Skip to Content

خەیاڵێک لە دووریی یار.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

خەیاڵێک لە دووریی یار.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 31, 2021 General, Poems

گالیسکەی خەیاڵ رامدەکێشێت
بۆ ئەو رۆژانەی من لەگەڵ یار
پێکەوە لە دەفتەری عەشقدا
وێنەی فرمێسکی شادیمان ئەکێشا
بە روخسەتی پەلکەزێڕینە
رێگە تاریکەکانمان ئەسڕییەوە
بە بەرچاوی رووی گرژی مەرگەوە
پێک پێک شەرابی ژیانمان ئەخواردەوە
لەگەڵ یەکتردا
بەناو تاریکترین شەوەکاندا تێپەڕین
بە تونێلی رۆژە سەختەکاندا رەت بووین
بە سواری ئەسپی شیعرەوە
بە داڵانەکانی غەریبیدا رۆشتین
تاکو گەیشتینە ئامێزی نیشتمان
نیشتمانیشمان لەم
سەهۆڵستانەی باکووری زەویدا
تەنها و تەنها باوەشی یەکتر بوو
بە شەمەندەفەری عەشق رۆشتین
تا گەیشتینە ئەو شارە ماندووەی
هەزار جار چەقۆی قینی
بەسەردا باریبوو
تا گەیشتینە ئەو کوخە بچووکەی
بۆنی عەتری رامووسانی لێ ئەهات
لەوێ پێکەوە
قاوەمان بۆ ئەستێرەیەک گرتەوە
دەستی شەوەکانمان خوێندەوە
تەفسیری خەونی پەلکە گیامان کرد
لە فنجانی قاوەی ئەستێرەکەدا
دوو مانگمان بینی کە خۆمان بووین
لە ناو لەپی دەستی شەودا
دوو رێبواری یەک رێگەمان بینی
کە هەر خۆمان بووین
لە خەونی پەلکە گیادا
دوو چڵە نێرگزی رووتمان بینی
ئەویش هەر خۆمان بووین
پێکەوە حیبرمان کردە
ناو لەشی قەڵەمی عەشقەوە
لەسەر پەڕەی دڵ نووسیمان
یەکترمان خۆش ئەوێت و
پەیمان ئەدەین وەک
شەپۆل و دەریا پێکەوە بین
وەک ئەستێرە و ئاسمان
لەناو رۆحی یەکتردا بین
وەک غەم و ئەسرین
لە یەکتری جیا نەبینەوە
وەک خوێن و زام
ئاگر و رووناکی
پێکەوە گۆرانی بڵێین
پێکەوە لە کانی عەشق
تینوێتیمان بشکێنین
پێکەوە وەک گوڵە گەنم
لەسەر خاکی نیشتمان بڕوێین و
لە بەشی خوارەوەی لاپەڕەکەدا
بە خوێنی چاوەکانمان
ئیمزامان لەسەر کرد
پێکەوە ئەفسوونمان
لە برینە دێرینەکان کرد و
بە گیای عەشقێکی جاویدانی
تیمارمان کردن
لە خێڵی دڵ مۆمیاکراوەکان هەڵهاتین
تا گەیشتینەوە بە یەک
لە مەملەکەتی تاریکی بارمان کرد
دەستمان کرد بە شرۆڤەی رووناکی
لە دەریا سەرابییەکان دەربازمان بوو
لە چەمێکی غەریبدا خۆمان دۆزییەوە
لە شارە خۆڵەمێشییەکە رامانکرد
لەم گوندە بێ ئادرێسەدا
سەرمان لەگەڵ رەنگەکاندا دەرهێنایەوە
گوێمان بۆ دەنگی پیانۆیەک گرتبوو
غەریبی بۆ شرۆڤە دەکردین و
بە دەسماڵێکی سوور
ئەسرینی بۆ ئەسڕین
بە لای گۆڕستانەکاندا تێدەپەڕین و
نووسراوی سەر کێلەکانمان ئەخوێندەوە
لەگەڵ مردووەکان قسەمان دەکرد
پرسیارمان لێ ئەکردن
جیاوازیی مەرگ و ژیان چییە؟
هەر خۆمان وەڵاممان ئەدایەوە و
ئەمانووت ئەوەی عاشق نەبێت مردووە
هەر چەند لە شاری زیندووانیش بێت
پەنجەرە ژەنگگرتووەکانی
مێژوومان یەک یەک ئەکردەوە
بە دوای داستانەکانی عەشقدا
وێڵ ببووین، بەڵام
هیچ داستانێکمان نەدۆزییەوە
لە عەشقی خۆمان تراجیدی تر
لە عەشقی خۆمان شێتانەتر
لە عەشقی خۆمان جوانتر
بە تیلەی چاو بۆ یەکمان ئەڕوانی
بە چرپەوە بە یەکمان ئەوت
خۆشم ئەوێی و
لە باوەشی یەکتردا ئەنوستین
پێکەوە هەموو جوگرافیاکان رۆشتین
کوچە و کۆڵانەکانی زۆر شار ئەمانناسن
رووبارەکان بەشێک لە بیرەوەریی
ئێمەیان لە دڵدایە
مانگەشەو شاهیدێکی نهێنی پارێزی
ماچەکانمە لە ژێر رۆشنایی خۆیدا
بەناو سنوورە مینڕێژکراوەکانی
رابردوودا تێدەپەڕین
بە ئامانجی دۆزینەوەی
کیشوەری ونبووی ئایندە
هەر ئەڕۆشتین و کاتمان نەبوو
ئاوڕێک لە مێژووی پەرتبوونمان بدەینەوە
هەر ئەڕۆشتین و نەماندەویست
بیر لە وەرینی نۆتەکانی ژیان بکەینەوە
هەر ئەڕۆشتین و نەماندەزانی
ئەم کەشتی عەشقە
لە کوێ لەنگەر ئەگرێ؟
هەر ئەرۆِشتین و چاومان بڕیبووە
ئەو نیگارانەی ئایندە
بە فڵچەی یاخیبوون رەنگ کرابوون
هەر ئەڕۆشتین، هەر ئەڕۆشتین
بێ ئەوەی بڕیارماندا بێ
لەم شەمەندەفەری دڵدارییە
لە هیچ وێستگەیەک دابەزین
ئەمانویست بڕۆین
بەرەو نێو باوەشی ئەو حکایەتانەی
ئەستێرەکان لەنێو خۆیاندا
دەماودەم ئەیانووتەوە و
ئەویش هەر باسی
لە دایکبوونی من بوو
لەنێو خەونە پەمەییەکانی یاردا
ئەڕۆیشتین و بەدزییەوە
گوێمان لە باران ئەگرت
باسی خوسانەوەی ئێمەی دەکرد
بۆ مەزرایەکی تینوو
ئامۆژگاریی باخچەکانی ئەکرد
لەگەڵ یەکەم پشکوتندا
فەرشێک لە گوڵە شەوبۆ
لەبەر پێی عەشقماندا راخەن
لە ئاسمان ئەپاڕایەوە
تۆزێک درەنگتر دەریبکات
تا بە دیمەنی ئاوێزانبوونی ئێمە
بکەوێتە گریان و
دڵی وشکەوەبووی
کێڵگەکان شین بکاتەوە
لە ناکاو خزانی بەردێک
لە چیای مێشکمەوە
بلوری خەیاڵەکانمی
هەپروون هەپروون کرد
کاتێک بە هۆش هاتمەوە
چرای ماڵەکەم
خەریکە کوێرم ئەکات
بۆنی گوڵی ناو ئینجانەکان
کاسیان کردووم
دەستەکانم تەڕ تەڕ بوون
وەک ئەوەی تازە
لە رەیحانەی پرچی تۆدا
شەونمیان بەسەردا باریبێ

Previous
Next
Kurdish