Skip to Content

سەبارەت بە پرسی سەرکردایەتیی.. هۆگر برایم

سەبارەت بە پرسی سەرکردایەتیی.. هۆگر برایم

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 20, 2020 General, Opinion

لە هەموو ئەو قۆناغانەدا کە کۆمەڵگە توشی قەیران یان چەقبەستوویی دەبێت، پێویستیی بە دیدگا و چەمکی سیاسیی نوێ هەیە کە دەرچەیەک پێشنیاربکات. ئەوەی رۆڵی سەرەکییش لە طەرحکردنی ئەو دیدگایە دەبینێت، هەبوونی ڕێبەرایەتییێک یان سەرکردایتییێکە کە خوێندنەوەیەکی وردی سۆسیۆسیاسیی، سۆسیۆسایکۆلۆجیی و سۆسیۆئیکۆنۆمیی کۆمەڵگەکەی خۆیکردبێت و مێژوو لەناو دەستیدابێت و پێیەکانی لەسەر ئێستا وەستابن و رووی لە داهاتووبێت. بۆیە نابینین شۆڕشێک یان گۆڕانکارییێک لە وێستگەیەکی مێژووییدا روویدابێت و ناوێک، چەند ناوێک یانیش رێکخستنێک رۆڵی پێشەنگایەتیی و ڕێبەرایەتیی نەبینیبێت.
لەم نوسیینەدا دەمەوێت بەرچاوڕونییەک بدەم، لەبارەی چەمکی سەرکردایەتیی. بەتایبەت لەم کاتانەدا کە لە کوردستانی عێراقدا ناڕەزایەتییەکان گەیشتوونە لوتکە. ئەمەیش دەرئەنجامی ئەوقەیرانە هەمەلایەنەیە کە ئەو هەرێمە و سیستمە سیاسییەکەی کەوتوونەتە ناوی و لەهەرکات زیاتریش، ئەم هەرێمە پێویستیی بە سەرکردایەتیێک هەیە کە بتوانێت ئەو ناڕەزایەتیانە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک چەمک و بەهای نوێدا کەنالیزە بکات. بۆیە لەم نوسیینەدا مەبەست سەرکردەی سیاسییە. هەروەها دەمەوێت ئەوەش گفتوگۆبکەم کە ئایا سەرکردایەتیی و سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان هەمان شتن؟

تیۆریسەنی بواری رێکخستن گاری یوکەل (Gary Yukel)، لە کۆی ئەو پێناسانەی کە بۆ چەمکی سەرکردایەتیی کراون، پێناسەیەکی ئاوا دەخاتە روو: مەبەست لە سەرکردایەتیی کردن ئەو پرۆسەیەیە کە لەناو رێکخستنێکدا، کەسێک یان سەرکردەیەک هەوڵدەدات کاریگەریی لەسەر ئەوانیتر، یان شوێنکەوتەکانی دابنێت بەو مەبەستەی ستروکتورێک بدات بە چالاکیی و پەیوەندییەکان و ئاسانکارییان بۆبکات.
دیارە ئەو پێناسەیەی یوکەل تا راددەیەک سنوردارە، لەبەر ئەوەی رۆڵی سەرکردە وەکو کۆکەرەوە و سەرپەرشتیار دیاری دەکات و تەنیا لە کۆنتێکستی رێکخستن (Organization)دا بابەتەکە هەڵدەسەنگێنێت. لەگەڵ ئەمەیشدا یەکێک لەو چەمکانەی لەو پێناسەیەدا بەگرینگ دەبینرێت، کاریگەریی دانان یان کارتێکردنە. سەرکردایەتیی واتا رێنیشاندانیان و ئاڕاستەکردنی ئەوانیتر. نابێت بە پێچەوانەوە سەرکردە ئاڕاستەبکرێت.

شتێکیتر لە بابەتی سەرکردایەتیی لەناو سیاسەتدا ئەوەیە کە رێبەر هەم رایگشتیی ئاڕاستەدەکات و هەمیش دەبێتە ئاوێنەی رایگشتیی. واتا ئاڵوگۆرێکی بەردەوام و نەپچڕاو لە نێوان ئاڕاستەکردنی رایگشتیی و بوون بە ئاوێنەی رایگشتیی، لە ئارادایە. هەندێک جار لە پێشەوەیە و هەوڵدەدات گوێ لە بۆچوونەکانی بگیررێت. هەندێک جاریش، بۆ پاراستنی یەکگرتوویی، بەتایبەت لەوکاتانەی کە شوێنکەوتووەکانی ئامادەنین کە لەگەڵ هەنگاوەکانی ئەودا رێبکەن، ئەو خۆی لەگەڵیاندا دەگونجێنێت، سەرنجدەدات و دەبێتە گوێگر. واتا سەرکردە لە پەیوەندیەکی سیمبوڵیی دایە لەگەڵ شوێنکەوتەکانی. هەرکاتێ سەرکردە نەیتوانی ئەو ریتمەی کە لەنێوان ئەو دوو ڕۆڵەدا هەیە بیپارێزێت، ئەوا سەرکردایەتییەکەی دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. دیارە بەبێ هەوادار و شوێنکەوتووش شتێک بەناوی سەرکردە جێگەی باس نییە.

ماکس ڤێبەر(Max Weber)یش باسی لە گرینگیی پەیوەندیی کاریگەریی دانان و کاریگەربوون لە سەرکردایەتیی سیاسییدا، کردووە. هەروەها جەیمس ماک گریگۆر بونس(James MacGregor Burns)یش پێیوایە کە سەرکردایەتیی سیاسیی لەناو کۆمەڵێک چەمکدا ڕوودەدات، کاتێک رێبەر توانای ئەوەی هەبێت کە لایەنگرانی خۆی مۆبالایزبکات و وایان لێبکات قەناعەتیان بەو بەهاو نرخانە هەبێت کە ئەو طەرحیان دەکات.
لێرەدا دەردەکەوێت کە زۆربەی شارەزا و لێکۆڵەرانی بواری رێبەرایەتیی یان سەرکردایەتی(Leadership)، لەسەر چەمکی کاریگەریی دانان کۆکن. گرینگە ئاماژە بەوەش پێبکرێت کە لەو پێناسەیەدا هەبوونی رێکخستنێک مەرجە. واتا بەبێ رێکخستنیش سەرکردایەتیی ناکرێت؛ لەهەمانکاتدا رێبەر دەبێ خاوەن کۆمەڵێک چەمک و بەهای تایبەت بێت کە ئەو طەرحیان دەکات، کاریان بۆ دەکات و هەوڵی سەرخستنیان دەدات.

ئەگەر لەو پێناسەیە وردبینەوە و سەرنجی ئەو نارەزایەتییانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدەین، کە لەو ١٠ ساڵەی دواییدا زیاتر زەقبوونەوەتەوە و لەم چەند ساڵەی دواییشدا گەیشتونەتە لوتکە، بۆمان دەردەکەوێت کە سەرکردایەتییێک بۆ ئەو نارەزایەتییانە لەئارادانییە. چالاکییەکان دەرئەنجامی کارێکی لەپێشینەی رێکخراوەیی نیین بەڵکو زیاتر خۆڕسک و پچڕ پچڕن. ئەمەش هۆکاری سەرەکیی پارچە پارچەیی، نابەردەوامیی و لە کۆتاییشدا بێ ئەنجامییەکەیانە.

خاڵێکی تری لاواز لەو چالاکییە ناڕەزایەتییانە ئەوەیە کە ئامانج و دروشمەکان رۆژانەیی و بەرتەسکن. واتا مانیفێستێکی هەمەلایەنەی گشتگیر لە ئارادانییە کە خەتێک و ئاڕاستەیەک بداتە ئەو ناڕەزایەتییانە و لەناو کۆمەڵێک چەمک و بەهای هاوبەشدا کۆیانبکاتەوە کە ئەمەش کاری سەرکردایەتییە.
قەیرانێکی کشتگیری سیاسیی، ئابوریی، کۆمەڵایەتیی، پەروەردەیی و بەڕێوەبەرایەتیی لەئارادایە و لەناو سیستمی هەییدا بچوکتریین دەرفەتی چارەسەریی بۆ ئەو قەیارانانە بەدیناکرێت. بۆیە، نەوەک هەر کاتی ئەوە هاتووە ئەو هەرێمە دەستبداتە شۆڕشێکی هەمەلایەنە، بەڵکو درەنگیش کەوتووە.

دیارە هۆکارەکانی ئەو وەدرەنگ کەوتنە زۆرن، بەڵام لە هەر هەموویان گرینگتر، بە رای من، نەبوونی رێکخستنێک و سەرکردایەتییێکە کە روئیە و روئیای نوێی هەبێت و مەودایەکی لە نێوان خۆی و ئەو سیستمە فیکرییە چەقبەستوو و بێ چارەییەی کوردایەتییدا دانابێت. دەبێ ئەو چەمکانە توڕبدرێن کە نزیک بە سەدەیەکە لە بزوتنەوەی سایسیی کوردییدا دەکاردەبرێن و ئەنجامەکەشیان ئەوەیە کە لەبەردەستدایە.
خۆشبەختانە ئێستا لەناو گەنجانی کوردستانی عێراقدا، هۆشیاربوونەوەیەک لە ڕوی فیکرییەوە پەیدابووە و باوەڕی بەو خورافیاتانە نەماوە کە بزوتنەوەی کوردایەتیی مرۆڤی کوردی پێخستووەتە خەوی موگناتیسیی و دواجار هەموو شتێکی لێدەکات و پێیدەکات، بەڵام ئەوەی کە گرینگە و تا ئێستاش غائیبە، نەبوونی سەرکردایەتییێکی سیاسییە. وەکو رەخنەیەکیش کە من ئاڕاستەی ئەو گەنجانەی بکەم ئەوەیە کە جیاوازیی لە نێوان رۆشنبییر و ئایدیۆلۆگ و سەرکردەی سیاسییدا دانانێن. هەڵبەتا، دەبێ هەموو سەرکردەیەکی سیاسیی رۆشنبییریی هەبێت، بەڵام مەرج نییە هەموو رۆشنبییرێک بتوانێت ببێتە سەرکردەی سیاسیی، چونکە سەرکردایەتیی هەر زانین نیە بەڵکو کارێکتەریشە، بەڵام زۆربەی گەنجانی ئێمە هەوڵدەدەن ببنە رۆشنبییر نەوەکو سەرکردەی سیاسیی. من هۆکاری ئەوەش بۆ ئەو ئاوە دەگێڕمەوە کە رەهەندییەکان ڕشتیان و نەوەکانی دوای ئەوانیش پێیان تێخست. ڕەهەندییەکان کاریان لەسەر ئەوەدەکرد کە گەنجەکان لە روی چالاکییەوە پاسیڤ بکەن، کە هەندێکیان تا ئێستاش لەسەر ئەو نەهجە بەردەوامن و هەندێکیشیان کاریان ئەوەیە کە دەبێ ئەوان قسەکەر و موفەکیربن و ئەوانی تریش گوێگر.
لە باشتریین حاڵەتیشدا خۆیان بوون بە ڕاوێژکاری نەوشیروان مسطەفا و بەرهەم صالح و خەڵکیشاین هاندەدا لەدەوری ئەوان کۆببنەوە تا ڤێرژنێکی تری کوردایەتیی (مەدەنیی) بەرهەمبهێننەوە کە پێشتر لە جەلال طالەبانییدا تاقیکرابوویەوە. ئەوان نە خۆیان هاتن رۆڵی سەرکردەی سیاسیی ببینن و نە کاریشیان بۆ ئەوەکرد کە لەناو نەوەی دوای خۆیاندا ئەو گەرایە دابنێن. هەر کەوتنەوە بەباکردنی کای کۆن تا نانی خۆیانی لێ حاصڵکەن؛ دیارە تا ئێستاش هەر بەردەوامن و خەریکن لە کۆمەڵێک پاشماوەی خانۆچکەکەی نەوشیروان قەڵاکەی کوردایەتیی مەدەنی ئاوابکەن. بۆیە زۆر گرینگە کە گەنجانی ئێستا لەسەر کارێکی رێکخراوەیی جددیی رابوەستن و کەرەستەکانیشیان، لە ڕوی فیکریی، سیاسیی و مرۆییشەوە، تازەبن و تەپوتۆزی ئەو حەرەکە فیکریی و سیاسییە بۆگەنەی کوردایەتیی نەبێت کە سەرچاوەی هەموو ئەو نەهامەتییانەن کە باو و باپییر، دایک و نەنکیشیان توشی بوون و بە میرات بۆ ئەوانیش ماوەتەوە.

لێرەدا گرینگە ئەوە بخەمە ڕوو کە گەرەنتی سەرکەوتن لە خۆ بەرێکخستندایە. رێکخستنێک کە خاوەن چالاکیی بێت، لەبەر ئەوەی رێکخستنی بێ چالاکیی، وەکو هەموو ئەو حیزبۆکانەی کوردستانی عێڕاق کە هەر ناون، مردووە و گەشە ناکات. رۆڵی چالاکیی هەر ئەوەنییە کە فشار دەخاتە سەر دەستەڵات، بەڵکو لەوە گرینگتر هۆشیارکردنەوە و بە ڕێکخستن کردنە. چەند چالاکیی زیاتر بێت، رێکخستن گەورەتر دەبێت و چەندە رێکخستن گەورەبێت چالاکییش گەورەتردەبێت و ئامانج دەپێکێت.

ئامانج لە رێکخستن نابێ ئەوەبێت کە لە رۆژێکدا هەموو شت بگۆڕدرێت، یانیش تەنها کۆمەڵێک پەرلەمانتار بگەیەنییە ناو پارلمان، (کە دیارە ئەوەش بەشێکە لە کاری سیاسیی) بەڵکو دەبێ کارکردنێکی پشودرێژانە و پتەوبێت. ئەمە کارێکە کە بەلایەنی کەمەوە دەبوایە ٢٥ ساڵ پێش ئێستا، جیلی ئێمە دەستیپێبکردایە، بەڵام ئەو کات، نە ئەو هۆشیارییە فیکرییە لە ئارادابوو نە قەیرانەکانیش وەکو ئێستا بوون و نە خەڵکیش پاشای کوردایەتیی ئاوا رووت دەبینیی. ئەگەر ئەم جیلەش هێزی روبەڕوبوونەوەی خۆی نیشاننەدات ئەوا ناتوانن نە ژیانی خۆیان و نە هی نەوەکانی دوای خۆیشیان بگۆڕن. ئەمەش رێگە لەبەردەم کۆمەڵێک خەڵکی هەلپەرست و دەمگەرم و بەرژەوەندییخواز و دەستەڵاتخواز دەکاتەوە کە سواری شەپۆلەکان ببن و هەموو ئەو بەردانە بخەنەوە شوێنی خۆیان کە لەدیواری دەستەڵات دەترازێن. جیاوازیی نێوان سەرکردە و ئەوانەیشی تەنیا سواری شەپۆلی نارەزایەتیی خەڵک دەبن ئەوەیە کە سەرکردە دەست بەکار دەکات، بناغەیەک دادەڕژێت و لە پێشەوەیە، ئینجا داوا لە خەڵک دەکات لەگەڵیدابن. هەر کەسێک گوتی، ئەگەر خەڵک لەگەڵمدابێت وادەکەم و وادەکەم، بێ ئەوەی روئیەیەکی رونی هەبێت و هیچ طەرحێکی فیکریی و سیاسیی نوێی پێبێت و هیچ چالاکییێکی هەبێت، ئەوە هەلپەرستە و دەیهەوێت خەڵک کورسییەکەی بۆ دروستبکەن و ئەویش لەسەری دانیشێت.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress