Skip to Content

پۆتێنشیاڵی زمان لە شیعری( نان و ئاگر)ی حەمەی شانۆدا.. عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)

پۆتێنشیاڵی زمان لە شیعری( نان و ئاگر)ی حەمەی شانۆدا.. عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)

Closed
by شوبات 6, 2021 General, Literature


دەق و خوێندنەوە

نان و ئاگر

پێش
ڕۆژ هەڵاتن
پێش توانەوەی
زوقمی نێو جۆگەلەکان
پێش ئەوەی شەیتانەکان هەڵسن
پێش ئەوەی بارانەکە خۆشی بکاتەوە
من بەخەبەرم دەچمە دەرێ لەماڵ

مەیدانی کرێکاران قەرەباڵغە
لەو پیاوانەی بە هێزی شانەکانیان
دەژین کەسانێکیش
چەک لەسەرشانن لەتەوێڵەی
ئاغاکانیان

عەشق بەتامی کرێکاری سوێر سوێرە
دەستە زامدارەکانم
بۆنی ئارەقی کراسەکەم
ڕوومەتی هەڵقڕچاوم
پشتەکۆمەوەکەم
ڕووی ڕاوەستانیان نییە
بەرامبەرکچێک
کچان زمانێکی شیرینیان دەوێت
حەزیان بەقسەی شاعیرانەیە.

شاعیرە تەسکەکانم خۆشناوێت
ئەوانەی مناڵی بەردەم سپلیتن
بەسپۆنسەر
بەمیدیا
بەمیدالی زێڕین
بوونەتە شاعیر

کرێکارەکان شاعیری ڕاسەقینەن
ئاخی ئێمە و ئەوان مەودای ئەرز و ئاسمانە
ئاخی ئێمە لەدەست
ماندووێتی وچەکوش وەشانە
هی ئەوانیش لەعانی گان و و
ڕەحتبوون و تەکانە

خودا گەر لەو دنیا پێم بڵێ تۆ کێی ؟
ناو لەپی دەستەکانمی پێشان ئەدەم
پسوڵەی بەهەشت ، چەکوشەکەمە
کە سیمبولی ڕەنجدەرانە

تەنها بەشی تێرکردنی سکێک و
دەفتەر و پێنوسێک و
کرینی کتێب و فیلمێک دەکات
پارەکەم
ئا ئەمەیە ژیانم ناشتوانم ناوی بنێم خەون
ئەژدادی ئەوخەونانەش بسوتێنم
کە بەپارەی کرێکاری دێنەدی.

هەندێ شەو هێندە هیلاکم
گەر فریشتەی مەرگیش بێت
پێی دەڵێم تخوا بڕۆ سبەی وەرەوە
باهەرنەبێ ئارەقەکەم وشک بێتەوە.

نیوەڕۆیەکی کرێکارانە بژێ
بەخواردنی نان وئاگر.
بەکارکردن لەژێرپلەی گەرمی پەنجا

ژیان هەموومانی گا
هێشتا پێمان دەڵێن تەحەمولت هەبێ
هەرنەبێ تۆزێ کەمتر
ئازار بچێژین
هەرنەبێ چەقۆکانتان توندتر بوەشێنن
وەک وەشیانی چەکوشەکانمان

جغارەیەکم داگیرساندوە و
قەترە قەترە دەبمەئاو
قەترە قەترە لەبری فرمێسک
ئارەقە دەکەوێتەسەر
وێنەکەت کە خەریکە کاڵ دەبێتەوە
خەریکە وەستا بانگم بکا

پێش ئەوەی ئارەقەی سینگ
وپشتم وشک بێتەوە ،
ئەم دێڕانەم نووسی
ببورە ڕەنگە کەمێ تامی سوێربێت
ڕەنگە کەمێ سەرت بێتە ئێش
چونکە دەنگی تاق وتریقی چەکوش کاست ئەکا.

   خوێندنەوەیەک بۆ دەقی (نان و ئاگر)

شیعری (نان و ئاگر) دەقی شاعیری لاو حەمەی شانۆیە(١)، ئەم دەقە مۆنۆلۆجێکی ناوەوەیی شاعیر یان کارەکتەری ناو دەقەکەیە کە کرێکارە و لەڕێگەی بەراوردکارییەکەوە، بەراوردکارییەکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ، لەڕێگەی زمانێکی سفت و سادەوە خوێنەر کەمەندکێش دەکاتە نێو هەستیارترین بابەتی ڕۆژ و ژیان، ئەویش فەلاکەتباریی و مەینەتباری ژیانە. شاعیر زۆر بە وردکارییەوە ئیشی لەسەر ئەو بەراودرکارییە، لەڕێگەی وشە و دێر و وێنە چێکراوەکانی نێو دەقەکەوە کردووە، ئاشنامان دەکات بە دۆخێکی ناخوازراو و نالەباری کۆمەڵایەتی. پرۆسەی بەراودرکارییەکە ئەبستراکت نییە و شاعیر چینێکی کۆمەڵایەتی تاسەر شۆڕشگێڕ و نوخبەیەکی وردەبۆرژوازی ڕاڕامان نیشان دەدات و بەرپرسیارێتی هەردوولا سەبارەت بە ژیان و کۆمەڵگە دەخاتە ڕوو. ئەو زمانەی شاعیر بەکاری بردووە، زمانێکە ئاسایی و سادە و تەنانەت مرۆڤە سادە و بەشمەینەتەکان بەکاری دەهێنن و دوورە لە زمانی نوخبە، دوورە لە زمانی بۆینباخ لەبەرەکانی نێو ئۆفیسی پشت مێزە زەبەلاحەکان، ئەوانەی وشەی نامۆ نامۆ و دەقی نامۆ نامۆ دەنووسن. حەمەی شانۆ هێزی وشە زۆر سادەکان دەناسێت و زیرەکانە دەستی بردووە بۆیان و ئەو ‌هێزەش بووە بە پۆتێنشیاڵی نووسینەکەی.

پێش
ڕۆژ هەڵاتن
پێش توانەوەی
زوقمی نێو جۆگەلەکان
پێش ئەوەی شەیتانەکان هەڵسن
پێش ئەوەی بارانەکە خۆشی بکاتەوە
من بەخەبەرم دەچمە دەرێ لەماڵ
بەڵێ ئەوە کرێکارەکانن، ئەو ئینسانانەن کە نانی ڕۆژیان نییە و ئامادەن هێزی کاری خۆیان بفرۆشن و لەکازیوەی بەیانییەوە لەماڵ دەردەپەڕن و ئێوارە بە شەکەتی و ماندوویی دەگەڕێنەوە ناو ماڵ، ئەوان ئەو چینێکی تاسەر شۆڕشگێڕن.جیهانی کرێکاران، لێوڕێژە لەعەشق و تووڕەیی و ئومێد و خەون و شەڕەقسە و ململانێ و خەبات. لەم جیهانە سادەیەدا ئاخاوتن و گفتوگۆشیان سادەیە وەک دڵە پاکەکانیان. جنێوەکانیشیان خاکییە و پڕە لە ئیدیۆم ومیتافۆر. شاعیر هاتووە لەم جیهانەوە باس لە عەشق و شیعر و شاعیر دەکات تا دەگات بە سکاڵا لە دەست نەهامەتییەکانی ژیان.

عەشق بەتامی کرێکاری سوێر سوێرە
دەستە زامدارەکانم
بۆنی ئارەقی کراسەکەم
ڕوومەتی هەڵقڕچاوم
پشتەکۆمەکەم
ڕووی ڕاوەستانیان نییە
بەرامبەر کچێک
کچان زمانێکی شیرینیان دەوێت
حەزیان بەقسەی شاعیرانەیە.
بەشێکی بەرچاوی کچانی ڕۆژهەڵات، ئەوانەی وابەستەی کۆمەڵی نەریتی کۆمەڵایەتین و هێشتا هەناسەی دەرەوەی قەفەسەکانی کلتووری ڕۆژهەڵاتیان هەڵنەمژیوە، وا بار هاتوون کە دەبێت کوڕ ئەرکی لاوانەی ئەوینی کچان لە ئەستۆ بگرن. بەڵام کارەکتەری نێو دەقەکە ( کە هەر خودی شاعیرە و ڕاناوی کەسی یەکەمە) کە بۆنی ئارەقەی لێدێت و بە پشتی کۆم و دەستی زامداری ڕووی ئەو لاوانەوەی ئەوینەی نییە. هەرچەندە ئەم دیاردەیە لەدەقەکە گشتیگیر نیشاندراوە، بەڵام لایەنە نێگەتیڤەکەی بریتییە لەوەی کە کرێکار و جیهانی کرێکار ڕووی ئەوین و عەشقی نییە. بەڵام لە ڕاستیدا و لە دونیای واقیعدا جیهانی کرێکار پڕە لە خۆشەویستی و دەیەها چیرۆک و حیکایەتی ئەڤینداری لەهەناودایە، یانیش ڕێی تێدەچێت کەپڵەکەی ئەم کرێکارە هەڵگری ڕوحییەتێکی بۆرژوازییانە بێت و بەم جیهانە مەینەتبارەی عاشقە کرێکارەکەی نامۆ بێت. هەرچۆنێک بێت شاعیر بێئەوەی باس لە سیاسەت بکات و دروشم بەرز بکاتەوە، هاتووە بە دیوەکەی تر بە دیدگایەکی چینایەتییەوە بابەتەکەی خستۆتە ڕوو. ئەوەش ڕوونە کە(ئەو ئەدەبەی گوزارشت لە دیدگای چینایەتی دەکات، ئەدەبێکی سیاسییە.)(٢) و بەم پێیە ئێمە لەم دەقەدا ڕووبەڕووی شیعرێکی چینایەتی – سیاسیی بووینەتەوە و سیحری زمانەکەی ئێمەی هێناوەتە سەر کەڵکەڵەی خوێندنەوەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە وشەکانی دەقەکە لەنێو هەناوی ڕەخنەی چینایەتی کڕیکارەوە نەهاتوون.

شاعیرە تەسکەکانم خۆشناوێت
ئەوانەی مناڵی بەردەم سپلیتن
بەسپۆنسەر
بەمیدیا
بەمیدالی زێڕین
بوونەتە شاعیر.

کرێکارەکان شاعیری ڕاسەقینەن
ئاخی ئێمە و ئەوان مەودای ئەرز و ئاسمانە
ئاخی ئێمە لەدەست
ماندووێتی وچەکوش وەشانە
هی ئەوانیش لەعانی گان و
ڕەحتبوون و تەکانە

ئەگەر شاعیربوون لێرە مەجازیش بێت،هێشتا لەبەردەم پرسیارێکی جیدیی دایە. ڕۆڵی شاعیر لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چییە؟ چونکە منداڵانی بەردەم سپلیتەکان شاعیر نین و تەنها چەکووش بەدەستەکەی نێو ئەم دەقە شاعیری ڕاستەقینە و نووسەری ئازارەکانی ئینسانە. ئەوەی نیشاندراوە، وێنای جیاوازی ئابووری دوو چینی جیایە. یەکێکیان گوزارشتی درۆیینە لەگەڵ شیعر و واقیع دەکات و هەموو خەمی ئارەزوو و حەزەکانییەتی و ئەو حەزانەش لە کاتی هەناسەبڕکێی تەکانەکانیدا وێنا کراوە. ئەویتریان کرێکارەکەیە کە بێ دوودڵی و بێ ڕتووش گوزارشت لە واقیعی ژیانی خۆی دەکات کە حەمەی شانۆ سەر بە جیهانی کرێکارەکەیە، (کە جغارەیەکی داگیرساندووە و قەترە قەترە دەبێت بە ئاو). بەکاربردنی جغارە لەبری جگەرە، لانەدانە لەو ئینتمایەی کە زمان دەقەکە هەیەتی بۆ سادەیی جیهانی ئاخاوتنی شاعیر. دوا دیمەنی ئەم کۆپڵەیە وشەگەلی ( گان و ڕەحەتبوون و تەکان) گەر بەشێوەی ئەبستراکت وەریان بگرین دەبنە هۆی ناحاڵیبوون لە دەقەکە و دواجاریش ڕێکە خۆش دەکات بۆ لێکدانەوەی نادروستی وەک بێحورمەتی بە ژن. بەڵام لە سیاقی دەقەکەوە لێی بڕوانیت، دەبینیت کە ئەو وشانە گوزارشتێکی ئابووییان هەیە و دەلالەتن لەسەر مەدلوولێکی تر کەئەویش دۆخی ئابووری چینێکی تر(بۆرژوازی)ی خاوەن بەرژەوەندی جیاوازە لە بەرژەوەندی چینایەتی شاعیر .خوێندنەوەی هەڵە بۆ زمانی شیعریی و لێکدانەوەی موجەرەدانەی وشە لەدەرەوەی هەیکەلەی دەق، جگە لە ناحاڵیبوون لە دەق و زمان و شیعر، بەرهەمێکی تری نابێت.

تەنها بەشی تێرکردنی سکێک و
دەفتەر و پێنوسێک و
کرینی کتێب و فیلمێک دەکات
پارەکەم
ئا ئەمەیە ژیانم ناشتوانم ناوی بنێم خەون
ئەژدادی ئەو خەونانەش بسوتێنم
کە بەپارەی کرێکاری دێنەدی

ئەم تووڕە بوونە توورەبوونێکی ڕەوای کرێکارە لە دونیای بۆرژوازی. ئاخر لە دنیایەک کە هێزی پارە بڕیاردەر بێت، کرێکارێک مەمرەو مەژی بژێت، چۆن دەتوانێت دەستی بگات بە خەونەکانی. چۆن هەقی نییە بڵێت ئەژدادی ئەو خەونانە دەسووتێنم. ئەو کە خەمی پەیداکردنی نانی سبەێنی هەبێت، ئیتر چۆن دەتوانێت ماڵۆچکەیەک یان کونجی قەناعەتێک لەگەڵ دولبەرەکەی بنیاد بنێت؟ نیزامی سەرمایەداری بێڕەحمانە ساڵانە بەهەزاران بێکار فڕێ دەداتە لێواری ژیانی مەمرەومەژییەوە، مافەکانی کرێکاران زەوت دەکات، بیمەکانیان کەم دەکاتەوە، بە کورتی کرێکار بەردەم لەهێرش دڕندانەی بۆرژوازی دایە، لەهەمان کاتیشدا هەڵەیەکی کوشندەیە گەر پێمان وابێت، کرێکار لەبەردەم چەقۆی ئەم جەللادە بێڕەحمەی سەرمایە، لەم جەنگە چینایەتییە، دەبێت دان بە خۆیدا بگرێت و هەمیشە نەرم ونیان بێت. غەدرێکی گەورە لە کرێکارەکەمان(شاعیرەکە)ش دەکەین ئەگەر بڵێین ئەو ئیدیۆمەی کە بۆتە چوارچێوەی تووڕەبوونەکە لەجێی خۆیدا نییە. نەخێر بە بڕوای من پەنابردن بۆ پراگماتیک زۆر لە جێی خۆیدایە، چونکە پراگماتیک بەوپێیەی پابەندی یاسا و واتای فەرهەنگی نییە پەیوندی راستەوخۆی بە وتنەوە هەیە، توانای ئەوەمان دەداتێ، کە بە چەند وشەیەکی کەم بیرێکی فراوان دەرببڕین.(٣)

نیوەڕۆیەکی کرێکارانە بژێ
بەخواردنی نان وئاگر.
بەکارکردن لەژێرپلەی گەرمی پەنجا

ژیان هەموومانی گا
هێشتا پێمان دەڵێن تەحەمولت هەبێ
هەرنەبێ تۆزێ کەمتر
ئازار بچێژین
هەرنەبێ چەقۆکانتان توندتر بوەشێنن
. وەک وەشیانی چەکوشەکانمان

لەدۆخێکی ئاوا فەلاکەتبار و کارکردن لەژێر پلەی گەرمی پەنجا، وەختێک بەفریش فریای قوورگی وشک و ناخی سووتاو ناکەوێت، ئیتر گوزارشتکردن لەم جەهەنمە بە ئیدیۆمی (ژیان هەموومانی گا) جوانییەک دەبەخشێت بە کۆپڵەکە، بێئەوە بچووکترین هەست بە ئازار ببەخشێت. ژیان هەموومانی گا یانی ژیانی ئێمەی کرێکار لەناو دۆزەخی سەرمایەداری تواندنەوەی هەموو خەونەکانمانە، لەدەستدانی عاشقەکانمانە، نەبینینی خێر و خۆشییە، تەمەن کورتییە. ئەمە هێزی ئەو زمانەیە کە حەمەی شانۆ بێئەوەی بهێلێت دیوە نێگەتیڤەکەی ئەو ئیدیۆمە دەربکەوێت، بەدیوە پۆزەتیڤەکەیەوە دیمەنێکی جوانمان نیشان دەدات لە نایەکسانی ژیانی ئینسانەکانی کۆمەڵگە.تەجرید کردنی وشەی (گان) لە ئیدیۆمەکەی ناو ئەم دەقە، تەفسیرکردنی هەڵە و لێکدانەوەی بە دیوە نێگەتیڤەکەی وەک پرۆسەی جنس و سووکایەتی بە ژن، ناحاڵیبوونە لە ئیدیۆم و کاری ئیدیۆم لە زماندا. چونکە ئیدیۆم خۆشی ( ناسکترین و وردترین هۆی ڕەوانبێژییە.گەلێک لەوە کاریگەرترە کە تۆ راستەوڕاست ڕاستییەک ئاشکرا بکەیت و بیڵێیت.)(٤) ئیدیۆمی ( ژیان هەموومانی گا) کە لەم دەقەدا بەکار هاتووە، پەیوەندی بە سەرجەم ئینسانەکانی کۆمەڵگەوە هەیە بە ژن و پیاوەوە.

جغارەیەکم داگیرساندوە و
قەترە قەترە دەبمە ئاو
قەترە قەترە لەبری فرمێسک
ئارەقە دەکەوێتە سەر
وێنەکەت کە خەریکە کاڵ دەبێتەوە
خەریکە وەستا بانگم بکە

پێش ئەوەی ئارەقەی سینگ
وپشتم وشک بێتەوە ،
ئەم دێڕانەم نووسی
ببورە ڕەنگە کەمێ تامی سوێربێت
ڕەنگە کەمێ سەرت بێتە ئێش
چونکە دەنگی تاق وتریقی چەکوش کاست ئەکا.

لێرە خەیاڵەکەی شاعیر ڕوونتر دەردەکەوێت و کرێکارەکە کە هەر خودی شاعیرەکەیە و لە خەیاڵگەی خۆیدا و لەژێر پلەی گەرمی پەنجا وا خەریکە سکاڵا لەدەست نا عەدالەتییەکانی ژیان دەکات و نەفرەت لە نایەکسانی دەکات، دوایین دێرەکانی خۆی یان دوایین مۆنۆلۆجی خۆی بەزمانە سفتەکەی نیشان دەدات و دەچێتەوە نێو دۆزەخە نێشاندراوەکەی نێو شیعرەکە تا ئەو بڕە پارەیەی کە هەقدەستەکەیەتی و بەشی ژیانێکی ئاسایی ناکات، وەربگرێت و بتوانێت دەفتەرێک و کتێبێک و ژەمەخواردنیک و پاکەتە جگەرەیەکی پێبکڕێت. نابێت بیرمان بچێت کە بەدرێژایی مێژووی زمان و ئەدەب،جگە لە ڕەگەزی خەیاڵ،زمان توانیویەتی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە ئاخاوتن. زمانێک لەنێوان هونەر بوون و پێوەرە زمانەوانییەکان مۆری خۆی بدات لەو دەقانەی کە لەدووتوێی لاپەڕەکانی مێژوودا بە دەقی داهێنەرانە یان زیندوو یان نەمر ناوزەد دەکرێن. زمانێک نە دەکەوێتە دەرەوەی ململانێی کۆمەڵایەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و نە دەستەوەستانیشە لە گوزارشتکردن لە خەونەکانی ئینسان. شاعیر لێرەدا گەرچی نایەوێت ببێتە دیلی کۆتوبەندی پێوەرە ئەدەبییەکان، بەڵکو ئازادانە لەگەڵ وشەکانی، وێنای ئەو ئازارانە دەکات، کە خۆی و ئێمە و مرۆڤایەتیش پێوەی دەرگیرین.زمانی دەقەکەش سەرباری سادەیی و سفتییەکەی، دوورە لە ڕاستەوخۆیی و وابەستەیی دەقەکە بە سیاسەتەوە .ئەنگڵس لە ساڵی ١٨٨٥ لە نامەیەکدا بۆ کاوتسکی دەنووسێت( لە هیچ ڕوویەکەوە پێم خراپ نییە چیرۆکێک بە ئاراستەی سیاسیدا بڕوات، بەڵام لایەنگری زەق و ئاشکرا بە باش نازانم.)(٥)
دواجار حەمەی شانۆ، ئەو شاعیرە لاوە پڕ لە وزەیەی کە خاوەن پۆتێنشیاڵی زمان و دەربڕینی هونەرییانەی سادە و جوانە لەم دەقەدا و بەڕوئیای ڕوونەوە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی چینە کۆمەڵایەتییەکان، نیگای بڕیوەتە داڕشتنی دەقێکی ئەدەبی(نان و ئاگر) کە ژیرانە لەڕێگەی کۆمەڵێ وێنەی شیعریی و دەربڕینی هونەرییەوە سەرنجی ڕەخنەی ئەدەبی بۆلای خۆی ڕاکێشا و بە زمانێکی سادە و پڕ لە وزەوە توانی شیعرێکی کرێکاریی جوان بهۆنێتەوە، کە ئەگەر لەسەر ئەم ڕێڕەوە و بەم ناوەڕۆکە چینایەتییە کرێکارییەوە درێژە بە شیعرەکانی بدات، دوور نییە لەداهاتوودا ببێت بە شاعیرێکی کرێکاریی خاوەن سەبک و ستایڵی تایبەت بە خۆی.

عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)
یانزەی ئەیلوولی ٢٠٢٠

———————————————-

ژێدەرەکان :
(١)محمد بەرزان، ناسراو بەحەمەی شانۆ ساڵ١٩٩٨ لەشاری کەرکووک لە دایکبووە. خوێندکاری پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی کەرکووکە و خاوەنی گروپی شانۆی دیالۆگە و چوار ئەزموونی شانۆیی کردووە کە لە نووسین و دەرهێنانی خۆی بووە ،لەبواری شیعریشدا ساڵێک زیاترە دەنووسێت، هەوڵیداوە لەنووسینەکانیدا سرووشتیانە بێت وەک تریشقە ئاسا بێ هیچ کۆت و بەندێک ئازارەکانی ئینسان بگەێنێ..
(٢)الفن و التصور المادي للتآریخ تآلیف جورج بیلخانوف ترجمة جورج طرابیشي من منشورات دار الطلیعة للطباعة و النشر بیروت لبنان الطبعة الآولی ١٩٧٧ ص٤٩.
(٣)ئیدیۆم چەشن و پێکهاتنی لە زمانی کوردیدا نووسینی شیلان عومەر حوسێن مەڵبەندی کوردۆلۆجی چاپخانەی ڕەنج چاپی یەکەم سلێمانی ٢٠٠٩ لاپەڕە ٧٥
(٤)ئیدیۆم لە زمانی کوردیدا نووسینی جەلال مەحمود عەلی وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی چاپخانەی حیسام بەغداد ١٩٨٢ لاپەڕە ٧.
(٥)مارکسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی نووسینی تێری ئیگڵتن وەرگێرانی هاوڕێ یوسفی لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما چاپخانەی گەنچ چاپی یەکەم سلێمانی ٢٠١٧ لاپەڕە ١٦٠-١٦١.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish