Skip to Content

لە(58)وە بۆ (140) چارەنووسی کەرکوک لە بەرداشی جەنگی ژمارەکاندا .. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

لە(58)وە بۆ (140) چارەنووسی کەرکوک لە بەرداشی جەنگی ژمارەکاندا .. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی دووه‌م 17, 2020 General, Opinion

“ئەم شیکارییە پێش 13 ساڵ لە گۆڤاری نێوەند بڵاوکراوەتەوە. ئەگەرچی وا دەبینرێت بابەتەکە کۆن بووە، بەڵام لە راستیدا ناوەڕۆکەکەی هەمیشە بە تازەیی دەمێنێتەوە. تا بیری خوێنەریشی بخەینەوە کێشەی دۆڕاندنی کەرکوک لە دوای روخانی بەعس بە تەنیا بەرهەمی شانزەی ئۆکتۆبەر نییە، بەڵکو شانزەی ئۆکتۆبەر تەنیا کۆتایی ئەو دۆڕانەیە لە رووی سەربازیی و ئۆتۆریتەی دەسەڵاتی هەردوو حزبی فەرمانڕەوا لە کەرکوک”

لەگەڵ ناوهێنانی کەرکوک بەدەر لەوەی وێنای شارێکی وێران و فەرامۆشکراو دێتە پێش چاومان، راستەوخۆ بیرمان دەچێتە سەر ئەو کێشە و قەیرانانەی لەنێوان کورد و عەرەبە عێراقییەکاندا بە درێژایی چەندین دەیە دروستبووە لەسەر مسۆگەرکردن و خاوەندارێتی ئەو شارە، نەوت یەکێک یان هەموو ئەو هۆکارەیە هەموولایەک بە وڵاتانی هەرێمی و جیهانیشەوە چاو ببڕنە کەرکوک و شەڕی لەسەر بکەن، چون ئەو سامانە سروشتییە بەسە بۆ ژیاندنی کۆمەڵێکی سەد ملیۆنی بەوپەڕی تێریی و رەفاهەوە. بەهەڵەدا نەچووین ئەگەر بێژین زیاتر لە 90 ساڵە کورد بە قەبارەی خەبات بۆ رزگاریی و مافی چارەنووس لە هەوڵی سەندنەوەی کەرکوکدا بووە. کەرکوک لە بزافی شێخ مەحمودەوە تاکوو رۆژی ئەمڕۆمان لە لیستی داواکاریی و خەباتی کورداندا لە بەشی سەرەوەدا بووە، گرنگی ئابووری ئەو شارە پاڵنەرێک بووە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەستبەرداری نەبن و جەنگی درێژخایەن لەگەڵ خاوەنە راستەقینەکەی (کورد) بەرپا بکەن، پاشان لە رێی بە عەرەبکردن و راگواستنی کورد لە شارەکەدا ناسنامەی رەسەن و دیۆگرافیاکەی بشێوێنن، بەڵام کورد هەموو کات داکۆکیی جیددی لێکردووە تا ئەو ئەندازەیەی شۆڕشێکی وەک ئەیلوولی بۆ بە قوربان کراوە.
دوای 9-4-2003 پرسی کەرکوک لە ئەجیندای کوردی باشووردا پانتاییەکی زۆری داگیر کرد و لە راستیشدا یەکێک لەو دۆزانە بووە زۆرترین دانوستان و گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و دەکرێت، قانوونی 58 ئیدارەی کاتی و ماددەی 140 دەستووری هەمیشەیی عێراق بەشێکن لەو پلانانەی لەو چوارچێوەیەدا و بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کەرکوک داڕێژراون. هەنووکە کاتی یاسایی جێبەجێکردنی ماددەی 140 تەواو بووە و رەوشی کەرکوک وەک خۆی ماوەتەوە، لێ کورد بەنیازی ماوەی ئیزافییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە، بەداخەوە ئەزموونی چوار ساڵ و نیوی مامەڵەی عەرەبی باڵادەستی دوای سەدام حسێن سەلماندوویەتی نیەت باش نییە، هەروەک (محەمەدی حاجی مەحمود) وتی: تەنها یەک مانگە تەقینەوە کەم بووەتەوە عەرەب هەڕەشە دەکات کە نابێت نەوت دەربێنین و دەبێت ماددەی 140 دوا بخەین.
پرسیاری هەنووکەیی ئەوەیە: ئایا کورد و رێبەرییەکەی هەر دوای کڵاوی بابردووی بەڵێنی وەهمیی سەرکردە عەرەبەکانی عێراق دەکەون؟ یان ئومێدێک ماوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140؟؟ لە کاتێکدا ماددەی 140 پەکخراوە ئایا کورد کارتی هەیە بەکاریبێنێت وەک پەکخستنی بەندێکی دەستووریی کە بەرژەوەندیی عەرەبی عێراقی پێوە بەسترابێتەوە؟ یان کورد ئەم دۆزە دەباتە ناوەندەکانی دنیا لە چەشنی نەتەوە یەکگرتووەکان یان بە بەڵگەی مێژوویی و بڕیاری سیاسیی دەست بەسەر کەرکوکدا دەگرێت؟. لە هەموو بارەکاندا تاریکییەکی زۆر هەیە و هیچ تروسکاییەک نییە تا هەڵوێست و هەنگاوەکانی داهاتووی کوردمان پێ نیشان بدات لە وەختێکدا نیازی عەرەبەکان بە روونی دیارە چییە.

مێژووی کەرکوک

ئەو کاتەی مرۆڤی سەرەتایی فێری چاندن و کشتوکاڵ بوو ناچاربوو دەست لە ژیانی رەوەندیی هەڵبگرێت و بیر لە نیشتەجێبوون بکاتەوە، سەرچاوە مێژووییەکان باس لە چەند گوندێکی دیرۆکیی دەکەن وەک کۆنترین گوندە کشتوکاڵییەکانی دنیا، لەو لیستەدا ناوی گوندی (چەرمۆ)ی کەرکوک هاتووە و وەک یەکێک لە سێ کۆنترین گوندی جیهان ناوی تۆمار کراوە. بە بڕوای (مەلا جەمیل رۆژبەیانی) کەرکوک یەکێک لە هەرە کۆنترین شارەکانی دنیایە و بەدەربڕینی ئەو (لە قۆچە هەولێرێ زۆر کۆنترە). بەرسڤی ئەو پرسیارە مێژووییەی کێ بوو لەسەرەتاوە شاری کەرکوکی بنیاتنا؟. گێرمە و کێشە و رای جیاوازی لەسەرە، بەڵام هیچکامیان ناتوانن هاشا لەوە بکەن لە سەرەتاوە کورد یان ئەو گەلانەی کوردیان پێکهێناوە نیشتەجێی کەرکوک بوون و ئاوەدانیان کردووەتەوە (لە مێژوودا سەلمێنراوە شاری کەرکوک لەلایەن لۆلۆییەکان یان خۆرییەکانەوە بنیات نراوە، ئەم دوو گەلەش رۆڵی سەرەکیان هەبووە لە پێکهێنانی گەلی کورددا). مەلا جەمیل رۆژبەیانی، بڕوای وایە: کەرکوک یەکێک بووە لە پایتەختەکانی (گوتو-گوتیوم)ی هاوسێی (لولو- لولوبین) کە تەنیا رووباری سیروان ئەم نەتەوەی لەیەک دابڕیوە هەردووکیان چڵی (کاسای)ن کە لقی گەورەی سوبارتۆیە. رۆژبەیانی لە درێژەی بۆچوونەکەیدا نوسیوویەتی: لە سەردەمی (نارامسین)ی ئاکادیدا (2400 پ.ز) بە وڵاتی کوردستانیان دەوت (سوبارتو) ئەو حەلە (ئەرەبخە) کە لەم دواییەدا بوو بە ئەرافا- عەرەفە (واتە کەرکوک) بەشێک بووە لە سوبارتۆ.

مێژوونووسان هێمای بۆ دەکەن لە هەزاران ساڵ بەر لە نهۆوە کەرکوک بەناوی (ئارابخا)وە ناسراوە و هەر ئەم ناوەشە بە تێپەڕینی کات گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بووەتە کەرکوک (گۆتییەکان کە لە سێ هەزارەی پێش زاییندا لە پێدەشتەکانی شارەزووردا دەژیان گەیشتنە کەرکوک و دەوروبەری و کەرکوکیان کردە مەڵبەند و جێگای ژیانی خۆیان، لەو سەردەمەدا شارەکە بە ناوێکی نوێوە ناسرا کە ئەویش ئارابخا بوو، گۆتییەکانیش رۆڵیان هەبووە لە پێکهاتنی نەتەوەی کورددا). بەڵگە نەویستە شارەکە لەلایەن ئەو پێکهاتە و توخمانەوە بنیات نراوە کە رۆڵیان هەبووە لە خستنەوەی نەتەوە و رەچەڵەکی کورددا یان هیچ نەبووبێ لە دێرینەوە وەک زۆرینەی شارەکە بوونیان هەبووە و تێیدا ژیاون. هەموو ژێدەرە مێژووییەکان (تەنیا ئەوانە نەبێت بە چەواشەکراویی نوسراون) دڵنیامان دەکەنەوە لەوەی هەبوونی کورد لە کەرکوکدا پێش هەر نەتەوە و نەژاد و گەلێکی ترە بگرە لە زۆربەی قۆناغەکاندا کەرکوک پایتەختی کوردەکان بووە.
تەنانەت عەرەب و تورکمانەکانی لایەنگری فاکتی مێژوویی نکۆڵییان لەو راستییە دیرۆکییە نەکردووە، تا ئەوەی کتێبی (جوگرافیای سیاسیی) کە دەستەیەک لە مامۆستایانی زانستگاکانی میسر لە ساڵی 1961 دایانناوە دانیان بەو راستییەدا ناوە و نوسوویانە: کوردەکان دەستەیەکن لە باکوورەوە هاتوون، خاوەنی دەوڵەتێکی کۆن بوون کە پایتەختەکەی ئارابخایە. لە ژێر رۆشنایی بەڵگە مێژووییەکاندا بۆمان روون دەبێتەوە هەموو ئەو نەتەوە و پێکهاتانەی ئەمڕۆ لە کەرکوک جێگیرن بە هەزاران ساڵ دوای کورد هاتوونەتە شارەکەوە، عەرەبەکان بوونیان لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی غەزەواتی ئیسلامی لە سەدەی حەوتەمی زاینیی و ئەو بەغدادەی نهۆ وەک پایتەختێکی عەرەبیی دەردەکەوێ ئەوێ رۆژێ گوندی (باغی داد)ی کوردان بوو!!، ئەگەر عەرەبەکان بوونیان لە عێراقدا بۆ چواردە سەدە بگەڕێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە هاتنیان بۆ کەرکوک لە سێ سەدە تێناپەڕێت، لەوانەشە کۆچی عەرەب بەشێوەی شوانکارە و تاک تاک بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە بگەڕێتەوە لە کاتێکدا کورد لەو مێژووەدا بە هەزاران ساڵ بووە لەو شارەدا ژیاوە.
لە سەردەمەکانی دوای غەزەوات و فتوحاتی ئیسلامی و هەتا کاتی رووخانی دەوڵەتی (قەرەقۆیونلۆ)ش بەپێی (اخبار الدول)ی یوسف قارەمانی کەرکوک مەڵبەندی کورەی ویلایەتی شارەزوور بوو، لەم حەلەدا لقێکی دەوڵەتی ئەردەڵان فەرمانڕەوای شارەزوور بوو. هاتنی تورکمانیش بۆ ناو کەرکوک بە بەراوورد بە مێژووی کورد لەو شارەدا دوێنێیە، تەنانەت کۆچی تورکمان بۆ نێو عێراق کەوتووەتە دوای هەزاران ساڵی بوونی کورد لە کەرکوکدا. مێژوونووسی تورکمانی (شاکر سابیر ئەلزابت) پێیوایە هاتنی تورکمان بۆ ناو عێراق بۆ ساڵی (54ک – 674ز) دەگەڕێتەوە کە لەشکرێکی چوار هەزار کەسی بوون و بۆ سەرکەوتنی خەلیفە نێردرابوون. کەوابوو زۆر درەنگتر روویان لە کەرکوک کردووە و تیایدا جێگیربوون. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریش لەگەڵ کۆچی بەردەوامی تورکمان و عەرەب بۆ ناو کەرکوک (پێش تەعریب و راگواستنی کورد) هێشتا کورد رێژەی زۆرینەی دانیشتوانی شارەکەی پێکهێناوە. بۆ وێنە (قاموس الاعلام) نوسیویەتی: سەرژمێریی شاری کەرکوک سی هەزار (30000) کەسە لەم ژمارەیە سێ بەشی 22500 کەسی کوردە و ئەویتری تورکمانە، عەرەب و جولەکە (760) و کلدان (460) کەسن.
لەگەڵ گەشەی زیاتری شارەکە و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، دیسان کورد هەر زۆرینەی پێکهاتەی شارەکە بووە لەم رووەوە سەرژمێریی ساڵی 1957 باشترین بەڵگەی مێژووییە کە دەریدەخات رێژەی کورد لە شارەکەدا (187593) کەسە لە بەرامبەردا عەرەب (109620) کەس و تورکمان (83371) کەسن، بەڵام دوای شاڵاوەکانی بە عەرەبکردن ئەم رێژەیە لە زیانی کورد و تورکمان و لە بەرژەوەندیی عەرەب گۆڕانی بەخۆیەوە بینی و عەرەب بوونە زۆرینەی دانیشتوان، لەگەڵ ئەمەشدا فاکتی مێژوویی ئەوە دەسەلمێنێت کەرکوک بەشێکە لە کوردستان، ئەگەرچی وجودی هەندێک هۆزی عەرەبی وەک (العبید) کە پێش تەعریب لە کەرکوک بوون لەگەڵ تورکمان و کەمینەیەکی کلدۆئاشوری وەک هاووڵاتی رەسەنی شارەکە مایەی نکۆڵی لێکردن نییە، بەڵام ناسنامەی شارەکە کوردییە و دەکەوێتە نێو جوگرافیای وڵاتێکی دابەشکراوەوە بە ناوی کوردستان.

دۆزینەوەی نەوت دۆزینەوەی نەهامەتی

کوردی داماو و دیلکراوی کەرکوک هەرگیز پەی بە نهێنی ئەو گڕە سوورەی سەرسنگی شارەکەی نەدەبرد، ناچار پەنایان بۆ داتاشینی ئەفسانە بردبوو، پێش ئەوەی باباگوڕگوڕ وەک کانییەکی بێ بنی نەوت ناوبانگ دەربکات لای رەشۆکی کوردی ئەوێ رۆژێ وەک مەزاری پیاوچاکێک سەیری کراوە و گڕەکەشیان بە نووری پیرۆزی خوداوەند زانیوە، دەماودەم دەگێڕنەوە دایکان بە مەبەستی منداڵبوون چوونەتە سەر ئەم مەزارە نەوتاوییە و لە تیشکی گڕی ئاگری سوور پاڕاونەتەوە و وەک بەیتە شیعرێک وتوویانە: بابا گوڕگوڕ مناڵێ.. وەک تیشکی ئاگری ئاڵێ. دۆزینەوەی نەوت لە شارەکەدا زۆر کۆنترە وەک لەوەی باس دەکرێت ئینگلیزەکان یەکەم کەس بووبن نەوتیان لە کەرکوک دۆزیبێتەوە، (عەلی مەحمود محەمەد) لە کتێبی (کەرکوک شاری قەڵا و ئاگر و خوێن)دا هێمای کردووە بۆوەی لە سەدەی حەڤدەیەمەوە (1639) عوسمانییەکان بەشێوەی سەرەتایی نەوتیان لە کەرکوک دەردەهێنا، بەڵام ئەو نەوتە هەر بۆ بەکاربەری ناوخۆیی بوو لە ماڵان و گەرماوەکانی شاردا. دواتر لە ئازاری 1925 کۆمپانیای نەوتی تورکی بە فەرمی قۆرخی دەرهێنانی نەوتی کەرکوکی کرد. ئیدی ئەم دەرهێنانی نەوتە لەسەر دەستی کۆڵۆنیاڵیزمی بەریتانی پەرەیسەند و شارەکە بووە سەرچاوەیەکی نایابی نەوت و گازەکانی تر، پاشان لە هەڵمەتەکانی گەڕان بە دوای نەوتدا ژمارەیەکی تر کێڵگەی ئەو شلەیە دۆزرانەوە. رەنگبێ دۆزینەوەی نەوت و پێویستی هێزی کار یەکێکی تر لەو هۆکارانە بووبێت تاکوو عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشوور روو لە کەرکوک بکەن.
بە پێچەوانەی پێشبینی دانیشتوانی شارەکەوە نەوت نەک نەبووە مایەی خۆشگوزەرانی و رەفاه بۆیان بەڵکو بووە هۆی دژواریی و نەگبەتییەکی گەورە، نەوتی کەرکوک راکێشانی ئەڵقەی نارنجۆکێک بوو بە هەر چوار لای خۆیدا تەقییەوە و پریشکەکانی بۆ زۆر دوور رۆیشتن. دەکرێت بێژین دۆزینەوەی نەوت لە کەرکوک دۆزینەوەی نەهامەتی بوو، سەرەتای کێشەیەک بوو نێزیک لە سەدەیەکە بێ چارەسەر ماوەتەوە، چاوچنۆکی رژێمەکانی عێراق و تموحیان لە نەوتی کەرکوکدا هێنانییە سەر رێی کوشندەترین بیرۆکەی جەهەنمیی هەر لە تەعریب و شێواندنی دیۆگرافییەوە تاکوو راگواستن و دەرکردنی کورد و سڕینەوەی ئاسەواری کوردیی شارەکە، دیارە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە بەبێ توندوتیژیی و زیانی مرۆیی نەبووە، هەر ئەم هەقیقەتە تاڵەیە ناچارمان دەکات بڵێین: نەوت بە درێژایی تەمەنی دۆزینەوەی لە زیان بەولاوە چی قازانجێکی تری نەبووە بۆ گەلانی عێراق بە تایبەت بۆ کورد، لەوانەشە نەوت بۆ پاشەڕۆژیش هەمان رۆڵی نەرێنی بەرجەستە بکات هەرچەندە لە ئێستاوە بڕیارێکی وەها رەنگە لۆژیکی و واقیعبینانە نەبێت.

بە عەرەبکردن و راگواستن

لێ دوای دۆزینەوەی نەوت لە کەرکوکدا ژمارەیەکی بێشوومار عەرەب بە هۆی خزمەتەوە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور روویان لە شارەکە کرد، بەڵام هاتنی سیاسیی لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریب و گۆڕینی دیۆگرافیدا زۆر تازەیە و لەگەڵ هاتنە سەرکاری دەستەی یەکەمی شۆڤێنیستە عەرەبەکان لە ساڵی 1963 دەست پێدەکات، لەو رێکەوتە بە دواوە تەعریب چوارچێوەیەکی سیاسیی بەخۆوە گرت و بووە بەشێک لە ئەجیندای سیاسیی دەوڵەتی عێراق. لەگەڵ هاتنەوە سەرکاری بەعسییەکان لە ساڵی 1968 دیسان بە عەرەبکردن و راگواستنی کورد بە تایبەت لە شاری کەرکوک خەست و خۆڵتر لە جاران دەستی پێکردەوە. رۆژنامەوانی فەڕەنسی (کریس کۆچێرا) دەنووسێت: بەعس پاشان کە لە ساڵی 1968دا هاتەوە سەر حوکم جارێکی دی بایدایەوە سەر هەمان سیاسەتی عەرەباندن، هەر لە سەرەتاوە سوپا دانیشتوانی کوردی لە ناوچە ستراتیژییەکان واتە لە ناوچە سنووریی و نەوتاوییەکاندا وەدەرنا، گوندەکانی کوردی بۆردومان کرد و بە بۆلدزەر تەختی کردن، بەمجۆرە تەنێ لە ناوچەی کەرکوک نزیکەی 40 هەزار کورد لە ماڵ و گوندەکانی خۆیان وەدەرنران.

ئەمە قۆناغی سەرەتایی بوو قۆناغە چڕ و پڕەکان لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەستیان پێکرد تاکوو کاتی روخانی بەعس لە بەهاری 2003. پرۆسەی تەعریب هەر بەوە نەوەستا میتۆدی خوێندن و زمانی فەرمانگەکان بکاتە عەرەبی بەڵکو ئەم کردەیە تابلۆی سەر پێشانگاکان و ناوی قوتابخانەکانیشی گرتەوە و دواتر لە بەڕێوەبەرێتی رەگەزنامە و باری کەسێتی ناوی کوردیی بەرەو قەدەغەکردن و سڕینەوە چوو. دوای هەرەسی 1975 ناوی قوتابخانەکان کە لە دوای رێککەوتنی ئاداری 1970وە کرابوون بە کوردیی جارێکی دی کرانەوە بە عەرەبی، بۆ نموونە کاوە کرا بە (معاز بن جبل)، کوردستان بووە (عبدالملک بن مروان)، قوتابخانەی زێوەر گۆڕا بۆ (الاندلس)، ئازاد کرا بە (میسلون) و کتێبخانەی ئاسۆ کرا بە (الطلیعە) و دارا کرا بە (العروبە). هاوشانی پرۆسەی تەعریب، راگواستنیش لە کڵپەسەندندا بوو، لە ساڵی 1981 بڕیاری ژمارە 1391 مەجلیسی سەرکردایەتی شۆڕش لە توێی 16 خاڵدا دەرچوو کە باس لە دروستکردنی 20 هەزار خانوو لە ناوەڕاست و باشوور و راگواستنی چەندین کارمەند و کارگەری کورد لە کەرکوکەوە دەکات بۆ باشووری عێراق، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیی رژێم بە جەنگی ئێرانەوە تەگەرە کەوتە بەردەم جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارەکە.
بە عەرەبکردن و راگواستن رەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر شێواندنی دۆخی کەرکوک داناوە کە لە حاڵی حازردا کۆسپی گەورەی لەبەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140 هێناوەتە ئارا، بێگومان ئەگەر هۆکارەکانی تەعریب و تەهجیر لە ئارادا نەبوونایە نهۆ کەرکوک بە ئۆتۆماتیکی لەسەر کوردستان بوو (هەروەک سلێمانی و هەولێر) یان سەندنەوەی ئاسانتر دەبوو. (جەلال تاڵەبانی) لە یەکێک لە وتارەکانیدا لەمەڕ سیاسەتی عەرەباندن دەنووسێت: شار و پارێزگای کەرکوک رووبەڕووی سیاسەتی پاکتاوی نەژادیی بووەوە، ئەویش بەپێی پیلانێکی نەگریس کە سەدام حسێن بۆ وەدیهێنانی چەندین مەبەست پەیڕەوی کرد:

1- دەرکردنی کورد و تورکمان و ئاشووری لە زێدی باب و باپیرانیان.
2-نیشتەجێکردنی عەرەب وەک (مستەوتین) نیشتەجێکراو نەک وەک هاووڵاتی کەرکوک و دەوروبەری ئەویش بە رێگەی ئارەزووپێکردن و هەڕەشەوە.
3-نیشتەجێکردنی عەرەبی شیعە لە شارەکەدا بە مەبەستی بەرپاکردنی فیتنە لەنێوان کورد و برا عەرەبە شیعەکانیان و تێکدانی ئەو هاوپەیمانێتییە ستراتیژییەی نێوانیان.
سەدام حسێن و دەوڵەتەکەی سەرکەوتوو بوون لە شێواندنی دیمۆگرافیای کەرکوک و ئاڵۆزیی دروستکردن بۆ گێڕانەوەی رەوشی شارەکە بۆ دۆخی پێشانی، لێ دوای روخانی رژێمی بەعس تەعریب و راگواستنی کوردی کەرکوک راوەستا، بەڵام کارکردن بۆ گێڕانەوەی عەرەبی هاوردە و گەڕاندنەوەی دۆخی شارەکە بۆ باری راستەقینەی خۆی هیچ هەنگاوێکی نەناوە. راستە تەعریب راوەستاوە، بەڵام شوێنەوارەکانی هەر کاریگەرە، عەرەبی باڵادەستی دوای بەعسیش خۆیان لادەدەن لە کارێکی لەو بابەتە، هەندێجار بەو بڕوایە دەگەین ئەمانیش لەبەر لاوازیی و گرفتارییانە بەدەست تیرۆرەوە ئەگینا بەردەوامی بە رامیاریی عەرەباندن و راگواستن دەدەن. راستە بەعس وەک ئەنزیمە و دەسەڵات رووخا، بەڵام پەروەردە و فەرهەنگی بەعس هێشتا رۆحێکی زیندووە، لە نموونەی پرسی کەرکوکدا تێدەگەین، ئەوەی رووخا لە 2003 تەنیا بتەکەی سەدام بوو، ئەگەرنا هێشتا کولتووری سەدامیزم کولتووری باڵادەستی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە لای عەرەبە عێراقییەکان.

بزافی نیشتیمانی کورد و کەرکوک
(بزافی بارزانی وەک نموونە)


لێ شێخ مەحمودی حەفید مەلیکی کوردستان قەڵەمڕەوی حکوومەتەکەی بەرتەسک و سنووردار بوو (لە باشترین حاڵەتدا لە سلێمانی و دەوروبەرەکەی تێنەدەپەڕی)، بەڵام هەرگیز نەیدەویست دەست لە کەرکوک وەک بەشێک لە کوردستان هەڵبگرێت، ئارەزووی دەکرد کەرکوک بخاتە سەر قەڵەمڕەوی حکوومەتەکەی. مەلیکی کوردستان لە مانگی دیسامبەری 1922 دوو کەرکوکیزادەی وەک یاریدەدەری خۆی دامەزراند تاکوو بەوە بیسەلمێنێت کەرکوک بە بەشێک لە حکوومەتەکەی دەزانێت، لە کۆتایی هەمان ساڵیشدا “رۆژی کوردستان” هەواڵی سەردانی سەرۆک عەشیرەتەکانی کەرکوکی بۆ سلێمانی بڵاوکردەوە!!. نوێنەرانی تری بزافی نەتەوەیی کوردستان لە پێش هەر هەموویانەوە (مستەفا بارزانی) بەردەوام داکۆکیان لە کوردستانییەتی کەرکوک کردووە و فایلی کەرکوکیان وەک میحوەریترین فایل بردووەتە سەر مێزی دانوستان. مستەفا بارزانی بە دیاریکراویی لە ماوەی چواردە ساڵی شۆڕشی ئەیلوولدا بە شێلگیریی داکۆکیی لە کەرکوک وەک (دڵی کوردستان) کرد و زۆربەی هەرە زۆری ئاگربڕ و مفەوەزاتەکانیش بەهۆی سووربوونی بارزانی لەسەر کوردستانییەتی کەرکوک ساردیی تێدەکەوت و رووی لە شکست دەکرد. ئێمە لە زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکان و خوێندنەوەی بیوگرافیی کەسایەتییە سیاسییەکاندا پێداگریی بارزانی لەسەر کەرکوک وەک فاکتێکی دیرۆکیی دەدۆزینەوە.
(لە راستیدا رێبەرانی بەعس ئامادەبوون هەرێمێک بۆ کوردان دیاری بکەن وەک چۆن ئینگلیزەکان لە ساڵەکانی 1919 و 1924 ئەمەیان لەگەڵ شێخ مەحموددا کردبوو، ئەوانیش لارییان لەوە نەبوو شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆکیان بدەنێ، گیروگرفتی کارەکە کەرکوک بوو. لە هەوەڵی ئازاری 1970دا چ کارێک سەری نەگرتبوو، بە گوتەی د.مەحمود عوسمان رێبەرانی بەعس لە هەوڵی ئەوەدا بوون ناوچە کوردنشینەکانی کەرکوک و هەموو ناوچە نەوتییەکانی دی لە کوردستان دابڕن). بەعس ماوەی چوار ساڵی ئاگربڕ و گفتوگۆ 1970– 1974یاری بە کات دەکرد لەمەڕ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و دەستی دەستی بە داوای سەرکردایەتی ئەوکاتی کورد دەکرد لەمەڕ کەرکوک، لە بەرامبەردا ژنەراڵ بارزانی مکوڕبوونی خۆی و شۆڕشی نیشان دەدا دەربارەی کەرکوک و هەندێ ناوچەی تر کە لە رۆژەڤی بەعسدا بوون بۆ تەعریب!، چون نابێت لە بیری بکەین بەعس لە پرۆسەی تەعریبدا تەنێ رەوشی کەرکوکی تێکنەداوە بەڵکو کاری لەسەر زۆر ناوچەی تری کوردنشین کردووە هەر لە دەورووبەری هەولێرەوە تا دیالە و موسڵ و تکریت. تەنانەت یەکێک لەو پاڵنەرانەی بووە هۆی هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لەنێوان هەردوو لایەنی کوردیی– عێراقی لە ساڵی 1974دا، مکوڕبوونی بارزانی و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بوو لەمەڕ کەرکوک. بەو پێیەی بەعس هیچ کات ئامادە نەبوو، دان بنێت بە کوردستانیبوونی کەرکوک و ناوچە نەوتاوییەکانی تردا، فاکتۆرەکەش زیاتر ئابووری بوو، چوونکە بەعس چاوی لە سەرکردایەتیکردنی ئومەی عەرەبی ئەمەش بێ ئابوورییەکی بەهێز مومکین نەبوو.
(کریس کۆچێرا) دەنووسێت: رۆژی 9-3-1974 (غانم عەبدولجەلیل) ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمایەتی عێراق و بەرپرسی کاروباری کوردستان دێتە لای (ئیدریس بارزانی) و دەڵێت: لە 11-3 بە دواوە پانزە رۆژتان هەیە تا پێشنیارەکانتان لەمەڕ دیاریکردنی سنووری ناوچەی ئۆتۆنۆمی بخەنە روو، دەربارەی کەرکوک دەبێ یەکێک لەم دوو پێشنیارە هەڵبژێرن: یان ناوچەی کەرکوک لەلایەن دامودەزگایەکی هاوبەشەوە بەڕێوە ببرێت و لە سایەی حوکم و سەرپەرشتیی دەوڵەتی مەرکەزیدا بێت یان پارێزگای کەرکوک دابەشبکرێت و دوو قەزای بخرێتە سەر ناوچەی ئۆتۆنۆمی و ئەوی دیکەشی بۆ دەوڵەتی ناوەندیی بێت!!. (ئیدریس بارزانی) باسی سەرژمێریی دەکات، (غانم) دەڵێت: هەرگیز دەگەڵ ئەنگۆدا سەرژمێریی ئەنجام نادرێت!، کاتێک (ئیدریس بارزانی) بیری دەخاتەوە سەرژمێریی بە یاسا بڕیاری لەسەر دراوە، (غانم) دەڵێ: بەڵام لەگەڵ ئێوەدا نا! (ئیدریس بارزانی) بڕیار نادات بۆ ئەو مەبەستە دەگەڕێتەوە بۆ لای (مستەفا بارزانی) بە پێچەوانەی پێشنیارەکەی (غانم)ەوە بارزانی دەڵێت: کەرکوک بۆ ئێمە و دوو قەزا بۆ دەوڵەتی ناوەندیی. دوای یەک رۆژ (غانم) کاتژمێر 10 شەوی 10-3 بە تەلەفۆن بە (دارا تۆفیق) دەڵێت: داواکارییەکانتان بە ورد و درشتەوە رەفز کراون، ئیدی رۆژی 11-3 (دارا تۆفیق) بە ئۆتۆمبیل لە بەغدادەوە دەگەڕێتەوە، بەمجۆرە پەیوەندیی نێوان کورد و عێراق دەپچڕێ و شەڕ هەڵدەگیرسێتەوە. ماوەی ساڵێک شەڕ بەردەوام بوو، کە دەتوانین بە شەڕی کەرکوک ناوزەدی بکەین، سەرەنجام شۆڕشی کورد بە رێکەوتنی سەدام و حەمەرەزا شا لە پەڕاوێزی کۆنگرەی ئۆپیک لەسەر دەستی (هەواری بۆمەدیەن)ی سەرۆکی ئەوسای جەزائیر و پشتێکردنی ئەمەریکا و کسینگەر تووشی هەرەس هات و بووە قوربانی کەرکوک.

ون بوون لەنێوان هەردوو ژمارەی (58) و (140)دا

لەگەڵ داڕوخانی بەعس (2003) سەرکردەکانی کورد روویان لە بەغداد کرد وەک پایتەختی چارەسەر، کەچی لەولاوە کەرکوک لە نێو پشێویی و فەوزایەکی گەورەدا گیری خواردبوو، زۆربەی چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە دەبوایە سەرکردایەتی کورد روویان لە کەرکوک بکردبایە وەک بەڵگەی سەلماندنی کوردستانییەتی شارەکە و شاری گفتوگۆ، بە پێچەوانەوە سەرکردەکانی کورد چارەنووسی شارەکەیان بەستەوە بە ماددەی (58)ی قانوونی ئیدارەی کاتیی و پاشان لەحیمیان کرد بە ماددەی 140 دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە، بەڵام وەک هەمیشە سەرکردەکانی عەرەب گەمەی ناشەریفانە دەکەن و لە هەوڵی کات کوشتندان، بە درێژایی تەمەنی سێ کابینەی (عەلاوی– جەعفەری– مالکی) هیچ هەنگاوێک لە دوو ماددەی قانوونی و دەستووریی نەچووەتە پێشەوە، خەریکە کەرکوک لە نێوان هەردوو ژمارەی (58) و (140)دا ون دەبێت، چون عەرەبی عێراق بە شیعە و سووننەوە، بە توندئاژۆ و میانڕەوەوە کۆکن لە دەستی دەستی کردن بە چارەنووسی کەرکوک، هەرچەند لەلایەک رایدەگەیەنن پابەندی دەستووری عێراق و قانوونن، لەلاکەی ترەوە بە کردار کۆسپ و تەگەرە دەخەنە بەردەم جیبَەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور بە تایبەتی ئەوانەی لەبەرژەوەندیی کوردن، بۆ وێنە (ماددەی 140)!!. کوردیش خۆی هیچ گووشارێکی نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییە، کە بڕوام وایە لە سترۆکتۆرەوە بردنی کەرکوک بۆ نێو گێژاوی دەستووری عێراقی هەڵە هەرە کوشندەکەی کورد بوو.

ئەیاد جەمالەددین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی (العراقیە) رایدەگەیەنێ: سەبارەت بە کێشەی کەرکوک ئێمە باوەڕمان بە چەسپاندنی دەستووری عێراق هەیە کە دەستوورێکە پەسەند کراوە، بەڵام جارێ کۆمەڵێک را و بۆچوونی جیاواز و کێشە هەیە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. دەربارەی ئەوەی کات تێپەڕیوە (جەمالەددین) وتی (کات بەسەر هەمووماندا تێپەڕ دەبێت و ناوەستێت!!). (جەمالەددین)ی بەحیساب میانڕەو و دۆست و مەعشووقی سەرکردایەتی سیاسیی کورد، وەک ئەوەی لە مزگەوتێکدا دانیشتبێت و وەعز بدات بە مورید و فەقێکانی دەپەیڤێت و هیچ هەڵوێستێکی روون و مەلموس راناگەیەنێ، ئەمەش لۆژیکی کۆی سەرکردە عەرەبەکانی عێراقە لەمەڕ پرسی کەرکوک و کورد. بۆیەکا هەموو رۆژێک لە رێگەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە کۆسپ و تەگەرە دروست دەکرێت لە راستای جێبەجێکردنی ماددەی140. (قادر عەزیز) نوێنەری سەرۆکی هەرێم لە لیژنەی جێەجێکردنی ماددەی 140 پێش ساڵێک رایگەیاند (لە بەغدادەوە بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی دواخستنی جێبەجێکردنی ئەو ماددەیەن تاکوو ئێستا کاتێکی زۆر رۆیشتووە و هیچ نەکراوە، ئێستا ماوەیەکی کەممان لە بەردەستدا ماوە بۆیە دەبێ چیتر کات بەفیڕۆ نەدەین). بە هەمان شێوە (نەرمین عوسمان) سەرۆکی لیژنەی دارایی ماددەی 140 و وەزیری ژینگەی عێراق ساڵی رابردوو یەکێک لەو کێشانە دەخاتە روو کە رێگرە لە راستای ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکوک و دەڵێت: دەستەی کێشەی موڵکداریی کە ماوەی سێ ساڵە 10 دە هەزار کێشەی لەبەردەستە و کاری لەسەر دەکات تا ئێستا 800 کێشەی جێبەجێ کردووە بۆیە ئەگەر چاوەڕێی ئەم دەستەیە بین بە 10 ساڵی دیکەش ئەم مەسەلەیە تەواو نابێت.
هاوزەمان پارێزگاری کەرکوک رایگەیاندبوو ئەم دەستەیە کارەکانیان سستی زۆری تێدایە و ناتوانێت بە گوێرەی پێویست بێت و لەو رووەوە نیگەرانیی خۆی نیشاندا بێ ئەوەی مەسیجەکەی بگاتە گوێی سەرکردایەتی کورد، بە تایبەت (نەرمین عوسمان) لە هەمبەر ئەم پرسانە داوای بڕیارێکی سیاسیی کردبوو. یەکێک لەو کێشە و گرفتانەی تر لەو ماوانەدا بۆ ماددەی 140 دروستکرا لابردنی سەرۆکی لیژنەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بوو کە بۆ ماوەی پێنج مانگ لیژنەکە بەبێ سەرۆک مایەوە!!، ئەمەش کاری کردە سەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەنگاوەکان و قۆناغەکانی ئەو ماددەیە. لە مانگی تەمموزی 2007 سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لە لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە گۆواری (بزاو)ی راگەیاند (زیاتر لە دوو مانگە هاشم شبلی سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەستی لە کار کێشاوەتەوە و هۆکاری دەست لە کارکێشانەوەکەشی بۆ ئەو تۆمەتانەی نوری مالیکی دەگەڕێتەوە گوایە شبلی بەرتیلی لە کورد وەرگرتووە و بۆ بەرژەوەندیی کورد کاری کردووە). سەرچاوەکە ئاماژە دەکات بەوەی (قادر عەزیز) پێشنیاری دانانی سەرۆکێکی نوێی کردووە بۆ ئەو ماددە دەستوورییە، بەڵام مالیکی ئاستەنگ دروست دەکات. ئەوەی لەم نێوەندەدا تراژیدیای خولقاندووە دەستبەردار نەبوونی سەرکردایەتی کوردە لە بەغداد، کارەساتەکە چەند بەرابەر گەورە و قەبەتر دەبێتەوە کاتێک دەبینین بەرژەوەندیی ئابووری و پشکداریی لە بودجەی عێراقدا سەرکردایەتی کوردی بردۆتە خەوێکی قووڵەوە لە بارەی دواڕۆژی سیاسیی کەرکوک.

وەلێ (محەمەدی مەلا قادر) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایدەگەیەنێ (نیەت بەرامبەر ماددەی 140 خراپە، نیەتی مالیکی خراپ نییە، بەڵام نیەتی چوار دەوری مالیکی هەتا ئەندامانی لیستی ئیئتلاف خراپە و دژن)!!. کەچی رووداوەکان پێچەوانەی ئەو دەربڕینەی نیشانداین لەبەرئەوەی مالیکی بە کۆسپ دروستکردن و سستی و کەمتەرخەمیی دژایەتی خۆی بۆ ماددەکە ئیسپات کرد. بەدەر لەوە هەندێک لە نەیارە نوێیەکانی ماددەی 140 هەوڵدەدەن گۆڕان لە دەستوورەکەدا دروست بکەن، وەک (ئازاد جندیانی) ئاماژەی بۆ کردووە (ناحەزانی ماددەی 140 بە روونی لەوە حاڵین کە ناکرێ دەستوور پشتگوێ بخرێت، بۆیە زۆربەی جار گومان دەخەنە سەر دەستوور بە بیانووی ئەوەی گوایە لەهەلومەرجێکی ناجێگیردا نوسراوە و پەسەندکراوە بۆیە دەکرێت لە هەندێکی پاشگەز ببینەوە). کورد وتەنی ئەم “با”یە لەو کونەوە بێت ئەمڕۆش نەبێت سبەی شتێکی زۆر خراپ هەر دەقەومێت، قەومانەکەش لەنێوان دوو ئەگەردایە یان لۆجیکی هێز زاڵ دەکرێت بەسەر هێزی لۆجیکدا کە یاسا و دەستوورە، یان ئەو دەستوورە لە قۆناغەکانی دادێ بە زۆرینەیەکی عەرەبیی و شیعیی لە پەرلەمانی عێراقدا دێتە گۆڕین، لانیکەم عەرەبەکان هەوڵدەدەن لۆبی بکەن بۆ گۆڕینی ئەو بەندانەی دەستوور کە لە بەرژەوەندیی کورددان.
جیا لەوەش کە حکوومەتی عێراق کلکی ئێرانە و حکوومەتێکی سەربەخۆ نییە، تورکیا لە رێگەی بەکارهێنانی کارتی تورکمانەوە رۆڵی هەیە لە تەگەرە خستنە بەردەم ماددەی 140، لە ناوخۆی کەرکوکیش جگە لە کورد کۆی گشتیی پێکهاتەکانی ئەو شارە دژی ئەو ماددەیەن. د.مەحمود عوسمان ئەم رایە پشتڕاست دەکاتەوە و دەبێژێت: لەناو شاری کەرکوک کۆمەڵە بەعسییەک و ئەو تورکمانانەی لەگەڵ تورکیادان تا راددەیەک دەور دەبینن و داوا دەکەن هەر ریفراندۆم نەکرێت، بێگومان ئاستەنگێکی زۆر هەیە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە. بەشێوەیەکی گشتیی چارەنووسی کەرکوک لە گێژاوی ماددەی 140 و کۆسپ و تەگەرەکانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتەکانی ناوچەیی ون بووە و کوردیش لەو نێوەندەدا نەک یاریزانێکی چەلەنگ و لێهاتوو نییە بەڵکو تەماشاکارێکی باشیش نییە.

ئەدای سەرکردایەتی سیاسیی کورد

هەڵوێستی سەرکردایەتی سیاسیی کورد لەمەڕ کەرکوک هەڵوێستێکی جێگیر نییە و زێدەتر وابەستەی جۆری پەیوەندیی کوردە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی، بەڵام ئەدای کورد لە کەرکوک خراپترین شێوە مامەڵە بووە. محەمەد فەرەج ئەندامی پەرلەمان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی پێیوایە (ئەگەر سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان بە تەسەڕوفاتێکی عادیلانە و حەکیمانە مامەڵەیان بکردبایە هەر ئەو کاتە ماددەی 58 جێبەجێ دەکرا). هەردوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستان لە کەرکوک زیاد لە هەر کارێکی تر بە حزبایەتی تەسکەوە خەریکن، غەمی حزب پێش غەمی نەتەوە و چارەنووسی کەرکوک کەوتووە، ئەم حاڵەتە یارمەتی چاکی هەندێ تورکمانی شۆڤێنی و عەرەبی هاوردە و گروپی تیرۆریستی داوە جێگە پێ لە کەرکوک قایم بکەن و زیان بگەیەنن بە رەوتی پێشڤەچوونی ماددەی 140ی دەستووری عێراقی. عوسمان بانیمارانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی سەوز، دەربارەی ماددەی 140 و دواکەوتنی ریفراندۆمی کەرکوک دەڵێت (بە پلەی یەکەم بۆ سەرکردایەتی سیاسیی کورد و دووەم ململانێی یەکێتی و پارتی لە ناو کەرکوک دەگەڕێتەوە، ئەوان شەرمیان شکاوە بەرامبەر بە دوژمنەکانمان لە کەرکوک). ململانێی توندی حزبی و دەستەگەریی لە هەر شارێکی تری کوردستان بێت زۆر ئاساییە، بەڵام لە کەرکوک بێ سنوور سامناکە، ئەگەر ئێستا دەرئەنجامەکانی بریتی بێت لە دواخستنی ماددەی سەد و چلی دەستووری عێراق، هیچ دوور نییە لە ئایندەیەکی نزیکدا ببێتە هۆکاری لە دەستچوون یان کارەساتی گەورەتر لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی تری کوردستان.

سەرقاڵییەکانی سەرکردایەتی سیاسیی کورد بە بەغدادەوە دیسان زیانێکی زۆری داوە لە دۆزی کەرکوک، چون وا پێویست بوو سەرکردەکانی کورد بارەگا سەرەکییەکان و مێزی گفتوگۆیان لە شاری کەرکوک بوایە، ئەم پرسە نەک کورد بگرە لایەنەکانی تری ناکوردیش دەرکی دەکەن و دەیبینن. بە بڕوای بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی ئیسلامی عێراق، کورد کەمتەرخەمە لە پارێزگای کەرکوکدا و لەو بارەوە رایدەگەیەنێ (هەموو حزبەکان بە حزبە کوردییەکانیشەوە هەر خەریکی بەغدادن، ئەگەر ئەو حزبە کوردییانە سەیری ئایندەی کەرکوکیان بکردایە و ئەو هەڵانەیان نەکردبا ئێستا رۆڵێکی تریان دەبوو). لەوانەیە لاوازیی پێگەی کورد لەوەدا بووبێت نەیتوانیوە گووشارێک بە قەبارە و چەشنی گووشار بۆ گۆڕینی جەعفەری یان وەرگرتنی رێژەی زیاتری داهات لە بودجەی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 دروست بکات، نووکە نازانرێت نەگرتنەبەری ئەو رێگە و جۆرە گووشارە نائاگایی لە پشتەوەیە یان کەمتەرخەمیی؟!، بەڵام دیمەنی زاڵ و رەوتی رووداوەکان زیاتر لەو رایە نێزیکمان دەکەنەوە کەمتەرخەمیی لە پشتەوە بێت. هەر کەمتەرخەمییەکیش لە پرسە گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازە نیشتمانییەکاندا بە هەڵە دانانرێت، بەڵکو فۆرمێکە لە خیانەتی نیشتمانیی.
(قادر عەزیز) لە سەروتاری ژمارە (737)ی رۆژنامەی (ئاڵای ئازادی)دا دەنووسێت (دیارە جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا هەر لە سەرەتاوە شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، چوونکە نە حکوومەتی بەغدا لە جێبەجێکردنی ماددەکە جیددی بوو، نە لایەنی کوردیش لەبەرامبەردا توانی بەغداد ناچار بە جێبەجێکردنی ماددەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکات). باوەڕ دەکەم گرنگترین کەمتەرخەمی سەرکردایەتی کورد شەرمنی و سازش بووە پاشان سستی لە هاندانی ئاوارە کوردەکان بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک و هەوڵنەدان بۆ ناچارکردنی عەرەبی هاوردە تا بچنەوە جێگاکانی پێشوویان، چوونکە کارێکی لەو بابەتە بە دوو رێگە مەیسەر دەبێت، یەکەمیان بڕیار و ئیرادە، ئەویتریان قەرەبوو و هاوکاریی و دەستگیرۆیکردنی دارایی و لۆجیستی. (قادر عەزیز) چواردە مانگ بەر لەم چرکەساتە رایگەیاند: ئەگەر ئەمڕۆ پارە هەبێت بەیانی دەتوانین عەرەبە هاوردەکان بگەڕێنینەوە شوێنی خۆیان. (مەلا بەختیار)یش ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی (ی.ن.ک) بڕی پارەکە بۆ ئەو کارە دەستنیشان دەکات و دەڵێت (کەرکوک بە 100 ملیۆن دۆلار ئاسایی دەبێتەوە، ئیتر لەسەر چی وەستاوین؟). پرسیارەکە ئەوەیە شارێکی بایەخدار و مێژوویی و پڕ داهاتی وەک کەرکوک نرخی سەد ملیۆن دۆلاری نییە لای سەرکردایەتی کورد؟ یان سەرکردایەتی کورد کۆمەڵێک بازرگانی بەپەلەن و چاویان لە قازانجی خێرا و بێ دەستمایەیە وەک ئەوەی لە بەشی کوردستان لە بودجەی عێراق وەچنگیان دەکەوێت؟. ئەمە ئەو پرسیارەیە خەریکە دەبێتە پرسیارێکی ماقووڵ و جیددی.

بەداخەوە داراییەکی زۆر لە کڕینەوەی لایەنگرانی یەکتر لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بەفیڕۆ دەبرێت و کەرکوک سەنتێکی تێدا خەرج ناکرێت، لە شارەکانی تری کوردستانیش زیاتر لەو بڕەی (مەلا بەختیار) دەستنیشانی کردووە لە گەندەڵیدا ون دەبێ یان دەدرێت بە دیوەخان و تەکیە و هەندێک مشەخۆری راهاتوو لەسەر تەوەزەلی و لەحاست کەرکوکیش دەستەکانیان نوقاندووە و چاوەڕێی داگیرکەران خۆیان دەکەن پێشکەشیانی بکاتەوە!!. چەندان جار نوێنەرانی عەرەبە هاوردەکان لە رێی میدیاکان و سەردانەکانی کوردستاندا رایانگەیاند: ئامادەی گەڕانەوەن بە مەرجی قەرەبووکردنەوەیان، چوونکە بەبێ قەرەبووکردنەوە هیچ هۆکارێکی ماقوڵ لە ئارادا نییە بۆ جێهێشتنی جێگە و رێگەیان لە کەرکوک یان بۆ بە زۆر ناردنەوەیان بۆ ناوەڕاست و باشوور.
(حوزەیر حەسەن ئەلحەمەدانی) رێکخەری گشتیی لە لیژنەی لێکگەیشتن و چارەسەری نیشتمانی، پاش دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان بە (ئەی. ئێف. پی) راگەیاند (ژمارەی ئەو خێزانانەی ئارەزوویان لە جێهێشتنی کەرکوک هەیە دەگاتە 12500 خێزان واتە 80 هەزار کەس، بەڵام هەڵوێستمان هەیە لە بارەی بڕیاری حکوومەتەکەی نوری مالیکی). مەبەست لە بڕیارەکەی حکوومەتی مالیکی دابەزاندنی رێژەی پارەی قەرەبووە لە20 ملیۆن دینارەوە بۆ 10 ملیۆن دینار. سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان نەک هەر نەیتوانی لەسەر بودجەی هەرێم هاوکاریی و قەرەبووی عەرەبی هاوردە بکاتەوە یان ئەو بڕەی مالیکی کەمی کردووەتەوە پڕی بکاتەوە، نەشیتوانی گوشار بخاتە سەر کابینەکەی مالیکی تا بەرنامەی قەرەبووی عەرەبی هاوردە و کوردی دەرکراو وەک خۆی لێبکاتەوە لە قازانجی رێچکەی یاسایی و ئاسایی جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکە، ئەم غەمساردییە بە تەنیا لەسەر عەرەبی هاوردە کاریگەریی نەبووە بەڵکو رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر کۆی کوردە ئاوارەکانی کەرکوک هەبووە کە هەنووکە لە شارەکانی تری کوردستان دەژین و نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدەکەیان تا بێ ئومێدبن لە گەڕانەوەیان بۆ کەرکوک و لەو بارەوە کەمتەرخەمیی بنوێنن. لە باری واقیعیشەوە کوردی کەرکوک چۆن دەتوانێت بێ تەمویلی دارایی و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کەلاوە؟.

(د.رائید فەهمی) سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە نیگەرانییەوە رایگەیاند (نزیکەی 20 هەزار فۆرممان بەسەر عەرەبە هاوردەکاندا دابەشکردووە و 10 هەزار فۆرممان بەدەست گەیشتووەتەوە، ژمارەی ئەو خێزانانەی تاکوو ئێستا شارەکەیان جێهێشتووە گەیشتووەتە 2 هەزار خێزان، هەروەها 75 هەزار فۆرمیشمان بەسەر کۆچپێکراواندا دابەشکردووە و 45 هەزار فۆرممان بەدەست گەیشتووەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەندێک لە خێزانە کوردە دەرکراوەکانیش نایانەوێت بۆ شارەکە بگەڕێنەوە!!). مەسەلەکە ئەوە نییە کوردە دەرکراوەکان نایانەوێ بۆ شارەکەیان بگەڕێنەوە، فاکتۆرە راستەقینەکە ئەوەیە کوردی کەرکوکی چۆن بگەڕێتەوە بۆ شارەکەی کە لەوێدا هەر ئاوارە بێت و هەر بە پیتاکی رێکخراوە خێرخوازییەکان بژی و لەنێو خانووی قوڕ و چینکۆ و تەنەکەدا ژین بباتە سەر؟!! کوردی دەرکراو هیچ پاڵپشتێکی ماددیی و مەعنەویی نییە لە شارەکەیدا، کەوابوو دروستە بوترێت کەمتەرخەمی و پشتێکردنی سەرکردایەتی کورد ئەو بڕیارەی پێداوە. سەرباری هەموو ئەمانە سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە بەرامبەر سستی و دەستخەڕۆکردن و دەستی دەستی پێکردنی عەرەبی عێراقدا هیچ کاردانەوەیەکی شایانی باسیان نەبووە تا کاربەدەستانی بەغداد ناچاربن بۆ دانوستان بێنە هەولێر، بە پێچەوانەوە سەرکردەکانی کورد بە هۆ و بێ هۆ لە کۆشکەکانی گرین زۆن بە داماویی ئامادەبوون.

محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان وتی: لەکۆبوونەوەیەکدا باس لەوە کرا کورد قبوڵ ناکات ماددەی 140 دوا بخرێت!!، منیش وتم باشە قبوڵ ناکات دەبێت کورد بۆ سێ چوار ئەگەر ئامادە بکات، یەکەم: ئایا خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بە زۆر پێشمەرگە ببات و دەست بەسەر شاری کەرکوکدا بگرێت؟. دووەم: کورد لە بەغداد پاشەکشە بکات بە سەرۆک کۆمار و پۆستەکانی ترەوە و بڵێت تا ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێت ناگەڕێمەوە بەغداد. سێیەم: ئەوەیە بتوانێت خۆی رابگرێت بەرامبەر ئەو شەپۆلە دژایەتیکردنەی وڵاتانی ناوچەکە و عێراق و نێودەوڵەتی. دەربارەی ئەگەرە پێشنیارکراوەکەی (کاکە حەمە)، کورد لە سەرەتای پرۆسەی ئازادیدا پێشمەرگەی برد بۆ کەرکوک لە جیاتی جێگە قایمکردن کەوتنە تاڵانی و را و و رووت، دواتریش بە چاو سوورکردنەوەیەکی عەرەبی عێراقی و ئۆکەی مستەر بریمەر لە چاوتروکاندنێکدا شارەکەیان چۆڵکرد!. بۆ ئەگەری دووەم سەرکردەکانی کورد لە بری بایکۆتی بەغداد بایکۆتی کوردستانیان کردووە و هەندێکیان لە پۆستە عێراقییەکانیاندا لە یادیان چووە کوردن و بە دەنگی کورد لەو جێگایانەدان، تەنانەت لەو بڕوایەدام تورکمانێک بە دەنگی کورد ببە جێگەکەی جەلال تاڵەبانی لەو باشتر کار بۆ کورد و دۆزی کەرکوک دەکات. بە کورتی مافی ئەوەمان هەیە لەپێش هەر کەسێکەوە سەرکردایەتی کوردستان بە کەمتەرخەم و تاوانبار بزانین لە راستای جێبەجێنەکردنی ماددەی 140. بە دیتنی خۆم پێویست بوو کورد ملکەچ نەکات بۆ ئەوەی چارەنووسی شارێکی کوردستانی وەکوو کەرکوک و خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی موسڵ و دەشتی نەینەوا بخاتە نێو گیروگازی ماددە مەتاتییەکانی دەستووری نوێی عێراقەوە، چوونکە ناکرێت بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی خۆت بخەیتە قوماری دەستوورێکەوە کە هەر کاتێک باڵانسی هێز گۆڕا پێش هەر کارێک عەرەبەکان بەندەکانی ئەو دەستوورە لە دژی کورد پێشێل بکەن.

ئەگەری دواخستنی ماددەی 140

نهۆ گەیشتووینەتە دوا ساتەکانی ساڵی 2007 بەبێ ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، هیچ بیانوویەکی دڵنیاکەر بوونی نییە لە دواخستنی ئەو ماددە دەستوورییە تەنیا مەعمەعەی عەرەبی عێراقی نەبێت، چوونکە عەرەبەکان بە هەر بەها و نرخێک بووە گەرەکیانە ئەو ماددەیە دوا بخرێت بەبێ رێزگرتن لە بۆچوونی زۆرینەی دانیشتوانی عێراق. (ستیڤ تاتایی) بڕوای وایە (دواخستنی جێبەجێکردنی ماددەی 140 رێز نەگرتنە لە داواکاریی %80 دەنگدەرانی عێراقی کە دەنگیان بەم ماددەیە داوە). کات رووی لە تەواوبوونە و لایەنەکانی نێو عێراق (جگە لە کورد) هەموو هەر داوای دواخستنی ئەم ماددەیە دەکەن، پەرلەمانی عێراقی بە زۆرینەی دەنگ دژی جێبەجێکردنی ئەو ماددە قانوونیی و دەستوورییەن، بە گوتەی (د.فوئاد مەعسوم)ی سەرۆکی فراکسیۆنی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی ئەوان وەک لیستی هاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی ناو پەرلەمانی عێراقە، ژبەرئەوەی لەو لایەنانە دەڵێن (ناتوانرێت ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت لەو ماوەیەدا و پێویستە دوا بخرێت). پرسیارە عەقڵانییەکە لێرەدا ئەوەیە دوا بخرێت بۆ کەنگێ؟ بێگوومان هەوڵی عەرەبەکان مواتەڵەکردنە تا ئەو کاتەی بەغداد بەهێز دەبێتەوە، لەو کاتەشدا داوای جێبەجێکردنی ئەو بەندە دەستوورییە بە ئاگر و ئاسن وەڵام دەدرێتەوە.
ئەم هەڵوێستە لای پێکهاتە عەرەبییەکانی عێراق نەک تازە نییە بەڵکو تەمەنی هێندەی تەمەنی ماددەکەیە، چەندان جار و لە چەندان بۆنەشدا ئەندامانی پەرلەمان و چاودێرانی کورد لەمەڕ ئەو ماددەیە و هەڵوێستی عەرەبەکان هۆشدارییان داوە بە سەرکردایەتی کورد کە دەوڵەتی ناوەندیی کات دەکوژێت و هەنگاوەکان ئیفلیج و پەکدەخات. (نەرمین عوسمان) پێشتر رایگەیاند کاربەدەستانی عێراقی کۆسپ بۆ ماددەکە دروست دەکەن و دژایەتی هەنگاوە عەمەلییەکان دەکەن. لە دوایین لێدوانیشیدا رایگەیاند (بەشێک لە پێکهاتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق دژایەتی جێبەجێکردنی ماددەکە دەکەن و دەڵێن کاتی نییە). بێگومان ئەو وەختەی دەڵێن کاتی نییە هیچ زەمەنێکی تریان چ لە مەودای نزیک یان دوور دیاری نەکردووە وەک کاتی راستەقینەی جێبەجێبوونی ئەو ماددەیە. رژێمەکانی پێشان هەمیشە پاساوی نەشیاویی هەلومەرجی زاتی و بابەتیان دەهێنایە گۆڕێ دەرهەق بە مافەکانی کورد و چارەنووسی کەرکوک، وا دیسانەوە هەمان قەوانی کۆن لێدەدەنەوە چوونکە لای عەرەب هیچ کات ئان و ساتی مافی کورد نییە. ئەم هەڵوێستانەی عەرەبەکانی عێراق بە زەقی لەگەڵ هاتنی ساڵی 2007دا خەست و تۆختر بووەوە، تەنانەت دۆستەکانی کورد لە ئۆپۆزیسیۆنی پێشانی تازە حاکمان لە ماددەکە کەوتوونەتە تەقە و هەڵوێستی رەق و پێچەوانەیان وەرگرتووە، وادە و هاوپەیمانێتییەکانیان لەگەڵ کورد تەبەخوری کرد و بوو بە هەڵم.
(قاسم داود) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئایاری رابردوودا رایگەیاند: لیستەکانی تەوافق و عێراقیە داوای چاوپێداخشاندنەوە بە ماددەی 140ی دەستوور دەکەن، چوونکە پێیانوایە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە. لە بەرامبەردا (فریاد رەواندزی) ئەندامی لیستی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاندووە: لیژنەی هەموارکردنی دەستوور سەبارەت بە کێشەی کەرکوک و ماددەی 140 دوو پێشنیاری خستووەتە بەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان: یەکەمیان داوای کردووە ماوەی ئاساییکردنەوەی ناوچە دابڕاوەکان بە هەر سێ قۆناغەکەیەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2008 دوا بخرێت لە بری کۆتایی ساڵی 2007، سەبارەت بە پێشنیاری دووەم داوا کراوە پارێزگای کەرکوک بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ. ئاشکرا نییە لەنێوان هەردوو ئەڵتەرناتیڤی لیژنەی هەموارکردنی دەستووردا کورد کامیانی سەرپشک کردووە، بێگوومانیش هەر کامیانی هەڵبژاردبێت خیانەتێکە لە دۆزی کەرکوک و هەوڵێکیشە بۆ نابووتکردنی دەستوور و سەروەریی یاسا.
سەرنجەکە لەوێدایە بە بەرینی هەموو ئەم ماوەیە سەرکردایەتی کورد گەشبینی خۆی نیشاندەدا گوایە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ماددەکە جێبەجێدەکرێت چون هەموو شتیک رێچکەی خۆی وەرگرتووە، ئەم هەڵوێستە یان ساویلکەیی سیاسیی دەردەخات یان بەڵگەی سیاسەتێکی چەواشەکارانە و درۆزنانەیە. چون هاوزەمانی گەشبینی کورد لە ناوخۆی کەرکوک لایەنەکانی و بەرەی تورکمانی بە ئاشکرا رێگرییان دروست دەکرد لەبەردەم بەڕێوەچوونی کارەکانی ماددەکە و لە بەغداد و ئەنقەرە و تارانیش پلانی جەهەنمی دژی 140 رێچکەی دەبەست لە بەرامبەردا لایەنی کوردیی زیاتر سەرقاڵی شەڕە پەڕۆ و زەرد و سەوزکردنی شەقام و شوێنە گشتییەکانی کەرکوک بوون. رۆژی 30-7-2007 کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی سەرژمێرییکردن لە شاری کەرکوک، رۆژنامەی (زەمان)ی تورکی لە زاری (ئەحمەد مورادلی) نوێنەری بەرەی تورکمانی لە شاری ئەنقەرەوە بڵاوی کردەوە (قۆناغی ئاساییکردنەوە تەواو بوو، سەرژمێریی ئەنجام نادرێت، تورکمان و عەرەبەکان و بەشێک لە کوردەکانیش رێگە نادەن ریفراندۆم ئەنجام بدرێ). لێدوانەکە شایانی وردبوونەوەیە چوونکە لێرەدا هێمایەکی مەترسیدارتر دەرکەوتووە کە بەشێک لە کوردەکان لەگەڵ خواستی جێبەجێکردنی هەر سێ قۆناغەکانی ماددەی 140 نین!! ئەو بەشە لە کورد کێن و ئارگۆمێنتیان چییە؟ جارێ کەس خۆی ناکاتە خاوەنی ئەو ئاڕاستە دژە، دەشێ بە تێپەڕینی کات و لە دوور مەودادا ئەو بەشە بە ئارگۆمێنتێکی خیانەتکارانەوە روونتر دەربکەون!.
لە بەرامبەردا تەلەفزیۆنە کوردییەکان وێنا و لێدوانی هەندێک تورکمانی بێ نفوز و شێخی عەشیرەتە عەرەبییەکانیان بڵاو دەکردەوە کە هاوسۆزییان بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە دەردەبڕی بەبێ ئەوەی بە هەندی وەربگرن تاکوو چەند ئەم قسانە لە بواری کرداریدا رەنگ دەدەنەوە و دەتوانن مەجرای خۆیان وەربگرن لە بەرژەوەندیی ماددەی 140؟. (عەلی مەهدی) نوێنەری بەرەی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە ئاشکرا رایگەیاند (ئێمە هەر لە سەرەتاوە بڕوامان بەو ماددەیە نەبووە و پێمانوابووە کەرکوک شاری هەمووانە نەک تەنیا هی کورد، بۆیە ئەوەی کە ئەوانیش داوای دەکەن خەونێکی بەتاڵە). لە باری واقیعیشەوە تورکمان و عەرەبەکان توانیان لە ئاستێکی فراواندا پێشڤەچوونی ماددەکە سست و لاواز بکەن و حکوومەتی عێراقیش لەو رووەوە درێغی نەکردووە لە هاوکاریی کردنیان، تەنانەت توانییان قەناعەت بە لایەنەکانی دەرەوە و رێکخراوە جیهانییەکان بکەن تا پرۆسەی راپرسی بۆ کاتێکی نادیار و دوور دوا بخرێت. لەو میانەیەدا لە مانگی نیسانی رابردوودا گروپی تەنگژە نێودەوڵەتییەکان کە بارەگەکەی لە (برۆکسل)ە راپۆرتێکی لە ژێر ناوی (عێراق و کورد: چارەسەرکردنی تەنگژەی کەرکوک) لە توێی 30 لاپەڕەدا بە زمانی ئینگلیزیی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوی کردووەتەوە، لە راسپاردە و داواکارییەکانیدا داوا لە کورد دەکات ریفراندۆمی کەرکوک دوا بخات بۆ کاتێکی تر. (بە بێ دیاریکردنی ئەو کاتەی بۆی دوا دەخرێت).
جێگەی سەرسوڕمانە لەگەڵ ئەم هەموو مشارە بۆ بڕینەوەی قاچی بەندی 140 سەرکردایەتی کورد لە پایتەختی عێراقی عەرەبیدا لە بەردەم زوومی کامێرای تیڤییەکانەوە بە خەندەی سەرلێوەوە دەردەکەوتن، لە گەشبینیدا وێنایەکیان خوڵقاندبوو وەک ئەوەی کەرکوک لە جێبا بێت و موو لەسەر رێی ماددەی 140دا نەبێت، ئێستاش کە وادەکە تەواو بووە تازە بە تازە گوێمان لە دەنگی کزۆڵەی سەرکردایەتی کورد دەبێت گوایە لایەنگەلێکی زۆر هەن لە ناوەندی سیاسیی و بڕیاری عێراقیدا کار بە دژی ئەو ماددەیە دەکەن، دوای دەست دەرچوونی کورد لە بنی هەمانەکە، (د.کەمال کەرکوکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەرچاو روونی جەماوەر لە رۆژنامەی (خەبات)دا دەنووسێت (هێشتا کەسانێ هەن رق و کینەیان لە دڵە، بەشەو و رۆژ کار بۆ دانانی کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەکەن.. هەر بۆیە لەژێر ناوی دواخستن یان درێژکردنەوەی ماوەکە هەوڵی بەردەوام دەدەن تەگەرە بخەنە پێش جێبەجێکردنی ماددەی 140). وێڕای ئەوەی بیر و دیدگا و دەربڕینێکی کلاسیکی لەو پەرەگرافەدا هەست پێدەکەین بەتایبەت لەهێنانە پێشەوەی وشەی رق و کینە لە دڵ (چوونکە لە پراکتیکدا قاچ و بنەمای سیاسەت لەسەر چیمەنتۆی بەرژەوەندییە نەک دوژمنایەتی کوێرانە کە هیچ بەرژەوەندییەک دەستەبەر نەکات) هێشتا شەرمنییەکی زۆر بە وتارەکەی (د.کەمال)ەوە دیارە بە تایبەت لە رووی سڵکردنەوە لە دەستنیشانکردنی دوژمنەکان ئەوانەی کۆسپ بۆ ماددەی 140 دروست دەکەن.
بە کورتی و کرمانجی کات تەواو بووە و جێبەجێکردنی ماددەکە دوا دەخرێت، هەرچەندە (د.رائید فەهمی) لە رۆژی 1-12 رایگەیاند (تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی ماددەی 140 نەدراوە ئەگەر داوایەکیش بکرێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ماددەی 140 دەبێت لە رووی هونەریی و تەکنیکییەوە بێت نەک یاسایی و دەستووریی، واتە درێژکردنەوەیەکی تەکنیکی بێت). بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە و راستییە رووتەکە ئەوەیە ماددەکە دوادەخرێت (چوونکە بەم دوو هەفتەیە توانای هیچ کارێک نەماوە). وەک دەردەکەوێت کوردیش بە دواخستن رازییە (چوونکە لەوە زیاتری لە دەست نایەت)!!، ئەوەتا (رزگار عەلی) سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت (دواخستن لەبەر هۆکاری هونەریی ئەوە شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر لەبەر مەسەلەی ئیداریی و سیاسیی بێت، ئەوە قابیلی قبوڵ نییە و خەتەرە). لە راستیدا هۆکاری دواخستنەکە شێتەکانیش هەستی پێدەکەن سیاسییە نەک هونەریی، کەچی سەرکردەکانی کورد دەیانەوێت پینەی بکەن، لێ دواخستن لەژێر پاساوی ئیشکالییەتی هونەریی و تەکنیکیشدا رەوایی پێنادرێت، ئەوا بە فاکتۆر و بەربەستی سیاسیی قبوڵکردنەکەی خیانەتێکە مێژوو ناتوانێت لە یادی بکات. لەگەڵ ئەوەش دەبینین سەرکردایەتی کورد سکەنداڵی دۆڕانەکانی خۆی لە عێراقی دوای سەدام حسێن بە گشتیی و ماددەی سەد و چل بە تایبەتی پاساو دەداتەوە، بەڵام ئەم شکستە لە مێژوودا وەک لاپەڕەیەک رەش تۆمار دەبێت و دەمێنێتەوە.
هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن بە دیفاکتۆ کورد دەبێت بە دواخستنی ماددەکە رازی بێت، کات تەواو بووە و ناچارە دەستێکی تر لەم کۆنکەنە دۆڕاوە لەگەڵ عەرەبی عێراقیدا بکات، کورد وەک ئەو قەلەندەرەی لێهاتووە لە دەریادا گیری خواردووە و ناچاربووە دەست بۆ چڵە پووش رابکێشێت. (قادر عەزیز) بە (ئەلئەسوات ئەلعراق)ی راگەیاند (لەبەرئەوەی ئەو ماوەیەی ماوە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ماددەی 140 زۆر کەمە، بۆیە پێدەچێت ماوەی جێبەجێکردنی لە نێوان سێ تا شەش مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە.. بۆ کورد دواخستنی ئەو ماددەیە بۆ ئەو ماوەیە ئاسان نییە چوونکە دەزانێت ئەوانەی لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیەدا نین، دوای شەش مانگی دیکە هەڵوێستیان ناگۆڕێت، بەردەوام دەبن لەسەر رەتکردنەوەی، بەڵام کورد ناچارە بۆ هێشتنەوەی مەفعولی ماددەکە و شەرعییەتە دەستوورییەکەی بەو دواخستنە رازی بێت).
هەر لەبارەی دواخستنی ماددەی سەد و چلەوە رۆژنامەیەکی کوردیی (ئاسۆ) بڵاویکردەوە هەندێ زانیاریی لە سەرچاوەیەکی نزیک لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستکەوتووە و وا بڕیارە بۆ ماوەی شەش مانگ ماوەی ماددەی 140 درێژ بکرێتەوە، هەر ئەو سەرچاوەیە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە (بڕیارە وادەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بۆ ماوەی شەش مانگ درێژ بکرێتەوە و زۆربەی لایەنەکانی عێراق بە کوردیشەوە بەم پێشنیارە رازی بوون). بە گشتیی ئەو تەرحەی سەرکردەکانی کورد بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە پشتیوانی لێدەکەن هەموارکردنی ماددەکەیە لەبەرئەوەی هیچ رێگایەکی لە بەردەممدا نەماوە و کاتەکانیش زۆر بە خێرایی وەک خێرایی تیشک تێدەپەڕن. ئەو تەسعیداتانەشی لە رێی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە لە ئارادایە، تەنیا هەوڵێکە بۆ داپۆشینی فەشەلی سیاسەتی سەرکردایەتی کورد لە هەمبەر ماددەی سەد و چل و چارەنووسی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان کە لە دەستووردا بە “ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان” پێناسە کراون.
(د.فوئاد مەعسوم) وتی: ئێستا کات لە بەردەستدا نەماوە و کارە ئەساسییەکان جێبەجێنەکراون، چۆن بتوانرێ سەرژمێریی بکرێت؟!، چۆن قەزا و ناحیەکان بگەڕێنەوە سەر کەرکوک؟. سەرۆکایەتی کۆمار لەو بارەوە ناگەنە بڕیار، ئەگەر حەکەمی نێودەوڵەتیش تەداخول بکات کاتی زۆری دەوێت چوونکە ئیشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆتیناتی زۆری تێدایە و زۆر دەخایەنێت، تاکە چارەسەرێک بۆ ئەو ماددەیە بکرێت رێککەوتنە بۆ ئەوەی هەموار بکرێت، لەو رووەوە ئامادەکاریی کراوە و پێویستە سەرکردایەتی هەرە پێشەوەی عێراق ئیتفاقی لەسەر بکەن بۆ ئەوەی هەموار بکرێت. لەلای خۆیەوە (ئەحمەد ئەنوەر)ی ئەندامی لیژنەی هەموارکردنی دەستووری عێراقی پێیوایە ماوەی ماددەکە بەسەرچووە و بەدیلێکی باشیش بۆ ئەوەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە بگۆڕدرێت تەنیا هەموارکردنی ماددەی سەد و چلە لە چوارچێوەی ئەو ماددانەی تر کە بڕیارە لە دەستووری عێراقدا هەموار بکرێن. بەپێی رێککەوتن و بڕیاری پەرلەمانی عێراق تاکوو کۆتایی مانگی سێی (2008) بە دەستەوەیە بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بەم هۆیەوە بە ئۆتۆماتیکی ماوەی ماددەی 140 درێژ دەکرێتەوە بۆ کۆتایی ئەو مانگە.
وەک وتمان بە پێچەوانەی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 30-6-2007 کە تیایدا نێچیرڤان بارزانی ئامادە بوو (نابێت ماددەی 140 دەستکاریی بکرێت یان دوا بخرێت بەڵکو پێویستە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت) ماددەکە دوا دەخرێت و بە هەمان شێوە بە پێچەوانەی لێدوانەکەی چەند مانگ لەمەوبەری (ئەڵماس فازڵ)ی سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک (ئەگەر تاوەکو 31-12-2007 هیچ بڕیارێکی گرنگ دەرنەچوو یان ماددەکە جێبەجێ نەبوو، ئەوە خۆمان بڕیاری کوردستانیبوونی کەرکوک دەدەین). سەرکردەکانی کورد نەک بڕیارێکی لەو جۆرە نادەن کە لە خەیاڵدانی ئەواندا زیاتر لە مغامەرەیەکی (جیمس بۆند)یانە دەچێت بەڵکو هەر لە ئێستاوە زەنگی دۆڕاندنی کەرکوک لێدەدەن، چون ئەوان کە نەیانتوانیبێ لە شەڕێکی دەستووریی سەربکەون ئیدی چۆن لە شەڕی گووشار و شەڕی گەرم و شەڕی بایکۆت و شەڕی دیپلۆماسی و شەڕ و ریسکی مان و نەماندا سەردەکەون؟؟ (نێچیرڤان بارزانی) بە ماڵپەڕی (URL)ی راگەیاند (ئێمە دەمانتوانی لە ساڵی 2003 کاتێک سەدام روخا بە چەندین رێگەی جیاواز دەست بەسەر کەرکوکدا بگرین بەڵام ئێمە رێگەی یاسایی و ئاشتییانەمان هەڵبژارد بۆ ئەنجامدانی).
ئەم هەڵوێستە جگە لەوەی مایەی شانازیی نییە (وەک نێچیرڤان دەیکات) نیشاندەری ئەوەیە ئەوان دەیانتوانی کەرکوک بەدەست بهێنن کەچی رایانکێشایە ناو مەعمەعەیەکی سیاسیی و دەستووریی!! لەوانەیە تا قیامەت ئەم مەتەڵە هەڵنەیەنین و سەرمان لەم سیحرە دەرنەچێت، لەوانە نییە جگە لە خیانەتی سەرانی کورد مانایەکی تر بۆ ئەم هەڵوێست و رەفتارە ساویلکانەیە نەبێت، ئەمە ئەگەر نەڵێین مانای فرۆشتنی کەرکوکی لە ناواخنی خۆیدا هەڵگرتووە. ئەگەر لەمانە هەمووی بگەڕێین، پرسیارێک هەیە بێوچان بە دوای وەڵامدا دەگەڕێت: کام فاکتۆر وای کرد ئەم ماددەیە دوا بخرێت؟ پێویستە لە بەرسڤدا بێژین لەئاستی ناوخۆدا ئاستەنگەکانی دەوڵەتی ناوەندیی و پلانگێڕیی عەرەبە شۆڤێنییەکانی ناو کەرکوک و لاوازیی گووتار و هەڵوێستی کورد مایەی چاوپۆشیی لێکردنن نین، وەلێ رەنگە گرنگترین و کاریگەرترینیان سستی کورد بووبێت. ئەوەش هەمان تێزە دێرینەکەمان دەخاتەوە یاد “ئەوەی کورد لە شەڕی چەکدارییدا بەدەستیدەهێنێ، لە شەڕی دیپلۆماتی و گفتوگۆ و سەر مێزی مفەوەزات دەیدۆڕێنێ”. بەڵام تاکوو کەی کورد ناتوانێت لەو تێزە دەربچێت هیچ ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر لەو نێوەندەدا دیار نییە.
(د.فوئاد مەعسوم) بەم دواییانە ئاشکرای دەکات کێشەی نێوان کەربەلا- رومادی کاریگەریی نەرێنی هەبووە لەسەر کێشەی کەرکوک، چون بەپێی دەستوور دەبێت بەشێک لە ناوچەکانی رومادی سووننەنشین بخرێنە سەر کەربەلا. (فەرید ئەسەسەرد) لەو بارەوە نوسیوویەتی (پاش تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەرچوونی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا ئێستا لە سەروبەندی جێبەجێکردنی ماددەی 140 هەست دەکەین، ئێمە لە پێکەوە گرێدانی مەسەلەی سنووری کوردستان و مەسەلەی سنووری ناوچە شیعەنشینەکان زۆر سەرکەوتوو نەبووین و خەریکە ململانێی شیعە و سووننەکان کاریگەریی خراپ لەسەر یەکلاکردنەوەی مەسەلەی سنووری کوردستان جێدێڵێت). من ئاماژەیەکی ترسناکتر و دوورتر دەبینم لەوەی شیعەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی عێراق دەدەن، بەو شێوەیەی سەدام و بەعس لە دەیەی هەشتاکاندا کردبوویان، کورد و شیعەیان لە پرۆسەی سیاسیی کەنارگیر کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ شیعەکان سەرەتا سووننەکان تێکدەشکێنن و دواتریش بە ئاسانیی کورد قووت دەدەن، بەو هۆیەی ماڵی کوردیی ماڵێکی لێکترازاوە و گووتارێکی هاوبەشی روونی نییە بۆ پرسە ستراتیجییە نەتەوەییەکان، تەنیا گووتارێکی هاوبەش هەیبێت بۆ دابەشکردنی داهاتی کوردستانە لە بەشە بودجەی عێراق.
رۆڵی تورکیا لە پەکخستنی جێبەجێکردنی ماددەی 140
لە مانگی ئابی 2007 بە مەبەستی متمانەپێدان (رەجەب تەیب ئەردۆگان) سەرۆک شالیارانی تورکیا بەرنامەی کاری شەستەمین حکوومەتی ئەنکەرای خستە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی، لە بەشێکی بەرنامەی کاری حکوومەتەکەیدا (ئەردۆگان) باسی لە کێشەی کەرکوک کرد، وەک تیایدا هاتووە: پێویستە کێشەی کەرکوک بە شێوەیەک چارەسەر بکرێت هەموو نەتەوە و مەزهەبەکان مافەکانیانی تێدا ببیننەوە، ئەوەش هەوڵێکی سەرەکی دەبێت بۆ ئێمە. تورکیا دوای ئێران زیاد لەهەر دەوڵەتێکی تر بە تەنگی دەڕوانێتە پرسی کەرکوک و تووشی فۆبیا و دڵەڕاوکێ بوو سەبارەت بە چارەنووسەکەی، تاکە رێگەیەک لە بەردەمیدا مابێت هەڕەشەی لەشکرکێشی و بەکارهێنان و وروژاندنی تورکمان و هەوڵی ژێراوژێری هەواڵگریی و زیندووکردنەوەی جاشە کوردەکانە لە ژێر رێبەریی (ئەرشەد زێباری)، تا دوور و نزیک قورسایی هەبێت لە ورد و درشتی ئەو پێشهاتانەی لە کەرکوکدا روودەدەن.
ئەجە تەمەلکوڕان، لە رۆژنامەی (میللیەت)ی تورکیدا نوسیوویەتی (کاتێک مرۆڤ تەماشا دەکات سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بەهەموو شێوەیەک پەیوەستە بەپێشڤەچوونە سیاسییەکانی کورد بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140، لەبەرئەمەش تانسیۆنی وڵاتەکە بەرز و نزم دەبێتەوە، بەشێوەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین تورکیا لەناو کابووسی کورداندایە). جێگەی هەڵوەستەکردنە چەندان مانگ پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی تورکیا سەنتەری سیاسیی کورد هەڕەشەکانی تورکیای وەک بەشێک لە پێویستییەکانی ریکڵامی هەڵبژاردن چاو لێدەکرد و ریالیستانە سەیری نەدەکرد وەک هەڕەشەیەکی جیددی و ئەگەرێکی بەهێز، گرنگترین گەوهەر لە بیرکرابوو کە هەر پێشکەوتنێکی کورد (لەهەر بەشێکی کوردستاندا بێت) بە پلەی یەکەم تورکیا لەنێو کابووسدا دەتلێنێتەوە. تورکیا نیگەرانییە خۆڕسکەکانی ناشارێتەوە و سڵ لە هیچ رێگەچارەیەک بۆ دژایەتیکردنی هەوڵەکانی کورد بە مەبەستی وەرگرتنەوەی کەرکوک ناکاتەوە (لە واقیعدا درێغیی نەکردووە)، هەندێک ناوەندی ئاگادار وایدەبینن دوو بەهێزترین تەقینەوەکانی ئەمساڵی شاری کەرکوک و شێخان تورکیای لە پشتەوە بووە چوونکە ناچێت بە عەقڵدا ئەو تەکنیک و چۆنێتییە کارایە لە توانای ئەو شانە جیهادییە تێرۆیستییانەدا بێت لە ناوچەکانی کەرکوک و دەوروبەری خۆیان مەڵاس داوە.
(مەسعود بارزانی) مانگی نیسانی رابردوو بە کەناڵی (العربیە)ی راگەیاند (شاری کەرکوک بەرامبەر دیاربەکرە. رێگە نادەین تورکیا دەست لە کاروباری کەرکوک وەربدات. ئەگەر تورکیا رێگە بە خۆی بدات دەست لە کاروباری کەرکوک وەربدا، ئێمەش دەست لە کاروباری دیاربەکر و شارەکانی دیکەی کوردنشین وەردەدەین!). ئەم لێدوانە زێدەتر موزایەدەکردن و راکێشانی سۆزی تاکی کوردی باکوور بوو تاکو هەڵوێستێکی بە کردەوە، بارزانی نەک نەیتوانی دەست لە کاروباری ناوخۆی تورکیا وەربدات لە توانایدا نەبوو پێشگیریی لە دەستتێوەردانی تورکیا بکات لە ناوخۆی کوردستان بە کەرکوکیشەوە، بگرە بارزانی ناچاربوو لەژێر گوشاری تورکیادا فشار بخاتە سەر پەکەکە و پارتی چارەسەری تا دەگاتە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوی هەواڵ و چالاکییەکانی پەکەکە لە میدیاکانی کوردستاندا. مافێکی رەوامانە بڵێین تورکیا رۆڵی هەبووە لە سستکردنی ماددەکە هەم لە رێی وروژاندنی کارتی تورکمانەوە هەم لە رێی دیپلۆماسییەوە چ لەگەڵ لایەنی عێراقی چ لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی. لە مانگی ئابی رابردوو رۆژنامەی (ستار)ی تورکی لە زمانی (یەشار یاکیش) وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە ریفراندۆمی کەرکوک و بڕیاردان لەسەر ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان دوا دەخرێت، بە پێی هەواڵی رۆژنامەکە: ناڕەزایەتییەکانی تورکیا کاریگەریی باشی داناوە لەسەر ئەمەریکا و ئەو وڵاتە سەرقاڵی ئامادەکردنی فۆرمێکە بۆ راگەیاندنی دواخستنی دەنگدان لەسەر چارەنووسی کەرکوک.
لە هەموو لایەنێکەوە تورکیا لە هەوڵدایە تا هاوکێشەکە بەو جۆرە هاوسەنگ بکرێتەوە کەرکوک پارچەیەک بێت لە عێراق یان هەرێمێکی سەربەخۆ بێت و پەیوەندیی نەبێت بە باشووری کوردستانەوە. ئەم هەوڵدانەی تورکیا لە شوباتی 2007 لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) زێدەتر روون کراوەتەوە (تورکیا بە دیدێکی زۆر گرنگ دەڕوانێتە چارەنووسی کەرکوک، لە ساڵی 1926 ئێمە دەستمان لە ویلایەتی موسڵ هەڵگرت، بەوەی ویلایەتی موسڵ کە کەرکوک بەشێکییەتی پارچەیەک بێت لە عێراقێکی یەکگرتوو، هەربۆیە ئێستاش دەمانەوێت کەرکوک بەشێک بێت لە عێراق و سەر بە حکوومەتی عێراق بێت وەک ساڵی 1926). تورکیا چالاکی و سنووری کارکردنی لە ئاستێکی بەرتەنگدا قەتیس نەکردووە بەڵکو خوازیاری پاڵپشتیی و هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە لە دژی خواستی کوردەکان بۆ بەدەستهێنانی کەرکوک، بەبڕوای (ئەحمەد گولەر)ی سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی (DER KURT) لە ئەنقەرە: تورکیا هەوڵدەدات هاوکاریی ئێران و سوریا بکات بۆ ئەوەی پرسی کەرکوک بە مۆڵەقی و هەڵواسراویی بمێنێتەوە. پێش ئەوەشی بەسەرماندا تێپەڕێت ئێران بەربەستی یەکەمە لە بەردەم ماددەی سەد و چل چوونکە شیعە فەرمانڕەواکانی ئەمڕۆی عێراق، چیتر نین جگە لە بەندەی گوێڕایەڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و نۆکەری بە وەفای ئامۆژگارییە سیاسییەکانی رێبەری ئێران “خامنەئی”.
ئەگەریش وەک چاودێرێکی بێلایەن سەیری پلانەکانی تورک شانبەشانی خۆدزینەوەی حکوومەتی عێراقی و بێدەنگی ئەمەریکا و سستی کورد بکەین، ئەوا حکوومەتی ئەنکەرا توانیوویەتی سەرکەوتوو بێت لە زۆرتر ئاڵۆزکاندنی گرێکوێرەی کەرکوک و تەگەرە خستنە بەردەم ماددەی 140، چوونکە ئەمڕۆ لە دوا ساتەکانی ساڵی 2007دا هەست دەکەین رەوشی کەرکوک وەک خۆیەتی، ئەگەر خراپتر نەبووبێت رووی لە چاکی نەکردووە و ئومێدەکانی کورد وەک بڵقی سەر ئاویان لێهات و روویان لە پووکانەوە و کزبوون کردووە. لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ: ئامانجی تورکیا چییە لە دەستتێوەردان لە کەرکوک و تەگەرەدانان لە بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140.؟. (د.ماگی زانگەر) چاودێر و رۆژنامەنووسی جیهانی بەرسڤی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەڵێت: ئامانج لە دەستتێوەردانی کەرکوک بەتایبەت لەلایەن تورکیاوە بۆ نەوتی کەرکوکە، هەر لەبەرئەوەشە دژی گەڕانەوەی کەرکوکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەو ترسی هەیە کەرکوک ببێتە تاجی ئابووری کوردستان.
داهاتی نەوت و سامانە سرووشتییەکانی کەرکوک بە ئەندازەیەکە ئەگەر لە دەستی دەستەڵاتێکی کوردیدا بێت دەبێتە بناغە بۆ تەبەنیکردنی کۆمەڵگەیەکی ئابووری پتەو. (شێخ مەتاع) بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور رایدەگەیەنێ وزەی بەرهەمهێنانی نەوت دەوروبەری 580-600 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا (دیارە مەبەستی لە نەوتی خاوە). ئەگەر سەیری ئەم رێژەیە بکەین و بە دراو بیقەبڵێنین رێژەیەکی خەیاڵی و سەرسوڕهێنەرە سەبارەت بە ئابووری ئەمێستای کوردستان. تورکیا وا تەماشای نەوتی کەرکوک دەکات کۆڵەکە و بڕبڕە پشتی ئەو دەوڵەتە کوردییەیە لە خەیاڵ و رۆژەڤی کوردی باشووردا بوونی هەیە، چون بەبێ نەوتی کەرکوک دەوڵەتی کوردستان ئیمکانی سەرپێکەوتنی نییە. لەبەرئەوەی زۆر روونە ئەم رەوشە ناهەموارەی عێراق و بە ئێرانکردن و بە شیعەکردنی عێراق، سەبری ئەیووبی کوردان دەپچڕێنێت، دوور بێت یان نزیک هەر دەبێت بیر لە پڕۆژەی دەوڵەت و سەربەخۆیی بکاتەوە، ئەوێ رۆژێ کەرکوک و نەوت دوو دارشەقن دێنە بن هەنگڵی کوردەوە.
(د.محەمەد نورەدین) پسپۆری کاروباری تورکیا لە لوبنان پێیوایە (کوردستان بەبێ کەرکوک وەک موسڵمانان وایە بەبێ کەعبە، یاخۆ فەلەستینە بە بێ قودس، کەرکوک ناوچە و پانتاییەکی دەوڵەمەندی نەوتە، ئەمەش فاکتەرێکی گرنگ و راستەوخۆیە بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان لە داهاتوودا پشت بە داهات و خۆشگوزەرانی ببەستێت، بۆیە تورکیا دژ بە گەڕانەوەی کەرکوکە بۆ سەر کوردستان). لە هەمان کاتدا ناوەندی باڵادەستی سیاسیی تورکیا دەوڵەتی کوردیی بەیەکێک لە مەترسییەکانی سەر خۆی چاو لێدەکات کە لەداهاتوودا سەرباری ئەوەی دەبێتە هاندەرێک بۆ جوڵاندنی کوردی باکوور بۆ داواکردنی مافەکانیان دەشبێتە هۆی شەقبوونی تورکیا وەک ئەوەی ئەمێستا هەیە. (محەمەد عەلی بیراند) لە رۆژنامەی (حوڕییەت)دا ئەم پرسە زیاتر روون دەکاتەوە: (سەربەخۆیی باکووری عێراق و دەستگرتنی کورد بەسەر نەوتی کەرکوکدا ئەگەرێکی پەسەند نەکراوە بە لای تورکیاوە، وا باوەڕ دەکرێت دامەزراندنی ناوەندێکی راکێشەر لە باکووری عێراق لە داهاتووی درێژخایەندا دەبێتە هۆی دابەشبوونی تورکیا). تورکیا بەهەر نرخێک بووە لە هەموو قۆناغەکاندا هەوڵدەدات بۆ زیاتر دابڕینی کەرکوک لە کوردستان، بەڵام جارێ نازانین چۆن کورد خۆ بۆ ئەم نەبەردە ئامادە دەکات؟ (کارەساتە وەک جاران بە پێ پلانی بچێتە مەیدانی نەبەردەکانەوە) بەرسڤەکە با بمێنێت بۆ پێشهاتەکانی دادێ.
رۆڵی ئەمەریکا – بەریتانیا لە پیلانگێڕیی دژی ماددەی 140
(مستەفا ئایدن) سەرۆکی ئەنیستیتۆی (تیپاڤ) لە میانی راپۆرتێکدا کە لەسەر عێراق ئامادەی کردووە تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی ئەمەریکییەکان رێگرن لەبەردەم ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی لە کەرکوک و پێیوایە ئەگەر ئەمەریکا ئارەزووی بوایە ئەو کارەی دەکرد. بێگومان ئەمەریکییەکان رۆڵێکی نەرێنیان هەبوو، وەختی خۆیشی (پۆڵ هارڤی) لە کەرکوک پشتیوانی عەرەبی هاوردە و تورکمانە پەڕگیرەکانی دەکرد لە دژی کورد و کەمتەرخەمی نەدەنواند لە رێگریی دروستکردن بۆ لایەنی کوردیی و کارەکانی ماددەی 58 قانوونی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە. هەموو ئەو ماوەیەی (پۆڵ بریمەر) حاکمی مەدەنی عێراق بوو سیاسەتی ئەمەریکی لە دژی بەرژەوەندیی کورد بوو لە شاری کەرکوکدا، یەکێک لە خراپترین پێشنیارەکانیشی ئەجیندای فیدراڵی پارێزگاکان بوو کە جگە لە ورد و خاشکردنی ماف و دەستکەوتە نەتەوەییەکانی کوردی باشوور، کورد بۆ هەتا هەتایی کەرکوکی لە کیس دەچوو هەروەک چۆن عەرەب لە پێشوودا (ئەندەلووس)ی لە کیس چوو. جیاوازییەکە تەنێ ئەوە دەبوو، ئەندەلووس لە چوارچێوەی غەزەواتی ئیسلامیدا بە عەرەبکرابوو، بەڵام کەرکوک لەوەتی هەیە کوردیی و کوردستانی بووە، ئێسک و پروسکی سەدان پشتی کورد لەو شارەدا بووەتەوە بە خۆڵی نیشتمانی دایک.
ژەنەراڵی خانەنشین (راڵف پیتەرز) رەخنە لە سیاسەتەکانی (بریمەر) دەگرێت و دەڵێت: کەرکوک بە درێژایی مێژوو شارێکی کوردیی بووە، بەڵام ئەگەر پۆڵ بریمەر هێندە نەفام نەبوایە ئەوا چوار ساڵ پێش ئێستا گەڕابووەوە سەر کوردستان. پاشان راسپاردەکانی (بیکەر- هاملتۆن) کە لەلایەن دەوڵەتی ئەمەریکاوە بەرکەنار کران ئاوێنەیەکی تر بوون بۆ نیشاندانی هەڵوێستی نێگەتیڤی بەشێکی بەرچاوی سیاسەتمەدارانی ئەمەریکی سەبارەت بە کورد و پرسی کەرکوک. (عەبدولخالیق زەنگەنە) ئەندامی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێ: ناوەڕۆکی راپۆرتی بیکەر- هاملتۆن ئاماژەیەکی ترسناک بوو بۆ بۆچوونی ئەمەریکا سەبارەت بە پرسی کەرکوک چوونکە لە دوای راپەڕینەوە ئێمە لەگەڵ ئەمەریکا باسی کەرکوکمان کردووە، کەرکوک ئازاد کرا ئەوان تەسلیمی حکوومەتی مەرکەزییان کردەوە!!، لەوکاتەوە گومانم لەوە هەیە ئەمەریکا بیەوێت کەرکوک بخرێتەوە سەر کوردستان. لە باری واقیعیشەوە، ئەمەریکا بە دیقەتدان لە بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا و دەوڵەتانی عەرەبیی و ناوچەکە مامەڵە لەگەڵ خواستی کورد دەکات دەربارەی کەرکوک. سیاسەتی ئەمەریکا ئەوەیە هاوسەنگیی بپارێزێت لە ناوچەکەدا، هەرچەندە ئەم سیاسەتە لە بەرئەنجامدا بۆ خودی ئەمەریکاش سیاسەتێکی هەڵەیە و دووربینی و حیکمەتێکی تێدا نییە و ئایندەش ئەم راستییە روونتر دەکاتەوە.
دواتر ئەمەریکا هێدی هێدی بۆ رازیکردنی دڵی عەرەبی سووننە و هێندێک لە وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمان و تورکیا ناچاربوو لەسەر حیسابی کورد و لە رێی موزایەدەکردن بە کەرکوکەوە پارسەنگی بارودۆخەکە رابگرێت، کەوابوو بێ هۆ نییە (زاڵمای خەلیزاد) کە وەک دۆستی کورد دەردەکەوت لەسەر هەمان نۆتەی تورکیا دەنگی بەرز کردەوە و رایگەیاند پێویستە کەرکوک بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، ئەو لە مانگی نیسانی رابردوودا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد پرۆسەی ریفراندۆم لە شاری کەرکوک ئەنجام نەدرێ و کەرکوک بکرێتە کەنتۆنێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقدا “برۆکسلی عێراق”. لە پێش چەند مانگیشەوە هەریەک لە حکوومەتەکانی بەریتانیا و ئەمەریکا لە هەوڵدان تاکوو لە رێی گووشار و قەناعەتەوە پارتی و یەکێتی رازی بکەن بۆ ئەوەی مل بدەن بە ویستی دواخستنی ماددەی 140 لە کۆتایی ساڵی 2007دا. ئەم راستییە لە زاری (مەحمود محەمەد)ی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی (پ.د.ک)وە ئاشکرا کراوە وەک دەڵێت (ئەمەریکا و بەریتانیا لە کاتی سەردانیان بۆ لای سەرۆک و مەکتەبی سیاسیی ئێمە و یەکێتی باسی ئەوەیان کردووە و پێشنیاری ئەوەیان کردووە ماددەی 140 دوابخرێت). پێدەچێت هەر لەسەر هەمان داوای ئەمەریکا و بەریتانیا لایەنی کوردیی ناچار بووبێت بە دواخستنی ماددەی 140 رازی بێت!!، چوونکە ئەمڕۆ ئەمەریکا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە شانۆی سیاسیی عێراقدا، وەلێ بەریتانیا کەنارگیر و کۆمبارس دەردەکەوێت بەڵام لەحاست پرسە ستراتیژییەکاندا ئەگەر هێندەی ئەمەریکا رۆڵ نەگێڕێت بێگومان دەور و نەخشی لەو کەمتر نییە. تەنانەت بەریتانیا هێشتا سوورە لەسەر ئەو نەخشە دێرینەکەی سایکس بیکۆ بۆ ناوچەکە و بەهەر بەهایەک بووە پارێزگاریی لێدەکات.
هەرچەندە (ئەلیسن کەمپ)ی قونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە کوردستان رایدەگەیەنێت (دەمەوێ باسی ماددەی 140 بکەم، ئەم ماددەیە زۆر هەستیارە بۆ گەلی کورد، رای حکوومەتی بەریتانیا نەگۆڕاوە و وەک خۆی ماوەتەوە، حکوومەتی بەریتانیا بە تەواوەتی پاڵپشتی جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەکات). ئەفسووس واقیع پێچەوانەکەی پێ نیشان داوین و بەریتانیا هەروەک ئەمەریکا دەستی هەیە لە دواخستنی ماددەکەدا و ئەمانیش نایانەوێ کەرکوک بگەڕێتەوە سەر کوردستان چوونکە بەردی بناغەی دەوڵەتی کوردیی پێوە بەندە، لە وەختێکدا ئەمەریکا– بەریتانیا بڕگەکانی ماددەی 140 پەکدەخەن جیا لەوەی خەونی دەوڵەتی کوردیی زیندە بەچاڵ دەکەن، دڵی دەوڵەتانی دراوسێشی پێ رازی دەکەن کە هەندێکیان (وەک تورکیا و شاکانی کەنداو) دۆستی لە مێژینەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکان. (د.جەبار قادر) ئەکادیمی کورد لەوبارەوە پێیوایە (ئەمەریکا و بەریتانیا لەگەڵ ئەوەدانین کەرکوک بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو هۆیانەی لە بیستەکاندا بەریتانیای هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە دژی دەوڵەتی کوردیی بێ و کەرکوک وەک بەشێک لە باشووری کوردستان دانەنرێت هێشتا لە ئارادان، ئەوان ئەو راستییە باش دەزانن گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی بەهێز دەکات). بەریتانیا لە ئەمەریکا مکوڕترە لە مانەوەی ئەو دیزاینەی لە بیستەکانەوە خۆی ئەندازیاری بووە لە رەنگڕێژکردنی رۆژهەڵاتی نێوین، دواجاریش بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی دەوڵەتی ئینگلیز لە مانەوەی هەمان ئەو نەخشە و دیزاینەی پێشووە.
خولاسە ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و راگرتنی باڵانسی ناوچەکە وەک هەمیشە قوربانی بە کورد و خاکی کوردستان دەدەن، لەوانەیە ئەمجارە وەک پێشوو تاوانەکەی نەخرێتە ملی (هێنری کیسنجەر)ێکی تر بەڵکو تاوانباری راستەقینە سەرکردەکانی کوردن!، چوونکە لە دروستکردنی فشار و هونەری سیاسەتدا کۆڵەوار و دەستەپاچەن و پتر سەرقاڵی هەندێ پرسی لاوەکین و لە پەڕاوێزی پێشهات و رووداوەکاندا سیاسەت دەکەن، ئەم لەونە لەسیاسەت هەر ئەو ئەنجامەی لێدەکەوێتەوە و ئەمڕۆ سەری کەرکوک و ماددەی 140 دەخوات و دوور نییە سبەینێ هەولێر و سلێمانی بەهۆی ئەم تەرزە سیاسەتەوە نەنێینە بانی!!.
دوا وێستگە
دوای چوار ساڵ و هەشت مانگی رەبەق بەسەر داڕوخانی بەعس و گفتوگۆ و دانوستان و شەڕی کورد لەسەر کەرکوک و هەڵهێنجانی ماددەی (58) و (140) هێشتا کەرکوک لەرەوشێکی نالەبار و ئاڵۆزدا دەژی و ئومێدەکانی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ کاڵتر دەبنەوە و بەرە و نائومێدیی رێچکە دەبەستن. رێگاکانی دەستخستنەوەی کەرکوک قورسن، قورسترن لە جەنگە درێژخایەن و خوێناوییەکانی کورد لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق، هەتا قورسترن لە جاڕدانی دەوڵەتی کوردستان!. لێ ئەم ساتەوەختە حەزینە و ئەو کاتژمێرەی لەپێش دەستمانە پێمان دەڵێت کات تەواو بوو، کات تێپەڕی، هێشتا دیار نییە دوای درێژکردنەوەی شەش مانگی تری پێشنیارکراو بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 ئەگەر ماددەکە دەستی دەستی پێکرا، کورد کام رێگا دەگرێتەبەر؟. (د.فوئاد مەعسوم) رایدەگەیەنێ: ئەگەر بێتو ماددەی 140 بە تەواوەتی جێبەجێنەکرا ئەوا ناچارین رێگەی تر بگرینە بەر!. بەڵام دکتۆر مەعسوم بە جوانی خاڵ لەسەر پیتەکان دانانێت بۆئەوەی بزانین ئەو رێگایانەی تر چین و ئەگەری ئەوە هەیە ئومێدیکیان لێ پەیدا بێت؟. ئەگەر رێگەکە رێگەی جەنگ بێت ئەوە دەرگای دۆزەخ دەکاتەوە و شارەکە تێکڕا دەکاتە کابووس (ئەم رێگایە تاکە رێگایە بۆ وەرگرتنەوەی کەرکوک) ئەگەر رێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆیە، چی وایکردووە لە ماوەی چوار ساڵی رەبەقدا کورد لە یاری دیپلۆماسی شکست بخوات؟ ئایا دیسان یاری دیپلۆماسی نابێتە یاری مار و پەیژە؟. یان وەک وتە کلاسیکی و میللییەکە دەڵێت کورد ئەوەی بە خوێن و رۆندک و ئازار بەدەستی دەهێنێت و لە جەنگدا مسۆگەری دەکات هەمیشە لەسەر مێزی گفتوگۆ دۆڕاندوویەتی و لە کیسی چووە!! ئایا ئەم جارەش کورد هەمان یاری دەکات؟.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم

—————————————————–

*ئەم وتارە شیکارییە پێش سیانزە ساڵ و لە ژمارە (46)ی گۆڤاری (نێوەند) لە مانگی دیسامبەری ساڵی 2007 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی دووەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لە لاپەرە 69-109 چاپ و بڵاوکراوەتە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
Kurdish