
من برینم … به‌ختیار محه‌مه‌د
من له یۆنانه‌وه تا ئێستا
له ماده‌وه تا ئێستا
جه‌نگاوه‌رم،
به‌ڵام هێشتا ڕێی ئازادی خۆم
پێ نازانم.
ئاخ، من برینی قووڵی مێژووی
هه‌موو مرۆڤایه‌تیم.
من گه‌لێكم، گه‌لێكی كۆچه‌ری
له نێوان مان و نه‌مانی خۆمدا
هه‌میشه كۆچه‌رم.
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م
ڕێی حه‌قیقه‌تم پێ نادۆزرێته‌وه.
من گه‌لێكم له بیابانی مێژوودا
خواش ده‌ستی لێ هه‌ڵگرتووم.
ئاخ، چه‌ند سه‌رلێشێواو و سه‌رگه‌ردانم!
خۆم هه‌میشه برین له جه‌سته‌ی خۆم
دروست ده‌كه‌م.
من برینه‌كانم
ده‌كه‌مه ماڵی دوژمنه‌كانم.
من جه‌نگاوه‌رێكم
له‌ناو برینی به‌سوێی خۆمدا
پاڵه‌وانم.
من هه‌میشه فریوخواردووی
گفتی شه‌یتانه‌كانی ناو مێژووم
(من ئیسماعیلم و هه‌میشه سه‌رده‌بڕدرێم).
من هه‌میشه ئاده‌مێكم و له به‌هه‌شت
ده‌رده‌كرێم.
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م
دوژمنم له خۆم خۆشتر ده‌وێ.
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م
باوه‌ڕ به خۆم ناكه‌م
باوه‌ڕ به‌وانی دیكه ده‌كه‌م.
ئاخ، من هه‌میشه پاڵه‌وانی
ناو برینه‌كانی جه‌سته‌ی خۆمم.
من له‌ناو ئه‌شكه‌وتی برینه‌كانی خۆمدا
مێژووی دۆڕاوی خۆم ده‌نووسمه‌وه و
شۆڕشان به‌رپا ده‌كه‌م.
من له‌ناو برینه تاریكه‌كانی خۆمدا
سه‌ما بۆ كوژرانی هابیلانه‌ی خۆم ده‌كه‌م.
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م
له‌به‌رچاوی دوژمنه‌كانم
سه‌ما بۆ كوژرانی هابیلانه‌ی خۆم ده‌كه‌م.
(من هه‌م قابیلم و هه‌م هابیلیش).
من جارێك له شاخم
جارێكیش له پایته‌خته‌كانم.
من هه‌میشه كۆچه‌رم،
كۆچه‌رێك
له نێوان مان و نه‌مانی خۆمدا.