Skip to Content

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ  صابر محمد  ناسراو بە « وەستا سابیر»

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ صابر محمد ناسراو بە « وەستا سابیر»

Closed
by حوزه‌یران 6, 2019 General, Opinion


ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی بە پێویستی ئەزانێت لەسەر دۆسییەی ئەگەری جەنگی ئەمریکا و ئێران ڕای هاوڕێیانێک وەربگرێت و ئێوەش یەکێکن لەو هاوڕێیانەی کە هەمان پرستان پێکراوە لەسەر ئەم دۆسیەیە تا لە ماڵپەڕەکەمان بڵاوی بکەینەوە. و لو زووترین فرسەتدا وەڵامەکانتانمان بەدەست بکەوێتەوە سۆپاستان ئەکەین.


پرسیاری یەکەم/ لەئێستادا ئامادەکاری ئەمریکا بۆ جەنگ هەموو دەنگ وباسی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تەواوی میدیاکانی جیهانی داگرتووە، ئایا ئێوە بۆچونتان چییە لەم بارەیەوە؟ ئایا ئەگەری ڕودانی ئەم جەنگە هەیە؟


پرسیاری دووەم/ ئایا ئەم جەنگە لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە کاتی ڕودانیدا چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر عێراق و ناوچەکە و جیهان؟


پرسیاری سێیەم/ لە حاڵەتی ڕودانی جەنگدا ئایا ئەرکی کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان وەک بەشی پێشڕەوی پرۆلیتاریا چییە؟ و پرۆلیتاریا لە ناواخنی جەنگێکی کاولکەر چ ئەرکێکی لەسەرشانە؟ ئایا ئەگەری ئەوەهەیە ئەم جەنگە بگوێزرێتەوە بۆ جەنگێکی شۆڕشگێڕانە لە دژی بۆرژوازیی؟


پرسیاری چوارەم/ هەواڵەکان سەرەڕای ئامادەکارییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و هەڕەشەکانی ئێران وا شیکاری بۆ ئەکەن کە ئەمریکا ئەیەوێت فشار بخاتە سەر ئێران و ئەمریکاش وا خۆی نیشان ئەدات کە خوازیاری ڕودانی ئەم جەنگە نییە، ئایا لە کاتی بڵێسەسەندنی ئاگری ئەم شەڕە نەگریسە ئێمە لە عێراق ئەتوانین چ کارێک بکەین ؟

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی

١٦/٥/٢٠١٨

سەرەتا سوپاسی ھاوڕێانی ( ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی ) ئەکەم بۆ ئەم دەرفەتەو ئەم بەسەر کردنەوەیە کە بتوانین بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆمان لە بارەی ڕۆڵی پڕۆلیتاریاو ئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕێک لە نێوان ئەمریکاو ئێران و ئاکامە ئابووری و سیاسیەکانی بەسەر ژیانی ملیۆنەھا کرێکارو زەحمەتکێشی ئەو ناوچەیەو ڕۆڵی کۆمۆنیستەکان لە ناو ئەم ھەلوومەرجەدا .

وەڵامی پ. ١:


سەرەتا پێموانیە ئەگەری دروستبوونی شەڕ لە گەڵ ئێراندا لە ئێستادا ھەبێت ، لە بەر چەند ھۆیەک ؛
ئەمەریکا دووای شکستی لە سوریا ئەیەوێت توازنی ھێزەکانی خۆیان لە ( ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) جارێکی تر بخاتەوە سەر یەک .
ھەوڵدان بۆ تەمێکردن و فشارھێنان بۆ سەر رژێمی جمھوری ئیسلامی ئێران کە ھێزەکانی خۆی لە سوریا و لە یەمەن بکێشێتەوە ، وە ھێزەکانی حشد الشعبی لە عێراق سنوورداد بکات و کارکردیان لە سەر حوکومەتی عێراق نەھێڵێت .
ھیچ ھێزێکی ئەڵتەرناتیڤی ئۆپۆزیسیۆنی بە ھێز لە ئێراندا بوونی نیە لەو چەشنەی کە لە عێراق ھەبوو ، نە بزووتنەوەی کوردایەتی لە ئێران و نە ئەھوازیەکان ونە موجاھیدەکان و شاھەنشایەکان ھێزێکی ئەوتۆیان نیە تا بتوانن ببن بە جێگر ی داھاتووی جومھوری ئیسلامی .
خودی جومھوری ئیسلامی لە ھەموو ئاڵتەرناتیڤێکی تری بۆرژوازی تر «مەقبوولترە» جیگەی ڕەزامەندیترە بۆ ئێمریالیزمی ئەمریکا ، بۆ دژایەتی کۆمۆنیزم و ڕادیکالیزم لە ناوچەکەدا .


پەیماننامەی ئابووری و سەربازی سوعودیەی عەرەبی لە گەڵ ئەمریکا بە بڕی ٤٠٠ ملیار دۆلار ، پێویستی بە مانۆڕێک و ئاڵۆزیەکی لەو بابەتە ھەیە بۆ ئەوەی چەکفرۆشی و داھاتی سەربازی ئەمریکی بخاتە بوژاندنەوەو کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر و دروستکردنی زیھنیانەی ھێزێکی مەترسیدار ی وەک ئێران بۆ سەر بەرژەوەندی دەوڵەتانی ووڵاتە کانیی کەنداو کە ( ئێرانە ) لە پێناو ڕاگرتنی تای تەرازووی ھێزی ئێران و عەرەبیەی سوعودیەو ئیسڕائیل و بە ھاوپەیمانی خۆیان لە گەڵ ئەمریکا بۆ پێشگرتن بە ھەر گۆڕانکاریەکی چاوەڕوان نەکراو کە بێتە پێشەوە بە ھۆی شکستی ئەمریکا لە سوریاو تەواوی ناوچەکە ، ئەوەی شایانی باسە بە پلەی یەکەم ئێسڕائیل کە پێشڕەوایەتی سوعودیەش ئەکات ، وەبە پشتی ئەمریکاوە بۆ جیبەجێکردنی (نەخشە ڕێگای) نوێی ئەمریکاو و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ؛ بۆ نموونە گۆڕینی پایتەختی ئیسرائیل لە ( تل ئەبیب ) بۆ (قودس) و دوواتریش لە نەورۆزی ئەمساڵدا بەرزاییەکانی جۆلان خرانە سەر ئیسرائیل ،……ئەم ھەنگاوە ڕووەو لە پێشە …..واتە پایتەختی ئیسرائیل ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ ھەر لە قودس نەمێنێتەوە ، وە ئەوەی شایانی باسە ھەرێمی کوردستانی عێراقیش بنکەیەکی سەربازی ئەمریکیەو ڕەنگە وەلە درێژەی ئەم نەخشەیەدا ئەو ناوچانە تا ئەگەنە ھەرێمی کوردستان لە یەک بدرێن ئەگەر لە سوریا سەرکەوتنیان بەدەستبھێنایە و ئەم نەخشەیە ڕەنگە سنوورەکەی بگاتە دەریای قەزوێن بۆ نزیکەوتنەوە لە ڕوسیا ھەروەک لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز دا لە مانگی ئوکتۆبەری ساڵی ٢٠١٣ باسی نەخشەی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کراوەو وچۆن دابەش ئەبێت بەچەند دەوڵەتێکی تر؛ ھەموو ئەم نەخشە ڕێگایە لە بەرامبەر ڕوسیاو چین و ئێراندا دەبرێنە پێشەوە .


ھەلوومەرجی فەنزەوێللاو ململانێی ئەمریکا لە گەڵ ڕوسیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ووڵاتی ڤەنزەوێللا یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکانی تر بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی ئەمریکا لە سوریاو لە (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) ، فشارێکە بۆ سەر ڕوسیا و چین و ئێران وتورکیا کە واز لە پشتیوانی دەوڵەتی فەنزەوێللا بھێنێن .
ھەلوومەرجی ئابووری و سیاسی جیھان لە دووای شەڕی جیھانی یەکەم و دووەم و دەرس و ئەزموونی بۆرژوازی و ئیمپریالیزمی جیھانی کە چیتر و بۆ جارێکی تر نابێ زەمینەی ئابووری و سیاسی بۆ ھەڵگیرسانی شۆڕشێک لە چەشنی شۆڕشی ئوکتۆبەر بۆ کۆمۆنیستەکان وپڕۆلیتاریا بھێننە کایەوە ، بە تایبەت ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە درێژە دان بە سیاسەتی ( ڕیفۆرمیستی بۆرژوایی ) بۆ ددێژە دان بە ژیان وحاکمیەتی بۆرژوازی و سەرمایەداری لە جیھاندا ؛ ئەم ھەلوومەرجە وا ئەکات کە کێشەی یەکلاکردنەوەی ململانێی کەڵەکەی سەرمایە لە نێوان قوتبە ئیمپریالیسەکاندا نە چێتە قۆناغی یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەشێوەی ( شەڕو جەنگ سازی) بەڵکە ململانێکە زیاتر لە جەنگێکی ئابووری و گەمارۆ ئابووریەکاندا خۆی بەرجەستە بکاتەوە.


ھەروەھا ھۆیەکی تر کە ڕێگرە لە بەردەم ھەڵگیرسانی جەنگێکی ئاوا ئەوەیە کە نە ئەوروپای یەکگرتوو وە نە پەیمانی ناتۆ وە بەتایبەت ئەڵمانیاو وھۆڵەنداو ئیسپانیا بە ڕاشکاوی دژ بە ھەڵگیرشانی شەڕن لەو ناوچەیەدا ، سەرباری ھەموو ئەم ووڵاتانەش ڕوسیا و چینیش کە گومانی تێدا نیە لە گەڵ ھەڵگیرسانی ئەم شەڕە نین لە لایەن ئەمریکاوە .
خاڵێکی تر کە پێویستە باس بکرێت ئەم «ھاش و ھوش »و ھات و ھاوارەی سەرانی ئەمریکا دژ بە ئێران بریتیە لە سیاسەتێکی ناوخۆیی بۆرژوازی ئەمریکا بۆ وەرچەرخاندنی زیھنی پڕۆلیتاریای ئەمریکا بۆ دەرەوەو و بەلاڕێدابردن و چەواشە کردنی پڕۆلیتاریای ئەمریکایە کە دوژمنی ئەمڕۆمان ئێران وتیرۆریزمە نەک خودی دەسەڵاتداریەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و دەستدرێژیەکانی بۆ سەر ناوچەکانی تری جیھان ، و چەوساندنەوەیان بۆ پڕۆلیتاریای ئەمریکاو بگرە جیھانیش ؛ ئەم سیاسەتە ناوخۆیەی ئێستا کە ئەیانەوێت ھێزو بازووی سەربازی خۆیان نیشان بدەن ، پەیوەندی بە ھەڵبژاردنەکانی ئایندەی ئەمریکاو خودی سەرانی حیزبی جومھوریەکان و ترامپ وەک پسوڵەیەکی بەھێز لە بەرامبەر ھەڵوێستیان دژ بە ئێران .

وەڵامی پ. ٢ :


کاریگەری شەڕێک کە لەو ناوچەیەدا ڕوو ئەدات ڕۆشنە ، سەرەتا بۆ تێکشکاندنی ھەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکارو پڕۆلیتاریای ئەو ناوچەیە بە گشتی ، یەکەم لە باری ژیان و گوزەران و برسی کردن و درێژە دان بە تۆقاندن و ترس و ئیرھابێک کە مەوداکەی زۆر لە کاریگەری خراپی تاقمە تیرۆریستیەکانی قاعیدەو داعش زیاتر ئەبێت ، دووەم بە تاڵانبردن و دەستگرتن بەسەر سەرچاوە نەوت وگاز و کانزایەکانی تری ئەو ناوچەیەو زیاتر کردن و کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر ئەم ناوچەیە. وە لەم نێوەدا ھەلومەرجێکی ترسناک و وەحشەت ئامێز لە چەشنی ھەلومەرجی یەمەن بەسەر تەواوی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی ئەو ناوچانەدا ئەسەپێنرێت.
ئەبعادی ئەم شەڕە تەنھا ناوچەیی نامێنێتەوە بەڵکە جەمسەرو قوتبە ئیمپریالیستیە جیھانیەکانی تریش تیایدا بەشدار ئەبن ، لە کاتێکدا ئەگەر ئەم شەڕە پانتایەکی گەورەی لەم چەشنە ی گرتە خۆ ئەو کاتە ڕۆڵی ڕابەرایەتی مارکسیستانەی کۆمۆنیستەکانی ناوچەی (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ) ، لە سەر بنەمای ئەو بەرنامە سیاسیەی کە باسمان کرد ، ئەبێتە کارێکی بەرجەستەو و پڕۆلیتاریای شوێنەکانی تری جیھان بەدووای خۆیدا ئەھێنێت ، چونکە ئاکامەکانی شەڕێکی ئاوەھا لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە کار ئەکاتە سەر ژیانی تەواوی پڕۆلیتاریای جیھان و گشت ناوچەکە .


وەڵامی پ. ٣ :


سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمۆنیستەکان وپڕۆلیتاریا !


سەبارەت بە ئەرکی کۆمۆنیستەکان لە ئێستاداو لە کاتی جەنگداو وە لە ھەر ھەلوومەرجێکی تردا لە ژێر دەسەڵاتداریەتی سیستەمی سەمایەداریدا ڕۆشنە ؛ سەرەتا خۆ ئامادەکاری کۆمۆنیستەکان وەک نوخبەیەکی ووشیارو تێکۆشەری ناو چینی کرێکار لەوێوە دەستپێ ئەکات کە ببنە خاوەنی بەرنامەیەکی مارکسیستی کە بە ڕاشکاو دابڕاوی فیکری خۆیان لە گەڵ « سیاسەتی ڕێکخستنی تریدیۆنیستانەو و ڕیفۆرمیستانە » بخەنە ڕوو ، ھەروەھا دابڕانی تەواو لە ھەمو مەیلە سۆسیال دیمۆکراتەکان و چەپی ئەوروپایی و ھەروەھا دابڕان لە گەڵ ( ڕیفۆرمیزمی کرێکاری )لە چەشنی «کۆمۆنیزمی کرێکاری» و بەرنامە ڕیفۆرمیستیەکەیان بە ناوی ( دنیای باشتر ) و ھەروەھا( سۆسیالیزمی پۆپۆلیستی) لە چەشنی مۆدێلی ئەمریکای لاتینی و چاڤێزی و چەندین بیروبۆچوونی تری بە ناو مارکسیستانەو تەنانەت بە ناو ترۆتسکیانە کە بەرنامەکانیان پشت بە سیاسەتی ڕێکخستنی تریدیۆنیستی و ڕیفۆرمیستی ئەبەستێت و بەتایبەت دوابەدووای ساڵەکانی ١٩٣٧ و ١٩٣٨ کە ترۆتسکی و ھاوڕێکانی ویستیان ( ئەنتەرناسیۆناڵی چوارەم )پێکبھێنن وە بۆشایی چالاکی سیاسی مارکسیستانەو ڕێکخستنی سیاسیانەی پرۆلیتاریا بۆ ڕوخاندنی سەرمایەداری و رژێمە سیاسیەکانیان بە چالاکی نیشاندان لە ناو ڕێکخراوە جەماوەریەکان و ھەروەزیەکان و سەندیکاکان بە بێ بوونی پارتی ڕێکخراوو بەڵشەفیانەی پرۆلیتاریای سەردەمی ئێستا پڕ ئەکەنەوەو لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتیدا بمێننەوە .


ھێرشی پرۆلیتاریا و ئامادەیی ئەوان لە ناوچەکەدا ھەڵێنجراوی ئیرادەی خود بەخودی پرۆلیتاریای ئەو ناوچەیە نیە ؛ بەڵکە پرۆلیتاریای ئەم ناوچەیە ئیلھام لە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریای جیھانی ورئەگرێت و بە ھەمان شێوە ش کار ئەکاتە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریای جیھانیش ، ئەم ئیرادەیەش ئێستا لە ئاستێکی زۆر نزم و ناڕێکخراودایە و ە کۆمۆنیستەکان لە جیھاندا لەسەروکاری زیندووکردنەوەی ڕوحیەتی شۆشگێڕانەی مارکس وئەنجلس و لێنین دان و بە گرنگیەوە سوود لە لە ئەزموونی خەباتی ترۆتسکی و ھاوڕێکانی وەر ئەگرن دژ بە ( سۆسیالیزمی میللی ) و ( ڕیفۆرمیزمی شەعبەوی ) ستالینی و حیزبە شیوعیەکانی ؛ ھەرەھا دوژمنی چینایەتی پڕۆلیتاریا ناوچەیی نیە بەڵکە جیھانیە ، چونکە خودی سەرمایەداری جیھانیە .


پەرژو بڵاوی و نەبوونی ئەو ئیرادە و ڕوحیەتە شۆڕشگێڕانەیە ی مارکس و ئەنجلس ولێنین ڕۆڵ و کارکردی خۆێ ئەبێت لە سەر پڕۆلیتاریای ناوچەکە ، بەڵام کۆمۆنیستەکانی ئەو ناوچەیەش دەستەوئەژنۆ دانانیشن کە بۆرژوازی و ئیمپریالیستەکان چۆنیان بوێت سیاسەتەکانی خۆیان بەسەر جەماوەری پڕۆلیتاریادا بسەپێنن ، وە ھەمیشە بەسەروکاری ئەوەوەن کە کۆڕوکۆمەڵ و کادێرانی تێکۆشەری ناو پرۆلیتاریا لە یەکتر نزیکبکەنەوەو و ببنە خاوەنی بەرنامەیەکی ماتیریالیستیانەو جەدەلیانەی مارکس و ئەنجلس و و لەسەر بنەمای ئەم کۆڕوکۆمەڵ و بەرنامەیەوە ببنە خاوەنی حیزب و ئیرادەی سیاسی پڕۆلیتاریای ئەو ناوچەیە بەر جەستە بکەنەوە .


بەردەوام ئەرکی کۆمۆنیستەکان ھەرەک لێنینش فێری کردووین ئەوەیە نەک ھەر بە شوێن ھەلی گونجاودا ( الفرص) بگەڕێین بەڵکە ئەبێ تێبکۆشین و ھەلومەرجە کۆمەڵایەتیەکان بارگاوی بکەین و شۆڕشگێڕیان بکەین و خۆمان ھەوڵی ھێنانە کایەوەی ھەلوومەرجی شۆڕشگێڕانە بدەین و دروستیان بکەین لە ڕێگەی کاری تەبلیغی و سیاسی ئاشکراو نھێنیمان دژ بە بۆرژوازی و ئیمپریالیستەکان بۆ ژێرەوژوورکردن و کۆتایی ھێنان بە سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکانیان .
بە بێ بوونی حیزبێکی سیاسی بە توانای لەم چەشنە ھیچ ئومێدێک بۆ گۆڕینی ئەم ھەلوومەرجە بە ھەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانە و جەنگی شۆڕشگێڕانە دژ بە بۆرژوازی نیەو نایەتە ئاراوە ، ھەروەک لە سودان و جەزائیر و مەغریب و تونس سوریا یەمەن و لە ووڵاتە عەربیەکانی تردا بینیمان و تا ئێستاش بە بەرچاومانەوەیە .

وەڵامی پ. چوارەم :


کۆمۆنیستەکان و چەپەکان بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی ھەڵگیرسانی شەڕێکی لەم جۆرەدا وە بەم سیماو چوارچێوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە ھەیانە ھیچ کارێکی سیاسی وخاوەن کارکردێکی مەزن لە سەر ڕەوتی شەڕو لە بەرەی پڕۆلیتاریادا پێ ئەنجام نادرێت ؛ تا ئەو جێگەیەی کە بەبێ ئەم ئامرازە سیاسی و ئیرادە شۆڕشگێڕانەیەی کە خۆیان لە حیزبێکی سیاسی و چینایەتی بە ڕوحی تێکۆشەرانەی مارکسەوە نەیەنە مەیدان ، بەبێ ئەم ڕێکخراوبوونە کۆمۆنیستەکانیش وەک ھەر تاکێکی تری کۆمەڵگا بێ تاسیر ئەمێنێتەوە ؛ ئەرکی ئێمەی کۆمۆنیستەکان ئەوەیە ھەر ئێستا ڕیزی سیاسی و چینایەتی خۆمان بە کۆمەڵگا بناسێنین و پشت بە سیاسەتی ڕێکخستنی بەڵشەفیانە ببەستین بۆ ڕێکخراوکردنی ڕابەرانی ناو مەیدانە کرێکاریەکان ( نەک ووردە بۆرژوازیەکان کە لە ڕووی چینایەتیەوە جێگەی متمانە نین ) و بەرنامەی سیاسی خۆمان بەدوور لەو خاڵانەی کە لە سەروە ئیشارەمان پێداون بخەینە ڕوو .
ھەروەھا لە کاتی ڕوودانی جەنگدا و لە ئێستاوە پێویستە ئامادەیی خۆمان بۆ : یەکەم ؛
کاری تەبلیغاتی چڕوپڕ بۆ کۆکردنەوەو سازماندانی پڕۆلیتاریا بۆ شەڕێکی گەورەترلە پێناو ڕووخاندنی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی و ڕزگارکردنی پڕۆلیتاریا لەم شەڕە ھەروەک بەڵشەفیکەکان خەباتیان بۆکرد لە سەروبەندی شەڕی جیھانی یەکەم دا تا توانیان دەسەڵاتداریەتی قەیسەرلە ڕوسیا بڕوخێنن .


دووەم ؛ ھەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی تەبلیغاتی ناسیۆنالیستانەی بۆرژوازی بۆ بەشداریکردن لەم شەڕەدا و موقاتەعەی ڕاستەوخۆو بێ قەیدوشەرتمان بۆ پێشگرتن بە ھەڵگیرساندی جەنگێکی ئاواو وەستانی شەڕ .
خەڵکانێک و کادێرانێکی مارکسیستی زۆر دڵسۆز و تێکۆشەر لە ناو بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ لە ھەرێم و عێراقدا ئەزموونی شەڕی عێراق وئێرانیان بینیوە ، بەڵام بەداخەوە ئەو ڕوحیەتە شۆشگێڕانەی کە ھەیان بوو لە لایەن مەیلی ( ڕیفۆرمیستی شەعبەوی ) حیزبی شیوعی وھەروەھا مەیلی ( ڕیفۆمیستی کرێکاری) کۆمۆنیزمی
کرێکاری بەرەو ئاقارێکی ڕیفۆرمیستانە بە لاڕێدا براوە و ئەو ڕوحیەتە شۆڕشگێڕانەیان مراندووە وەک ( تاقمێکی فشارھێنەر) بۆ سەر بۆرژوازی لە پێناو ڕیفۆرمسازی ھاتوونەتە مەیدان نەک کار بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی بۆرژواکان لە ناوچەکەدا .
ڕۆڵی بزووتنەوەی مارکسیستی پەڕژو بڵاوی ناو چینی کرێکار و پڕۆلیتاریا لە ئێستادا چ لە ڕووی لۆکاڵی و چ لە لەڕووی جیھانیەوە ئەویە کە ئەم ڕووحیەتە شۆڕشگێڕانەیەی مارکس زیندووبکەینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ئامادە سازی خەباتی چینایەتی سیاسی و ئابووری پڕۆلیتاریاو بەرەو ئامانجی تێکشکاندنی دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی لە ناوچەکەدا و ەستانەوە دژ بە جەنگێکی مەزنی لەم چەشنە .

———————————————————–
سەرچاەکان :

١-سەرنجێک سەبارەت خەسڵەتی سیاسی تێکۆشانی نقابی ( جەماوەری )
نامەی مارکس بۆ ( بوڵت) لە ٢٣ تەشرینی دووەمی ساڵی ١٨٧١ ؛ کە لە کتێبی ( في الحركة النقابية) له نووسينى ماركس و انجلس و وه رگێڕانی طلال الحسیني و صونیا الخوري طعمة وەرگیراوە .

Previous
Next
Kurdish