لە یاریی ژیاندا بەردەوام داشی مەرگی نابەوەخت بەسەر لاوازەکاندا سوارە! … سەعید ئەمانی
مەرگی بێوەخت و لەناکاو
هەر بە منی لاواز دەوێرێ
لەبوسەمدا لەگشت شوێنێ
لە بولەرزە و لافاو و توشی و تۆفانا
وەک حەزیایەک
هێرش و هاشاوڵم بۆ دێنێ
لە بۆمبی بیر و ئەفکاری داعشانە و
سوتانی ” پلاسکۆ” کاندا
بڵێسەکانی ئاگرە و دەمبرژێنێ
بە بنار و بە بەرزایی شاخانەوە
لەسەر ڕێگای کۆڵبەریمدا
ڕنوی بەفرە و دێ بەرومدا
لەسەر سنور گوللەی پاسدار و مەئمورە
جەستەی کردومە نیشانە
لەشوێنی کار و کارخانە
گەردیلەی گاز و دوکەڵە
ئاوێتەی هەناسەدانمە
دێوەزمەی بێکاریە و
بەردەوام لەسەر شانمە
پەتی سێدارەی دوژمنە
گەروم دەگوشێ
زەخت و گوشاری زۆردارە
دەمتارێنێ
سەرمای وەرزی نەهامەتیە
دەمتەزێنێ
لە ڕێگای کۆچ کردنمدا بۆ هەندەران
شەپۆلەکانی دەریایە دەمخنکێنێ
سوکایەتی تاراوگەیە دەمتاوێنێ
دەبێتە شەڕ و ئاژاوە
پێم دەفرۆشرێ
دەکرێتە بومب و گوللە
تێمی دەگرن
ئاوێتەی پیلان و خورافەیە
بە لامەوە پیرۆز دەکرێ
دەبێتە تیری بێ هیوایی و
بەدەستی خۆم دامدەبێژێ
دەستی بە هێزی زۆردارە و
هەر رۆژەو بە چەشنێ منی بێ هێز
دەسڕێتەوە
داری هیوام بەرناهێنی
لەڕەگەوە دەیبڕێتەوە
***
ئەو دوژمنانەی تا ئێستا
منیان کوشتوە
ئەو دەستانەی لە بێ هێزی من بەهێز بوون
هیواکانمیان ناشتوە
ئەو دەنگانەی بەسەر دەنگمادا دلێر بوون
هەر خۆم بە توانام کردون و
لە بێدەنگی من بوێر بوون
***
من بە ئەژمار
مەزنترین هێزی دنیام
ژیان بەخش و خوڵقێنەری
ئاسودەیی و هەرچی ئەشیام
گەر بمەوێ لەو بەهەشتەی
لەم جیهانە خوڵقاندومە
بەشم هەبێ
ئازار و مەرگ بتارێن و
وەکو مرۆڤ لە خۆشیدا
کەشم هەبێ
دەبێ هێزم کۆبکەمەوە
داسی خەبات و تێکۆشان
بۆ دروێنەی
ئازار و ژان
هەڵبڕینی لاسکی زوڵمی زۆرداران
تیژ و دەمەزەرد کەمەوە
دەبێ بەخۆمدا بێمەوە!
ئەو نەزمە پێچەوانەیە
بۆباری خۆی هەڵگێڕمەوە.