چی بۆ ئێوە و چی بۆ ئێمە؟.. نەوزاد بەندی
فڕۆکەی تایبەت بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ ئێوەی خەباتگێڕ و ماندوو نەناس، کەناری و کۆتریش بۆ ئێمەی پێشمەرگەی سادە و ساکار و بێ ناوونیشان .. کۆشک و تەلاری بەرزایی و سەر گرد و شاخەکان بۆ ئێوەی کاریزما و بیریاری مەکیاڤیلیزم، خانووی بێ تاپۆ و زیادەڕەوی خوار و خێچی ناو چەم و دۆڵ و نشێوەکانیش بۆ ئێمە.. گوند و شاری ئیتاڵیی و ئەڵمانیی و هۆڵندیی بۆ ئێوە، گەڕەکی شەهیدان و کوژراوان و کەمئەندامانیش با بۆ ئێمە بێ.. لاندکرۆزەر و لەگزسی دوا مۆدێل و درع بۆ ئێوە، ئوتومبیلی دەعمکردوو، سوکان محەوەری بێ تابلۆ و علوجی ووڵاتانیش بۆ ئێمە.. کوپەڵەی پڕ لیرەی زێڕ و زیوی ناو ڕەحمی خاک و مێژوو بۆ ئێوە، کنگر و وشتراڵوک و چاوبازە و کەرتەشیش بۆ ئێمە .. نەوت و گازی ژێر زەوی بۆ ئێوە، مینی چێنراو بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ ئێمە با قاچ و دەستمان بپەڕێنن.. زانکۆی کامبردج و ئەمەریکی و ئۆکسفۆرد بۆ ئێوە، حوجرە و قوتابخانە داڕوخاوەکانی مەحوی و مەولاناخالیدیش بۆ ئێمە..کچە جوانە سێکسییەکانی ناوخۆ و ئێران و شام و ڕۆم بۆ ئێوە بە حەرامیی، کچە ناشیرینە نەخۆشە کەمئەندامەکانیش بۆ ئێمە بە حەڵاڵیی .. سەعاتە گرانبەهاکانی ڕۆلێکس و پاتیک فلیب بە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ مەچەکی شۆڕشگێڕ و ماندوونەناسی ئێوە، ئێمەیش بە گاز سەعات لە مەچەکی مناڵەکانمانا دروست ئەکەین و ڕازییان ئەکەین و ئەیانکەینە خاوەن سەعات، کە گەورەیش بووین سەعاتمان ناوێت، چونکە کرێکار سەعات لە دەست بکا پڕ ئەبێ لە ئاو و عەرەق و لم و چیمەنتۆ و ئەڕزێت و ئەشکێت.
بتڵە ویسکی و گرانتس بە دەیان هەزار دۆلار بۆ سەرگەرمکردنی ئێوەی ماندووی کوردناسی ماندوو نەناس، ئێمەیش بە چای دیژلەمەی خەست سەرمان گەرم ئەکەین.. کەناڵی سەتەلایت بە سەدان بێژەری جوانکیلە بە ملیۆنەها دۆلاری خەرجیی مانگانەوە بۆ ئێوە و مناڵەکانتان، ئێمە تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنمان ناوێت، چونکە بێجگە له خوا بڕوامان بە هیچ هەواڵ و کەناڵ و فڕ و فیشاڵێک نەماوە.. چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخی بڕاندی ئیتاڵیی بە سەدان هەزار دۆلار بۆ قەد و باڵای ماندووی ئێوە، ئێمەیش لە بازاڕی لەنگەکە پانتۆڵێکی کاوبۆی کۆن بە دوو هەزار دیناری تەبعی بریمەر ئەکڕین، کە ڕەنگە هی سەردەمی چاڕڵس بڕۆنسن بێ، عەیبی چییە ؟ ..ئێوە پێڵاوی زیگنا و بۆگاتی و کامێڵ و کارتەر لە پێبکەن بە هەزاران دۆلار، قەیناکا ئێمە پاتەی ئێرانیی و چینیی بە چوار هەزار دیناری تەبعی بریمەریی لە جادەی شێخەڵا وکاک ئەحمەدی شێخ ئەکڕین، قەیناکا با لەگەڵ هەر هەنگاوێکا جڕتێک لێبدەن.. بۆ جەژنی سەری ساڵ و جەژنەکانی تر، ئێوەی سەرکردەی ماندوونەناس بە فڕۆکەی تایبەت، لەگەڵ ماڵ و مناڵەکانتاندا بفەرموون بۆ نەمسا و سویسرا و لەندەن و پاریس و دبلن ، ئێمەیش ئەو ڕۆژانە ناچین بۆ ئیش و تا نیوەڕۆ ئەخەوین و ئیسراحەت ئەفەرمووین، عەسرەکەیشی مەنجەڵێک یاپراخ ئەخەینە ناو چارۆکەیەک و لەگەڵ ماڵ و مناڵدا ئەیبەین لە پارکی ئازادی و شانێدەر لە ژێر درەختێکی خەمگیندا، ئەیخۆین .. ئێوە عەتری گرانبەهای وا بدەن لە خۆتان، کچە مۆدێل و مێینە جوانەکانی چواردەورتان بخەنە سەر کەڵکەڵەی موسارەعە حوڕەی ناو حەلەبەی ژووری نوستنەکانتان، حەقی خۆتانە دوای ئەو هەموو کوردایەتییە، مەلەوانیی لە ئەستێڵکی لەش و لارە گۆشتنەکانا، خەمی ئێمەتان نەبێ، چونکە عەتر و عەرەقی شین و مۆری ناوچاومان ناگونجێن، پارەی عەترەکە ئەدەین بە نیڤیا و ڤازالین بۆ دەست و قاچە شەقار شەقار بووەکانمان، تاکو ئازاری کزانەوە و برژاونەوەکانیان مات بن و بتوانین شەو بنووین تاکو سبحەینێ زوو هەستین و بڕۆین بۆ ژوانی پاچ و خاکەناز و لم و چیمەنتۆی پڕۆژە زەبەلاحەکانتان ..مناڵەکانی ئێوە با لە قوتابخانەکانی ئەوروپا بخوێنن، بۆ ئەوەی هەم زمانە زیندووەکانی دنیا فێر بن و هەم فێری ئەتەکێت و هەڵس و کەوتی نۆبڵمان و مۆدێرن بن، پاشان دێنەوە و ئەبنە سەرۆک و سەرکردە و شت بەدەست دوای ئەوەی کە خوای گەورە ڕۆحی گرانبەهاتان لێ وەرئەگرێتەوە، بەڵام مناڵەکانی ئێمە هەتا ئیعدادی لە مەکتەبە سارد و سڕ بە زستان و گەرم و گوڕ بە بەهار و هاوینەکانا ئەخوێنن، هەتا ئەوەی مەکتەب تەرک ئەکەن و لە هەژاریدا شێت ئەبن یان بە قاچاخ بە خەیاڵی ژیانێکی جوان و شەرەفمەندانە، ڕوو دەکەنە ئەوروپا، لە ڕێگا بەشێکیان لەناو دەریاکاندا ئەخنکێن و بەشەکەی تریشیان لە زیندان و دارستان و کەمپە بێ ڕەحمەکانی ئەوروپادا، کەڕووی چاوەڕوانیی و لەش تێیان ئەدات، قەیناکا، خۆ ئەمانە لە داهاتوودا نابنە سەرۆک و سەرکردەمان، بوون و نەبوونیان وەکو یەک وایە، وەک بڵێی تۆبە ئەستەغفیروڵڵا، بە هەڵە هاتبنە دنیاوە و غەڵەتی مەتبەعیی بووبن، ئەگینا توخوا مەعقولە کەسێک بێتە ژیانەوە و هیچ ڕزق و ڕۆزی و دامەزراندن و هەلی ژیان و کارکردنێکی نەبێ؟
با ئێوەی ئازا.. ئێوەی دەبابە و فڕۆکە خۆری بەعس و تۆمارکەری داستان و ئەفسانەکانی شەڕی براکوژیی، ببنە خاوەنی دەیان و سەدان و هەزاران مۆڵ و بەنزینخانە و بازاڕ و تاوەری پەنجا شەست نهۆمیی، بە قەبارەی بەرزیی و بڵندیی دەیان هەزار گەنجی شەهیدی وون و گۆڕ وون و بێ سەر و شوێن، ئێمەیش بۆ خۆمان دوای سەعات دووی نیوەڕۆ کە ئێوە چوون بۆ ڕابواردن، ڕێگا بە ئێمە دەدرێ عەرەبانەی سەوزە و میوە و نەعلفرۆشتن بهێنینە گۆڕەپانەکانی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخەڵڵا لە ماوەی دوو سەعاتدا، هەتا خۆر ئاوا ئەبێ، ڕێپێدراوین دوو سێ هەزار دیناری تەبعی بریمەریی پەیدا بکەین، لەناو دەنگە دەنگو قەڵەباڵغیی و شەڕ و شەڕەجنێودا چونکە هەزاران کەس لە هەموو چین و توێژە فلیقاوەکانی میللەتەوە ئەڕژێنە ئەو شوێنانەی کە دوو کیلۆی بە هەزارێکه یان سیانی بە دوو ..
مۆڵ و کارگە و تاوەرەکانی ئێوە لە باج بەخشراون، چونکە ئێوە سەرکردە و بەخشندە و نیشتمانپەروەریی دێرینن، بەڵام عەرەبانەکانی ئێمە لە فەرمانگەی باج و سەرانەدا، هەموویان ژمارە و دۆسیەی تایبەتیان بۆ کراوە و ئەبێ ساڵانە باج بدەین، ئێ ناحەقیان نییە ئێمە کوا سەرکردە و ڕێکخەری شەڕە گەورەکانی ناوخۆ و براکوژیی بووین، هەتا بمانبەخشن ؟
بۆ ئێوە ئەسپی گرانبەها و مەیدانی ئەسپسواریی و کچۆڵەی مەیتەری ناسکۆڵەی ئۆکرانیی و ئێرانیی، بۆ ڕاهێنانی مناڵۆچکەکانتان کە پێویستە ئەو سەرکردانەی داهاتوومان، فێری ئەسپسواریی و شاسواریی ببن، بۆ ئەوەی لە بۆنە جیهانییەکاندا گەر بڕگەی ئەسپسوارییان تێدا بێ، بە خۆدا نەشکێنەوە و ئاوزنگی لێدەن و بیهێننە جونبوش و چوار ناڵە، بەڵام ئێمە ئەسپ و مایین و چارەوێمان ناوێ، زیادمەسرەفییە و بەخی نیعمەتە، با خواگیان دەرگای ڕزق و ڕۆزیمان لێ دانەخات .. دەیان و سەدان دۆنم زەوی تایبەت و دوورە دەست، بۆ مەزاری مردووەکانی ئێوە، لەناو باخ و گوڵ و گوڵزار و بینای بەرز و مەڕمەڕی شاهانەدا، با لاشەی پیرۆز و ماندوو نەناس و پڕ خەبات و بەرخۆدانتان، ئارام و حەواوە بێ و دوای ئەو هەموو خۆنەویستییە، لەگەڵ پەرییەکانی ڕەحمەتدا، بێ قەید و شەرت و حەق و حیساب، بەرەو بەهەشت بڕۆن.. قەبرەکانی ئێمەیش بە یاڵێکەوە یان لە نشێوێکا، لە تەنیشت یەکدا، هەر یەکەی مەترێک زەمینی لار و وێر ، سەرمان ئەدا لە پەراسووی مردوویەکی شەڕی ناخۆ و .. کەللەی ڕاکردوویەکی سوپای بەعس، ئەچەقێ لە سەر شانمان، قاچمان ئەچێ بە چاوی پارتیزانێکی ناوشاردا، کە لە کۆلێژ ئاشکرا بوو، پێش پەنجا ساڵ بە دەسڕێژی گوللە شەهید کرا، هەمان کات نینۆکی ژنێکی کوژراو ئەچێ به گوێچکەمانا، کە پێش 45 ساڵ به تاوانی ناندان بە پێشمەرگە، لە زینداندا بە ئەشکەنجە گیانی سپارد، کەللە سەر ساوایەک کە لە سکی دایکیدا بەر دەسڕێژ کەوتبوو، ئەچەقێتە چەپرغەمان، کێشە نییە، هەر چۆنێ بێ شوێنی خۆمان ئەکەینەوە، خۆ ڕۆحمان تیا نییە ئازار بکێشین، خۆ پێویستمان بە موچە و دامەزراندن و تەرفیع و عەلاوە نەوت و غاز و برنج و ڕۆن و فێنککەرەوە نییە، کۆمەڵێ ئێسک و ماسولکە و پێست و نینۆکی بێگیانین، بەرە بەرە بەکتریا و مێرووی خاک ئەمانخۆن و ئەبڕێینەوە، قەیچێکا با لە نیو مەترا بە لاو نیو لێی ڕاکشێین، بەدانیشتنانەوە، یان بە پێوە، لە گۆڕی بە کۆمەڵدا، یان بە هەر جۆرێک بێ، ئێمە وەک ئێوە زۆر کۆڵمان بەو دنیا بێ شەرەفەوە هەڵنەگرتووە، ئەویش لەبەر ئەوەیە بۆگەنی لاشەمان، هاوشارییەکان بێزار نەکەن ئەگینا پێویستی بەو زەحمەتە نەدەکرد و هەروەک پاکەتێکی بەتاڵی پیتزا، فڕێتان داینایە ناو زبڵدانەکانەوە، خۆ ئازارمان پێ ناگات، ئێمە کە هەموو تەمەنمان ئازار و زوڵم و ئەشکەنجە و بێبەشکردن و زیندان و دەرکردن و دوورخستنەوە و بێداریی و بێزاریی و نادادیی بوو .. ئێمەی تاوانبار بە تاوانی ئەوەی کە لە خاکێکا لە دایک بووین، هەمووی بەش کرا بوو، هەمووی لوشکرابوو.. تۆبە، ئەستەغفیروڵڵا، تۆ بڵێی خوای گەورە ملیۆنان کوردی بە بێ ڕزق و ڕۆزی و کار و موچە و داهاتوو دروستکردبێ؟
ئێوەی ماندوونەناس و سەرکردە و شەهیدی زیندوو، مافی خۆتانە بڕۆن بۆ تیاترۆخانە و قومارخانەکانی مۆنتیکارلۆ و لاس فیگاس و ڕۆما، بە ملیۆنان دۆلار بدۆڕێنن بە دیار سەمای شاکیرا و سەماکارە جیهانییەکانەوە، مافی شەرعیی و شۆڕشگێڕیی خۆتانە، ئێوە کە لاویتان لە ئەوروپا و شام و شیراز بۆ نیشتمان بە هەدەر دا، ئێمەیش لە چایخانەی کرێکاران و قەرداران و پینەدۆزان و مچکۆ و شەعب و کەوفرۆشان، تاوڵە و ئەزنیف ئەکەین بە دیار مەقامێکی تۆزلێنیشتوی عەلی مەردانەوە ..
مافی خۆتانە خاک و ئاوی ووڵات پاوان بکەن و .. مناڵەکانتان ببنە خاوەن کۆمپانیای گەیاندن و وەستاندن و کەل و پەل و کارەبا و گومرک و ئەنتەرنێت و هەموو بازرگانییەکانی تر و ببنە ملیاردێر، بەڵام ئێمە نانی ئەو ڕۆژەمان هەبێ، بەسە، ئەگەر نەیشبێ هەر شایەنمانە، چونکە ئێمە کوا سەرکردە و ئەندازیاری شەڕ و ئاشوب و دووبەرەکیی و حیزبخیزبێنە و باڵباڵێنە بووین ؟ دنیا پێنج و دوو ڕۆژێکە، ملیاردێر بیت یان قەردار، کە ئەجەلت هات ئەتدەن لە دار.
مافی خۆتانە درۆکردن و پەیمانی هەوایی و فرمێسکی تیمساحیی.. مافی خۆتانە پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران و وەستاندنی دامەزراندنی گەنجان و ..ڕاگرتنی پلە بەندی دامەزراوان و .. گرانکردنی نەوت و غاز و بەنزین و کارەبا و ئاو، ئێ ئێوە خۆتان سەرۆکی کوڕی سەرۆکی کوڕەزای سەرۆکن و خۆتان باش ئەزانن ئەم میللەتە سپڵە پێنەزانە بۆره پیاوە حەسودە چاوپیسە، چۆن دەرمان ئەکرێ.. ئێوە شارەزان لە چارەسەرکردنی دەرد بە دەرد ..لە شکاندنی بەرد به بەرد .. لە ڕەواندنەوەی خەم بە خەم .. لە نەهێشتنی کێشه بە کێشە ..لە دورینەوەی برین بە زام .. ئێوە خۆتان ئەندازیاری هەموو نەهامەتییەکن، سوورەی بەر لەشکری هەموو گیروگرفتێکن .. ئێوە نەبێ کێ هەیە بتوانێ ڕۆڵی برسێتیی و سواڵکردن بدات بە دەوڵەمەندترین میللەت ؟ ئێوە یەکەم داهێنەرن لە بواری پێنەدانی موچە بە فەرمانبەرانی دوڵەت .. ئێوە لە حاتەمی تەی، نانبدەتر و سەخیتەبیعەتترن، کاتێ نەوتی پەنجا ساڵ بە قەرزی چل ملیار دۆلار ئەگۆڕنەوە .. ئێوە گەورەترین دەرهێنەری فیلمی ترسناکن، کاتێ میللەتێکی شاهانە، ئەکەن بە میللەتی سواڵکردن و عەرەبانە ..کاتێ ڕۆڵگۆڕکێ دەکەن لە نێوان دز و پۆلیس .. سەربەرز و بێ شەرەف .. زانا و گەمژە .. تاوانبار و دادوەردا ..
ئێمە ئەو شتانە چوزانین؟ ئێمەی کە تۆبە ئەستەغفیروڵڵا لەوە ئەچێ بە هەڵە لە دنیادا ناونوس کرابین .
نەوزاد بەندی
