ئێمه چی ده‌كه‌ین له ئیتالیا؟ … نیهاد جامی
ئه‌و وتاره هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌یه‌وێت قسه له دوو چه‌مكی گرنگی كۆمه‌ڵایه‌تی بكات، هه‌وڵێكی كۆمه‌ڵناسانه‌یه بۆ پێوه‌ندی نێوان كولتوور و شوناس، بۆیه له‌ڕێی قسه‌كردن له‌و ئێسته‌یه‌ی كه ئێمه‌ی په‌نابه‌ری كورد له ئیتالیاین، ده‌بێت قسه له كۆی ئه‌و پێكهاته كولتوورییه بكه‌ین كه ئێمه بۆ كولتوورێك جێ دێڵین و كێشه‌ی شوناس له مانا كولتوورییه‌كه‌یه‌وه ده‌كه‌ین به مانایه‌كی فره‌كولتووریی. ئه‌وه‌ش كارێكه پێویستی به گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو جومگه و پێكهاته ژیانییه‌كانی ئێمه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا.
دواتر قسه‌كردنه له‌وه‌ی «ئێره» وه‌ك شوێنی دووه‌م كه له‌ناو كه‌مپێكی په‌نابه‌ریی له‌گه‌ڵ كولتووری جیاواز بازنه‌یه‌ك بۆ ماناكانی شوناس ده‌خوڵقێنین، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئێمه له‌ناو گه‌ردوونێكی كولتووری شوێنین كه كولتوور و شوناسی ئیتالییه.
ئه‌و پرسیاره‌ی پێمان ده‌ڵێت «ئێمه چی ده‌كه‌ین لێره؟» پرسیارێكی زه‌مه‌نییه له شوناس، پێوه‌ندییه‌ك ده‌خوڵقێنێت له نێوان «ئێره» و «ئه‌وێ» به واتای دوو شوێن وه‌ك دوو ڕووبه‌ری جیۆگرافی و كولتووریی، كه ده‌بنه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی قسه‌كردنی ئێمه، ئه‌وانیش «كوردستان» وه‌ك نیشتمانی ئێمه، «ئیتالیا» وه‌ك نیشتمانی تاراوگه. له‌و كاته‌دا شوناس و كولتوور ئێمه ڕووبه‌رووی پرسیاره ئه‌خلاقییه‌كانمان ده‌كاته‌وه. له نێوان زه‌مه‌نی هه‌نووكه‌یی و زه‌مه‌نی یاده‌وه‌ریدا، ئه‌وه‌ش قسه‌كردنه له دوو مرۆڤ، ئێمه وه‌ك كورد و ئێوه وه‌ك ئیتالی، له نێوانی ئێمه و ئێوه مرۆڤی ڕه‌شپێست و زمان و كولتوور جیاواز و بیركردنه‌وه‌ی جیاواز بوونی هه‌یه، لێره‌وه قسه‌كردنی ئێمه له‌و بابه‌ته ده‌نگی خنكێنراوی منی كوردییه بۆ ئێوه‌ی به ئێمه نامۆ.
چه‌مكی ئێمه وه‌ك كورد پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ نیشتمانین، ئێمه‌یه‌ك كه له بوونه‌وه به‌سه‌ر وڵاته‌كان دابه‌ش بووین، شه‌ڕی ئێمه شه‌ڕی مانه‌وه‌یه ترسه له ونكردنی شوناسی كوردبوون، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئاینی ئیسلام، كوردستان ئه‌و شوێنه‌یه كه ڕووبه‌رووی له‌ده‌ستچوونی شوناس ده‌بێته‌وه، فتووحاتی ئیسلامی كه به جیهاد ناسراوه، له په‌لاماردانی بۆ وڵاتانی وه‌ك ئێران و عێراق، ئێمه‌یشی به‌ر ئه‌و هێرشانه‌یان خست، هه‌ڵبه‌ت ئێمه وه‌ك فارسه‌كان ئاگرپه‌رست بووین و پێغه‌مبه‌رێكمان هه‌بوو ناوی “زه‌رده‌شت” بوو، كتێبه ئاسمانییهكهشمان ناوی “ئا‌ڤێستا” بوو، جیهادی ئیسلامی به‌ته‌نیا كولتوور و شوناسیان نه‌سڕییه‌وه، به‌ڵكو كوردبوون وه‌ك كارێكی شه‌یتانی سه‌یریان كرد.
ئێمه كه یاده‌وه‌ریمان ده‌گه‌ڕێنینه‌وه بۆ ئه‌و ڕۆژگاره، تێده‌گه‌ین هه‌ر له مێژووه‌وه ئێمه قوربانی دیدێكی ناسیۆنالیستین، به‌هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت وه‌ك شوناسی ئێمه، نه‌مانتوانی وه‌ك توركه‌كان ئیسلام بكه‌ینه به‌شێك له گوتاری نه‌ته‌وه‌یی، خه‌لافه‌تی عوسمانی ئیسلامی كرد به به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵ بێت، بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، كورد به‌شێكه له پێكهاتی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی.
ئێمه له دنیایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌دا گه‌وره ده‌بین، دینێك هه‌یه ده‌بێت فێری زمانه‌كه‌ی بین، ده‌وڵه‌تێك حوكممان ده‌كات دیسان ده‌بێت فێری زمانه‌كه‌ی بین، لێره‌وه زمانی عه‌ره‌بی ئه‌و زمانه‌یه له خۆشه‌ویستیمانه‌وه نییه كه فێری ده‌بین، له ترسی دنیا و قیامه‌ته. ترس له دنیا ده‌بێت له عێراقی هه‌شتاكان فێری بین تا بتوانین له ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌ربچین و له فه‌رمانگه‌كان كاره‌كانمان به‌ڕێوه بچێت، كاتێك ده‌كرێین به سه‌رباز بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بین به گاڵته‌جاڕ وه‌ك ئه‌وه‌ی كوردیی زمانێك نییه كه‌س قسه‌ی پێ بكات، لێره‌وه له ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ئێمه زمانێكمان هه‌یه كه شوناسی ئێمه‌یه، كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ده‌كه‌ن، دژه‌گوتاری ئێمه‌یش وا ده‌كات توندتر به‌درێژایی مێژوو له‌گه‌ڵ سرووده نیشتمانییه‌كه‌مان هێزی به‌ره‌نگاری و داكۆكیمان توندتر بێت، كاتێك سروده نیشتمانییه‌كه‌مان ده‌ڵێت «كه‌س نه‌ڵێت كورد مردووه.. كورد زیندووه».
ترس له مردن و خه‌ونی زیندوویه‌تی دوالیزمی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ن، ده‌مانه‌وێت نه‌مرین و زیندوو بین، له هه‌مان كاتدا شه‌ڕ ده‌كه‌ین له‌پێناو ئه‌و ژیانه كه شه‌ڕی شوناسی كوردبوونه، شۆڕشی كوردی خه‌ونی زیندوویه‌تی ژیان و داكۆكیكردن و به‌گژداچوونه‌وه‌ی مه‌رگه، چه‌كداری ئێمه كاتێك به «پێشمه‌رگه» ناسراوه، واته له پێشه‌وه‌ی مه‌رگه. ئه‌و ده‌یه‌وێت بمرێت له‌پێناو ژیاندا، وه‌ك چۆن بۆ زیندوویه‌تی ده‌بێت دوژمنه‌كه‌ی بكوژێت، شۆڕشی ئێمه خاڵی نه‌بوو له دروشمی «به‌عسی بكوژه تا كورد بژی» ده‌شێت ئه‌و ڕسته‌یه بۆ ئه‌مڕۆ ماناكانی فاشیزم به‌رجه‌سته بكات، به‌ڵام بۆ رۆژگارێك بۆ مرۆڤی كوردیی لووتكه‌ی شۆڕشگێڕیی بوو.
شۆڕشی كوردیی كه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشت له‌لایه‌ن ئێمه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه بووه‌وه، به‌هۆی ئه‌و هه‌موو توندوتیژییه‌ی به‌ناوی ئازادی ئه‌نجامی دا، ژنه‌كان به‌ناوی شه‌ره‌ف كوژران، حزبه ئیسلامییه‌كان سه‌رده‌مێكی ترسناكیان خسته ڕوو، سه‌ره‌تا له كوشتنی رۆژنامه‌نووس و كۆمۆنیسته‌كانه‌وه ده‌ستیان پێ كرد، دواتر گرووپی توندڕۆیی وه‌ك جوندولئیسلام تا ده‌گات به فۆڕمه داعشییهكهی.
ئێمه كه ڕه‌خنه‌مان هه‌بوو.. ئیتر تێده‌گه‌یشتین كوردبوونمان له به‌رده‌م زه‌وتكردنی شوناسه، كولتوور چ مانایه‌كی بۆ ئێمه هه‌بوو؟ ڕه‌نگه ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی ئێمه بۆ لێره‌ین؟ به‌ڵام جارێ زووه بۆ ئیشكردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره.
باشتر وایه له‌سه‌ر سه‌فه‌ركردنی مرۆڤی كوردیی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین، كه هه‌میشه سه‌فه‌ر هه‌وڵێك بووه بۆ ده‌ربازبوون له شوێن، ئه‌زموونی سه‌فه‌ر له ژیانی كوردیدا مێژوویه‌كی كۆنی نییه، پێوانه به كولتووره‌كانی تر. ئه‌زموونێكی نوێیه، هه‌وڵه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌ست پێ ده‌كات، پێش ئه‌و مێژووه سه‌فه‌ر به‌تاك و ته‌را ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌فه‌ری شاعیرێكی كلاسیكی وه‌ك حاجی قادر سه‌فه‌ری مرۆڤێكی دوور له نیشتمانه، زمان وه‌ك كولتوور كێشه‌ی شوناس له نیشتمانی دووه‌میشی ون ناكات، بۆیه شیعری ئه‌و شاعیره هه‌وڵدانه بۆ داكۆكیكردن له شوناس.
سه‌فه‌ری مرۆڤی كوردیی له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ره‌وتێكی فراوانتر به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، كاتێك مرۆڤه‌كان ده‌چنه ناو شۆڕش و له‌وێوه له‌ڕێی ئێرانه‌وه سنوور و سنوور ده‌بڕن تا بگه‌ن به خۆرئاوا، به‌ڵام ئه‌و سه‌فه‌ره نه‌بووه‌ته دیارده تا سه‌رده‌می حوكمڕانی كوردیی له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كه ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشی كوردیی ڕووبه‌ڕووی نائومێدی كردینه‌وه، بۆیه له‌و ڕۆژگاره‌وه تا ئه‌مڕۆ مرۆڤه‌كان له‌و ڕێیه‌وه به ده‌ریا و به وشكانی و به ئاسماندا، خۆیان تاقی ده‌كه‌نه‌وه. كه‌م نین ئه‌وانه‌ی له‌و ڕێیه‌دا مردن و ماڵباته‌كانیان پاره‌یه‌كی زۆریان خه‌رج كرد تا ته‌رمه‌كانیان به‌رنه‌وه نیشتمان.
ئێمه كه له نیشتمانی خۆمان دێینه ده‌ره‌وه، هیچ شتێكی ئه‌وێمان به‌دڵ نییه، وه‌ك چۆن وێنه‌ی به‌هه‌شتێكمان بۆ خۆرئاوا هه‌یه، ئاواش وه‌ك دۆزه‌خێك سه‌یری نیشتمان ده‌كه‌ین، كاتێكی زۆرمان پێویسته تا تێبگه‌ین نه نیشتمان دۆزه‌خ بوو، نه خۆرئاوا به‌هه‌شت. ئێمه له نێوانی ئێره و ئه‌وێ تیا ماوین، تازه ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه ماڵه‌كانمان، ئێمه كه ئێسته كولتوور و زمانی تر ده‌بینین، زیاتر داكۆكی له‌وه ده‌كه‌ین ئه‌و هه‌موو ساڵه بۆ ڕازی بووین ئاوا خراپ بژین؟ له هه‌مان كاتدا ژیانی خۆرئاواش ئومێدێكی تێدا نییه، هێنده هه‌یه له نائومێدییه‌كانی ئه‌وێ باشتره.
خۆرئاوا بۆ مرۆڤی كوردی ده‌رگه‌ی چوونه ناوه‌وه‌ی ژیانه، ده‌ست پێكردنهوهیهكه وه‌ك له‌دایكبوون وایه، هه‌موو سه‌ختییه‌ك قبووڵ كراوه له‌ڕووی كاری سه‌خت و فێربوونی زمان و ئاشنابوون به كولتووری ئه‌ویتر، ئێمه بێ ویستی خۆمان ده‌كه‌وینه ناو وڵاته‌كانه‌وه، هه‌ندێك جاریش به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی داڕێژراو كه پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رج ده‌كه‌ین تا بگه‌ین به‌و شوێنه‌ی ده‌مانه‌وێت، یه‌كه‌م وڵات كه ده‌مانگرێت، لێدانه له خه‌ونه‌كانمان، په‌نجه مۆرمان پێ ده‌كه‌ن ئیتر بچینه هه‌ر وڵاتێكی تر ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه ئه‌و شوێنه.
ئێمه هه‌رگیز ناتوانین له په‌نجه‌مۆر ده‌رباز بین له وڵاتێك په‌نجه‌مۆرت پێ ده‌كه‌ن، ئیتر ده‌بی به كۆیله‌ی ئه‌و شوێنه، ئه‌گه‌ر به فڕۆكه بێین، بۆ ڤیزه دیسان په‌نجه‌مۆرمان پێ ده‌كرێت، ئیتر ئێمه بچینه كوێ؟ په‌نجه‌مۆرمان پێ ده‌كه‌ن، كه دهشمێنینهوه مافی په‌نابه‌ریمان پێ ناده‌ن.
ئه‌گه‌ر لێره‌دا زمانی نووسین ئاستی وتار جێ دێڵێت، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه زمان له‌و ساته‌دا گوزارشت له خه‌می مرۆڤی په‌نابه‌ریی ده‌كات، ئه‌وه قسه‌ی رۆژانه‌ی مرۆڤگه‌لێكی ناو كه‌مپه‌كانی ئه‌وروپان، ئه‌و شوێنه‌ی سه‌ره‌تا وه‌ك به‌هه‌شت وێنا ده‌كرێت، دواتر وه‌ك وێستگه‌ی سزا په‌نابه‌ری تێدا كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت. خۆرئاوا بۆ ئێمه به‌ئاگاهاتنه‌وه‌یه له‌ڕووی ناشیرینی خه‌ون و خێرا خه‌ون ئه‌و ڕووه فانتازییه‌ی له ده‌ست ده‌دات، شاره‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵی ئێمه‌ن، له بونیادی جیۆگرافی خۆیاندا هه‌رگیز ئه‌و ڕووه جوانه‌یان نییه، ڕووه جوانه‌كه‌یان ده‌بێته فۆڕمێك بۆ ترس و سزا، بۆ ئێمه بورجی ئیڤڵ چیتر ئه‌و شوێنه نییه خه‌ونمان پێیه‌وه بینی وێنه‌یه‌كی به ته‌نیشته‌وه بگرین، ئیتر ترس له گرتن و بێ شوناسی ئیڤڵ لێمان ده‌بێت به قه‌ڵای باستیل.
ئێمه له‌و كاتانه‌دا دبلنمان دێته‌وه پێش /په‌یماننامه‌یه‌ی ئه‌وروپا بۆ په‌نجه‌مۆری په‌نابه‌ر/، ئه‌وكاته له به‌رده‌می چه‌ندان هه‌ڵبژاردنداین خراپترینیان ئه‌وه‌یه ڕازی بین بمانگه‌ڕێننه‌وه شوێنی په‌نجه‌مۆر لێكراو، له زۆرترین حاڵه‌تدا دهمانێرنهوه كوردستان، یا ئه‌وه‌تا خۆمان داوای دیپۆرتكردن بكه‌ینه‌وه، ئه‌وانه بۆ مرۆڤی كوردیی لووتكه‌ی نائومێدین، تاكه هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له به‌رده‌م ئه‌و مرۆڤه‌دا ده‌مێنێته‌وه، ته‌نیا وڵاتی ئیتالیایه، بۆچی ئیتالیا؟
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه، پێویسته كه‌مێك ئارامگر بین و قووڵتر له‌سه‌ر چه‌مكی شوێن قسه بكه‌ین، چونكه بۆ ئێمه دوو تێگه‌یشتن هه‌یه بۆ شوێن، ئه‌وانیش ئیتالیای به‌ر له سه‌فه‌ر و ئیتالیای دوای سه‌فه‌ر. ڕاسته ئه‌وه‌ی دووه‌میان مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌و نووسینه‌یه، به‌ڵام قسه‌كردن له‌وه‌ی دووه‌م بابه‌تێكی ناته‌واوه، به‌بێ قسه‌كردن له ئیتالیای به‌ر له سه‌فه‌ر، ئه‌و وڵاته‌ی به‌ر له سه‌فه‌ر ئێمه چۆن سه‌یری ده‌كه‌ین؟ ڕوانینمان بۆ ئیتالیا چییه؟ ئه‌وه پرسیارێكه، ئێسته له‌سه‌ری ده‌وه‌ستین.
بۆ ئێمه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌ناو بێشكهداین كه شۆڕشی كوردیی له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م شكست دێنێت، به‌و شكسته ده‌وڵه‌تی عێراق به‌هێزتر ده‌بێت، بههێزبوونێك شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران ڕاده‌گه‌یه‌نێت، شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسێت و ئێمه‌ی منداڵانی شه‌ش ساڵه تازه چووینه‌ته یه‌كه‌م پۆلی خوێندن، ڕۆژانه به ئاسمانه‌وه فڕۆكه‌كانی ئێران ده‌بینین، له تۆڵه‌ی بۆردمانه‌كانی عێراق، ئه‌وانیش شاره‌كان بۆردمان ده‌كه‌ن، له‌و ڕۆژگاره‌دا دوو كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆن هه‌بوون، یه‌كێكیان فه‌رمی و به زمانی عه‌ره‌بی بوو، ئه‌ویتریشیان به كوردی بوو، هه‌ردووكیان سه‌ربه ده‌وڵه‌ت بوون، دیمه‌نی جه‌نگ و وتاره‌كانی به‌عس و شه‌وانیش فیلمی جه‌نگییان نیشان ده‌دا. ئه‌و فیلمانه‌ی له‌باره‌ی جه‌نگی جیهانی بوون، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه بوو هه‌میشه جه‌نگ له‌گه‌ڵمان بێت.
فیلمێكی ئیتالی هه‌بوو باسی له قاره‌مانێتی سێ سه‌رباز ده‌كرد كه چۆن ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئیتالیا و وڵاته‌كه‌یان ڕزگار ده‌كه‌ن، یه‌كێك له سه‌ربازه‌كان عاشقی كچێك ده‌بێت به‌ناوی “دانێللا”، كاتێك كچه‌كه ده‌كوژرێ، له تۆڵه‌ی ئه‌ودا، سه‌ربازه‌كه شه‌ڕێكی گه‌وره ده‌كات و سه‌ره‌نجام خۆیشی ده‌كوژرێت. دواتر كه سه‌رده‌كه‌ون میدالیای ئازایه‌تی ده‌درێ به‌و هاوڕێیه‌یان كه ماوه‌ته‌وه، ئه‌ویش له‌سه‌ر مه‌زاری هاوڕێ كۆچكردووهكهیان دایده‌نێت.
یه‌كه‌م وێنه‌ی ئیتالیا بۆ ئێمه هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و فیلمه‌دا، بردنه‌وه‌ی جامی جیهانییه له‌لایه‌ن ئیتالیاوه له ساڵی 1982، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو یاریزان “باولۆ رۆسی و دینهزۆف” بۆ ئێمه‌ی منداڵ ده‌بنه سیمبۆلی یاریزانی سه‌ركه‌وتوو.
ئه‌و دوو وێنه‌یه بۆ ئیتالیا له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوون گه‌شه ده‌كات، به‌تایبه‌ت ئێمه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له رێی خه‌یاڵ و هونه‌ره‌وه دنیامان بینیوه، بۆیه كه‌وتینه شه‌یدای سه‌یركردنی فیلمه‌كانی سۆفیا لۆرین و ئۆرنێللا موتی، به‌تایبه‌ت فیلمی «سێ چیرۆك له ئیتالیا» وایكرد له ته‌كنیك و هونه‌رێكی به‌رزی سینه‌ما تێبگه‌ین، ئه‌وه‌ی پێشتر لای فیلینی و پازۆلۆنی بینیبوومان، له‌و فیلمه دنیایه‌كی تر به واقیعی ئیتالی ده‌به‌خشێت. ئه‌و سینه‌مایه بۆ ئێمه هه‌میشه وێنه‌ی هونه‌رێكی باڵا بوو، به‌تایبه‌ت له ئاشنابوونمان به فیلمه‌كانی تۆناتۆری و به‌تایبه‌ت فیلمی «سینه‌ما پارادیسۆ» ئه‌و ئیتالیایه بۆ ئێـمه واتا سینه‌ما و شانۆ، بۆچی شانۆ؟
له‌به‌ر دوو هۆكاری گرنگ، یه‌كه‌میان به‌هۆی ئه‌و ته‌كنیكه‌ی كه براندیللۆ دۆزییه‌وه له شانۆنامه‌ی «شه‌ش كاره‌كته‌ر به‌دوای نووسه‌ره‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێن». به‌بڕوای ئێمه ئه‌و شانۆنامه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی درامای نا ئه‌رستۆیی هه‌یه. بیرمان نه‌چێت له ئاستی ڕۆماندا نه‌ك ته‌نیا وه‌ك تێكستی ئه‌ده‌بی، به‌ڵكو وه‌ك خه‌ونی مرۆڤ «ئیتالیۆ كالفینۆ» دنیابینییه‌كی تری به‌ئێمه به‌خشی و سه‌ره‌تا به ڕۆمانی «شاره نه‌بینراوه‌كان» ده‌مانكات به هۆگری خه‌ونی بینینی ئه‌و شاره نه‌بینراوانه‌ی له ڕێی گهڕیدهكانهوه پێی ئاشنا ده‌بین و له خۆمان ده‌پرسین: شاره نه‌بینراوه‌كانی كالفینۆ ئیتالیایه؟ به‌ڵام ئێمه چۆن ده‌گه‌ینه شاره نه‌بینراوه‌كانی ئه‌و ڕۆمانه؟ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆماننووسه ده‌یكاته خه‌یاڵ، ئێسته چیتر بۆ ئێمه شاره نه‌بینراوه‌كانی كالفینۆ نه‌بینراو نییه و تێیدا ده‌ژین.
كالفینۆ و تۆناتۆری دوو مرۆڤن خه‌ونی سه‌فه‌ر و خه‌یاڵیان تێدا دروست كردووین، بۆ هه‌ر ڕۆشنبیرێك كه له ئیتالیا بێت، كاتێك ده‌سه‌ڵاتی ئیداری لێی بپرسێت: بۆ هاتوویت بۆ ئیتالیا؟ ده‌توانین خێرا بڵێین «قوربان بۆ به ئێمه ده‌ڵێن به تۆناتۆری و كالفینۆ بڵێن»
پێ نه‌خستنه سه‌رزه‌وی له ئه‌ده‌بیاتی ئیتالیدا بابه‌تێكی گرنگ و جێی تێڕامانه له‌لایه‌ك كۆزیمۆی پاڵه‌وانی ڕۆمانی «باڕۆنی سه‌ر داره‌كان»ی ئیتالۆ كالڤینۆ كه ده‌چێته سه‌ر دره‌خته‌كان و نایه‌وێت بێته‌وه سه‌رزه‌وی، له‌لایه‌كی تر پاڵه‌وانی فیلمی «ئه‌فسانه‌ی ١٩٠٠»ی تۆناتۆرێ له ده‌ریا له دایك ده‌بێت و تا مردنیش نایه‌ته سه‌ر زه‌وی، ئێمه‌یه‌ك كه له‌سه‌ر زه‌وی بێزار بووین، ده‌مانه‌وێت وه‌ك كۆزیمۆ بین، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كۆزیمۆ بژی، تاكه ڕێ ئیتالیایه.
هۆكارێكی تریش له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌كان كاتێك سه‌ته‌لایت دێته شاره‌كانمانه‌وه، له رێی كۆمه‌ڵه كه‌ناڵی رای سات به تایبه‌ت كه‌ناڵی دووی ڕای سات كه تایبه‌ت بوو به شانۆ و بالێ، ئاشنا ده‌بین به هه‌وڵی ناته‌بایانه‌ی شانۆ، كه كاتی خۆی له وتارێكدا به‌درێژی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته وه‌ستاوین، به‌تایبه‌ت له شێوازی شانۆی جه‌سته‌یی.
ئیتالیای به‌ر له سه‌فه‌ر ئه‌و وێنه هونه‌رییه‌یه بێ ئه‌وه‌ی رۆژێك بیر له‌و خه‌ونه بكه‌ینه‌وه كه بگه‌ینه ئه‌وێ، بۆچی بچینه ئیتالیا؟ ئیتالیای چی؟ ئێمه له‌وێ په‌راوێزیش نابین، ئه‌وه پرسیاری ئێمه‌یه له خه‌ونبینین به سه‌فه‌ر و كاركردن له بواری هونه‌ری له وڵاتێكی ئه‌وروپاییدا.
ئێسته تۆی خوێنه‌ری ئیتالی ده‌پرسیت: به‌ڵام ئێسته له ئیتالیان؟ ئه‌و پرسیاره ده‌مانهێنێته سه‌ر ئیتالیای دوای سه‌فه‌ر، ئه‌و وڵاته‌ی وه‌ك په‌نابه‌ر دێینه ناوی، به‌ڵام به ویستی خۆمان نایه‌ین، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاره‌زووی ناكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه خه‌ونێكی دواخراوه، كه‌وایه ئێسته ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره‌مان ده‌كه‌نه‌وه: ئه‌ی بۆ هاتن بۆ ئیتالیا؟
خۆرئاوا وه‌ك شوێنێك ڕووبه‌ڕووی نائومێدیمان ده‌كاته‌وه، سه‌رسامبوون به كولتووری ئه‌ویتری خۆرئاوایی كه مانایه‌ك بۆ ئازادی وه‌ك پڕۆژه‌ی بوون هه‌ڵگرتبێت، ئێمه ده‌خاته به‌رده‌م پرسیاری منی خۆرهه‌ڵاتی ده‌مه‌وێت ئیتر له خۆرئاوا بم، به‌ڵام ئه‌وه خۆرئاوایه به‌شێوه‌ی خۆی تووشی نائومێدیمان ده‌كات، دهرگهكانمان به ڕوودا داده‌خات «مـهنفهزێك كه ڕه‌نگی ئومێدی تێدا مابێت، ئیتالیایه»
ئه‌وه ده‌یالۆگی رۆژانه‌ی ئێمه‌یه، له لووتكه‌ی نائومێدییهكانمان، تروسكایییه‌ك له‌و شوێنه‌وه به‌خۆمان ده‌به‌خشین، ده‌مانه‌وێت له نێوان گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو ماناكانی داخران له وڵاتی خۆمان و وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌ریی له ئیتالیا، خۆمان بگه‌یه‌نین به بڕیاری كۆتایی. له‌و ساته‌دا ده‌زانین كه هاتینه ده‌ره‌وه له نیشتمان به ده‌گمه‌ن له ئێمه بیرمان له ڕزگاربوون كرده‌وه وه‌ك پڕۆژه‌ی ئازادی، به‌ڵام هه‌میشه مرۆڤی بیركه‌ره‌وه گومان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بیر بكاته‌وه. ده‌شێت گومان پرۆژه‌یه‌ك نه‌بێت هه‌موومان هه‌ڵگری بین، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی خاوه‌ن پڕۆژه‌ی گومان، گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتمان واته گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو دیلیه‌تی، مانه‌وه لێره‌یش ئازادبوون و ئاشنابوون به كولتووری ئه‌ویتری خۆرئاوایی.
كولتوور شتێك نییه مرۆڤ وێنه‌یه‌كی كۆنكرێتی بۆی هه‌بێت، كولتوور وه‌ك كۆمه‌ڵناسان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن بریتی نییه له ڕابردوو، كولتوور ساته‌وه‌ختێكی زیندووه له‌گه‌ڵمان ده‌ژیی، كه‌واته كوردبوون بریتییه له كۆی یاده‌وه‌ری و ئێسته‌ی ئێمه. ده‌مانه‌وێت به‌سه‌ر خۆماندا بكرێینه‌وه، وزه‌ی شاراوه و خنكێنراو له كولتووری نوێ‌دا زیندوو بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ش ڕزگاركردنی شوناسه له مانایه‌كی ده‌ستنیشانكراو كه له نیشتماندا مانایه‌كی فۆلكلۆریمان پێ داوه. له‌ناو كولتووری ئیتالی ده‌یبه‌ینه ناو فره كولتوورییه‌وه، بۆیه مرۆڤی كورد مرۆڤێكه كه لێره‌یه ده‌یه‌وێت ببێت به به‌شێك له كولتوور و شوناسی ئیتالی، چونكه ئیتر نیشتمان بریتییه له‌و خاكه‌ی تێیدا ده‌ژین، نه‌ك ئه‌و خاكه‌ی تێیدا له دایك بووین.
كه‌واته «كوردستان» وه‌ك نیشتمانی ئێمه، «ئیتالیا» وه‌ك نیشتمانی تاراوگه، ده‌چنه ناو پرۆسه‌یه‌كی هاڕمۆنییه‌وه، ئه‌وه به‌ریه‌ككه‌وتنی دوو كولتووره له‌پێناو خوڵقاندنی ئێسته‌ی ئێمه، ئێستهیهك پرسیاری زهمهنیمانه له شوناس، كه كولتووره‌كان ده‌بنه‌وه شوناس بۆ ئێمه، ئێمه‌یه‌ك كه لێره‌ین و ده‌مانه‌وێت چیتر مرۆڤی كه‌له‌پووری نه‌بین كه زاده‌ی ڕابردوویه‌ك بین، نه‌ریت چه‌نده ئێمه دروستمان نه‌كرد، هێنده‌ش به‌هۆی زه‌بروزه‌نگی ئاینی بۆمان هێَنرا، ئیتر ناتوانین له‌وێ بین، كێشه له چۆنیه‌تیی ژیان و دۆخی ئابووری و برسیه‌تی نییه، كێشه‌كه له نه‌بوونی ئازادییه وه‌ك فیكر و بیركردنه‌وه، له‌وێ ناتوانین ئازاد بین و وزه‌كانمان بخه‌ینه ناو پڕۆژه‌ی گومان و پرسیار، لێره‌بوونمان گه‌ڕانه به‌دوای پرسیار و خوڵقاندنه‌وه‌ی شوناسه وه‌ك مرۆڤێكی گه‌ردوونی.