تراژێدیای كیمیابارانكردن و ڕۆمانی “پیاوه‌كان به خه‌ونیش نه‌گه‌ڕانه‌وه”ی مه‌حموود نه‌جمه‌دین
سۆران محه‌مه‌ده‌سووره
یه‌كه‌م
مرۆڤ سروشتێکی غەریب و دانەسەکناوی هەیە، کە لێناگەڕێت بحەجمێت، چجای بۆ کوردێک، کە لەنێو دڵەڕاوکێیییەک دایە، کە ئێستا نا ئێستا دووژمن كیمیاباران و ئەنفالت دەکات، شه‌ڕی براكوژیی ڕۆحت ده‌هاڕێت. بۆیه تاكی کورد هەمیشە بیری بە ماڵەکەیەوە بووە، وێڕانەگەیشتووە بیر لە دەرەوە بکاتەوە و دەرەوەش بە بوون بکات، چونکە لە ئانوساتی تاڵانکردن و بەسەردادانی بێگانە و نەیارانییدا بووە، ئەو هەستە غەریبییەش بووەتە ماڵ و وا بەکۆڵی یەک بەیەکمانەوەیە. هه‌ر بۆیه‌شه كه‌متر كات بۆ ئه‌م كورد غه‌ریبه‌یه هه‌ڵكه‌وتووه، كه له خۆی بدوێت و بهزرێت.
بۆیه كاركردن له هزرین له‌خۆ، زۆر كه‌م بووه، ئه‌و هه‌نده‌ی تێگه‌یشتن له‌خۆ و له كوردبوونیش كه هه‌بووه و هه‌یه، مینا هه‌ڵهێنجانی ئاوێكی سازگار بووه/ـه له بیرێكی قووڵ به‌بێ ئامراز، خه‌یاڵكردن بۆ وه‌ها كارێك سه‌خت، به‌ڵام له نه‌كران به‌ده‌ر نه‌بووه و نییه، ده‌ریچه‌ی وه‌ها كارێكیش كاری چیامرۆڤێكه، بۆیه مه‌موزینی ئه‌حمه‌دێ خانی بۆ كورد نه ته‌نێ ده‌ریچه، به‌ڵكوو ئاو و ئاورێكی هه‌رده‌م سازگار/له‌دایسانه به‌دیار چاره‌نووسی كوردبوونه‌وه. خان‌یش ئه‌و پرۆمیتۆسه‌ی كورده، كه له ڕێگه‌ی مه‌موزینه‌كه‌یه‌وه ئاورێكی دایساویی له بیره دۆزه‌خییه‌كه، به‌ڵام نووته‌ك و سه‌رانسه‌ر ژاناویی بۆ كوردبوون هه‌ڵهێنجا.
له‌وڕا، پرسی مرۆڤ به‌درێژایی ژیان پرسی مانه‌وه و ناسنامه بووه، چونكه مرۆڤ به‌بێ خاك و ئازادیی، بێناسنامه‌یه. ئه‌م بێناسنامه‌بوونه‌شی جگه له ئایینده‌یه‌كی له‌ڕ و له‌رزۆك، نایكات به خودان بیركردنه‌وه و هزرین له خۆی. هه‌ر میلله‌تێكیش خه‌م و خه‌ونی سه‌ره‌كیی خۆی بریتیی نه‌بوو له هزرین له ناسنامه و بوونی خۆی، ئه‌وه ده‌خرێته په‌راوێزی مێژووه‌وه. هه‌ڵبه‌ت یاریكردنی ناسنامه و ئازادیی، له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا جگه له نانه‌زگه هیچی تری لێنازێت.
دووه‌م
پیاوه‌كانی كورد نه له ڕابردوودا گه‌ڕاونه‌ته‌وه، نه له ئێستا و نه له ئایینده‌شدا ناگه‌ڕێنه‌وه، ده‌ڕۆن و ژن و كچه بێنازه‌كانی نیشتیمان ده‌بێ تاڵیی دوورییان و هه‌ڵبڕاویییان له نیشتمان بچێژن، ده‌ڕۆن و ڕوو به ئاڕاسته‌ی ئه‌و بایه‌شدا وه‌رناچه‌رخێنن، كه بۆنی تامه‌زرۆیی و چاوه‌ڕوانیی كوشنده‌ی ژنه‌كانیانی هه‌ڵگرتووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه وێناده‌كاته‌وه، كه لێكهه‌ڵبڕان، ئاواره‌یی و كاره‌سات بۆ كورد، بووه‌ته چاره‌نووس و به‌ردی سیزیف، كه ده‌بێ له‌گه‌ڵیدا بژین. ئه‌و ژیانه‌ی به مكووڕبوونه‌وه نه‌تژێنێ، نه‌تهاڕێ و ڕاتنه‌چڵه‌كێنێت، چ ژیانێكه؟
به‌ڵێ پیاوه‌كان نه‌گه‌ڕانه‌وه و ناشگه‌ڕێنه‌وه، ژن و منداڵانیشمان په‌ڕاگه‌نده‌ی وڵاتان ده‌بن، ئه‌مه ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا سست و هێواش ڕێی كردبێت، ئه‌وه ئه‌مڕۆ به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می گوتاری سیاسیی كورد له‌به‌رانبه‌ر تراژێدیاكانیدا خێراتر و مه‌ترسیدارتره. چونكه به‌درێژایی ئه‌م سی ساڵه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نه‌یتوانیووه جگه لەخه‌می بنه‌ماڵه‌یی و حیزبێنیی، تراژێدیاكانی میلله‌ته‌كه‌ی بخاته به‌رده‌م پرسی بیركردنه‌وه له‌خۆی و پرسی قڕكردنی مرۆڤ. بۆیه ئه‌وه ڕوونه كه لایه‌نی سیاسیی كورد له‌به‌رده‌م كاره‌ساته گه‌وره‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی بێده‌نگ، كڵۆڵ و كوێره. هەڵبەت ئەگەر هەشبووبێت وه‌ك گوتمان ئەوەندەی خەم بووە کە مۆرکێکی حیزبیی لێبدرێت، ئەوەندە خەم نەبووە کە بەم کارەساتە گوزارشت لە قڕکردنی مرۆڤی کورد بکرێت و بیخاتە بەردەم یادەوەریی خۆی و جیهان. خۆبه‌خاوه‌نكردن له تراژێدیای میلله‌تی كورد له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردسته‌وه هێشتا له به‌رژه‌وه‌ندیی حزبیی و بنه‌ماڵه‌یی ڕه‌تی نه‌داوه، بۆیه تراژێدیاكانی ئه‌م میلله‌ته له‌نێو گوتاری سیاسیی و په‌روه‌رده‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌دا هێشتا له ده‌وری پرسه و پێنج خووله‌ك وه‌ستاندا وه‌نه‌وز ده‌دات.
بۆیه ئه‌گه‌ر هاتبوایه له ڕابردووش زۆربه‌ی ئه‌و كاره‌ساته گه‌ورانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتووه، ئه‌گه‌ر وێژه‌وانان به خه‌م و به‌ته‌نگه‌وه نه‌بوونایه ئێستا ته‌واو له‌یادكرابوون، چونكه لایه‌نی سیاسیی كورد نه له ڕابردوودا و نه له ئێستاشدا به‌ته‌نگ ئه‌م كۆست و كاره‌ساتانه‌وه نه‌بوون، نه توانیویه‌تی له ڕێگه‌یه‌وه بیكاته مۆركێكی سیاسیی و مه‌زڵوومیی و ژێرده‌سته‌یی خۆی نیشانبدات، نه توانیوویشیه‌تی ئه‌زموون له‌م كاره‌ساتانه وه‌ربگرێت، بۆیه یاده‌وه‌ریی كورد زیاتر له یاده‌وه‌ریی هه‌ر میلله‌تێكی تر به‌ده‌ست فه‌رامۆشیی و له‌یادچوونه‌وه‌وه گیرۆده‌یه، به‌تایبه‌ت دوای گه‌شه‌ی مۆدێرنیزم و گه‌شه زانستییه‌كه‌ی، كه دیوه نه‌گریسه‌كه‌ی كورد به‌تایبه‌تی و دونیایه به گشتیی، ئه‌وه‌نده‌ی كورد دوای مۆدێرن به‌ده‌ست كاره‌ساته‌كانیه‌وه گیرۆده، هاوكات كه‌مته‌رخه‌م بووه، ئه‌وه‌نده له سه‌ته‌كانی ڕابوردوودا به‌ده‌ستیه‌وه نه‌تڵاوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش بۆ شكستی لایه‌ن و گه‌شه‌نه‌كردوو یان خه‌ساندن و نه‌ناساندنی كاره‌ساته‌كانیه‌تی دوای ئه‌م لێشاوه‌ی ڕاماڵین و قركردنه.
سێیه‌م ــ یه‌ك
تا ئێستا کارەساتی کیمیابارانکردن و قڕکردنی کورد نەبووەتە چالاکییەکی سیاسیی و فەرهەنگیی پڕ جووڵه، شه‌وق و خولیا. وه‌ك وتمان “تراژێدیاكانی كورد له‌دوای نیوه‌ی دووه‌می سه‌ته‌ی بیسته‌م” لە چالاکیی سیاسیی‌دا تەنیا وەک نماییش و بەرخۆرییەک بۆ حزبی کوردیی ماوەتەوە و لە چالاکیی فەرهەنگییشدا وه‌ك گوتارێکی لاواز، بێکڕۆک و بێهزر ڕێی كردووه. بیرکردنەوە لە کیمیابارانکردن و ئەنفال لەپەروەردەی ئێمەدا، هیچ نییە جگە لە پێنج خولەک وەستان بەدیار یادەوەریییەک کە گوتاری ڕۆشنبیریی و پەروەردەیییەکەی وای لێنەکردووە بیری لێبکرێتەوە. تەنێ بیرهێنانەوەیەکی شینگێڕیی و واوەیلا بووه، تراژێدیاش هەرگیز لە شینگێڕیی و واوەیلادا ناتوانێت دیمەنەکانی بخاتە بەردەم پرسی قڕکردن و سڕینەوەی مرۆڤ و بیژێنێته‌وه.
بۆیه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌فریای ئێمه‌ی كورد دێت، گێڕانه‌وه و سینه‌مایه. وه‌ك چۆن كاره‌ساته‌كانمان كه‌موزۆر له پێشداش له‌ڕێگه‌ی شیعره‌وه توانیی كورد له خه‌ودا نه‌هێڵێته‌وه و نه‌یخاته خه‌وێكی درێژخایه‌نه‌وه، ئیتر هه‌ر له ڕێی زاره‌كیی و نووسینه‌وه جا له كاره‌ساتی دمدمه‌وه بگره تا شه‌شی ئه‌یلوول:
شه‌شی ئه‌یلوول ئه‌زانن ئێوه ئه‌ی قه‌ومی وه‌فاكردار
ئه‌وه ڕۆژێ بوو دوژمن قه‌تڵوعامی كورده‌كانی كرد.
ئه‌حمه‌د موختار جاف
به‌ڵام دوای ئه‌وه كاره‌ساته‌كان ئه‌گه‌رچی قووڵتر و گه‌وره‌تر بوون، به‌ڵام نووسینه‌وه، خه‌م و خه‌ونیش-له لایه‌نی سیاسی بگه‌ڕێ- وێژه به‌تایبه‌تیی له‌ته‌ك ئه‌م تراژێدیایانه‌دا سست و به‌كاوه‌خۆ هه‌نگاوی ناوه و نه‌یتوانیووه له ئاست گه‌وره‌یی ئه‌و تراژێدیایانه‌دا بێت و ڕێبكات.
سێیه‌م ــ دوو
ئەمڕۆ شەڕی هەر میللەتێک بۆ گەیاندنی تراژێدیاکانی، لەڕێگەی گێڕانەوە و سینەماوە دنیا ڕاده‌چڵه‌كێنێت و ده‌یهێنێته ته‌ك خۆیه‌وه. ئاخۆ ئێمە توانیومانە لە ڕێگەی وێژه‌وه بەتایبەتی گێڕانەوە و سینه‌ماوه، دونیا بێنینە تەماشای خۆمان و خۆمان له خۆمان و ئه‌ویتر له‌خۆمان بهزرێنین؟
ئا لێره‌وه‌یه، كه نووسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه “مه‌حموود نه‌جمه‌دین” هاتووه، هۆشیارانه ده‌یه‌وێت ته‌كه‌ز بخاته سه‌ر تراژێدیایه‌ك و له ڕێگه‌یه‌وه یه‌كه‌مجار ئێمه/كورد بخاته به‌رده‌م هزرین له خۆمان و ئه‌وجا بردنی ئه‌م تراژێدیایه بۆ به‌رده‌م چاوی دونیا.
به‌هه‌ر حاڵ، ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر میلله‌تێك له نه‌هامه‌تیی و كاره‌ساته گه‌وره‌كانییه‌وه سه‌ر ده‌ردێنێت، ئه‌مه‌ش ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندوو به دونیا ده‌به‌خشێت. له ئه‌ده‌بی كوردیدا یه‌كه‌م هه‌نگاوی له‌م جۆره له قه‌ڵای دمدم (1966)ی عه‌ره‌بی شه‌مۆ و ژانی گه‌ل (1956نووسراو، 1972 چاپكرا)ی ئه‌حمه‌د موختار جاف‌دا ده‌ستپێده‌كات. ڕۆمانی “پیاوه‌كان به خه‌ونیش نه‌گه‌ڕانه‌وه” جووڵه‌یه‌كی دیكه و به‌رده‌وامی نووسینی گێڕانه‌وه‌ی كوردییه، كه ده‌یه‌وێت كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی كورد له‌ڕوویه‌ك له ڕوویه‌كان بگێڕێته‌وه و وێژه‌ی كوردیی بخاته‌وه به‌رده‌م به‌رپرسیارییه‌تی خۆی.
ئه‌م ڕۆمانه له چوار به‌ش پێكهاتووه، هه‌ر به‌شه و له‌ژێرناونیشانێكدا ناونراوه، كه ئه‌م ناوانه‌ش له دنیا و جیهانبینیی كوردییدا نائاشنا و نه‌بیستراو نین، چونكه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ندین هه‌زار كه‌س پێیه‌وه شه‌هید، بریندار و وه‌ندا ببن، ئه‌مانیش: (تابۆن، سارین، ڤیێكس و خه‌رده‌ل)ـن.
له‌م ڕۆمانه‌دا كیمیابارانكردنی كورد بووه‌ته تێمای سه‌ره‌كیی ڕۆمانه‌كه، كه تێیدا باس له ژیانی ئه‌و منداڵ، لاو و پیرانه ده‌كرێت، كه بۆنێك، بۆنێكی بێڕووح ده‌یان كوژێت، باس له ژیانی ئه‌و ژنانه ده‌كرێت، كه له خاك، خۆشه‌ویست و ماڵه‌وه‌یان دابڕێندراون، ئاواره و سه‌رگه‌ردان بوون، ئه‌م ئاواره‌یییه‌ش جگه له ونكردنی ناسنامه و پێدانی ناسنامه‌یه‌كی تر، كه هی خۆی نییه نایكاته‌وه به‌و مرۆڤه‌ی كه پێشتر هه‌بووه، به‌تایبه‌ت ئه‌مه له كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كییدا كه شكۆفه/مه‌هتابه، ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. چونكه هه‌وڵدانیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كانیان و گه‌ڕانیان به‌دوای منداڵیی و زێدی له‌دایكبوون، گه‌ڕان به دوای به‌ده‌ستهێانه‌وه یان دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌یه. كه كورد به‌رده‌وام له‌ژێر ترسی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌یدا ژیاوه. بۆیه ئه‌م ڕۆمانه هه‌وڵێكی گه‌وره‌ی گێڕانه‌وه‌ی كوردییه، كه ده‌یه‌وێت ناسنامه و ئازادیی، تراژێدیای كورد، بخاته به‌رده‌م یاده‌وه‌یی خۆمان و دونیای ده‌وروبه‌رمان.
سێیه‌م ــ كۆتاییی
ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا، جێگه‌ی سرنجه سڕینه‌وه‌ی شیوه‌ن و واوه‌یلایه، سڕینه‌وه‌ی نووزه‌نووز و پرسه‌دانانه بۆ خۆ/كورد، هه‌ڵبه‌ته میلله‌تی شینگێڕ و پرسه‌دانه‌ر خاڵییه له شه‌وق و شادیی، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر سه‌یری واقیعی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵك بكه‌ین، ئه‌م شینگێڕیییه به‌و شێوه تاكلایه‌نه نابینرێت، كه وه‌ها ئه‌ده‌بیاتی كوردیی ته‌نیووه، بۆیه كه‌مجار ڕۆمان و به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی كوردیی ده‌بینین كه لایان له‌م شادیی و ئه‌ده‌بی ژیاندۆستیییه كردبێته‌وه، بۆیه ئه‌م ڕۆمانه، ماڵاواییكردنه له گێڕانه‌وه‌ی تازینامه و شیوه‌ننامه، مه‌رگلاواندنه‌وه له به‌رانبه‌ر بێخواستیی و ڕاده‌ستبوون به چاره‌نووس، بۆیه (پیاوه‌كان به خه‌ونیش نه‌گه‌ڕانه‌وه) نیشاندانی ماندوویه‌تیی میلله‌تێكی بێخاك، بێ‌نیشتمان و بێماڵه، ماڵێك كه هه‌م ژن لێی دابڕێندراوه، به‌ڵام ده‌كۆشێت و ده‌یه‌وێت بۆی بگه‌ڕێته‌وه، چونكه حه‌وداڵ به‌ژیانه، ترووسكاییی شادییه‌ك هه‌رده‌م له‌نێو ڕه‌گ و ده‌ماره‌كانیدا هاموشۆیه‌تی و ده‌نگی كاره‌كته‌ر (ژن له‌نێو ڕۆمانه‌كه‌دا) ده‌نگێكی ژیاندۆسته، هاوكات ئه‌وه پیاوه‌كانیش له پاڵ ژنه‌كاندا، نه‌ك وه‌ك ڕیتمی باوی ئه‌ده‌ب (ژن له‌پاڵ پیاودا)، ئه‌وه ده‌یانه‌وێت بۆ شادیی و ئازادیی ئه‌م ژیانه بژن، بۆیه چاوله‌ڕێبوونی ژنان له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه خوویا ده‌كاته‌وه، كه بزه‌ی شادییی به‌ژیاناوێته‌بوون له‌سه‌ر لێوی خوێنه‌ر نه‌ژاكێنێت. به‌كورتیی دیوه گه‌ش و سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی ئه‌م ڕۆمانه له‌لای من جه‌ختكردنه‌وه‌یه له ژیان، به‌ده‌ستهێنانی شادیی و گه‌یشتنه به مه‌ستیی ژیان. ئا ئه‌مه‌یه كرده‌ی وێژه.
بۆیه وێژه…
وێژه تاكه ڕێگه‌یه له پێواریی گوتاری سیاسیی‌دا، كه ده‌توانێت ئا ئه‌مانه‌ی باسیان لێوه‌كرا قووچیان بكاته‌وه و ئێمه‌ش بكاته‌وه به مرۆڤێكی خاوه‌ن یاده‌وه‌ریی، شاد و شادییساز. تاكێك به‌رهه‌مبهێنێته‌وه، كه چیتر تراژێدییه‌كانی به شین و واوه‌یلا نه‌كات و نه‌نووسێته‌وه، به‌ڵكوو له ڕێگه‌ی ئه‌و هۆشیارییه فه‌رهه‌نگییه‌ی كه درووستی ده‌كات، گوزارشت له تراژێدییه‌كانی بكات و خۆی و دونیا بێنێته به‌رده‌م خه‌می خۆیه‌وه. ئیتر فه‌رهه‌نگی هۆشیاریی وا ده‌كات ئه‌وه له‌م تاكه بستێنێته‌وه كه چیتر هه‌ڵگری غه‌مگینیی، نائومێدیی و خۆبه‌كه‌مبینین نه‌بێت، كه گوتاری سیاسی كوردیی وایكردووه تاکی کورد، جگە لە غەمگینیی، نائومێدیی و خۆبەکەمبینین، خاوەنی ویست و خواستێکی تر نه‌بێت. به‌داخه‌وه سه‌رانی كورد نه‌یانتوانیووه مرۆڤی كورد بكه‌نه‌وه به خاوه‌ن ویست و خواستێك له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سێ تێگه‌یه. ئه‌وه وێژه‌یه له‌م پێواریییه‌دا، جێگه‌ی ئومێده و گه‌شه به داییساویی ئه‌و ئاوره ده‌دات و فووی پێداناكات، كه ئه‌حمه‌دێ خانی له بیره دۆزه‌خییه‌كه‌ی كورد هه‌ڵیهێنجا.
سۆران محه‌مه‌ده‌سووره
سنه