چۆن گه‌نده‌ڵی ڕیشه‌كێش ده‌كرێ؟.. د.حیكمه‌ت نامیق
ئه‌وه ئه‌و پرسیاره‌یه كه خه‌یاڵی كه‌سانی خه‌مخۆرو دڵسۆزی داگیركردوه به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له كایه جیاوازه‌كان ڕاستگۆیانه كاره‌كانیان ڕاده‌په‌ڕێنن، كاتێك قسه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌كرێ یه‌كسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تاوانبارده‌كرێ، به‌مانایه‌كی دیكه گه‌نده‌ڵی زیاتر په‌یوه‌ستده‌كرێ به كایه‌ی سیاسه‌ت و حكومه‌ت و داموده‌گاكانی میریه‌وه، به‌ڵام سۆسیۆلۆژیاو لقه‌كانی پێمانده‌ڵێن كه په‌روه‌رده‌و ستره‌كتوری كۆمه‌ڵگا مرۆڤی نابه‌رپرس و گه‌نده‌ڵ به‌رهه‌مدێنێ هه‌ر ئه‌و مرۆڤه ده‌چێته نێوداموده‌زگا هه‌ستیاره‌كانی حكومه‌ته‌وه ده‌ستده‌كات به په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه ده‌مێكه گرێدراوه به تۆڕێكی دیكه‌ی به‌رزتره‌وه بڕیار له‌سه‌ر ئیختیلاس و به‌هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ت ده‌ده‌ن، پرسیار لێره ئه‌وه‌یه ئایا حكومه‌ت ڕێگاكه ده‌كاته‌وه بۆ گه‌نده‌ڵی یان ئه‌وه‌تا مرۆڤه بووده‌ڵه‌كان له‌بنه‌مادا خۆیان له‌سه‌ر ده‌ستپیسی په‌روه‌رده‌كراون له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی دزه بكه‌نه نێو تۆڕه‌كه.
گه‌نده‌ڵی به‌ره‌نجامی ستراكتۆری كۆمه‌ڵگایه به‌گشتی به پێی ئه‌نجامگیریه كۆمه‌ڵناسیه‌كان له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه قوتابخانه وه‌زیفی و ستراكچه‌ره‌كان، چونكه كاتێك پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی توشی شه‌له‌ل بوو یان له ده‌ست ده‌رچوو ئیدی ئه‌وه‌ی شوێنی ده‌گرێته‌وه مرۆڤ له ڕه‌وشت و ڕه‌فتاری ئه‌قلانی دورده‌خاته‌وه به‌دوای سودی كه‌سی و خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن ده‌گه‌ڕێ به شێوه‌ی ناشه‌رعی و هه‌روه‌ها وه‌ك په‌روه‌رده‌كراوێكی دارستان ئیش له‌سه‌ر غه‌ریزه كپكراوه‌كانی ده‌كات ده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌كار دێنێ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره به‌شێوه‌ی نایاسایی و ئه‌خلاقی لێره‌دا هه‌م پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌م هێزو ده‌سه‌ڵاتی خه‌م خه‌مخۆر ئه‌گه‌ر هه‌بێت ده‌سته وه‌ستان ده‌بن له چاره‌كردنی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی، چونكه ده‌بێته خوویه‌كی خراپ تا ماوه‌یه‌كی دوو مه‌ودا درێژه ده‌كێشێ
له‌كوردستاندا گه‌نده‌ڵی له‌وه‌تێپه‌ڕیوه ته‌نیا به‌رمه‌بنای سیستمی سیاسی و ئیداری بێت، به‌ڵكو په‌ڕیوه‌ته‌وه نێو ڕه‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی له ئێستادا له‌نێو هه‌مو سێكته‌ره‌كانی ژیان بوونی هه‌یه ، چه‌مكێكی وه‌ك خزمخزمێنه یان واسته یان ئه‌وه‌تا په‌یوه‌ندی كه‌سی و حیزبی و چه‌ندین په‌یوه‌ندی دیكه له نێو داموده‌زگا ئیداریه‌كاندا ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌یه له بره‌وسه‌ندنی ئه‌و دیارده هه‌یه گه‌نده‌ڵی به چه‌ندین فۆڕمی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێ گه‌وره‌ترینیان ته‌خشان و په‌خشانكردنی داهاتی ئه‌و هه‌رێمه یه بۆ بووده‌ڵه‌كان، ڕاسته گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه، به‌ڵام ئه‌و دیارده‌یه هاوته‌ریب نیه له‌گه‌ڵ هه‌موو كایه‌كانی نێو كۆمه‌ڵ. چه‌ندین گرووپ و توێژ هه‌ن له‌نێو كۆمه‌ڵ نه‌باوه‌ڕی پێیه‌تی نه موماره‌سه‌ی ده‌كات یا به‌مانایه‌كی تر ئه‌و دیارده‌یه نه‌بووه‌ته كۆ ڕه‌فتار.
.
چۆن ڕیشكێش ده‌كرێ ئه‌و په‌تایه؟ ئه‌و په‌تایه ته‌نیا به په‌روه‌رده‌كردنی جیلێكی تازه كه گۆشكرابێت به‌یاساو بیرۆكه‌ی مافی مرۆڤ و لێكبوردن و ئه‌خلاقی به‌رز لێره‌دا سۆشیالیزه‌یشن یان به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوون ڕۆلێكی ئێجگار گه‌روه ده‌گێڕێت بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده مه‌ترسیداره، كاتێك مرۆڤ په‌روه‌رده‌كرا له‌سه‌ر ده‌ستپاكی و نه‌ریتی جوان ئه‌وا هێواش هێواش ئه‌و دیادره نێگه‌تیفه كۆتایی دێت هه‌روه‌ها نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی به دابه‌شكردنی سامانی نه‌ته‌وه به‌یه‌كسانی له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به باشترین بژارده‌ی نه‌مانی گه‌نده‌ڵی هه‌ژمار ده‌كرێت، لێره‌دا پڕۆسه‌كه هاوشانه له‌گه‌ڵ سیستمی سیاسی و ئیداری ناوچه‌كه، چونكه وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆكرد ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و په‌تایه هه‌م كۆمه‌ڵایه‌تیه هه‌م ئیداریه كه‌واته بۆكۆتاییهاتنی ئه‌و دیارده‌یه هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندی پێویسته بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌كه‌یی و دواتر ڕیشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی له‌ڕه‌گه‌وه.