Skip to Content

قێزەونترین ڕژێم… سەنگەر محەمەد ئیسماعیل

قێزەونترین ڕژێم… سەنگەر محەمەد ئیسماعیل

Closed
by حوزه‌یران 9, 2022 General, Opinion

دەسەڵاتی سیاسی كورد لە کوردستان هەم لە عێڕاق لەھەموو ئاستەكاندا شكستی ھێناوە و دوچاری قەیرانی فیکری و ئەخلاقی قووڵ بووە، تاکو ئەو چركەساتەش نەیتوانیوە كولتووری ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی جیهان تێپەڕێنێت، سیستەم و موئەسەسات دروست بكات، ئازادی فەراھەم بكات و مافەكانی ھاوڵاتیان بپارێزێت، گەندەڵی نەھێڵێت و یاسا سەروەربێت. یەكێتی و پارتی و نوخبە سیاسیەكانی ناو ئەم دوو حیزبە نەك ھەر ئەم بەھایانەی لەكۆمەڵگەدا جێگیر نەكرد، بەڵكو لە نائاگایی و ناھۆشیاریەكی تەواودان بەرامبەر بەوەزیفەكانی زانست و فیكری سیاسی مۆدێرن، كۆمەڵگەی ئێمەیان ئیفلیج كردو ئەم مۆدێلە ناشیرینەی ڕژێمی ستەمكاری و دیكتاتۆریان بەرھەمھێنا. لەجیاتی چەسپاندنی بنەما مەدەنی و دیموكراسیەكان ھاتن و بنەما خێڵكیەكانیان چەسپاند و حوكمی چەتەیی و بنەماڵەیان دامەزراند.
گەندەڵی و نادادپەروەری و كوشتن و تیرۆری سیاسی، یەكێكە لە سیما دیارەكانی ھەر سیستەمێكی سیاسی دیكتاتۆر، ھەموو دەسەڵاتێكی وەحشیگەر بۆ مانەوە و درێژەدان بە تەمەنی خۆی بەم فۆڕمە لە زەبروزەنگ و توندوتیژی ئیش دەكات. دەسەڵاتی كوردی زۆربەی سرروشت و تایبەتمەندیەكانی كولتووری تۆتالیتاریزمی تێدایە.
ھەموو دەسەڵاتێكی ستەمكارو دیكتاتۆر لە حەقیقەت دەترسێت، بۆیە ھەمیشە بەسەدان ماسكی ساختە بەچەندەھا ڕێگای نائەخلاقی، حەقیقەت سەركوت دەكات و ناشیرینیەكانی خۆی پێ دادەپۆشێ. لەڕێگەی كوشتن و تۆقاندن و ھەڕەشەكردن ھەموو دەنگە ناڕازی و ڕەخنەكان بێدەنگ دەكات. ھەموو ڕێگەیەكی نا ئەخلاقی دەگرێتەبەر، دژ بەھەموو ئەو ھەوڵانە دەوەستێتەوە كە ئیش لەسەر كەشفكردنی حەقیقەتەكان دەكەن. بۆئەو مەبەستەش ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و چالاکانی مەدەنی و ڕەخنەگرانی بواری سیاسەت گەورەترین قوربانین، چونكە ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و ڕەخنەگرە ئازاكانی كۆمەڵگەی ئێمە بونەتە ئەو سەربازە خۆبەخشەی لەسەنگەری میللەتەوە بەنوسینەکانیان تەقە لەدەسەڵاتدارە زاڵم، چەتە، بکوژو گەندەڵەکان دەکەن و بونەتە سەبەبی كەشفكردنی دیوە بەدو ناشیرینەكەی دەسەڵات، بونەتە ھەوێنی حەقیقەت و لابردنی ماسك و ماكیاژی دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکڕاتی کوردستان، یاخود ڕونتر بڵێم بنەماڵەی حوکمڕانی تاڵەبانییەکان و بنەماڵەی حوکمڕانی بارزانییەکان.
ھەموو دەسەڵاتێكی تۆتالیتارو شمولی و پۆلیسی لەسەر كوشتنی ڕەخنەو ڕەخنەگران و كپكردنی دەنگی ئازاد ئیش دەكات، لەسەر دروستكردنی مۆدێلی كۆمەڵگەی بێدەنگ و وە (كردنی كۆمەڵگە بە بێدەنگخانە) ئیش دەكەن. بەڵام ئێمە ناوەستین و پێمان وایە سەردەمی ئێمە سەردەمی ڕەخنەگرتنە، ھەموو بێدەنگیەك نەشتەرگەری جوانكاریە بۆ ناعەدالەتی و نائینسانیەت و كولتووری مەرگدۆستی زیاتر دەكات. لەھەمانكاتدا كاتێك ڕەخنە دەمرێت دەنگی قامچی دەستی دیكتاتۆر بەھێزتر دەبێت.
ھەڕەشەكردن، ڕفاندناندن و تیرۆری نھێنی، لێدان و سوكایەتی پێكردن، تەقەكردن….ھتد بەرامبەر بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ و ڕەخنەگران، سوتاندن و داخستی دەزگای میدیایی. ھەموو ئەمانەو زیاتریش مستی دیكتاتۆر قایمتر لەڕومەتی هەژاران دەوەشێنێت و كەشوھەوایەكی پۆلیسی لە كۆمەڵگەی ئێمە دروستكردووە.
ھەموو تاكێكی كۆمەڵگەی كوردی وەكو ئەركێكی ئەخلاقی و بەرپرسیارانە پێویستە ببێتە بەرگریكارێكی ڕاستەقینەی دادپەروەری و دژە گەندەڵی، دژی ئەو مۆدێلە سیاسیەی (یەكێتی و پارتی) خەبات و بەرەنگاری بكات لەپێناو: چاكەی گشتی، ھێنانەدی گۆڕانكاری سیاسی، نەھێشتنی گەندەڵی و پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ. پێویستە ئینسانی كورد دژی ئەو سیستەمە نامۆڕاڵی و ناشارستانیە بوەستنەوە كە ئەم دوو ھێزە بەرھەمیانھێناوە. دژ بە سیستەمێك كە بەردەوام كاردەكات بۆ وێرانبوونی سایكۆلۆژیاو باری دەرونی مرۆڤی كورد و بێبەھاكردنی ئینسان.
دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی و پارتی لەجیاتی بونیادنانی كولتووری ژیاندۆستی، بەھەزارەھا ڕێگا دەمانبەنەوە سەر مەرگدۆستی. تیرۆری فیكری و كەسایەتی ئینسانی كورد دەكەن، دەمانكوژن، جا كوشتنی جەستەیی بێت یان مەعنەوی. ئەم دوو ھێزە ھەمیشە دەیانەوێ بەسەر لاشەی ھەزارەھا دەنگی ئازادو ڕۆژنامەنوس و نوسەرو ڕەخنەگردا بپەڕێتەوە بۆ ئامانجە چەپەڵەكانی خۆیان. بۆیە ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانی بواری سیاسی و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ قوربانی یەكەمن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا. چونكە ڕۆژنامەنوس ڕەخنەگرانی سەربەخۆ كەشفكەری تونێلە تاریكەكانی سیستەمێكی گەندەڵ و شكست و داڕزانی ئەخلاقی سیاسی یەكێتی و پارتین. ئەم فۆڕمە لە ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگران بێ ھیچ بەرژەوەندیەكی سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژی دەنوسن، تەنھا لەپێناو ھەستكردن بەبەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانیانی كۆمەڵگەو گێڕانەوەی شكۆو بەھاو ڕێز بۆ مرۆڤ و ھێنانەدی ئازادی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یاسایی لە كۆمەڵگەدا.
یەكێتی و پارتی لەڕێگەی كۆنتڕۆڵكردنی «ئابووری، دەزگاكانی ڕاگەیاندن، ھێزە چەكدارەكان و ھەموو كایەكانی تری كۆمەڵگە، درێژە بەمانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات. ئەم مۆدێلە دیكتاتۆریە ھەتادێت پایەكانی دەسەڵاتی خۆی بەھێزتر دەكات، لەڕێگەی: گەندەڵی ئابووری و سەربازی و کۆنتڕۆڵ کردنی هەموو جومگەکانیتر، هەروەها بەترساندن و تۆقاندن و تیرۆركردن، ھەروەھا لەڕێگەی وەگەرخستنی دەزگا كولتووری و پەروەردەیی و میدیایی و…ھتد بۆ بەرژەوەندیە حیزبیەكانی خۆیان.
مرۆڤی كورد دەبێ لەو حەقیقەتە تێبگات كە ئازادی لەھەموو شتێك گرنگترە، تەنھا ئازادی دەتوانێ مرۆڤ و كۆمەڵگەی ئێمە ڕزگاربكات. دەبێ ھەموومان بۆ ئازادی خۆمان و ئەوانی تریش خەبات بكەین و بەرەنگاریەكی عەقڵانی دژ بە كولتووری سیاسی یەكێتی و پارتی بەرپابکەین. ھیچ گروپ و ڕێكخراوێكی سیاسی بۆی نییە بەناوی ھیچ موقەدەسێكی سیاسیەوە خودی ئازادی بخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆئەوەی لەم سیستەم و كولتورە سیاسیە نا عەقڵانی و نا مۆڕاڵیە نەجاتیمان بێت كە یەكێتی و پارتی بەرھەمیانھێناوە، پێویستیمان بە گوتاری عەقڵانی و سەرڕێگاخستنی جوڵانەوەی كۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی كردەیەكی شۆڕشگێڕانەی مەدەنیە.
چونکە ناکرێت لەوە زیاتر قبوڵی ئەوە بکەین شەش ملیۆن کورد ژیانێکی خراپ بگوزەرێنێت، مەفە سەرەتاییەکانی وەکو ئاوی پاک، کارەبا، جادە، ئاوەڕۆ، تەندروستیەکی خراپ و تەنانەت نەبوونی ئەمنیەت و عەدالەتی و قانون. کەچی بەرپرسێکی خاوەن دەسەڵاتی وەکو مەحمود سەنگاوی خاوەنی هەزاران چەکداری خۆی بێت و موچەی هەموو چەکدارەکانیش لەخەزێنەی حکومەت سەرف بکرێت و مەحمود سەنگاوی خۆیشی چەند بیرە نەوتێکی داگیرکردووەو نەوتی خەڵکی کوردستان بەچەتەیی و زۆرداری بەقاچاخ دەبات. لەولاوە کۆمپانیای نۆکان کە هی بنەماڵەی تاڵەبانیەکانە هەموو جۆرەکانی بازرگانی قۆرخ کردووەو ڕۆژانەش سەدان تەن کەرەستەو خۆراکی بەسەرچوو لەسنورەکانەوە داخیلی کوردستان دەکەن. لەلایەکیترەوە بنەماڵەی دەسەڵاتداری کۆسرەت ڕەسول بازرگانی دەرمانیان داگیرکردووەو هیچ بازرگانیەکی ئازاد بوونی نییەو کەس ناوێرێت بازرگانی داودەرمان بکات لەترسی ماڵی کۆسرەت. لەلای میرنشینی زەرد و پارتیش بەهەمان شێوەو خەراپتریش فازل میرانی کە دەسەڵاتدارێکی گەورەی پارتییە بەئاشکرا سەرانە لەخەڵک دەستێنێت و هەموو بازرگانیەک کە لەسنوری ئیبراهیم خەلیل لەنێوان کوردستان و تورکیا ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت دەبێت بەزۆر پشکێک یاخود پڕۆسێنتێکی بدات بە فازل میرانی. هەر لەسنوری حوکمڕانی پارتی چەندین بەرپرسی باڵای پارتی بازرگانی ڕاستەوخۆیان هەبووە لەگەڵ داعش یەکێک لەوانە سیروان بارزانی بوو، کە خۆی سەرکردەیەکی سەربازییەو برای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. هەروەکچۆن لەناو یەکێتیش وەستا ڕەسو کە سەرکردەیەکی سەربازی یەکێتییەو بەهاوبەشی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکیتری یەکێتی چەکی زۆر دەگمەن و گرانبەهاو کاریگەری لەجۆری ”میلان” بەداعشیان فرهۆشت، کە چەکێکی تانک شکێنەرەو بەئاسانی دەست ناکەوێت.
ئەمەی لەسەرەوە باسمکرد، دڵۆپێکە لە کارە قێزەونەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان. بەڵام بەهەمان شێوە لەناوچەکانیتری ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێڕاقیش دەوڵەتداری لەوە خراپترو بۆگەنترەو تەواوی عێڕاق نغرۆبووە لە فەسادی بەدەستی کۆمەڵێک مافیای کوردی و شیعەی تیرۆریست. بۆنمونە کە سەیری ئەو ناوچانە بکەین کە لەژێر حوکمی چەکدارە میلیشیاکانی شیعەدان، دەبینین حوکمڕانییەک دەکرێت هیچی باشترنییە لەوەی داعش دەیکرد. شیعەکان وەکو داعش دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنانی کوردو سوننە. وەکو داعش ئەوەی شیعە نەبێت و بچوکترین ئاماژەی یاخیبون و ناڕەزایی لێببینن ڕێک بە دڕندانەترین شێوە دەیکوژن. شیعەکان، ڕێک وەکو داعش ڕۆژانە کردەوەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدەدەن. وە باکیان بەهیچ نییە چونکە دەیان گروپی چەکداری میلیشیان لەدەرەوەی یاساو نیزام و سوپای نیشتیمانی، بەڵکو ئەوان تەنها گوێڕایەڵی مەرجەعە مەزهەبییەکانی شیعەن. بۆیە ئەگەر داعش گروپێکی تیرۆریستی بێت ئەوا بەڕای من گروپە چەکدارە شیعییەکانیش یاساغ و تیرۆریستن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish