ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری.. ئەکرەم سەعید
پێشەکی
با لە سەرەتاوە ئەو پرنسیپە دووپات بکەینەوە کە سۆسیالیستەکان دژی بیروباوەڕی ئایینی خەڵکی نین، بەڵکە دژی سەرمایەدارین، دژی تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەتن، دژی بازرگانیکردنن بە بیروباوەڕی ئایینی خەڵکییەوە؛ واتە دژی بەکارهێنانی ئایینن وەک ئایدۆلۆژیاێک بۆ مەرامی سیاسی و فریودانی خەڵکی. لەم سۆنگەیەوە وەڵامەکەی حیزبی شیوعی ئەمەریکا بە ترەمپ دروستە:(دوژمنی ئێمە خودا نییە، بەڵکو سەرمایەدارییە.).
خەڵکی ئەمڕۆ ئەگەر بەراورد بکەن لە نێوان دۆخی ساڵانی ۱۹٦۰و ساڵانی دووهەزار، بە ڕۆشنی پاشەکشەی هزری و سیاسی دونیا دەبینن بەرەو ڕاستڕەوی؛ واتە جیاوازی نێوان دۆخی ساڵی ١٩٥٥ هاوپەیمانی بەغداد و دۆخی ڕێککەوتننامەی مەککە ۲۰۲٦.(هاوپەیمانی بەغداد) بە بەشداری”عێراق، تورکیا، بەریتانیا، پاکستان و ئێران”- بوو(دواتر عێراق لێی چووە دەرەوەو ناوی گۆڕا بۆ هاوپەیمانی سەنتو). ئامانجی ئەو هاوپەیمانییە ڕێگری‌کردن بوو لە فراوانبوونی نفوزی یەکێتیی سۆفێت و بڵاوبوونەوەی بیری شیوعی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەما(ڕێککەوتننامەی مەککە) لە ئێستادا بە هاوبەشی”عەرەبستانی سعوودی، تورکیا و پاکستان”ە. ئامانجی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەرگریی ئەو وڵاتانەیە لە مەترسییەکانی دوای لاوازبوونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، و دورستبوونی بۆشایێک کە ئێران و ئیسرائیل پڕی دەکەنەوە. ئەوەی لێرەدا بۆ ئەم وتارە گرنگە بەراوردی دۆخی هزرو سیاسی نێوان ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەیە. لەیەکەمدا بەشێکی جیهانی سەرمایەداری کۆنەپەرست و تانجی وڵاتانی ئیمپریالیزم بوون دژی بەشێکی پێشکەتووخواز و سیکولار. لەو خولەدا ناوی وەک:(عەبدول کەریم قاسم، جەمال عەبدول ناسر، جۆسیپ تیتۆ ، جەواهرلال نهرو، گیڤارا و هۆشی منە) لە جیهاندا باوی بوو، بەڵام لە ساتەکانی(ڕێککەوتننامەی مەککە) لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، بە شێوەیەکی گشتی ناوی سەرکردەو ڕابەری پارتە کۆنەپارێزی بۆرژوازی دڕندە باویەتی، کە ئایین تێکەڵ بە سیاسەت دەکەن.
بۆچی جیهان هێندە لە ڕوی هزرو سیاسەتەوە پاشەکشەی کردووە؟ هۆکاری چییە لە سەردەمی مۆدێرن و لە نێو کۆمەڵگەی مەدەنی بۆرژوازیدا، دوای بزووتنەوەی ڕۆشنگەری و بڵاوبوونەوەی ئەقڵانیەت و بیروباوەڕی ئازادی تاکەکەس و دەوڵەتی سیکولار، جارێکی دی《ئیلاهیاتی سیاسی》هێندە لە جیهاندا پێگەی بەهێزە و ڕۆڵی هەیە؟. بێگومان گەلێ هۆکار هەیە بۆ پاشەکشەی کۆمەڵ، بەڵام دەتوانین لە شرۆڤەی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری، ڕۆشنتر بنەمای هۆکارەکان بناسینەوە. بۆ وەبیرهێنانەوەی خوێنەری هێژا، من لە چەند وتاری پێشوومدا دەربارەی”تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری” بە کورتی باسم لە【* قەیرانی سەرمایەداری. * دڕندەیی/بەربەریسم. * سەرمایەی وەهمی. * تۆتالیتاریسم/ سەرکوتگەری】کردووە، بێگومان بەبێ باسکردنی ڕۆڵی《ئیلاهیاتی سیاسی》لە سەردەمی مۆدێرندا، باسەکانمان دەربارەی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری کەموکورت دەبێ.
ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری
«ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری» یەکێکە لە ئاڵۆزترین بابەتە تیۆرییەکانی سەردەمی نوێ. ئەم بابەتە باس لە کاریگەری ئیلاهیاتی سیاسی لەسەر سیستەمی سەرمایەداری «پێکهاتە ئابوورییەکەی/ ژێرخانی سەرمایەداری» و پێکهاتە هزری و سیاسییەکەی/ سەرخانی سەرمایەداری» دەکات، و تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی گەورەی ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی ئایینی، لە ململانێی کۆمەڵی نوێ‌دا.
لە سەردەمی کۆندا ئیلاهیاتی سیاسی پایەێکی سەرەکی دەسەڵات بووە؛ لە میسری کۆندا سیستەم بریتی بوو لە تێکەڵکردنی ئایین و دەوڵەت، کە پادشا بە کوڕی خوداوەندەکان یان خۆی بە خوداوەندێک لەسەر زەوی دادەنا، بەم شێوەیە دەسەڵاتی ڕەها و ئیلاهی بە دەسەڵاتەکەی خۆی دەبەخشی. بەم جۆرە سیستەمی حوکمڕانی لەسەر بنەمای “پاشایەتی ڕەها” کە لە ڕووی ئیلاهیاتەوە پشتیوانی لێدەکرا خۆی دامەزراند بوو، پاشا وەک سەرۆک کاهینێک کە بەرپرسیار بوو لە دەستەبەرکردنی دادپەروەری گەردوونی (مەعات) و سەقامگیری وڵات، پشتی بە ئامێرێکی ئیداریی ئاڵۆز دەبەست بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی. وە ئیلاهیاتی سیاسی لە وڵاتی چین لە کۆندا: تێکەڵەیەکی ناوازەیە لە بنەما فەلسەفی/ئاینییە نەریتییەکانی(کۆنفۆشیۆسیزم، تائۆیزم)و دەسەڵاتی سیاسی، کە تیشک دەخاتە سەر”ویستی خودایی” وەک سەرچاوەی شەرعیەت، ئەمەش وا دەکات فەرمانڕەوا ببێتە نێوەندگرێک لە نێوان ئاسمان و زەویدا. بەم پێیە لەڕووی مێژووییەوە دەسەڵات بەرئەنجامی تێکەڵاوبوونی ئایین و سیاسەت بووە.
ئەنگلس دەربارەی کۆمەڵگەی نەرێتی نووسیبووی:( لەسەردەمی چەرخی ناوەڕاستدا، مرۆڤایەتی یەک جۆرە ئایدۆلۆژیای زانییوە ئەویش (ئایین و لاهوت) بوو. بەڵام، لەسەدی هەژدەهەمدا، کاتێ بۆرژوازی گەیشتە پلەێک لە هێز کە بەس بێت بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیاێکی تایبەت بەخۆی هەبێت، و گونجاو بێت لەتەکە دۆخی چینایەتی خۆی، بە پشتبەستن تەنها بە هزری یاسای و سیاسی، هەڵستا بە هەڵگیرسانی شۆڕشە مەزن و ڕەساکەی(شۆڕشی فەرەنسا)بێ ئاوڕدانەوە لە ئایین، تەنها مەگەر کاتێ ڕێگری بۆ دروستکردبێ. بەڵام ئەوەی بە مێشکیدا نەهاتووە کە لەبری ئایینی کۆن ئایینێکی نوێ بخاتە جێگەی.) – ئەنگلس/ فیۆرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵەمانی/ لاپەڕە ٥۱.
ساڵانێکە (لاهووتگەرایی سیاسی)ی هەموو ئایینەکان، وەک ئەنجامێکی قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرن، لە بوژانەوەدایە، و ڕۆڵی لە سیاسەت و کۆمەڵگەدا زیاد دەکات و جێگا بۆ خۆی داگیر دەکات، لێرەوە شەپۆلی ڕەشی بیروباوەڕی ڕاستڕەوی، هێرش بۆ سەر لیبڕالیزم(ئازادی تاکەکەس و یەکسانی یاسایی هاوڵاتیان )و لایەنگرانی سۆسیالیزم دەبات. ئەگەر بپرسین هۆکاری چییە لە سەردەمی مۆدێرندا، دوای بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی ئەقڵانی و سیکولاری ڕۆشنگەری و فەلسەفەی ماتریالیسمی، جارێکی دی فەلسەفەی ئایدیالیست و بیروباوەڕی نائەقڵانی و کۆنەپارێز دەبووژێتەوە؟ یان بۆچی لەژێر سێبەری مەدەنیەتی بۆرژوازیدا(لاهووتگەرایی سیاسی)ی هەموو ئایینەکان سەوز دەبنەوە؟. بلیخانۆف بەم جۆرە وەسفی کێشەکە دەکات:
“ماتریالیسمه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م پێیان وابوو که بۆ یه‌کجاری کۆتای‌یان به ئایدیالیسم هێناوه‌و میتافیزیکی کۆن له‌نێوچووه‌و نراوه‌ته گۆڕه‌وه، ئیدی ئه‌قڵ هیچ حه‌زی نییه گوێ بیستی بێت، به‌ڵام هه‌ر زوو ئاقاری حاڵه‌کان ڕه‌وتێکی تری وه‌رگرت، ئه‌وه چه‌ند ڕۆژێکه فه‌یله‌سوفه‌کان له ئه‌ڵه‌مانیادا فه‌لسه‌فه‌ی ئادیالیسمیان بووژاندۆته‌وه، وه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا گوێکان خنران له ئاست وتاری ماتریالیسمیداو به مردوو ده‌ژمێرا، و له‌لای جیهانی فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب بیروباوه‌ڕی ماتریالیسمی وه‌ک “خه‌مۆکی و چەقبەستو” چاوی لێده‌کرا، وه‌ک “گۆته” وای ده‌بینی که “ماتریالیسم وه‌ک تارماییێک مووچڕکه به‌له‌شی خه‌ڵکیدا ده‌هێنێ”. به‌م جۆڕه ئایدیالیسمیش به بڕوای خۆی لای وابوو که دوژمنه‌که‌ی بۆ هه‌تاهه‌تایی شکستی پێ هێنراوه.” – بلیخانۆف/ به‌رهه‌مه فه‌لسه‌فیه‌کانی – ماتریالیسمی مارکس / لاپه‌ڕه ۱۲۵.
وردبینی بلیخانۆف لەو چەند دێرەی سەرەوەدا بۆ سەردەمەکەمان تابڵێیت بلیمەتانەیە؛ دروست لە نێو بڕێک لە چەپ و سۆسیالیستەکان هه‌مان وه‌همی سه‌رکه‌وتن و بڕوابوون به له نێوبردن و بنبڕکردنی دوژمنه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ماتریالیسمی مارکس بره‌وی هه‌بوو. که‌س دوای ماتریالیسمی مارکس بڕوای نه‌بوو بیروباوه‌ڕی ئایینی (لاهوتی ڕامیاری) هێنده به‌هێز ببێته‌وه. لەڕاستیدا لەژێر سێبەری سەرمایەداریدا (واتە لە سەردەمی مۆدێرن: سەردەمی ڕۆشنگەری و دەوڵەتی سیکولار و کۆمەڵی مەدەنی بۆرژوازیدا)، ئیلاهیاتی سیاسی بە گووتەی مارکس(ئامادەیێکی بەهێزی هەیە). بیرمەندانی وەک: ”سپینۆزا، مارکس، ماکس وێبەر و کارل شمیت” ڕایان وا بوو (کە چوارچێوە تیۆلۆژییەکان بەشدارییان لە سەرهەڵدانی هزر و سیاسەت و دەوڵەتی سەرمایەداریدا کردووە). مارکس لە بەشێک لە بەرهەمەکانیدا لێکچوونەکان لەنێوان مەسیحیەت(وەک ئایین)و (تایبەتمەندییەکانی) سەرمایەداریدا دەکێشێت. ئەم لێکچوونانە بەتاببەتی بەشێوەێکی سەرنجڕاکێش لە کتێبی “سەبارەت بە پرسی جوولەکەکان” دەست نیشانکراوە. مارکس ڕای وا بوو کە ئایین لەژێر سایەی ئەو دەوڵەتە بۆرژوازییە کە سیکولارە ئامادەیێکی بەهێزی هەیە لە کۆمەڵدا، و کارل شمیت دەستەواژەی “ئیلاهیاتی سیاسی”ی بەکارهێنا بۆ ئەوەی نیشان بدات کە هەموو چەمکە مۆدێرنەکانی دەوڵەت چەمکی ئایینی سیکولارن.
بەڕای سپینۆزا ئیلاهیاتی سیاسی ئامانجی کۆنترۆڵکردنی جومگە گشتییەکانی کۆمەڵە، لە ڕێگەی ئایینەوە بۆ مەبەستی سیاسی. ئەمە ناوەڕۆکی کتێبەکەی سپینۆزایە بە ناوی «نامەیەک لەبارەی ئایینزانی و سیاسەت» کە لە ساڵی ١٦٧٠ بڵاوکرایەوە. سپینۆزا ڕای وایە کە بە(سیکولاریزم – جیای ئایین لە دەوڵەت) ناتوانرێ ئیلاهیاتی سیاسی لە کۆمەڵدا کەم بکرێتەوە، بەڵکە دەبێ دەوڵەت زیاتر هەنگاو بنێ بەرەو (جیای سیاسەت لە ئایین)، و دەوڵەت تاکە دەسەڵات بێ بەسەر ئاییندا، ئامانجی ڕاستەقینەی سپینۆزا ئەوە بوو کە دەوڵەت کۆنترۆڵی ئایین بکات، نەک تەنها جیایان بکاتەوە، واتە دەبێ ئایین بخرێتە ژێر سەروەری سیاسی دەوڵەتەوە. مارکس لەم ڕاونگەیەوە نزیگ بووە. لێرەدا مانایەکی تری سیکولاریزم دەبینین، کە جیاوازە لە تێگەیشتنی باو، ئەم ڕوانگەیەی سپینۆزا و مارکس، بەتایبەتی لەلایەن چەپەکانەوە، ساڵانێکە پشتگوێ خراوە.
لیو شتراوس و لاهوتی سیاسی
ئه‌گەر لە زەمه‌نی کۆمەڵگەی یۆنانی کۆندا سۆکرات فهلسەفهی له ئاسمانەوە دابەزاندە سەر زەوی، و پێشنیاری بۆ مرۆڤەکان کرد کە بۆ گەڕان بە دوای ڕاستیدا “سه‌یری زەوی بکەن”، ئەوا مارکس لە سەردەمی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، داوای کرد بۆ دۆزینەوەی ڕاستی نامۆی مرۆڤ و چەوسانەوەی مرۆڤەکان، لەبری تەنها پشکنین لە نێو فەلسەفە و سیاسەتدا، دەبێ بچینە ڕهخنەی ئابووری سیاسی، و شۆڕش بەسه‌ر پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، واتە شۆڕش به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی مەدەنی و مۆدێرنی سەرمایەداریدا، بکەین. بەڵام فه‌لسه‌فه‌ی بۆرژوازی کۆنزەرفاتیزم، به‌پێی ڕێنماییەکانی لیو شتراوس، داوا ده‌کات که جارێکی دی بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت و ڕەوشتبەرزی، ده‌بێ مرۆڤه‌کان ڕووبکه‌نه‌وه ئاسمان و سه‌یری ئاسمان بکه‌ن. لە نووسینی “پێشەکی بۆ کتێبەکەی هۆبز” لیو شتراوس ناوەڕۆکی باسەکانی خۆی ئاشکرا دەکات:( زیندووکردنەوەی لاهووت منی لەگەڵ “کارل بارت و فرانز ڕۆزنزڤایگ”دا دەبەستەوە ،، لەوکاتەوە پرسی”لاهوتی سیاسی” جێی سەرنجی لێکۆڵینەوەکانم بووە.).
سێ سوچکه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی شتراوس بریتییه له: ۱/ ڕه‌وشت. ۲/ سیاسه‌ت. ۳/ ڕه‌خنه له مۆدێرنێته و ڕۆشنگه‌ری، و داوای له‌یه‌ک هه‌ڵپێکانی جارێکی دی سیاسه‌ت و ئایین. لیو شتراوس وەک دامەزرێنەری فەلسەفەی سیاسی ڕەوتی «نیوکۆنزەرفاتیزم» لە ئەمریکا تەماشا دەکرێت. یەکێک لەگرنگترین باسەکانی فەلسەفە سیاسییەکەی دەربارەی پەیوەندی «قودس و ئیتینا – »یە، کە تێیدا پێکداچوون و ململانێی نێوان ئایین (ڕۆح) و فەلسەفە (عەقڵ) شیدەکاتەوە. بەڕای لیو شتراوس ئەم دوو شارە تەنها دوو شوێنی جوگرافی نین، بەڵکو دوو کۆڵەکەی سەرەکین کە شارستانیەتی ڕۆژاوایان دروست کردووە: قودس- هێمای تەورات، ئایین – ڕۆح و باوەڕە؛ نوێنەرایەتی ژیانێک دەکات کە لەسەر بنەمای ملکەچی و خۆشەویستی بۆ یاسای خودایی دامەزراوە. ئیتینا: هێمای فەلسەفەی یۆنانی- عەقڵ و لێکۆڵینەوەی ئازادە؛ نوێنەرایەتی ژیانێک دەکات کە لەسەر بنەمای گەڕان بەدوای حیکمەت و تێگەیشتنی سەربەخۆدا دامەزراوە. «نیوکۆنزەرفاتیزمەکان» یەکیەتی ئەم دوو شارەیان لە سەردەمی ئێمەدا کردە پایەی هزر و سیاسەتی( یەهودی زایۆنی و مەسیحی زایۆنی )، چونکە بەڕای لیو شتراوس یەکیەتی ئه‌و دوو شارە بۆ خۆرئاوا به درێژای مێژوو پایە و هێزی ڕۆژئاوا بووە، لەم ڕوانگەیەوە دەبێ بۆ چارەسەری قه‌یرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە سەرچاوەکەی قه‌یرانی مۆدێرنێتەیە، بە یه‌کگرتنه‌وه‌ی” ئه‌تینا و قودس ” چاره‌سه‌ر بکرێ. سەیر نییە دەبینین ترامپ به گه‌شته‌که‌ی خۆی له سعویه‌وه بۆ ئیسرائیل و له‌وێوه بۆ ڤاتیکان، بازنه‌که‌ی “لیوشتراوس”ی فراوانکردو یه‌کیه‌تی”مه‌که و قودس و ڤاتیکان”ی له‌بری دانا، واته یه‌کیه‌تی “ئیسلام و یه‌هودیه‌ت و مه‌سیحیه‌ت” یان (ڕێککەوتنامەی ئیبراهیمی)، کە زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ئاشتییە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەژێر چاودێریی دۆناڵد ترەمپ لەنێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبیدا واژۆ کرا.
ئایا دوای ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریەتی ئەمەریکا و لاوازبوونی( یەهودی زایۆنی و مەسیحی زایۆنی )، ئێمە هزر و سیاسەتی( چەپ یان ڕاست )ی نوێ، کە یەکبگرێ لەتەک ئیسلامی سیاسی، لە ئەمەریکا و ئەوروپادا دەبینین؟!. چونکە هەم لە دەوڵەتی چین و ڕوسیا، و هەم لە دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا، ڕەوتێکییان تێدایە کە خۆی نزیک دەکاتەوە لە ئیسلامی سیاسی. لێرەوە ئێمە و نەوەی نوێش، لەژیر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا، بۆ چەند ساڵێکی تریش دەرگیری کێشەی ڕۆڵی ئیلاهیاتی ڕامیاری لە هزر و سیاسەتی کۆمەڵدا دەبین.
سەرکەوتنی( ممدانی و عەبدول ) وەک دوو نوێنەری بزووتنەوەی چەپ( سۆسیال- دیمموکرات ) کە بێگومان هەواڵێکی پۆزەتیڤە، هێمای لاوازبوونی هەژموونی مەسیحی زایۆنیزمە لە ئەمەریکادا، بەڵام لەهەمان کاتدا دەشێ تۆوی سەوزبوونی چەپێک بێ کە خۆی نزیک دەکاتەوە لە ئیسلامی سیاسی، ئەمەش دیاردەێکە ساڵانێکە لە وڵاتانی ئەوروپادا نموونەیمان بینیوە، بەتایبەتی دوای ھێرش بۆ سەر غەززە. ئەمە یانی ئەگەر لە ئێستا‌و چەند ساڵی داهاتوودا، (مەسیحی و یەهودی زایۆنی) لاواز ببێ، بەڵام (ئیسلامی سیاسی) و هاوپەیمانانی لە مەسیحی سیاسی و چەپ لە زیاد بووندایە؛ کەواتە ئیلاهیاتی ڕامیاری تا چەند ساڵی تریش هەر ئامادیی بەهێزی دەبێ لە جیهاندا.
خوێندەنەوەێکی ڕەخنەگرانە بۆ ڕای چەپەکان دەربارەی هۆکاری باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی
ساڵانێکە ئیلاهیاتی سیاسی دیسانەوە لە خۆڵەمێشی خۆیەوە هەڵساوەتەوەو ڕۆڵی گەورە دەبینێ لە جیهاندا. ئیسلامی سیاسی توخێمکه ده‌یه‌وێ کۆمه‌ڵگه ڕاکێشێ به‌ره‌و ڕابووردوو، بزووتنه‌وه‌یه‌که وه‌ڵامێکی کۆنه‌په‌رستانه به کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌داته‌وه. باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی جێگای گه‌لێ باس و لێکۆلینه‌وه بووه، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ تیشکی بخه‌مه سه‌ر:
۱/ بینینی ئه‌م دیارده‌یه وه‌ک توخمێک، وه‌ک بزووتنه‌وه‌ێکی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی له کۆمه‌ڵگه‌دا، واته ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه وا ته‌ماشای نه‌کرێ که دروستکراوی ده‌ستی وڵاتان یان ده‌زگای جاسوسی به‌ریتانی یان ئه‌مه‌ریکیه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه فاکتێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره که ده‌ستی یارمه‌تی ئه‌و ده‌زگایانه هه‌بووه له پێکهێنانی ئه‌حزاب و که‌سه‌کانی سه‌ر به‌م بزووتنه‌وه‌یه، به‌ڵام خودی بزووتنه‌وه‌که ڕه‌گوڕیشه‌ی واقیعی خۆی هه‌یه له نێو کۆمه‌ڵه‌گه‌دا، ئه‌مه له‌لاێک وه له لاێکی دی په‌یوه‌ندی باڵاکردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به هه‌لومه‌رجی گشتی جیهانی سه‌رمایه‌داریه‌وه. سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی هاوسات و هاوشانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه کۆنه‌په‌رسته‌کانی ئایینی سیاسی تر بووه له جیهاندا، بۆیه هه‌ڵه‌یه بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی وه‌ک تاقانه چاو لێ بکه‌ین، و ده‌سته خوشکه‌کانی هاوشێوه‌ی خۆی له مه‌سیحی سیاسی، یه‌هودی سیاسی، هیندۆسی و بودی سیاسی نه‌بینین.
۲/ باری فکری و سیاسی سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده قۆناخێکی کۆنه‌په‌رستییه، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ێکی گونجاوه بۆ گه‌شه و باڵاکردنی بزووتنه‌وه ئایینیه‌کان، ئه‌م بزووتنه‌وه ئاینییه سیاسیانه له‌م سه‌رچاوه هاوبه‌شه‌وه ئاو ده‌خۆنه‌وه، و بیروباوه‌ڕی ئایینی خه‌ڵکیان کردۆته ئاڵای بزووتنه‌وه‌کانیان بۆ پاسهوانکردنی سه‌رمایه‌داری.
له کتێبی( ئایینیه گشتیه‌کان له جیهانی ئه‌مڕۆدا) خۆزیه کازانوڤا ده‌نووسێ:” ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌مه‌ڕ حیجاب هه‌یه له جیهانی عه‌ره‌ب و تورکیا و ئه‌وروپادا هاوشێوه‌ی ئه‌و باسانه‌ن له‌مه‌ڕ له باربردن ( إجهاض – abortion ) که له ئه‌مه‌ریکادا هه‌ن، مشتومڕێکی گه‌رمی ئایینی سیاسین. باوه‌ڕێک باوبوو له دوای سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و زاڵ بوونی ڕوانگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌ده‌ی بیست که ڕۆڵی ئایین له سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌دا پاشه‌کشه ده‌کات و ده‌بێته لاوه‌کی، به‌ڵام له‌ته‌ک شۆڕشی ئیران و جه‌نگی ئه‌فگانستان و ڕوداوه‌کانی دواتر بینیمان ڕۆڵی ئایین له کۆمه‌ڵگه و سیاسه‌تدا ڕوو له زیادبوونه “.
بڕواناکه‌م که‌سێ هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌م بینینه‌ی خۆزێ کازانوڤا ڕاێکی پێچه‌وانه‌ی هه‌بێ، به تاییبه‌تی له نێو به‌هاری عه‌ره‌بیدا( ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به‌هاری ئیسلامی سیاسی )و هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، زیادبوونی ڕۆڵی ئاینی سیاسی حاشا هه‌ڵنه‌گره. کێشه‌که له‌مه‌دا نییه به قه‌د ئه‌وه‌ی له‌وه‌دایه کاتێ هۆکاره‌کان و فاکته‌ره‌کانی زیادبوونی ڕۆڵ و باڵاکردنی ئایینی سیاسی ده‌ست نیشان ده‌کرێ. زۆرێک له نووسه‌ران هۆکاری باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شکستی بۆرژوازی له پڕۆسه‌ی به مۆدێرنیز‌کردنی ووڵاتانی عه‌ره‌ب:( گه‌شه‌ی ئیسلامی سیاسی میلیتانت له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رئه‌نجامی شکستی ناسۆنالیسم و سکولاریزم و مۆدێرنیزمی بۆرژوازییه له‌م وڵاتانه‌دا.( – بڕوانه: مەنسوور حیکمەت “باڵاکردن و ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی” )، و سه‌میر ئه‌مین له نووسراوی ” ئیسلامی سیاسی، ڕوویه‌کی تری سه‌رمایه‌داری مته‌وه‌حش ” ده‌نووسێ:( سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به ئیسلامه‌وه هه‌یه، بریتین له یاخی بوونێکی تندوتیژ دژی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری مه‌وجود و ئه‌و مۆدێرنێته ناکامڵ و شێوێندراو گومڕاکه‌ره‌ی که له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه ).
به ڕای من ئه‌م جۆره لێکدانه‌وانه تێگه‌شتنێکی کەموکورتی له‌خۆی هه‌ڵگرتووه بۆ مۆدێرنێته، وه چاوه‌ڕێی شتێکی گه‌وره له مۆدێرنێته ده‌کات که ئاسته‌مه له‌سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا مۆدێرنێته بتوانێ ئه‌وه به‌رئه‌نجامی بێ. پرسیارێک که ده‌کڕێ بیکه‌ین ئه‌وه‌یه: باشه ئه‌گه‌ر هۆکاری سه‌رهه‌ڵدان و بەهێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شکستی بۆرژوازی له پڕۆسه‌ی به مۆدێرنیز‌کردنی( عصرنة أو تحديث ) وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئه‌ی هۆکاری سه‌رهه‌ڵدان و بەهێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی مه‌سیحی سیاسی له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا چییه؟ چونکه لۆژێک نییه بڵێین له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا پیشه‌سازی گه‌شه‌ی نه‌کردووه یان بڵێین بزووتنه‌وه‌ی مه‌سیحی سیاسی به‌رئه‌نجامی شکستی ناسۆنالیسم و سکولاریزم و مۆدێرنێته له‌و وڵاتانه‌دا. به شێوه‌ێکی گشتی مۆدێرنێته له ژێر سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا پرۆسه‌ێکی ناکامڵ و شێواوی بڕیوە. مارکس ڕای وابوو کە ( مۆدێرنێنته له هه‌ناوی خۆیدا ناکۆکی هه‌ڵگرتووه )، ئه‌مه به جیا له‌وه‌ی باسی چ جوگرافیاێک ده‌که‌ین، وه‌ڵامێکی گشتییه بۆ دیاریکردنی هۆکارێکی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه ڕاستڕه‌وه‌کان، به‌ڵام ئه‌مه نه هۆکاری سه‌ره‌کییه، و نه وه‌ڵامێکی تایبه‌تیمان پێ ده‌داته‌وه که بۆچی ئیسلامی سیاسی وه‌ک بزووتنه‌وه‌ێکی سیاسی و جه‌ماوه‌ری ڕۆڵی ڕوو له‌سه‌ره، وه ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست. به‌ڵکه گرنگ ئه‌و فاکته‌ره‌یه که سه‌رمایه‌داری له سه‌رده‌می دڕنده‌یی و قه‌یرانی ئابووریدا، پێویستی به بزووتنه‌وه کۆنه‌په‌رسته‌کانه بۆ ڕاگرتنی جڵه‌وی مێژوو تا نه‌چێته پێش، واته به‌کارهێنانی ئایین وه‌ک پاسه‌وانێکی دڵسۆزی سه‌رمایه‌داری، وه له‌لایه‌که‌ی تره‌وه سوود وه‌رگرتنی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپه‌یمانه‌کانی له بزووتنه‌وه ئایینه‌کان به‌تایبه‌تی ئیسلامی سیاسی میلیتانت دژی روسیا و چین، و بەکارهێنانی له گه‌مه‌ی ئاژاوەو بێسەروبەری هه‌تا له نێو خودی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بۆ سه‌رنج ڕاکێشانی کرێکاران بۆ کێشه‌ی لاوه‌کی و خولقاندنی دۆخێکی کۆنەپەرستی پڕ لە تیرۆر‌و تۆقان. ئه‌مانه ئه‌و مەبەستانەن له پشت خه‌رجکردنی ملیاره‌ها دۆلار بۆ گه‌شه و به هێزبوونی ئیلاهیاتی ڕامیارییەوەیە له جیهانی ئێمه‌دا.
- سەردەمی مۆدێرن – “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن”
بەڕای هەندێک لەڕوناکبیران دەبێ ستراتیژى چەپەکانی کوردستان “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن” بێت: (دەبێت کۆنگرەیەکى بەرەنگاری لە لایەن چەپەکانەوە ببەسترێت تیایدا بە وەلانانى جیاوازیی فیکرى و سیاسی، و ئەولەویەتەکە “وەڵامدانەوە بە واقیعى هەرێمى کوردستان” بێت و کارنامەى نوێ و گشتگیر سەرپێ بخەن کە بنەڕەت و ستراتیژى کۆنگرەکە “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن” بێت.) – (هاورێ عبداڵە و شاهۆ عەلی )/ خوێندنەوەیەك بۆ ئەركی نوێی چەپی كوردی لەسەردەمی مۆدێرنەدا – هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان .
لە وەڵامی پرسیاری بەگشتی مانگێک چەند شەو و ڕۆژە؟. زۆرینەی خەڵک دەڵێن:(مانگێک سی ڕۆژە). لەڕاستیدا (مانگێک بە گشتی ٣٠ یان ٣١ شەو و ڕۆژە). لێرەدا دەبینین کە خەڵکی بۆ کورتکردنەوە، شەوەکانی لە مانگەکەدا نەژماردوە، وەک شاردنەوەو باس نەکردنی دیوی تاریکی مانگەکە. هاوشێوەی ئەوە، زۆرینەی سەردیاتەکان دەربارەی(سەردەمی مۆدێرن)، باسی دیوی تاریکی سەردەمەکەی تێدا نییە و شاردراوەتەوە. لە ڕاستیدا (سەردەمی مۆدێرن) دەڕبڕینێکی مەکتەبی لیبڕاڵییە بۆ سیستەمی سەرمایەداری؛ یانی ئەگەر بڕوامان وایە کە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لە ئەحزابی میلیشیای و بنەماڵەی و ئیلاهیاتی سیاسی، پێویستە “کوردستان ئازاد و مۆدێرن” بکەین، ئەمە یانی کوردستان بە سەرمایەداری بکەین. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هۆکاری قەیرانی سیاسی و ئابووری کوردستان ناسەرمایەداری/ نا مۆدێرن بوونیەتی؟!. کەواتە هۆکاری دیاردەکانی ئیلاهیاتی سیاسی و تۆتالیتاریسم، ڕاسیزم و فاشیزم لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا چییە؟. لۆژیک نییە بڵێین نامۆدێرن و لەوێکانە سەرمایەداری و پیشەسازی بەرهەمهێنانی کاڵاکان گەشەی نەکردووە.
پوختەی ڕای من ئەوەیە کە به‌هۆی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری بەتایبەتی له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ئیدی سه‌رمایه‌داری وه‌ک ( پاڵتۆ شڕه‌که‌ی گۆگۆل )ی لێهاتوه‌و به پارچه شڕه‌ی کۆنی وەک( مۆدێرنێته و سیکولاریزم ) پینه و پەڕۆ ناکرێ.
پەراوێز:
- سۆسیالسیتەکان ئازادی بیروباوەڕی ئایینی بۆ خەڵکی لە بەرنامەکەیاندایە، و لە کۆمەڵگەی سۆسیالیست‌دا ماف و ئازادی بیروباوەڕی ئایینی بۆ خەڵکی بە یاسا دابین دەکرێ.
- لە ئێستادا لە جیهاندا دوو دەوڵەت بە تەواوی سیستەمێکی تیۆکراسی (سایۆکراسی) ڕەهایان هەیە، بە شێوەیەک کە پیاوانی ئایینی ڕاستەوخۆ سەرۆکایەتی دەوڵەت و سەرکردایەتی باڵای سیاسی دەکەن: یەکەم فاتیکان: پاپا (ڕێبەری باڵای کەنیسەی کاسۆلیکی جیهانە)، لە هەمان کاتدا پاشای ڕەها و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەرییە لەم دەوڵەتەدا. سەرجەم وەزیر و بەرپرسە باڵاکانیش پیاوانی ئایینی مەسیحین. دووەم ئێران: لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە سیستەمی “ویلایەتی فەقێ” پەیڕەو دەکرێت. ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە پیاوێکی ئایینی شیعەیە(مەرجەع)، بەپێی دەستوور خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە بەسەر سوپا، دادگا و سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی(سەنتەری توێژینەوەی پیو)، نزیکەی ٤٣ بۆ ٤٨ دەوڵەت لە جیهاندا بە فەرمیی خاوەنی دەوڵەتی ئایینین، و زیاتر لە ٨٠ وڵاتیش بە فەرمی یان ناڕەسمی پشتگیری یەک ئایین دەکەن. ئیسلام، مەسیحیەت و بودایی باوترینن لەم دەوڵەتانەدا. دابەشبوونی دەوڵەتە ئایینییەکان بەپێی جۆری ئایین: ئیسلام لە ٢٧ وڵات‌دا وەک عەرەبستانی سعوودیە، ئێران، و میسر ئایینی فەرمییە. مەسیحیەت: لە ١٣ بۆ ١٥ وڵات‌دا وەک ڤاتیکان، یۆنان، و دەنیمارک ناسراوە. ئایینەکانی تر: وەک بودایی لە کامبۆدیا و بۆتان، و ئایینی یەهوودی لە ئیسرائیل. دەتوانین بڵێین کە نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ وڵات لە جیهاندا هەن، کە ئایین و ئیلاهیاتی سیاسی تێیاندا، ڕۆڵێکی گەورە و فەرمی لە دەسەڵات و یاسادانان و کۆمەڵدا، دەگێڕێ.
*بەڕای سۆسیالیستەکان سکولاریزم بۆرژوازی (Bourgeois Secularism) چەمکێکە بۆ پێناسەکردنی جۆرێک لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژوازی و بازاڕی سەرمایەداری داڕژاوە. - ماکس وێبەر دەڵێ، ئەخلاقی پرۆتستانت (وەک زاهید و كاركردن و ماندووبوون) ئەو چوارچێوە تیۆلۆژییەیان پێکهێنا کە بەشدا

