Skip to Content

زانست لەنێو کۆمەڵگایەکی سیاسی دا!.. هەرێم عومەر کاکل

زانست لەنێو کۆمەڵگایەکی سیاسی دا!.. هەرێم عومەر کاکل

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 8, 2022 General


ڕەنگە بەهۆی گیرۆدەبوونی ئەو قەیران و کێشانەی ڕووی لە کۆمەڵگای کوردی کردووە هەموومانى بەبواری سیاسی سەرقاڵ کردووە بۆ زانینی هەواڵی چارەسەرێکی سەرەتایش بێت بۆ ئەوەی کەمێک لە دڵەڕاوکێ ی دەروونی ڕزگارمان بێت ، لەگەڵ ئەوەشدا میدیای کوردی ڕۆڵێکی ناتەندروست دەبینێت لەم بارودۆخەدا کە زۆربەی کارەکانی پیشەگەری بواری میدیایی تەرخانکردووە بۆ سیاسەت و بێئەوەی تۆزقاڵێک ڕۆڵ ببینێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ببێتە دەسەڵاتی چوارەم لەنێو کۆمەڵگادا .
لەئێستاکەدا بەدەگمەن ڕێکدەکەوێت ئەگەر لەیەکێک لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنى نوسراو بەمانشێتێک یاخود بە ستونێکی هەواڵ بابەتێک یاخود ووتارێکی زانستی بڵاو بکرێتەوە یاخود لەهەرکەناڵێکی بینراودا باس لەبوارێکی زانستی بکرێت ئەوەی بوونیشی هەیە و بڵاودەکرێتەوە لەپەنجەی دەست زیاتر نابێت و هەندێکیشیان بۆمەبەستی تایبەتی خۆیان هەواڵێکی زانستی لەچوارچێوی فلتەرێکی سیاسی دا تێدەپەڕێنێت و بڵاودەکرێتەوە بێئەوەی سود بگەیەنێت بەتاکی نێو کۆمەڵگای کوردی .
لەلایەکی تریشەوە ئەو نوسەر و ڕۆژنامەنوسانەی کە ماوەیەک لەبواری زانستی کاریان دەکرد و بەدوای بڵاو کردنەوەی ووتار و بابەتی زانستیەوە سەرقاڵ بوون لەئێستاکەدا بوارە زانستیەکەیان گۆڕیوە بەئاراستەی سەردەمی سیاسی ئەوانیش وێڵن بەدوای هەواڵە سیاسیەکان و ئەمەش بۆ سیاسەتی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ( بیسترا و بینراو نوسراو ) دەگەڕێتەوە کە هەموویان هەوڵی بەسیاسی بوونی ڕاگەیاندن دەدەن لەبەر هۆکاری پڕ فرۆشترین و پڕ بینەر ترین و یاخود هۆکاری پاڵپشتی لایەنێکی سیاسی لەو میدیایەی بوونی هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی .
دەرەنجامی ئەم ڕۆڵ بینینەی میدیاو ڕاگەیاندنی کوردی لەبواری سیاسی کاریگەری دەبێت لەسەر دروست بوونی عەقڵێکی سیاسی و تاکێکی سیاسەتمەداری ڕەها لەنێو کۆمەڵگا دوور لەبوونی بەهایەکی زانستی و بیرکردنەوەیەکی ڕاست و دروستی زانستیانە ، کەرەِنگە تاچەند ساڵێکی تر کۆمەڵگایەکی ( ملیۆنان چاودێری سیاسی ) بەرهەم بێت و ببینە مەملەکەتێکی سیاسی دوور لە زانیاری و زانست ئیتر کۆمەڵگایەکی دابڕاو لەنێو جیهاندا دروست دەبێت و داڕمانمان نزیکتر دەبێت بۆ لێواری وێران بوونمان، چونکە کایەی بەرەو پێش چوونی هەرکۆمەڵگایەک بەندە بە بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگاو ژیریەوە لەنێو عەقڵێکی زانستیدا نەوەک عەقڵێکی چەقبەستووی سیاسی کە لەئێستاکەدا پەیڕەودەکرێت لە کوردستاندا !!!!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish