Skip to Content

نهێنی ئەم ریفراندۆمە چیە؟ … ئاسۆ کەمال

نهێنی ئەم ریفراندۆمە چیە؟ … ئاسۆ کەمال

Closed
by نیسان 5, 2017 General, Opinion

پارتی پرۆژەی ریفراندۆمی دوای ساڵێک*١١ کردۆتە ئەمری واقیع پاش ڕاکێشانی یەکێتی. سەیر لەوەدایە ئەوانەی ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجام دەدەن دەڵێن کە پابەندنابن بە ئەنجامەکەیەوە،واتە دوای ڕیفراندۆم سەربەخۆیی ڕاناگەیەنن.کەواتە نهێنی پشتی پەردەی بەرپاکردنی ئەم ڕیفراندۆمە چیە ئەگەر بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نیە؟
سەرەتا جێگای سەرسوڕمانە کاتێک باسی ڕیفراندۆم لە ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا گەرمە بەڵام لە ئاستی عێراق و لە لای دەوڵەتی ئەمریکا و بەریتانیا ولە ئاستی نێودەوڵەتی و لای نەتەوە یەکگرتوەکان و تەنانەت لە سەردانەکانی بارزانی بۆ لای سەرکردەی وڵاتانی دەرەوە هیچ باسێكی لێوەناکرێ. بەپێچەوانەوە مەسەلەیەکی چارەنوسازی وا لەهەر شوێنێکی هاوشیوەی کوردستاندا کراوە،بۆنمونە تەیموری ڕۆژهەڵات،باسوری سودان و تەنانەت سکۆتلاند ئەم باسە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە.
ئاشکرایە جیاوازی ئەم ڕیفراندۆمەی کوردستان لەوانەی جیهان ،ئەوەیە کە لایەنی داواکاری ڕیفراندۆم لە کوردستان داوای جیابونەوە ناکات تا پیویست بکات سەرنجی جیهانی بۆ ڕاکێشێت؟
سیاسەتی ڕیفراندۆمی پارتی شاراوە و نادیارە. ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێ بەڵام سەربەخۆیی ئامانج و ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە نیە، ئەی کەواتە ئەم ڕیفراندۆمە بۆچیە و لە پێناو چیدایە؟
دیارە مەبەستی پارتی و یەکێتی لە رفراندۆمێکی نافۆرماڵ وناڕەسمی نیە و ئەگەر رفراندۆم هەر بۆ دەرخستنی ڕای خەڵکی کوردستان بێ لەسەر سەربەخۆیی ئەوا لە ئەم کارە لە ساڵی ٢٠٠٥کراوەولەسەدا٩٨،٥ خەڵکی کوردستان دەنگی بەسەربەخۆیی داوەو دیسانەوە پیویست بەدوبارەکردنەوەی رفراندۆمێک نیە کە بڕیاری رفراندۆمەکە جێبەجێ نەکرێ.
بەڵام ئەگەر رفراندۆمێکی ڕەسمی دەکرێ ئەوا پێویستە ئەم حزبانەی کە پێشنیاری رفراندۆمیان کردوە پێویستە بەرنامەی رفراندۆمەکە وچۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەنجامەکەی وەک نەخشەڕێگا وبەرنامەیەک بخەنەڕوو ووە ماوەی ٦مانگ دیاری بکرێ لەکوردستان تاکو هەموو حزب وریكخراوە وگروپ وکەسێک مافی ئەوەی هەبێت لەو پرۆسەیەدا بەشداری بکا و ئازادانە بانگەشە بۆ بەرنامەی خۆی بکا.هەروەک حزبی نیشتمانی سکۆتلەند کاتێ داوای رفراندۆمی کرد ئەو حزبە بەرنامەی خۆی بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەند خستەڕوو کە لەباری ئابوری وسیاسی یەوە چی دەکا؟مەسەلەی دراو وپەیوەندی لەگەڵ بەریتانیاچی لێ دەکا؟پەیوەندی بە یەکێتی ئەوروپا وەچی لێ دێت؟لەسەر نەوت وزۆر مەسەلەی تر چی دەکا؟وەبەکورتی نەخشەڕێگای سکۆتلەندی سەربەخۆی ئاشکراکردوبانگەشەی بۆکرد تا خەڵک بزانن لەو رفراندۆمەدا بۆ بڕیاری سەربەخۆیی بدەن؟یاخود باشوری سودان*٣ بڕیاری رفراندۆمی بەپێی لەپێشەوە ڕێکەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی سودان کرد کە ئەگەر بڕیاری سەربەخۆیی دەنگی هێنا جیادەبێتەوەو هەموو چارەسەری کێشەو مەسەلەکانی ئەم ماوەی گواستنەوە وئینتقالیە بەڕیکەوتنی نوسراو ولەژێرچاودێری نێونەتەوەییدا ئەنجام دا.

رفراندۆم ئەگەر بڕیاری خەڵکە لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان. پێویستە پارتی و یەکێتی ئەو بەرنامەیە نیشانی خەڵک بدەن کە چەند کات پێویستە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەک بڕیاری ریفراندۆمەکە و وە بۆچی ئەو ماوەیەی پێویستە و لەگەڵ کێدا ڕێکدەکەون لەسەر ئەو کاتە؟ لەگەڵ‌حکومەتی عێراق چی دەکەن؟ کێشەی نەوت وگازی عێراق وکوردستان و کێشەی کەرکوک وناوچە دابڕاوەکان وسنور چۆن چارەسەر دەکەن ؟لەگەڵ تورکیا وئێران و نەتەوە یەکگرتوەکان چی دەکەن؟
لە نادیاری ئەم بەرنامەی سەربەخۆییەدا و شاراوەیی ئامانج لە بەرپاکردنی ئەم ڕیفراندۆمەدا ، بارزانی پار ڕایگەیاند “سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە كات و دۆخی گونجاودا ئیرادە و بڕیاری گەل جێبەجێ دەكات.”*١ بەم شێوەیە بارزانی پێمان دەڵێ کە مەبەست لەڕیفراندۆم سپاردنی کارتی سەربەخۆیی کوردستانە بەدەست “سەرکردایەتی سیاسی کوردستان(بێگومان لە ئیستادا پارتی دیموکراتی کوردستانە)”تاکو بەپێی بەرژەوەندی ئەم حزبە ببێتە مایەی یاریکردن لەسەر پەتی ئەم سیناریۆ وهاوپەیمانی ونەخشانەی لەناوچەکەدا هەن و بەم پێیە جێگاوڕێگا و ستراتیژی پارتی و بارزانی مسۆگەربکا.

مێژووی سەدەیەک لە خەباتی خەڵکی کوردستان لە دژی داگیرکەرانی ئینگلتەرە،ڕژێمی پاشایەتی،قاسم،سەلام وبەعس پێویستە ئەوەی لای خەڵک ڕٶشنکردبێتەوە کە داواکانی خەڵک بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کراوەتە لیستێک لە داواکاری پلەوپۆست وپارەوڕەسمیەتدان بە دەسەڵاتی ناوچەیی و میلیشیایی ئەم “سەرکردایەتیە سیاسیەی کوردستان” لەژێر ناوی جۆراوجۆری لامەرکەزی،حوکمی زاتی و فیدرالیدا. ئێستاش لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە کارتی سەربەخۆیی بۆ هەمان ئامانج و بەهەمان مەبەست بەکاردەهێنرێ و هیچ کات بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەیەکجاری کۆتایی هێنانی ئەم چارەنوسە سیاسیە نایەت. ئەمە نهێنی پشتی پەردەی ڕیفراندۆمێکە کە پابەندنیە بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانەوە.

لای ئۆپۆزسێۆنی گۆڕان هەموو خراپەکاریەکانی دەسەڵات بەهۆی “خواردنی سێوی پەرلەمانەوە” بوە و لێرەش هەر شینی ئەوە دەکا کە ڕیفراندۆم تا پەرلەمانەکە لەگۆڕ نەیەتەوە دەرێ حەلال نیە. کوردستان لە چارەکە سەدەیەکی خودموختاری خۆیدا بە ڕێکەوت ناوبەناو پەرلەمانێکی بێ سەروزمانی بوە و هەمیشە بڕیار بەدەستی یەکەم “سەرکردایەتی سیاسی”بوە و هیچکام لە دۆستە دیموکراسیەکانی جیهانیش کێشەیان لە پەکەوتنی “پەرلەمانی کوردستان” نەبوە. کردنی سیاسەتی ڕیفراندۆم بە ئەمری واقیعی کوردستان نیشانی دەدا کە پرۆسەی دیموکراسی و پەرلەمانی لە کوردستان هیچ دەور و نەخشێکی لەسەر دیاریکردنی کوردستان نیە و پارتی ئەو هێزەیە لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە دەیەوێ یەکێتی و حزبەکانی کوردستان بخاتە بەردەم ئەمری واقعی “کارتی سەربەخۆیی”یەوە .

پارتی بەم کارتە لەلایەک کاریگەری میحوەری شیعە و ئێران بەرتەسک دەکاتەوە لە کوردستاندا و لەلایەکی ترەوە باڵا دەستی خۆی نیشانی تورکیا و ئەمریکا دەدا . لەسەروی ئەمانەشەوە ڕوخساری مەسەلەی قەیرانی سیاسی لە کوردستان لە پۆستی سەرۆکایەتی و داخستنی پەرلەمانەوە دەگۆڕێ بۆ شەڕی چارەنوس و سەربەخۆیی . هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک لەلایەن یەکێتی و بەڕێخستنی ڕیفراندۆم لەلایەن پارتیەوە ئەو گیانە ناسیونالیستیە دەکاتەوە بەبەر ئەم دەسەڵاتەیاندا کە دەنگی ناڕەزایەتی دژی گەندەڵی و هەژاری کزدەکا.
ئەم ڕاستیانەی سەرەوە ئەو ڕاستیە دەخەنە ڕوو کە بانگەشەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتدارانی کوردستان یاریکردنێکە بە عەقڵ و مەزاجی خەڵکی کوردستان و سیاسەتێکە کە یاریکردنە لەسەر حسابی مافی بڕیاردانی خەڵکی کوردستان لەسەر چارەنوسی خۆی کە دەمێکە دەبوایە وەک خەڵکی کوردستان خۆمان رفراندۆم و سەربەخۆیمان ئەنجام بدایە و نەمان هێشتایە ئەم مافەش وەک باقی ژیانمان بکرایەتە یاری ودیاری دەسەڵات.

—————————————–
سەرچاوەکان
http://rudaw.net/sorani/kurdistan/0202201631 *١

https://www.gov.uk/…/topic…/scottish-independence-referendum

http://www.aljazeera.net/news/arabic/ اهم-بنود-قانون-استفتاء-جنوب-السودان

Previous
Next
Kurdish