ئایا ئەوەی دەنووسرێت پەخشانە شیعرە؟.. سۆران محەمەد
بەدواداچوونی وتاری پێشوو..
لە دوای بڵاوکردنەوەی بابەتی پێشوو لە ژمارەی ڕابردووی ماڵپەڕی (دەنگەکان)دا لە ژێر ناونیشانی (ئیستاتیکای زمانی شیعر)، هەندێک پرسیارو تێبینی و داواکاریم ڕووبەڕووبوونەوە سەبارەت تەوەرەی سەرەکی بابەتی شیعر، گرنگترینیان لەو خولگە سەرەکییەدا دەخولایەوە: ئایا ئەو دەقانەی ئێستا لە لایەن زۆرینەی ئەوانەی بە شاعیر ناودەبرێن دەکرێت بە شیعر ناوبەرین؟
ئەمە زۆپرسیارێکی بنەڕەتییەو دەبێتە دیاریکردنی سنووری ژانرە ئەدەبییەکان و وەڵامەکەشی دەبێتە بەرچاو ڕوونییەك بۆ هەموو ئەوانەی ئێستا لەو بارەوە دەنووسن و لەو جیهانەدا دەربڕین لە ناخ و هەستەکانیان دەکەن.
سەرەتا بۆ چوونە ناو بابەتەکەوە پێویستە ئەوە بگوترێت کە تا ئێستا ٣ جۆر دەقی شیعری سەرەکی هەن(مەبەستم لە هایکۆو هاوشێوەکانی نین):
١- کلاسیك، واتا پابەندبوون بە کێشی عەروزو سەرواو کێشەوە، وەك شیعرەکانی مەحوی و نالی….
٢- شیعری ئازاد، پابەند بوون بەسەرواوکێشی پەنجەوە بەشێوەکی ئازادو بوونی مۆسیقا و یەکیتی بابەت…وەك شیعرەکانی گۆران، لەتیف هەڵمەت، نەوەی حەفتاکان …تاد
٣- پەخشانە شیعر: لە ڕووی شێوەوە ڕاستە نە کێشی عەروزو نەکێشی پەنجەو سەروا تیایدا مەرجی سەرەکی نین، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت مۆسیقای ناوەکی و وێنە و خەیاڵ، چڕکردنەوە، ئاماژە و لادانی زمان، یەکگرتوویی ئۆرگانیکی، دنیا بینی و ئەزموونی تایبەت، هەروەها پێکهاتەی هونەریی لە خۆ بگرێت کە جیای دەکاتەوە لە پەخشانی ئاسایی یان خاتیرە.
وێڕای ئەوەی کە شیعر زیاتر لە دنیای میتافیزیکدا ئیش دەکات، وەکو خەیاڵ و هەست و بیرۆکە؛ بۆیە زەحمەتە چوارچێوکی کۆنکرێتی بۆ جۆرەکانی شیعر دابنێین، بەتایبەتی لەم سەردەمە خێرایەدا کە ژانرە ئەدەبییەکان بە جۆرێک تێکەڵاوی یەکتری بوون، هەندێكجار چیرۆك یان ڕۆمان یان تابلۆ یان پەخشان و شانۆو سینەماو….تێکەڵاوی شیعر دەبن و شتێکی تازەو ناوازەی لێ دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی باسی شیعرییەت بکەین کە سیمایەکی سەرەکی هەر سێ جۆرەکەیەو نابێت فەرامۆش بکرێت،(بەڵام هەر یەکەیان بە فۆرمێکی جیاواز تیایدا ڕەنگ دەداتەوە)، ئەوا گرنگترین مەرجی شیعرییەت ئەوەیە کە دەبێت لە دەقەکەدا جۆرێك پێکهاتەی زمانی تێدا هەبێت کە لە قسەی ئاسایی جیای بکاتەوە، چونکە بێگومان هەموو دەقێك لە زمان پێکدێت و شیعریش لەو چوارچێوەیەدا زمان بەکاردێنێت بۆ دەربڕین لە هەست و درککردن و هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی ناونانی دەقێك بە شیعرو جیای دەکاتەوە لە ژانرەکانی دی، ئەگینا ئەگەر وا نەبێت هەرکەسێک هەستێت و چەند وشەیەكی نائاسایی پێکەوە بلکێنێت نابێتە شیعر، ئەگەر ئەم خاڵانەش پەیڕەو بکرێن، ئەوا هەم دەق باڵا دەبیت و لە هەمان کاتیشدا ئەو سنعەتە پلەو سەنتەری خۆی بەدەست دێنێتەوە.
لەم پێناوەدا بەکارهێنانی وێنەی شیعریی، خوازەکان، ئاماژەو ڕەمز و چڕکردنەوەی واتا (واتا بە کەمترین وشە زۆرترین مانا بگەیەنێت) بەشێکی گرنگی پێکهاتەی شیعرن.
کەواتە تەنیا دابەشکردنی دەقێکی پەخشان بۆ چەند کورتە دێڕێك بەس نییە بۆ سەلماندنی شیعرییەتی دەق.
لە پەخشانە شیعردا؛ کە بابەتی وتارەکەمانەو زۆربەی شیعری باشی ئێستا کە دەنووسرێت دەچنە ناو بازنەی ئەو ژانرەوە، تەنیا لێكدانی کۆمەڵێك ڕستەی جوان بەس نییە، کە لە تەنیشت یەکتر دابنرێن و ئیدی وازی لێبێنین و ناوی شیعر یان پەخشانە شیعری لێ بنێن، لێرەدا جێی خۆیەتی سێ خاڵە سەرەکییەکەی وتارەکەی پێشووتر وەبیر بهێنینەوە(تییمە، تەکنیك، بیرۆکە) کە ڕۆڵ دەگێڕن لە لەدایکبوونی دەقێکی شیعریی باشدا، کاتێك هەر یەك لەو سێ خاڵە بە شێوەیەکی وردو دروست و سەرکەوتوو بەکار بهێنرێت.
لێرەدا قسەمان لەسەر ئەو هەموو شیعرە دووبارە جوانانە نین کە پێوەری شیعریشیان تێدا هەیە، بەڵام زۆر سواو و دووبارەن، بۆ نموونە وەك بەکارهێنانی تییمەی هەستەکانی خۆشەویستی و بەجێهێشتن و ژووان و ئەو بابەتەتانە، کە نە بابەتەکەی هیچ جیاوازی و ناوازەییەکی تێدایە، نە شێوازو تەکنیکێکی جیاوازی دەربڕینی تێدا بەکارهاتووە، نە بیرۆکەیەکی نوێ و تازەشی تێدایە، بگرە ڕەنگە لە سەر زۆر عەرەبانەو پشتی ماشێن و شوێنە گشتییەکان ئەو کورتە شیعرانە بخوێنینەوە.
لە ڕاستیدا وەك ڕەخنەگری هاوچەرخ عەبدوڵلا غوزامی دەڵێت: پەخشانە شیعر سەخترین جۆری نووسینی شیعرە، ئەگەر مافی تەواوی خۆی پێ بدرێت، چونکە لە ناوەڕۆکدا زۆرقووڵە، لەیەك کاتدا هەست و خەیاڵ و سۆزو بیرو گیان تیایدا بەشدارەو ئەم ئازادییەشە وای لێکردووە سرك و یاخی بێت و بە ئاسانی خۆی نەدا بەدەستەوە. کە بێگومان دەبێت پەیوەندییەک یان پەتێكی نهێنی لەنێوان بەشەکانی دەقدا هەبێت و پێکەوەیان ببەستێتەوە، چ پەیوەندییەکی بابەتی بێت، یان هەستەکی، یان هێمایی، یان میوزیکی، کەواتە دروستکردنی بینایەکی پەخشانە شیعر زۆر پێکهاتەی جۆراوجۆر لە خۆیدا کۆدەکاتەوە کە لە هەموویان گرنگتر بنەماو بناغەکەیەتی، کە لە بیرۆکەو تەکنیکدا چڕ دەبێتەوە، پاشان دیوارەکانییەتی کە زمان و ئیستاتیکیای وشەیە، دواتر سەقفەکەیەتی کە کۆتایی دەقەکەیەو دەبێت لەگەڵ دیوارو بناغەکەدا سازو گونجاو بێت و تەواوی بکات. بۆیە لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین: ئایا بوارمان بە خۆمان داوە لە نووسینی دێڕە شیعرێکدا زۆر بیربکەینەوە، بگەڕێین تا شیعریترین وشە بدۆزینەوە بۆ ئەو شوێنەو بەکاری بهێنین؟ هەم دەگمەن و هەم مۆسیقی و هەم پڕ بە پڕی ماناکانی ئەو شوێنگەی دەق بێت؟ لە ڕاستیدا زمانی کوردی زمانێکی فرە شێوەزارو دەوڵەمەندەو ئێمە زۆر هاومانای وشەییمان هەیەو دەتوانین سازگارترین و سەرنجڕاکێشترینیان بەکاربهێنین، هەر دوور نەڕۆین بۆ نموونە وشەکانی: یاری، وازی، گەمە، کایە….تاد، کە هەمووی یەك مانا دەبەخشن بەڵام لە سیاقی دێڕەکاندا ڕەنگە هەموویان وەك پێویست ئەرکی شیعریی نەگەیەنن، بۆیە لێرەدا سەلیقەی هەڵبژاردنی زاراوەسازیی شاعیر و دەوڵەمەندیی فەرهەنگیی خاڵێکی بنەڕەتییە، نەك تەنیا زوو لە کۆڵکردنەوەی نووسینی دەقێك تەنیا بە هەبوونی بیرۆکەیەك لە مێشکماندا.
لە شیعردا مەجازو هونەرەکانی ڕەوانبێژی زۆر گرنگن و یارمەتی دەرن لە پێکهێنانی وێنەی شیعردا و لەم بوارەشدا خستنەگەڕی خەیاڵ زۆر گرنگە لە پێناو گۆڕینی ئەزموون و بیرۆکە بۆ وێنە و ئاماژە، بەم شێوەیە ڕزگارمان دەبێت لە پەتایەکی بەربڵاوی شیعری ئەم سەردەمە کە بریتییە لە سادەیی و ڕاستەوخۆیی لە دەربڕیندا. بۆ نموونە: سەبارەت دەبڕینی هەستی خەمباریی کەسێك دەتوانێت بنووسێت: «ئای ئەم پاییزە من زۆر خەمگینم، تەمەن وا ڕۆشت» لە کاتێکدا ئەمە دەگوترێت و شێوە ڕاستەوخۆکەی دەربڕینە، کە هیچ هونەرێکی شیعریی تێدا نییە، جگە لە دەربڕینی هەستی ناخ و دەروون سەبارەت دۆخێکی دیاریکراو، بەس کاتێك ئەم دەربڕینەت کرد بە وێنەو هەروەها گەڕایت میتافۆڕ/ خوازەت بۆ بەکارهێنا ئەوا بەهای شعریی بە دەقەکە دەدەیت، وەك ئەوەی بۆ نموونە بڵێیت “گەواڵەی پاییز گریا بەسەرما ” بە خستنەپاڵی گریان بۆ هەور کە لێكچوونیش هەیە لە نێوانیاندا لە ڕووی ئەوەوە کە چاو فرمێسک دەڕیژێ و هەور باران، ڕووی لێكچوونەکەیان تنۆکە و دەربڕین لە خەمباری دەکات، دەربڕینەکەش تێکەڵکردنی هەستی ناخە لەگەڵ توخمێکی سروشتدا، هەم لە ڕووی ماناشەوە لەگەڵ تێپەڕین و ڕۆشتنی تەمەندا دێتەوە، چونکە خەزان گەڵاکانی تێدا دەوەرێت و تەمەنیش ساڵەکانی تێپدەپەڕن، ئەمە نموونەیەکی سادەیەو بەس بۆ ڕوونکردنەوەیە، ئەگینا ئەم نموونەیەش شتێکی تازە نییەو شاعیران بەکاریان هێناوە، بەڵام وەك ئەو دروشمانە نییە کە ڕۆژانە لیرەو لەوێ بەسەر شیعردا ساخ دەکرێنەوەو شیعر نین و بەڵکو وەکو قسەی ڕۆژانەی خەڵکیان لێ هاتووەو هۆنینەوەیان پێویست بە هیچ سەلیقەو شارەزایی و ماندووبوونێك ناکات.
ئەمە لە کاتێکدا، بەڵێ دەستەواژەی «ئای ئەم پاییزە من زۆر خەمگینم، تەمەن وا ڕۆشت» ڕستەیەکی ئەدەبییە، چونکە ڕستەیەکی سادە نییەو خەڵک ڕۆژانە بەکاری ناهێنێت، بەڵکو خەڵکی ئاسایی دەڵێت “ئەمڕۆ زۆر بێتاقەتم” یان دەڵێت “وا پیریش بووین”، بەڵام هەر بە تەنیا ئەوە بەس نییە پاییزو خەمباری و ڕۆشتنی تەمەن، لە ڕستەیەکدا کۆ بکەینەوە (کە دەکرێت وەك پەخشانێکی ئاسایی سەیری بکەین)، یان بە سێ نیوە دێر بینووسین و ناوی شیعری لێ بنێین، بەم جۆرە:
ئای ئەم پاییزە،
من زۆر خەمگینم،
تەمەن وا ڕۆشت
لە کاتێکدا گەر بمانەوێت دەقێکی بەهاداری شیعریی بنووسین، وەکو گوتمان دەبێت هەوڵ بدەین بیرۆکە بکەین بە وێنە، ئایدیاش لە شێوەی تەکنیکێکی شیعری سەرکەوتوودا ئەو وێنەیە بەکار بهێنێت و لە شوێنی تایبەتی دەقدا جێی بکاتەوە، تا لەناو نەخشەی گشتی شیعرەکەدا بە شێوەیەکی هونەریی کارا بێت و ڕۆڵی خۆی بگەیەنێت، لەگەڵ سەرجەم سیمبوڵ و ئاماژەو پێکهاتە فۆرمیی و مانایی و ئیستاتیکییە زمانەوانییەکانی تردا.
خاڵێکی زۆر گرنگی تر لە پەخشانە شیعردا بریتییە لە چڕکردنەوە، زۆرجار گەر بە وردی بە دەقدا بچینەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئەو مانایەی مەبەستمان بووە، دەکرا لە بری ئەوەی بە ١٠ وشە دەربڕینی لێ بکەین، ڕەنگە هەر ٤ وشەی بەس بووایە، ماناکەشی توندو تۆڵ و فرە ڕەهەندتر دەکردو خاڵی جێبەجێکردنی ئابووریی زمانیشمان تێدا پەیڕەو دەکرد، ڕەنگە لە بەرەنجامی ئەم پێداچوونانەوەشدا بوو بێت شاعیرانی جیهانی بەتوانای وەك ئۆکتاڤیۆ پازو ئارتۆر ڕامبۆ….دوای پیداچوونەوە دەقە شیعرییەکانی خۆیان دڕاندبێت یان خستبێتیانە ناو زۆپاوەو سووتاندبێتیان، هەرچەندە کەسانی دەوروبەریشیان بە دڵیان بووبێت.
شاعیری داهێنەر و بە ئەزموون و خاوەن سەلیقە هیچ وشەیەك و تەنانەت خاڵبەندییەك بە زایە نادات لە دەقدا، دەزانێت هەر وشەیەک کێش و ئەرکی خۆی هەیەو شوێنی گونجاوی خۆی پڕاوپڕ گرتووە، ئەنجا ڕەنگە لە دەقەکەی ڕازی بێت و بەشیوەیەکی باش و دروست لە ئەزموونەکەیدا جێی خۆی بکاتەوە، بەڵی ڕاستە ئەم پەلە نەکردن و ماندووبوونە ڕەنگە لای هەندێك سەریەشە بێت و تاقەتی ئەوەیان نەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم وردەکارییانە بەرەنجامێکی باش بەرهەم دەهێنیت و سەنگ دەدات بە ئەزموونی شاعیرەکەی و خوێنەر چێژ دەبینێت لە خوێندنەوەیداو سبەی نووسەرەکەی لە دەقەکە پەشیمان نابێتەوە.
یەكێکی تر لە خاڵە گرنگەکانی نووسینی پەخشانە شیعری سەرکەوتوو بریتییە لە ئەزموون و بینین و دیدگا؛ چونکە
شاعیری باش تەنیا شتەکان وەسف ناکات؛ چونکە لە فەرهەنگدا ئەو کارە ئەنجام دراوە، بەڵکو بینینی تایبەتی خۆی بۆیان پێشکەش دەکات و تێکەڵاویان دەکات و شتێکی تریان لێ دروست دەکات، لێرەدایە ڕەخنەگرو خوێنەری زیرەك دەزانن کە شاعیر لە چ گۆشە نیگایەکی تایبەتەوە دەڕوانێتە جیهان و ڕەگەزو توخم و شتەکان دەخاتە کار؟
بۆیە دەکرێت دوو کەس لەسەر مەرگ بنووسن، بەڵام یەکێکیان ئەزموونێکی شیعریی تایبەت و نوێ پێشکەش بکات، کە خۆی هەڵگری ئەو تێڕوانین و وێنانەیە و ئەوی تر تەنیا وەسفێکی ئاسایی مردن بکات.
هەر وەك پێشتریش گوتمان لە ڕووی بەکارهێنانی زمان لە شیعردا؛ تەنیا ڕازاوەیی و ڕوونی زمان مەرج نییە.
بگرە هەندێک جار زمان زۆر سادەیە، بەڵام چۆنییەتی ڕێکخستنی وشەکان و شێوازی بەکارهێنانیان و هەڵبژاردنی ئاماژەکانی ناویان شیعرێکی باڵا بەرهەم دێنێت.
بەڵام نەبوونی کێش و سەروا کە لە مێژە شیعری پێ پێناسە دەکرێت، واتای ئەوە نییە هەر دەقێکی تری پەخشانە شیعر کە لەمڕۆماندا دەنووسرێت لە هەموو جۆرێك لە هارمۆنیا و ئاوازو کێش دابماڵین، بەڵکو پەخشانە شیعر جوانییەکەی لەوەدایە ڕەنگە لە کۆتایی چەند نیوە دێڕێکدا، سەروا- گیان بکات بە بەری دەقداو بیڕازێنێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشداو وەك لەسەرەتادا گوتمان مۆسیقای ناوەکی دەق و هەروا ئیکۆو مۆسیقای وشەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێت لەپێشچاو بگیرێت، بە گونجاندنیان لە ناو پەخشانە شیعردا.
بە کورتی لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی شاعیری ڕاستەقینە، بە هەر سێ جۆرە سەرەکییەکەی شیعرەوە ئەمانەن:
بەهرە + زمان + خەیاڵ + مۆسیقا + وێنە + ئەزموون + توانای بنیاتنانی دەق + هونەرەکانی ڕەوانبێژیی+ بەردەوامی و لە هەمووشیان گرنگتر دەبێت شاعیر خاوەنی دەنگێکی شیعریی تایبەتی خۆی بێت، دوور لە لاسایی کردنەوەو چاولێکەریی ئەوانی تر.
لەگەڵ زانینی ئەو ڕاستییەدا کە شاعیر ئەو کەسە نییە تەنیا بتوانێت یەک شیعری جوان و باش بنووسێت؛ بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت خوێنەر وا لێببکات بڵێت:
«ئەم دەقانە لە خاوەنەکەی دەچن و پەنجە مۆری تایبەتی خۆی لەسەریانە»
لە دوماهییدا دەبێت ئەو ڕاستییەش بڵێین شیعر سرکە وەکو جیوە وایەو ناگیرێت، بۆیە زەحمەتە چوارچێوەی بۆ دەستنیشان بکەین، بەڵام کاتێك بەهرە بە ئەزموون و خوێندنەوە سەنگین کرا، ئەو کاتە شاعیر دەزانێت چی دەنووسێت، وەکو گوتراویشە “شعر سەدای گیان و زاری هەستەکانە”، لەبەر ئەوە هەرکەسێک گەر پارچە شیعرێکی کاڵوکرچیش بنووسێت ڕەنگە لای خۆی گرنگ و خۆشەویست بێت، هەروەها لای ئەو خوێنەرانەش کە لە ئاستی شیعریی ئەودان جۆش و خرۆشیان پێ ببەخشێت و سەری بۆ بلەقێنن و چەپڵەی بۆ لێبدەن، چونکە دەقەکە پارچەیەکە لە ژیان و ئەزموون و هەست و بینینی خۆی، بەڵام کاتێك بێینە سەر پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی شیعر یان پەخشانە شیعری ڕەسەن و ڕاستەقینە، ئەوا ڕەنگە زەحمەت بێت لە هەڵسەنگاندنەکاندا خاڵ و پلەی پێویست بە دەست بهێنێت.
بەڵێ ئەم سەرە قەڵەمانەی لێرەدا نووسران، تەنیا لە پێناوی دروستکردنی دیالۆگدایەو ئەگینا هەرگیز مافی ئەوە بە خۆم نادەم و بەڕەوای نازانم ئامۆژگاری کەس بکەم و پێی بڵێم چۆن شیعر بنووسێت، تەنیا ئەمانە هەندێك لەو بیروبۆچوونە گشتییانە بوون کە ئێستا لە مێشکمدا گەلاڵەبوون، دوای ئەوەی ئەو پرسیار و بیروبۆچوونانەم ئاراستەکران سەبارەت وتاری پێشووم (ئیستاتیکای زمانی شیعر) و منیش بە پێویستم زانی ئەم ڕوونکردنەوانە بنووسم و ئەم خڵاانەش تەنیا بواری تیۆریین و دەمێنێتە سەر شاعیر چۆن ئەم زانیاریانە تەرجەمەی بواری پراکتیك بکات و شیعری پێ بنووسێت. ئیدی هیواخوام هەر بەڕێزێك دەتوانیت ئەم بابەتە گرنگە دەوڵەمەند بکات و بەشدار بێت لەم دیالۆگەدا، دڵنیام نووسین و ڕاو بۆچوونەکان جێی خۆیان دەگرن و گۆمی مەنگ و بێ دەنگی کەمێك لەو دنیا پەرش وبڵاوەی شیعری هاوچەرخی ئەمڕۆمان دەشڵەقینیت .
ئەگینا باسی شیعر زۆر لەوە بەرفراوانترە بە چەند وشەیەك کۆتایی پێ بێنین، بەڵکو وەکو دەڵێن شیعر ترپەی دڵە، گیانی زمانە کە جادوو بە وشەکان دەبەخشێت و دەمانساکێنێت و ڕامانمان لا دروست دەکات، ئەو هەستانەی ناخە کە بیرۆکەی خۆیان دەدۆزنەوەو بیرۆکەکانیش وشەی دروستی خۆیان بەکار دێنن.
سۆران محەمەد

