنیکییانەی كاك”دڵشاد”چیرۆکەکەی پێ دەربڕیووە؟ تازەیی و تایبەتییەکەی لە چی و لە کوێدایە؟..هتد. نووسەر خۆی لە هیچ یەكێك لەم پرسیارانە نەداوە. بۆ نموونەی بە هەڵەدا چوونەکانیشی، سەرەڕای ئەوەی دەربارەی درامییەتە بە پەروەردەیی کراوەکەی چیرۆکی “بووکەخان”وتمان، لێرەیشدا کە بە”..سۆ وەت”دا زیاتر لە”بووکەخان”هەڵدەدات، هەر بە هەڵەداچووە و ڕایەکەی بە پێچەوانەوەیە! چونکە”..سۆ وەت”جگە لەوەی هەمووی بە”دیاڵۆگ”داڕێژراوە، تهنیا چەند دێڕێکی سەرەتاکەی و کۆتاییەکەی نەبێت، سەرەتاکەیشی تووشی ڕیپۆرتاژکاریی هاتووە، بەوەی باسی هونەری کورتە چیرۆك دەکات، ئینجا با چیرۆکەکە بە دەمی مامۆستایەکەوە بێت و جێگایش ژووری موحازەرەی کۆڵیجێك بێت. “دڵشاد”خۆیشی هەستی بەمە کردووە و لە ناونیشانەکەیدا ئیشارەتی داوەتێ کە نووسیویەتی:”محازەرەیەك دەربارەی کورتە چیرۆك و…”بەڵام”بووکەخان”:”بینایەکی هونەریی کۆکی هەیە..چونکە هۆ ئەنجامی لێدەبێتەوە و..ئەنجامیش دەبێتەوە بە هۆ بۆ ئەوەی ئەنجامێکی تری لێببێتەوە، بەمجۆرە حیکایەتی چیرۆکەکە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی پەرەسەندنانەی جەدەلییانەدا بە ڕێچکە درامییە توند و تیژەکەیدا دەڕوات..تا دەگاتە ئەنجامەکەی..”.(١٦)
*نووسەر هەرچەند خۆی لە قەرەی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبیی نەداوە و زیاتر پەنای بردووەتە بەر ئەو قسانەی کە هەر بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کاری ڕۆژانەی ئاڕاستەکراو دەست دەدەن، نەك بۆ ئەدەبێكی نەمر و بە پێز..بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کارەکەی بۆ نەچووەتە سەر و لە هەر شوێنێکدا زانیبێتی ڕاستیی بەرهەمەکان لەگەڵ بڕیارە پێشوەخت دراوەکانی خۆیدا ناگونجێن، دەستی کردووە بە بۆهەڵبەستن-وەك لێرەدا و دواییش ڕوونی دەکەینەوە-، دیارە ئەمەیش بە مەبەستی زڕاندنی ناوی هەندێك لەو ئەدیبانەیە.
*نووسەر دەربارەی چیرۆکی”کڵاوقووچ”(١٧)ی “شێرکۆ بێکەس”ئاوەها دەست پێدەکات:”ئافرەتێكی قەیرە کە (ڕێزپەڕیی!)هەیە و بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆشەکەی پەنا دەباتە بەر پشیلەیش..هتد”. من لێرەدا داوا لە خوێنەران دەکەم بگەڕێنەوە سەر ئەو چیرۆکە و جارێك و دوان و دەیش بیخوێننەوە و بزانن ئەم قسەیە ڕاستە، یان وەك وتمان بۆهەڵبەستنە. بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لەسەر نیازی نووسەر بدەن لەم قسەیەی.
نازانم”باجی ئامە”ی قوربانیی دواکەوتن و نەخۆشیی ئاوڵە دەبێت چ(ڕێزپەڕیی)یەكی هەبێت ئەگەر حەز بکات وەکو گشت ئافرەتانی ئەم دنیایە شووبکات و ببێت بە دایك و دەورە سروشتییەکەی خۆی لە ژیاندا بگێڕێت؟خۆ ئەگەر بایەخدانەکەیەتی بە پشیلەکە، کە بۆ پڕکردنەوەی بێ منداڵییەکەیەتی، ئەوە ئاشکرایە هەرگیز وەکو سەگەکەی چیرۆکی”ماسیییەکی تازە”ی چیرۆکنووس”جەلیل ئەلقەیسیی”بۆ کاری سێكسیی بەکاری نەهێناوە.(١٨) بەڵکو وەکو منداڵی خۆی ڕەفتاری لەگەڵدا دەکات و هەر لەو خۆشەویستییە دایکایەتییەیشەوە هەندێك جار نوقوڕچیشی لێدەگرێت، وەکو چۆن دایك زۆرجار لەگەڵ ماچکردندا گازیش لە منداڵەکەی دەگرێت، کە ئەمەیش شارەزاییەکی تەواوی بارە دەروونییەکەی ئەو ئافرەتە شەعبییەیە. خۆ ئەگەر ئەو ڕستەیەیش بە (ڕێزپەڕ)دادەنێت کە دەڵێت: “..کە دائەنیشت پشیلەکە ئەچووە سەر ڕانی مت ئەبوو، ئەویش هێواش..هێواش دەستی بە پشت و کلکە قاوەیییەکەیدا ئەهێنا، پشیلەکە کلکی ڕەپ ئەکرد، ئینجا هەڵی ئەگێڕایەوە و ئەیخستە سەر پشتی..”هتد. ئەوا دیسانەوە ئەگەر بە هەڵەداچوون نەبێت، بۆهەڵبەستنە، چونکە گشت کەسێك پشیلە دەخاتە سەر ڕانی خۆی و دەست بە پشتیدا دەهێنێت، پشیلەیش کە دەست بە پشتیدا هێنرا هەر کلکی وا لێدەکات، جا ناوبردنی ئەم کارە بە”ڕێزپەڕیی”لەوە زیاتر نییە کە”چەپاندنی سێكسیی”زۆرجار وا لە ئادەمیزاد دەکات شتەکان بە جۆرێك لێكبداتەوە کە لەگەڵ خەیاڵە نائاسایییەکەی خۆیدا بگونجێت و ڕاستییەکە بە بارێكی تردا دەخات. تەنانەت لەزەت وەرگرتنەکەی”باجی ئامە”لەوەی منداڵەکەی پاڵەوانی چیرۆکەکە دەستی دەخستە سەر مەمکە”وەك لفکە شامییەکانی”هەر لە ئارەزووی دایکایەتییەکەوەیە، چونکە هیچ منداڵێکی نەبووە مەمکی بمژێت، خۆ ئەگەر وا نەبوایە بە جۆرێكی تر بەکاری دەهێنا.
بەم گفتوگۆیە دەمەوێت ڕاستی و ناڕاستی ئەو قسەیە دەربخەم، ئەگینا خۆدان لەم بابەتانە هیچ نەنگیی و ناشیاوییەکی تیا نییە و بە دەگمەن لە ئەدیبانی دنیا هەن جۆرێك لەو گیروگرفتە ئادەمیزادانانەیان نەکردووبێت بە بابەتی چەند بەرهەمێكیان، مەگەر ئەدیبانی وڵاتە دواکەوتووەکان، کە دەیانەوێت زۆر شت هەر لە ژێر پەردەی ئەستووردا بکرێت و کەس نەیخاتە پێش چاوان بۆ چارەکردن، یان هەر هیچ نەبێت بۆ وەرگرتنی وەکو تاقی کردنەوەیەکی نەرێنیی.
ئەگەر ئەدەب هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانەوە هەبێت و بە چاوی”چیخۆف”و زوربەی گەورە ئەدیبان سەیری بکەین، کە دەربڕینێكی ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانەی ژیان بێت، بێگومان وایش پێویست دەکات هەردوو دیوەکەی ژیان بگرێتەوە، چاك و خراپ، چاك بۆ پەیڕەوکردن و خراپیش بۆ چارەسەرکردن، یان خۆ لێلادان، بێگومان کۆمەڵگای ئێمەیش لە دنیادا تاك نییە و هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو لوتکەی پێشکەوتنەی کە هەموو “سوپەرمان”و بێ کەموکووڕی بین، بۆیە زۆر ئاسایییە ئەو کەموکووڕییانەمان لە ئەدەبەکەشماندا ڕەنگبداتەوە، چونکە ئەرکی ئەدیب ئەوە نییە”مامۆستا، یان شێخ، یان پڕۆپاگەندەچی”بێت و هەرگیزیش ئەدیبی دڵسۆز و بەرچاو ڕوون وەکو”وشترمەل”ی پێناکرێت، بۆیە گەورە ئەدیبانی دنیا تا ئێستا زیاتر لە پیشاندانی لایەنە نەرێنییەکاندا سەرکەوتوون وەك لە لایەنە ئەرێنییەکان. چونکە ژیان لە چاو ئەو دنیایەوە کە هونەرمەند دەیەوێت زیاتر نەرێنییە و هەرگیز بەو تۆزە ئەرێنییانە ڕازی نابێت. “جۆرج لۆکاچ”ی خاوەن بیر و ڕەخنەگر ئەم مەسەلەیە دەخاتە چوارچێوەی چینایەتییەوە و لە کۆمەڵگای بۆرژوازییدا حەز لە پاڵەوانی ئەرێنیی کردن بە بەشێك لە ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیی دادەنێت، کە دەڵێت:”ئەم مەیلە لە مەیلەکانی ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیی زۆر ڕوونتر لە مەسەلەی پاڵەوانی ئەرێنیی دەردەکەوێت”.(١٩)ئەم مەیلەیش بۆیە لە کۆمەڵگایەکی بۆرژوازییدا وەهایە چونکە: “دەستنیشانکردنی ئەو ناکۆکییانەی هیچ چارێکیان لە کۆمەڵگای بۆرژوازییدا بۆ نییە، گشت داوای پاڵەوانی ئەرێنیی کردنێك لە کەسە سەرکەوتووەکان لە گەروودا دەخنکێنێت”.(٢٠)جا نازانم مەسەلەکە بەلای”حەمە سەعید”ــەوە چۆن کەوتووەتەوە، کە ئاوەها بەکارهێنانی پاڵەوانی نەرێنیی لە بەرهەمەکانماندا تاوانبار دەکات؟!! بە هەرحاڵ..ئێمەیش لەگەڵ”گۆگۆل”دا دەڵێین:”هیچ غەمێکمان نییە ئەگەر پاڵەوانەکانمان بە دڵی خەڵکی نەبن”(٢١) چونکە ناتوانین بۆ زەوق و ئارەزووی هیچ کەسێك بە کاغەزی زەرد و سوور بیانڕازێنینەوە، ئەوە وتمان ڕووکەشەکانیشیانمان پێڕازایەوە، ئەی چی لە ناخیان بکەین؟! خۆ ناخ لە قاڵب نادرێت!
*چیرۆکی”کڵاوقووچ”سەرەڕای ئەوەی وەکو گشت چیرۆکێكی خۆڕسکی تر، پێشوەخت وەکو قاڵبێكی وشك بۆ دەربڕینی فیکرێك، یان دروشمێك دانەنراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا خاڵی نییە لە کۆمەڵێك مەبەستی کۆمەڵایەتیی و خۆماڵێتیی و دەروونیی و شتی تر. ئەم چیرۆکە زیاتر وێنەکێشانی هەندێك لایەنی جوان و دووهەند لایەنی ناهەمواری ئەوسای گەڕەکێكی هەژاری شارێكی کوردستانە، کە”سلێمانی”یە و بە زمانێکی ساکاری گونجاو لەگەڵ ڕادەی تێگەیشتنی وەها منداڵێکدا، کە ئەگەر زیاتری لێداوابکرێت لەگەڵ(لۆژیك)ی چیرۆکەکەدا ناگونجێت، چونکە بەرهەمی ئەدەبیی لۆژیکی خۆی دەبێت لە خۆیەوە هەڵبهێنجرێت و ناشێت قاڵبێكی بەسەردا بسەپێنرێت هیچ پەیوەندییەکی پێوەی نەبێت.
بەڵام شێوەی گشتیی چیرۆکەکە بە تەوژمی هۆش و بە تایبەتیش بە مۆنۆلۆژی ناوەوەی ڕاستەوخۆ(٢٢)و بە دوو مۆنتاژی گەورەی زەمانیی کە یەکێکیان لەمڕۆوە بۆ ڕابوردووە و ئەوی تریشیان بە پێچەوانەوە، لەگەڵ کۆمەڵێك مۆنتاژی لێك نزیکدا داڕێژراوە..کەچی”حەمەسەعید”لای وایە “لەسەر شێوەی ڕیپۆرتاژ نووسراوە”، ئینجا نازانم چاوی بە سەرەتای چیرۆکەکە نەکەوتووە کە دەڵێت:”نازانم چۆن ڕێم کەوتەوە ئەو پیرە گەڕەکەی خوارووی شار..”تا دەڵێت:”..لاشەی نوقم بووی بیرەوەرییەکەم وردە وردە کەوتەوە سەر ئاو..”ئەمەیش گشت خوێنەرێكی ئاساییش دەزانێت گەڕانەوەیە بۆ دواوە و زیندووکردنەوەی هەندێك”بیرەوەری”یە. بیرەوەرییش شتی ناخە و ناخیش بە ڕیپۆرتاژکاریی هیچی لێدەرناکەوێت و ڕێك بە پێچەوانەی ئەم چیرۆکەوەیە. جا بۆیە دەڵێم ڕەنگ بێت “حەمەسەعید”ڕیپۆرتاژکاریی لە شێوەی هونەری شەپۆلی هۆش جودا نەکاتەوە و نەزانێت ئەمیان ڕێبازێكی گەورەی ئەدەبە و ئەویان کەموکووڕییەکە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەدەبەوە نییە و نە گەڕانەوە بۆ دواوە و نە چوونە ناخی پاڵەوانەکەوە و نە دەربڕینی هەست و نەستیانی تیا نییە، کە گشت ئەمانەیش هەموو خوێنەرێکی ئاسایی بە ئاسانی لە”کڵاوقووچ”دا هەستی پێدەکات..جا نازانم”حەمەسەعید”چۆن هەستی پێنەکردووە!؟خۆ بەکارهێنانی هەندێك شتی واقیعیش وەك”قاوەخانەی سەرچیمەن”هەرگیز چیرۆکەکە ناخاتە چوارچێوەی ڕیپۆرتاژکارییەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بتەویی و باوەڕێکی زیاتر بۆ چیرۆکەکە دەستەبەر دەکات، بە دەگمەن چیرۆك و ڕۆمانیش هەیە هیچ ناو و ڕووداوێكی واقیعی تیا نەبێت، هیچیشیان بەوە نەبوونە بە ڕیپۆرتاژ..من وای بۆ دەچم ئەگەر”حەمەسەعید”پێشوەخت بڕیاری لەسەر ئەم چیرۆکە نەدایە، جا لەبەر هەر هۆیەك بێت، ئەگەر ڕاستیی شێوەکەیشی نەزانیایە، هەر هیچ نەبوایە بە واقیعی و کوردەواری لە قەڵەمی دەدا نەك ڕیپۆرتاژکاریی؟!…
- کۆتایی چیرۆکەکەیش بە هیچ جۆرێك وەها نەکەوتووەتەوە وەکو ئەو دەڵێت، چونکە بەکارهێنانی ژمارەیەك کە لە واقیعدا نەبێت بە هیچ جۆرێك چیرۆکەکە لە ڕیالیزمیی ناخات، خۆ “شێرکۆ بێکەس”ڕیپۆرتاژی نەنووسیوە تا گشت شتەکان بەبێ هیچ دەستکارییەك باس بکات، بە تایبەتی ئەگەر لە شوێنێكدا بۆ زیاتر شتێك خستنە سەر چیرۆکەکە پێویست بکات وەکو لەم چیرۆکەدا وایە و لەلایەن چیرۆکنووسەوە ئیشارەتێكی زیرەکانەیە بۆ ئەو سەردەمەی پاڵەوانەکە بە فلاشباك بۆی گەڕاوەتەوە. ئیتر نازانم ڕەمزی چی؟! و ڕووداوی گەورەی مێژوویی چی؟!و بوون و نەبوونی ئەو ژمارەیە لە”بەڕێوبەرێتی گواستنەوە و هاتوچۆ”ی سلێمانیدای چی؟!..وادیارە “حەمەسەعید”ئەم خاڵەی لەگەڵ”غەفڵەت”دا لە لا تێکەڵبووە، کە ئاسمان و ڕێسمانیشیان نێوانە..ئیتر لەم بۆچوونە هەڵەیەیشەوە کۆمەڵێك ئەگەری ناشیاوی ڕیزکردووە، کە پێویست بە باسکردن ناکەن چونکە بناغەکەیان هەڵەیە. پاشان دەڵێت:”کۆتایی هێنانیش بە ژیانی پاڵەوانەکە بەو جۆرە ناماقووڵە..”، ئەوەی ڕاستی بێت لە یەکەم خوێندنەوەدا منیش ئەم کۆتایییەم زۆر بە دڵ نەبوو، نەك لەبەر ئەوەی بە”ناماقووڵ”م دەزانی، بەڵکو لەبەر ئەوەی وامدەزانی لە پڕێکدا هاتووە و هیچ ڕێخۆشکردنێك لە چیرۆکەکەدا بۆ ئەو کۆتایییە نییە، بەڵام هەر کە تۆزێك لێی وردبوومەوە دڵنیابووم کە ئەوە تهنیا کۆتایییەکی شیاوە بۆ “باجی ئامە”-نەك پاڵەوانەکە، چونکە منداڵەکە پاڵەوانە-و بۆ چیرۆکەکەیش. بۆ”باجی ئامە”، چونکە لە چیرۆکەکەدا ڕێی بۆ خۆشکراوە کە هەر خۆی دەڵێت، “-شل بوونی چی..دنیا پێنج و دوو ڕۆژێكە، گەنجین با بێ دڵیی خۆمان نەکەین”. چیرۆکەکەیش خۆ هەر دەبوو کۆتایی بێت، هەواڵی نەمانی”باجی ئامە”یش باشترین لەنگەرە بۆ چیرۆکەکە، ئەمە جگە لەوەی شتێكی سەیر دەبێت بە نووسەر بڵێین چیرۆکەکەت وا لێمەکە و وا لێبکە! چونکە ئەگەر وەها بە فیتەر و دارتاشیش بڵێیت شاربەدەرت دەکات. بۆ بەرهەمی ئەدەبییش پێویستە بەڵگە بۆ نیشانەی گونجاویی و نەگونجاویی لایەنێك لە دەقەکە خۆیەوە هەڵبهێنجرێت، لێرەدا ئەگەر پەنا ببەینە بەر واقیعیش هەر ئەو ئەنجامە زۆر نزیکە لە ڕوودانەوە و هەرگیز نەك ناماقووڵ نییە، بەڵکو زۆر ئاسایییە ئافرەتێكی ئەوسا، کە ئێستا بێگومان پیرێژنێكی پەککەوتەی بێکەس و هەژارە، بیەوێت لە جادەیەکەوە بپەڕێتەوە و یەكێك لەو ئۆتۆمبێلە بە پەلە و گوێنەدەرانە بیکەن بە ژێرەوە..جا ئەگەر ئەمە ناماقووڵ بێت دەبێت بە هەندێك شتی تر چی بڵێین کە ڕۆژانە لە ژیانماندا ڕوودەدەن؟!
*سەیریش ئەوەیە”حەمەسەعید”بە دەنگێك کە تادێت زیاتر هەڵدەچێت دەڵێت:”تەنیا مەبەست ختووکەدانی عاتیفەی خەڵکیییە”، لە کاتێكدا “شێرکۆ بێكەس”هیچ جۆرە سۆزێكی دەربارەی ئەو سەرئەنجامە دەرنەبڕیوە و مەسەلەی سۆزەکەی بە تەواوی داوەتە دەستی خوێنەران خۆیان. ئەمە لە کاتێكدا دەربارەی هەندێك لەو چیرۆکانەی لە فیلمە هیندیی و میسرییە فرمێسك سواڵکەرەکان دەچن هیچ شتێكی وەها ناڵێت و بگرە بە دڵیشین! لەم “بانێکە و دوو هەوایە”یش سەیرتر ئەوەیە ئەگەر لە ڕووی”ختووکەدانی عاتیفەی جەماوەر”ەوە بەراوردێكی هەر ئەم نووسینەی”حەمەسەعید”خۆی لەگەڵ ئەو چیرۆکەدا بکەین..
*لە هەموو ئەمانەیش سەیرتر ئەوەیە کە دەڵێت:”بە لابردنی دوا پەرەگرافیش نەك هەر کەلێن ناکەوێتە چیرۆکەکەوە، بەڵكو چیرۆکەکە لە کەناری ڕاستەقینەی خۆیدا ئارام دەگرێ”، نازانم بە چ ئەقڵێك دەشێت ئادەمیزادێك لە ساڵێ ١٩٧٨دا-کە ساڵی نووسینی چیرۆکەکەیە-لە شوێنێکدا هەندێك ڕووداوی ساڵی١٩٤٨ی بیر بکەوێتەوە و چەند دەقیقەیەك بە خەیاڵ و بە هونەری چیرۆك بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیی خۆی و ئیتر هەر بە منداڵیی بمێنێتەوە و مێژوویش”٣٠”ساڵی ڕەبەق بگەڕێنێتە دواوە! ئەگەر ناماقووڵ لە دنیادا هەبێت هەر ئەمەیە.
*خاڵێكی تریش لەو سەیرانە ئەوەیە نووسەر دوای ئەوەی چیرۆکەکە بە ڕیپۆرتاژکاریی گوناهبار دەکات، هەر دوای نیو لاپەڕە بەرپەرچی خۆی دەداتەوە و دەڵێت:”..گێڕانەوەی چیرۆکەکە لە شێوەی نوێدایە..”! بەڵام لێرەیشدا خۆی ئاسایی نە جۆری نوێیەکە دەردەخات و نەیش دەیسەلمێنێت ئایا ئەم قسەیەی دوایی ڕاستە، یان ئەوی پێشووی؟!
*لە چیرۆکی”ئەو شەوانەی بۆت ئەگریم و ئەو ڕۆژانەی لە بیرم ناچیتەوە”(٢٣)ی “عەبدوڵڵا عەباس”دا، نووسەر لەبەر هەر هۆیەك بێت کرۆك(تێمە)ی چیرۆکەکە پشتگوێ دەخات و بە هەندێك لەیەنی لاوەکییەوە دەنووسێت، بۆ ئەوەی ئەو قسانە دووبارە بکاتەوە کە ئەوەندە وتراونەتەوە بێتام بوونە، بۆیە بە پێویستی نازانم لەسەری ڕابوەستم و تهنیا ئەوەندە دەڵێم کە هەرگیز مەرج نییە تیۆرەکان بۆ گشت سەردەم و لە گشت شوێنێكدا لەگەڵ واقیعدا بگونجێن.
*دواییش نازانم”حەمەسەعید”بۆ لە پڕێکدا لە “عەبدوڵڵا عەباس”دەبێت بە”کاسۆلیکیی”و باوەڕ بە ژن و مێردایەتیی هەتا هەتایی دەهێنێت، ئەگەر ئەو پەیوەندییە سەرنەکەوتوویش بێت؟! ئەوەندەی من بیزانم لە مانیفێستەکەدا بە پێچەوانەوەیە..لێرەیشدا دەڵێم ئەگەر ئەم چیرۆکە هی “عەبدوڵڵا عەباس”نەبوایە و نووسەر هەوەسی هەبوایە دەیتوانی وا لێكیبداتەوە کە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی واقیعیکی تاڵ و ڕزگاربوون لە کۆت و پێوەندێك کە پاڵەوانەکە هەوڵی پچڕاندنی دەدات..
پاشان نووسەر حەماسەتێكی تەواو دەیگرێت و نەبرەی وتارەکەی تەواو بەرز دەکاتەوە و دەڵێت:”لێرەدا ڕوودەکەمە ئەوانەی کە وا تێدەگەن ڕاستگۆیی لەوەدایە کە چیرۆکنووس، یا شاعیر بەرهەمەکانی ئاوێنەی ڕاستەقینەی هەڵسوکەوت و تەنگوچەڵەمە و ئاوات و خواستی کەسیییانەی خۆی بن کە ئەمە ئەوپەڕی (نێرگزیییەتە). یان لە چاکترین حاڵەتدا دەربڕینێكی فۆتۆگرافییانەیە لە واقیعێکی مەییو”..پێش ئەوەی ڕاستیی ئەم قسەیە ڕوون بکەینەوە، حەزدەکەم لەسەر وشەی”فۆتۆگرافی”ڕابوەستین، بۆ ئەوەی بزانین ئەم نووسەرە چەند لە سەرەتا و بناغەکانی نەك چیرۆك و لێكۆڵینەوە و ڕەخنە، بەڵکو زانیاریی گشتیی دەزانێت؟..وشەی”فۆتۆگرافی” وێنەی ئاسایی سەر کاغەز دەگرێتەوە، کە لە ئەدەبیشدا شتێك بە فۆتۆگرافییانە لە قەڵەم دەدرێت، وا دەگەیەنێت ئەو بەرهەمە وەك وێنەیەکی ئاسایی کە بە کامیرە گیرابێت وایە، واتە نە جووڵە و بزوان و نە شیکردنەوەی ناخی پاڵەوانەکان و نە هەست و سۆزیان و نە هیچ شتێكی تری وەهای تیا نییە، بەڵكو بریتییە لەوەی بە چاو دەیبینیت و دەیخەیتە سەر کاغەز..کەچی ئەم ڕێك بە پێچەوانەوە، ئەو وشەیەی بۆ شتە زۆر ورد و تایبەتییەکانی ناخی پاڵەوانەکان بەکارهێناوە! بە ڕاستی کامیرایەکی سەر سووڕهێنەر و داهێنانێكی تەکنۆڵۆژیی مەزنە ئەوەی بتوانێت وێنەی”تەنگوچەڵەمە و ئاوات و خواست”و ئەمجۆرە شتانەی ناخ بخاتە سەر کاغەزی وێنەی فۆتۆگرافی؟!
ئەمە هیچ، با بێینەوە سەر مەبەستەکە، کە بە توندوتیژییەکەیدا دیارە تاوانبارکردنە، با وشەکان لە جێی خۆیشیاندا نەبن. من پێش ئەوەی خۆم هیچ بڵێم شاکارە هەرە مەزنەکانی ئەم دنیایە بە نموونە بۆ پووچکردنەوەی ئەو قسەیە دەهێنمەوە، وەکو”پیرە و دەریا”و گشت بەرهەمەکانی”هەمەنگوای”(٢٤) و “یۆلیسیس”ی”جێمس جۆیس”(٢٥)و “گەڕان لە کاتە ونبووەکە”ی”مارسیل پڕوست”(٢٦) و زۆر تا کەمی سەرتاپای بەرهەمەکانی “دیستۆیڤیسکی”و”لیۆ تۆڵستۆی”و”شەکسپیر”(٢٧) و زوربەی شاکارە ئەدەبییەکانی گەورە ئەدیبانی دنیا، کە بە ئاشکرا ڕەنگدانەوەی ژیانی نووسەرەکانیانی پێوە دیارە و ئەوەیش ڕای گەورە ڕەخنەگران و لێکۆڵەرەوانی دنیایە، کەسێك مەبەستی بێت زۆر بە ئاسانی دەگەڕێتەوە سەریان، وەك لە پەراوێزەکاندا دیارییم کردوون..ئینجا ئەدیب و خوێنەری کورد نازانێت بە کلکی کەڵەشێرەکە باوەڕ بکات، یان بە قسەکەی مەلای مەزبوورە؟! هەر کەسە و ئارەزووی خۆیەتی. بەڵام من باوەڕناکەم ئەدیبی ڕەسەن ئەگەر لە تاقیکردنەوەیەکدا قاڵ نەبووبێت و بە تەواوی ئاگاداری گشت لایەنێكی ئەو بابەتە نەبێت کە لەسەری دەنووسێت و گشت خۆشیی و ناخۆشییەکی ئەو بارەی نەچەشتووبێت، باوەڕ ناکەم بتوانێت بەرهەمێكی ڕاستگۆ و پوخت بهێنێتە بەرهەم. دارتاش و بەرگدروو و ئەوانی تر دەتوانن بە پێی کەتەلۆگ و پێوانە و کێشانە چیت بوێت بۆتی دروست بکەن، بەڵام ئەدەب هێشتا ئەوەندە بازاڕی نەبووە وەهای لێبێت و ئەدیبی ڕاستگۆ و دڵسۆزیش بەر لە گشت کەسێك بۆ خۆی دەنووسێت و داهێنانی ئەدەبییش کارێكی تەواو تاقەکەسییە(٢٨) و هەرگیزیش بە خوێندنەوەی چەند سیپارەیەك وەدەست نایەت. بەڵام ئەوەیش هەیە پێویستە ئەو تاقیکردنەوە و هەست و نەستە خودییانە-نەك شەخسییانە-پێزێكی ئەوتۆیان بدرێتێ تا ببن بە شتێكی گشتیی، ئەگەرچی زوربەیشیان هەر خۆیان لە خۆیاندا گشتییشن.(٢٩) مەگەر یادگارنامە و نامە تایبەتییەکان نەبێت، کە ئەوانیش زۆرجار لە سنووری تایبەتی دەردەچن و دەبن بە شتێكی بە کەڵك بۆ گشت کەسێك، وەکو یادگارنامەکانی”پاپلۆ نیرۆدا”و”کازانتزاکی”و نامە تایبەتییەکانی”کافکا”و”سەیاب”و زۆر و زۆری تر..
لە شیعریشدا داوا لە نووسەر دەکەم با شیعرەکانی”گۆران”ی نەمری خۆمان و”یەسینین”ی ڕووسیی و هەر کەسێكی تر کە ئەو لەم دنیایەدا هەڵیدەبژێرێت بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی ببینێت جوانترین و ڕاستگۆترین و کاریگەرترین پارچە شیعر هەر ئەوانەن کە”ئاوێنەی ڕاستەقینەی هەڵسوکەوت و تەنگوچەڵەمە و ئاوات و خواستی”خودیی شاعیرەکەن و ئەو قسە زۆر باوەڕ بە خۆیەی ئەو پووچ دەکەنەوە، کە نازانم لە کوێوەی هێناوە و..ئەگەر بێئاگایی نەبێت لە ئەدەب لە چییەوە پێی گەیشتووە؟!
*”حەمەسەعید”دەربارەی چیرۆکی”چاوەڕوانی”(٣٠)ی منیش دەڵێت:”..بە (مەنەلۆژی)ناڕاستەوخۆ دەست پێدەکات”، ئاشکرایە کە”مەنەلۆژی ناڕاستەوخۆ وا لە خوێنەر دەکات بەردەوام هەست بە نووسەر بکات”(٣١)، واتە پاڵەوانەکە خۆی نادوێت، بەڵكو نووسەرەکە خوێنەر دەباتە زەینی پاڵەوانەکەوە و هەست و بیر و لێکدانەوەکانی بۆی دەردەخات، بە پێچەوانەی چیرۆکەکەی منەوە کە لە یەکەم وشەوە تا دوا وشە بە مەنەلۆژی ناوەوەی ڕاستەوخۆی تەواو نووسراوە، واتە نووسەر خۆی پاڵەوانە و لە ڕێگای ئەویشەوە خوێنەر ڕاستەوخۆ بە چاوی پاڵەوانەکە دەبینێت و بە مێشکی ئەو بیردەکاتەوە و لە ناو زەینی ئەودایە(٣٢)، واتە خوێنەر خۆی دەبێت بە پاڵەوانەکە، ڕاستەوخۆیییەکەیشی لەمەدایە، سەرەڕای چەند وردە بناغەیەکی تری ئەم تەکنیکە کە کات و شوێن و کەسانی ناوەوەی پێدەگۆڕدرێت(٣٣). خۆ ئەگەر نووسەر ئەو قسەیەی دەربارەی”کڵاوقووچ”، یان”ڕەشەڕاو” بکردایە، دەوترا لێی تێکچووە و تا ڕادەیەك چاوی لێدەپۆشرا، بەڵام بۆ ئەم چیرۆکە..هیچ بیانوویەکی بۆ نییە نەشارەزایی نەبێت..خۆ نایشکرێت منیش وەکو ئەو بڵێم”عەرزی عەزەڵاتە”، چونکە هەر گۆشتیشی پێوە نییە!
*پاشان دەڵێت:”پاڵەوانی چیرۆکەکە مرۆڤێكی بێزار و بێئومێدە، لە جێیەکی دیاری کراودا ڕاوەستاوە و چاوەڕێیە (قاپی)(ڕەحمەتی) بۆ بخرێتە سەرپشت..”گشت ئەو شتانەی دەربارەی پاڵەوانی نەرێنیی و ئەرێنیی و وازهێنانی نووسەر لە کرۆکی چیرۆکەکە و بە هەندێك لایەنی لاوەکییەوە نووسان و ئەو شتانەی تری دەربارەی هەندێك لایەنی”کڵاوقووچ”و چیرۆکەکانی “عەبدوڵڵا عەباس”وتم لێرەیشدا هەر وان و پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکەن. بۆ نموونە”حەمەسەعید”دەڵێت:”..ڕاوەستاوە..”، منیش دەڵێم تۆ بڵێیت چیرۆکەکەی خوێندبێتەوە؟! ئەگینا چ خوێنەرێك-نەك لێكۆڵەرەوەیەك-هەیە نەزانێت ئەمە”دانیشتن”دەگەیەنێت”ئا ئێرەی وت. ئەو پەنایە باشە، ڕووبارەکە و دیمەنی خۆرنشین لەو دیو جامەکەوە. سەر دەنێم بە سەرییەوە و..هتد”؟ باشە باوکم ئەوە وتمان ئەم ڕستەیە لەوە ئاڵۆزترە”حەمەسەعید”بتوانێت لێکیبداتەوە..خۆ ئەو”مۆتیف”واتە ڕەسمەی لە ژێر ناونیشانی چیرۆکەکە چاپکراوە ئاشکرایە. بەهەرحاڵ، ئەمە بایەخێكی ئەوتۆی نییە لەوە زیاتر کە دەردەکەوێت ئەو چەند لەو بەرهەمانە وردبووەتەوە، ئینجا نووسینەکەی نووسیوە و چەند هەست بە لێپرسینەوە بەرامبەر بەو شتانە دەکات کە وتوویەتی، پووچگەرایی هەرگیز نەگەیشتووەتە ئەم ڕادەیەی گوێنەدان! هەر بۆیەیش هیچ سەیر نییە بۆ ئەو بە ژووانێكی دڵداریی بڵێت(قاپی)(ڕەحمەت)، ئەگەر هەر زانیبێتی کرۆکی چیرۆکەکە چاوەڕوانی کردنێكی دڵدارێكە! چونکە ئەو لەبەر سەرقاڵیی بە شتی ترەوە ماوەی دڵداریی کردنی نەبووە و بەلایەوە شتێكی ناهەموارە ئادەمیزادێك دڵداریی بکات، یان هەر لە چیرۆکێکدا باسی ژووانێكی دڵداریی بکات، چونکە ئەم کارە خزمەتی لایەنە فیکرییەکەی ناکات!
*ئینجا نازانم پیاو لە کاتی چاوەڕوانی کردنی دڵدارەکەیدا کە لەسەر ژووانێك لە گەڵیدا ڕێك کەوتووبێت دەبێت چ ڕۆڵێكی هەبێت، یان نەبێت، کە ئەو دەڵێت:”..بە بێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێكی هەبێت”، بە تایبەتی ئەگەر چیرۆکەکە هەوڵدانێك بێت بۆ دەربڕینی ئەو تاقیکردنەوەیە بە گشت پەژارە و نیگەرانییەکییەوە.. تۆ بڵێیت”حەمەسەعید” داوا لەو ئاشقە بەدبەختە بکات بۆ ئەوەی”ڕۆڵی هەبێت”دەست بداتە چەکێك و بچێت دڵدارەکەی بە زۆر بەکێش بکات و هەر بە زۆری چەك گشت ڕاز و نیازێكی دڵە پەرۆشەکەی بۆ باس بکات؟!
*”حەمەسەعید”دەڵێت:”کەسێ باوەڕی بە توانای مرۆڤ هەبێت دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە مرۆڤ دەتوانێت هەموو کۆسپەکانی بەردەمی تەخت بکات و ئەم دامودەزگایە بڕووخێنێ کە دەیکاتە بورغویەك لە ئامێرێكدا”بەڵام “جۆرج لۆکاچ”لە هەمان ڕوانگەوە دەڵێت:”خەڵکی هەموو یاریی دەستی هێزە کۆمەڵایەتییە-ئابوورییەکانن و ویست و بگرە نیازە ڕەوشت بەرزەکانیشیان هیچ کارێكی ئەوتۆ ناکاتە سەر چارەنووسیان”(٣٤). منیش لەگەڵ “هەمەنگوای”دا دەڵێم:”دەشێت ئادەمیزاد تێك بشکێت، بەڵام هەرگیز نابەزێت”. ئەمە وتەی ئەدیبێكە کەم تاقیکردنەوەی جیهانیی و تایبەتی هەبووە لە ژیانیدا خۆی تێنەهاویشتووبێت و ئەوی تریشیان وتەی خاوەنبیرێكی پێشکەوتنخوازی بەناوبانگ و لێكۆڵەرەوەیەکی سەرکەوتووە و ئەوەیش قسەی یەکێكە لەو ڕەخنە و لێكۆڵینەوە نووسانەی بوونە بە تووشی ئەدەبەکەمانەوە! جیاوازیی نێوان سەرنجی یەکلایی و ڕووکار و سەرنجی فیکریی مولتەزیم و سەرنجی قووڵ و گشتگیرانەی مرۆڤانەیش لە نێوان ئەم سێ وتەیەدا زۆر ئاشکرایە. ئینجا نازانم پێویست دەکات بڵێم ئەو قسەیەی نووسەر لەو جۆرە قسە زیاد لە پێویست خۆش باوەڕانەیە کە زیاتر بەلای گێلۆکەییدا دەدات و بۆ فریودانی ساویلکەکان دەست دەدات نەك بۆ ئەدیبێك، یان مرۆڤێك هەردوو دیوەکەی ژیان ببینێت.
*پاشان دەڵێت:”(فیکری)چیرۆکەکە لەوەدا کۆدەبێتەوە کە سەڵاح پێمان دەڵێت: هەموو ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان وەك جەوهەر لە یەك دەچن..”باوەڕتان بێت کە ئەمەم خوێندەوە خێرا بە چیرۆکەکەدا چوومەوە، وتم نەوەکو لە چاپکردندا وەها ڕستەیەکی نووسینێكی تری تێکەوتووبێت! بەڵام دوایی بۆم دەرکەوت ئەمەیش یەکێكە لەو بۆ هەڵبەستنانەی کە چەند جارێك لەو نووسینەدا دووبارە بووەتەوە، مەبەستەکەیش ئاشکرایە بۆ ئەوەیە ئەوەی لە دواییدا وتوویەتی بیڵێت، ئەگینا وەك ڕوونمان کردەوە مەبەستی چیرۆکەکە ئاشکرایە و وشەی (فیکر)یش هەرگیز بۆ ئەم چیرۆکە دەست نادات، وەکو بۆ زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمی ئەدەبیی و هونەریی ئەم دنیایە دەست نادات(٣٥)، ئەمەیشیان هەر ڕوونکردنەوە.
*دوایی بە هەوایەکی تر لەسەر هەمان ئاواز دەڵێت:”سەڵاح لەم چیرۆکەیدا تازەترین تەکنیکی بەکارهێناوە، بەڵام تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان ئەوە نییە تەنیا شێوە بگرێتەوە، بەڵكو بە پلەی یەکەم ناوەڕۆك دەگرێتەوە، بۆیە تازەگەریی و نوێکردنەوە تەعبیرکردنە لە فیکری پێشکەوتووخوازترین هێزی ئەم سەردەمە”. منیش لەگەڵ تێکڕای هونەرمەندانی ئەم دنیایەدا دەڵێم:”تازەگەریی و نوێکردنەوە”بە پلەی یەکەم و دووەم و سەدەمیش هەر پەیوەندیی بە تەکنیك و هونەری بەرهەمەوە هەیە(٣٦)، جا ناوەڕۆك بەلای ئەم، یان ئەوەوە چاك بێت، یان خراپ. بە پێچەوانەیشەوە هیچ ناوەڕۆكێكی بەرز نەك هەر نووسەر ناکات بە تازەگەر و نوێخواز و داهێنەر، بەڵكو نووسینیش ناکات بە بەرهەمی ئەدەبیی، یان هونەریی، چونکە دەشێت نووسەرێك بە وتارێك باشترین ناوەڕۆك و بەرزترین فیکر دەرببڕێت و نووسینەکەیشی هەرگیز نەك”تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان”نەبێت، بەڵکو ئەدەبیش نەبێت، بە پێچەوانەی ئەمەیشەوە دەشێت بەرهەمێك ناوەڕۆکێكی زۆر ئاسایی، یان بێكەڵك، بگرە تا خراپیشی هەبێت و کەچی بەرهەمەکەی تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنانیش بێت..نموونەی بابەتی یەکەم گشت مرۆڤپەروەرە(نائەدیبەکان)ی دنیا دەگرێتەوە، هەر لە پێغەمبەرانەوە تا بە فەیلەسووف و سیاسیی و گشت ئەوانی تر دەگات، کە بە وتە و بە نووسین خزمەتی مرۆڤایەتییان کردووە، بەڵام هەرگیز نەبوونە بە ئەدیبیش تا بە تازەگەر و نوێکەرەوە و داهێنەری ئەدەبییان دابنێین. بۆ نموونەی”تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان”بە ناوەڕۆکی ئاسایی، پێش گشت کەسێك”گۆران”ی نەمر دەهێنمەوە، کە ناوەڕۆکی زۆر لە شیعرەکانی جوانیی ئافرەت و سروشتە و شیعر لەوەتەی هەیە بەکاریان دەهێنێت، کەچی”گۆران”ئەوپەڕی داهێنان و نوێکردنەوە و تازە- گەرییشی تیا بەدیهێناوە، بگرە”گۆران”زیاتر بە ناوەڕۆکە ئاسایییەکان نوێیی و داهێنانی وەدەست هێناوە وەك لە شیعرە بە ناوەڕۆك بەناوبانگەکانی..”هیگل”ی فەیلەسووف لەم بارەیەوە دەڵێت:”کاری هونەریی بریتییە لە لایەنە تەکنیکییە ڕووتەکەی”(٣٧). ئەگەر وا نەبێت چۆن ناوەڕۆکێکی بێكەڵكی وەك ئەوەی تابلۆی”ئافرەتانی ئەفینیۆن”ی هونەرمەند”پابلۆ پیکاسۆ”دەبێت بە”شۆڕشێکی ڕەسەن”لە هونەری نیگارکێشاندا؟!(٣٨) خۆ “ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە پیشانگای بەر دەرگای سۆزانی خانەیەك”(٣٩)کە وێنەی چەند ئافرەتێكی ڕووتی ناشیرینن. تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان لەم تابلۆیەدا تهنیا لە تەکنیکەکەیدایە کە”پیکاسۆ”بۆ یەکەمجار سەرکەوتووانە شێوەی کیووبیزمیی بەکارهێناوە. ئیتر نازانم پێویست بە نموونەی تر دەکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە داهێنان بە پلەی یەکەم و ئینجایش نوێکردنەوە لەوەدایە: چۆنی دەڵێیت، نەك چی دەڵێیت؟! لایەکی تری ئەم مەسەلەیەیش ئەوەیە بەرهەمی تر زۆرن بە بێ نوێکردنەوە و تازەگەریییەکی ئەوتۆ جێگای شایستەی خۆیانیان لە دڵی خوێنەران و ڕەخنەگران و لێكۆڵەرەوانیشدا کردووەتەوە، بەڵام بە نوێکردنەوە لە قەڵەم نەدراون، ڕۆمانی “زۆربای یۆنانی”ی”نیکۆس کازانتزاکی”و”دایك”ی”مەکسیم گۆرگی”و زۆری تریش هەن لەم نموونەیەن.
دیسانەوە دەڵێم:نازانم”حەمەسەعید”ئەو قسەیەی لە کوێوە هێناوە؟ ئەگەر هی خۆیەتی بە چی دەیسەلمێنێت و ئەو نموونانەی هێنامانەوە چییان لێدەکات؟!سەرەڕای ئەمانەیش نازانم ئەو”فیکری پێشکەوتووخوازترین هێزی ئەم سەردەمە..”بەلای ئەوەوە کام قۆڵەیانە؟ و کامیان تەواو و کامیان مامناوەندیی و کامیان لە لێواری پێشکەوتنخوازییدایە؟! دواییش کێ ئەم پلەی پێشکەوتنخوازییانە دەستنیشان دەکات؟!بە هەرحاڵ، من چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارانە ناکەم، بەڵام دەڵێم هەق و ڕاستیی پێویستی بە هەرا هەرا نییە و دڵسۆزییش بە کردەوەیە نەك بە سینگ دەرپەڕاندنی سەر کاغەز..
*لە کۆتایی ئەو بڕگەیەیشدا نووسەر دێتە سەر ئەوەی دەڵێت:”..دوا سەرنجم دەربارەی ئەم چیرۆکە ئەوەیە: وەك چۆن هەوڵ دەدرێ بۆ خاوێن ڕاگرتنی دەوروبەری مرۆڤ و هەموو خێرخوازێك دژی پیسکردنی دەوروبەری مرۆڤە، ئەم جۆرە ئەدەبەش دەوری هەیە لە پیسکردنی بیری مرۆڤدا و دژایەتی کردنی ئەرکی سەرشانی هەموو خێرخوازێكە (١٣)”. هەر کەسێك ئەمە بخوێنێتەوە و بە پێی ژمارەی پەراوێزەکە کە(١٣)یە سەیری پەراوێزەکان بکات کە نووسراوە”پێشەکیی ڕۆمانی-کاتێ نەهەنگەکان کۆچ دەکەن-ی-یۆری ڕايتخيۆ-گۆڤاری ئەقلامی-ژمارە ٩ی ساڵی ١٩٨٠”، هەر کەسێك سەرنجی ئەمە بدات وا دەزانێت لە دوو خاڵەکە”:”ی دوای وشەی”ئەوەیە”وە ئەم وتەیە هی ئەو ڕۆماننووسەیە.. کەچی وایش نییە و هەرگیز ئەو ئەدیبە بەو زمانی”پیس”ـــە نەدواوە…!ڕاستە ئەو باسی “پاراستنی پاکیی سەرچاوەکانی ئاوی سازگار و جەنگەڵ و دارستانەکان و تا باڵندە و ئاژەڵە-دەگمەنەکان-دەکات”، بەڵام ئاشکرایە”یۆری ڕایتخیۆ”بناغەی پاراستنی دەوروبەر دەزانێت چییە و چۆن بە پاراستنی هاوسەنگیی سروشت بەدی دێت، نەك بە لەناوبردنی جۆرێك و زۆرکردنی جۆرێكی تر-وەك ئەم وای لێكردووە-چونکە زانستی دەوروبەر پاراستن-هەر بۆ نموونە دەڵێم-دەڵێت:ئەگەر لە ناوچەیەکدا ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانت قڕکرد، ئاژەڵە گیا و گۆڵ خۆرەکان زۆردەبن و کاردەکەنە سەر سەوزایی زەویی و لە دواییدا ناوچەکە دەڕووتێتەوە و ئاژەڵە گیا خۆرەکانیش لەناودەچن. چونکە سروشت بە درێژایی هەزاران ساڵەی تەمەنی جۆرە هاوسەنگییەکی بۆ خۆی دروستکردووە و گشت دەستکارییەکی لەلایەن ئادەمیزادەوە دەبێت بە هۆی سەنگەلابوون و لە دواییشدا هەرەس هێنانی و قاتوقڕیی..ئەم مەسەلەیە لایەنێكی تریشی هەیە، ئەویش لەوتاندنی هەوا و ئاوە بە دووکەڵی کارگەکان و دەرمانە کیمیاوییەکانی لەناوبردنی مێرووی زیانبەخش بە کشتوکاڵ و تەندروستیی، ڕاوەستان لە ڕووی ئەم لایەنەیش وا دەگەیەنێت کارگەکان دابخرێن و لێگەڕێن کوللـە و مێرووی تر وەك جاران کشتوکاڵ بخۆن. ئەمەیش دەبێت بە هۆی گێڕانەوەی مێژوو بۆ دواوە و دواکەوتنی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و زیاتر برسیی کردنی کرێكاران و جوتیاران.. بە هەرحاڵ ئەم مەسەلەی پاراستنی دەوروبەرە زۆر لەمە زیاتری دەوێت و منیش داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەم کە هەندێك لە مەسەلەی ئەدەبەکە دوورم خستنەوە، بەڵام مەبەستم ڕوونکردنەوەی نەزانیی و بە هەڵەدا بردن و چەواشەیی زانیارییەکانی نووسەرە. “یۆری ڕایتخیۆ”ئەم مەسەلە سروشتییە زۆر شارەزایانە و بە زمانێكی ناسك و”شاعیرانە”دەباتە سەر ئەدەب و دەڵێت:”بەڵام ئادەمیزاد ژیانی ناوەوەیشی هەیە، کە ژیانە ڕووحیی و فیکریی و هونەریییەکەیەتی”(٤٠)، واتە جگە لە بەرژەوەندییە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئەوەکانی تر، ئادەمیزاد ئەو لایەنە ناوەوەیییانەیشی هەیە و بایەخدانی یەکلایی بە دیوی دەرەوەی ئادەمیزاد ئەو لایەنانە”لە دنیای تازەدا تووشی لەوتان و ڕووتانەوە و شێواندنی ئەنقەست دەکات..”بۆ نموونەی ئەمەیش”ئەدەبی توندو تیژیی و ڕقەبەرایەتیی و ڕەگەزپەرستیی”لە وڵاتە ڕۆژئاوایییەکاندا دەهێنێتەوە. ئەم بۆچوونەیش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مەبەستی بەرهەمەکانی”ئەلبێر کامۆ”و “ساموێڵ بێكیت”و ئەو دوای پێشەڕەوەکاندا نییە(٤١)، کە لێرەدا “حەمەسەعید”دەیەوێت چیرۆکەکەی من بداتە پاڵیان و لەو ڕێگایەیشەوە بەوپەڕی”توندوتیژیی و ڕقەبەرایەتییەوە”-کە”یۆری ڕایتخیۆ”نەفرەتی لێدەکات، هەر بە دەمی ئەوەوە-ئەدەبی دژ بە شارستانیی ڕووکەش و ئادەمیزاد بە بورغوکەر بە زمانی”پیس”باس دەکات..نازانم تۆ بڵێیت ئەم داوا لەو نووسەرانە بکات لەناو ئەو زەلکاو و ناهەمواریی و لەوتاویییەوە ئەدەبێكی پڕ لە گوڵ و گوڵزار و شێنەیی بهێننە بەرهەم و چاو لە ئاستی ئەو ژیانە نامرۆڤایەتییە بچووقێنن و هەر بە خەیاڵ بڵێن: ئۆخەی دنیا چەند خۆش و ڕەنگینە! یان مێروولە هەر پێی خۆشە بچێت بەگژ قوللـەی قافدا؟!
*”ئەرستۆ”ی فەیلەسووف دووهەزار ساڵ زیاترە وتوویە:”تا زۆرتر بزانم، زیاتر بۆم دەردەکەوێت کە کەمتر دەزانم “.”حەمەسەعید”یش دیوەکەی تری ئەم وتەیە دەچەسپێنێت، کە ئەویش لە خۆ ڕازیبوون و خەڵکی بە هیچ نەزانە، بۆیە وەکو بەرپەرچدانەوەیەکی وتە چڕوپڕ بە پێستەکەی “حوسێن عارف”دەربارەی چیرۆکی “ڕەشەڕاو” (٤٢)ی “سەلام محەمەد”کە وتوویە:”شێوەی موناجات و مۆنۆلۆژە ناوخۆکە لە دەربڕینی مانا و مەبەستدا یاریدەی زۆر داوە..”(٤٣)، ئەم بە نیمچە دڵنیاییییەکەوە دەڵێت:”من پێموایە چیرۆکەکەی سەلام شتێكی تەقلیدییە، بەڵام بە شێوەیەکی نوێ نووسیویەتی، بۆیە نوێترین تەکنیك ئەو باسە تەقلیدییە ناکاتە کارێكی ئەدەبیی سەرکەوتوو”، بەر لەوەی لەم قسەیە وردبینەوە، بابزانین وشەکانی چەند لە جێی خۆیاندان: جارێ نووسەر بە “پێموایە”قسە دەکات، واتە زۆر دڵنیا نییە و هەر بە قیروسیا وتوویەتی. لێكۆڵینەوە بناغە و بنچینەی زۆی هەیە و ناشێت وەکو مەتەڵ هەڵهێنان بنووسرێت، بەڵام بە هەرحاڵ لە سەرەتاوە دەزانین نووسینەکە لێکۆڵینەوە نییە و با ئەمەیش بچێتە پاڵ ئەوەکانی تر. جگە لەمەیش وشەی”تەقلیدیی”وەکو وشەی”فۆتۆگرافی”بە جۆرێك بەکار هێنراوە کە هەرگیز وا ناگەیەنێت. خۆ ئەگەر بە”تەقلیدیی”مەبەستی بابەتی چیرۆکەکە بێت، ئەوە بێگومان هەڵەیە و هیچ بابەتێك نییە”تەقلیدیی”بێت ئەگەر دەربڕینەکەی سەرکەوتووبێت، ئەگەر وا نەبێت چی لە دڵداریی و بە جوانیی ئافرەت و سروشتدا شیعر وتن و لاواندنەوە تەقلیدیی تر هەیە، کە”گۆران”بەرزترین شیعریشی پێ وتوون. ئەمەیش ئەوەندە ئاشکرایە پێویست بە نموونە هێنانەوە ناکات. خۆ ئەگەر مەبەستیشی شێوەی ئەو چیرۆکەیە، ئەوە هەر هەڵەیە، چونکە”تەقلیدیی”واتە لاسایی کردنەوەی ئەو شێوانەی ئەوەندە بەکارهێنراون گیانیان تیا نەماوە..ئەمە لە چیرۆکدا ئەو شێوەیە دەگرێتەوە کە مەرجە باوەکانی چیرۆك پەیڕەو دەکات. وەك سێ قۆناغەکەی سەرەتا و لوتکە و کۆتایی. سەرەڕای ڕووداو و پاڵەوان و کات و شوێنێکی دیار و چەند وردە شتێكی تر. جا نازانم تۆ بڵێیت چیرۆکی”ڕەشەڕاو”وەها بێت؟!..نەخێر. بگرە هەر لە شێوە کەم ناسراوەکانی چیرۆکە و ئەگەر “حوسێن عارف”سەرنجی بۆ”شێوەی موناجات”(٤٤)-کە لقە تەکنیکێکی زۆر تایبەتی و تەسکی شەپۆلی هۆشە(٤٥)-ڕانەکێشایە، ڕەنگ بوایە نەك هەر بە تەقلیدیی دانەنرایە، بەڵكو لەسەر چیرۆکی ئاساییش حیساب نەکرایە.. ئەگەرچیش”د.شۆ”ڕای وایە هەر نووسینێك شیعر نەبێت چیرۆکە.
*”حەمەسەعید”کە دەڵێت:”بە شێوەیەکی نوێ نووسیویەتی”، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم قسەیە زۆر گشتییە و کەم بەرهەمی ئەمڕۆ ناگرێتەوە و لەگەڵ ئەوەیشدا خۆی واتەنی”ماڵی بێ دانە”، بەڵام بۆ نەگبەتی ئەم چیرۆکە ناگرێتەوە! چونکە شێوەی”موناجات”ڕەگێکە لەو ڕەگانەی تەوژمی هۆش لەسەری ڕواوە. تەنانەت شاعیری مەزنمان”ئەحمەدی خانی”ش نۆسەدساڵ بەر لە ئێستا لە کۆتایی”مەم و زین”ـــەکەیدا بەکاری هێناوە و هەر بە هەمان زمانی کەسی دووەم-واتە صیغەی مخاطبە-وەك چۆن “سەلام محەمەد”لەگەڵ خۆیدا دەدوێت، “خانی”ش ئاوەها لەگەڵ قەڵەمەکەیدا-کە هەر خۆیەتی-دواوە و وتوویە:
ئەی ڕاکیبی واقیعی پیادە
وەی عاشقی صەفحەی دەسادە..هتد
*ئەم شێوەیە زیاتر ناخ و نیگەرانیییەکانی پاڵەوان-نووسەری پێدەردەبڕدرێت و”ولیەم فۆکنەر”ڕووداوی ڕۆمانی “لەو کاتەدا کە بە گیانەڵایی ڕادەکشێم”ی بەم شێوەیە داڕشتووە، “ڤێرجینیا ووڵف”یش ڕۆمانی “شەپۆلەکان”ی هەر بەم شێوەیە نووسیوە. “سەلام محەمەد”یش توانیویەتی بەم شێوە هونەرییە سەودایی شاعیرێکمان بۆ دەرببڕێت کە بە درێژایی ڕۆژێك لە پلەیەکی شاعیرانەی هەستونەستدا دەژێت و لە بیرکردنەوە زیاتر هیچ کارێكی تری نییە و دیارە قوتابییەکی ڕۆشنبیرە و یەکەم ڕۆژی پشوودان گەڕاوەتەوە بۆ دێیەکەی خۆیان..ئەم پاڵەوانە لەو ڕۆژەدا وا هەست دەکات زۆر لە”فۆتیس”ی پاڵەوانی”مەسیح سەرلەنوێ لە چوارمێخە دەدرێتەوە”ی”نیکۆس کازانتزاکی”یەوە نزیکە و هەندێك ناوی تریشی بە مێشکدا دێت کە ئەوانیش هەریەکە و لە لایەکەوە لەم پاڵەوانەوە نزیکن، بەمەیش نووسەر تیشکێكی زۆری بەو چەند ناوە خستووەتە سەر ناخی پاڵەوانەکەی. ئیتر نازانم”عەرزی عەزەڵات”و کێشەی نێوان هەژاران و چەوسێنەران و ئەم بابەتە قسانەی “حەمەسەعید”دەربارەی ئەم چیرۆکە نووسیویەتی چی پەیوەندییەکی بە کرۆك و مەبەستی ئەم چیرۆکەوە هەیە؟! ئەمەیە پێی دەوترێت: “گوڵ بە پەیین لێکدەداتەوە”(٤٦). ئەو ڕستەیەی ئەو دەستەویەخەی بووە و بە ئامان و زەمان لێی نابێتەوە، تهنیا ئیشارەتێكە بۆ نەریتێکی کوردەواری و دیارە ئەو گۆشت و برنجە بە بۆنەی گەڕانەوەی پاڵەوانەکەوە لێنراوە و ئاشکرایە حاڵی ئەمانیش لە حاڵی ماڵی”پوورە مەنیج”هیچ باشتر نییە، ئەگینا بەلای ماڵێکەوە ئەوە خواردنی ئاسایییان بێت هەرگیز ئەوەندە بە بایەخەوە سەیر ناکرێت تا ناوی ببرێت و دراوسێی پێ بیربکەوێتەوە و بەشیانی لێبدرێت. جا لەبەر ئەوەی نەك ئەم چیرۆکە، بەڵکو هەرچی ئەدەب و هونەری دنیا هەیە تاقە منداڵێكی لە برسێتیی پێ ڕزگار ناکرێت(٤٧)..بۆیە بە پێویستی نازانم لەمە زیاتر لەسەری بڕۆم.
*”حەمەسەعید”دەربارەی چیرۆکەکەی “موحسین ئاوارە”دەڵێت:”من هەرچەندە لەگەڵ ئەوانەدا ڕێکناکەوم کە لە هەڵسەنگاندنی هەموو کۆمەڵە چیرۆکێكدا یەکە یەکە چیرۆکەکان کورت دەکەنەوە و..هتد”، جارێ ئەو کارە لە ڕەخنە و لێكۆڵینەوەدا کورت کردنەوەی پێناوترێت، بەڵكو گێڕانەوەی حیکایەتی چیرۆکەکەیە بە کورتی، لەگەڵ شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی هەندێك لایەنی سەرەکی لە چیرۆکەکەدا بۆ دەرخستنی کرۆکەکەی. کورت کردنەوە تهنیا بۆ ڕۆمانە درێژەکان دەبێت، کە ئەویش زیاتر کارێكی بازرگانییە، بەڵام کورتە چیرۆك خۆی کورتە ئیتر چۆن کورت دەکرێتەوە(٤٨)؟!جگە لەمەیش وەنەبێت ئەمە بە کارێكی شێواندنی بەرهەمەکە دابنێت، بەڵكو بە کارێكی ئاسان و”ماڵی بێ دانە”ی لە قەڵەم دەدات، کەچی گەورە ڕەخنەگران بە خۆیاندا ڕانابینن ئەم کارە بکەن، چونکە دەزانن بەرهەمەکە ئەوەیە کە بەو شێوەیە دەربڕاوە و هیچ داڕشتنەوە و گێڕانەوەیەکی چیرۆکەکە نابێت بەو بەرهەمە خۆی، چونکە چیرۆك حیکایەت نییە تا هەر کەسێك بە ئارەزووی خۆی بیگێڕێتەوە. ئەم سەرنجەیش بۆیە بە پێچەوانەی ڕای گشت گەورە ڕەخنەگرانەوەیە چونکە لە یەکێكەوەیە شتە هەرە باو و گشتییەکانی ڕەخنەیشی پەیڕەو نەکردووە..دیارە بێگومان دیاردەیەکی نوێیە لە ڕەخنە و لێكۆڵینەوەدا تا ئەو ڕادەیەی هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە نەماوە! وەکو ڕوونیشمان کردەوە نووسەر بە درێژایی نووسینەکەی یەك خاڵی نەگرتووە”ماڵی بێ دانە”نەبێت و کەچی لە هیچیشیاندا بۆی نەهاتووە، بەڵام کە هەندێك لەو چیرۆکانە باس ناکات، یان لەبەر ئەوەیە ئەوەندە لێیان وردنەبووەتەوە تا بزانێت چی دەڵێن، وەك لە”کڵاوقووچ”و”چاوەڕوانیی”و “ڕەشەڕاو”دا دەرکەوت وەهایە، ئەمەیش چونکە ئەو پێشوەخت بڕیاری خۆی داوە چی دەربارەیان بنووسێت و ئیتر هەقی بەسەر ڕاستیی و ناڕاستییەوە نەبووە..یانیش-ئەگەر زۆر نیازپاك بین-دەبێت بڵێین نەیتوانیوە لێیان تێبگات، لەم حاڵەتەیشدا نەدەبوو لەسەریانی بنووسیبایە. خۆ ئەگەر ئەم دوو ئەگەرەیش نەبێت، ئەوە خراپتر، چونکە دیارە دەزانێت چیرۆکەکان چییان دەربڕیوە و گێڕانەوەیان چەندیش بشێوێنرێت هەر سەرنجێكی وەها بە خوێنەر دەدات کە ڕاستیی و ناڕاستیی قسەکانی ئەویان بۆ دەربکەوێت!
*”حەمەسەعید”کە دەڵێت:”..مەبەستی نووسینەکە لە چوارچێوەی ڕاژەی ئەدەبی ڕەسەنی کوردی نەچۆتە دەرەوە و هێرش بردنی ناڕەوای بۆ سەر هیچ شاعیرێ نەکردۆتە دروشم”، خۆی زۆر چاك زانیویەتی کە ئەو پاکانەیە زۆر پێویستە و گشت کەسێك تێدەگات مەبەستی ئەو نووسینەی ئەو ڕێك بەو شتانە گوناهبار دەکرێت کە دەیەوێت هەروا بەو قسەیە لە خۆی بتەکێنێت، ئەگینا چ پێویستی بە وتنی ئەوە دەکرد؟! چونکە ئەگەر وەها نەبوایە ئەو هەموو ئاوەژوو کردن و بۆهەڵبەستنەی بۆچی بوو؟! ئەمە جگە لەوەی ئەگەر ئەو چیرۆکانەی من و :”شێرکۆ بێکەس”و” “سەلام محەمەد”وەهابوون. خۆ هەر یەکە و چەند چیرۆکێكی تری بڵاوکراوەمان هەیە..بەڵام دڵنیام ئەوانیشی بە دەردی چیرۆکەکانی “عەبدوڵڵا عەباس”هەر بە یەك گوناهـ تاوانبار دەکرد، کە وابوو مەسەلە خاوەنی چیرۆکەکانە و هەلێكی ساکارە بۆ ناو زڕاندنیان، کە وەکو دەریش کەوت بەسەر خۆیدا کەوتەوە. چونکە ئەم دیکتاتۆرییەتەی هەر وا بە ئارەزوو ئەم پاداشت دەکات و ئەوی تر لەناودەبات، ئەگەر لە گشت کۆڕێکیشدا جێگای ببێتەوە، لە کۆماری ئەدەبدا جێگای نابێتەوە.
———————————————
سەرچاوە و پەراوێزەکان
١-بۆ نموونە لەم ڕووەوە بڕوانە: گۆڤاری “الثقافة الاجنبية”ژمارە”٢”١٩٨١، “رأیان في باسترناك”.ل”٦٦”.
-“مایکۆڤسکی”کە شاعیرێكی”فیووچەریستیی”بوو لە تەمەنی”٣٧”ساڵیدا خۆی کوشت، بەر لەوە وتوویە: “پاپۆڕی خۆشەویستیی خۆی لەسەر تاشەبەردەکانی ژیانی ڕۆژانەدا تێكشکاند”.
-خاتو”تسڤێتایێڤا”پاش ماوەیەكی دوورودرێژ لە دوورخستنەوە گەڕایەوە، لە ئەنجامی تووشبوونی بە کۆمەڵێك کارەساتەوە لە سەرەتای جەنگدا خۆی کوشت.
-“یاشفیلی”شاعیرێكی جۆرجییە، لە”٤٢”ساڵیدا خۆی کوشت.
-“ڤادیێیف”پەسەندترین شاعیر بوو بەلای”ستالین”و”ژدانۆف”ـــەوە، پاش ئەوەی لەلایەن هاوڕێ نووسەرەکانییەوە لە سەردەمی”توانەوە”دا تووشی ڕەخنەی توندوتیژ بوو، لە ساڵی ١٩٥٦دا خۆی کوشت.
-“بۆریس پاستەرناك”شاعیر و ڕۆماننووسە، دوای بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی”دکتۆر ژیڤاگۆ”-کە خەڵاتی “نۆبڵ”ی وەرگرت-ویسترا دووربخرێتەوە، دوای مردنی مۆری لەعنەتی لەسەر هەڵگیردرا.
-“یەسینین”لە کۆمەڵە شیعری”کۆمەڵێك شیعری هەڵبژاردە”ی وەرگێڕانی”حەسەب ئەلشێخ جەعفەر”دا دەڵێت: “من وەك شاعیرێكی ڕۆمانتیکی ناتوانم بە کاروانی شیعری شۆڕشگێڕیدا بگەم”ل”٢٣”، چونکە “کەشتییەکە حاڵی ئێجگار بەربادە”. پاشانیش خۆی کوشتووە.
٢-گۆڤاری”الأقلام”ژمارە”٩”، حوزەیرانی ١٩٨٠،ل”٧٣”.
٣-سەرچاوەی پێشوو.
٤-“دراسات في الواقعية الاوروبية”، “جورج لوکاتش”وەرگێڕانی”أمير اسکندر”، بەشی یەکەم، ل”٤٣-٦٩”.
٥-“یسینین، قصائد مختارة” وەرگێڕانی “حسب الشيخ جعفر”، ل “١٢٣”.
٦-گۆڤاری “بەیان”، ژمارە”٦٩”، شوباتی ١٩٨١، ل “٣٧”.
٧-سەرچاوەی پێشوو. لێرە بەدواوە پەنجە بۆ ئەم سەرچاوەیە درێژ ناکەین چونکە ئاشکرایە.
٨-گۆڤاری”ڕۆشنبیری نوێ”، ژمارە “٤٥”، تشرینی دووەمی ١٩٧٥، بەشە عەرەبییەکەی، ل”١١”، “انطباعات سريعة عن قصص العدد الماضي”.
٩-گۆڤاری”نووسەری کورد”، ژمارە”٥”، خولی دووەم، تشرینی دووەمی ١٩٨٠، “شیعر لە نێوان لەززەت و هەڵوێستا”، “حەمەسەعید حەسەن”، ل”١٣٢”.
١٠-کۆمەڵە چیرۆکی”کوێرەوەری”،”بلە”، ل”٧٥”.
١١-گۆڤاری”بەیان”، ژمارە”٤٢”، “چیرۆکەکانی ژمارەی پێشووم خوێندەوە””حوسێن عارف”، ل”٤٢”.
١٢-کۆمەڵە چیرۆکی”کوێرەوەری”، ل”٤٧”.
١٣-بڕوانە پەراوێزی ژمارە”٨”.
١٤- بڕوانە پەراوێزی ژمارە”١١”.
١٥-کۆمەڵە چیرۆکی”بە پەنجەکانم دەتبینم””دڵشاد محەمەد ئەمین”، ل”٥٣”.
١٦- بڕوانە پەراوێزی ژمارە”٨”.
١٧-گۆڤاری”ڕۆشنبیری نوێ”ژمارە”٧١”، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ١٩٧٨، ل”١١”.
١٨-کۆمەڵە چیرۆکی”زليخة..البعد يقترب”،”جليل القيسي”، ل”٤٥”.
١٩-“الرواية کملحمة بورجوازية”،”جورج لوکاش”وەرگێڕانی”جورج طرابيشي”، ل”١٣”.
٢٠-سەرچاوەی پێشوو، ل”٧٢”.
٢١-سەرچاوەی پێشوو، ل”٧٣”.
٢٢-“تيار الوعي في الرواية الحديثة”،”روبرت همفري”، وەرگێڕانی”دکتور محمود الربيعي”، ل”٤٤”.
٢٣-گۆڤاری”بەیان”ژمارە”٤٤”ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٧، ل”٥٨”.
٢٤-گۆڤاری”الآداب الأجنبية”ژمارەی چوارەم، ساڵی پێنجەم، نیسانی١٩٧٩”هل کان همنغواي بطل رواياته ؟!”، ل”٤٦”، “فیلیپ يۆنگ”دەربارەی”پیرە و دەریا”لە ل”٥٩”دا دەڵێت:”دەشێت ئەو ڕۆمانە وەکو چیرۆکێکی ڕەمزیش بخوێنرێتەوە، کە سەرتاپا وێنەی کەسێتیی نووسەرەکەیەتی..”. شایانی باسیشە “زادوق ئادەم”ئەم لێکۆڵینەوەیەی کردووە بە کوردی و لە “هاوکاری”ژمارە”٥٨٦”و”٥٨٧”دا بڵاوی کردووەتەوە.
٢٥-“موسوعة جیمس جویس”،”د.طه محمود طه”لە ل”٣٧٣”دا دەڵێت:”باوکەکە لێرەدا ڕەمزی ئەو هونەرمەندەیە(شەکسپیر، یان جۆیس)کە خۆی دەخاتە ناو کارە هونەرییەکانییەوە..”.
٢٦-“مارسیل بروست و التخلص من الزمن”وەرگێڕانی”نجيب المانع”، خاتو”جێرمین برێ”لە ل”١٨”دا دەڵێت:”ڕۆمانی(گەڕان لە کاتە ونبووەکە) زۆر توندوتۆڵ بە ژیانی نووسەرەکەیەوە بەستراوەتەوە تا ڕادەیەك گشت ئەو ڕووداوانەی باسی دەکات لەو ڕووداوە واقیعییانەوە هاتوون کە لە ژیانی (پڕوست) خۆیدا ڕوویان داوە”.
٢٧-بڕوانە پەراوێزی ژمارە”٢٥”.
٢٨-“نحو رواية جديدة”، “ئالان ڕۆب گرێ” وەرگێڕانی”مصطفى ابراهيم مصطفى”. نووسەر لە ل”٢٦”دا دەڵێت:”مەوزووعییەت بە واتا باوەکەی، واتە ناخودییەکی ببڕای ببڕ لە سەرنجداندا شتێكی خەیاڵییە”.
٢٩-“جماليات المکان”،”جاستون باشلار”وەرگێڕانی”غالب هلسا”،”هۆسرل”ی فەیلەسووف لە ل”١١”ی ئەو کتێبەدا دەڵێت:”مەوزووع نییە بە بێ خود”.
٣٠-گۆڤاری”ڕۆشنبیری نوێ”، ژمارە”٦٤”ی ١٩٧٨، ل”٢٥”.
٣١-“تيار الوعي في الرواية الحديثة”ل”٤٩”.
٣٢-سەرچاوەی پێشوو، ل”٤٦”و”٤٩”.
٣٣-بۆ زیاتر زانین بڕوانە سەرچاوەی پێشوو، بەشی دووەم”جۆرەکانی تەکنیك”ل”٤٢-٨٥”.
٣٤-“الرواية کملحمة بورجوازية”، ل”٦٠”.
٣٥-أشکال الرواية الحديثة”،”فردريك ج. هوفمان”لە “ألدوس هیکسلي و رواية الافکار”ل”٢٥٢”ی ئەو کتێبەدا دەڵێت:”عەیبی سەرەکیی لە ڕۆمانی فیکردا لەوەدایە کە پێویستە لەسەرت دەربارەی خەڵكێك بنووسیت بیروباوەڕی ئەوتۆیان هەبێت دەری ببڕن. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت گشت خەڵكی لابدەیت و تهنیا یەك کەس لە هەزاردا لە خێزانی مرۆڤایەتی بگریت”. لە ل”٢٦٣”یشدا دەڵێت:”کاتێك وتارنووس هەوڵدەدات گیانێك بکات بە بەر بیروڕاکانیدا، ڕۆمانی فیکر سەر هەڵدەدات”.
٣٦-“کاکە مەم بۆتانی” دە ساڵ بەر لە ئێستا ئەمەی لە گفتوگۆیەکدا لە ڕۆژنامەی”هاوکاری”دا وتووە، بەڵام داخەکەم ئەو ژمارەیەم لەبەر دەستدا نەبوو تا ژمارە و مێژووەکەی دابنێم.
٣٧-“المدخل الى علم الجمال”، وەرگێڕانی”جورج طرابيشي”، ل”٦٤”.
٣٨-“واقعية بلا ضفاف”، “روجيه غارودي”وەرگێڕانی”حليم طوسون”ل “١٠٥-١٣٥”.
٣٩-سەرچاوەی پێشوو، ل”٣٥”.
٤٠-گۆڤاری”الاقلام” ژمارە”٩”ی ساڵی ١٩٨٠، پێشەکی ڕۆمانی”عندما تغادر الحيتان”، ل”١١٢”.
٤١-بۆ نموونە بڕوانە شانۆگەریی”سوء تفاهم”و”چاوەڕوانیکردنی گۆدۆ”.
٤٢-گۆڤاری”بەیان” ژمارە”٤٠-٤١” ئازاری ١٩٧٧، ل”٦٦”.
٤٣-بڕوانە پەراوێزی ژمارە”١١”.
٤٤-“تيار الوعي في الرواية الحديثة”، “روبرت همفري” لە ل”٥٨”دا دەڵێت:”موناجاتی دەروون”یان ڕازو نیاز لەگەڵ خۆدا-ئەگەر بشێت وەهای ناوبنێین-“تێکەڵ کردنێكی سەرکەوتووانەیە لە شەپۆلی هۆش و لە کرداری دەرەوە”. لە ل”٥٦”یشدا دەڵێت:”ئەم تەکنیکە ناوەوەی زەین و کارە زەینییەکانی پاڵەوانەکە ڕاستەوخۆ لە پاڵەوانەوە بۆ خوێنەران دەردەبڕێت، بەڵام بە جۆرێك کە وەها دانرابێت جەماوەرێكی بێدەنگ هەیە”،” مەبەستیشی گەیاندنی هەست و نەست و بیرە پەیوەندەکانە بە داڕشتنە هونەرییەکە و کردارە هونەرییەکەوە”.
٤٥-“چوار جۆرە تەکنیکی سەرەکی هەیە لە شەپۆلی هۆشدا بەکاردەهێنرێن ئەوانەیش: مەنەلۆژی ناوەوەی ڕاستەوخۆ و مەنەلۆژی ناوەوەی ناڕاستەوخۆ و وەسف لە ڕێگای زانیاریگەلێکی ئێجگار زۆرەوە و ڕازونیاز لەگەڵ خۆدا”..سەرچاوەی پێشوو، ل”٤٢”.
٤٦-“جماليات المکان”، “جاستون باشلار”، ل”٣١”.
٤٧-“قضايا الرواية الحديثة”، “جان ريکاردو” وەرگێڕانی”صياح الجهم”، ل”١٨ و ١٩”.
٤٨-“عشر روايات خالدة”، “سومرست موم”، پێشەکییەکەی، ل”١٣”.
*سەرچاوە: گۆڤاری بەیان، ژمارە(٧٢)، ١٩٨١. ل: ٢٠-٣٩.
